راپۆرتی: جەزیرەی ئینگلیزی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەدوکانێکی وشکەفرۆشی لەگەڕەکی باڵاتی ئەستەنبوڵ، خاوەنی دوکانەکە بەناوی سەلامەت، پشوویەکی کەمی وەرگرت و باسی شتێکی بۆ کردین کە لەئێستادا کاریگەری لەسەر تەواوی خەڵکی تورکیا داناوە، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە. «هەندێک شت وەک ئەوانی تر نرخەکانیان بەرزنەبووەتەوە چونکە بەرهەمهێنانیان لەگەڵ نرخدا زیادی کردووە، بەڵام هەندێک شتی تر، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر دەکڕدرێن زۆر زیاتر نرخەکانیان بەرزبووەتەوە»، سەلامەت ئەمەت وت. سەلامەت وتی نرخی ئەو سەوزانەی زۆر دەكڕدرێن لەسەدا ٥٠ بەرزبوونەتەوە وەک پەتاتە، پیاز، باینجان، نۆک، هەروەها سەوزەکانی تر. خواردن تەنها شت نییە کە بەشێکی زۆری داهاتی بەکاربەرانی تورکیای هەڵلوشیوە. ئەو دەزگا حکومیەی بەرپرسە لە چاودێریکردنی هەڵئاوسان – پەیمانگەی ئاماری تورکیا (یان بە تورکستات) ناسراوە – هەفتەی پێشوو رایگەیاند پێوانەی نرخی بەکاربەر، کە پێوانەی گۆڕانکاری نرخ دەکات لە سەبەتەیەکی زۆرترین ئەو خواردن و شتانەی لەلایەن بەکاربەرەوە دەكردڕێن، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لەسەدا ٣٦٪ لە مانگی رابردوودا بە بەراورد بەساڵی رابردوو. ئەم بەرزبوونەوەیە بەرزترین هەڵکشانی هەڵئاوسانە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا، بەڵام سەلامەت پێیوایە ئەو رێژەیە ئەو دۆخە سەختەی کە ئەوو کڕیارەکانی تێیکەوتوون بەهەند وەرنەگرتووە. «دەبێت تورکستات خۆیان ئەو بەرهەمانەیان هەڵبژاردبێت کە لە ئامارەکاندا بوونیان هەیە یان ئەو بازاڕانەی کە چوون بۆ تۆمارکردنی نرخەکان، دواجار ئەوان دەزگایەکی حکومین  و ئەگەر بڵێن هەڵئاوسان زۆر بەرزترە، ئەوا دەبێت حکومەت مووچەی زیاتر بدات بەکارمەندان و خانەنشینان». ئەو تەنها نییە لەو جۆرە بیرکردنەوەیەدا. دەزگای راپرسی میترۆپۆڵ لەهەفتەی رابردوودا راپرسییەکی ئەنجامداو دەرکەوت لەسەدا ٩٠ی ئەوانەی وەڵامی راپرسییەکەیان داوەتەوە پێیانوایە هەڵئاوسانی ساڵانە نزیک بووەتەوە لە لەسەدا ٥٠ یان زیاتر. زیاتر لە لەسەدا ٦٠یش پێیانوایە هەڵئاوسان لەسەدا سەد یان زیاتر بەرزبووەتەوە. هەڵسەنگاندنی لایەنی ناحکومیش پاڵپشتی لە بیرکردنەوەی رای گشتی دەکات. گروپی توێژینەوەی هەڵئاوسان (ئینا گروپ)، کە پرۆژەیەکی ئەکادیمیە و لەساڵی ٢٠٢٠ەوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ چاودێری گۆرڕنی نرخ دەکات، هەموو مانگێک دوای تورکستات پێوانەی نرخی بەکاربەر بڵاو دەکاتەوە. بەپێی خەمڵاندنی ئینا گروپ، هەڵئاوسانی ساڵانەی تورکیا لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە لەسەدا ٨٢.٨٪، ئەمەش دوو ئەوەندەی ئەو رێژەیەیە کە لایەنی فەرمی بڵاوی کردووەتەوە. تورکستات سوورە لەسەر ئەوەی پێوانەی نرخی بەرکاربەری خۆی بەوردی پێوانەی هەڵئاواسان دەکات. ساڵی رابردوو، سکاڵای لەسەر ئینا گروپ تۆمارکرد بەتۆمەتی ئەوەی ئەو دەزگایە رای گشتی بەلاڕێدا دەبات. ئیبراهیم کەراتاش، ستووننووسی رۆژنامەی رۆژانەی سەباح  و بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای راپرسی ئەنار، دەڵێت تورکستات هۆکاری خۆی هەیە کە نیگەران بێت لەسەر ئەوەی چ پێوانەیەک ورد بێت و چ پێوانەیەک ورد نەبێت. کەراتاش دەڵێت تەرکیزی زۆری خەڵک لەسەر هەڵئاوسان دەکرێت پیوانەکانی تورکستات تێکبدات، چونکە پێوانەی دەزگا حکومییەکە رەنگدانەوەی واقیعە و پێوانی نرخی بەکاربەر بە تێکڕایی ناتوانێت بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ نرخ بکات. «ئێمە تەنها سەیری ئەو نرخانە دەکەین کە بەرز دەبنەوە چونکە ئەوانە سەرنجت رادەکێشن، کاتێك نرخی شتێک کەمە، تۆ وەک حاڵەتێکی ئاسایی دەیبینیت، بەڵام کاتێک بەرز دەبێتەوە کاردانەوەت بەرامبەری دەبێت»، کەراتاش وای وت. دابەزینی لیرەو هەڵئاوسان هەڵئاوسان لە تورکیا بەهۆی دابەزینی بەرچاوی لیرەوە خراپتر بووە کە لەساڵی رابردوودا لەسەدا ٤٠%ی بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکیدا لەدەستدا. دابەزینی لیرە لەسێ مانگی کۆتایی ٢٠٢١ بەهۆی ئەو زنجیرە کەمکردنەوەیە بوو کە لە سوودی قەرزی بانکەکان روویدا لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە بە سەرکردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک تورکیاوە ئەنجامدرا. ئەدرۆغان پێیوایە سوودی کەمتری قەرزی بانکەکان دژی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دەوەستێتەوە – ئەم بۆچوونە دژی تیۆری ئاسایی ئابورییە کە پێیوایە کەمی سوودی قەرز فشاری نرخ بەرزتر دەکات. ئەردۆغان هەفتەی رابردوو رایگەیاند «ئێمە غەمبارین کە هەڵئاوسانی ساڵانەمان گەیشتووەتە لەسەدا ٣٦%، بەڵام وەک ئەوەی کە توانیمان هەڵئاوسان بگەیەنینە لەسەدا ٦٪، دیسان سەرکەوتنەکەمان دووبارە دەکەینەوە و پارێزگاری لە هاووڵاتیانی تورکیا دەکەین.» بۆ هێوکردنەوەی زیانەکانی بەرزبوونەوەی نرخ، لەم مانگەدا حکومەت کەمترین مووچەی بە لەسەدا ٥٠ بەرزکردەوە. لەکۆتایی مانگی رابردووش، حکومەت هەڵمەتێکی راگەیاند بۆ پاراستنی بەهای لیرە بەوەی کە هەر هاووڵاتییەک بە لیرە پارەکانی دابنێت لە بانکدا حکومەت قەرەبووی زیانەکانی بۆ دەکاتەوە ئەگەر بەهای لیرە زیاتر دابەزی، بەمەش هەڵگرتنی لیرە گەیشتە ٨٤ ملیار لیرە (شەش ملیارو ٢١ ملیۆن دۆلار) لە بانکەکاندا. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، زیاتر لەسەدا ٦٠ی هەژماری بانەکەکان لەوڵاتەکەدا دراوی بیانیان تێدایە وەک دۆلار یان یۆرۆ. بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەش لەوڵاتەکەدا هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی. باج لەسەر کارەبا  بەرزبوویەوە بۆ لەسەدا ١٢٥٪ بۆ یەکە بازرگانییەکان و لەسەدا ٥٠٪ بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون. نرخی غازی سروشتیش لەسەدا ٥٠ بەرزبوویەوە بۆ یەکە بازرگانییەکان و لەسەدا ٢٥٪یش بۆ یەکە نیشتەجێبوونەکان. جگە لەمانەش، نرخی گواستنەوەی گشتی لە ئەستەنبوڵ لەسەدا ٣٦ بەرزبووەتەوە. سیاسەت و هەڵئاوسان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا ئەو جیاوازییەیان قۆستووەتەوە کە لەنێوان ئاماری هەڵئاوسانی تورکستات و رای خەڵک و شارەزایاندا دروست بووە. عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و گەشەیە، تورکستاتی بە «پەیمانگەی گۆڕانکاری ژمارەکان» ناوبرد دوای ئەوەی دەزگاکە ئاماری خۆی لەسەر هەڵئاوسان بڵاوکردەوە. مانگی رابردوو لەکاتی پەخشی تەلەفزیۆنیدا، کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە)، ویستی سەردانی ئۆفیسی تورکستات بکات لە ئەنقەرەی پایتەخت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی هەڵئاوسان بکات لە دەزگاکەدا، بەڵام نەیتوانی و دوورخرایەوە. پێوانە سەربەخۆکانی هەڵئاوسانیش رووبەڕووی چاودێری حکومەت بوونەتەوە. لە ئێستادا ئینا گروپ رووبەڕووی لێکۆڵینەوەیەک بووەتەوە لەلایەن بەرپرسانی وڵات دوای ئەوەی تورکستات رایگەیاند ئینا گروپ سەر لە رای گشتی دەشێوێنێت. ئینا گروپ دەڵێت پێوەری هەڵئاوسانی دەزگاکەی خزمەتێکی گرنگی خەڵک دەکات. «ئێمە دەستمان بەم پرۆژەیە کرد، چونکە پێمانوابوو بەشێکی ون بوو هەیە لە چیرۆکەکەدا»، فەیسەڵ ئولوسۆی، پرۆفیسۆری ئابوری لەزانکۆی یەدیتەپە لە ئەستەنبوڵ وای وت کە سەرۆکی دەزگاکەشە لەهەمانکاتدا. «هەموو رۆژێک دەتوانین پێوانەی قەرزی بانکەکان یان بۆرسەی ئەستەنبوڵ یان بۆرسەی واڵ ستریت بکەین، بەڵام ئەوەی ون بوو رێژەی هەڵئاوسانی رۆژانە بوو». ئولۆسۆی دەڵێت تیمەکەی کە پێکهاتوون لەچەندین ئابووریناس و ئەندازیار، بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری بەکاردەهێنن کە رۆژانە ٢٥٠ هەزار خاڵی نرخ لە تاک فرۆشەکانی تورکیا کۆدەکەنەوەو مانگاش ژمارەکە دەگاتە ٧٠٠ ملیۆن. ئەم دەزگایە هەمان رێگەشێواز بەکاردەهێنێت کە تورکستات بەکاری دەهێنیت. نرخەکان پۆلێن دەکرێن بۆ بەشی خواردن، گواستنەوە، پەیوەندی، تەرفیهی، هەروەها کلتور. هەر پۆلێک دواتر پێوانە دەکرێت لەبەرامبەر ئەوەی چەندێك بەکاربەر پارە سەرف دەکات تێیدا بۆ کۆکردەوەی سەبەتەیەکی کاڵاو خزمەتگوزاری – بۆ نموونە: لەسەدا ٢٦% بۆ خواردن، لەسەدا ١٦% بۆ گواستنەوە. لەکۆتاییدا نزیکەی لەسەدا ٢٠٪ی نرخی سەبەتەکان راستەوخۆ لە تورکستاتەوە وەردەگیرێت، بۆ بەرهەمی وەک خواردنەوە کحولییەکان یان تەندروستی یان تێچووی خوێندن کە هەموویان لەلایەن حکومەتەوە رێکدەخرێن. ئەتیلا یەشیلادا، ئابوریناسێکی تورکی، دەڵێت حکومەت چەندین هاندەری لەبەردەمدایە تاڕیژەی هەڵئاوسان بەکەمی بهێڵێتەوە – و بۆ دروستکردنی ئاستەنگی بۆ پێوانەکانی تری وەک ئینا گروپ – چونکە مووچەی کەرتی گشتی و خانەنشینان راستەوخۆ بە پشتبەستن بەئاستی هەڵئاوسان حساب دەکرێت، هەر بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی هەڵئاوسانی فەرمیدا، لەکۆتاییدا خەرجی لەسەر حکومەت زیاددەکات. یەشیلادا باس لەوەش دەکات، هەرچەندا رەنگە کەمی ئاستی هەڵئاوسان ئاماژەیەک بێت بۆ چاودێرانی دەرەوەی تورکیا کە ئابوری وڵاتەکە هێندە خراپ نییە کە باس دەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی خەڵک لەناو تورکیادا ناتوانرێت بەو ئاسانییە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. «ئێمە لەتورکیا لەگەڵ هەڵئاوسان دەژین، گەورەترین بەش کە پارەی تێدا خەرج دەکەین خواردن و کرێ و گواستنەوەیە و ئەمانەش ئەو جۆرە نرخانە لەخۆدەگرن کە بەکاربەر رۆژانە یان مانگانە رووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر درۆیان لەگەڵ بکەیت، ئەوە زۆر دیارو ئاشکرا دەبێت، وادەکات متمانە بە ئەردۆغان و پارتی ئاکەپە لاواز ببێت»، یەشیلادا وای وت. یەشیلادا هۆشداری ئەوەشیدا کە بیرکردنەوەی خەڵکیش نرخەکان بەرز دەکاتەوە. «ئەگەر خەڵک وابیر بکاتەوە هەڵئاوسان نزیکە لە لەسەدا ١٠٠٪، ئەوا هەر کەسێک توانای قۆستنەوەی هەبێت، وا مامەڵە دەکات لەهەڵئاوسان لەسەدا ١٠٠٪»، یەشیلادا وا دەڵێت.  

هاوڵاتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 116 ساڵە لەسێ دەسەڵاتی جیاوازدا هەوڵی خوێندن و بەفەرمی ناساندنی زمانەكەی دەدات و رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، لەنوێترین رووداویشدا زارا محەمەدی بە بیانوی وتنەوەی زمانی كوردی پێنج ساڵ زیندایی بەسەردا سەپێنرا. ئامارەكان دەریدەخەن زمانی كوردی یەكێكە لە دەوڵەمەنترین زمانەكان لەجوگرافیای ئێران و ژمارەیەك بەرچاو لەو جوگرافیایە زمانی كوردی و زۆربەی زاراوەكانی قسە دەكەن، بەلڵام تائێستاش یەك خوێندنگەی سەرەتایی و فەرمی بۆ خوێندنی زمانی كوردی لەئێران دروست نەكراوە تەنانەت رێگریی لەخوێندن بەو زمانە كراوە. ئاستەنگەكانی رێگریی لەخوێندن بە زمانی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان كەم نین و فرە زاراوەیی و نەبونی هاوسەنگیی لەبەكارهێنانی زمان و زاروەكان لەو بەشە لەكوردستان و جوگرافیای ئێرانیش بەشێكی دیكەی كێشەكانن بەجۆرێك هەندێك زاراوەی كوردیی مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە. گرنگرتین پێناسە كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها زمانەكەی بێت، بۆیە كاڵبونەوەی زمانەكەی یەكسانە بە لەناوچوونی پێناسە سەرەكییەكەی، ئەوەش وای كردوە دەسەلڵاتە جیاوازەكانی مێژووی ئێران بەشێوازی جیاواز رێگریی لەگەشەی زمانی كوردی بكەن و زمانی دایك لەمافێكی گەردونییەوە وەك مەترسییەكی سیاسیی لێی بڕوانرێت. زمانی كوردی و دەستوری ئێران لەسێ قۆناغی مێژویی ئێراندا زمانی فارسیی بەزمانی فەرمی ناوی هێنراوە؛ یەكەم قۆناغ لەسەردەمی (شۆڕشی مەشروتە) و دەسەڵاتی موزەفەرەدین پاشای قاجار،  لەساڵی 1906 ئەو زمانە كراوە بەزمانی رەسمیی ئێران بەڵام هیچ ئاماژەیەك بەزمانی كوردی و زمانەكانی دیكە نەكراوە. لەقۆناغی دووەمدا و لەسەردەمی دەسەلڵاتی رەزا پەهلەوی، ئەو لەساڵی 1932 فەرمان دەكات فارسی وەك تاكە زمانی حكومەت بەسەر سەرجەم دامودەزگاكاندا بسەپێت و كوردی و سەرجەم زمانەكان لەئێران قەدەغە دەكات،  ئەوەی سەرنج راكێش بووە لەو سەردەمەدا لەژێر كاریگەریی مستەفا كەمال ئەتاتورك سەرۆكی ئەوكاتەی توركیا پاشای ئێران كوردەكان بە ئێرانی كێوی ناودەبات، چونكە لە دەسەڵاتی توركیا وەك چەكێك گەلی كوردی لە باكوری كوردستان بەتوركی شاخی ناودەهێنا.  لەقۆناغی سێیەمدا و لەسەردەمی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەیاسای ژمارە 15ی دستوری وڵاتەكەدا زمانی فارسی بووەتەوە بەزمانی رەسمی دامودەزگاكان و خوێندنی سەرجەم زمانەكان بە تایبەت كوردی لەقۆناغی سەرەتاییدا رێگەی پێدرا، بەڵام تا ئەم ساڵانەی دواییش نە كار بەیاساكە كراوە نە خوێندنی زمانی كوردی بەفەرمی لەوانەكانی خوێندكارانی ئەو وڵاتەدا گونجێنراوە. لەیاسای ژمارە 15ی دەستوری ئێراندا هاتووە: زمان و رێنووسی هاوبەشی خەڵكی ئێران فارسییە و دەبێت ئەوە زمانی فەرمیی بەڵگەنامەكان و كتێبەكانی خوێندن بێت لە وڵاتەكەدا بەڵام زمانی گەل «قەوم»ی دیكە و خەڵكی خۆجێی لەمیدیا و راگەیاندنەكان و خوێندنگەكاندا هاوشان لەگەڵ زمانی فارسی رێگەپێدراوە. زمانی كوردی دوای 36 ساڵ لەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی 2002 بۆ یەكەمجار لەمێژووی ئێراندا بەشی ئەدەبیات و زمانی كوردی لەزانكۆی كوردستان لەشاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە فەرمیی كرایەوەو تا ئێستاش بە تاكە زانكۆ لەئێران ئەژمار دەكرێت كە وانەی رێزمان و ئەدەبی كوردیی تێدا دەوترێتەوە. لەساڵی 2002 تا 2015 چەندجارێك ئەو بەشە لەزانكۆی سنە راگیراوە، بەڵام لە ساڵی 2015 دوای ئەوەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران رایگەیاند گرنگیی بەزمانی كوردی دەدرێت بەفەرمی دەستی بەكارەكانی كردەوە. ئەگەرچی كورد دوای 36 ساڵ هەوڵدان لەگەڵ حوكمڕانیی ئێران توانیویەتی بەسەرەتایترین مافی خۆی لەخوێندنی فەرمی بەزمانی دایكی بگات، بەڵام ساڵی رابردوو لە رێكەوتی (19/8/2021) سەرجەم ئەو نووسراوانەی زمانی كوردیی، تابلۆكانی زانكۆی كوردستان لە سنە لابران و ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا. بەرپرسانی زانكۆكە بەمیدیاكانی ئێرانیان راگەیاند هەندێك گەنج سەرەڕۆیانە ئەو كارەیان كردووە و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەكە كردووە لەكاتێكدا ئەگەر فەرمانی لایەنێكی دەسەڵات لە پشت ئەو كارە نەبێت ئاسان نییە تابلۆی سەر دەرگاو ناو هیچ زانكۆو خوێندنگەیەك دەستكاریی یان گۆڕانكاریی تێدا بكرێت. زمانی كوردی لە ئێران لە راپۆرتی نەتەوەیەكگرتوەكاندا هاتووە زمانی كوردی دوای زمانەكانی (فارسی، ئازەری، گیلەكی) چوارم زمانە لە ئێران كە زیاترین پێكهاتەی ئەو جوگرافیایە قسەی پێدەكەن. ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە زیاتر لە 84 ملیۆن كەس و بە پێی ئامارە فەرمییەكانی ئێران رێژەی 10% بۆ 11% گەلانی ئێران بەزمانی كوردی قسە دەكەن كە دەكاتە نزیكەی نۆ ملیۆن كەس لەكاتێكدا بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان؛ ژمارەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەگاتە نزیكەی 18 ملیۆن كەس، بۆیە پێدەچێت نزیكەی 20%ی دانیشتوانی ئێران بەزمانی كوردی قسە بكەن بەتایبەت كە زۆرینە زاراوەی سەرەكییەكانی كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان جگە لە زاراوەی زازاكی بەدی كراوە و 40 شێوەزاریش لەناوچە جیاوازەكاندا تۆمار كراوە. زمانی كوردی لەئێران دوای زمانی فارسی و زمانی گیلەكی زیاترین زاراوەو شێوەزاری هەیەو رەنگە ئەوەش ئاماژەیەكی روون بێت كە رێژەیەكی بەرچاوی دانیشتوانی جوگرافیای ئێران بەزمانی كوردی قسە دەكەن. زۆرینەی كورد لە رۆژهەلڵاتی كوردستان بە زاراوەكانی (كەلهۆڕی، لوڕی، هۆرامی، كورمانجی و سۆرانی ) قسە دەكەن و لەئامارەكانی ئێراندا هاتوە زۆرینەی دانیشتوانی هەشت پارێزگا لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەزمانی كوردی قسە دەكەن. زۆرینەی كورد لەپارێزگاكانی (ئیلام، كرماشان، ئورمیە، خوراسانی باكورو خوراسانی رەزەوی، لوڕستان ، خوزستان ، چورمحاڵ و بەختیاری ) لە رۆژهەلڵاتی كوردستان و ئێران نیشتەجێن، بەڵام بەو جیاوازییەی كە ژمارەیەكی بەرچاوی كورد لەپارێزگاكانی خوراسانی باكورو خوراسانی رەزەوی دەژین كە پێان دەوترێت كوردی خوراسان، بەڵام لە رووی جوگرافییەوە ئەو دوو پارێزگایە دەكەونە رۆژهەڵاتی ئێرانەوە لەكاتێكدا پاریزگا كوردییەكانی دیكە دەكەونە رۆژئاوای جوگرافیای ئێرانەوە، بۆیە دابڕانێكی گەورە هەیە لەنێوان كوردەكانی خوراسان كە بەكرمانجی قسە دەكەن لەگەڵ بەشەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان. سۆرانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێوەیەكی باو تائێستا گومان دەكرێت كەزۆینەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەزاراوەی سۆرانی (كوردیی ناوەڕاست) قسە بكەن بەڵام لە راستیدا ژمارەیەكی بەرچاوی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە زاراوەی كورمانجی و كەڵهۆری قسە دەكەن و ئەوەی وای كردووە گومان بكرێت ژمارەی سۆرانییەكان بەرچاون، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كورمانجەكانی رۆژهەڵات زیاتر لە باكوری كوردستانەوە نزیكن و كەلهۆڕەكانیش زیاتر لەخانەقین و ناوچەی گەرمیان لەباشوری كوردستانەوە نزیكن و لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی میدیایی و راگەیاندنەوە لە ئێران گرنگیی بە زاراوەكانیان نەدراوە. نزیكەی (430) گۆڤارو رۆژنامە و بڵاوكراوەی زمانی كوردی و فارسی لەپارێزگای سنە تۆمار كراوەو بەشێكی بەرچاویان بە زاراوەی سۆرانی و بەزمانی فارسی بوون و تا ئێستاش زۆرینەی رەهای وەرگێڕان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەزمانەكانی دیكەوە بۆ كوردی سۆرانییە و بایەخەێكی ئەوتۆ بە زاراوەكانی دیكەی كوردی نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها زاراوەی سۆرانی بۆ وەرگێڕان بەفەرمی لەلایەن ناوەندی وەرگێڕانی ئێراندا تۆمار كراوە و هاوكات لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە مۆلەتی فەرمیی پێدراوە. لە ئێران تەنها یەك تەلەفیزیۆنی سەرتاسەری كوردی و فەرمیی هەیە بە ناوی سەحەر كە 22 كاتژمێر بە زاراوەی سۆرانی و تەنها دوو كاتژمێر بە زاراوەی كورمانجی پەخش دەكات. شەش تەلەفیزیۆن و حەوت رادیۆی ناوخۆیی (لۆكاڵی) لە ئاستی پارێزگاكاندا هەیە كە بە زمانی كوردی و زاروە كانی پەخشی خۆیان دەكەن بەڵام ئەوانەش زۆرینەیان بە زاراوەی سۆرانی پەخش دەكەن. گومان لەوەدا نییە سەرەڕای ئاستەنگییەكان زاروەی سۆرانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان چالاكترە بەراورد بەزاراوەكانی دیكە بەڵام نەبونی هاوسەنگی و كەمتەرخەمیی وای كردوە تەنها ئەو زاراوەیە پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت و تەنات چالاكوانانی ئەدەبی و فەرهەنگیی كوردەكانی خوراسان هۆشدارییان داوە لە لەناوچوونی زراوەكایان. زمانی كوردی لەباكورو باشورو رۆژهەلات تائێستا لەتوركیا ‌و ئێران، سەرەڕای یاساكانیان، زمانی كوردی وەك مەترسیی دەبینن و ئەو مامۆستایانەشی بەخۆبەخش وانەی كوردی دەڵێنەوە، رووبەڕووی سزای زیندانیی دەبنەوە، لەم راپۆرتەدا مێژوی بەكارهێنان و رێگریی لەزمانی كوردی لەنێوان هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان خراوەتەڕو.و بناغەی كاركردن بەزمان و رێنوسی كوردی مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 120 ساڵ، بەڵام گەلی كورد كەژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 45 ملیۆن كەس تەنها لەهەرێمی كوردستان و عێراق بە رەسمی دانی پێدا نراوەو بەشەكانی دیكەی كوردستان بەردەوام رووبەڕووی كێشە و مەینەتیی بوونەتەوە لە بەكارهێنانی زمانەكەیان كە مافێكی سەرەتایی هەر گەلێكە لەجیهان. لەساڵی 1958 حكومەتی ناوەندیی ئەو سەردەمی عێراق رێگەی داوە بەبەكارهێنانی زمانی كوردی و لە دەستوری ئەو كاتیشدا هاتوە كە كورد و عەرەب لەنیشتمانێكی هاوبەشدا دەژین. حكومەتەكانی ئەو سەردەمی عێراق ئەگەر كاریشی بەو زمانە نەكردبێت، لانیكەم هەوڵی رێگریی لەدژی ئەو زمانە نەداوەو تەنانەت لەساڵی 2005 زمانی كوردی بووە زمانی رەسمیی عێراق و ئەوەش لەدەستوری وڵاتەكەدا جێگیر كرا. ئەگەرچی تائێستاش زمانی كوردی لەباكوری كوردستان بەزمانێكی رەسمی لەلایەن حكومەتەوە ناناسرێت و تەنانەت رێگریی دەكرێت لەبەكارهێنان و خوێندن بەو زمانە بەڵام مێژووی كاركردن  بەپیتی لاتینی كرمانجی لەو بەشە لەكوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1932. زمانی كوردی بە 143 یەمین زمان لەنێوان 342 زمانی جیهاندا ئەژمار دەكرێت و 470 یاسا لەگۆی زەویدا تایبەت كراوە بەپاراستنی زمان و تەنانەت لەهەندێك شوێنی ئەم گۆی زەوییە و بەدیاریكراوی لەهندستان هەیە تەنها 800 كەس بەزمانێكی تایبەت قسە دەكەن، بەڵام نەتەوەیەكگرتووەكان بەپێی یاسا بەرپرسیارە بۆ رێگریی لە لەناوچوونی زمانەكان سەرەڕای ئەوەش ساڵانە 52 زمان لەجیهاندا لەناودەچن. زیاتر لەپێنج هەزارو 740 خوێندنگە هەیەو زمانی كوردی تێدا دەوترێتەوە لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی كوردستان و باكوری كوردستانیش بەتەنها یەك خوێندنگەی فەرمیی نییە كەزمانی كوردیی تێدا بخوێنرێت. بەپێی یاسای ژمارە 15 و 19ی دەستوری كۆماری ئیسلامی ئێران خوێندن بەزمانی دایك رێگەپێدراوەو هەر بەپێی ئامارەكانی حكومەت زمانی كوردی 10٪ی زمانەكانی ئەو وڵاتەیەو دوای زمانی فارسی و توركی زیاترین ژمارەی دانیشتوانی جوگرافیای ئێران بەزمانی كوردی قسە دەكەن. ئەگەرچی لەیاساو دەستوری ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە بەكارهێنانی زمانی دایك رێگەپێدراوە، بەڵام زمانەكە لەهیچ دامودەزگایەكی فەرمییدا كاری پێناكرێت و بەهۆی ئەو كەشە ئەمنی و هەواڵگرییەی لە 40 ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە. زۆربەی ئەو چالاكانەی هەوڵی پاراستنی زمانی كوردی دەدەن یان خوێندنگەو ناوەندی خوێندنی تایبەت بەزمانی كوردی دەكەنەوە رووبەڕووی سزای قورس دەبنەوەو زارا محەمەدی مامۆستای زمانی كوردی لەسنە بەیەكێك لەقوربانیانی پاراستنی زمانی كوردیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەزانرێت. زارا محەمەدی كە مامۆستای زمانی كوردی بووە  لەلایەن دادگای سنەوە بەتۆمەتی دامەزراندنی رێكخراوی قەدەغەكراو سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە لەكاتێكدا رێكخراوەكەی ئەو مامۆستایە بۆ فێركردنی خۆبەخشانەی زمانی كوردی  بووە

هاوڵاتی یەكێتیی ئەوروپا رەخنە لە سێ وڵاتی هاوسنووری بیلاڕووسیا دەگرێت، رەفتارەكانیان لە ئاست كۆچبەران بە نایاسایی ناودەبات و دەشڵێت بۆیان نییە كۆچبەران بگەڕێننەوە. ئێلڤا جۆهانسن، كۆمیسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری ناوخۆ رایگەیاند: لەم بارودۆخە مەترسیدار و قورسەی كە هەرسێ وڵاتی پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا تێیدان، هێشتا دەبێت بەگوێرەی یاسا كۆچبەران لەسەر سنوورەكانیان نەگەڕێننەوە، چونكە بەزۆر گەڕاندنەوەی كۆچبەران نە یاساییە و نە جێگەی پەسەندكردنیشە. وتیشی: دەبێت بارودۆخێك دروستبكەن كە تێیدا خەڵكی مافی ئەوەی هەبێت داوای پەنابەری بكات، داواكەی تاوتوێ بكرێت و پاڵپشتی و راوێژی یاساییان پێبدرێت. لەناوەڕاستی ساڵی 2021 ەوە زیاتر لە هەشت كۆچبەر چوونە بیلارووسیا تا لەناو خاكی پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیاوە بگەنە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، هەندێكیان رووبەڕووی تووندوتیژیی هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانانی سنوور بوونەوە، بەڵام توانییان بە هەر رێگەیەك بێت بۆ وڵاتانی دیكەی رۆژئاوای ئەوروپا دەربازبن،هاوكات سەدان كۆچبەری دیكە لەسەر سنوور بە زەبری هێز گەڕێندرانەوە بۆ بیلاڕووسیا و ئەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین لە چوارتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، بەبڕی 97 ملیمەتر، لە بەرامبەردا لە سەنتەری پارێزگای هەولێر كەمتر لە یەك ملیمەتر باران باریوە. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزرانی هەرێمی كوردستان ئاماری بڕی بارانبارینی 24 كاتژمێری ڕابردووی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: زۆرترین بڕی بارانبارین لە چوارتا بووە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بە بڕی 97 ملیمەتر، لە سەنتەری پارێزگاكەش 44 پۆینت شەش ملیمەتر، لە ڕانیە 52 پۆینت چوار ملیمەتر، لە ماوەت 34 پۆینت هەشت ملیمەتر، لە پێنجوێن 58 پۆینت چوار ملیمەتر، لە بەرزنجە 61 ملیمەتر و لە قەرەداغ 70 ملیمەتر باران باریوە. بەپێی ئاماری كەشناسی هەرێم، لە پارێزگای كەركوك لە سەنتەری پارێزگاكە سێ پۆینت پێنج ملیمەتر، لە كەلار یەك پۆینت چوار ملیمەتر، لە مەیدان حەوت ملیمەتر، لە خورماتوو دوو پۆینت پێنج ملیمەتر و لە كفری یەك ملیمەتر باران باریوە. لە سەنتەری پارێزگای هەولێر كەمتر لە یەك ملیمەتر، لە سۆران چوار ملیمەتر، لە هیران 17 ملیمەتر، لە حاجی ئۆمەران 19 ملیمەتر، لە میڕگەسوور 31 پۆینت چوار ملیمەتر، لە بارزان 24 ملیمەتر باران باریوە. بەپێی ئامارەكەی كەشناسی هەرێم، لەدهۆك لە سەنتەری پارێزگاكە حەوت پۆینت یەك ملیمەتر، لە ئاكرێ سێ ملیمەتر، لە كانی ماسی 38 ملیمەتر، لە ئامێدی هەشت ملیمەتر، لە بجێل پێنج ملیمەتر، لە دینارتە چوار پۆینت سێ ملیمەتر، لە مانگیش 22 ملیمەتر و لە چەمانكێ نۆ ملیمەتر باران باریوە. هەروەها سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە كەشناسی هەرێم دەڵێت: لە سنوری ئەو پارێزگایە 32 پۆینت چوار ملیمەتر، لە تەوێڵە 26 ملیمەتر، لە خورماڵ 30 پۆینت شەش ملیمەتر، لە بیارە 12 پۆینت حەوت ملیمەتر و لە سیروان 28 پۆینت دوو ملیمەتر باران باریوە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت ئەگەر دانوستانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران شكست بهێنێت، بژاردەی دیكەیان دەبێت. ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی ئێن پی ئاڕ رایگەیاند: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە ئاستێك كە ئەستەمە بگەڕێتە دواوە و تاران بە پشتگوێخستنی بەندەكانی ناو رێككەوتننامەی ئەتۆمی، رۆژ بە رۆژ لە گەیشتن بە چەكی ئەتۆم نزیك دەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی باشترین كارە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریكا و بۆ ئەو مەبەستەش تەنھا چەند ھەفتەیەكمان لەبەردەستدا ماوە. بلینكن دەشڵێت: ئەگەر دانوستانەكانی ڤییەننا شكست بھێنێت و نەتوانین لەگەڵ ئێران بگەین بە رێككەوتن، بژاردەی تر دەگرینەبەر.

هاوڵاتی دوو كۆچبەری كورد كە هاوسەری یەكتربوون و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن، لەكاتی پەڕینەوە لەڕووبارێكی یۆنان خنكان. جەلیل رەوانگەردی تەمەن 34 ساڵان و سومەییە جامخانەی تەمەن 28 ساڵان كە هاوسەر بوون و خەڵكی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانن. رۆژی پێنجشەممە لە رووباری سێرسی یۆنان خنكان. ئەو دوو كۆچبەرە و كەسێكی دیكە كە برای سومەییە بووە بە ناوی عەبدوڵڵا جامخانە و تەمەنی 15 ساڵ بووە، ویستوویانە بە پێ بەناو رووبارەكەدا بپەڕنەوە، بەڵام هەردوو هاوسەرەكە خنكاون و عەبدوڵڵا رزگاری بووە و لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر كراوە. ئەو دوو هاوسەرە ساڵی رابردوو مەریوانیان جێهێشتووە و بەم دواییانە لە توركیاوە بەرەو یۆنان رۆیشتوون.

سەركۆ جەمال لەچەند رۆژی رابردوودا لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی لێكردنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان دەستیپێكرد ئەوەشیان وەك كاردانەوەیەك پیشاندا كە پارەی ئاوی بەشێكی ماڵان زۆر هاتووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت:»هەركەس پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت». لە 8/1/2022 لەهەرێمی كوردستان كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو راگەیەنراوە و كەمپینەكەش لە گەرمیانەوە دەستیپێكرد، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەكۆی 117 ملیار دینار خەرجی دابینكردنی بەستنی پێوەری ئاو، 42 ملیار دینار كۆكراوەتەوە، هەروەها 67%ی هاوبەشانی ئاو لەهەرێمی كوردستان پێوەریان بۆ نەبەستراوە. ئومێد عەلی، ئەندامی كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو لەگەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو بۆ ئەوەبوو كە دەنگی خۆم بگەیەنمە حكومەت، چونكە حكومەت بە نیازبوو خزمەتی هاووڵاتیان بكات، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكەی بەستووە خەڵكی رووتاندووەتەوە، چونكە خزمەتگوزارییەكەی وەك خۆی بەئێمە ناگات و كارەكە بووەتە بازرگانیكردن لەسەر هەژاران.»  ئەو هاووڵاتییە پێشیوابوو كە ماڵ هەیە پارەی زۆری خوێندووەتەوەو ماڵیش هەیە هیچی نەخوێندووەتەوە. هەرێم رەفعەت، پارێزەر لەهەولێر سكاڵای یاسایی لەداواكاری گشتی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، بەهاوڵاتی وت :»ئێمە داوایەكمان داوەتە داواكاری گشتی لەسەر داوای هاووڵاتیان، هەر پێوەرێكیش داخڵی سیستەم نەكرابێت مانگانە 80 هەزار دینار سزای دارایی دراوە، ئەمەش هەڵەی كۆمپانیایە كە خەڵكی ئاگادارنەكردووەتەوە، بە هیچ هاوبەشێكیش نەوتراوە كە دەبێت لە سیستەم داخڵی بكەی.» هاوكات، عەبدوڵای مەلا نوری، سەرۆكی حزبی كۆنگرەی ژینگەو دیموكراتی  وەك خۆی بەهاوڵاتی وت: كەمپینێكی دژ بەو پێوەرە نادادپەروەرە راگەیاندووە و خەڵكێكی زۆر پێشوازیان لێكردووە. هەروەها وتی:» پێوەری ئاو یەكێكە لەو دەمارو بزوێنەرە زیرەكانەی، كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادادپەروەرانە خراوەتە ناو ماڵەكانمانەوە، بە مەبەستی دزین و هەڵمژینی داهات و خوێن و عارەقەی هاووڵاتیان، لە پێناو زیاتر پارەداركردنی كۆمپانیاكانی سەرانی گەندەڵی ئەم وڵاتە، بۆیە بڕیارمدا بۆ لێكردنەوەی كەمپینێك رابگەیەنم». رۆژی 9/1/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم رایگەیاند:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو كارێكی دروست نیەو دوورە لەیاسا، چونكە ئاو سامانێكی نیشتیمانیەو بەكارهێنانی پێویستە بەپێی ستاندارد بێت. وەزیری شارەوانی راشیگەیاند:» هەر پێوەرێك لەئاستی سروشتی خۆی زیاتر بخوێنێتەوە ئەوا ئاستی 45 هەزار دیناری بۆ دانراوەو هاووڵاتیان لەو بڕە پارەیە زیاتر نادەن،  هەركەس و لایەن و دەزگایەكی میدیایی هاندەر بێت بۆ لێكردنەوەی پێوەری ئاو دەبێت سزا بدرێت». پەرلەمانتارێك كە پێشتریش لەسەر ئەو پرسە چەند جارێك قسەی كردووە، ئاشكرایدەكات «حكومەت ئەگەر فشار لەهاووڵاتیان نەكات بۆ بەستنی پێوەر بەكۆمپانیا دەدۆڕێت، بۆیە ئەو كارە دەكات». دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « نە وەزیری شارەوانی و نە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو نە هیچ كەسێك ناتوانێت یەك دینار سزای هاووڵاتیان بدات لەبەر لێكردنەوەی پێوەری ئاو، چونكە پێشتر هەوڵیانداو هێنایانە پەرلەمان تا لەماددەیەكدا جێی بكەینەوە، بەڵام نەبوو بەیاسا». هەروەها باسی لەوەشكرد  خەڵكێكی زۆر كێشەیان لەگەڵ پێوەرەكە هەیە ئەگەر وانەبێت لەپەرلەمان ئەو هەموو حزبەی تێدایە چۆن كۆدەنگی دروست دەبێت، وتیشی:»وەزارەتی شارەوانی تووشی ئابڕووچوونێكی گەورە بووە، چونكە پێوەرەكان هەڵە دەخوێنێتەوە لەكۆتا جاردا 45 هەزار پێوەری داناوە كەواتە پێوەری ئاو بۆچییە؟». وەك ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد تاساڵی 2018 دەبوایە 85%ی خەڵك پێوەری ببەستایە بەپێی گرێبەستی كۆمپانیاكان و وەزارەت، بەڵام تەنیا 65%ی بەستراوە، « وەزارەت هاتووە سزای خەڵك دەدات، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەگەر پێوەرەكە نەبەسترێت دەدۆڕێن بەكۆمپانیا، بۆیە فشار لەخەڵك دەكەن كە پێوەر ببەسترێت». دابان محەمەد ئەوەشی ئاشكراكرد لەهەر پێوەرێكدا نزیكەی سێ هەزار دینار بۆ كۆمپانیایە لەسلێمانی و لەهەولێر زیاترە لە سێ هەزار، لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین كۆمپانیایەكی دیكە و بەشێوەیەكی دیكەیە، واتە بەپێی شوێنەكان دەگۆڕێت»بەڕێوەبەرایەتی ئاو هەشت هەزار فەرمانبەری هەیە لەكاتێكدا كۆمپانیاكان بە 500 كارمەندەوە دەتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام بۆچی وەزارەتی شارەوانی ناتوانێت بیكات». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو كە سێ چارەسەریان داوە بە وەزارەتی شارەوانی، یەك: ئەو سزایەی هەیە دەبێت لاببرێت، دوو: ئەو پارەیەی بەپێی پێوەر هاتووەتەوە زۆرەو دەبێت وەكو پێشووتر بۆی هەژمار بكرێت بەمەتر، سێ: ئەگەر بڕیارە پێوەر دابنرێت دەبێت پێوەری زیرەكی ئەلكترۆنی دابنرێت وەكو پێوەری كارەباش بێ بەرامبەر بۆ خەڵك دابین بكرێت. بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەر كەسێك پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، وتیشی:» تائێستا هیچ هاووڵاتیەك لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو سزا نەدراوە، پێشتریش وتوومانە هەر پێوەرێك كێشەی هەبێت دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاو بكات بۆ ئەوەی كێشەكەی بۆ چارەسەر بكرێت». هەروەها وتیشی:»ئەو كەسانەی پێوەریان لێكردووەتەوە یاخود هەر نەیانبەستووە، لەڕێگەی كۆمپانیاكانەوە سزا دەدرێن بەبڕی 80 هەزار دینارو ئەو سزایەش هەر كۆمپانیاكان لێی بەرپرسن چونكە ئەوان پارەی ئاو كۆدەكەنەوە». لەبارەی چۆنیەتی سزاكەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوەی روونكردەوە كە سزاكە كاتێك جێبەجێ دەكرێت كۆمپانیاكان سەردانی ماڵەكان دەكەن و دەبینن كە پێوەرەكە لێكراوەتەوە یاخود نەبەستراوە، ئەوكات بڕی 80 هەزار دینار وەك پارەی ئاو بۆ مانگێك وەردەگیرێت وەكو سزادان.

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەژێر فشاردا نەبووبێت، ئەوە دەبێتە یەکەمین جوڵەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان و دڵنیاییش دەدات کە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەدا ئەو لایەنانە پەنا بۆ دروستکردنی گرژی نابەن، بۆیە داوا دەکات ئۆپۆزسیۆن نەبێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا. موقتەدا سەدر لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر لەپەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەژێر فشاردا نەبووبێت بۆ راگرتنی کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەوە یەکەمین هەنگاوە بە ئاڕاستەی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان و دڵنیاییدانە بۆ دروستنەبوونی گرژی لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا. ئاماژەی بەوەشکردوە، چاوەڕوانییان لە ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە کاربکات لەپێناو بەرژەوندی گشتی، رەچاوکردنی  وادە دەستورییەکان، پیویستی گەل بۆ پەلەکردن لەپێکهێنانی حکومەت، چونکە بەرژەوەندی گەل لەسەروی بەرژەوەندی حزبی و مەزهەبییەوەیە. رێبەری رەوتی سەدر داواش دەکات لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هاوکاربن لەپێناو رزگاکردنی عێراق لە "داگیرکاری، تیرۆر، گەندەڵی و شوێنکەوتەیی و پێویستە ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی بن". رۆژی پێنجشەممە، 13-01-2022 لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار باسم خەشان و مەحموود داوود یاسین، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی کاتیی دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دەرکرد.

هاوڵاتی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ راپۆرتێكی 752 لاپەڕەیی بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئازادی رادەربڕین خەڵك تۆمەتبار دەكەن. رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێكدا دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان و چەند كەیسێكی دیكە باس دەكات و ڕایگەیاند: بە درێژایی ساڵی 2021، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوای چەندین كەیسی دادگاوە بوو لە دژی رۆژنامەنووسان بەهۆی نووسینەكانیانەوە، لە شوباتی 2021 دادگای تاوانی هەولێر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاكوانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا لە رێكارێكدا كە گومانی جددی لەسەر پێشێلكردنی دادگاییەكی دادپەروەرانەی تێدابوو، هەروەها دەستێوەردانی سیاسی باڵا. راپۆرتەكە دەڵێت: دادگا سكاڵای ئەو تۆمەتبارانەی رەتكردووەتەوە كە وتویانە ئەشكەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كراوە، بەوەی كە بەڵگە لەبەردەستدا نییە، رۆژنامەنووسێكی دیكە لەسەر خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلوول، سزای زیندانی یەك ساڵی بۆ دەرچوو، چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە لە 2020 دەستگیركران، لە هەشتی تشرینی دووەمی 2021 هەریەكەیان سزای زیندانیان لەنێوان ساڵیك بۆ دوو ساڵ بۆ دەرچوو. وەك رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ نوسیویەتی: كارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب سزای زیندانی ساڵێك و دوو مانگیان بۆ دەرچوو، شێروان تەها بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزادران، مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا. لە هاوینی 2020 ژمارەیەك مامۆستا و چالاكوان و رۆژنامەنووس لە دهۆك بە تۆمەتی جیاواز دەستگیركران، دۆسیەكەیان سەریكێشا تاوەكو لە 16ی شوباتی 2021 دادگای هەولێر، پێنج گیراوی پارێزگای دهۆكی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایش بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. لە 19ی شوباتی 2021 ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاند: داوا لە هەموو لایەك دەكەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی بكات. دوای دروستبوونی كاردانەوەی بەرفراوان لەسەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی، لە 27ی حوزەیرانی 2021 دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەبارەی حوكمدراوانی بادینان دەركرد و هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران. رۆژێك دواتر و لە 28ی شوباتی 2021 دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە سەربەخۆیی دادگەكانی هەرێمی كوردستان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش دەگرین، وەكو حكومەت ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری دادگاكاندا بكەین. رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی: داوا لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەكیش دەكەین رێز لە سەربەخۆیی دادگەكان و بڕیارەكانیان بگرن، چونكە دادگاكان لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەرییش لە هەرێمی كوردستان میكانیزمێكی زۆر روونیان بۆ پێداچوونەوە و پەسەندكردنی بڕیارەكانیان هەیە. لە 8ی تشرینی دووەمی 2021 دادگاییكردنی حوكمدراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان رایگەیاند: دوو لە حوكمدراوەكان ئازادكران دوای ئەوەی هەریەك لە كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێك و دوو مانگ حوكمەكەیان لە زیندان تەواوكرد، دووانی دیكەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی كران. راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ بۆ ساڵی 2022 پێكدێت لە 752 لاپەڕە، لەو راپۆرتەدا باس لە دۆخی مرۆیی نزیكەی 100 وڵات كراوە.

هاوڵاتی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا، كارەكانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەكی كاتیی هەڵپەسێردرێت، ئەویش بەهۆی بوونی سكاڵایەك لەسەر دانیشتنەكە. دادگای فیدڕاڵی عیراق لەڕاگەیەنراوێكدا، كە واژۆی هەر نۆ ئەندامی سەرەكیی دادگاكەی لەسەره ڕایگەیاند: دادگای فیدڕاڵیی بڕیاریداوە كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە ڕۆژی یەكشەممە هەڵبژێردران هەڵپەسێردرێت، ئەویش لەسەر سكاڵایەكی هەردوو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خەزعەل، كە لەسەر ڕوداوەكانی ناو كۆبوونەوەكە تۆماریان كردبوو. لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش نووسراوە، ئەو دوو پەرلەمانتارە سكاڵایان لەسەر محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی تۆماركردووە و پارێزەرەكانیان باس لەوە دەكەن لە كۆبوونەوەكەدا پێشێلكاریی یاسایی و دەستووریی ڕوویداوە. ڕۆژی نۆی ئەم مانگە، خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەحمود مەشهەدانی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار دەستپێكرد، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا كۆبونەوەكە بۆ ماوەیەك ڕابگیرێت، ئەوەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە و دۆخی مەحمود مەشهەدانیش تێكچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە. دواتر بە سەرۆكایەتیی دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوە دەستیپێكردەوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە ڕێككەوتنێكی سەدرییەكان، پارتی و تەقەدوم و عەزم، هەڵبژێردران.

کاکەلاو عەبدوڵا دوای هەفتەیەک لە تووڕەیی خەڵک، خۆپیشاندانەکانی کازاخستان کۆتایی هات و سەربازانی روسیا نەیانهێشت دەسەڵاتی بنەماڵە بکەوێت کەماوەی ٣٠ ساڵە گەندەڵی و قۆرخکاری لەوڵاتەکەدا ئەنجامدەدەن. لەسەرەتای ئەم مانگەوە خەڵکی شاری ئەڵماتی، کە گەورەترین شاری کازاخستانە، رژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەتایبەتی غازی شل، کە بەشێکی زۆری خەڵک پشتی پێدەبەستن بۆ کارپێکردنی ئۆتومبیلەکانیان. هەرچەندە کازاخستان وڵاتێکی پر سامانی سروشتییە و نەوت و کانزای یۆرانیۆمی زۆرە و خاوەنی لەسەدا ٣٪ یەدەگی نەوتی جیهانە، بەڵام نرخی غاز لە ١١ سەنتەوە بەرزکرایەوە بۆ ٢٨ سەنت، ئەمەش خەڵکی تووڕە کردو خۆپیشاندانەکان فراوان بوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی قۆرخکاری و گەندەڵی بنەماڵەکان کە ماوەی ٣٠ ساڵە لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە کازاخستان بەڕێوە دەبەن. لەخۆپیشاندانەکاندا گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو، چەندین باڵەخانە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا. لەپێنجشەممەی رابردوودا، خۆپیشاندانەکان گەیشتنە ترۆپک و هێندەی نەمابوو دەسەڵاتی قاسم جۆمارت تۆکایڤ، سەرۆکی وڵاتەکە کۆتایی پێ بێت، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا کە خۆیان لەزیاتر لەدوو هەزار سەربازدا دەبینییەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوەو خۆپیشاندانەکان بەرەو دامرکانەوە رۆشتن. لەهەمان رۆژدا قاسم تۆکایڤ فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد «بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقە بکەن»، ئەمەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی قوربانییەکان و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ١٦٤ کەس گیانیان لەدەستدا. هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا لە چوارچێوەی رێکخراوی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان  بوو کە هاوپەیمانیەتییەکە روسیا لەگەڵ وڵاتانی ژێردەستەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت دروستی کردووە و پێیوایە ئەو وڵاتانە هێشتا لەژێر هەژموونی خۆیدان و پشێوی لەو وڵاتانە پشێوییە لەنێو روسیادا. لەدووشەمەی رابردوودا ، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی رێکخراوەکەدا سەرکەوتنی لە کازاخستان راگەیاند و وتی کە سەرکەوتوون بەسەر دەستی دەرەکی و دەستدرێژی تیرۆریستان و پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو وڵاتەکان دووپاتکردەوە لەحاڵەتی روودانی هەر رووداویكی لەو جۆرەی کازاخستان. لەهەمان کۆنفراسندا قاسم تۆکایڤ رایگەیاند «هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە کازاخستان شکستی هێناوە». بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ لەئۆپەراسیۆنەکەدا نزیکەی نۆ هەزار و ٩٠٠ کەس دەستگیرکراون کە پشێویان ناوەتەوە لەخۆپیشاندانەکاندا. تۆکایڤ خۆپیشاندەرانی بە «گێرەشێوێن» و «تیرۆریست» ناوبرد و رایگەیاند هێرشیان کردووەتەسەر باڵەخانە حکومییەکان و چەکدارانی ئیسلامی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفغانستان بەتایبەتی بەشدارییان لەهێرشەکاندا کردووە. دوای دامرکاندنەوەی توورەیی خەڵک، تۆکایڤ رایگەیاند لەماوەی دوو رۆژدا هێزەکانی روسیا کازاخستان بەجێدە‌هێڵن و پرۆسەکە ١٠ رۆژی پێدەچێت تا بەتەواوی لەوڵاتەکە نامێنن. رۆژی سێشەممە ، تۆکایڤ حکومەتێکی نوێی راگەیاند بە سەرکردایەتی عەلی خان سمایلۆڤ. لە دانیشتنێکی پەرلەماندا دەنگی زۆرینە درا بە عەلی خان سمایلۆڤ و وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاریکرا. سمایلۆڤی تەمەن ٤٩ ساڵ پێشتر لەساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە و ساڵی ٢٠١٩ش بووە جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی وڵات تا ئەوکاتەی کە لەهەفتەی رابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەرۆکی وڵاتەکە کابینەکەی هەڵوەشاندەوە. لەوتارێکیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی، تۆکایڤ هەوڵیدا خۆی بەدووربگرێت لە نورسوڵتان نازاربایڤ، سەرۆک پێشووی وڵاتەکەو رایگەیاند تووڕەیی خەڵک لەسەر نایەکسانی داهات جێی قبوڵە و داوای ئەوەی کرد نزیکەکانی نازاربایڤ سامانەکانیان بەش بکەن لەگەڵ خەڵکدا. زۆربەی شیکەرەوانی ئاسیای ناوەڕاست پێیانوایە ناکۆکی و شەڕی بنەماڵەیی لەنێو نوخبەی دەسەڵاتدا رۆڵێکی گەورەی گێڕابێت لەو پشێویەی دروست بوو کە لەماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیاندا رووداوێکی لەو جۆرە رووینەداوە. لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان لە لوتکەدا بوون، تۆکایڤ رایگەیاند نازاربایڤ لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە – نازاربایڤ هەر لەو پۆسەتەدا دەسەڵاتی خۆی بەردەوامی پێداو هەژموونی خۆی زیادکرد دوای ئەوەی لە ٢٠١٩دا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی بوو بۆ تۆکایڤ. نازاربایڤی تەمەن ٨١ ساڵ، کە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ وڵاتەکەی بەڕێوەبردو تۆکایڤی وەک جێگرەوەی دەستنیشانکرد، لە کاتی خۆپیشاندانەکانەوە هیچ لێدوانێکی نەبووە، بەڵام نزیکەکانی رایانگەیاند خۆی وازی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش هێناوە.

عەمار عەزیز   قایمقامی شەنگال ئاماژە بەوە دەدات لەدوای رێككەوتنی بەغداو هەولێر گەڕانەوەی ئاوارەكان كەمیكردووەو ئەوەشی بە «موئامەرە» وەسف كرد بۆ سەر ئێزیدیەكان، بەڵام پارتی دەڵێت:» پارتی حەزدەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان». لەتشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان بەغدا و هەولێر واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە قایمقامێكی نوێ و ئیدارەیەكی تازە دابنرێت لەگەڵ دەركردنی هێزە ناشەرعیەکان، سەڕەرای ئەوەی بڕگەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون، بەڵام كاریگەری زۆر كردووەتە سەر گەڕانەوەی ئاوارەكان . دەقو خەلەف، خەڵكی ناحیەی سنونە سەر بەقەزای شەنگال، زیاتر لەچوار ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « دوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە ئاوارەی شاری زاخۆ بووین، دوو ساڵ و نیو لەزاخۆ بووین، دوای ئەوە لە 2017 گەڕامەوە ناوەندی سنون». ناوبراو باسی لەوەشكرد، لەكاتی دروستكردنی مامەڵەكانیان بۆ گەڕانەوە هیچ كەسێك رێگریان لێنەكردووەو مامەڵەكانیشیان زوو تەواو بوون». هەروەها خدر  ئلیاس ، خەڵكی گوندی تل قەسەبە سەر بەشەنگال ، لە 2014 تائێستا لەكەمپی كەبەرتووی دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە  وت: « زیاتر لەحەوت ساڵە لەكەمپی كەبەرتوودا دەژیم، هەموو كەسێك حەزدەكات بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵام خانووەكانمان لەكاتی داعش وێران كراون، ئێمەش ناتوانین نۆژەنی بكەینەوە یان سەرلەنوێ خانوو دروست بكەین «. هاوكات، عەلی مچۆ ، خەڵكی كۆمەڵگەی سیبا شێخدرە، ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریا دەژیت، بەهاوڵاتی  وت: «كاتێك ئاوارەی دهۆك بووین وتمان تەنها مانگێكەو دواتر دەگەڕێنەوە، بەڵام داخڵی ساڵی هەشتەم بووین نازانین چەندی دیكە دەمێنینەوە، هیچ كەسێك رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان ناكات، خۆمان نامانەوێت بگەڕێینەوە شەنگال»، حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامدا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێكهێنانی ئیدارەیەكی نوێ، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە. فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: « ئەو رێككەوتنەی كە لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 لەنێوان بەغداو هەولێر واژۆكرا جگە لەسەرئێشە و كێشە بۆ خەڵكی شەنگال هیچی  تر نەبووە». ناوبراو پێشیوابوو كە دەیان جار وتوویانە هەر رێككەوتنێك لەسەر شەنگال بكرێت ئەگەر بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە وەرنەگیرێت جێبەجێ ناكرێت، وتیشی:» ئێمەش لەگەڵ دانانی ئیدارەیەكی نوێ و چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگالین، بەڵام دوو لایەن رێككەوتن بكەن و خەڵكی ناوچەكە پشتگوێ بخەن قبوڵی ناكەین «. فەهد حامد ئەوەشی خستەڕوو كە پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە رۆژانە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان تەنیا لە 2020 و پێش واژۆكردنی رێككەوتنەكە نزیكەی هەشت هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای رێككەوتنەكە رێژەكە یەكجار كەمبووەتەوە، رۆژانە یەك خێزان یان هەر چەند رۆژێك خێزانێك دەگەڕێتەوەو ئەوەشی بە «موئامەرە» بۆ سەر شەنگال و خەڵكەكەی ناوبرد.  قایمقامی شەنگال داوا دەكات فشار لەسەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت تا رێككەوتنێكی تر واژۆ بكەن بەمەرجێك خەڵكی شەنگال بەشداربن لەو رێككەوتنەدا تائاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. فەهد حامد وتیشی: « من ناڵێم پارتی یان حكومەتی هەرێم رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن، بەڵام لەكاتی گەڕانەوەی خێزانێك لە پارێزگای دهۆكەوە بۆ شنگال تووشی گیروگرفت دەبن و مامەڵەكانیان دوادەكەوێت، چونكە لەدوای رزگاركردنی شەنگال تائێستا 50 هەزار كەس گەڕاونەتەوە ناوەندی شنگال و دەوروبەری، ئەوەش رێژەیەكی زۆر كەمە». لەبەرانبەردا، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی لقی 17ی پارتی دەڵێت:»ئەوانەی ئێستا لەشەنگالن رێگرن لەگەڕانەوەی ئاوارەكان». ئدریس زوزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17ی پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئەو بەرپرسانەی ئێزیدی یان ئەو بەرپرسانەی ئێستا خۆیان سەپاندوە بەسەر شەنگال زۆرمان پێمان سەیرە دەڵێن پارتی رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، بەپێچەوانەوە ئەوان رێگری سەرەكین لە نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال».  هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە «حزبەكەم (پارتی دیموكراتی كوردستان) حەز دەكات ئاوارەكان بگەڕێنەوە شەنگال، بەڵام لەدوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەو دەركردنی هێزە ناشەرعیەكان».

هاوڵاتی زمانی كوردی لەعێراق فەرمییە، لەتوركیا تائێستا قەدەغەیەو لەئێرانیش فەرامۆشكراوە، تەنیا لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 1991 بەدواوە  لەناوەندەكانی خوێندن بەزمانی كوردی دەخوێنرێت. نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 21ی شوباتی هەموو ساڵێكی بۆ رۆژی زمانی دایك تەرخان كردووە، لەجیهاندا زیاتر لە 10 هەزار زمانی جۆراوجۆر هەیە، كۆمەڵێك لەو زمانانە بەزمانی سەرەكی دادەنرێت، هەندێكیشیان بەرەو لەناوچوون دەچن. زمانی كوردی یەكێكە لە زمانە زیندووەكانی جیهان و بەسەر سێ شێوە زاری كرمانجی ژووروو، كرمانجی ناوەڕاست و كرمانجی خواروو دابەش بووە. لەئێران هەرچەندە زمانی كوردی قەدەغە نییە، بەڵام لەناوەندەكانی خوێندن ناخوێنرێت و فەرامۆش كراوە، بەمدواییە چالاكوانی كورد زارا محەمەدی مامۆستای زمانی كوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی نۆژین سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.  رۆژی 8/1/2022  بۆ بەسەربردنی سزاكەی چووە بەردەم دادگای سنە، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڕێیانی زاراو چالاكوانانی شارەكەش، لەبەردەم دادگا گردبوونەوە بۆ ماڵئاواییكردن لە زارا. زارا لەبەردەم زیندانی سنە رایگەیاند: «بەقەد هەموو ئەو چركانەی لەبەندیخانە دەبم قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە». هەروەها زارا، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لەحزبە كوردییەكاندا پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام پارێزەری زارا محەمەدی دەڵێت:» زارا تەنها لەبەر چالاكی مەدەنی و فێركردنی زمانی كوردی ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە و پەیوەندی بەحزبە كوردییەكانەوە نییە». رێكخراوەكانی پەروەردەو زمان، كۆمەڵگەی مەدەنی و حزبە كوردییەكانی باكوری كوردستانیش، هەڵمەتی پاڵپشتیكردنیان بۆ خوێندن بەزمانی كوردی دەستپێكردووە.  وەزارەتی پەروەردەی توركیا وادەیەكی بۆ وانەی بژاردە دەستنیشان كردووەو 21ی ئەم مانگە كۆتایی پێدێت، نزیكەی دوو هەزار دەرچووی كۆلێژەكانی بەشی زمان و ئەدەبیاتی كوردی هەیە، بەڵام بەهۆی كەمی خوێندكاری خوێندنی زمانی كوردی، تەنیا 79 مامۆستای زمانی كوردی دامەزراون. ئەگەرچی 10 ساڵە رۆژئاڤای كوردستان بەدەست جەنگی ناوخۆیی سوریاو پەلامارەكانی توركیاوە گیرۆدە بووە، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی كانتۆنەكان، زمانی كوردی گەڕایەوە ناو مامەڵەی رۆژانەو بووە زمانی فەرمی دامودەزگاكانی رۆژئاڤاو لەزانكۆی كۆبانێ وەك وانەو پرۆگرام چووە سیستەمی خوێندنەوە. زمان هۆیەكە بۆ ئاخاوتن و مامەڵەكردن لەنێوان دانیشتوانی وڵاتێك یاخود ناوچەیەكی دیاریكراو، هۆیەكیشە بۆ پەیوەندی و پێكەوە گرێدانی دانیشتوانی دەوڵەتەكە لەناوخۆیاندا، كلیلێكە بەهۆیەوە دەتوانرێت كەلتوری ئەو نەتەوەیە بناسرێت. زمانی سۆمەریەكان كۆنترین زمانە لەدەشتی لیتەییداو بگرە لەتەواوی جیهاندا كەبەخەتی مێخی (بزماری)  نووسراوە، وتەی بیرمەندێكی ئینگلیزی هەیە دەڵێت: «نەتەوەیەك ئەگەر ژێردەستەش بێت، توانیبێتی زمانەكەی خۆی بپارێزێت، وەكو زیندانیەك وایە كە كلیلی زیندانەكەی بەخۆی بێت. زمانی كوردی زمانێكی سەربەخۆو تەواوە لەڕووی وشەو زاراوەو داڕشتن زۆر جیاوازە لەزمانی فارسی، راستە ئەم دوو زمانانە نزیكن لە یەكتریەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە هەردوو زمانەكە هاوڕەگەزن و لەخێزانی زمانە هیندۆ ئەوروپییەكانن، واتە سەر بەڕەگەزی ئاریین.

  هاوڵاتی لەتیف رەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کرد. ئەمرۆ پێنجشەممە، 13ی کانوونی دووەمی 2022، دکتۆر لەتیف ڕەشید، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی پێشووتری عێراق  خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە. هاوكات دکتۆر لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە. ئەوە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو میدیاکانی پارتی خۆکاندیدکردنی هۆشیار زێباری-یان وەک کاندیدی پارتی ڕاگەیاند و یەکێتیش تائێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە کاندیدی ئەوان بەرهەم ساڵحە. 

هاوڵاتی گۆڤاری فۆربسی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عامر سوناع بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاسیاسێڵدا ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی کەمێك پێش ئێستا خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لە کیشوەری ئاسیادا بەدەستهێنا. هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لە کێشە و بەربەستەکانی کەرتی پەیوەندیەکان لە عێراق کراوە، و باسیش لە هەوڵ و کارکردنی ئاسیاسێڵ کراوە لە  چۆنێتی سەرکەوتن بەسەر کێشەکانی کەرتی پەیوەندیەکان لە عێراقدا.