هاوڵاتى سەرچاوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وەڵامی  ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دەداتەوە و دەڵێت" یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی یە "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا". هاوکات لە لێدوانی سەرچاوەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، "تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی یەکێتی ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە." سەرچاوەکەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سووریادایە و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی پارتە كوردستانییەكانی دیکەدا نەكات." دەقی راگەیێندراوەکە:  بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراستەی ی. ن. ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی كە ھەموو لایەک بە حیزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی. ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە. لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات. سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك  

  هاوڵاتى ئەمڕۆ ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی دكتۆر جەمال ئەمەد رەشید پسپۆری تایبەتی نەخۆشی منداڵان.  دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید لە ساڵی ١٩٤٤ لە سلێمانی لەدایکبووەو ساڵی 1968 کۆلێژی پزیشكی تەواوکردووەو سەرەتا وەک پزیشكی گشتی لەبواری منداڵان کاریکردووە و دواتر بووەتە پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و٥٠ ساڵ چارەسەری منداڵانی کوردستان بەگشتی و منداڵانی شاری سلێمانی بەتایبەتی کردووە. پسپۆڕە کوردەکەی دۆستی منداڵان بەهۆی کارکردنی بەشێوەیەکی دۆستی منداڵان و ئەنجامدانی چەندین کاری خێرخوازی و هەرزانی نرخی کلینیکە پزیشكییەکەی، لەساڵی 2016 لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پزیشكی ساڵ و پزیشكانی پێشەنگ، خەڵاتی پزیشكی پێشەنگی پێدرا. دوای زیاتر لە 45 ساڵ لە خزمەتكردنی منداڵانی نەخۆش، دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان پاش ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی 4/9/2018 لەتەمەنی 73 ساڵیدا لەئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.

 هاوڵاتى ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیاند :" نیگەرانین لە سوكایەتیكردن بە كچان و ژنان لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان له‌ هه‌رێمی كوردستان خەریكە  مه‌ترسی له‌سه‌ر دواڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست دەكات". لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان  ڕایگەیاند:" مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، جارێكی تر له‌لایه‌ن تاوانباران و كه‌سانی نه‌فس نزمه‌وه،‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژنان و كچانی هه‌رێمی كوردستان به‌كارده‌هێندرێت". لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: به‌م دواییه‌ چه‌ندین حاڵه‌تی نایاسایی، دوور له‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، روویانداوه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش كچان و ژنان كراونه‌ته‌ ئامانج. دیسان تاوانباران سنووره‌كانی ياساكان و ئیتیكیان به‌زاند، هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆی قوربانیان ده‌كه‌ن بۆ سوكایه‌تیكردن و ئابرووبردنیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵگه هه‌یه، ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و چه‌ندین ئاسه‌واری نه‌خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ نووسراوی فه‌رمیی‌ له‌ رێگه‌ی داواکاری گشتی سكاڵای له‌دژی تاوانباران تۆماركردووه و هەروەها، له‌ به‌دواداچوونه‌كانیان به‌رده‌وامین و هاوكارو هه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ ده‌زگا په‌یوندیداره‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، تا بیاندۆزنه‌وه‌و راده‌ستی یاسایان بكه‌ن. نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی،به‌م دواییه‌ له‌ یه‌كێ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا،‌ ژماره‌یه‌ك ژن و كچ به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌شیمانبوونه‌وه ناچاركران قسه‌و ده‌سته‌واژه‌‌ی نه‌شیاو به‌خۆیان بڵێن، له‌به‌رامبه‌ر بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ و وێنه‌كانیان، كه‌ له‌لایه‌ن تاوانبارێكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرێت. ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان جەختدەكاتەوە، خه‌ریكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر داوڕۆژی كچان و ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی دروست ده‌كات و هۆكاره‌ بۆ دابڕانی تاكه‌كانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ك بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ باشییه‌كانی.

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدانى به‌ كۆرۆنا ڕاگه‌یاندو به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كه‌مترین رێژه‌ى توشبوون و گیانله‌ده‌ستدان له‌ماوه‌ى یه‌ك مانگى ڕابردوو تۆماركراوه‌. به‌پێى ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى 6687پشكنینى نوێ له‌ماوه‌ى 24 كاتژمێردا ئه‌نجامدراوه‌و له‌و ڕێژه‌یه‌ 442 كه‌س توشى كۆرۆنابوون و 2128كه‌س ڤایرۆسه‌كه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌ و 12 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ ئاماره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له‌و 12كه‌سه‌ى به‌ كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ 4كه‌س له‌ سلێمانى 4كه‌س له‌دهۆك، 3كه‌س له‌هه‌ولێر، 1كه‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌. توشبونى 442كه‌س به‌كۆرۆناو گیانله‌ده‌ستدانى 12 كه‌س به‌ڤایرۆسى كۆرۆنا كه‌مترین رێژه‌ى توشبون و گیانله‌ده‌ستدانه‌ له‌ماوه‌ى مانگى ڕابردودا كه‌ توشبوو له‌ سه‌رو 500كه‌س و گیانله‌ده‌ستدان له‌نێوان 14 تا 28 كه‌سدابوه‌.  

  هاوڵاتى فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری بەراوری باڵایان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد. فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری هرووریان بۆردوومانکرد و لە بۆردوومانەکەدا گازێکی سپی بڵاوبووەوە کە گومانمان هەیە "کیمایی" بێت و گوتیشی" غازەکە بە پانتایی چەند کیلۆمەترێک بڵاوبووەتەوە.    

  هاوڵاتى نوسەرێكی كورد لە وتارێكیدا ڕایگەیاند :" من پشتگیری کەمپەینەکەم بێ ئەوەی شەڕی کەس بکەم، نەک هەربۆ منداڵانی باوک نادیار و چەسپاندنی ناوی دایک. بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی کە ناسنامەیان نییە". عومەر محەمەد، نوسەری كورد، لە دوا وتاریدا بە ناونیشانی "دەتوانیت مرۆڤ بیت، نەک شتێکی دی لەپەراوێزی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" رایگەیاندووە:" دوو ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە هەن. یان بەگفتوگۆ لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمان بەبێدەنگی هەتا دەگەینە ئامانج، یان فشاری میدیایە. واتا وەک ئێستا دەیکەین بەبابەتی میدیاو سۆشیال میدیا، بەڵام بەبێ خۆنواندنی خەڵکی خۆشگوزەران بۆ فیزلێدان". وتار نوس لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە پشتیوانی ئەم کەمپەینە دەکات و دەڵێت:" دەبێت ئازاری مرۆڤی پەراوێزخراوت چەشتبێ و بزانیت کە نەبوونی ناسنامە واتا مرۆڤ لە دۆزەخدا، مەگەر هەر ئەو مرۆڤانە بزانن بێ ناسنامەیی چەندە سەختەو چۆن فڕێی داونەتە خوار هەژاریەوەو چۆن لە مرۆڤەوە کردونی بەکۆتەرەداری وشکهەڵاتوو". عومەر محەمەد لە وتارەكەیدا نمونەیەكی واقعی ناو ژیانی كوردستان دەگێڕێتەوە و وتویەتی:"کۆمەڵگای دوای جەنگ مرۆڤی دەوێ بۆ بونیاتنانەوە، کورد لە مێژە لە جەنگدایەو زیاد لە جارێک پەلاماری جێنۆساید دراوە، لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسیش قۆناغی راگوزەری دادوەری (مرحلة العدالة الانتقالیة)ی بەخۆیەوە نەدیوە، قوربانیەکان بەمافەکانیان نەگەیشتوون، دەنا هەزاران دۆسێی تراژیدی هەن پێویستیان بەچارەسەرە، هەزاران قوربانی هەن پێویستیان بەگەڕانەوەی ماف و شکۆیە". لەكۆتایدا ئەوە ڕوندەكاتەوە:" بۆیە وای دەبینم کە یەکێک لەعەیبەکانی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە زەمینەسازی بۆنەکراوەو هێشتا نەیانتوانیوە بیکەن بەیاسا بەڵکو کردویانە بەژاوەژاو، فەرموون باتێبکۆشین زەمینەی یاسایی وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆسازدەین و بیکەین بەیاسا ئینجا نەک لە فەیسبوک بچۆ لەفەرمانگەی باری شارستانیش جێگۆڕکێ بەناوی باوک و دایکت بکە". كەمپینی "ناوی من ناوی دایکمە" ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لەلایەن كۆمەڵێك كەسانی چالاكوان و ڕێكخراوە مەدەنیەكانەوە ڕاگەیاندرا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بڵابۆتەوە و چەندەها كەس  پاڵپشتی كەمپینەكە دەكات بۆ بینینی تەواوی وتارەكە سەردانی ئەم لینكە بكە لە وێب سایتی هاوڵاتی هاوڵاتی - ناوەرؤکی هەواڵ (hawlati.co) عومەر محەمەد، نوسەری وتارەكە  

هاوڵاتى  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پارێزگاری نەینەوا کرد، لە کۆبوونەوەیەکیشدا، باسی دۆخی گشتی نەینەوایان کرد. هەردوولا هاوڕابوون کە پێويسته‌ دۆخى شنگال "له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان و حكومه‌تى فيدراڵیی عێراقدا، چاره‌سه‌ر بكرێت." ئەمڕۆ شەممە، 4 ئەیلوولی 2021  بەپێی راگەیاێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، له‌ کۆبوونەوەکەدا دۆخى گشتي نه‌ينه‌وا، بارى ئاسايش، خزمه‌تگوزارييه‌كان، ئابوورى، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كارييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگاى نه‌ينه‌وا تاوتوێكران.  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌رك و هه‌نگاوه‌كانى نەجم جبووری، پارێزگار و ئيداره‌ى نه‌ينه‌وا بۆ دابينكردنى ئارامی و سه‌قامگيرى، چالاكيى ئابوورى، كارى مرۆيى و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ ده‌ربڕى. نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كردەوە كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دايه‌ "ئاواره‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ خواست و بڕيارى خۆيان بگه‌ڕێنه‌وه‌ موسڵ و ناوچه‌كانى ديكه‌ى نه‌ينه‌وا، پاش ئه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كانيان جێگير ده‌بێت." دۆخى سياسى، هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و كرده‌وه‌كانى داعش له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێکران.

هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، رایگەیاند:" گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". دەڵێت:" لەلایەن چەکدارانی پارتیەوە بۆسەیان بۆ دانراوە". ئەمڕۆ شەممە، 4 ئەیلوولی 2021  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا، کە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل، هاتووە: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". هەروەها هەپەگە دەڵێت:" ئەم هێرشە زیانێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پەدەکە، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج". لە بەردەوامییدا لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: پێویستە هەموو گەلی کورد، پرسیار لە پەدەکە و بارزانی بکەن، لە شەڕێکی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی کورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستکردنی شەڕی کورد بە کورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی گەلەکەماندا، پێویستە کورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەکە و بارزانی بکەن. لە کۆتاییشدا هاتووە: لەم کاتەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ئیمرالی و زیندانەکانی تورکیا، دژی ڕێبەر و هەڤاڵانمان گۆشەگیریی و ئەشکەنجەکانی توند کردووەتەوە و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا هێرشی فاشتیانە و قڕکەرانە دەکاتە سەر گەل و هێزەکانمان". هەپەگە جەختی لەوەشكردۆتەوە:" جیاواز لەو حەوت گەریلا، هێزەکانی پەدەکە لە ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لەنزیک گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان، سێ گەریلای هەپەگەیان گەمارۆ دا و هێرشیان کردنە سەر، لەوکاتەشەوە تا ئێستا، پەدەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاشکرا نەکردووە". هەپەگە پارتی تۆمەتبار دەكات بە مەترسی بۆ سەر هەپەگە و گەریلاكان و لەبەرامبەردا پارتی ڕەتیدەكاتەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت.   

هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی عەبدوڵا خەیات، هونەرمەندی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پرسه‌ و سەرەخۆشی له‌ بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و له‌ هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان دەکەم و هاوخه‌ميانم." ئەمڕۆ شەممە 04-09-2021 عەبدوڵا خەیات، خەیات ھونەرمەندێکی دیاری شانۆ و سینەمای کوردی دوای نزیکەی 18 رۆژ تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی هونەرمەندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵای خەیاتم پێگەیشت." ئەو هونەرمەندە لە دوای هەشت رۆژ مانەوە لە ژێر ئامێری هەناسەدان، ئەمڕۆ لە تەمەنی 57ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی هونەرمەندی ناسراوی بواری شانۆ و دراما خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵای خەیات ـ م پێگەیشت. پرسه‌ و سەرەخۆشی له‌ بنەماڵە و کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی و له‌ هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان دەکەم و هاوخه‌ميانم. لە خوای مەزن داواکارم گيانى خوالێخۆشبوو به‌ به‌زه‌يى و میهرەبانيی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.

هاوڵاتى ئەمڕۆ کارکردن لە قۆناغی دووەمی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دەستیپێکرد. پرۆژه‌كه‌ به‌ پێنج قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌ قۆناخی یه‌كه‌میدا 14 كیلۆمه‌تری ته‌واو کرا، كه‌ به‌حركه‌ به‌ رێگەی شەقڵاوە دەگەیێنێت. قۆناغی دووەم دەکەوێتە نێوان رێگەی (هەولێر- شەقڵاوە) تاوەکو (هەولێر - کۆیە) و درێژییەکەی (7.2) کیلۆمەتر دەبێت لەگەڵ دروستکردنی شەقامی خزمەتگوزاری دوو ساید بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان. لە 26-09-2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری دانا، کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان. قۆناغی یەکەم 14 کیلۆمەترە و رێگەی شەقڵاوە بە رێگەی بەحرکە دەبەستێتەوە، سێ پرد و سێ ئەندەر پاسی تێدایە و زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلاری تێچووە. درێژیی شه‌قامه‌كه‌ 70 كیلۆمه‌تره‌، هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی نزیكه‌ی 20 مه‌تر پانه‌ و پێنج ئۆتۆمبێل دەتوانن به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ری رێبکەن، بۆ هه‌ر سایدێكیش شەقامێکی خزمه‌تگوزاری له‌ ته‌نیشتیدا دروستده‌كرێت. شه‌قامی 150 مه‌تری ده‌بێته‌ شه‌شه‌مین و دواهه‌مین شاڕێی بازنه‌یی به‌ده‌وری هه‌ولێر، شه‌قامكی خێرایه‌ و ناحیه‌كانی بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، داره‌توو، به‌حركه‌، کۆمەڵگەی مه‌لاهۆمه‌ر و رێگای گوێر و قۆریتان و سه‌ركارێز به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

هاوڵاتى كۆمپانیایه‌كى كوردى رایگەیاند:" بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌وان توانیویانه‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى تۆپى پێى نێوده‌وڵه‌تى (فیفا) بكه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ى چالاكى‌و هه‌واڵه‌كانى مۆندیالى 2022ى قه‌ته‌ر. له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، کۆمپانیاى مونلاین کە کۆمپانیایەکى کوردیە ئاشكرایكرد: "بۆ یەکەمجارە کۆمپانیایەکى کوردى بتوانێت پەیوەندى لەگەڵ یه‌كێتى تۆپى پێى نێوده‌وڵه‌تى (فیفا) ببه‌ستێت". ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "ڕێكه‌وتنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌كانى فیفادا چالاكیه‌كانى مۆندیال ده‌توانین به‌زمانى كوردى بگوزینه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ماڵپه‌ڕى سه‌ره‌كى فیفاشدا ناوى ئێمه‌ هاتوه‌و تۆماركراوین". هاوكات هاوڵاتیانیشى ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ڕێگه‌ى كۆمپانیاكه‌یانه‌وه‌ بلیتى گه‌شتكردن بۆ ته‌ماشاكردنى یاریه‌كان به‌ده‌ستبێنن.

هاوڵاتى  وەتسئەپ بە تۆمەتی چاودێریکردنی زانیاریی تاکەکەسی لەلایەن ئیرلەنداوە بە بڕی 266 ملیۆن دۆلار سزا درا. وتەبێژێکی وەتسئەپ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئێمە لە بڕیارەکەی ئەمڕۆ لەبارەی شەفافییەتی زانیاری تاکەکەسی و سزادانەکەمان ناڕازین". وەتسئەپ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکات. چاودێری و پاراستنی زانیارییە تاکەکەسییەکانی ئەوروپا لەو بارەوە دەڵێت، لە مانگی تەممووز چەند خاڵێکیان بە ئاژانسەکانی ئیرلەندا داوە، لە تێبینییەکاندا ئاماژەیان بە پێشێلکردنی مافی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان دراوە و رەخنەیان لە حکومەتی ئیرلەندا گرتووە کە سزای ئەو پێشێلکارییانە نادات. بەرنامەی وەتسئەپ یەكێكە لە بەرنامەكانی سەر بە كۆمپانیای فەیسبووك, كەلەماوەیەكی كەمدابۆتە یەكێك لە تۆڕە كۆمەڵاتیە جیهانیەكان كە زۆرترین كەس بەكاریدەهێنن.    

  هاوڵاتى  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" بە مەبەستی کردنەوەی فرۆکەخانەی کابول بەزوترین کات، لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکەن. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ھەڵسەنگاندنی پرسی ئەفغانستان لە باڵەخانەى وەزارەتی دەرەوەى ئەمريكا ئەنجامدا و رایگەیاند، بە مەبەستی کردنەوەی فرۆکەخانەی کابول بەزوترین کات، لە نزیکەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر کاردەکەن. بلینکن ئاماژەی بەوە کرد کارەکانی نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەردەوامن و لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا سەردانی قەتەر دەکات و چاوی بەو ئەفغانستانیانەی کە بۆ ئەوێ گوێزراونەتەوە دەکەوێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای دەوحە سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکات و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی 20 وڵات کۆبوونەوەیەک لەسەر پرسی ئەفغانستان ئەنجامدەدەن. بلینکن وتی، سەبارەت بەو ھاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە ئەفغانستان ماون لەگەڵ تاڵیبان لەسەر هێڵن و رایگەیاند، زۆر گرنگە تاڵیبان پابەندی بەڵێنەکانی بێت لە رێگەدان بەو کەسانەی کە دەیانەوێت وڵاتەکە جێبھێڵن. رۆژی 29ی ئابی 2021 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، "بابەتی فڕۆکەخانەی کابوول بەلامانەوە گرنگە و لە نزیکەوە و چاودێریی دەکەین". سەربازانی تورکیا لە چوارچێوەی ناتۆ ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوولیان پێدرابوو، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە، بزووتنەوەی تاڵیبان داوایکرد هێزە بیانییەکان وڵاتەکە جێبهێڵن. هێزەکانی تورکیاش کەوتنە چوارچێوەی ئەو هێزە بیانییانەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان رۆژی 31ی ئابی 2021ی وەک دوایین وادە بۆی دیاریکردبوون تاوەکو ئەفغانستان چۆڵبکەن. ئەمە لەکاتێکدایە سەرەتا بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژەیان دەکرد هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەکە دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان.  هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ تاڵیبان دەکرد، بەڵام زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان گوتی، "دەمانەوێ پەیوەندیی باشمان لەگەڵ تورکیادا هەبێت، بەڵام هێزی بیانیمان لە ئەفغانستان ناوێ. ئێمە پێویستمان بە هێزی بیانی نییە و دوای 31ی ئاب خۆمان ئاسایشی فڕۆکەخانی کابوول دەپارێزین". تورکیا لە رۆژانی 26 و 27ی ئابی 2021 سەربازانی خۆی له‌ كابووله‌وه بۆ‌‌ ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاكستان و لەوێشەوە بۆ ئه‌نقه‌ره گواستەوە.

هاوڵاتى  دیلان ئینانچ سیخوڕێکی دەوڵەتی تورکە، کە بۆ کاری سیخوڕی نێردراوە بۆناو ڕیزەکانی گەریلا دوای ئاشکرابوونی دان بە تاوانەکانیدا دەنێت . دیلان ئینانچ لە باکور بەدەسیسەی دەوڵەت چەند کەسی کوشتووە و تەرمەکانیان شاردووەتەوە، خانەوادەی ئەو کەسانە لە ساڵی ٢٠١٤ لەبەردەم بینای (دەبەپە) و شارەوانی ئامەد خۆپیشاندانیان دەکرد و داوای منداڵەکانیان لە پەکەکە دەکرد. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فورات، سیخوڕ دیلان ئینانچ تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی ناوچەی فارقینە لە شاری ئامەد، باس لەوە دەکات کە لەدوای ئەوەی براکەی سیدار ئینانچ تەسلیمی کاری سیخوڕی بووە، ئەویش دەکەوێتە ناو تۆڕی سیخوڕییەوە. دواتر خزمێکی بەناوی کەمال مەرغەن لە ئامەد، بە بیانووی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام مەرغەن و گروپەرکەی دیلان دەفڕێنن و دەیبەنە ماڵێک کە لەوێدا دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵک و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکەن کە ئەگەر کاری سیخوڕییان لەگەڵدا نەکات ئەوە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەویش. سیخوڕ دیلان ڕاهێنانی پێدەکرێت و لە گروپەکەی کەمال مەرغەن دەستبەکاری سیخوڕی دەکات، ئەو سیخوڕە لەبارەی ڕاهێنانەکانەوە دەڵێت سەرەتا لە ڕوویی فکری و دەرونییەوە کاریان لەسەر کردم دواتر خرامە ڕاهێنانی سەربازییەوە، لە کۆتایشدا بۆ نەهێشتنی ویژدان، مرۆڤایەتی و بەزەیی و ترس لە مرۆڤدا ئەتخەنە چالاکییەوە و بە کرداری ڕاهێنانت پێدەکەن، ئەندامەکانی میت دەیانوت: “دەوڵەت تۆ بەخێودەکات پێویستە تۆش خاوەندارێتی لە دەوڵەت بکەیت”، وات لێدەکەن دەوڵەت داوای چی بکات بۆیان بکەیت، لەو چوارچێوەیەشدا پەیمانمدا هەتا کۆتایی دژی پەکەکە شەڕ بکەم. بەشێکیتر لە دانپێدانانەکانی سیخوڕ دیلان دەربارەی ئەو خێزانانە بوون کە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا لەبەردەم بینای (دەبەپە) و (هەدەپە) و شارەوانی ئامەد خۆپیشاندانیان دەکرد و وێنەی منداڵەکانیان بەرزدەکردەوە و داوای منداڵەکانیان لە پەکەکە دەکرد، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پەکەکە منداڵەکانیان بردووە، ئەوکات حکومەتی ئاکەپە و دەوڵەتی تورک لە میدیاکاندا، کردییان بە ڕۆژەڤ و بەو بیانووەوە هێرشیانکردە سەر جوڵانەوە و ناوەندە ئازادیخوازەکانی کورد لە باکوری کوردستان و تا ئەمڕۆش ئەو هێرشانە لەسەر هەدەپە بەردەوامە. لەوبارەیەوە وتی: میت بەشێک لەو کەسانەی کوشتووە و تەرمەکانیانی شاردوونەتەوە، خۆم بەدەستی خۆم سێ کەسم لەوانە کوشتووە کە تەمەنیان لەنێوان ٢٢ تا ٢٤ ساڵ بوو، دواتر پارەیان دەدا بەو ماڵانە کە وێنەی منداڵی ڕۆڵەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی وای نیشانبدەن کە بە تەمەنێکی کەمەوە چونەتە ناو پەکەکە، من نەمزانیبوو کە ئەو سێ کەسەی من کوشتوومە لەناو ئەو کەسانەن کە دەوڵەت بۆ پڕوپاگەندە دژی پەکەکە بەکاریان دەهێنێت، کاتێک تەماشای تەلەفزیۆنم کرد وێنەی ئەو سێ کەسەم بەدەستی کەسوکارەکەیانەوە بینی کە من کوشتبووم، کەچی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە پەکەکە لە تەمەنێکی کەمدا ئەوانی بردووە. سیخوڕ دیلان دەڵێت دواتر لەوە تێگەشتم دوای کوشتنی منداڵەکانیان لە ڕیگای سیخورەکانەوە بە خانەوادەکەی دەوترا کە منداڵەکەت چووەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکە، ئەگەر هەر خێزانێک وڵاتپارێز بووبان و بەشوێن منداڵەکانیان نەکەوتبان دەوڵەت دەستگیری دەکردن. دیلان ئینانچ ساڵی ٢٠١٥ بۆ ئەنجامدانی کردەوەی گەورەتر، وەک سیخوڕێک دەنێردرێتە ناو ڕیزەکانی گەریلاوە، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر و کەسانی باڵای ناو پەکەکە بکاتە ئامانج، لە ناو ڕیزەکانی گەریلادا ناوی زیلان بەرخۆدان لەخۆی دەنێت، لە داهاتوودا بۆئەوەی خۆی لە پەروەردەیەکی تایبەت دووربخاتەوە هەوڵی خۆشاردنەوە دەدات، بەڵام گەریلا پێی دەزانن و ئاشکرادەبێت دوای گرتنی دان بە هەموو تاوانەکانیدا دەنێت.

هاوڵاتى  سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند:" له‌رابردودا نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی تری حكومه‌تی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوبن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم به‌غدا له‌ ئاست ئه‌و هه‌مو خه‌بات و قوربانیدان تێكۆشانه‌دا نه‌بون كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردودا قوربانی زۆری بۆداوه‌". ئەمڕۆ هەینی، 3 ئەیلولی 2021 به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی حزبی سۆسیالیست، به‌سه‌رپه‌رشتی محه‌مه‌د حاجی محمود سكرتێری سۆسیالیست، كۆبونه‌وه‌ی فراوانی  ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ڕاوێژكاری و چاودێری و سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌ندو ده‌زگاو ئۆرگانه‌كان و سه‌رجه‌م كاندیده‌كان له‌ بازنه‌ جیا جیاكانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چو. له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، محه‌مه‌د حاجی محمود باسی له‌  میكانزمی هه‌ڵبژاردنه‌كان زیادكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ 18 بازنه‌وه‌ بۆ 83 بازنه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنی ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد به‌ تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی جێگه‌ی ململانێن، هاوكات به‌شداریكردنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كورستان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عێراق و به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌لیستی سه‌ربه‌خۆ گرنگی و كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، به‌شداریكردنی له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌رابردودا نوێنه‌رانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی تری حكومه‌تی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوبن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم به‌غدا له‌ ئاست ئه‌و هه‌مو خه‌بات و قوربانیدان تێكۆشانه‌دا نه‌بون كه‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی رابردودا قوربانی زۆری بۆداوه‌". له‌ ته‌وه‌ره‌یه‌كی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا محه‌مه‌د حاجی محمود ئاماژه‌ی به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد كه‌ "حزبی سۆسیالیست به‌لیستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ 20 كاندید له‌ سه‌رجه‌م بازنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی جێگه‌ی ململانێن به‌شداریده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌مو پشتگیریه‌كی خۆی بۆسه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كات دوپاتكرده‌وه‌". سكرتێری حزبی سۆسیالیست جه‌ختی له‌سه‌ر كارنامه‌ی حزبه‌كه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ی كاندیده‌كانیه‌وه‌ خستویه‌تیڕو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی گرفته‌كان و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌ومافه‌نانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ تا ئێستا به‌هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ "داوای له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی كرد متمانه‌ ببه‌خشن به‌كاندیده‌كانی حزبی سۆسیالیست تاكو له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ گرنگه‌دابن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و مافه‌كانی پێشمه‌رگه‌و یاسای نه‌وت و غازو بودجه‌و سنور و یاسای فیدراڵ و زۆر پرسی گرنگی تر".