کێ دەبێتە جێنشینی خامنەیی؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ کوژرانی عەلی خامنەیی و لەپاڵ ئەگەری ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت، پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا کێ دەبێتە ڕابەری باڵا؟
میکانیزمی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی ڕابەر
بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەرکی دیاریکردنی ڕابەری باڵا دەکەوێتە ئەستۆی "ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی". لە ئەگەری چۆڵبوونی پۆستەکە بە هەر هۆکارێک بێت، ئەنجومەنەکە دەستبەجێ کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی جێنشینێک. ئەگەر پرۆسەی دیاریکردنی کەسێک بە خێرایی سەری نەگرت، ئەوا تا کاتی یەکلابوونەوەی پۆستەکە، "ئەنجومەنێکی کاتیی سەرکردایەتی" پێکدەهێندرێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
پاڵێوراوە چاوەڕوانکراوەکان بۆ پۆستی ڕابەری باڵا
لە ناوەندە داخراوەکانی ئەنجومەنی شارەزایان و بەپێی شیکارییە سیاسی و میدیاییەکان، چەندین کەسایەتی وەک جێنشینی گریمانەکراو ناویان دەهێندرێت، کە نوێنەرایەتیی باڵ و ئاراستە جیاوازەکانی ناو سیستەمی ئێران دەکەن. دیارترین ناوەکانیش بریتیین لە:
١. موجتەبا خامنەیی (٥٦ ساڵ):
کوڕی دووەمی ڕابەری پێشووە. سەرەڕای ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمیی دیاری نییە، بەڵام دەسەڵات و هەژموونێکی یەکجار گەورەی بەسەر سوپای پاسداران و ناوەندە ئایینی و سیاسییەکاندا هەیە و لە مێژە لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی هەیە و درێژەپێدەری سیاسەتە پارێزگارەکانی باوکییەتی.
ئەوەی ناوی ئەم کاندیدە ڕووبەڕووی مشتومڕ دەکاتەوە، هەستیاریی بیرۆکەی "پشتاوپشتکردن (تەوریس)ـی دەسەڵاتە" لە سیستمێکدا کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی فیقهی دامەزراوە.
٢. عەلی ڕەزا ئەعرافی (٦٧ ساڵ):
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی و ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە. پێشنوێژی وتاری هەینییە لە شاری قوم و سەرپەرشتیاری گشتیی حەوزە زانستییەکانی سەرانسەری ئێرانە.
کەسایەتییەکی زۆر کاریگەرە و خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا.
٣. هاشم حوسێنی بوشەهری:
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان و سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی قومە، هەروەها پێشنوێژی هەینییە لە هەمان شار.
یەکێکە لە زانا دیارەکانی حەوزەی قوم و زۆر نزیک بووە لە خامنەییەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەری ئەوەیە کە دەرکەوتنی میدیایی کەمە و وا نەزانراوە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەبێت.
٤. غوڵام حوسێن موحسینی ئيژەیی:
سەرۆکی ئێستای دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری پێشووی هەواڵگرییە. پەیوەندییەکی پۆڵاینی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و نوخبە سیاسییەکان هەیە و بە بژاردەی دڵخوازی باڵی توندڕەوەکانی ناو سیستمەکە دادەنرێت.
٥. سادق لاریجانی:
سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە.
زانایەکی فیقهییە و سەربە خێزانێکی دیاری سیاسی-ئایینییە، لەڕووی ئاراستەوە بە بەشێک لە ڕەوتی پارێزگارە نەریتییەکان (موحافیزکاران) هەژمار دەکرێت.
٦. محەممەد مەهدی میرباقری:
پیاوێکی ئایینیی زۆر توندڕەوە و ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە. نوێنەرایەتیی باڵی هەرە کۆنەپارێز و داخراوی ناو دامەزراوە ئایینییەکان دەکات.
بە توندی دژی ڕۆژئاوایە و باوەڕی وایە ململانێی نێوان "باوەڕداران و بێباوەڕان" شتێکی حەتمییە و لێی دەرباز نابین.
٧. حەسەن خومەینی:
نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی (ڕوحوڵڵا خومەینی)ـیە. وەک ڕووخسارێکی نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازەکان (ئیسڵاحییەکان) دەبینرێت.
هەرچەندە شەرعییەتی مێژوویی هەیە، بەڵام چانسی دەرچوونی بە تەواوی بەندە بە ڕەزامەندیی باڵی پارێزگاران و هاوسەنگیی هێز لەناو ئەنجومەنی شارەزایاندا.
٨. عەلی خومەینی:
نەوەیەکی تری خومەینییە کە لە حەوزەی زانستیی شاری نەجەف مامۆستایە.
ئەویش خاوەنی شەرعییەتێکی ئایینی و شۆڕشگێڕییە و لەناو ناوەندەکاندا بەوە ناسراوە کە کەمتر توندڕەوە بەراورد بە زۆرێک لە هاوتەمەن و هاوتاکانی. نزیکایەتییەکیشی لەگەڵ خامنەیی هەبووە.
٩. ئەحمەد خاتەمی:
ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان و پێشنوێژی کاتیی شاری تارانە. یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی باڵی پارێزگارە توندڕەوەکان و ناوی لە شیکارییەکاندا بۆ پۆستەکە دەهێندرێت.
١٠. موحسین قومی:
ڕاوێژکاری باڵایە لە نوسینگەی عەلی خامنەیی، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و ئەنجومەنی شارەزایانە.
هەڵبژاردنی ئەو دەبێتە هۆی نوێنەرایەتیکردنی بەردەوامبوونی هەمان پێکهاتەی ئایینی و سیاسیی ئێستا.
١١. موحسین ئەراکی:
ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمە، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی زانایانی حەوزەی ئاینی قوم بووە. بەرپرسیارێتی جیاوازی هەبووە لەبواری فیقهی و ئاینییدا.
سەرچاوە: ماڵپەرى پەنجەرە
