هاوڵاتى وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی زیاتر لە 499 ملیۆن دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی و زیاتر لە 380 ملیۆن دینار بۆ 14 پرۆژەی ئاو لە هەولێر. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار واژووی لەسەر خەرجكردنی بڕی 499 ملیۆن و 254 هه‌زار و 690 دینار كرد، كە ئەو بڕە پارەیە لەسەر داهاتی رێژەی 15%ی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانییە. هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، کوردۆ عومەر، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان  رایگەیاند:"بە مەبەستی پەرەپێدانی سێكتەری ئاو و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی زیاتر لە 380 ملیۆن دیناریدا بۆ جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی تایبەت بە ئاو لە شاری هەولێر". کوردۆ عومەر وتی: "كۆی گوژمەكە بریتییە لە 380 ملیۆن و 477 هەزار و 50 دینار و لەسەر %17ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە مەبەستی جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی ئاو لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت". لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەهۆی مەبارانیەوە لە ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستان بەگشتی توشی وشكەساڵی بۆتەوە و كەمی زۆربەی گەڕەكەكانی شارەكانی گرتۆتەوە.  

هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ باندی ساختەکردنی دراوی راگەیاند، کە لە پێنج کەس پێکدێن و بڕێکی زۆریش پارەی ساختە دەستی بەسەرداگیرا. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند هێزەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایش توانیویانە لە رۆژانى 11 و 16 ى ئابى 2021 لە چەند هەڵمەتێکدا سێ باندی ساختەکار دەستگیربکەن. هەروەها لە راگەیانراوەکەی ئاسایشی سلێمانی ئەوەش هاتووە لەم چەند چالاکییەدا توانراوە دەست بەسەر 40 هەزار‌‌‌‌‌‌‌‌ ‌یۆرۆى ساختە و حەوت هەزار دۆلارى ساختەدا بگیرێت. سەرجەم تۆمەتباران بە فەرمانى دادوەر و بەپێى ماددەى  281 لەیاساى سزاکانى عێراقى راگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

هاوڵاتى پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و خێرا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت:" رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە". ئەمڕۆ یەکشەممە 05-09-2021، راکان سەعید جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "دۆخی ئەمنیی کەرکووک لاوازە، رۆژانە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەیە کە لەلایەن تیرۆریستانەوە سوودی لێدەبیندرێت و لێیەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزە ئەمنییەکانمان." بە وتەی راکان سەعید، ئەوان پێش دوو مانگ "بەدیاریکراوی لە مانگی تەممووز نووسراوی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران ناردووە، تێیدا سەرجەم خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشانکردووە، هەموو چارەسەرێکیشمان پێشنیاز کردووە، لە راستیدا سەرۆکوەزیران ئەو نووسراوەی ئێمەی بەسەر سەرجەم فەرماندە ئەمنییەکان دابەشکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا جموجوڵێکمان بەدینەکردووە." شەوی رابردوو لە رەشاد چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە 13 پۆلیسی فیدراڵی کوژران. پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک راشیگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان بە بەردەوام لە رۆژئاوای شارەکە لە چیای قەرەچووخ، هەروەها لە وادی نەفت، وادی ئەبو خەناجر و زخێتون و باشووری داقووق رووبەڕووی هێرشی چەکداری دەبنەوە، هەربۆیە داوا دەکەین سەرۆکوەزیران خودی خۆی دەستوەردان بکات، داوای بەستنی دانیشتنێکی خێرا و بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەکەین. خوێنی رۆڵەکانمان پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیددی هەیە لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە." راکان سەعید، ئاماژە بەوە دەدات، کە دیاردەی "رفاندن، سەرانەوەرگرتن و هێرشکردنە سەر گوندەکان لەلایەن تیرۆریستانەوە بەردەوامە، لەم دواییانەدا هێرشیان کردە سەر گوندی دۆگشمان و تەنانەت مەڕ و ماڵەتەکانیشیان کردنە ئامانج." بە وتەی راکان سەعید، سەرەڕای ئەوەی ئەوان فەرماندەی سەربازی نین و خاوەن تایبەتمەندی نین، "بەڵام بەپێی زانیارییەکانمان و لە رێگەی ئەو راوێژانەی کردوومانە، ئەو رێگەیەی بۆ چارەسەرکردنی تیرۆر بەکاردەهێندرێت، رێگەیەکی هەڵەیە، ئەو هەڵەیەش لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتەکە سەلمێندراوە."  

هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. "هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەیە". ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی تورکیا - جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆگوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی پارتەکە کرد. مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا وڵاتێکی گرنگ و فرە نەتەوەیە. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێکراوە.  جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، سڵاوی کەمال کلیچیدار ئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکەی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕیوە کە یەکەمجارە شاندێکی باڵای پارتەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئۆگوز کان سالیجی رایگەیاندووە، "ئامانجمان لە سەردانەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، تورکیا و خستنەڕووی بۆچوونی پارتی گەلی کۆمارییە دەربارەی چەند بابەت و پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش." لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە و جیهانە و هەرێمی کوردستانیش فاکتەرێکی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. "هەمیشە خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی فرە نەتەوە و ئایین و پێکهاتەی جیاوازە، کە نیشانەی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەیە."

  هاوڵاتى سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند:" دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات". جەنەراڵ مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆکسنیوز، نیگەرانی خۆی نیشاندا کە دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات. جەنەراڵە ئەمریکییەکە هۆشداریشی دا لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە و رایگەیاند، "دواتر ئەمە سەردەکێشێ بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەلقاعیدە یان داعش یان گرووپێکی هاوشێوەی تیرۆریستی." وتیشی کە لە ماوەی "ساڵێک تا سێ ساڵی دیکە" تیرۆر لەو ناوچەیە سەرهەڵدەداتەوە. لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار لە هەردوو لایەنەوە هەوڵی ئەوە درا کە بە دانوستاندن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، چەندین شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تاڵیبان نەیتوانیوە باڵادەستیی خۆی لەو ناوچەیە بسەپێنێت. مارک میڵی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتنەوەی ئاسایشی ئەمریکی و کۆکردنەوەی هەواڵگری لە ناوچەکەدا "ئەرکێکی قورستر دەبێت لە کاتێکدا ئێستا ئەمریکا هیچ بوونێکی فەرمی لە ئەفغانستان نەماوە."  لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە بۆ سەریان، بە وتەی میلی، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی هێرشە ئاسمانییەکانی بەردەوام دەبێت. پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت و لەجیاتی هێرشی زەمینی، پشت بە هێرشە ئاسمانییەکان دەبەستێت.  جەنەراڵ میڵی لەبارەی ئەوەوە رایگەیاند، "دەکرێت ئەمە بکەین، بەڵام پێویستە ئاستی زۆر وردی دیاریکردن، ئاگادارکردنەوە، چاودێریکردن و هەواڵگری لە تەواوی ناوچەکەدا بەدەستبخەین."  

هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا ڕایگەیاند:"تورکیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێنج ملیار دۆلارى تێپەرکردووە".  بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی (بولگاریا، ئێران، عێراق، جۆرجیا، سووریا و یۆنان) بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو 34.5% زیادیکردووە و بە بڕی 12.5 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە کردووە.  لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بە بڕی 5 ملیار و 305 ملیۆن و 647 ھەزار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.   بەگوێرەی داتاکان ئاستی ھەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە گشتیی بە بەراورد لەگەڵ هەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 52٪ زیادیکردووە و بووەتە 18.9 ملیار دۆلار. هەروەها کۆی هەناردەی تورکیا لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پار 37% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140.2 ملیار دۆلار.  لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین بەرھەمی ھەناردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی بەرھەمی کیمیايی بووە، لەو کەرتەدا بەبڕی 2  ملیار و 134 ملیۆن و 397 ھەزار دۆلار ھەناردە بۆ 6 وڵاتی دراوسێی کراوە.

هاوڵاتى وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ هەرێم بڵاویکردەوە، لە رۆژی دووشەممە 6ی‌ ئەیلول تا 15ی‌ ئەیلوولی 2021، بەهۆی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خوولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێلەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە 6ی‌ ئەیلول تا 15ی‌ ئەیلول، رۆژانە لە کاتژمێر 6:30 ی بەیانی تا 10:30 بەیانی سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی. لە ماوەی رابردوودا و لەکاتی بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەییدا بەهەمان شێوە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیران.

هاوڵاتى  وته‌بێژی فه‌رمی پارتی وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی دوێنێ‌ی هەپەگە دەداتەوە و دەڵێت:" ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". دوێنێ شه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلوول، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". ئاماژەی بەوەشکردبوو: "هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردوە، ئەم کردەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە". لای خۆیه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان شه‌وی رابردوو راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا بانگه‌شه‌ی ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!. ئه‌وه‌شی وتبوو: "لێرەدا بە گشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو بانگه‌شه‌یە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان". مه‌حمود محه‌مه‌د باسی له‌وه‌شكردبوو، كه‌ خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟.

  هاوڵاتى براكەی مەلا كرێكار ڕایگەیاند:" ناهێڵن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات لەكاتێكدا بیەوێت تەلەفون بكات یان خواردنێك یاخود جلوبەریگَكی پێویست بێت دەبێت پارە بداتە ئیدارەی زیندانەكە تا بۆی دابین بكەن". خالید ره‌نجده‌ر له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "دوێنێ شەممە 4ی ئه‌یلوولی 2021، لەپەیوەندییەکدا بە سکایپ مامۆستام بینی و هەواڵی تەندروستیم لێپرسی، سوپاس بۆ خوا تەندروستی زۆر باشە و رۆژانە بە نووسین و وەرزش بەڕێدەکات". ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ماوەیەکە رێگە نادەن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ یەکێتی ئەوروپا پێداچوونەوەی بە لیستی تیرۆردا کردووە و، ئەو سزایانەی لەسەر ئەوکەسانە هێشتووەتەوە کە لە لیستی تیرۆردان، له‌كاتێكدا مامۆستا كرێكاری له‌ لیستی تیرۆری یه‌كێتی ئه‌وروپادا نییه‌". له‌ باره‌ی سزاكانه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "یەکێک لەو سزایانە سڕکردنی پارە و ماڵی ئەو کەسانەیە کەناویان لەو لیستەدایە، هەروەها رێگریکردن لە گەیشتنی پارە پێیان، پێدەچێت ئیدارەی زیندانەکەی مامۆستا کرێکار ئەو سزایەی لەسەر زیندوکردبێتەوە بۆیە ناهێڵن پارەی خەرجی رۆژانەی لە خێزانەکەیەوە پێبگات". خالید ره‌نجده‌ر باسی له‌وه‌شكردووه‌: "مامۆستا کرێکار بۆ ئەوەی تەلەفۆن بۆ ماڵەوە بکات دەبێت بڕێک پارە بدات بە ئیدارەی زیندانەکە، هەورەها ئەگەر بیەوێت جلوبەرگ یان خواردنێک بکڕێت دەبێت بیکاتە لیستێک و بیدات بە ئیدارەی زیندانەکە بۆ ئەوەی بۆی بکڕن و دەبێ هەر خۆشی پارەکەی بدات". براكه‌ی مه‌لا كرێكار ئه‌وه‌شی وتووه‌: "لە چەند بانکێک لە ئەوروپاوە خێزانەکەی هەوڵیان داوە پارەی خەرجی بۆ بنێرن، بەڵام بانکەکان وتوویانە کە گەمارۆی ئابووری لەسەرە و ناتوانن پارەکەی بۆ رەوانە بکەن".

هاوڵاتى حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 113 ملیۆن دۆلار وەك شایستەی دارایی دەداتە سێ كۆمپانیای نەوتی كە لە كاتی خۆیدا بەهۆی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت نەیتوانیوە مانگانە بیداتە هەر یەك لە كۆمپانیاكان. کۆمپانیای شاماران کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی ئەترووش پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی سەرقاڵی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئەو کێڵگەیە، رایگەیاند 26 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. کۆمپانیای شاماران رایگەیاندووە لەو پارەیە 9 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار پشکی کۆمپانیاکەیە و ئەوەی دیکە، کە دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیا هاوبەشەکانییەتی. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە رایگەیاند لەبری هەناردەکردنی نەوت لە مانگی شەشی ئەمساڵ 37 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری وەک شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەر لە کێڵگەی شێخان وەرگرتووە، کە 29 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری پشکی کۆمپانیاکەیە. کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن روونیکردووەتەوە لەو بڕە پارەیە 6 ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی کارکەربووە لە کێڵگەی شێخان کە پەیوەستە بە مانگەکانی 11ی ساڵی 2019 تاوەکو مانگی 2ی ساڵی 2020 و حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگ بە مانگ بڕێک لەو شایستە داراییانە دەداتەوە. کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن رایگەیاندووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا 50 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری وەک شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا کارکەرەکانی لە کێڵگەی شێخان لاماوە. بەهۆی قەیرانی دابەزینی نرخەکانی نەوت لە ساڵی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتی خۆیدا بدات و ئێستا لە دوای دوو مانگ شایستە داراییەکانیان دەدات. هەروەها هەر مانگ بڕێک لە شایستەی دارایی کۆنی کۆمپانیا نەوتییەکان دەداتەوە، کە وەک قەرز لای ماوەتەوە.

هاوڵاتى سەرچاوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وەڵامی  ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دەداتەوە و دەڵێت" یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی یە "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا". هاوکات لە لێدوانی سەرچاوەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، "تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی یەکێتی ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." سەرچاوەکەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سووریادایە و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی پارتە كوردستانییەكانی دیکەدا نەكات." دەقی راگەیێندراوەکە:  بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراستەی ی. ن. ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی كە ھەموو لایەک بە حیزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی. ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە. لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات. سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك  

  هاوڵاتى ئەمڕۆ ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی دكتۆر جەمال ئەمەد رەشید پسپۆری تایبەتی نەخۆشی منداڵان.  دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید لە ساڵی ١٩٤٤ لە سلێمانی لەدایکبووەو ساڵی 1968 کۆلێژی پزیشكی تەواوکردووەو سەرەتا وەک پزیشكی گشتی لەبواری منداڵان کاریکردووە و دواتر بووەتە پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و٥٠ ساڵ چارەسەری منداڵانی کوردستان بەگشتی و منداڵانی شاری سلێمانی بەتایبەتی کردووە. پسپۆڕە کوردەکەی دۆستی منداڵان بەهۆی کارکردنی بەشێوەیەکی دۆستی منداڵان و ئەنجامدانی چەندین کاری خێرخوازی و هەرزانی نرخی کلینیکە پزیشكییەکەی، لەساڵی 2016 لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پزیشكی ساڵ و پزیشكانی پێشەنگ، خەڵاتی پزیشكی پێشەنگی پێدرا. دوای زیاتر لە 45 ساڵ لە خزمەتكردنی منداڵانی نەخۆش، دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی 4/9/2018 لەتەمەنی 73 ساڵیدا لەئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

 هاوڵاتى ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیاند :" نیگەرانین لە سوكایەتیكردن بە كچان و ژنان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان له‌ هه‌رێمی كوردستان خەریكە  مه‌ترسی له‌سه‌ر دواڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست دەكات". لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان  ڕایگەیاند:" مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، جارێكی تر له‌لایه‌ن تاوانباران و كه‌سانی نه‌فس نزمه‌وه،‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێندرێت". لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: به‌م دواییه‌ چه‌ندین حاڵه‌تی نایاسایی، دوور له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، روویانداوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش كچان و ژنان كراونه‌ته‌ ئامانج. دیسان تاوانباران سنووره‌كانی ياساكان و ئیتیكیان به‌زاند، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆی قوربانیان ده‌كه‌ن بۆ سوكایه‌تیكردن و ئابرووبردنیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و چه‌ندین ئاسه‌واری نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ نووسراوی فه‌رمیی‌ له‌ رێگه‌ی داواکاری گشتی سكاڵای له‌دژی تاوانباران تۆماركردووه و هەروەها، له‌ به‌دواداچوونه‌كانیان به‌رده‌وامین و هاوكارو هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوندیداره‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، تا بیاندۆزنه‌وه‌و راده‌ستی یاسایان بكه‌ن. نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی،به‌م دواییه‌ له‌ یه‌كێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا،‌ ژماره‌یه‌ك ژن و كچ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه ناچاركران قسه‌و ده‌سته‌واژه‌‌ی نه‌شیاو به‌خۆیان بڵێن، له‌به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ و وێنه‌كانیان، كه‌ له‌لایه‌ن تاوانبارێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان جەختدەكاتەوە، خه‌ریكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر داوڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست ده‌كات و هۆكاره‌ بۆ دابڕانی تاكه‌كانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ك بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ باشییه‌كانی.

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدانى به‌ كۆرۆنا ڕاگه‌یاندو به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كه‌مترین رێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان له‌ماوه‌ى یه‌ك مانگى ڕابردوو تۆماركراوه‌. به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى 6687پشكنینى نوێ له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێردا ئه‌نجامدراوه‌و له‌و ڕێژه‌یه‌ 442 كه‌س توشى كۆرۆنابوون و 2128كه‌س ڤایرۆسه‌كه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ و 12 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له‌و 12كه‌سه‌ى به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 4كه‌س له‌ سلێمانى 4كه‌س له‌دهۆك، 3كه‌س له‌هه‌ولێر، 1كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌. توشبونى 442كه‌س به‌كۆرۆناو گیانله‌ده‌ستدانى 12 كه‌س به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا كه‌مترین رێژه‌ى توشبون و گیانله‌ده‌ستدانه‌ له‌ماوه‌ى مانگى ڕابردودا كه‌ توشبوو له‌ سه‌رو 500كه‌س و گیانله‌ده‌ستدان له‌نێوان 14 تا 28 كه‌سدابوه‌.  

  هاوڵاتى فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری بەراوری باڵایان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد. فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری هرووریان بۆردوومانکرد و لە بۆردوومانەکەدا گازێکی سپی بڵاوبووەوە کە گومانمان هەیە "کیمایی" بێت و گوتیشی" غازەکە بە پانتایی چەند کیلۆمەترێک بڵاوبووەتەوە.