مردنی خامنەیی لە ئەنکەرە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
نەورۆز مەحمود
عەلی خامنەیی لەساڵی ١٩٣٩ لە مەشهەد لەدایکبووە، باوکی جەواد خامنەیی کوڕی سەید حوسەینی ئازەریە کە لە تەورێزەوە بەرەو مەشهەد کۆچیان کردووە. خامنەیی ساڵی پەنجاکان وەک خوێندکارێکی "ڕوحوڵا خومەینی" لە شاری قوم دەست بەخوێندن دەکات، کە درێژەپێدەری ڕێبازی مامۆستەکەی؛ ئایەتوڵڵا حائری یەزدییە، کە باڵادەستی ڕەهای قوتابخانەی شیعی - ئازەریی لەلای ئەو، بەسەر مەرجەعیەی قومدا ڕەنگدەداتەوە. لەدوای ساڵی ١٩٦٠ خامنەیی تێکەڵ بەکاری سیاسی دەبێت، بەرلە مردنی خومەینیش لە ساڵی ١٩٨٩، کە یەکەم ڕابەری باڵای بەناو شۆڕشی ئیسلامی بوو، سەرەتاکانی باڵادەستیی ئایینیی نەژادی ئازەریی(تورکی) لە کایە سیاسی و ئابووریەکانی ئێران، لەماوەی هەردوو خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی لەلایەن خامنەییەوە ڕەنگدەداتەوە و شاڵاوی بەتورککردن لە پارێزگای ئورمیە و تەورێز و داگیرکردنی گوند و ناوچە کوردستانیەکان پەرەدەستێنن.
ڕەنگە بۆ هەموو ئاشکرابێت، کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەردۆگان بەرەو سیستمێکی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی سوونیگەرایی نەقشبەندییەوە خۆی بوونیادنایەوە، کە لەڕواڵەتدا پێویستە لەدژی باڵادەستی مەرجەعیەتی قوم بێت، بەڵام دیوە تورکپەروەرەکەی خامنەیی بۆ ئاکەپە و خودی ئەردۆگان، ببوو بە گرەنتی دامەزراندنی دوانەیەکی ئیسلامیی تۆرانی لە دواڕۆژدا، کە هەرچەندە لە زۆربەی کایە سیاسیەکانی دیکەدا وەک نەیاری یەکدی دەردەکەوتن، بەڵام لە پرسە بنگەییەکان و پرسی هەبوون و نەبوون، هەم خامنەیی و هەم ئەردۆگان کۆکبوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکی نەژادپەرستیی ئایینی تورکیزمان لە دواڕۆژدا، کە لەسەر بنەمای باڵادەستی تاکی تورک بوونیادبنرێت، کاریگەریی ئەم لێکتێگەیشتنە تورکی تورکیەش لە سەرکەوتنی سوپای ئازەربایجان بەسەر ئەرمینیا لە جەنگی قەرەباخ ڕەنگیدایەوە، کە تیایدا دوور لە چاوەڕوانییەکان، ئێران ئامادەنەبوو هیچ هاوکارییەکی سەربازیی ڕادەستی ئەرمینیا بکات.
بەمردنی خامنەیی، ئەردۆگان زەبرێکی کوشندەی بەردەکەوێت، دوورنیە لەداهاتوو درزی گەورەش نەکەوێتە نێوان ئەنکەرە و باکۆ (ئازەربایجان)، چونکە چیتر ئەردۆگان ناتوانێت بەهێزەوە یاری لەسەر کارتی نەژادپەروەریی تۆرانی بکات، بەڵکو گۆڕانکارییەکان و واقیعی ناوچەکەش تەنیا دوو بژاردەیان بۆ بەجێهێشتووە، کە ئەوانیش یان گەڕانەوەیە بۆ هێڵی ناتۆ و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئەوروپیەکان کە هاکان فیدان نوێنەرایەتی دەکات، یاخود بەردەوامیی هێڵی حەنبەلی - نەقشبەندییە، کە لەڕێگەی بزوتنەوەی ئیخوانیەکانەوە بە جیهانی ئیسلامیی سوننیەوە دەیبەستێتەوە، وەلێ بژاردەی سێهەم دوو ڕۆژی ڕابردوو لە بۆردومانێکی ئاسمانی لە تاران لەناوبرا.
