مانگی سووری ئێران: لە دەستپێکی شەڕەوە 555 کەس لە ئێران کوژراون
4 كاتژمێر لەمەوپێش
رێکخراوی مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری قوربانییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 555 کەس کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی مانگی سوور، "لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی دووژمنەوە 131 شار و شارۆچکەی ئێران تووشی زیان و رووداوی جۆراوجۆر بوون"؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گواستنەوەی تەرمەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ بریندارانی هێرشەکان.
مانگی سووری ئێران باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی ئەم جەنگە زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی فریاگوزاری و تیمەکانی رزگارکردن لە سەرتاسەری وڵاتدا خراونەتە "ئامادەیی تەواو"ەوە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن.
لە سێ رۆژی شەڕدا، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و بەو هۆیەوە لە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە زیانی گیانی و مادیی زۆر کەوتووەتەوە.
هێرشکردنە سەر پارێزگای سنە
لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 8 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئێران لە سنووری شاری سنە.
سەرلەبەیانی دوای 6 هێرشی یەک لە دوای یەک، قایمقامی سنە رایگەیاند، لانیکەم 3 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
نزیک نیوەڕۆش دوو ناوچە لە نزیک چیای ئاویەری سنە کرانە ئامانج.
بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی هێرشەکان و زەرەر و زیانەکانی رانەگەیاندووە.
تەرمی 22 پاسەوانی سنوور لە ئیلام بە خاک سپێردران
بەیانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا، تەرمی 22 ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردران.
ئەو 22 کەسە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی مێهران لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستدابوو.
لە سێ رۆژدا 8 کەس لە پارێزگای هەمەدان کوژراون
بەڕێوەبەری گشتیی بنکەی شەهید و کاروباری خۆبەخشەکان لە پارێزگای هەمەدانی ئێران رایگەیاند، لە سێ رۆژی شەڕدا هەشت کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە کوژراون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، قوربانییەکان خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەن، بەجۆرێک پێنج کەسیان دانیشتووی شاری هەمەدان، دوو کەسیان خەڵکی شارۆچکەی تویسرکان و یەک کەسی دیکەش خەڵکی شارۆچکەی بەهارە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا کوژراون لە توێژە جیاوازەکانن و هاووڵاتیی مەدەنی، ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و چەکدارانی بەسیجیان تێدایە.
کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە لوڕستان
پەیوەندییە گشتییەکانی لقی پارێزگای لوڕستانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، سێ ئەندامیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی ئەو پارێزگایە کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە رۆژی 28ی شوبات ئەنجامدراوە و تێیدا یەکێک لە بنکە و بارەگاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە لوڕستان کراوەتە ئامانج.
سوپای پاسداران ناوی ئەو سێ ئەندامەی بڵاوکردووەتەوە کە لەو هێرشەدا کوژراون و بریتین لە "سەید محەممەد سادق حەیات غەیبی، سەید عەممار سەجادی و سەجاد مەنسووری."
27 کەس لە تەورێز کوژراون
بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران (تەورێز) رایگەیاند، لە دەستپێکی ئەم جەنگە و لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە، 27 کەس کوژراون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، لە 48 کاژێری رابردوودا چەندین شوێن لە شارەکانی تەورێز، سەراب، مەراغە و شەبێستەر کراونەتە ئامانج.
بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا لە هێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە، 2ی ئاداردا بۆ سەر شاری مەراغە، 15 کەس شەهیدبوون".
لە پارێزگای فارس 35 کەس کوژراون
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای فارسی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە، تاوەکو ئێستا 35 کەس کوژراون و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئامارەکەش هەیە.
بەگوتەی ئیبراهیم بیانی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای فارسی ئێران، جگە لەو کەسانەی لە شاری لامەرد کوژراون، 13 کەسی دیکە لە شاری شیراز و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای فارس بوونەتە قوربانی؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوو کەسایەتیی دیاری پارێزگاکە لە تاران کوژراون و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان و بەخاکسپاردنیان لە پارێزگای فارس.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، بڕیارە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی 20 قوربانیی شاری لامەرد بەڕێوەبچێت، کە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و هۆڵێکی وەرزشی لەو شارەدا گیانیان لەدەستدابوو.
هێرشەکانی ئیسرائیل – ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە رۆژی شەممە 28-02-2026 دەستیپێکرد. ئەمریکا ناوی ئۆپەڕاسیۆنەکەی ناوەتە تووڕەیی ئەفسانەیی. ئیسرائیل ناوی ناوە نەڕەی شێر و ئێران بەڵێنی راستەقینە.
