شارەزایانى وزە: داخستنى گەرووى هورمز نرخى بەرمیلێک نەوت دەگەیەنێتە 100 دۆلار
2 كاتژمێر لەمەوپێش
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران، مەترسیی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە دروستکردووە و رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێک کە ساڵانێکە نەبیندراوە، بەتایبەت دواى ئەوەى ئەمرۆ ئێران کەشتییەکى نەوت هەڵگرى لە گەرووى هورمز کردە ئامانج.
بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، گەرووی هورمز رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلی پێیدا تێپەر دەبێت، کە دەکاتە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان و بەوەش گەروی هورمز بە شادەماری هەناردەی نەوت ناسراوە.
میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی 28-02-2026 بڵاویکردەوە، جموجووڵی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەرووی هورمز راگیراوە و ئەروپییەکان داوایان لە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانیان کردووە بە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ نەکەن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی نەوت و بازرگانی، گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنییان لە گەرووی هورمزەوە راگرتووە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران.
ئەمرۆ یەکشەممە 1ى ئادارى 2026، تەلە فزیۆنى فەرمى ئێران بڵاویکردەوە، کەشتییەکى نەوت هەڵگریان لە گەرووى هورمز کردوەتە ئامانج و ژێر ئاو کەوتووە، بەهۆى ئەوەى گوێى بە هۆشدارییەکانى سوپاى ئێران نەداوە.
ئەندامێکى دیارى رێکخراوى ئۆپیک دەڵێت، مەترسییەکان زۆر جدین، گرفتى گەورە بۆ گواستنەوەى نەوت بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەکات ، ئەگەر دۆخەکەش بەردەوام بێت، ئابوورى جیهان دووچارى داکشانەوە دەبێت.
بۆپ ماکنالی، راوێژکارى کۆشکى پێشووى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى وزە رایگەیاندووە، ئەگەرى هەیە بە هۆى داخستنى گەرووى هورمزەوە نرخى بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرز بێتەوە.
ئاماژەى بەوەشدا، ئێران خاوەنى ژمارەیەکى زۆر لە مین و مووشەکى کوورت مەودایە، بەوەش دەتوانێت رێگرى لە هاتوچۆکردنى کەشتیی نەوتى و جوڵەى کەشتیەوانى لە گەرووى هورمز بگرێت.
بە گویرەى داتاکان، لە سالى 2025دا رۆژانە 14 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووى هورمزەوە گوازراوەتەوە، ئەوەش یەک لەسەر سێى نەوتى جیهانە کە بە رێگەى دەریا دەگوازرێتەوە، لەو بڕەش 75%ى بۆ وڵاتانى ئاسیا رۆشتووە، بەتایبەتى چین، هندستان، ژاپۆن، و کۆریاى باشوور.
لەلایەکى ترەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئاماژەیان بە پێویستیی کارکردنی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی کردە سەربازییەکان کردووە؛ هەروەها "جەختیان لە گرنگیی پاراستنی رێڕۆ ئاوییە گرنگەکان، بەتایبەتی گەرووی هورمز کردەوە، بەهۆی ئەو بایەخە ستراتیژییەی بۆ ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە هەیەتی."
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیی شەڕ دەبێتەهۆی تێکچوونی بازاڕی وزە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی بازاڕی جیهانی دەبێت.
