دیپلۆماسیەتی ژەهراوی، گەمەی شەترەنجی ئیسرائیل بۆ ئیفلیجکردنی سوپای پاکستان پێش هێرش بۆ سەر تاران

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دڵشاد موانی
لە کاتێکدا دوێنێ جیهان چاوی لەسەر ئاسمانەکانی تاران، ئەسفەهان و شیراز و بیجار  بوو کە بە موشەکە دەقیقەکانی ئیسرائیل دەهەژان، بەڵام یارییە ڕاستەقینەکە ٢٤ کاتژمێر پێشتر لە پشت پەردە تاریکەکانی هەواڵگری و دیپلۆماسییەتدا کۆتایی هاتبوو.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە تەنیا دواین هەنگاوی پلانێکی داڕێژراو بوو کە ئیسرائیل بە هاوکارییەکی بێوێنەی هیندستان ئەندازیاریی بۆ کردبوو، بە مەبەستی دابڕینی ئێران لە تاقە پشتێنە ئەمنییە سەربازییەکەی، واتە دەوڵەتی پاکستان.

لە ٢٧ی شوباتدا، سەردانە کتوپڕەکەی نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان بۆ تەلئەبیب لە لوتکەی ئەکتیڤی شەڕدا، تەنیا سەردانێکی پاڵپشتی نەبوو بۆ ئیسرائیل، بەڵکو کاتژمێری "سفر"ی پیلانێکی جیۆپۆلەتیکی بوو.

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکان، ناتانیاهۆ و مۆساد لەم دیدارەدا داوای دوو کلیلی سەرەکییان لە مۆدی کردووە:

یەکەم، بەکارهێنانی "بەندەری چابەهار" لە ئێران و "بەندەری دوکم" لە عومان (کە هیندستان بەڕێوەیان دەبات) وەک بنکەی هەواڵگری و لۆجستی ناڕاستەوخۆ بۆ چاودێریکردنی جوڵە ناوخۆییەکانی ئێران. ئەمە گورزێکی کوشندە بوو؛ ئیسرائیل لە ڕێگەی هیندستانەوە لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا خاوەن "چاو" بوو.

دووەم و مەترسیدارترین بەشی پلانەکە، بەکارهێنانی کارتە نوێیەکەی هیندستان بوو کە "تاڵیبان"ە، لە کاتێکدا جیهان وا تێگەیشتبوو پاکستان و تاڵیبان یەکن، بەڵام هیندستان لە بێدەنگیدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ کابل دروستکردووە. ئیسرائیل داوای لە مۆدی کرد کە فشار بخاتەسەر تاڵیبان بۆ کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ لەسەر سنورەکانی ڕۆژئاوای پاکستان. ئامانجەکە ڕوون بوو، ئەویش لە پێناو سەرقاڵکردنی سوپای پاکستان بە جەنگێکی خوێناوی و پارتیزانی لەگەڵ ئەفغانستان، تا نەیپەرژێتە سەر هاوکاریکردنی ئێران.

ئەم جوڵە ژیرانەیەی مۆساد بۆ ڕێگری بوو لە دووبارەبوونەوەی مێژوو. چونکە لە پێکدادانە ١٢ ڕۆژەییەکەی پێشوودا، پاکستان بە شێوەیەکی نهێنی و کاریگەر هەواڵگری و چەک و پاڵپشتی دیپلۆماسی پێشکەش بە ئێران کردبوو. ئیسرائیل دەیزانی ئەگەر پاکستان لە ڕەوشێکی ئەمنی ئارامدا بێت، دەبێتە "باخچەی دواوە"ی ئێران. هەر بۆیە، بە تێوەگلانی پاکستان لە پێکدادانی سنووری لەگەڵ ئەفغانستان، ئیسرائیل دڵنیایی دا کە پاکستان لەو ٢٤ کاتژمێرەدا سەرقاڵی پاراستنی سنوورەکانی خۆی بێت نەک دەستەبەرکردنی هاوکاری هەواڵگری بۆ تاران.

ئەم هاوکێشە سێ لایەنەیە (ئیسرائیل، هیندستان، تاڵیبان) نیشانیدەدات کە چۆن مۆساد توانیویەتی سوود لە بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی هیندستان وەربگرێت بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران.
 بەندەری چابەهار کە بڕبڕەی پشتی ئابووری هیندستانە لە ناوچەکە، بوو بە خاڵی لاوازی ئێران.

ئێستا کە دووکەڵی تەقینەوەکان لە تارانەوە بەرز دەبێتەوە، ڕاستییەکی تاڵ دەردەکەوێت کە ئێران بە تەنیا جێماوە، چونکە ئیسرائیل پێش ئەوەی بە فڕۆکە هێرش بکات، بە "دیپلۆماسیەتی هەواڵگری" هەموو ڕێگاکانی گەیشتنی یارمەتی بۆ تاران بڕیبوو. پاکستان لە ڕۆژئاوا دەجەنگێت، هیندستان کلیلی بەندەرەکانی لە گیرفاندایە، و ئێرانیش لە ناوەڕاستی ئەم یارییەدا گەمارۆدراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار