هاوڵاتی وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند:"  بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات". خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانەش کەرکووک، کازاخستان، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، نزیکبوونەوەی میسر و سعودیە لە یۆنان و کڕینی سیستمی s-400 کرد.  خولوسی ئاکار لەبارەی دواپێشھاتەکانی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "پرسی کەرکووک بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات". وەزیری بەرگریی تورکیا، سەبارەت بە کازاخستانیش وتی: "لەگەڵ کازاخستان پەیوەندی ئەرێنی مێژوویی، رۆشنبیری، سەربازیی پەروەردەییمان ھەیە، کارەکانمان بەردەوامە. لە نزیکەوە چاودێری دواپێشھاتەکان دەکەین". ئاکار، 'کازاخستان'ی بە "ھاوپەیمانێکی گرنگ"ی تورکیا ناوبرد و گوتی: "زۆر گرنگە بە زووترین کات ئاسوودەیی لە کازاخستان دەستەبەر بکرێت. پێمانوایە برایانمان لە کازاخستان بەپێی توانای خۆیان گشت ئاڵنگەرییەکان لەو شوێنەدا تێدەپەڕێنن. وەک ھەمیشە، ئەمڕۆش ھەر پاڵپشتی کازاخستان دەبین". خولوسی ئاکار باسی لەوەشکرد بەمدواییانەدا میسر و سعودیە لە یۆنان نزیکبوونەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە بە بێلایەنانە، ورد و ھەستیارەوە چاودێریی پێشھاتەکان بکەین. پێویستە رووداوەکان لە نێو سنووری خۆیان بھێڵینەوە. لێرەدا پێویست بەھیچ نیگەرانییەک ناکات. لە قۆناخی داھاتوودا لەسەر پرسی سعودیە و میسر چ پێشھاتێک سەرھەڵدەدات، پێکەوە دەیبینین". وەزیری بەرگریی تورکیا وتی: "لە عێراق و لە سووریاش، ئێمە یەک دید و ئەرکمان ھەیە ئەویش چییە؟ ئاسایشی سنوورەکانمان و ھاووڵاتییانمان. بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ ھەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە کراوە. لەمەودواش لەسەر ھەمان بنەما و لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین. ئەمانە کات و شوێنی خۆیان ھەیە، دۆخ و مەرجی خۆی ھەیە. ئەگەر کاتی بێت ئەوەی پێویست بێت دەکرێت". خولوسی ئاکار لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی S-400 وتی: "ئێمە دەڵێین، تاوتوێی بکەین و چارەسەریی بکەین. ئێمە بۆچی S-400 مان کڕی، وەرن بۆ ئێوە روونی بکەینەوە. S-400 چەکی ھێرشکردن نییە. ئەگەر لەکاتی بەکارھێنانی لەگەڵ F-35 چەند کێشەیەک دروست ببێت، وەرن با تاوتوێی بکەین. رێگری لەمە بکەین. ئەگەر پێویست بێ ناتۆش بانگھێشت بکەن. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە. لێرەدا رەواین. ئێمە ناچارین 84 ملیۆن کەس و 780 ھەزار کیلۆمەتری نیشتمان لە ھێرشی ئاسمانی و مووشەکی بپارێزین. وەرن با تاوتوێی بکەین و ئەم پرسە درێژ نەکەینەوە، کێشەی سەرەکی پەکەکە/یەپەگەیە".

هاوڵاتی پارتی شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان كاندید دەکات. لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیارە دەنگ لەسەر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بدرێت، تاوەکو ئێستا محەممەد حەلبوسی وەکو بەربژێری سوننەکان بۆ سەرۆکی پەرلەمان دیاریکراوە، پارتیش شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاریکردووە. شاخەوان عەبدوڵڵا لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق ئەندامی پەرلەمان بووە، لە دوایین هەڵبژاردنیش لە 10-10-2021 توانیی زیاتر لە بازنەی یەکی کەرکووک دەنگی یەکەم بێت و 31 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.  

هاوڵاتی حکومەتی ئێران رایگەیاند:" ئەگەر داوایان لێبکرێت، تاران ئامادەیە بۆ لێک نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت هاوکاری لایەنەکانی عێراق بکات".  جەختیش دەکاتەوە ئێران بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت. تۆڕی راگەیاندنی عێراق لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرس ئێران لەکێشەکانی ناوخۆی عێراق کەتایبەتن بە پێکهێنانی حکومەت بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت، بەڵام "ئەگەر داوامان لێبکرێت ئامادەین هاوکاری لایەنەکان بین بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت". ئاماژەی بەوەشکردوە، "تاران بەگرنگی دەزانێت لایەنەکانی عێراق بەبێ دەستوەردانی هەرێمی بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر راوێژ و پرس و ڕا بە ئێمە بکرێت، ئامادەی هاوکاری دەبین، داواش لەهەمو لایەنەکان دەکەین رێز لە دەستور و بنەماکانی دۆخی سیاسی بگرن و پارێزگاری لە سەروەری عێراق و یەکێتی ریزەکانیان بکەن". سەرچاوەکەی ئێران باسی لەوەشکردوە، "ئەو حکومەتەی بەرێککەوتنی لایەنەکان لەعێراق دروستدەکرێت، ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین بەبێ ئەوەی سەیری پێکهاتە، رەنگ و شێوەکەی بکەین، هەروەها بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری دوو لایەنە کە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست دەپارێزێت". چرکەکانی کۆتایی بۆ وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆی ناوخۆیی و دوو قۆڵی و سێ قۆڵی کورد، سوننە و شیعە زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. هەرچەند هاوکێشە سیاسییەکان بە چرکە دەگۆڕدرێن و ئەوەش وایکردووە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت نەخرێتەڕو.

  هاوڵاتی روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە   پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.  تا ئێستا لە79% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت.  پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد.  کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە.  بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە.  پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە.  تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2018  زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە،  100 سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.  پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو.  تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت.  وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

  هاوڵاتی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی  لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگه‌یاند:" کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بریاری دا بە دروست کردنی لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت بۆ دەرخستنی راستی و دروستی ئەو روداوە.'' دوای ئەوەی دوێنێ شەو زیندانیەک لە گرتوخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا ئەمڕۆ وەزیری کاروکاروباری کۆمەلایەتی حکومەتی هەرێم بریاری دا لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت پێک بھێنێت بۆ دەرخستنی راستیەکان. ئەمڕۆ شەممە 8ی کانوونی دووەمی 2022، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەووە، ''ئەمرۆ کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد، ئامانج لەو سەردانە بۆ لەنزیکەوە ئاگادار بوون لەوکەیسەو چۆنێتی روداوەکە، دواتر بریاری دا بە دروست کردنی لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت بۆ دەرخستنی راستی و دروستی ئەو روداوە.'' ئەوەش خراوەتەڕوو، ''لە سەردانەکەی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی ھۆڵەکانی سزادراوەکانی بەسەر کردەوە لە کێشەو گرفتەکانیانی کۆلیەوەو گوێ بیستی داواکاریەکانیان بووە.'' لەلایەکی دیکەوە لیژنەیەکی  سێ کەسی لە پەرلەمان بۆ لێکۆلینەوە لە ھۆکاری  گیان لەدەستدانی ئەو زیندانییە سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانیان کرد کەپێک ھاتبوون لە  گولستان سەعید ، بەدریە ئەسماعیل ، شادیە نەوزاد.''  

هاوڵاتی  موسەننا ئەمین رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەمانەوێت پێشنیازێک بۆ فراکسیۆنە سیاسییەکان، بە تایبەتیش بۆ پێکهاتە کوردستانییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق رابگەیێنین، کە دەمانەوێت خۆمان کاندید بکەین". لەبارەی پشتگیریکردنی بۆ بوونە جێگری سەرۆکی پەرلەمان موسەننا ئەمین رایگەیاند، ئەگەر لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان رۆڵ بە هەموو هێزە سیاسییەکان بدرێت بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان و کوردایەتی، نیشتمانپەروەری، دڵسۆزی و لێهاتن لە پێشینەیە. "پشتبەستوو بەمانە بەناوی یەکگرتووی ئیسلامی و فراکسیۆنەکەمان رایدەگەیێنم کە خۆم کاندید دەکەم بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق". کاندیدە کەی یەکگرتوو دەشڵێت: "لەبەر ئەوەی کە هەمیشە ئەم سەرکردە سیاسییانەی کە ئەو شایەتیە حەقەیان بۆ ئێمە داوە لە شوێنی گشتی و تایبەتیشدا، هەر ئەم سەرکردە سیاسییانەش و ئەو حیزبانەشن کە هەمیشە باس لەوە دەکەن کە یەکڕیزی بۆ گەلی کوردستان پارێزراوبێت و رۆڵ بدرێت بە هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین ئەرکەکانمان جێبەجێ بکەین".  دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.

هاوڵاتی تیمێکی هاوبەشی فەرەنسی و سوێدی پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن کە داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجامیداون.  یۆرۆجەست لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی ئەم تیمە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستە شەڕکەرە بیانییانەی کە تاوانی نێودەوڵەتی سەرەکییان ئەنجامداوە، وەکو جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە لە ماوەی شەڕی چەکداری لە سووریا و عێراق دژی ئەندامانی کەمینەی ئێزدی ئەنجامیان داون." وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیمەکە هەروەها "سەرنجی لەسەر دۆزینەوەی قوربانییان و شایەتحاڵەکانی ئەو تاوانانە دەبێت کە لە لایەن چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون." یۆرۆجەست هەروەها یارمەتیی عێراق و سووریا دەدات و راوێژیان پێدەدات بۆ ئەوەی پەیڕەوێکی دادوەرییان هەبێت تاوەکو هەنگاوە دادوەرییەکانیان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یەکبخەن و رێکبخەن تاوەکو زۆر رێکاری یاسایی جیاجیا دژی هەمان تۆمەتبار لە بەرامبەر هەمان تۆمەت نەگرنەبەر.  بەرپرسانی نوێی تیمە نوێیەکەی سوێد و فەرەنسا لەگەڵ "تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەدان بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)" کاردەکەن.  یۆرۆرجەست باس لەوە دەکات کە کاری تیمە فەرەنسی و سوێدیەکە "بایەخی دەبێت بۆ سیستەمی دادگەری لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا یان وڵاتانی سێیەم کە دەیانەوێت کۆتایی بە خۆدزینەوەی چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان لە سزا بهێنن کە لە تاوانی نێودەوڵەتی وەکو کۆیلەکردن یان تووندوتیژیی سێکسی دژی خەڵکی ئێزدی تێوەگلاون."  یۆرۆجەست هەروەها دەڵێت: "بەرەنگاربوونەوەی خۆدزینەوە لە سزای تاوانەکانی جەنگ، جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئامانجە هەرە سەرەکییەکەی تۆڕی جینۆسایدی سەر بە یۆرۆجەستە. تۆڕەکە بەشێوەیەکی چالاک پاڵپشتی لەو دامەزراوە دادگەریانە دەکات کە ژمارەیەک دۆسیەی کەڵەکەبوویان کردووەتەوە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە تیرۆر و تاوانی نێودەوڵەتی بکەن تاوەکو دادپەروەری بەدیبێت." ساڵی رابردوو، ئەڵمانیا وەکو یەکەمین وڵات، چەکدارێکی داعشی بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید سزادا.

هاوڵاتی  پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێكی هاوبەشی هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا. وەفدە هاوبەشەکە دەچنە بارەگای بارزانی و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە یەکلا نەبووەتەوە. سەردانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 07-01-2022، وەفدێكی  هاوبەشی پارتی و یەکێتیی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کە دوو گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەن لە بەغدا کۆبوونەوە. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.

  هاوڵاتی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. لە کارنامەکەدا هاتووە: "یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە مارشی کۆماریی عێراق دەستپێدەکات، دواتر چەند ئایەتێکی قورئان دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە، ئینجا ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق گوتارێک پێشکێش دەکات بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان و خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان، دواتر بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات".  بەپێی کارنامەکە، سەرۆکی بەتەمەن داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، ئینجا سەرۆکی بەتەمەن بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان گوتارێک پێشکێش دەکات، لە کۆتاییشدا سەرۆکی بەتەمەن دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە. دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 09-01-2021 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادەدا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشاننەکردووە. بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، رەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە بووەتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 31 کورسییەوە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە. کوردستان بەگشتی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، زیاتر لە 60 کورسیی هەیە.

سه‌رکۆ جه‌مال سه‌رۆکی  ده‌زگای لوتکه‌ بۆ کاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات له‌ماوه‌ى شه‌ش ساڵى رابردوودا 649 هه‌زار عێراقى کۆچیان بۆ ئه‌وروپا کردووه‌، ئارى جه‌لال، سه‌رۆکى ده‌زگاى لوتکه‌ له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ، ئه‌وه‌ى ئاشکراکرد که‌ له‌ 2015ه‌وه‌ تاکۆتایی 2021، 649 هه‌زار و 273 عێراقی به‌ڕێگه‌ی نایاسایی (قاچاغ) کۆچیان کردووه‌. هه‌روه‌ها وتیشی :» له‌ساڵى 2021دا ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێگه‌ی نایاسایی کۆچیان کردووه‌ دابه‌زیوه‌و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 66 که‌س، هه‌روه‌ها تائێستاش 41 که‌س بێسه‌روشوێنن که‌زۆرینه‌یان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن». به‌وته‌ی سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه‌ له‌ 2015ه‌وه‌ 317 عێراقی له‌ڕێگه‌ی کۆچکردن گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 214 که‌سیش بێسه‌روشوێنن، که‌کۆی گشتی ده‌کاته‌ 507 قوربانی که‌ له‌و رێگه‌یه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یاخود چاره‌نووسیان دیار نییه‌. به‌پێی ئاماره‌که‌ی سه‌رۆکی ده‌زگای لوتکه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی نێوان 21/12/2021 تا 24/12/2021 له‌سێ رووداوی جیادا له‌یۆنان ته‌رمی 30 کۆچبه‌ر دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 24 کۆچبه‌ریش بێسه‌روشوێنن که‌ 16یان خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانن، به‌ڵام 63 کۆچبه‌ریش له‌مردن رزگارکراون. هاووڵاتیان حکومه‌تی هه‌رێم به‌هۆکاری سه‌ره‌کی کۆچکردنی گه‌نجان و خێزانه‌کان ده‌زانن بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا. ئه‌بوبه‌کر عه‌لی که‌سوکاری کۆچبه‌رێک که‌ بێسه‌روشوێنه‌ بههاوڵاتی وت: « هۆکاری کۆچی گه‌نجان حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانن «. هه‌روه‌ها وتیشی:»کوڕه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی مووچه‌ی نه‌بوو کاریشی ده‌ست نه‌ده‌که‌وت بۆیه‌ وڵاتی جێهێشت». به‌ڵام جوتیار عادل، وته‌بێژی حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى راگه‌یاند که‌ دۆخی هه‌رێم به‌راورد به‌وڵاتانی ناوچه‌که‌ زۆر باشه‌ و کۆچ دیارده‌یه‌کی ئاساییه‌. هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌هۆکاره‌کانى کۆچکردنى بۆ حکومه‌تی عێراق و هۆکاری سیاسیی گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ بکرێته‌ ده‌ستکه‌وت دژی حکومه‌تى هه‌رێم.  

کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی جیهان چەند رۆژێکە پێی ناوەتە ساڵی ٢٠٢٢وەوە، کە سێیەم ساڵییەتی لەگەڵ کۆرۆنادا، تەشەنەکردنی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوونە، بەڵام هەر وڵاتێک بەجۆرێك رووبەرووی دەبێتەوە و خۆی بۆ ئامادە دەکات. ئۆمیکۆرن کە لە ٢٥ مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە ئەفریقای باشور دەستنیشانکرا، بەماوەیەکی کورت بە جیهاندا بڵاوبوویەوە و چەندین توێژینەوە باس لەوە دەکەن جۆرێکە کە توانای گواستنەوەی بەهێزە و توانای خۆدزینەوەی هەیە لە بەرگری لەش، بەڵام کوشندە نییە و حاڵەتەکانی زۆر تووند نین. بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئۆمیکرۆن لە ٨٩ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە بەڵام هەر وڵاتێک بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات، هەر لە سەپاندنی کەرەنتینەی گشتی، دابەشکردنی ڤاکسینی سێیەم و چوارەم، بەستنی ماسکی ناچاری، تا دەگاتە داخستنی شوێنە گشتییەکان.   ئەوروپا وڵاتانی ئەوروپی لە ئێستادا گیرۆدەی ئۆمیکرۆن بوون و هەر وڵاتیك بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات. لە ئێستادا فەرەنسا رۆژانە ٢٠٠ هەزار حاڵەتی تێدا تۆمار دەکرێت و حکومەتی وڵاتەکە چەندین رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بۆ تەشەنە نەکردنی ڤایرۆسەکە. لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە فەرەنسا بووە شەشەم وڵات لە جیهاندا کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ١٠ ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی تێدا تۆماربکرێت، سەرەڕای تووندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە وڵاتەکەدا. بەم ژمارەیە فەرەنسا چووە پاڵ وڵاتەکانی ئەمریکا، هندستان، بەرازیل، رووسیا، هەروەها بەریتانیا لە تێپەراندنی ١٠ ملیۆن حاڵەتدا. حکومەتی فەرەنسا بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین رێکاری تووندی گرتووەتەبەر، لەوانە بەکارهێنانی ماسک لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا و داخستنی یانە شەوانەکان و سنوردارکردنی رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکانی تر. تەنانەت کارتێکی تێپەڕاندنی دروست کردووە بۆ ئەو کەسانەی ڤاکسینین وەرگرتووە تا بتوانن لە شوێنە گشتییەکاندا کات بەسەر ببەن و هەر کەسێک ئەو کارتەی پێ نەبێت ناتوانێت بمێنیتەوە. پێنجشەممەی رابردووش حکومەتی فەرەنسا  بەستنی ماسکی کردە زۆرەملێ  لە پاریس لە ١١ ساڵییەوە، بەڵام دوای دوو رۆژ بڕیارەکە گۆردرا و لە ئێستادا منداڵانی تەمەن شەش ساڵیش دەگرێتەوە، هەر کەسێکیش پابەند نەبێت بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت کە ١٣٥ یۆرۆیە. هاوکات ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند پێویست ناکات حکومەت چیتر رێکاری توندتر بگرێتە بەر چونکە ئازادیی کەسەکان سنوردار دەکات، بەڵام هۆشداریدا کە هەفتەکانی داهاتوو سەخت دەبێت بۆ وڵاتەکەی. بۆ رێگریکردن لە بڵاونەبوونەوەی ئۆمیکرۆن، هۆڵەندا لە مانگی رابردوودا کەرەنتینەی گشتی راگەیاند. سەرجەم بازاڕ و دوکان و کۆگا ناپێویستەکان تا ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ دادەخرێن و قوتابخانەکانیش تا ٩ی هەمان مانگ ناکرێنەوە. ئەم رێکارانە بووە هۆی توورەبونی هاوڵاتیانی هۆڵەندا و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە ئەمستەردامی پایتەخت هەزارەها خۆپیشانداەر رژانە سەر شەقامەکان، کە دواتر رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە لەلایەن پۆلیسەوە و ٣٠ خۆپیشاندەر دەستگیرکران و چوار پۆلیسیش برینداربوون. لە مانگی شترینی دووەمی ٢٠٢١، نەمساش کەرەنتینەی گشتی راگەیاند و توانی سەرکەوتوو بێت لە کەمککردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون. لە ئێستادا لە زۆربەی هەرێمەکانی وڵاتەکە رێکارەکانی خۆپارێزی تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و تەنها رێیان پیدەدرێت ماڵەکانیان بۆ حاڵەتی پیویست بەجێ بهێڵن وەک کڕینی خواردن و سەردانی پزیشک. ئەڵمانیانش یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە حاڵەتێکی زۆری ئۆمیرکۆنی تێدایە. هەرزوو دوای جەژنی کریسمس، ئەڵمانیا دەستیکرد بە قەدەغەکردنی کۆبونەوەی تایبەتی ناو ماڵان و بۆنە گشتییەکان. بەڵام لە ئێستادا حکومەتی وڵاتەکە تاووتوێکی ئەوە دەکات ئاخۆ ١٤ رۆژی کەرەنتین کەم بکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە یان نا. شارەزایانی پزیشکی وڵاتەکە دەڵێن نیگەرانن سەبارەت بە فشار خستنەسەر کەرتە سەرەکییەکان وەک کەرتی تەندروستی، پۆلیس یان ئاگرکوژێنەوە ئەگەر خەڵکێکی زۆر کەرەنتینە بکرێت لە یەک کاتدا. ئەڵمانیا دەیەوێت وەک ئیسپانیا کەرەنتینەی تاک لە ١٤ رۆژەوە کەبکاتەوە بۆ ١٠ رۆژ و لە هەندێ وڵاتیشدا ئەگەر پشکنین بکەن لە نیوەی ئەو ماوەیە ئەوا کەم دەکرێتەوە بۆ پێنج رۆژ.   ئەمریکا و بەریتانیا ماوەی چەند هەفتەیەکە حکومەتی بەریتانیا چەند پلانێکی یەدەگی ئامادە کردووە لە حاڵەتی ئەوەی نەخۆسخانەکان و شوینەکانی تر کار کردن رووبەرووری کەمی ستاف ببنەوە، ئەمەش لەسەروبەندی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوان کە وڵاتەکە رووبەرووی بووەتەوە. کەرتی گشتی لە بەریتانیا ئامادەکارییان کردووە بۆ کەمبوونەوەی ستافەکانیان لەسەدا ١٠ بۆ لەسەدا ٢٥ بەهۆی ئەوەی تووشبوون لەناو کارمەندانی رووی لە زیادبوونە و ئەمەش وایان لیدەکات خۆیان کەرەنتین بکەن. لە جەژنی کریسمس و جەژنی سەری ساڵ ئۆمیکرۆن زیاتر لە بەریتانیا تەشەنەی سەند و رۆژانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار حاڵەت تۆمارکرا. بەپێی ئۆفیسی ئاماری نیشتمانی بەریتانیا، نزیکەی یەک کەس لە ٢٥ کەس لە ئینگلتەرا یان دوو ملیۆن کەس هەفەتیەک پێش کریسمس پەتای کۆرۆنایان گرتووە. بەرپرسانی سکۆتلەندا و وێلز و ئێرلەندای باکور بۆنە و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانیان سنوردار کردووە بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئینگلتەرا دەڵێن چەسپاندنی رێکاری نوێ «دواین کاریان» دەبێت، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبونی رۆژانە. لەکاتێکدا هەندێک وڵات ماوەی کەرەنتینە بۆ کەسانی تووشبوو کەمدەکەنەوە، بەڵام ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە ماوەکە زیاد بکات. لە ئێستاد ئەوانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤە لە ئەمریکا دەبێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن. رەخنەگەرانی ئەم رێکارە دەڵێن ئەمە ئیشکردنی کرێکاران وکارمەندانی وڵاتەکەی پێش تەندروستیان خستووە و رەنگە سەربکێشێت بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە تووشبوون بۆ نیو کۆمەڵگە لەکاتێکدا ڤایرۆسەکەیان تێنەپەراندووە و دەگونجێت بیگوازنەوە. لە ئێستدا رۆژانە ٤٠٠ هەزار حاڵەتی نوێ لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکرێت و رێژەی داغڵبوون بە نەخۆشخانەش روو لەزیادبوونە.   ئاسیا لە شاری شیانی چین ماوەی نزیکەی ١٥ رۆژە کەرەنتینەی گشتییە و هیچ کەسێک بۆی نییە بێتە دەرەوە، ئەمەش وایکردووە کە هەستێک لای خەڵکی شارەکە دروست ببێت کە بڵێن هێشتا لە ٢٠٢٠دا دەژین و نەگەشتوونەتە ٢٠٢٢. تا ئیستا نزیکەی دوو هەزار حاڵەت لە شارەکەدا تۆمارکراوە کە جێی نیشتەجێبوونی ١٣ ملیۆن کەسە. هەرچەندە بە بەراورد بە وڵاتەکانی تر ئەو ژمارەیە زۆر کەمە، بەڵام ئەو ژمارەیە وایکرد کۆی حاڵەتەکانی چین بگەیەنێتە بەرزترین ئاست لە ئازاری ٢٠٢٠ەوە. هەرچەندە وڵاتانی تر ئاسیا توانیوویانە تا رادەیەک بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن رابگرن، بەڵام زۆربەیان خۆیان ئامادە کردووە بۆ شەپۆلی ئۆمیکرۆن. هەر کە یەکەم حاڵەت دەرکەوت لە یابان و تایلەندا، حکومەتی هەردوو وڵار رێکارەکانی گەشتکردنیان تووندکردەوە. لە یابان کە چەندین رێکاری تووندی هەیە زۆربەی کەسانی بیانی ناتوانن بەهۆی ئەو رێکارانەوە داغڵی وڵاتەکە ببن. لە تایلەندیش کەسانی بیانی دەتوانن بێنە ناو ولاتەکەوە بەڵام دەبێت خۆیان کەرەنتین بکەن. رۆژهەڵاتی ناوەراست سەرەتایی مەترسییەکانی ئۆمیکرۆن لەسەرخۆ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەردەکەوێت و کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتە نوێیەکانیان زیادیکردووە. رۆژانە لە سعودیە هەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تۆمار دەکرێت لەکاتێکدا سێ مانگ لەمەوبەر رۆژانە تەنها  ١٠٠ حاڵەت تۆمار دەکرا. هاوکات لە ئیماراتیش، دوای ئەوەی لە سەری ساڵدا چەندین گەشتیار رووی تێکرد، بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی تێدا بەرزبووەتەوە لە رۆژێکدا دوو هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکرا بەبەراورد بە دوو مانگی رابردوو کە تەنها رۆژانە ١٠٠ حاڵەت تۆماردەکرا. هەردوو وڵات لەسەرەتایی مانگی رابردوەوە ئۆمیکرۆنیان تێدا تۆمارکرا. تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە زۆرترین حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە و زۆربەیان لە جۆری ئۆمیکرۆن بوون. چەند رۆژێک لەمەوبەر، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا، رایگەیاند بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە حاڵەتە نوێیەکان لە ئەستنەبوڵ لە چوار هەزارەوە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار حاڵەتی رۆژانە، واتە پێنج ئەوەندە زیادی کردووە، بەکۆی گشتیش رۆژانە تورکیا ٤٠ هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار دەکات. فەخرەدین کۆجا وتیشی، هیچ رێکارێکی تووند یان کەرەنتین راناگەیەنن و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە ناکەن، بەڵام داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەجۆرێک رەفتار بکەن کە هەموو ئەو رێکارانە بوونیان هەبێت. بە هەمان شێوەی تورکیا، لە ئیسرائیلیش حاڵەتە نوێیەکان لە ١٠ رۆژی رابردوودا چوار ئەوەندە زیادیان کردووە سەرەڕای ئەوەی لەسەدا ٦٠ی هاوڵاتیانی وڵاتەکە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەکۆی ٩ ملیۆن دانیشتوان. لە ئێستادا ئیسرائیل جارێکی تر متمانەی بەخشیوەتەوە بە ڤاکسین و ژەمی چوارەم دابەش دەکات بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن. ئیسرائیل یەکەم وڵاتە ژەمی چوارەم دابەش بکات بەسەر هاوڵاتیانیدا. ساڵی رابردووش ئیسرائیل یەکەم وڵات بوو ژەمی سێیەم بەسەر هاوڵاتیانیدا دابەش بکات و دواتر وڵاتانی تر چاویان لێکرد. لە سەرەتاوە تەنها ئەوانەی بەرگری لەشیان لاواز بوو ژەمی چوارەمیان وەردەگرت، بەڵام لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەوە بڕیارەکە کەسانی سەروو تەمەن ٦٠ ساڵ و ستافی پزیشیکیشی گرتەوە. لە ئێرانیش لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە هەزار و دوو حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران و بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکەش دەڵێن ئۆمیکرۆن لە ١٢ پارێزگادا بڵاوبووەتەوە. تا ئێستا ئۆمیکرۆن لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەمزوانە شەپۆلی ئۆمیکرۆنیش دەگاتە ئێرە.  

هاوڵاتی وەك چاوەڕوان دەكرا كەمكردنەوەی سەربازە ئەمریكیەكان بوو لە عێراق لەكۆتایی 2021 بۆ كەمتر لە هەزار سەرباز، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ گۆڕینی ڕۆڵی سەربازە ئەمریكیەكان لە سەربازییەوە بۆ راوێژكاری و راهێنان بە هێزە عێراقیەكان، بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوەدەكەن ئەمریكا تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەربازی لەعێراق و سوریا هێشتووەتەوە. ئەو زانیارییە جۆن كێربی وتەبێژ بەناوی پنتاگۆن لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان و دوور لەچاوی كامێراكان لەچواری ئەم مانگە ئاشكرایكردووە،ئەوەشی چەند جارێك دووپاتكردووەتەوە، باسی لەوەشكردووە فەرماندە ئەمریكیەكان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە كە چۆن بەرگری لەخۆیان و پێگەكانیان دەكەن بیكەن. بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی عەرەبیە، ئەمریكیەكان لەگەڵ عێراقیەكان ڕێككەوتوون لەسەر ئەو شوێنانەی كە تێیدا دابەش دەبن، بەشێوەیەك ئەو بنكانەی هێزە ئەمریكیەكانی تێدا ماون لەدەرەوە هێزە عێراقیەكان جێگیركراون و دەیانپارێزن، بەڵام هێزە ئەمریكیەكانیش هەركات پێویست بكات بەشداری دەكەن لە پرۆسەی سەربازیدا بەڵام زیاتر پرۆسەكان هەواڵگری و ئاسمانی دەبن، جگە لەوەی ئامێری پێشكەوتوویان لە بنكەكان لانەبردووە لەوانەش تۆڕی "سی ڕام" و ئەو ئامێرانەی بۆ دیاریكردنی جوڵەن بەشێوەیەكی پێشكەوتوو. ئەوەی مانەوەی ئامێرە پێشكەوتووەكانی ئەمریكا پشتڕاستدەكاتەوە، هێرشی چەند رۆژی ڕابردووی میلیشیا شیعەكان بوو بۆ سەر چەند بنكەیەكی سەربازی كە هێزە عێراقی و ئەمریكیەكان بەهاوبەشی تێیدان، چونكە ئەو هێرشانە نەیانتوانی هیچ زیانێك بەو بنكە سەربازیانە بگەیەنن، ئەوەشی زیاتر مانەوەی ئەو هێزانە دووپات دەكاتەوە لەچەند بنكەیەك ئەوەیە كە میلیشیا شیعەكان ب ەپێی زانیاری هەواڵگری ئەو بنكانەیان كردووەتە ئامانج و كارێكی هەڕەمەكی نەبووە بەڵكو دڵنیا بوون لەوەی هێزی ئەمریكی تێدا ماوە، جگە لەوەی دوو بنكەی سەربازی ئەمریكا لەسوریا كرانە ئامانج. وەك چەند فەرماندەیەكی سەربازی ئەمریكا ئەوەیان دركاندووە، ئەمریكا نایەوێت عێراق بۆ ئێران جێبهێلێت و هاوپەیمانەكانی بخاتە مەترسییەوە، چونكە بەوتەی ئەوان ئێران دەیەوێت لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا بەتەواوەتی هەژموونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ئەمریكیەكان سورن لەسەر ئەوەی بمێننەوە و بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانیان بپارێزن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوت لە جۆری برێنت بە 82 دۆلار و 57 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان، مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەویش دوای ئاڵۆزیەكانی كازاخستان كە وڵاتێكی بەرهەمهێنی نەوتە. دوای ئەوەی كازاخستان خۆپیشاندان و ئاڵۆزی تێكەوت، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 82 دۆلار و 57 سەنت و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكاش بە 80 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەوەش بەرزترین نرخی نەوتە لەمساڵدا تۆمار بكرێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 70 دۆلار دابەزی، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی تۆماركردووە و ئەمڕۆش بەرزترین ئاستی تۆماركرد. LVO تیكەر... ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوت لە جۆری برێنت بە 82 دۆلار و 57 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان، مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەویش دوای ئاڵۆزیەكانی كازاخستان كە وڵاتێكی بەرهەمهێنی نەوتە.

  هاوڵاتی فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران ڕایگه‌یاند:" گه‌ر ئه‌مریكا ئاقڵ بێت خۆى له‌ عێراق ده‌چێـته‌ ده‌ره‌وه‌ گه‌رنا دواتر چونه‌ده‌ره‌وه‌یان شه‌رمه‌زاركه‌ر ده‌بێت". ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران كه‌ له‌دواى كوژرانى قاسم سلێمانى له‌ شوێنه‌كه‌ى ده‌ستبه‌كاربوه‌ ڕایگه‌یاند، تۆڵه‌ى كوژرانى قاسم سلێمانى له‌ماوه‌یه‌كى درێژ مه‌ودا له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێت" ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌رده‌هێنین". قائانى ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، له‌سه‌ره‌تاى هاتنى ئه‌مریكاوه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هۆشداریان پێداون كه‌ شكست چاوه‌ڕوانیانه‌و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ئاقڵ بێت خۆى له‌ عێراق ده‌كشێته‌وه‌ گه‌رنا چونه‌ده‌ره‌وه‌یان شه‌رمه‌زارترده‌بێت بۆیان له‌وه‌ى له‌ ئه‌فغانستان به‌سه‌ریان هات. ئه‌مریكا له‌ 3/1/2020 قاسم سلێمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى له‌ هێرشێكى ئاسمانیدا كرده‌ ئامانج و له‌دواى كوژرانى سلێمانى ئیسماعیل قائانى كرایه‌ فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسى سوپاى پاسداران.

هاوڵاتی کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌جێبه‌جێکردنى له‌سێده‌راندا حساب بۆ بڕیاره‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ناکات که‌داواى راگرتنى لێکردووه‌ و ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت رۆژانه‌ دوو یان سێ که‌س له‌سێداره‌ ده‌دات. له‌ئاماره‌کانی 42 ساڵی رابردووى ئێراندا ده‌رکه‌وتووه‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار که‌س له‌و ماوه‌یه‌دا له‌سێداره‌دراون و ژماره‌یه‌کیشیان گولـله‌باران کراون له‌کاتێکدا نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌یان بڕیاری دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران ده‌رکردووه‌ به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ تائێستا پێشه‌نگه‌. پێنج رۆژ دوای هۆشداریی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و په‌سندکردنی بڕیارێک له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره‌، ئێران به‌نهێنی چالاکێکی سیاسیی کورد له‌سێداره‌ ده‌دات. حکومه‌تی ئێران یه‌که‌م وڵاته‌ له‌ جیهاندا که‌زۆرترین سزای سێداره‌ جێبه‌جێ ده‌کات و شاره‌زایان و ره‌خنه‌گرانیش سزاکه‌ وه‌ک چاوسوورکردنه‌وه‌و ئامرازێکی سه‌رکوت و له‌ناوبردنی نه‌یاران لێی ده‌ڕوانن. ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ رۆژی 16ی دێسه‌مبه‌ری 2021 به‌ 78 ده‌نگی به‌ڵێ و 31 ده‌نگی نه‌خێر و 69 ده‌نگی بێلایه‌ن بڕیارێکی دیکه‌ی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران په‌سه‌ند کرد به‌هۆی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره‌ له‌و وڵاته‌دا. له‌بڕیاره‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا هاتووه‌ ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌دانی زیندانیان و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌و له‌ئێران تائێستاش که‌سانی خوارووی 18 ساڵ ته‌مه‌ن له‌سێداره‌ ده‌رێن و ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ زۆره‌، بۆیه‌ دۆسیه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ له‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ئاشکرا وتوویه‌تی دۆسیه‌ی پێشێلکارییه‌کانی ئێران به‌کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ له‌ساڵی  1980 تائێستا به‌ به‌رده‌وامی و ساڵانه‌ زیاتر له‌بڕیارێک و هۆشدارییه‌کی له‌و شێوه‌ی چه‌ندباره‌ کردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ژماره‌ی پێشێلکارییه‌کانی له‌ئێران که‌م نه‌کردووه‌ته‌وه‌. جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کی زۆری سزای سێداره‌ له‌ئێران وێنایه‌کی توندوتیژو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتکاری له‌و وڵاته‌ له‌جیهان دروست کردووه‌، به‌ڵام به‌ روانین له‌ 42 ساڵی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت له‌ئێران روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ بۆچی تا ئێستاش ده‌ستبه‌رداری سێداره‌ نه‌بووه‌.   ئێران پێشبڕکێی له‌سێداره‌دان له‌جیهاندا ده‌کات   جیهان 49 ساڵه‌ هه‌وڵه‌کانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ نه‌هێشتنی سێداره‌و له‌ 19 ساڵی رابردوودا ده‌یان رێکخراو دژی سزای سێداره‌ یه‌کیان گرتووه‌و رۆژی 18ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌موو ساڵێکیش وه‌ک رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌سێداره‌دان ناوزه‌د کراوه‌و زیاتر له‌ 170 وڵات ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێ کردنی ئه‌و سزایه‌ بوون، به‌ڵام تائێستاش زیاتر له‌ 33 وڵات سزای سێداره‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن و له‌و ژماره‌یه‌ش 20 وڵاتیان به‌تایبه‌ت چین و ئێران زۆرترین سزای سێداره‌ جێبه‌جێده‌که‌ن. به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 2017 زیاتر له‌ 246 حاڵه‌تی له‌سێداره‌دان  له‌ئێران تۆمار کراوه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ به‌ته‌نها به‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ 20 وڵات خه‌ڵکی له‌سێداره‌ داوه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی چین له‌و ساڵه‌دا زیاتر له‌هه‌زار که‌سی له‌سێداره‌ داوه‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ ژماره‌ی دانیشتوان، ژماره‌ی جێبه‌جێکردنی سێداره‌ له‌ئێران ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار کردووه‌ له‌ئاستی جیهاندا، چونکه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتره‌ له‌یه‌ک ملیارو 400 ملیۆن که‌س له‌کاتێکدا ژماره‌ی دانیشتوانی ئێران ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 84 ملیۆن که‌س به‌وه‌ش ده‌رده‌که‌وێت ژماره‌ی دانیشتوانی چین زیاتر له‌ 16 هێنده‌ی ئێرانه‌. چین له‌هه‌ر یه‌ک ملیۆن و 400 هه‌زا که‌سێک، یه‌ک که‌سی له‌ وڵاته‌که‌ی له‌سێدارداوه‌، به‌ڵام ئێران له‌هه‌ر 341 هه‌زار که‌سی دانیشتووی وڵاته‌که‌ یه‌ک که‌سی له‌سێداره‌ داوه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێران حوکمی چینی بکردایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌بوو زیاتر له‌چوار هه‌زارو 105 که‌سی له‌ساڵێکدا له‌سێداره‌ بدات.   کۆماری سێداره‌   نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ساڵی 1980 زیاتر له‌سه‌دان بڕیارو هۆشداریی داوه‌ته‌ ئێران به‌هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ و جێبه‌جێکردنی سزای سێداره‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زیاترین سزای سێداره‌ له‌جیهان جێبه‌جێ ده‌کات به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشوانی. بیانوی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ جێبه‌جێکردنی سزای سێداره‌ پابه‌ندبوونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ به‌شه‌رع و یاساو رێساکانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌و هه‌موو کاتێک ده‌سه‌ڵاتداران جه‌ختیان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌شه‌رع و شه‌ریعه‌تی شیعه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار نه‌یارانی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌ئێران ده‌سه‌ڵات به‌کۆماری سێداره‌ ناوده‌هێنن. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی : زیاتر له‌نیوه‌ی سێداره‌ی جیهان له‌ئێرانه‌   رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی (Amnesty International) که‌ ساڵی 1961 دامه‌زراوه‌و رێکخراوێکی ناحکومییه‌و کارده‌کات بۆ به‌رگریی له‌مافه‌کانی مرۆڤ له‌جیهان رایگه‌یاندووه‌ له‌ساڵی 2020 چین و ئێران و میسرو سعودیه‌ زیاترین سزای سێداره‌یان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی جێبه‌جێ کردووه‌. رێکخراوه‌که‌ له‌ساڵی 1973 تائێستا کار ده‌کات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی سزای سێداره‌ له‌جیهانداو رایگه‌یاندووه‌ له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره‌ی له‌سێداره‌دان روویداوه‌ که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 483 حاڵه‌ت، به‌ڵام زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌سزای سێداره‌دان له‌ئێران جێبه‌جێ کراوه‌. کۆماری ئیسلامی ئێران له‌و ساڵه‌دا 246 سزای سێداره‌دانی جێبه‌جێ کردووه‌و ئه‌وه‌ش له‌ راپۆرتی ساڵانه‌ی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا تۆمار کراوه‌، به‌ڵام رێکخراوه‌که‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی جێبه‌جێکردنی سزای سێداره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی چینه‌وه‌ نازانێت، چونکه‌ سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌کان به‌نهێنی جێبه‌جێ ده‌کرێن و ژماره‌که‌ ئاشکرا نییه‌و ته‌نها پێشبینی ده‌کرێت لانیکه‌م ساڵانه‌ هه‌زار که‌س له‌و وڵاته‌ له‌سێداره‌ بدرێن. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه‌ رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره‌ ده‌به‌ستێت که‌ تۆمار ده‌کرێن، بۆیه‌ له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه‌ پێکه‌وه‌ 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه‌. ده‌سه‌ڵاتی میسر له‌و ساڵه‌دا 107 که‌سی له‌سێداره‌ داوه‌ و دوای ئه‌ویش عێراق به‌ جێبه‌جێکردنی 45 سزای سێداره‌ له‌ ریزبه‌ندی سێیه‌مدا بوه‌ و سعودیه‌ش به‌ جێبه‌جێکردنی 27 سزای سێداره‌ چواره‌م وڵات بوه‌ له‌ جیهاندا که‌ زیاترین سێداره‌ی تێدا جێبه‌جێکراوه‌. له‌به‌شێکی دیکه‌ی راپۆرتی ساڵانی رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌ رێژه‌ی سزای سێداره‌ به‌راورد به‌ساڵی 2019 نزیکه‌ی 26% دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و ژماره‌ی له‌سێداره‌ دراوه‌کانیش له‌ساڵی 2020 که‌مترین ژماره‌ بووه‌ له‌ 10 ساڵی رابردوودا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران که‌ بنکه‌ی سه‌ره‌کیی له‌شاری ئۆسلۆ-ی پایته‌خی وڵاتی نه‌رویجه‌ ساڵی 2020 بلڵاویکرده‌وه‌ له‌و ساڵه‌دا 267 که‌س له‌ئێران سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌ که‌چوار که‌سیان منداڵ بوون و ته‌مه‌نیان نزیکه‌ی 15 ساڵ بووه‌ و له‌ساڵی 2018 نزیکه‌ی 273 سزای سێداره‌ جێبه‌جێ کراوه‌و له‌ساڵی 2019 ژماره‌ی له‌سێداره‌دان 280 حاڵه‌ت بووه‌. رێکخراوه‌که‌ رایگه‌یاندووه‌ رێژه‌ی له‌سێداره‌دان له‌ساڵی 2021 به‌راورد به‌ساڵی 2020 زیاتر له‌ 10% زیادی کردووه‌، چونکه‌ له‌ئه‌مساڵدا 267 که‌س له‌سێداره‌ دراون و 82%ی جێبه‌جێکردنی سزاکان به‌نهێنی بووه‌ و پێشتر که‌سوکاری له‌سێداره‌دراوه‌کان ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه‌.   له‌سێداره‌دانی ژنان به‌بێده‌نگی   رێکخراوی هه‌موان پێکه‌وه‌ دژی سزای سێداره‌ (ECPM) ئاشکرای کردووه‌ له‌ساڵی 2021 لانی که‌م 15 ژن به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای  سێداره‌دانیان له‌ئێران به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌و له‌ساڵی 2020 نۆ حاڵه‌تی له‌سێداره‌دانی ژنان له‌وڵاته‌که‌دا تۆمار کراوه‌و به‌پێی ئاماره‌کانیش له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ 170 ژن له‌ئێران به‌بێده‌نگیی و دوور له‌چاوی جیهان له‌سێداره‌ دراون. هه‌روه‌ها رێکخراوه‌که‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو که‌ له‌سێداره‌دانی ژنان له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو له‌ئێران 3%ی ئه‌و که‌سانه‌ بوون که‌ سزای سێداره‌یان به‌سه‌دا سه‌پێنراوه‌و 86 ژن له‌و ماوه‌یه‌دا به‌تۆمه‌تی بازرگانیی به‌مادده‌ی هۆشبه‌ره‌کان سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌و 60 ژنیش به‌تۆمه‌تی کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و دوو ژنیش به‌تۆمه‌تی سیخوڕی و ژنێکیش به‌ناوی شیرین عه‌له‌م هولی به‌تۆمه‌تی به‌شداریی له‌ ریزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی کورد له‌ئێران له‌سێداره‌ دراون. هاوکات، ئه‌وه‌شى روونی کردووه‌ته‌وه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ژنانی له‌سێداره‌دراو له‌ئێران به‌ نادیاریی ماونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌کۆی 170 ژن که‌سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌ 113 ژن به‌بێده‌نگی به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سوکاره‌کانیان ئاگادار بکرێنه‌وه‌ سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه‌.   سزای سێداره‌ له‌ئێران کێ ده‌گرێته‌وه‌؟   به‌پێی یاسای سێداره‌ له‌ئێران ره‌نگه‌ هیچ هاووڵاتییه‌کی ئه‌و وڵاته‌ پارێزراو نه‌بێت له‌وه‌ی سزاکه‌ نه‌یگرێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و هۆکارو تاوانانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی له‌سێداره‌دان زۆرن و ژماره‌یه‌کیان بریتین له‌ (کوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست، ده‌ستدرێژیی سێکسی، مامه‌ڵه‌ی خراپی سێکسی له‌گه‌ڵ منداڵان، بازرگانی به‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان، دزیکردن به‌چه‌ک، رفاندنی هه‌ر که‌سێک، تیرۆریزم، جوتبون له‌گه‌ڵ که‌سانی نزیک به‌ناپاکی یان جوتبوونی ناشه‌رعی، هاوڕه‌گه‌زبازی، لادانی سێکسی، له‌شفرۆشی، هه‌وڵدان بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی، سه‌رپێچیی سیاسیی، کاری تێکده‌رانه‌، راپه‌ڕین، کفرکردن، سه‌رانه‌ وه‌رگرتن، زیاده‌ڕه‌وی له‌مه‌شروب خواردن یان ئالوده‌بون به‌ کحول، ساخته‌کاریی، شاردنه‌وه‌ی خۆراک، فرۆشتنی خۆراکێک که‌ ببێته‌هۆی مه‌رگی خه‌ڵک، بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سێکسی یان پۆرن، تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ و قسه‌ هه‌ڵبه‌ستن ئه‌گه‌ر ببێه‌هۆی مه‌رگی که‌سێکی بێتاوان، چه‌ندباره‌کردنه‌وه‌ی دزیکردن، خۆدزینه‌وه‌ له‌به‌ره‌ی جه‌نگ بۆ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی، سیخوڕی، خه‌یانه‌ت له‌وڵات، هاوکاریی دوژمن ، جه‌نگ له‌گه‌ڵ خودا، دژایه‌تی حکومه‌تی ئیسلامی).   لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی روونی کردووه‌ته‌وه‌ رێکخراوه‌که‌یان ته‌نها پشت به‌و دۆسیانه‌ی سزای سێداره‌ ده‌به‌ستێت که‌ تۆمار ده‌کرێن بۆیه‌ له‌ساڵی 2020 ئێران، میسر، عێراق و سعودیه‌ پێکه‌وه‌ 88%ی کۆی سزاکانی سێداره‌یان له‌جیهاندا جێبه‌جێکردووه‌     هه‌ریه‌که‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ی که‌ به‌پێی یاسای سێداره‌ له‌ئێران ده‌ستنیشان کراوه‌ کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و مادده‌ی دیکه‌ی لێده‌بێته‌وه‌ که‌ پشتی به‌ رێساو رێوشوێنه‌کانی رێبازی شیعه‌ به‌ستوه‌و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ره‌چاوی تێڕوانینی رێبازی سوننه‌ له‌دینی ئیسلامدا کراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ هۆکارێکی دیکه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ رووبدات له‌سه‌پاندنی سزای سێداره‌ جگه‌ له‌وه‌ی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت بڕیاری کۆتایی بدات له‌جێبه‌جێکردنی زۆربه‌ی سزاکانی سێداره‌. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ئێران رایگه‌یاندووه‌ زیاتر له‌ 75%ی سزاکانی سێداره‌ له‌ وڵاته‌که‌ به‌هۆی مادده‌ هۆشبه‌ره‌کانه‌وه‌یه‌.   مێژوو و ئاماره‌کانی سێداره‌ له‌ 42 ساڵی رابردووی ئێران   له‌ساڵی 1978 واته‌ هاوکات له‌گه‌ڵ رووخانی سیستمی پاشایه‌تی و ده‌ستبه‌کاربوونی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له‌ئێران تاساڵی 1979 لانیکه‌م 438 که‌س له‌و وڵاته‌ له‌سێداره‌ دراون و له‌ساڵی 1980 ئه‌و ژماره‌یه‌ بۆ 624 له‌سێداره‌دراو به‌رزبووه‌ته‌وه‌و له‌ساڵی 1981 تا 1985 زیاتر له‌ 14 هه‌زار و 794 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێکراوه‌. له‌ساڵانی 1986 و 1987 هه‌زار و 671 که‌س له‌سێداره‌ دراون  له‌ساڵی 1988  به‌بیانوی لادان له‌دین و ئایین چوار هه‌زارو 484 که‌س له‌سێداره‌ دراون. له‌ساڵی 1980 تا 1988 زیاتر له‌سێ هه‌زارو 200 ژن و منداڵ له‌ئێران له‌سێداره‌ دراون. ساڵی 1988 تاساڵی 1998 شه‌ش هه‌زارو 783 که‌س له‌سێداره‌ دراون و له‌ساڵی 1999 تاساڵی 2008 پێنج هه‌زارو 220 که‌س سزای سێداره‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ کراوه‌. له‌ساڵی 2009 تاساڵی 2010 نزیکه‌ی 152 که‌س له‌سێداره‌ دراون له‌ 2011 تا 2013 نزیکه‌ی 814 که‌س و له‌ساڵی 2014 نزیکه‌ی 966 که‌س و ساڵی 2015  هه‌زارو 471 که‌س له‌ساڵی 2016 نزیکه‌ی 969 که‌س له‌سێداره‌ دراون. له‌ئاماره‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت له‌ماوه‌ی 42 ساڵی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له‌ 40 هه‌زار که‌س له‌سێداره‌ دراون ئه‌گه‌رچی ده‌زگای دادوه‌ریی ئێران ئه‌و ژماره‌ له‌جێبه‌جێکردنی سزای سێداره‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ ئاشکرایان کردووه‌ له‌و ژماره‌یه‌ نزیکه‌ی 10 هه‌زار که‌سیان گولـله‌باران کراون یان به‌گولـله‌ کۆتایی به‌ژیانیان هێنراوه‌.