ترەمپ: جەنگە گەمژانە و بێکۆتاکان بۆ ئێمە کۆتایی هات

6 ساڵ لەمەوپێش
کاکەلاو عەبدوڵا
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هەرگیز نەدەبوو ئەمریکا بچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئیتر ئەو جەنگە بێکۆتایانە بۆ ئەمریکا کۆتای هات کە لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، "جەنگی هەزارەها ساڵەی نێوان گروپە جیاوازەکان، جەنگە گەمژانە و بێکۆتان بۆ ئێمە کۆتایی هات. ئەمریکا نەدەبوو هەرگیز بچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست".
هەروەها ترەمپ وتیشی: "٥٠ سەربازمان کشاندووەتەوە و تورکیا دەبێت دیلە داعشەکان وەربگرێت کە ئەوروپا ڕەتیکردوە بیگرێتە خۆیان".
دووشەممەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند سوپا جووڵە پێدەکات بۆ باکوری سوریا.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی توند بووتەوە هەم لەناوخۆی ئەمریکا و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەوپێیەی ناپاکی بەرامبەر کوردی هاوپەیمانی کرد لە سوریا و فەرامۆشیکردن بۆ پەلاماری تورکیا.
هاوکات دوێنێ لەژێر فشارە زۆرەکاندا، ترەمپ لە زنجیرە تویتێکدا نکۆڵی لەوە کرد کوردەکانی فەرامۆش کردبێت و بە "شەرکەری ناوازە" وەسفی کردن و هۆشداریشیدایە تورکیا کە ئەگەر پەلاماری باکوری سوریا بدات ئابوریەکەی "تێکدەشکێنێت".
بەڵام دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد هەموو ئامادەکارییەکان بۆ لەشکرکێشی باکوری سوریا تەواو بووە.

