هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی بڕیارەكەی یەكێتی ئەوروپا بە دەركردنی عیراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لەسەرە، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایگەیاند:": چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری دارایی و رێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین". مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا، كە ئەمڕۆ 10-1-2022 بڵاویكردووەتەوە، جەختی لەوەشكردووەتەوە كە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانن بۆ پەكخستن و ڕیشەكێشكردنی هەوڵەكانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەداركردن لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە. دەقی پەیامی مەسرور بارزانی: پێشوازییەكی گەرم لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لە سەرە. لەم ساڵانەی دواییدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەغدا، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێكەوە كاریان كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووكردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەكانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادكردنی ئاشكرا و ئاڵۆگۆڕ و كاروباری نایاسایی بە دراو. چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەكانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەكی باشتر، چاودێری داهاتەكانمان بكەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سیستەمی بانكی جیهانی . ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی بانكی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا. بۆ ئێمە لە كوردستان، ئەم بڕیارەی یەكێتی ئەوروپا، هەنگاوێكی تایبەتییە، داعش هەوڵیدا و شكستی هێنا لە تێكدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانین بۆ پەكخستن و ڕیشەكێشكردنی هەوڵەكانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەداركردن لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ( گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەداركردنی داعش) . ئێمە ئەم گۆڕانكاریانەمان لە پێناو باشتركردنی داهاتووی خۆمان ئەنجام داوە، چونكە ئەگەر ئێمە ئەم چاكسازییە ئابووری و خۆڕێكخستنەوەمان نەكردایە و ڕووبەڕووی كێشەی بازرگانی نایاسایی نەبووبوونایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ئەوروپا هەماهەنگیی بكەین. ئەم سەركەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوكات لە گەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێكی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینكردنی ئایندەیەكی گەشی ئابووری بۆ نەوەكانمان. من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێك لە هەنگاونانی كوردستان بەرەو دواڕۆژێكی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵكی كوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، گۆڕانكاری لە گرێبەستی ئەلیكترۆنیی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكات و رێنماییەكە هەمواردەكاتەوەو لەمەودواش هیچ گرێبەستێكی پێشەنگاكانی ئۆتۆمبیل لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ كاری پێناكرێت. بەپێی نوسراوێك كە ئەمڕۆ 10-1-2022، بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە، رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021ی تایبەت بەرێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی هاوردەكردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەمواركراوەتەوە. لە هەموارە نوێیەكەدا هاتووە، ئەو گرێبەستانەی پێش 2-1-2022 كراون، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆ كاریان پێدەكرێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی كە بەهۆی نەبوونی گرێبەستی ئەلیكترۆنی سزای دواكەوتنیان كەوتووەتە سەر، لەو سزایانەی لە رۆژی 2-1-2022 تا 15-3-2021 لەسەریان هەیە، دەبەخشرێن.
هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:" دواكەوتنی دابەشكردنی نەوتی سپی لە دەستی ئەواندا نییە، چونكە خۆمان بەرهەمی ناهێنین، بەڵكو دەبێت بەغدا دابینی بكات". كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە كاتی سەردانیكردنی بۆ قەزای شێخان بە میدیای پارتی راگەیاند كە رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیە كە بە سێ قۆناغ 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بنێرێت و لە ئێستادا تەنها یەك قۆناغی گەیشتووە. هەروەها كەمال ئەتروشی راشیگەیاند:" بەغدا پێویستە بەردەوام بن لە ناردنی نەوتەكە، ئەگەر دواشكەوێت پێیاندەڵێن چارەسەری بكەن". پێش هاتنی وەرزی سەرما كەمال ئەتروشی وتی: "خۆم ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم تا بزانم هەموو ماڵێك نەوتی وەرگرتووە".
هاوڵاتی لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا 30 گەنجی نەژادپەرستی تورك ھێرشیان كردە سەر سێ گەنجی كورد و یەكیكیان بە چەقۆ بریندار كرد. ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویكردەوە لە بەردەم بینای زانكۆی ئەنقەرە نزیكەی 30 گەنجی تورك رێگەیان بە سێ گەنجی كورد گرتووە و ھێرشیان كردووەتە سەریان و یەكێك لە گەنجەكانیان بە چەقۆ بریندار كردووە. هەروەها ئەوەی خستۆتەروو كە ھۆكاری ھێرشەكە رەگەزپەرستی بووە و پێشتریش یەكێك لەو گەنجە كوردانە لەلایەن ھاوڵاتیەكی توركەوە ھێرشی كراوەتەسەر. ئەو گەنجە كوردانە كە ھێرشیان كراوەتە سەر تا ئێستا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ناوچەكە راگیراون و ئەو كەسانەشی ھێرشیان كردووەتە سەریان بە پاساوی ئەوەی ھیچ شتێكی تر ڕوو نەدات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی ئەسات گواستراونەتەوە.
هاوڵاتی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و رێككەوتنیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سوننەكان دەڵێت:" هێشتا شتی دیكەش ماوە و دەبێت پابەند بین و مەغرور نەبین". دوای ئەوەی كاندیدی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا و یەكێتیش ناڕەزایی خۆی لە پرۆسەكە نیشاندا، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە دەڵێت شتی تریش ماوە. هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغداوە بە میدیای پارتی ڕاگەیاند:" دوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان شتی تریش ماوە، دەبێت هاوكار بین ئاگامان لە یەكتر بێت، پابەندبین و مەغرور نەبین و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانیش هاوكار و هەماهەنگ بین". سەبارەت بە بوونی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هۆشیار زێباری ئەوەی روونكردەوە كە كاندیدیان نابێت و بۆ ئەو بابەتەش لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆ دەكەن.
ئارا ئیبراهیم راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەنها یەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەویش بەرهەم ساڵح دەبێت و ئەوەش یەكلاكراوەتەوە. رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بە هاوڵاتی وت:"بڕیار بوو پارتی و یەكێتی پێكەوە بچنە بەغدا، بەڵام پارتی بەرێككەوتنی لەگەڵ سەدر و حەلبوسی ئەو یەكڕیزییەی كوردی تێكدا و خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاری كرد". ناوبراو وتیشی:" یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەنها یەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەویش كاك دكتۆر بەرهەم ساڵح دەبێت، تەنها پارتی دژایەتی دەكات". لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كاندید كراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی رەتكردەوەو وتی:" ئەوە قسەی پارتییەكانە كە ئێمە كاندیدی دیكەمان هەبێت، یەكێتی تەنها بەرهەم ساڵحی كاندید كردووەو ئەوەش بەفەرمی لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكەركوك یەكلاكراوەتەوە". رێزان شێخ دلێر، پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتبار كرد بەرێككەوتنی پێشخەوەتە لەگەڵ لایەنەكانی سەدرو حەلبوسی بۆ دژایەتی كردنی یەكێتی و بەرهەم ساڵح، وتیشی:" بەرهەم ساڵح روبعێكی محەمەد حەلبوسی فەسادی نەبووە، خێرە ئەو هەڵدەبژێردرێتەوەو متەفا كازمی دەبێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق و پارتی نایەوێت بەرهەم ساڵح ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری عێراق؟".
هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق سوننەكان و پارتی و سەدر پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە كرد و ئەمریكاش پشتیوانی كردن، بەڵام هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نارەزایەتییان پیشاندا. هەماهەنگی شیعەكان كە لەكوتلەی مالكی و هادی عامری و حەكیم و عەبادی و غەزعەلی پێكهاتوون ڕایگەیاند، دان بەو هەڵبژاردنەدا نانێن كە لە پەرلەمان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا چونكە بەوتەی ئەوان دەبوو بەتەمەنترین پەرلەمانتار كۆبوونەوەكەی بەڕێوەببردایە. دوای ئەوەی دوێنێ 9ی كانونی دووەمی 2021 مەحمود مەشهەدانی وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار وەك سەرۆكی كاتی پەرلەمان دانیشتنەكەی بەرێوە دەبرد، بەڵام بەهۆی شەری نێوان كوتلەی سەدرو چێوەی هەماهەنگی شیعەكان دۆخی تەندروستی تێكچوو، دواتر كۆبونەوەی پەرلەمان بەردەوامی پێدرا، سەرەرای نارەزایی مالكی وهادی عامری. دوای نزیكەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ یەكشەممە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، حاكم زاملی وەكو جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا وەكو جێگری دووەم هەڵبژێردران. محەممەد حەلبووسی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند:" كاروانێكی دورودرێژ لە بەردەممانە، عێراقییەكان چاوەڕێی زۆرمان لێدەكەن، دۆخەكە پێویستی بە كاركردنی بەردەوام و راستكردنەوەی زۆر رێچكە لە كاری سیاسییە، خەڵك متمانەی زۆری بە پرۆسەی سیاسی نەماوە، ئێستا بەرپرسیارێتیی گەورەمان لە ئەستۆدایە بۆئەوەی ئەو متمانەیە بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێنینەوە". هەروەها درەنگانی شەوی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەدوای هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی بە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی، لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" یەكەمین موژدەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە كە هەنگاوی یەكەمە بەرەو بونیادنانی عێراقێكی ئازاد و سەربەخۆ، بەبێ پاشكۆیەتی و تایفیەت و گەندەڵی". پێشتریش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە كە ئەم هەنگاوەی بە دەستپێكێكی زۆر باش وەسف كرد بۆ راستەڕێكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق. لە پەیامەكەیدا مەسعود بارزانی دەشڵێت:" بە دڵنیاییەوە ئەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتێك دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە و تێپەڕاندنی تەحەددیات و لێكتێنەگەییشتنەكان. هاوكات، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی كانونی دووەمی 2021، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كەئەمریكا پێشوازی لە كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بە بەشێك لەدیموكراسی و سەروەری نیشتیمانی ناوی دەبات. لەبەرانبەردا، چێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە لەبەرەی مالكی و هادی عامری وغەزعەلی و حەكیم و عەبادی و چەندین كەسایەتی دیكە پێكدێن، رەخنەی توندیان ئاراستەیا دانیشتنی دوێنێ پەرلەمان كرد و دەڵێن سكاڵا دەبەنە دادگای فیدراڵی. هاوكات، فراكسیۆنی یەكێتی كە خاوەنی 19 كورسی پەرلەمان بوون دەنگیان بەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەداو دانیشتنەكەیان بەجێهێشت. چێوەی هەماهەنگی شیعەكان 88 كورسیان كۆكردووەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق و داوای حكومەتی تەوافوقی دەكەن، لەبەرانبەردا موقتەدا سەدر بەهاوكاری حەلبوسی و پارتی كە كوردسیاكانیان دەگاتە 130 كورسی باسی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن.
هاوڵاتی نۆ ساڵ لەمەوبەر ئەحلام مەنسور پارێزەری مافەكانی ژنان، ئەدیب و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و دۆستی رۆژنامەی هاوڵاتی كۆچی دوایی كرد. لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەحلام مەنسور، كە بە یەكێك لە ژنە قەڵەم بەدەستە بوێر و یاخییەكان لە دژی چەوساندنەوەی ژنان دادەنرێت، لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. ئەحلام مەنسور، یەكێك بوو لەو نوسەرانەی كە دۆستی رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، زۆرینەی وتارەكانی كەتایبەت بوو بە ئەدەب و بەرگری كردن لەمافی ژنان لە رۆژنامەكەماندا بڵاودەكرەوە. ژیانی ئەحلام مەنسور: لە ساڵی 1951 لە شارۆچكەی خانەقین لەدایكبووە. لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا وەك ژنێكی ئازا و پێشەنگ هاتە ناو دنیای ئەدەب و نووسینەوە، وەك چیرۆكنووس، ڕۆماننووس، نووسەر و ڕۆژنامەنووس خزمەتی كردووە. لە ساڵی 1974 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی زمان و ئەدەبی كوردی لە زانكۆی بەغدا و لە 1999 بڕوانامەی ماستەری لە كورتە چیرۆكدا لە هەمان زانكۆ بەدەستهێناوە. لە ساڵی 1975 لە دەزگای هاوكاریی دامەزراوە و پاشان لە گۆڤاری وعی العمال و دواتر لە فەرمانگەی كشتوكاڵ كاری كردووە و لەدواییدا لە كارەكەی دورخراوەتەوە. لە 1986 ڕووی لە پاریس كردووە و لەوێ لە زانكۆی سۆربۆن وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی كەمدەرامەتییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت، پاش دوو ساڵ دەگەڕێتەوە، بەگەڕانەوەشی باری دەرونی و تەندروستی تێكدەچێت و ماوەیەكی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشكدا دەمێنێتەوە. لەدوای ڕاپەرینی 1991 بەیەكجاریی لە شاری سلێمانی جێگیردەبێت و وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی دادەمەزرێت و دواتریش ماوەیەك لە زانكۆی كۆیە وانە دەڵێتەوە. ئەحلام مەنسور، وەك نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە سەرەتای دەرچواندنی رۆژنامەی هاوڵاتییەوە وتاری ئەدەبی و بەرگری كردن لەمافی ژنان بڵاودەكاتەوەو بۆ ماوەیەكی زۆر لە رۆژنامەكە كار دەكات. ئەحلام مەنسور، لەتەمەنی 62 ساڵیدا و لە 10-1- 2013دا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی (خدر زندە) لە خانەقینی زێدی خۆی بەخاك سپێردرا.
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەكات دەكات و داوایەكی بە پەلە ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئەمریكا پێشوازی لە كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەكات، كە "بە بەشێك لەدیموكراسی و سەروەری نیشتیمانی"، ناوی دەبات. هەروەها تێیدا هاتووە:" پیرۆزبایی لە محەمەد حەلبوسی بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و حاكم زاملی جێگری یەكەم و شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین". هاوكات ئەوەشی خستۆتەروو كە بەچاوخشاندنەوە بەو رۆڵەی گرنگەی عێراق لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمیی دەیبینێت، هیوادارن كە" بەرپرسانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەت و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان كە ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەكە بووەتەوە". باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەهیوان حكومەتی نوێ بەزوویی پێكبهێندرێت و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی عێراق بێت و هەوڵی چارەسەری ئاڵنگاریەكانی بەردەم حكومەتی عێراق و مافی مرۆڤ ئاسایش و ئابووری لەعێراق بدات.
هاوڵاتی بافڵ تاڵهبانی له بهغداوه پیرۆزبایی له محهمهد حهلبووسی كرد و هیوای سهركهوتنی بۆ خواست. بافڵ تاڵهبانی، كهله شهوی رابردووهوه له بهغدایه ئهمشهو پهیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستهی محهمهد حهلبووسی به بۆنهی ههڵبژاردنهوهی بۆ ویلایهتی دووهمی سهرۆكی پهرلهمان كرد. له پهیاماكهدا بافڵ تاڵهبانی وتی: "بەبۆنەی ھەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەدەستھێنانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران، گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم". وتیشی: "ھیوادارم لەم ئەرکە نیشتمانیی و چارەنووسسازەدا بۆ قۆناغی ئەمڕۆی عێراق سەرکەوتووبن و لەسەر دەستی ئێوە و خەمخۆرانی عێراقی فیدڕاڵ، پەیوەندی باشتر لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بنیادبنرێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەل و وڵات و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و ریشەکێشکردنی گەندەڵی. کە ئەمە ئامانجێکی باڵایە و ئەبێت ھەموومان پێکەوە ھاوکاربین و لە پێناویدا خەبات بکەین".
هاوڵاتی دوای ئهوهی محهمهد حهلبووسی، به سهرۆكی پهرلهمانی عیراق ههڵبژێردرا، حاکم زاملی بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق هەڵبژێردرا. پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە 227 دەنگ بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا. پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە 227 دەنگ بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا. ئەمڕۆ دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بە دەنگی 200 پەرلەمانتار، محەمەد حەلبوسی بۆ خولی دووەم وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.
هاوڵاتی لە پەرلەمانی عێراق پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، تێیدا محەممەد حەلبووسی توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتەوە سەرۆکی پەرلەمان. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق 227 پەرلەمانتار دەنگیان داوە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 166 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ محەممەد حەلبووسی، 13 پەرلەمانتار بۆ مەحموود مەشهەدانی و 12 دەنگیش پووچەڵ بوون. هێشتا جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەردەوامە.
هاوڵاتی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروستبوو و بەھۆی گرژییەكانەوە سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق لەھۆش خۆی چوو و دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواى چهند کاتژمێرێک دهستیپێکردهوه. ئەمڕۆ 9/1/2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی لە خولی پێنجەمدا بەبەشداری 325 ئەندام بەڕێوەبرد، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، ئەوەی كۆبوونەوەكەشی بەڕێوەبرد مەحمود مەشهەدانی بوو كە بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە كە لەهەڵبژاردنی 10/10/2021 ئەندامەكانی هەڵبژێردران. لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا كە بڕیاربوو كاتژمێر 11 ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ دواخرا، پاش سوێندخواردنی پەرلەمانتاران دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی كرایەوە، لەسەر ئەوەی كام لایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە گرژی لەناو پەرلەمانی عێراق دروستبوو و بەهۆیەوە باری تەندروستی مەحمود مەشهەدانی تێكچوو و برایە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان. لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دوو گەورەترین لایەنی سونی دیاریكرا، كە پیكهاتون لە هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم ئەویش محەمەد حەلبوسی-یە، بەڵام تا ئێستا لایەن شیعە نەگەیشتونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، بۆ ئەومەبەستە رەوتی سەدر حاكم زاملی و چوارچێوەی هەماهەنگی ئەحمەد ئەسەدی كاندید كردووە، جگە لەوەی لەدرێژەی دانیشتنەكەدا ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو. یەكێتی و پارتیش ئەمڕۆ یەكلایی نەبوونەوە بۆ ئەوەی كاندیدێكی یەكگرتوویان هەبێت بۆ جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام تائێستا یەكێتی دیار نییە دكتۆر بەرهەم ساڵح دەهێڵێتەوە یاخود وەك هەندێك میدیا باسی دەكەن لەسەر كاندیدكردنی عیماد ئەحمەد رٍێك دەكەون، چونكە پارتی تائێستا كاندیدكردنەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە ڕەتدەكاتەوە. ئەوەی لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا جێی سەرنجبوون، هەریەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و ڕەوتی سەدر دوو لیستیان وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێشكەش كرد، ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهاتبوو لە 88 پەرلەمانتار، بەڵام لیستەكەی سەدر لە 76 پەرلەمانتار پێكهاتبوو. لەكاتی نەگەڕانەوەی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆكایەتی دانیشتنی پەرلەمان خالد دەراج سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە دەكات، چونكە دوای مەشهەدانی ئەو بەتەمەنترین پەرلەمانتارە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ژمارەیەكی زۆری لایەنە شیعەكانی تێدایە و دیارترینیان بریتین لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، لایەنی ركابەریشیان فراكسیۆنی سەدرە كە خاوەنی 73 كورسیی پەرلەمانە بە تەنیا. بەپێی ماددەی 55ـی دەستووری عێراق، لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا، دوای ئەوەی پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، دەبێت سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە و دوو جێگرەكەی كە پشكی كورد و شیعەن هەڵبژێردرێن، بەڵام لە ئەگەری رێكنەكەوتنی لایەنەكان، هاوشێوەی خولی پێشوو، ئەو پاساوە یاساییە لەبەردەستە كە دانیشتنەكە درێژەی پێبدرێت و دانیشتنی دووەم وەكو تەواوكەری دانیشتنی یەكەم هەژمار بكرێت.
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر بکات. سەردانەکەی لامبێرت بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک مانگە وەکو وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەستبەکار بووە. لامبێرت سەر بە پارتی سۆشیال دیموکراتەکانە و پێشتریش لە کابینەکەی مێرکڵ چەند پۆستێکی دیکەی هەبووە، لە نێویاندا وەزیری کاروباری خێزان، کەسانی بەتەمەن و هەروەها ژنان و گەنجان. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 09-01-2022 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە. بەپێی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردوو وڵات کراوە. لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، ئەوە دووەمین سەردانی کریستین لامبرێتە بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا، بەر لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، سەردانی لیتوانیای کردووە و هێزەکانی وڵاتەکەی بەسەرکردووەتەوە. لە ساڵی 2014وە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت و هاوکاریی سەربازی پێشکێشی پێشمەرگە کردووە، هەروەها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیشی لە هەرێمی کوردستان هەن. پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 29-10-2020 بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 دا، هەروەها ژمارەی سەربازەکانی لە 800 سەربازەوە بۆ 700 سەرباز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمکردنەوە. کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 200 سەرباز و لەو ژمارەیە 150 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن.
