عەزیزعەمار ژنانی کۆبانێ کە سەر بە ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانن کچێکی ئێزدیدی لە دەستی داعش رزگاردەکەن و رادەستی خانی ئێزیدی لە رۆژئاوا دەکەن. خدر دێرو ، چاڵاکوانی ئێزیدی لەشاری دهۆک بە هاوڵاتی ی وت"ئەمڕۆ ژنانی کۆبانێ کە سەر بە ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانن، کچێکی ئێزدیدی بەناوی رۆزا ئەمین بەرەکات، تەمەن 19ساڵ لە ژێر دەستی داعش رزگاردەکەن و رادەستی خانی ئێزیدی لە رۆژئاوا دەکەن". خدر دێرو وتیشی"ئەمە دەبێتە یەکەم کچ کەلە ساڵی 2022 لە ژێر دەستی داعش رزگارکرابێت". بەپێی زانیاریەکان دوای رۆژێکی تر لەرۆژئاواوە رەوانەی هەرێمی کوردستان وکەس وکاری دەکرێتەوە، هێشتا نازانرێت خەڵکی چ ناوچەیەکی شەنگالە.  ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ تاوەکۆ ئێستا زیاتر لە 3هەزار و 500کچ و ژنی ئێزیدی لە ژێر داعش رزگارکراون، زیاتر لە 2هەزار کەسی ترهێشتا چارەنوسیان دیارنیە

  هاوڵاتی 59 دادوەر و داواکاری گشتی لە بەردەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد كه‌ 29 ئافره‌ت هه‌ن كه‌ 19یان وه‌ك دادوه‌ر و 10ی دیكه‌شیان وه‌ك ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن. وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادوه‌ر و داواکارانی گشتی، لە بەردەم دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووە. دوای بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ژماره‌ (71 له‌ 1/12/2021) پاڵپشت به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (272)ی ساڵی 2021 و بەپێی نووسراوی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان/ دیوان ژماره‌ (د-1099 له‌ 5/9/2021) و به‌دیكردنی گشت مه‌رجه‌كانی یاسایی، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بڕیاری دابوو به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر بۆ دادگەكانی تێهەڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركووك-گه‌رمیان و ئه‌مڕۆ سێشەممە 11-01-2022 رێوڕه‌سمی سوێندخواردنیان به‌ڕێوه‌چوو. وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەکردووە، له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌ندامانی دادگەی پێداچوونه‌وه‌، سه‌رۆكی دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركووك- گه‌رمیان، سه‌رۆكی داواكاری گشتی، بریكاری وه‌زاره‌تی داد و بەڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری ئاماده‌بوون. لەوبارەوە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، له‌نێو دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی، 29 ئافره‌ت هه‌ن كه‌ 19یان وه‌ك دادوه‌ر و 10ی دیكه‌شیان وه‌ك ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن. ده‌ستبه‌كاربوونی دادوه‌ر و داواكارانی گشتیش دوای ته‌واوكردنی خولی سێیه‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌رییه‌ كه‌ به‌پێی پێویستی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتیی دابه‌شكراون،‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر 12 دادوه‌ر، دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی 17 دادوه‌ر، دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی دهۆك 9 دادوه‌ر و دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك-گه‌رمیان 9 دادوه‌رن.  هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی ئه‌ندامانی داواكاریش گشتیش كه‌ ژماره‌یان 12 ئه‌ندامی داواكاری گشتییه‌، له ‌رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی هه‌رێمی کوردستان‌ ده‌بێت.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەپەیامێكدا ڕایگەیاند، تەنیا لێدوانی وتەبێژی فەرمی حزبەكەی ڕای پارتییە، ئەویش دوای وتەیەكی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دێت كە وتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كاریگەری لەسەر پەیوەندی یەكێتی و پارتی دەبێت. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "هەر جۆرە لێدوان و بۆچوونێكی لابەلا و لەژێر هەر ناو و نیشانێك بێت، پەیوەندی بە سیاسەتی پارتییەوە نییە، دەشڵێت، تەنیا لێدوانی وتەبێژی پارتی گوزارشت لە سیاسەت و هەڵوێستی فەرمیی حزبەكە دەكات". مەسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو:" لەماوەی رابردوودا لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێ لێدوان و بۆچوون بڵاوكراونەتەوە كە زۆرجار وەك هەڵوێست و رای پارتی دیموكراتی كوردستان لێكدانەوەی بۆ كراوە". هەر لە پەیامەكەی مەسعود بارزانیدا هاتووە: "لێرەدا بە گشت لایەك رادەگەیەنین كە هەر جۆرە لێدوان و بۆچوونێكی لابەلا و لەژێر هەر ناو و نیشانێك بێت، پەیوەندی بە سیاسەتی پارتییەوە نییە ، با وەك رای فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمار نەكرێت، تەنیا، لێدوانی وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان تەعبیر لە سیاسەت و هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات". وتەكانی سەرۆكی پارتی لەكاتێكدایە دوێنێ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ رایگەیاند: "ئەو جیاوازی و ناكۆكییەی لەنیوان یەكێتی و پارتی لە بەغداد روویدا بۆ ماوەیەكی كاتی كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندیەكانی هەردوولا دەبێت و وتیشی سیاسەت بەجۆرێكە كە تا هەمیشە لایەنی بەرامبەر هاوڕێت نابێت". مازڵ میرانی وتیشی: "هیوادارم ئەم ناكۆكییە لە بەغداد روویدا لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ هەمیشە نەبێت و ماوەیەكی درێژ نەخایەنێت." دوای ئەوەی پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر و سونییەكان ئەنجامدا و كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا، یەكێتی ناڕەزایی خۆی لە پرۆسەكە نیشاندا، لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیشدا وەك رێزان شێخ دلێر راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرایكردووە ئەوەیان یەكلا كردووەتەوە كە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. پێشتریش هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغداوە بە میدیای پارتی ڕاگەیاندبوو: "دوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان شتی تریش ماوە، دەبێت هاوكار بین ئاگامان لە یەكتر بێت، پابەندبین و مەغرور نەبین و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانیش هاوكار و هەماهەنگ بین".

هاوڵاتی چەند مانگێك لەمەوبەر وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم وتی خۆی ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و دڵنیا دەبێتەوە لەوەی هاوڵاتیان نەوتیان بەسەردا دابەش كراوە و ناگاتە وەرزی سەرما دەبێت هەموو هاوڵاتیان نەوت وەربگرن. بەڵام دوای نزیكەی دوومانگ لەدەركەوتنەوەی لەو بەڵێنەی پەشیمان بوویەوە كە وتی ماڵ بەماڵ دەگەڕێت تا دڵنیا بێت نەوتیان بەسەردا دابەش كراوە، دوێنێ وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم ئەمجارەیان وتی دواكەوتنی دابەشكردنی نەوت لەدەستی ئەواندا نییە. ئەمڕۆش وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانێكیدا بۆ پارێزگای دهۆك رایگەیاند: ئەو نەوتەی ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆك بە 90 هەزار دینار دابەشدەكرێت لە بەغداوە هاتووە و ئێمە پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاوڵاتیان دابەشكردووە. وتیشی: ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشی دەكات بە 55هەزار دینارە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆكوەزیران چوومە بەغدا، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوت بەسەر هەموو هاووڵاتیان دابەشبكەین، ئەوەی ئەمڕۆش بە 90 هەزار لە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت لە هەموو عێراق بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت و ئەوە بەغدا دابینی كردووە. وتەكانی وەزیری سامانە سروشتیەكان لەكاتێكدایە، پێشتر هەر ئەو وەزیرە ڕایگەیاند: نەوتی سپی بە 55 هەزار بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا دابەش دەكەین، بەڵام سەرەڕای ئەوەی نەوتەكە چەند مانگێكە بە سستی دابەش دەكرێت لەكۆتایشدا نرخی زیادیكرد. حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و غاز و كارەباش بۆ بەشێك لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێرێت، بەڵام دوای چەندین ساڵ نەیتوانیوە قەیرانی سوتەمەنی و كارەبا چارەسەر بكات. بەهۆی سستی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا،لە 23/12/2021 لەیەك خێزان لەگوندی قوبكێی ئاكرێ دایكێك و چوار منداڵی بەهۆی ئەوەی نەوتیان نەبوو گیانیان لەدەستدا، ئەوان بەخەڵوز كە كردبوویانە تەنەكەوە ویستبوویان خۆیان گەرم بكەنەوە بەڵام غازی خەڵوزەكە كۆتایی بە ژیانیان هێنا.

هاوڵاتی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی رایگەیاند:" نازانن ئەم خانەقینە، ئەم گەرمیانە، ئەم پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێتییە، چۆن دڵۆپ دڵۆپ بەئارەق، هەویرەكەیمان شێلاوە دڵۆپ دڵۆپیش بەخوێن، تەلاری ئەم شۆڕشەمان بونیاد ناوە".   مەلا بەختیار له‌میانی وتارێكدا له‌ چله‌ی ماڵئاوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، لە شاری خانەقین رایگه‌یاند، "ئاسانە مرۆڤ، قسە لەسەر كەسایەتییەك بكات، نرخی خۆی لەژیاندا نەزانێ‌، زۆریشن لەوانەی كە نرخی خۆیان لەژیاندا نازانن و رۆژانە لەو نرخەیان بە بەلاش دەفرۆشن، بەڵام ئێجگار گرانە، قسە لەسەر كەسایەتییەك بكەیت، لە منداڵییەوە، تا دوا چركە، نرخ و ژیانی خۆی، كەسوكارو شارەكەیی و باوەڕەكەیشی زانیبێت‌و وەكو گەوهەر و مرواریش ئەو نرخە بپارێزێ‌، كۆی بكەیتەوەو لەكەسایەتی خۆشتدا بەرجەستەی بكەیت! كە مامۆستا موحسین یەكێكە لەوانە".  ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌،  "مامۆستا موحسین، دەریایەك بو لەو مروارییە جوانانەی وەفا، پڕ لەمروارییە جوانەكانی جوامێری، راستگۆیی، پاكی، تێكۆشان، شیعر، هونەر، زمانەكان، خۆشنوسی، وێنە، كۆڵنەدان‌و ئەو پەڕی دڵسۆزیش بۆ كوردستان و بەوەفا بۆ خانەقین، ئەم مروارییانە لەناو دەریای مامۆستا موحسین-دا بون". مەلا بەختیار باسی له‌وه‌شكرد، "كێشەی مامۆستا، هەرگیز ئەوەنەبوە تێبكۆشێ‌، تێكۆشاوە، قەتیش ئەوەنەبوە كۆڵنەدا، كۆڵی نەداوە، هەرگیزیش ئەوە نەبوە بە بەردەوامی خۆی پەروەردە بكات، خۆی پەروەردە كردوە، بەڵكو كێشەی مامۆستا موحسین ئەوەبو، نەیدەتوانی باسی خۆی بكات، شەرمی دەكرد لەئاست خزمەت‌و تێكۆشاندا، خۆی لەبیربێ‌، ئەوەندەی گەلەكەی، هاوسەنگەرەكانی، كوردستان، كوردایەتی لەبیر بو، ئەوەندەی بیری لە شەهیدەكان و كاروانی شەهیدانی كوردستان دەكردەوە، هەمیشە خۆی لەبیر دەچوه‌وە، هەربۆیە هیچ كەس نەیبیستووە، رۆژێك مامۆستا موحسین، باسی بەسەرهاتێكی خۆی، شەڕو ئازایەتییەكانی خۆی بكات، هیچ كەس نەیبیستوە، رۆژێك لە رۆژان، خودی خۆی زاڵبكات بەسەر پرسە رەواكەی، كوردستانەكەی، خانەقینەكەی‌و حزبەكەیدا".  

هاوڵاتی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەو نەوتەی ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک بە 90 هەزار دینار دابەشدەکرێت لە بەغداوە هاتووە و دەشڵێت "ئێمە پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکردووە و ئەوەی ماوەتەوە لەلایەن بەغداوە بۆ هاونیشتمانییان هاتووە." رۆژی سێشەممە 1-11-2022 د. کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و بەردی بناخەی پرۆژەیەکی دانا و 7 پرۆژەی کردەوە.  وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وتی "هاتنی من بۆ ئەم ناوچەیە یەکەم سەردانە، دەمەوێت چەندین شت بەیەکەوە بکەم و دڵنیابم کە خەڵکی ئێمە نەوتی سپی وەرگرتووە، هەروەها دەزانن کە قەیرانی نەوتی سپی و بەنزین قەیرانێکی زەحمەتە و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەین چارەسەری بکەین، بەڵام ئێمەش لە دۆخێکداین. ئەو نەوتەی کە دابەشکراوە لە زاخۆ و ئامێدی و وەک بەڵێنیشم داوە دەبێت بەزووترین کات نەوتی سپی بگەیێنمە ئەم گوندانەی کە ماون. بۆیە من هاتم ئەو گوندانەم بینی و بە دادپەروەریش نەوتەکە دابەشکراوە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "کۆمپانیای نەوتمان هەیە لە شێخان و ئەترووش و سەرسنگ کاردەکەن، من هاتم سەردانی ئەوانم کرد تاوەکو بزانم کە کێشەی بەرهەمهێنان چییە و چۆن وابکەین کە بەرهەمهێنان زیاتر بکەین." سەبارەت بە نرخی نەوتی سپی کە هەر بەرمیلێک بە 90 هەزار دینار دەفرۆشرێت، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات بە 55 هەزار دینارە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران چوومە بەغدا، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوت بەسەر هەموو هاووڵاتیان دابەشبکەین، ئەوەی ئەمڕۆش بە 90 هەزار لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە هەموو عێراق بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت و ئەوە بەغدا دابینی کردووە. ئێمەش پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکرد، بەڵام ئەوەی حکومەتی عێراقیش ناردی یارمەتییەکی باش بوو، بۆیە ئەمڕۆ ئەوەی ماوەتەوە لە بەغدا هێناومانە و ئەوان بەو نرخە دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان." کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەو پرۆژانەی دەکرێت بە هەوڵ و ماندووبوونی جەنابی سەرۆکوەزیرانە، بۆیە لەم پرۆژانەشد وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەشداریی تێدا کردووە." وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمپانیایەکی ئەمریکی HKN لە چەمانکێ کار لەسەر دەرهێنانی نەوت دەکات و تاوەکو ئێستا کارێکی زۆرباشیان لەم ناوچەیەدا کردووە، بۆیە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گرنگە و پرۆژەکانی ئێمەش بە بێ پاڵپشتی ئیدارەی دهۆک سەرکەوتوو نابن." وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئەو پرۆژانەی ئەمڕۆ کردمانەوە پرۆژەی سەرەکین، ئەو رێگەیە 25 کیلۆمەترییە بۆ نێوان گوندەکان و بۆ هاتووچۆ و خزمەتگوزاری زۆر گرنگە. هەروەها پرۆژەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی سەرەتای ئەوەش گرنگە. بەشی ئایتی و تاقیگەیەی باش لەنێو قوتابخانەکەدا هەیە. هەروەها پارکێکمان لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە پرۆژە گرنگەکان." هەر سەبارەت بە پرۆژەکان کە ئەمڕۆ کراوەتەوە دەشڵێت "پرۆژەیەکی ئاومان گەیاندووەتە ناوچەکە و بۆ هەموو ماڵێک ئاوی پاک دەڕوات، ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە. هەروەها بابەتی کار بۆ گەنجان یەکێکی دیکەیە لە کارەکانمان و ئەو کۆمپانیایەی ئێمەش کاریان بۆ 450 کەس رەخساندووە."

هاوڵاتی عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رێكى هه‌رێم سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمارده‌كرێت و داواى ده‌یان ملیۆن دۆلارى لێده‌كرێت. عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند:" شارى زه‌یتونه‌ كه‌ تۆمه‌تباریان كردوه‌ به‌ هۆكارى لافاوه‌كه‌ى هه‌ولێر سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردوه‌و داواى قه‌ره‌بوو ده‌كه‌ن. وتیشى، له‌ سكاڵاكه‌دا داواى 37ملیۆن دۆلار كه‌ ده‌كاته‌ 3700 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كه‌ن. له‌كاتى لافاوه‌كه‌ى هه‌ولێر عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند جارێك ڕایگه‌یاند، به‌شێ:ى هۆكارى دروستبونى لافاوه‌كه‌ى هه‌ولێر به‌هۆى ئه‌وه‌بوه‌ وه‌به‌رهێنه‌رى پرۆژه‌ى شارى زه‌یتونه‌ ڕێڕه‌وى ئاوه‌كه‌ى گۆڕیوه‌.

ئارا ئیبراهیم حاكم رزگار حەمە ئەمین، یەكێك لە دادوەرانی دادگایكردنی سەدام حوسێن بۆ هاوڵاتی ئاشكرای دەكات كە بیرۆكەی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات. حاكم رزگار حەمە ئەمین، دادوەری داگای پێداچونەوەی هەرێم لەلێدوانێككدا بەهاوڵاتی وت:" فكرەم هەیە خۆم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید بكەم". ناوبراو لەبارەی پێشكەش كردنی سی ڤی خۆیەوە، وتیشی:" جارێ هێشتا سیڤیم پێشكەش نەكردووەن بزانن لە چەند رۆژی ئایندە فكرەكەم چی لێ دەكەم". ئەمە لەكاتێكدایە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بریاری ئەوەی داوە كە بەرهەم ساڵح بۆ خولێكی دیكە بكاتەوە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوكردەوە و ئاماژە بە بارینی بەفر دەكات. بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 11ی كانونی دووەمی 2022ئاسمان هەورو بارانبارین دەبێت، لەگەڵ بەفربارین لە شاخەكان و ناوچە سنوریەكان، دوای نیوەرۆ بەفرزیاتر دەباریت.  هەروەها رۆژی چوارشەممە 12 كانونی دووەمی 2022 ئاسمان هەور دەبێت بە درێژایی كاتەكان، لەگەڵ نمەباران لە كاتی جیاجیادا.  

هاوڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق فەرمانێکی بۆ خانەنشینکردنی ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەرکرد و داوای لە وەزارەتی دارایی کردوە فەرمانەکە جێبەجێ بکات. لەنوسراوێکی کۆماریدا کە 29-12-2021 بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراقی کردوە هاتووە، داوا دەکەن لیستی ئەو ناوانەی ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمان لەگەڵ ئەم فەرمانەدا هاوپێنج کراوە، کە بە ناوی ژمارە 1- محەمەد رێکارن حەدید دەستپێدەکات و بەناوی ژمارە 324- یونس قاسم شغاتی کۆتایی دێت، مامەڵەی خانەنشین بوونیان بۆ بکرێت. ئەوەش هاتووە، ئەندامانی خولی رابردوی پەرلەمانی عێراق بەگوێرەی یاسای خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014 مامەڵەکانیان وەردەگیرێت. یاسای خانەنشینی ئەو ئەندامانەی پەرلەمان ناگرێتەوە کە: بۆ خولی پێنجەم هەڵبژێردراونەتەوە، تەمەنیان لە 50 ساڵ یان خزمەتیان لە 15 ساڵ کەمترە.

هاوڵاتی كەمێك بەر لە ئێستا بومەلەرزیكی بەهێز شاری سلێمانی و دەوروبەری هەژاند و لە بەشێكی ناوچەكانی سنوری سلێمانی هەستی پێكراوە، بەڵام هێشتا چەقی بومەلەرزەكە دیاری نەكراوە.  

هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا بە دەركردنی عیراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لەسەرە، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایگەیاند:": چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری دارایی و رێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین". مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا، كە ئەمڕۆ 10-1-2022 بڵاویكردووەتەوە، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانن بۆ پەكخستن و ڕیشەكێشكردنی هەوڵەكانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەداركردن لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە. دەقی پەیامی مەسرور بارزانی: پێشوازییەكی گەرم لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لە سەرە. لەم ساڵانەی دواییدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەغدا، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێكەوە كاریان كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووكردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەكانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادكردنی ئاشكرا و ئاڵۆگۆڕ و كاروباری نایاسایی بە دراو. چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەكانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەكی باشتر، چاودێری داهاتەكانمان بكەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سیستەمی بانكی جیهانی . ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی بانكی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا. بۆ ئێمە لە كوردستان، ئەم بڕیارەی یەكێتی ئەوروپا، هەنگاوێكی تایبەتییە، داعش هەوڵیدا و شكستی هێنا لە تێكدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لەسەنگەری  پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانین بۆ پەكخستن و ڕیشەكێشكردنی هەوڵەكانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەداركردن لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ( گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەداركردنی داعش) . ئێمە ئەم گۆڕانكاریانەمان لە پێناو باشتركردنی داهاتووی خۆمان ئەنجام داوە، چونكە ئەگەر ئێمە ئەم چاكسازییە ئابووری و خۆڕێكخستنەوەمان نەكردایە و ڕووبەڕووی كێشەی بازرگانی نایاسایی نەبووبوونایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ئەوروپا هەماهەنگیی بكەین. ئەم سەركەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوكات لە گەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێكی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینكردنی ئایندەیەكی گەشی ئابووری بۆ نەوەكانمان. من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێك لە هەنگاونانی كوردستان بەرەو دواڕۆژێكی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵكی كوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان  

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، گۆڕانكاری لە گرێبەستی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات و رێنماییەكە هەمواردەكاتەوەو لەمەودواش هیچ گرێبەستێكی پێشەنگاكانی ئۆتۆمبیل لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ كاری پێناكرێت.   بەپێی نوسراوێك كە ئەمڕۆ 10-1-2022، بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە، رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021ی تایبەت بەرێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی هاوردەكردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەمواركراوەتەوە. لە هەموارە نوێیەكەدا هاتووە، ئەو گرێبەستانەی پێش 2-1-2022 كراون، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ كاریان پێدەكرێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی كە بەهۆی نەبوونی گرێبەستی ئەلیكترۆنی سزای دواكەوتنیان كەوتووەتە سەر، لەو سزایانەی لە رۆژی 2-1-2022 تا 15-3-2021 لەسەریان هەیە، دەبەخشرێن.  

هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:" دواكەوتنی دابەشكردنی نەوتی سپی لە دەستی ئەواندا نییە، چونكە خۆمان بەرهەمی ناهێنین، بەڵكو دەبێت بەغدا دابینی بكات". كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە كاتی سەردانیكردنی بۆ قەزای شێخان بە میدیای پارتی راگەیاند كە رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیە كە بە سێ قۆناغ 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرێت و لە ئێستادا تەنها یەك قۆناغی گەیشتووە. هەروەها كەمال ئەتروشی راشیگەیاند:" بەغدا پێویستە بەردەوام بن لە ناردنی نەوتەكە، ئەگەر دواشكەوێت پێیاندەڵێن چارەسەری بكەن". پێش هاتنی وەرزی سەرما كەمال ئەتروشی وتی: "خۆم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم تا بزانم هەموو ماڵێك نەوتی وەرگرتووە".  

هاوڵاتی لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا 30 گەنجی نەژادپەرستی تورك ھێرشیان كردە سەر سێ گەنجی كورد و یەكیكیان بە چەقۆ بریندار كرد. ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویكردەوە لە بەردەم بینای زانكۆی ئەنقەرە نزیكەی 30 گەنجی تورك رێگەیان بە سێ گەنجی كورد گرتووە و ھێرشیان كردووەتە سەریان و یەكێك لە گەنجەكانیان بە چەقۆ بریندار كردووە.  هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كە ھۆكاری ھێرشەكە رەگەزپەرستی بووە و پێشتریش یەكێك لەو گەنجە كوردانە لەلایەن ھاوڵاتیەكی توركەوە ھێرشی كراوەتەسەر. ئەو گەنجە كوردانە كە ھێرشیان كراوەتە سەر تا ئێستا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ناوچەكە راگیراون و ئەو كەسانەشی ھێرشیان كردووەتە سەریان بە پاساوی ئەوەی ھیچ شتێكی تر ڕوو نەدات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی ئەسات گواستراونەتەوە.