هاوڵاتی بەرپرسانی سوپای بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا لەهەڵمەتەکەیاندا بۆ گرتنی شاری باخمووت لەڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێرشەکەیان قورس دەبێت بۆ بەردەوام بوون بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەدەست دەدەن بۆ گرتنی ناوچەکە و زیانەکان زۆر زیاتر دەبن. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا بۆ ئەو شەڕەی لە ئۆکرانیا بەتایبەت ناوچەی باخموت بەردەوامە لە تویتەرڕایگەیاند، یەکەکانی گروپی واگنە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کرێملیندایە، زۆربەی ڕۆژهەڵاتی بەخموتیان گرتووە، ئێستا ڕووبارێک کە بە ناوەندی شارەکەدا دەڕوات، هێڵی پێشەوەی بەخموتی دیاریکردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئاڵانگارییەکی قورس " دەبێت بۆ هێزەکانی واگنەر بەرەوپێشبچن، چونکە ئۆکرانیا پردە سەرەکییەکانی بەسەر ڕووبارەکەدا لەناوبردووە. پارێزگای دۆنتسک، یەکێک لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بە بەشێک لە سوریای ڕاگەیاند و لە لە مانگی ئابدا سوپای ڕووسیا کەمپەینی کۆنترۆڵکردنەوەی باخمووتی دەستپێکردووە و هەردوولاش تووشی زیانێکی گیانی زۆر بوون لە ململانێکانیاندا لەسەر ئەم ناوچەیە. هاوکات لە سەرانسەری ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە کارەکانی چاککردنەوە بەردەوام بوو، دوای هێرشێکی بەرفراوانی ڕووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو ڕۆژ پێشتر کە شەش کەسی کوشت و سەدان هەزار کەسیش بێ ئامێرەکانی گەرماکەرەوە و بێ کارەبا مانەوە.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی ١١ی ئاداری ٢٠٢٣دا، کە ١٢ ساڵ بەسەر جەنگی ناوخۆی سووریادا تێدەپەڕێت، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیدا گوتێرێس باسی لەوە کرد خەڵکی سووریا لە شەشی شوباتدا بەهۆی بوومەلەرزەوە رووبەڕووی تراژیدیایەکی نوێ بوونەتەوە و ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لە دەستپێکی جەنگەی ئەو ولاتەوە رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کرد کە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوکاری مرۆیی بەبێ بەربەست گرنگی زۆری هەیە و، رایگەیاند: ''دوای بوومەلەرزەکان ئەو تاودانەوەی بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە سووریا بەدەستهاتوون پێویستە بواری سیاسییش بگرێتەوە و بەرەو ئاشتیی هەنگاو بنێت." دەشڵێت، "پێم وایە دەبێت لایەنە سوورییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا بەیەکەوە بە پابەند بوون بە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوی بەرجەستە بنێن و بۆ زەمینەسازی ئاشتییەکی بەردەوام''.
هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن، سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات، کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.
هاوڵاتی کۆمپانیای مێتا دەڵێت لە بەرنامەیدایە ئەپێکی هاوشێوەی تویتەر دابمەزرێنێت، ئەمەش لە هەوڵەکانیدا بۆ جێگرتنەوەی تویتەر کە بووەتە سەکۆی پەیامە گرنگەکانی جیهان. وتەبێژی کۆمپانیای مێتا لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئێمە پێمان وایە دەرفەتێک هەیە بۆ فەزای جیاواز کە دروستکەران و کەسایەتییە گشتیەکان بتوانن لە کاتی خۆیدا نوێکارییەکان سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانیان بەیەکەوە باس بکەن. ئەو ئەپڵیکەیشنەی کە کۆمپانیای مێتا بەنیازە دروستی بکات ودایبمەزرینیت لە سەر بنەمای چوارچێوەیەکی هاوشێوەی " Mastodon" کە خزمەتگوزارییەک وئەپێکی هاوشێوەی تویتەرە کە وا لەساڵی ٢٠١٦ دروستکراوە، هاوکات تاوەکو ئێستا دیارنیە کە کەی بەردەست ئەبێت وڕادەگەێنرێت. ئەم بەرنامەیی کۆمپانیای مێتا لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای تویتەر کە لە ئێستادا ئیلۆن مەسک خاوەندارێتی دەکات ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە وئەمەش وەک دەرفەتێکە کە کۆمپانیای مێتا وەک دەرفەتێک بەکاری دەهێنێت. تۆماس هایس، سەرۆک و ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گریت هیڵ کاپیتال کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، لەبارەی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکەی کۆماپانیای مێتاوە وتی،" کۆماپانیای فەیسبوک میژووەکەی ئەوە نیشان دەدات کە زۆرباشن لەبەدەستهێنانی داهێنەردا یاخود گەشەپێدەردا، وتیشی ئەم هەنگاوە تەنها وەک هەنگاویکی بەرگریە"، ئەمەش لەکاتێکدایە کە فەیسبوک کێشە لەگەڵ کەمی بەشداربووی گەنجدا هەیە. هاوکات شرۆڤەکارانی بواری دیجیتاڵیش دەڵێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠ ٣٠دا گەشەی کۆمپانیای مێتا لە مێتاڤێرسدا زیاد بکات، هاوکات لە سەرەتای مامەڵەکانی ڕۆژی هەینیدا پشکەکانی مێتا بە ڕێژەیەکی کەم بەرزبوونەتەوە و گەیشتووەتە١٨١.٧ دۆلار، ئەمساڵ تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ٥١ زیادیان کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە و رایگەیاند جموجۆڵەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو سوپایە مەترسی و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکە. رۆژی هەینی کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن ، سەرۆکی وڵاتەکە لە نامەیەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران(کۆنگرێس) دۆخی نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کردوەتەوە و فەرمانەکە لە 15ی ئەم مانگەوە نوێ دەبێتەوە. بایدن رایگەیاندوە؛ جموجۆڵ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدان و بەرفراوانکردنی موشەک و چەکی نائاسایی، دروستکردنی تۆڕی چەکداریی تیرۆریستی و هەوڵە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هاوشێوە جێگرەوەکانی تا ئێستاش هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆیە فەرمانی دۆخی نائاسایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. فەرمانی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ژمارە (12957) لە ساڵی 1995 راگەیەنراوە و لەو ساڵەوە بۆ ماوەی 28 ساڵە بە بەردەوامیی نوێ کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1995 ئەو فەرمانە لە لایەن بیل کلیۆنتۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرا و دوای شەش مانگ لە فەرمانەکە، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاند.
زانایانی ناسا چاودێری ئەستێرەیەکی تازە دۆزراوەوە دەکەن کە ڕەنگە لە ساڵی ٢٠٤٦ کاریگەری لەسەر زەوی هەبێت. نووسینگەکە ئاماژەی کردووە، سەرەڕای ئەگەری کەم، شرۆڤەکارانی دەزگای بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری ئەو ئەستێرە بچووکە دەکەن کە قەبارەکەی مەلەوانگەیەکی ئۆڵۆمپییە. وە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئەستێرەی 2023 DWی دانا کە بۆ یەکەمجار لە 28ی شوباتدا بینرا، لە پێشەنگی "لیستی مەترسییەکان". بەگوێرەی ئاژانسی ئەورووپا، ئەم ئەستێرە بچووکە توانای ئەوەی هەیە لە 14ی شوباتی 2046، یان لە ساڵانی دواتردا تا ساڵی 2051 بەر زەوی بکەوێت. وە فەلەکناس پیێرۆ سیکۆلی، ڕێکخەری ڕوانگەی فەلەکی ئیتاڵی سورمانۆ، لە حیساب تایبەتی خۆی، لەبارەی ڕێڕەوی ئەستێرە بچووکەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەگەری بەریەککەوتنی ئەستێرەیەکی بچووک لەگەڵ زەویدا هەیە. ئەگەر ئەوە ڕووبدات، حیساباتەکانی سیکۆلی ئاماژە بەوە دەکەن ،ئەگەری هەیە ئەو ئەستێرە بچووکە لە نێوان زەریای هیندی و کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکادا بەریەک بکەوێت. شایانی باسە کە ناسا کار لەسەر ئامێری NEO Surveyor دەکات بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٨دا بیخاتە بازاڕەوە، کە دەبێتە یەکەم تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمان کە بە تایبەتی بۆ ڕاوکردنی ئەستێرە بچووکەکان و دوورەپەرێزەکان دیزاین کراوە کە ڕەنگە ئاماژە بە مەترسییەکی ئەگەری بۆ سەر زەوی بکەن. سەرچاوە: سکای نیوز
هاوڵاتی خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئیکس و تویتەر، ئیلیۆن مەسک رایگەیاند پلانی هەیە شاری خۆی لە ناوچەیەکی نزیک ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا دابمەزرێنێت. بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە رۆژنامەی (WSJ) Wall Street Journalوە بڵاوکراوەتەوە ئەو شارە لە باسترۆپ کاونتی نزیک شاری ئوستن-ی ویلایەتەکە دروست دەکرێت. شارەکە پلان وایە بناغەی لە نزیک ئەو شوێنە دابندرێت کە دروستکردنی دامەزراوەکانی بۆرینگ و سپەیس ئێکس تێیدا بەردەوامە، بانگەشەی ئەوەش کرا کە مەسک دەرفەتی بەکرێگرتنی خانووە نوێیەکان بە نرخی کەمتر لە بازاڕ پێشکەشی کارمەندانی کۆمپانیاکەی بکات. بەپێی یاساکانی تێکساس بۆ ئەوەی ناوچەیەک وەکو شار قبوڵ بکرێت ئەوە پێش ئەوەی داواکاری پێشکەش بکرێت پێویستە لانیکەم ٢٠١ کەس لە ناوچەکەدا بژین. دوای ئەو ماوەیە رەزامەندی لەلایەن دادوەری ناوچەکەوە وەردەگیردرێت. کاربەدەستێکی ناوچەی باسترۆپ کاونتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا هیچ داواکارییەکیان سەبارەت بەو بابەتە لەلایەن مەسک و هەر کۆمپانیایەک کە ئەو خاوەندارێتی دەکات، پێنەگەیشتووە.
هاوڵاتی لە ئەمریکا، هاووڵاتییەکی سعوودی بە ناوی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردنی بە گومانی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکانی ١١ی ئەیلوولەوە، ئازاد کرا. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستەڕوو کە لە شوباتی ٢٠٢٢دا بڕیاری ئەوە دراوە کە بەهۆی ئەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی مەترسییەکی گەورە نییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، پێویست ناکات چیتر درێژ بە مانەوەی لە زیندان بدرێت. لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا پێشنیازی سنوورداشکردنەوەی غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی خستبووە بەردەم کۆنگرێس. غەسسان عەبدوڵڵا شەرەبی تەمەن ٤٨ ساڵ لە ئاداری ٢٠٠٢دا لە پاکستان دەستبەسەر کرا و گومان دەکرا کە مەشقی تایبەتی وەرگرتبێت بۆ دروستکردنی بۆمب بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیشی ئاراستە بکرێت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆ بەند کرا. پێشتریش ئەمریکا لە ٢٥ی شوباتدا، دوو برای پاکستانیی بە ناوەکانی عەبدول و محەمەد رەببانی دوای ٢٠ ساڵ بەندکردن لە زیندانی گوانتانامۆ، ئازاد کرد. زیندانی گوانتانامۆ بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناسراوە هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی لە ١٢ی شوباتدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلانیان وایە تا کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، زیندانی گوانتانامۆ دابخەن.
هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە زیادبوونی برسێتی لە قۆچی ئەفریقا دەدات و دەڵێت، نزیکەی 130 هەزار کەس لەو ناوچەیە مەترسی لەبرسا مردنیان لەسەرە. لیزبێت ئەلبرێخت، بەڕێوەبەری قەیرانە تەندروستییەکانی تەندروستیی جیهانی لە قۆچی ئەفریقا رۆژی هەینی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند نزیکەی 48 ملیۆن کەس لە قۆچی ئەفریقا، واتە لە جیبۆتی، ئەسیوپیا، کینیا، سۆماڵ، سوودانی باشوور، سوودان و ئۆگەندا، رووبەڕووی نەمانی ئاساییشی خۆراک بوونەتەوە. وتیشی ، لەو 130 هەزار کەسە 96 هەزاریان لە سۆماڵ و 33 هەزاریان لە سوودانی باشوورن . قۆچی ئەفریقا یەکێکە لەو ناوچانەی کە گەورەترین مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. ئەلبرێخت باسی لەوەشکرد ،"زۆربەی بەشەکانی ناوچەکە رووبەڕووی خراپترین وشکەساڵیی 40 ساڵی رابردوو بوونەتەوە، لە کاتێکدا بەشەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر لافاو، ئەوەش بووەتە هۆی برسێتیی بەربڵاو." ئەوەشی ڕونکردەوە، "ژمارەی ئەو نەخۆشییانەی لە قۆچی ئەفریقا بڵاوبوونەتەوە گەییشتووەتە بەرزترین ئاستی ئەم سەدەیە، لە کاتێکدا سیستمە تەندروستییەکان لە زۆربەی حەوت وڵاتەکە لە ژێر گوشاردان." هەروەها باسی لەوە کرد، زیادبوونی ئەم نەخۆشییانە دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە رووداوی گەورەی کەشوهەواوە هەبێت.
هاوڵاتی دادگەیەکی تێهەڵچوونەوەی ئەڵمانیا داوا دەکات سزای ژنە داعشێکی ئەڵمانی قورستر بکرێت کە بە تاوانی ئەندامبوونی لە داعش و رێگەدان بە گیانلەدەستدانی کچە کوردێکی ئێزدیی تەمەن پێنج ساڵان لە تینوێتی و لەبەر گەرما، سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە. دادگای دادوەری فیدراڵی داوای پێداچوونەوەی ئەو ژنەی تەمەن 31 ساڵەی ڕەتکردەوە، کە تەنها بە جێنیفر دەبلیو ناسێنراوە بەپێی یاساکانی پاراستنی نهێنی ئەڵمانیا، و دۆسیەکەی ناردەوە بۆ دادگای ویلایەتی میونشن بۆ بڕیارێکی نوێ. ئەو ژنە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 لە نێوان شتەکانی دیکەدا بە دوو تۆمەتی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ڕێگەی کۆیلەکردنەوە سزا درا، لە یەک حاڵەتدا بووەتە هۆی مردن، هاوکاربوون لە هەوڵی کوشتن و ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات. بەڵام دادگەی فیدراڵیی ئەڵمانیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دادوەرانی دادگەی میونشن لە سزادانی ژنەکە هەڵەیان کردووە و هەستیاریی دۆسییەکەیان بە کەم وەرگرتووە، چونکە پێیوایە ئەوەی تاوانبارەکە کردوویەتی تاوانێکی گەورەتری دژی مرۆڤایەتییە و دادگەی میونشن لێکەوتە خراپەکانی نادیدەگرتووە. هاوکات یاسای ئەڵمانیا رێگە دەدات سزای بەندکردنی تاهەتایی بۆ تاوانبار دەربکرێت ئەگەر تاوانەکەی بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک. ە دادگاییکردنەکەی میونشن، داواکارانی گشتی ئەو ژنەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە تەنیشتەوە وەستاوە لەکاتێکدا هاوسەرەکەی ئەوکات کچە منداڵە ئێزیدییە لە حەوشەیەکدا بە زنجیر بەستووە و بەجێی هێشتووە تا لەبەر خۆردا لە تینوێتیدا بمرێت. دادگا بۆی دەرکەوتووە کە ئەو ژنە هیچی نەکردووە بۆ یارمەتیدانی کچەکە هاوکات دایکی کچە کوردە ئێزدییەکە کە لە دەست داعش رزگاری بووە، لە دادگاییکردنی هەردوو تاوانبارەکەدا شاهێدی دا. ئەو ژنە لە ساڵی 2016 لە کاتی هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرا و دیپۆرتکرایەوە بۆ ئەڵمانیا.
هاوڵاتی دوای ماوەیەکی کەم لەدەستبەکاربونی، ئەمڕۆ هەینی ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە پاریس چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا کەوت ئەم کۆبونەوەیەش یەکەمین کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هەردو وڵاتە لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا و بڕیارە تاوتوێی زیادکردنی پشتیوانی ئۆکرانیا بۆ ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن و پرسی کۆچبەرانی تێدا بکرێت. ڕۆژێک پێشتر ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایگەیاندبو، بە پێویستیدەزانێت هاوبەشییەکی نزیک لە نێوان وڵاتەکەی و فڕەنسادا هەبێت، لە سەروبەندی بەشداریکردنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن لە یەکەمین لوتکەی فڕەنسا و بریتانیا لە ساڵی 2018ەوە، ئەنجام نەدراوە. وتیشی: "لە کاتێکدا ڕوبەڕوی هەڕەشەی نوێ و بێ وێنە دەبینەوە، زۆر گرنگە بناغەکانی هاوپەیمانییەکەمان پتەوتر بکەین بۆئەوەی ئامادەبین بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی داهاتو". هاوکات تێن داونینگ ستریت ئاشکرایکرد، ئامانجی سەردانەکەی ریشی سوناک بۆ فەرەنسا، بۆ فراونکردنەوەی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانیانە لە بوارەکانی کۆچی نایاسایی لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزەوە و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بە تایبەتی و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بەگشتی. جێگەیباسە لە ساڵی 2022 زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزییان بەرەو بریتانیا بەزاندوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، سەرەڕای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکانی پاریس و لەندەن لەسەر ئەم پرسە. هەروەها کۆشکی ئێلیزێش لەلای خۆیەوە بڵاویکردەوە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێیە لە نێوان هەردوو وڵات دوای کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا. بڕیاریشە کۆتایی مانگی ئادار پاشا چارلزی سێیەم سەردانی فەرەنسا بکات، ئەوەش دەبێتە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات دوای ئەوەی تاجی پاشایەتی لەسەرنا.
هاوڵاتی موحممەد داود موزماڵ، پارێزگاری بەڵخ لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لەناو ئۆفیسی پارێزگاکەدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژرا. وتەبێژی بارەگای پۆلیسی تاڵیبان لە بەلخ هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە کە موحەممەد داود موزماڵ پارێزگاری تاڵیبان پارێزگای بەلخ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەقینەوەیەکدا لە مەزار شەریف کوژراوە. هاوکات هەر لەو تەقینەوەیەدا بە گوتەی محەممەد ئاسێف ڤەزیری، لەم تەقینەوەیەدا دوو کەسی "مەدەنیش" گیانیان لەدەستداوە. محەممەد داود موزماڵ یەکێک بوو لە فەرماندە دیارەکانی تاڵیبان لە سەردەمی شەڕی ئەو گرووپە لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و هێزە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتای دەستبەکاربوونی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان ئەمە یەکەم بەرپرسی تاڵیبانە بەوجۆرە بکوژرێت. لەبارەی ڕوداوەکەوە باس لەوە دەکرێت کە تەقینەوەکە لەناو بینای بەرپرسی پارێزگاکە ڕوویداوە و تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی لە ئەستۆ نەگرتووە. موحەممەد داود موزماڵ، دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، پارێزگاری پارێزگای نەنگەرهار بوو کە سەرکردایەتی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش کرد و دوای ماوەیەک بە فەرمانی سەرۆکی تاڵیبان کرایە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام پێنج مانگ لەمەوبەر بەرپرسیارێتیەکەی گۆڕا و بوو بە پارێزگاری بەلخ. هاوکات تاوەکو ئێستاش هیچ گروپ ولایەنێک کردە تیرۆریستیەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ.
هاوڵاتی پرۆژەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو رەتکرایەوە. شەوی رابردوو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوە یاخود مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا لە ماوەی شەش مانگدا پرۆژە بڕیارەکە بە 321 دەنگی نەخێر و 103 دەنگی بەڵێ رەتکرایەوە، ئەمەش بەو مانایەی نزیکەی 900 سەربازەکەی ئەمریکا تاوەکو کاتێکی نادیار لە سووریا دەمێننەوە. سەربازانی ئەمریکی بە زۆری لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا مەشق و راوێژ بە شەڕڤانان دەدەن، لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی چەکدارانی داعشیش دەکەن. پرۆژەکە لەلایەن مات گەیتزی کۆماری ئامادە کرابوو ٥٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموکراتەکان و ٤٧ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆمارییەکان بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە دا. هاوکات مات گەییتز بە ئاماژەدان بەوەی کە لای ئەمریکییەکان بووەتە پرسیار کە چۆن چۆنی سووریا بووەتە گۆڕەپانی کێبڕکێی هێزە گەورەکان و دۆخی سووریا چەند ئاڵۆز بووە. ناوبراو ڕایگەیاند،کە رژێمی ئەسەد چۆن چۆنی گەلی سووریای بە ئامانج گرتووە و وڵاتانی کەنداویش پشتیوانییان لە ئۆپۆزسیۆن کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە پشتیوانی لە رژێمی سووریا بکات، بەڵکو حزبوڵڵایشی هێناوەتە ناو گۆڕەپانەکە و سووریای داگیر کردووە. سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بە هاتنی رووسیایش، رووسەکان هاتوونەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەمەیش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. ئەم دەمەقاڵی و گفتوگۆیەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کاتێکدایە، 4ی ئاداری ئەمساڵ مارک میلی، سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراو گەیشتە رۆژئاوای کوردستان بۆ لێکدانەوەی ئەوەی ئاخۆ تاچەند پێویستە هێزەکانیان لە سووریا بمێننەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لیین ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمانی کەنەدا لە ئۆتاوا هۆشداری دا کە یەکێتی ئەوروپا هەرگیز ڕازی نابێت ڕووسیا هەڕەشە لە ئاسایشی بکات. ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین لهمیانی وتارهكهیدا وتی "هەرگیز قبوڵ ناکەین هێزێکی سەربازی خاوەن خەونی ئیمپراتۆری تانکەکانی خۆی بنێرێتە دەرەوەی سنورە نێودەوڵەتییەکان، 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا هەرگیز ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و بناغەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیمان قبوڵ ناکەن". سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا گوتی: داوا لهكهنهدا دهكهین پشتیوانی سهربازی و ئابووری پێشكهش به ئۆكرانیا بكات. دهشڵێت: دهبێت رووسیا باجی تاوانی دهستدرێژی بۆ سهر ئۆكرانیا بدات. لە بەرامبەردا ترودۆ رایگەیاند، ئەو ئەرکەی کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە پۆڵندا ئەنجامی دەدەن بۆ راهێنانی ئەندازیارانی سەربازی ئۆکرانیا کە بڕیاربو بەمزوانە کۆتایی پێبێت، تا مانگی 10ی ئەمساڵ درێژدەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی راهێنەری پزیشکیش دەنێرێت بۆ راهێنان بە ئامێرە پزیشکییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا. ڤۆن دێر لاین، لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا، داوای کرد دادگایەکی تایبەت دروست بکرێت بۆ دادگاییکردنی سەرکردەکانی رووسیا بەهۆی "تاوانە گوماناوییەکانیان لە ئۆکرانیا".هاوکات دوای کەنەدا، ڤۆن دێر لیین سەردانی ئەمریکا دەکات، لەوێ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی چاوی بە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەوێت.
هاوڵاتی ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوێنێ سێشەممە رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەچنە بەریتانیاوە دەستگیریان دەکەن و دیپۆرتیان دەکەنەوە. ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتی پێشکەشکردنی ڕێوشوێنی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رووی دەمی لە کۆچبەران کرد و گوتی، "ئەگەر تۆ بە نایاسایی بێیت بۆ ئێرە، ئەوا ناتوانیت بمێنیتەوە. دەستبەسەر دەکرێیت و دەگەڕێنرێیتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتوویت یان بۆ شوێنی پارێزراوی وەکو رواندا دەتنێرین. ئەم سیستمە بە کاریگەری کاری خۆی دەکات و هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی کۆتایی پێدەهێنێت." تا دێت ژمارەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بەرز دەبێتەوە سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێتە بەر بە گوێرەی ئامارەکان تەنها لە 2022دا 45 هەزار کۆچبەر بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ئەوەش 60٪ زیاترە لە تەواوی ئەو کۆچبەرانەی لە 2021دا چوونەتە ئەو وڵاتە. تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا دوو هەزار و 950 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا، واتە رۆژانە تێکڕا 50 کۆچبەر پەڕیونەتەوە. یاساکە رێگە بە وەزارەتی نێوخۆ دەدات کۆمەڵێک رێکار بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر. بۆ نموونە، ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە دەچنە بەریتانیا رەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە یان دەنێردرێنە رواندا. هەر کەسێکیش دەربکرێت، مافی ئەوەی نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەریتانیا. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەشی ڕونکردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە نوێیانە جێبەجێدەکرێن بەرامبەر هەچ کۆچبەرێک کە لە 7/3/2023بە نایاسای دەچنە بەریتانیاوە. ئەم یاسا نوێیە ڕەخنەیەکی زۆری ڕێکخراوەکانی بەریتانیا و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی رێکخراوەکانی بەریتانیا رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن و دەڵێن، دەبێت رێگەیەکی باشتری یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان دابنرێت. هاوکات ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئەگەر یاساکە بە تەواوی جێبەجێبکرێت دەبێتە هۆی نەهێشتن و قەدەغەکردنی داواکردنی مافی پەنابەری لەو وڵاتە تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی کە داواکانیان ڕەوایە و بارودۆخ ناچاریکردوون وڵاتەکانیان جێبهێڵن " . لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمە دەبێتە پێشێلکاریەکی ئاشکرای پەیماننامەی پەنابەران و "دەبێتە هۆی لاوازکردنی نەریتێکی مرۆیی دوورودرێژ کە خەڵکی بەریتانیا بە ڕاستی شانازی پێوە دەکەن." هەروەها ئینڤەر سلێمان، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەرانی بەریتانیا لەم بارەیەوە گوتی،ئەم بڕیارە نابێتە هۆی ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی پەنابەران بۆ سنورەکانمان بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان گیانیان لەدەستبدەن و وەک تاوانبار و تیرۆرست سەیربکرێن بێئەوەی هەلێکیان پێبدرێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە گوێ لە کەیسەکانیان بگیرێت. وتیشی: "ئەو خاڵە بنەڕەتییە پشتگوێ خراوە کە زۆربەی ئەو خەڵکەی بە بەلەمە بچووکەکان دێنە سنورە ئاوییەکانمان پیاو و ژن و منداڵن کە لە تیرۆر و خوێنڕشتن لە وڵاتانی ئەفغانستان و ئێران و سوریا دەرباز دەبن". بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، 14.5٪ـی دانیشتووانی بەریتانیا بیانین. ژمارەی بیانییەکان 9.9 ملیۆن کەسن لە دانیشتووانە 68 ملیۆن کەسەکەی بەریتانیا. زۆرینەی ئەو 9.9 ملیۆن کەسەش، هیندستانی، پۆڵەندی و پاکستانین.
