بەرەی ناوخۆیی کورد و پێشهاتەکانی ناوچەکە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
وتەیەک هەیە دەڵێ: (کە شەڕ ڕوویدا ئەگەر تۆ بەشێک نەبی لە شەڕەکە، ئەو بەشێکە لە تۆ).
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئەو ڕاستیەی سەلماند شەڕەکە لەنێوان ئەو سێ دەوڵەتەیە، بەڵام بە کردار هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە، پێدەچێ سەر بۆ ئەوە بکێشێ بەرەیەکی نێودەوڵەتی دروستببێت دژ بە ئێران، چونکە ئێران خۆی ویستی شەڕەکە فراوانبێت. لەم هەلومەرجەدا دەبێت کورد هەوڵ بدات بە کەمترین زیان و زۆرترین دەسکەوت لەو شەڕە دەربچێت، ئەمەش بەوە دەبێت خوێندنەوەیەکی ورد بۆ دۆخەکە بکات و ئەوەش بزانێت ڕووداوەکانی شەڕ لە تابلۆکەدا دوو وێنەمان نیشان دەدات، یاخود دوو ئەگەر خۆیان مانیفێست دەکەن کە بریتی یە لە:
٠١ ئێران تەسلیم بە داواکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت لە ناوخۆی ڕژێمەکەدا دەسەڵات دەدەنە دەست گروپێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات و کرانەوەیەک بۆ گەلانی ئێران بکاتەوە کە مۆدێلێک لە دیموکراتیەت بەڕێوەبەرن و، ئێران بگەڕێتەوە ناو خێزانی جیهانی و بەبێ ئاژاوە و وێران بوونی زیاتر کۆتایی بە شەڕەکە بێت.
٠٢ یاخود ئێران بەردەوامی بە شەڕ دەدات و ملکەچی سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل نابێت، لێرەوە ئەمریکا و ئیسرائیل گورزی زیاتر لە کۆی پێگە سەربازی و میدیایی و هەواڵگرییەکانی ئێران دەوەشێنن بۆ ئەوەی شەڕەکە بباتە قۆناغێک کە شەقام بەچڕی ڕووبەڕوی دەسەڵات ببێتەوە و ئۆپۆزسیۆنی ئێران چالاک دەکەن، ئەوکات دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت لەڕووی سیاسی و ئارامی و ئابورییەوە، سەرەنجام ڕژێمەکە دەڕوخێنن.
لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە پێش، ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دۆخی شێوازی حوکمڕانی ئێران و ئایندەی ئێران هاوڕان یان ڕای جیاوازیان هەیە؟
هەر چۆن بێت هەلومەرجەکە لەو دوو خاڵە زیاتر نیە، ئەوەی بۆ کورد گرنگە بەهێزکردن و گرێدانی بەرەی ناوخۆی کوردستانییە لە هەموو ئاستەکاندا، پتەوکردنی هێزی کۆمەڵایەتی کوردە لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان بۆ پاڵپشتی سیاسی کوردی. پێویستە کورد هێزی دیبلۆماسی زیاتر بخاتەگەڕ بۆ دەسگرتن بە ئارامییەوە. گرنگیشە شیعەی عێراق تێبگەیەنرێ بۆ ئەوان وا باشە لەم قۆناغەدا نەبنە هۆی شێواندن و لێدانی ئارامی هەرێم، چونکە دواجار تەنها کوردە دەتوانێ ڕێز لە مانەوەی ئەوان بگرێت، وەک چۆن لە سەردەمی بەعسدا کوردستان پەناگەی ئارام بوو بۆیان. ئەوەی گرنگە بیرکردنەوەمان لە هەموو شت داماڵین، تەنها کوردبوون و چارەنووسی کورد جێگای هەموو بیرکردنەوە و هێز و بەرژەوەندیمان بگرێتەوە. لەم قۆناغەدا لە هەمان کاتدا حکومەت بە هەستیارییەوە ئاگای لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بێت و، ئەحزابی کوردیش بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیان بگرنە ئە ستۆ، چونکە لە کاتی شەڕ و هەڕەشەی دەرەکی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یەک ئەرکیان هەیە ئەو ئەرکەش پاراستنی ئاسایش و ئارامی و شکۆی نیشتیمانە.
