هۆکاری جەنگی نێوان ئەفغانستان و پاکستان چی بوو؟
5 كاتژمێر لەمەوپێش
شەوی رابردوو خەو لە چاوی خەڵکی ئەفغانستان و پاکستان زڕا، شەڕێکی چڕ و قورس لە هەندێک ناوچەی سنووری نێوان هەردوو وڵات روویدا، بەڵام ئەم شەڕە چۆن دەستیپێکرد؟
سەرەتا شەڕەکە بە هێرشی چەکدارانی تاڵیبان لە هەندێک ناوچەی سنووری دەستیپێکرد. چەکدارانی تاڵیبان هەڵیان کوتایە سەر چەند بنکە و بارەگایەکی پاکستان لەسەر سنوور. هەر زوو کابول بانگەشەی ئەوەی کرد، دەیان سەربازی پاکستانیان کوشتووە و دەیانی دیکەش بەدیل گیراون و چەند بنکەیەکیشیان کۆنترۆڵ کردووە.
بەڵام ئسلامئاباد هەر زوو بە خەبەر هات و هاوکێشەکە گۆڕا. سوپای پاکستان هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و لە چەند ناوچەیەکی سەر سنوور، چەندین بنکە و بارەگای تاڵیبانیان بەئامانج گرت، هاوکات توانییان چەند بنکەیەکیش کۆنتۆڵ بکەن و ئاڵای پاکستانی تێدا هەڵبکەن. هاوکات درەنگانی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی جەنگی ناوجەرگەی هەر یەک لە کابول، قەندەهار و پاکتیای کردە ئامانج.
سیناریۆکان لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگەکەوە جیاوازن. کەناڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری هێرشەکەی تاڵیبان بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردووی پاکستان دەگەڕێتەوە کە کردبوویە سەر چەند کەمپ و بنکەیەکی چەکدارانی تاڵیبان و بەهۆیەوە لانیکەم 18 کەس کوژران.
بەڵام ئیسلامئاباد ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، چیتر سەبریان نەماوە و لە ئێستادا لە جەنگێکی کراوەدان لەگەڵ تاڵیبان. ئیسلامئاباد کابول بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆستی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، تەنها لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 700 کردەوەی تیرۆرستییان لە پاکستان ئەنجام داوە و هاوکات داڵدەی ئەو گرووپە تیرۆرستییانە دەدات کە لەنێوخۆی پاکستاندا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.
پێدەچێت گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات وا بە ئاسانی چارەسەر نەبن، زمانی تووندی هەردوو وڵات بەرامبەر یەکدی گەیشتووەتە لوتکە، کابول لە وەڵامی هێرشە کوشندەکانی پاکستاندا دەڵێت، ئەگەر مەترسیی جدی بۆسەر ئەفغانستان دروست بکەن، ئاوا شەڕەکە دەبەینە
ناوجەرگەی ئیسلامئاباد.
