مەرجەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێی عێراق و پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بڵند دلێر شاوەیس
ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترامپ فشارەکانی چڕکردۆتەوە لەسەر حکومەتی عێراق، هەر لەم ڕووەوە حکومەتی ئەمریکا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە نامەیەکی هۆشداری ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە کە کۆمەڵێک مەرج سەبارەت بە چەند پرسێک لهخۆدهگرێت، لەوانەش حکومەتی عێراق خۆی لەژێر هەژموونی ئێران ڕزگاربکات، هەروەها تێبینیەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کاندیدکردنەوەی (نوری مالکی) بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بونیادنانەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق لە بواری ئاسایش و ئابووری.
لە ناوەڕۆکی نامەکەدا هاتووە:
١- پێویستە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بەرژەوەندیی گەلی وڵاتەکەی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و بەشێوەیەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
٢- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕادەستکردنی چەکەکانیان لە ماوەی (٦ - ١٢) مانگدا.
٣- هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە و ئەندامەکانیان لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق بە شێوەیەکی پیشەیی تێکەڵ بکرێن.
٤- پاککردنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە دەستوەردانی دەرەکی، بەجۆرێک داواکراوە سەرجەم ڕاوێژکار و بریکارەکانی ئێران لە ناوەندەکانی بڕیار دووربخرێنەوە.
٥- ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتی لە سیستەمی دادوەری و دارایی بکرێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.
٦- پێکهێنانی کابینەیەکی حکومی لە کەسانی لێهاتوو و تەکنۆکرات، کە دڵسۆزییان تەنها بۆ دەوڵەتی عێراق بێت نەک بۆ کوتلە سیاسییەکان و ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.
٧- دەبێت عێراق هاوبەشییەکی ئابوری و ئەمنی بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیادبنێتەوە و، دوورکەوێتەوە لەم ڕێڕەوە مەترسی گەورە بۆ سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروست دەکات.
ئەمەی سەرەوە مەرجەکانی ئەمریکایە بۆ حکومەتی عێراق، لەناو ئەو مەرجانەشدا چەند پرسێک هەیە کاریگەری و لێکەوتەیان دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، کە ڕەنگە لە داهاتوودا هەندێک پابەندی بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت ئاماژە بەو خاڵانە بدەین کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و بریتین له:
١- هەریەک لە خاڵەکانی (٣،٢) تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و ڕادەستکردنی چەکەکانیان لە ماوەی (٦ - ١٢) مانگدا و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنی ئەندامەکانیان لەناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق بە شێوەیەکی پیشەیی.
ئەم دوو خاڵە لە داھاتوودا زیانێکی زۆر دەدات لە هەرێمی کوردستان بەهۆی:
- هەرچەندە حەشدی شەعبی بەپێی یاسا ڕێکخراوە، بەڵام ئەم دوو مەرجەی ئەمریکا ڕێگەدەدات هێزەکانی حەشدی شەعبی و سەرجەم میلیشیاکان لە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵدا ڕێکبخرێن، ئەمەش وادەکات هەمان کار و ئەرک و بەرنامەکانیان ئەنجام بدەن لەژێر ناونیشانی دامەزراوەی سەربازی و هێزەکانی ناوخۆ بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی و فەرمیتر لە جاران.
- ڕێکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق وا دەکات بە شێوەیەک لە شێوەکان هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق بکەونە ژێر هەژموونی ئەجێندا و بیروباوەڕی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، بەهۆی ئەو پاڵپشتییە مەزهەبی و ئیقلیمی و سیاسی و داراییەی دهکرێن.
- زیادکردنی لاسەنگی لە هێز و توانای سەربازی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی قوڵتر.
- ڕەنگە جێگیرکردنی سوپاسالاری عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێ گوێدانە پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق هۆکارێک بێت بەرەو هەنگاوی یەکەم بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان لەناو بەرگێکی فەرمی لە چوارچێوەی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی فیدراڵدا.
٢- ئەوەی پەیوەندی بە خاڵی (٥)ەوە هەیە تایبەت بە ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستەمی دادوەری و دارایی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.
لەسەر ئەو بنەمایەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی فیدراڵ، هەمان ئەم مەرجە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە و پابەندبوون دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری:
- ڕێکارەکانی چاکسازی بنەڕەتی لە سیستەمی دادوەری و دارایی.
- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی کارگێڕی.
- ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە سپیکردنەوەی پارە.
٣- ئەوەی پەیوەندی هەیە بە پرسی سەرۆك وەزیرانی نوێی حکومەتی فیدراڵی و تێبینیەکانی ئەمریکا لەسەر (نوری مالکی)، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە کورد دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردنی لایەنێکی ناکۆکییەکان (ئەمریکا - ئێران)، بۆ ئەم بابەتەش لە هەموو کاتێک زیاتر کورد پێویستی بە یەکڕیزی و بڕیاری هاوبەش و یەک هەڵوێستییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هاوسەنگ و بێلایەن لەم ناکۆکییە دەربازمان بێت، بە تایبەتی کە لە بنەڕەتدا پرسی دیاریکردنی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی کێشەی سەرەکی و پشکی کورد نییە و بە هیچ شێوەیەک ئێمەی کورد بەشێک نین لە لایەنەکانی ئەم ململانێیە.
٤- ئەوەی پەیوەندی بە خاڵی (٧)ەوە هەیە، لەکاتی پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و عێراق و بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بواری دارایی و ئاسایشدا، بمانەوێت یان نا هۆکار دەبن بۆ پتەوکردنی پێگەی حکومەتی فیدراڵی لەبەرامبەردا لاوازبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەربۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە لایەنەکانی داڕشتنەوە و بونیادنانەوەی پەیوەندییە دارایی و ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق.
