محەمەد رەزا شا و نەوەکانی قازی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق
ئەو تەنگژەی نێوان ئەمریکا و ئێران دنیایەک خوێندنەوە و شیکاری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جارەکانی تر، گەرمتر و ئاڵۆزترە، ئەمریکا دەیەوێت بۆ ملکەچ پێکردنی ئێران بە دانوستان و داواکارییەکان هێرشێکی سەربازی جیاواز و کورتمەودا بکات، ئێران بۆ هەر ئەگەرێکی هێرش بە خۆى و ساروخە بالیستییەکانیەوە ئامادەیە بۆ جەنگی درێژخایەن، چی ئەمریکا و چی ئیسرائیل ئەو راستییە دەزانن کە لە جەنگی دوانزە رۆژەدا شکاون، لەئێستاشدا روسیا و چین و کوریا ئامادەگییەکی قورسیان دەبێت لەڕووی لۆجستی و سەربازییەوە بۆ ئێران، واتا ئێران بەستراوە بە دۆسیەی تایوان و ئۆکرانیاوە، خۆ ئەگەر ئەمریکا کار لەسەر کارتەکانی تایوان و ئۆکرانیا نەکات لە بەرژەوەندیی چین و ڕوسیا، ئەوا جەنگی ئێران تەنها سنووری جوگرافی ئێران ناگرێتەوە، بەڵکو لە لیبیاوە بۆ یەمەن و عێراق و سوریا و وڵاتانی خلیج و لوبنان و تورکیا و خلیجی فارس دەگرێتەوە تا دەگاتە ئەفغان و پاکستان و وڵاتانی سەر دەریای قەزوین.

ئەو کارتانەی ئەمریکا ویستی بەکاریبهێنێت دژی ئێران زۆریان شکستیان هێنا، هەر لە تیرۆری سەرکردە ئێرانییەکان تا سزای ئابوری و خۆپیشاندان، رۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای قاسملۆوە لە بۆشایی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێراندا دەژی، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات هیچ کاریگەرییەکان نەمابوو، رۆژهەڵات لەم کێشمەکێشەی ئەمریکا و ئێراندا نەبوونە بەشێک لە یارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و نەبوونە بەشێک لە خۆپیشاندان ئەمەش بەپێی سیاسەتی واقع و رۆژ باشترین یاری کوردانی رۆژهەڵاتە، بە پێچەوانەی نەتەوەکانی تری ناو ئێران، لە ئێستاشدا کە کورد لایەنداری ناکات و دژی دەوڵەت ناوەستێتەوە، یەکێکە لەو یارییانەی کە سوودی لە مێژوو و لە ئێستای سیاسەتی زلهێزەکان وەرگرتووە، لە ئێستادا سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان باشترین وانەن بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێک لە گەمەی ئیسرائیلی و ئەمریکی، لە ئێرانیشدا ئەوە دەزانن کەهەر حکومێک بێت لە ئێراندا هیچ گرنتیەک بۆ کورد نیە کە لەم دەوڵەتەی ئێستا خراپتر نەبێت، لە رووە مێژوییەکەیەوە ئەگەر محه‌مەد رەزا شا نمایندەی دوبارەبوونەوەی دەوڵەتی مێژویی بێت، ئەوا لەبەرامبەردا نەوەکانی قازی میراتگیری دەستەڵاتی کوردیین لە رۆژهەڵات، ئەگەرچی ئەم دوو میراتگیرە چی نەوەکانی ڕەزا شا و چی نەوەکانی قازی هیچ رۆڵێکیان لەڕوی سیاسییەوە لە ئێران نەبووە، بەڵام وەک کارت دژی ئێران ئەمریکا کاری لەسەر بنەماڵەی ڕەزا شا کرد و رۆڵی پێدانەوە، بەڵام نەوەکانی قازی ئەم کارەیان نەکرد، خۆ ئەگەر محەمەد رەزا وەک کارت و بەدیلی ئەمریکا بێت بۆ ئێران، ئەوا بەدەر لە حیزبە کوردییەکان، نەوەکانی قازی بە تایبەت نیلۆفەری کچی، کە لە زۆربەی مەراسیم و یادەکاندا دەردەکەوێت، وەک میراتگیری کۆماری مەهاباد بەبێ دەنگی توانیان خۆیان بپارێزێن لە بەکارتبوونی نێوان جەمسەرەکان و رۆژهەڵاتیش نەبوەنە کارت بەدەست هیچ یەکێکیانەوە، چونکە هیچ لایەکیان بەرنامەکەی روونیان نیە بۆ مافی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا، حیزبە کوردییەکانی دەرەوەی ئێرانیش بەهۆی ناکۆکی و نەبوونی سەرکردەیەک کە هەموو ئاراستەکان کۆبکاتەوە نەیانتوانیوە کاریگەری هەتا دبلۆماسیشیان هەبێت، ئەو یەکگرتنەی ئێستایان یەکگرتنێکی ناچارەیە نەک پێویستیی قۆناغەکە.

ئەوەی ماوەتەوە ئەگەر چی لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکادا ئێران هیلاکە، بەڵام لە قوڵایدا خاوەنی خۆڕاگرییەکی بەهێزە، لەم نێوەدەدا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا یارییەکانی نەوەکانی قازی دوای عەلی قازی کچەکەی (نیلۆفەر) زۆر ژیرانەترە لە محەمەد رەزا شا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار