هاوڵاتی پۆڵەندا  لەژیر کاریگەری و گۆڕانکاریەکانی جەنگی ئۆکرانیادا، بڕیاریدا  خەرجی سەربازی لە داهاتی ناوخۆ لە ٢.٥٪ بۆ ٤٪ بەرز بکاتەوە. ماتیۆس مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا وامان لێدەکات زووتر وخێراتر خۆمان چەکدار بکەین، هەربۆیە لە هەوڵێکی بێ وێنەدا لە داهاتی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ خەرجی سەربازی بەرزدەکەینەوە بۆ ٤٪. هەروەها ماتیۆس مۆراویسکی ئاماژەی بەوەشدا، بەرزکردنەوەی خەرجیە سەربازیەکانی پۆڵەنەدا بەوڕێژەیە، بەو مانایە دێت بەرزترین ڕێژەیە لەناو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا کە لەبەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا بەرزکرابێتەوە. هاوکات لەماوەی هەفتەی ڕابردووشدا، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا داوای لە ئەڵمانیا کردبوو ڕێگە بەوڵاتەکەی بدات کە تانکی جەنگی لێۆپارد ٢ بداتە ئۆکرانیا، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ١١٦ تانکی ئەبرامز لە ئەمریکا دەکڕێت و لە وەرزی بەهاریشدا یەکەم کاروانی ناردنی تانکەکان دەست پێدەکات.   لەسەرەتای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و سەرجەم وڵاتانی دیکە بودجەی سەربازیان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، بەجۆرێک وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەندام لەناتۆ بودجەی سەربازیان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەبڕی ٢.٥٪ بەرزکردەوە، هەروەها وڵاتێکی وەک فەڕەنساش بۆ حەوت ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازی وڵاتەکەی لە ٢٩٥ ملیار یۆرۆوە بۆ ٤١٣ ملیار بەرزکردەوە.  هاوکات هەریەک لە وڵاتانی فینلەندا وسوید داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ بەرزکردەوە گەرچی تا ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە ناکۆکیەکی وقوڵدان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان بەتایبەت وڵاتی تورکیا.  

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات خواردنی شیرەمەنیی لە وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ بۆ نیوە کەمی کردوە و سفرەی زۆربەی خێزانەکانیش بە بێ گۆشت و مریشکە. رۆژنامەی (هەم میهەن)ی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، خواردنی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ نیوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دابەزیوە. رۆژنامەکە نوسیویەتی: بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی توانای کڕینی لە ناو خێزانەکاندا بەشێویەی بەرچاو دابەزاندوە و لە سفرەی هەندێک خێزاندا گۆشت و مریشک نەماوە و ئەوەش وا دەکات وەچە خستنەوە و تەنانەت ئەو منداڵانەی بڕیارە لەم دۆخەدا لەدایک بن تەندروستیان بکەوێتە مەترسییەوە. ئامارەکانی حکومەتی ئێران باس لە هەڵاوسانی ئابوریی 50% دەکەن لە کاتێکدا بە پێی نوێترین ئامار رێژەی هەڵاوسان لە 18 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەڵوچستان گەیشتوتە زیاتر لەو رێژەیە و هەندێکجار لە 78% نزیک دەبێتەوە. وەزارەرتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردوە؛ نزیکەی 16%ی منداڵە تەمەن شەش ساڵانەکانی ولاتەکە توشی بەدخۆراکی و کەمیی خۆراک بونەتەوە و 800 هەزار منداڵیش لە تەمەنی گەشەدا توشی کەمی وزە و پڕۆتین بونەتەوە.

هاوڵاتی میتی فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە سەردانیک گەیشتە ئۆکرانیا و لە شاری میکۆلایڤ لە باشوری ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە جەنگی ئۆکرانیا برینداربوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان. لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بە یاوەری بەرپرسانی ئۆکرانیا و نوێنەرایەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ناوچە ڕوخاو و زیانلیکەوتووەکانی شاری میکۆلایڤ کرا، لە نێویاندا بینایەکی نیشتەجێی سەربازەکان کە تێیدا ٣٧ سەرباز بەهۆی هیرشێکی موشەکی ڕوسیاوە کوژران، هاوکات سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیاش لە شاری میکۆلایڤ کرا. لە میانەی سەردانەکەدا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا و زیانەکانی کە بەر شارەکە کەوتووە دوپاتکردەوە و لە بەرەوپێشچوون و دۆخی شارەکەش ئاگادارکرایەوە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە.   هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، لە پەیامێکیدا کە لە ئەپی تێلێگرام بڵاویکردۆتەوە لەبارەی پڕۆسەی چاکبوونەوەی سەربازکانەوە ڕایگەیاند، " گرنگە نەک تەنها بایەخ بە چاکبوونەوەی جەستەیی سەربازەکان بدەین، بەڵکو پێیوستە بایەخ بە چاکبوونەوەی باری دەرونیشیان بدەین". هاوکات لە پەیامەکەیدا زیلێنسکی، سوپاسی هەموو ئەو کارمەندە پزیشکیانەی کرد کە گرنگی بە چاکبوونەوەی سەربازەکان دەدەن و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆخواستن. ئامانج لەسەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، پاڵپشتی بوژاندنەوەی شارەکە وئاگاداربوون بوو لە دۆخی میکۆلایڤ، هاوکات ئەم سەردانەی میتی فرێدریکسن لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا پێدەنێتە ٣٤١  ڕۆژی جەنگەکەی نێوانیان و پێشبینیش دەکرێت جەنگەکە لە وەرزی بەهاردا قوڵتر ببێتەوە و قوربانیەکی زیاتری لێبکەوێتەوە، بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.  

ئەمریکا رایگەیاند بۆ رێگریی لە ئێران بژاردەی سەربازیی لەسەر مێز ئامادەیە و هەوڵەکانیش بۆ کۆتایی بە شەڕەنگێزیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەردەوامە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر، لە قاهیرە رایگەیاند؛ بۆ واشنتۆن گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دژی ئەو کار و کردەوانەی ئێران بوەستنەوە کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە. بلینکن وتی: ئەگەرچی باشترین رێگە بۆ چارەسەریی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رێگای دیپلۆماسییە بەڵام بۆ رێگریی لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەمو بژاردەیەک دژی تاران دەگیرێتە بەر و یەکێک لەو بژاردانەش کاردانەوەی سەربازییە کە لە سەر مێزی ئەمریکایە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت بۆ راگرتنی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. بڕیارە بلینکن دوای گەشتەکەی رۆژی دوشەممەی بۆ میسر، سەردانی ئیسرائیل بکات و سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پرسی ئێران و هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا دەبێت.  

دوورگە جێ ناکۆکەکان کە لە دەریای چینی رۆژهەڵاتە، ژاپۆن بە سینکاکو و چینیش بە دیائۆیو ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون، کە هیچ کەسی تێدا ناژی، لەمێژە، هەریەک بەبەشێک لەخاکی خۆی لەقەڵەمی دەدات، دیسان بەهۆیەوە، کێشە و ململانێنی نوێ لەنێوان هەردوڵات سەریهەڵدایەوە. بەپێی راگەیەندراوی بارەگای ناوچەی یازدەهەمینی ئاسایشی کەناردەریا لە قەزای ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، چوار کەشتی سەربە ئاسایشی کەناراوەکانی چین، سنوورە نیشتمانییە ئاوییەکانی ژاپۆنیان بەزاندووە. کەشتییەکانی چین کە تا نزیک دوورگەکانی مینامیکۆژیما و ئۆستوری لە ناوچەی دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێ ناکۆکە چوون و لە کەشتی راوچیانی ماسی نزیک بوونەتەوە. دوا بە دوای ئەم بەزاندنی سنوورە، هێزەکانی ئاسایشی کەناردەریای ژاپۆن رەوانەی ناوچەکە کراون و کەشتییەکانی چینی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.

هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور رایگەیاند کە لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوونەخاوەن چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە. یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگەیاند لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوون بەخاوەنی چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە، پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە و تاکوو هەڕەشەی ئەتۆمی رووسیا، چین و کۆریای باکوور بەردەوام بێت، وازهێنانی ئەمریکا و فەڕەنسا کە ئەندامن لە ناتۆ لە چەکی ئەتۆمی مەترسی زیاتر دروست دەکات. وتیشی، "تاکوو وڵاتە بەهێزەکانی هاوشێوەی رووسیا خاوەن چەکی ئەتۆمی بن و وەبەرهێنانی مەزن بکەن بۆ ئەمە، چین بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی ژمارەی چەکەکانی و چالاکییەکانی کۆریای باکوور بەردەوام بن، دەردەکەوێت کە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی هێشتا چەند گرنگە". ئەوەشی ڕونکردەوە،"مەبەست لە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ و هاوبەشەکانی وەک کۆریای باشوور هەرچەند خاوەن چەکی ئەتۆمیش نەبن، کەڵک وەردەگرن لە فراوانکردنی ڕێگرییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا. ئەمەیش باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان".  

روسیا و ئێران بۆ بەکارنەهێنانی دۆلار، رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی مامەڵەکردنی هاوبەش بە دراوە نیشتیمانییەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردو بانکی ناوەندیی روسیا و ئێران رێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکەوەبەستنی سیستمە بانکییەکانیان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتیمانیی ئەو دو وڵاتە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ و تاران، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ بەدەست چەندین سزای سەپێنراوی ئەمریکییەوە دەناڵێنێت. بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە روبڵی روسی و تمەنی ئێران ئەنجام بدرێت. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە 806 بانکی جیهان پێکەو دەبەسترێنەوە کە 700 بانکیان روسی و 106 بانکی دیکەیان لە 13 وڵاتی دیکەی جیهانە. بانکی ناوەندیی روسیا، لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی رونکردوەتەوە؛ بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوە داراییەکان یان حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی روسیا سەرپەرشتی دەکرێت و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە رێکدەخرێت.    

هاوڵاتی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی BBCیدا رایگەیاندوە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بە جۆرێک "هەڕەشەی لێکردوە" پێش ئەوەی ئۆکرانیا داگیر بکات، پێی وتوە "بە موشەک، خولەکێک دەخایەنێت". لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییە سێ بەشییەکەی BBCدا، جۆنسن پەیوەندییە "زۆر درێژخایەن" و "نائاساییەکەی" لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا دوای سەردانەکەی بۆ کیێڤ لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022 دەگێڕێتەوە. جۆنسن وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پوتینی ئاگادار کردۆتەوە  کە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیاترکردنی سزاکانی ڕۆژئاوا وبڵاوکردنەوەی هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا. هەروەها هەوڵیداوە بە پۆتین بڵێت کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆوە" بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو". بەڵام جۆنسۆن گوتی: لە خاڵێکدا هەڕەشەی لێکردم و گوتی: "بۆریس نامەوێت ئازارت بدەم بەڵام، بە مووشەک تەنیا خولەکێک دەخایەنێت" . فیلمە دیکۆمێنتارییەکە باس لە پەرەسەندنی ناكۆكی و دابەشبون لە نێوان سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا و روسیا دەکات لە ساڵانی پێش داگیرکردنی ئۆکرانیا. هەروەها لەو دۆکیۆمێنتاریەدا، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باس لەوەدەکات کە چۆن توڕە بوە لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکان لەوکاتەدا و دەڵێت، "ئەگەر دەزانن سبەی روسیا هێرشی داگیرکەری بۆ سه‌ر ئۆکرانیا ده‌ستپێدەکات، بۆچی شتێکم پێنادەن کە بتوانم پێی بوەستێنم؟، ئەگەر ناتوانن بیدەن بە من، ئەوا وازی لێبهێنن".

ئەو دادوەرەی دەستی لە سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێراندا هەبو، لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی خەڵات کرا. لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چاکوانی کورد، فەرزدا کەمانگەر مامۆستا و چالاکوانی کورد و محەمەدعەلی زەمانی و زانیار مورادی دا سەپاندوە و سەرجەمیان لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارە دراون. سەڵەواتی کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاترین دەرکەوتنی بەهۆی سزای قورسی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا بوە سزای سێدارەی بەسەر سامان سەیدی، هونەرمەندی  شاری کرماشان و محەمەد قوبادلودا سەپاندوە.

هاوڵاتی بەلایەنی کەمەوە 50 کەس لە دوو ڕووداوی گواستنەوەی جیادا لە  پاکستان گیانیانلەدەستدا  هەمزە ئەنجوم نەدیم  یاریدەدەری بەڕێوبەری لاسبێلا  ڕایگەیاند،  ئەمڕۆ یەکشەممە پاسێک لە پردێک کەوتۆتە خوارەوە لە لاسبێلا کە ناوچەیەکی شاخاوییە لە باشوری پاکستان کە 44 سەرنشینی هەڵگرتبوو  وتیشی، تا ئێستا  تەرمی 40 کەس کە ژن و منداڵیان تێدایە دۆزراوەتەوە و چوار سەرنشینیش کە بەسەختی بریندار بوون ڕزگار کراون . ئەوەشی ڕونکردەوە هۆکاری ڕوداوەکە خێرای پاسەکە بووە کە کۆنترۆڵی لەدەستداوەو لە پردەکە کەوتۆتەخوارەوەو ڕاستەوخۆ گڕیگرتووە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئاگرەکەوە زۆربەی ئەو جەستانەی دۆزراونەتەوە تەواو شێواون کە ناناسرێنەوە هەربۆیە دوای پشکنینی DNA دەدرێنەوە دەستی خێزانەکانیان. هاوکات لە ڕوداوێکی تردا لە هەمان ڕۆژدا  بە لایەنی کەمەوە 10 خوێندکارگیانیانلەدەستداوە دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە باکوری ڕۆژئاوای پاکستان ژێرئاوکەوت. ڕووداوەکە لە دەریاچەی بەنداوی تاند لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا ڕوویدا وبەرپرسی پۆلیسی ناوخۆ قیسمەت خان گوتی 25 خوێندکار لەسەر بەلەمەکە بوون کە خوێندکاری  خوێندنگایەکی ئاینی لە باکوری ڕۆژئاوای ناوچەکە بوون ، بۆ سەیرانکردن  سەردانی دەریاچەکەیان کردووە. وتیشی،ئەو 10 منداڵەی بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 13 ساڵیدا بووە و تا ئێستا  9 منداڵی تر بێسەروشوێنن.       

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشی سوپای ئۆکراینا بەچەکی ئەمریکی ١٤ کەس لە ڵوهانسک کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون.  وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دوێنێ سوپای ئۆکراینا بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکهاوێژی فرەلوولەی "HIMARS"ی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری نۆڤوایدار سەربە ناوچەی ڵوهانسک و لە ئاکامدا، ١٤ کەس کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون. لە راگەیەندراوەکەدا ڕوسیا ئاماژە بەوەشدەکات کە هەمان رۆژ یەک لەسەر سێی ئەو ١٧ مووشەکەی لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە ئاراستەی نۆڤۆڤیا کاهۆڤکا کراون لە ناوچەی خێرسۆن لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات ، ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بە تاوانی جەنگ تۆمەتباردەکات و دەڵێت،"رژێمی کیێڤ و پشتیوانە خۆرئاواییەکانی تاوانباری جەنگن بەهۆی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان بە ئەنقەست. نەبوونی کاردانەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەهەمبەر ئەو پێشلێکارییانەی ئۆکراینا دەرخەری ئەوەیە کە ئەوانیش راستەوخۆ بەشدارن لەو تاوانە".

هاوڵاتی بەرپرسی باڵای سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە گەشتێکیدا بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەفتەی داهاتوو ئەو وڵاتانە  ئاگادار دەکاتەوە کە  دەستگەیشتن بە بازاڕەکانی جی 7 لە دەست بدەن ئەگەر بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیا قەدەغەکراوەکانی روسیا بکەن . ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، برایان نێلسۆن  بەرپرسی باڵای سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەفتەی داهاتووبەرەو عومان و ئیمارات و تورکیا گەشت دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە  بۆ ئەوەی دووپاتی بکاتەوە کە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکانی بە توندی بەسە ڕوسیاداوئاگاداریان دەکاتەوە دەکرێت ئەو وڵاتانە  بازاڕی ئەمریکا لە دەستبەن ئەگەر هاتوو مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای قەدەغەکراوی روسیدا ئەنجامبدەن. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامانج لەم گەشتە ی نێڵسۆن هەوڵدانی ئەمریکایە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوسیا لە دەرچوون لەو سزایانەی دراوە بەسەریدا بەهۆی ئەو جەنگەی بەرامبەر ئۆکرانیا هەڵیگیرسانووە .  هاوکات ئەم گەشتە نوێترین سەردانی بەرپرسێکی باڵای گەنجینەیی ئەمریکایە بۆ تورکیا  بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سزاکان، دوای زنجیرە ئاگادارکردنەوەکانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەرپرسانەوە،دوای ئەوەی  واشنتۆن فشاری خستە سەر ئەنقەرە بۆ دڵنیابوون لە سەپاندنی بەربەستەکانی ئەمریکا لەسەر ڕوسیا. نێلسۆن ڕۆژی 2-3ی شوبات سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و ناوەندی دارایی ئەستەنبوڵ دەکات و  بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئەو بازرگان و بانکەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی تەکنەلۆجیای دووانی شاراوە، کە لە کۆتاییدا دەکرێت لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بەکاربهێنرێت. لەسەر سەردانەکەشی بۆ ئیمارات نێلسۆن بە ڕۆیتەرزی وتووە، باس لە خراپ یان لاواز پابەندبونی ئەو وڵاتە دەکات لە سەپاندنی سزاکاندا .

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران روی نەداوە و سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت رێگایەی دیکە دژی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران بگیرێتەبەر.   جۆن کیربی، وتەبێژ و رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە گۆڤاری (نیوزویک)ی راگەیاندوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ چاوەڕوانییەکی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نەماوە و دەیەوێت هەنگاوێکی بەدیل بگرێتەبەر بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. کیربی جەختی لەوە کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە هیچ شێویەک لە ئێستادا کار بۆ زیندوکردنەوە یان چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکات بەڵام واشنتۆن بۆ رێگریی لە ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی هەمو هەوڵێک دەدات. رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی لە کۆشکی سپی وتوشیەتی: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕوای وایە لە رێگەی دیپلۆماسی و هەنگاوی ئاشتیانە ریگریی لە ئێران بکرێت بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری شکستی هەنگاوی ئاشتیانە ئەوا واشنتۆن توانای هەیە بە شێوازی دیکە رێگریی لە تاران بکات. لە لایەکی دیکەوە گۆڤاری نیوزویک لە زاری ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاوی کردوەتەوە کە تاران ئامادە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی و تەنها مەرجی سەرەکیشی نەمانی سزا و گەمارۆکانە لەسەر ئێران. زیاتر لە دوو مانگە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی ئێستای ئیدارەی وڵاتەکەیان پشتیوانییە لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و هیچ هەنگاوێکیان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نەناوە بەڵام میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە بەردەوامی پەیام ئاڕاستەی تاران دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بە ئامانجی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی. پێشبینیی دەکرێت بە جەختکردنەوەی ئەمریکا لە جێگرەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی جارێکی دیکە پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران لاوازتر بێت بە تایبەت کە پێشتر رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و نیویۆرک تایمز بڵاویان کردبوەوە کە کۆشکی سپی بەرپرسانی ئاسایشی و سەربازیی وڵاتەکەی راسپاردوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازیی دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوڵاتی لە شاری مەمفیس، پێنج پۆلیس هێرش دەکەنە سەر پیاوێکی ڕەش پێست لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا و بیبەر دەکەن بە دەمووچاویدا، بەوهۆیەوە پیاوەکە دوای ٣ ڕۆژ گیان لەدەست ئەدات. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا، تایر نیکۆڵس کاتێک پۆلیس هێرش دەکاتە سەری و قاچێکی بریندار دەکەن بەهۆیەوە ناتوانێت بڕوات و هاواری دایکی دەکات، پاش بریندارکردنی تایر نیکۆڵس ناتوانێت بڕوات و بەهۆیەوە پۆلیسەکان ئەمبوڵانس بانگ دەکەن؛ ئەو پۆلیسانەی هێرشیان کردۆتە سەری پێنج  پۆلیس بوون و سەرجەمیان ڕەش پێست بوون. بەهۆی ڕوداوەکەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی ونیگەرانی خۆی دەربڕی،هاوکات  هەر پێنج پۆلیسەکە لەکارەکانیان دورخارونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا   لەچەندین و شار ویلایەتی ئەمریکا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو دژی کاری دڕندانەی پۆلیس بەرامبەر ڕيشپێستەکان. تایر نیکۆڵس، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵی ڕەشپێستە کە لە  ١٠ مانگی کانوونی دووەمدا بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، تایر نیکۆڵس ٣ ڕۆژ بەر لە مردنی لە لایەن پۆلیسەوە لە شاری مەمفیس وەک لە گرتە ڤیدیۆەکەدا کە پۆلیس بڵاوی کردۆتەوە، بە تۆمەتی دزین بە سەختی بریندار دەکرێت لە لایەن پۆلیسەوە و تەنها کاتژمێرێک دوای بریندارکردنی ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.  

هاوڵاتی هیندستان  یەکەم ڤاکسینی “INCOVACC “پەسەند کرد وەک ژەمی سەرەکی  کە لەڕێگەی لوتەوە بەشێوازی قەترە بەکاردەهێنرێت و یارمەتی درووستبوونی بەرگری لە خانەکانی لوت و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە دا دەدات. ڤاکسینی”INCOVACC”, لەلایەن کۆمپانیای   Bharat bieotech درووستکراوە، ڤاکسینەکە لەڕێگەی ڤایرۆسی ناسراو بە ئەدینۆ ڤایرەس لەناو لەشدا دەگوازرێتەوە کە بەجۆرێک بەرنامە کراوە هانی خانەکانی لەش دەدات و فێریان دەکات کە چۆن بەرگری درووست بکەن لەبەرامبەر هەوکردنی کۆرۆنا. زاناکان پێیان وایە لەبەر ئەوەی ڤاکسینەکە کار لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەکات و بەوجۆرەش بەکاردەهێنرێت ڕەنگە ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنێت، هاوکات ڤاکسینەکە دەبێت بە دوو ژەم بەکاربهێنرێت و نێوانیان ٢٨ ڕۆژ جیاوازی هەبێت. دکتۆر کریشنا ئیلا، سەرۆکی کۆمپانیای      Bharat biotech، بە ئاژانسی هەواڵی     ANI ڕاگەیاندووە ، ڤاکسینەکە بەکارهێنان و گواستنەوەی بۆ لەش ئاسانە، چونکە پێویستی بە دەرزی نیە تاوەکو لەش سودی لێوەربگرێت، هەروەها بەرگریەکی فراوانتریش درووست دەکات بە بەراورد بەو ڤاکسینانەی کە بەڕێگەی کوتان و دەرزی بەکاردێن. بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەڕێگەی هەناسەدان  ولەڕێگەی کۆ ئەندامی هەناسەوە، لە ئەمریکا و بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە،هاوکات لە چینیش لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ پەسەند کرا، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە هیندستانیش ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوازی هەناسەدان وەک ژەمی زیادە وپاڵپشتی بۆ ئەوکەسانەی ڤایرۆسەکەیان بە سەختی گرتووە پەسەند کرد.