هاوڵاتى کونسوڵی گشتی ئه‌مریكا لە ھەولێردەڵێت:" کوردەکان دەتوانن پشت بە دوو هاوڕێ ببەستن کە بریتین لە چیاکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا و دەشڵێت:" هەموو کاتێک زیاتر باوەڕم وایە کە پەیوەندی تایبەتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی ئەم هەرێمە درێژخایەن دەبێت". ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئه‌مریكا لە ھەولێر لە وتارێکدا بەهۆی جێهێشتنی پۆستەکەى وەک کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت: " ئێستا کە ماوەی خزمەتم وەک کۆنسووڵی گشتی ئه‌مریكا کۆتایی دێت، لە هەموو کاتێک زیاتر باوەڕم وایە کە پەیوەندی تایبەتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی ئەم هەرێمە درێژخایەن دەبێت. دۆستایەتییەکەمان بە درێژایی چەندین دەیەیە خەمڵاوە". واڵەر دەشڵێت:"ئەگەر دەوڵەمەندی هەر شارستانییەک پەیوەست بێت بە دەوڵەمەندی هونەرو مێژووەکەیەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بەقەد هەر شوێنێکی دیکەی سەرگۆی زەوی دەوڵەمەندە. هەر لە پەرستگەی لالشەوە بۆ دەرگای بادینان، لە مەزاری نەبی ناحومەوە بۆ بابەتی ئەدەبی و مۆسیقای بەرجەستەکراو، خۆم و تیمەکەم شانازی بە کارکردن لەگەڵ هاوشانە کوردەکانمان و هەندێک لە بەنێوبانگترین دامەزراوە جیهانییەکان دەکەین بۆ پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری بەهاداری هەرێمی کوردستان، کە بۆ هەتاهەتایە بەردەست دەبن بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو". دەقی وتارەكەی کونسوڵی گشتی ئه‌مریكا لە ھەولێر:- دوو هاوڕێی کورد ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئه‌مریكا لە ھەولێر هەر ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنم بە هەولێر وتەیەکی کۆنی کوردیم بە شێوازی خۆم داڕشتەوەو ئاماژەم بەوەدا " کوردەکان دەتوانن پشت بە دوو هاوڕێ ببەستن کە بریتین لە چیاکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا". ئێستا کە ماوەی خزمەتم وەک کۆنسووڵی گشتی ئه‌مریكا کۆتایی دێت، لە هەموو کاتێک زیاتر باوەڕم وایە کە پەیوەندی تایبەتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی ئەم هەرێمە درێژخایەن دەبێت. دۆستایەتییەکەمان بە درێژایی چەندین دەیەیە خەمڵاوە. کاتێک لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی سی ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ناوچەی ئارام لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ لە نزیک پارکی منارە لە هەولێر وەستام و قسەم بۆ ئامادەبووان کرد، ئەو سەرکەوتنە سەربازی و مرۆییانەم وەبیرهێنانەوە کە سی ساڵ بەر لە ئەمڕۆ روو‌حیان بە بەر ئەو پەیوەندییە تایبەتەی نێوان میللەتەکانماندا کرد و بناخەی ئەو هەرێمەیان دانا کە من هاتووم شانازی پێوە بکەم. هەست بە شانازی دەکەم کە توانیم لە ماوەی ساڵی رابردوودا رۆڵێکی بچووک ببینم لە بیناکردنی زیاتر لەسەر ئەو بناخەیە. سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکانی پەتای جیهانی، سەرکەوتوو بووین لە خستنە سەری چەند خشتێکی دیکە بۆ بەهێزترکردن و خۆڕاگرترکردنی پەیوەندییەکە. یادی مێژوویەکی هاوبەشی بەر لە سی ساڵمان کردەوە، هەروەها لە هەمانکاتیشدا مێژوومان دروستکرد. حکومەتەکەم یارمەتی هاوشانە کوردەکانمانی دا لە بەردەوامیدان بەوەی کە #پێشمەرگە بخرێتە ژێر یەک فەرماندەیی و هەروەها لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارمان لە شێوەی یارمەتی ئەمنی پێشکەش کردوون. لە دەرەنجامیشدا، ئەو پێشمەرگە بوێرانەی یارمەتی تێکشکاندنی داعشیاندا ئێستا لە دۆخێکی بەهێزتردان بۆ پاراستنی هەرێمەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو. هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووتر واتە هەرێمی کوردستانێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر و هەروەها عێراقێکی باشتریش. لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی خراپترین پەتای جیهانی لە سەردەمی هاوچەرخدا، هاوڕێیانم لە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی دەستیان بەکارکردن کرد بۆ یارمەتیدانی هەرێمی #کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆرنا. ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری (ئیسعاف)و کەلوپەل و پێداویستی پزیشکیمان بەخشینە کەرتی تەندروستی لە #هەولێر و پارەمان دابینکرد بۆ بە خێرایی بنیادنانی یەکەی جیاکردنەوەی نەخۆشانی کۆرۆنا لە #دهۆک و هەروەها ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەمان بۆ کەرتی تەندروستی لە #سلێمانی دابینکرد بۆ ئەوەی یارمەتی هەڵمەتی گواستنەوەو دابەشکردنی ڤاکسین بدات. وەک گەورەترین بەخشەر بۆ دامەزراوەی #کۆڤاکس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداریکردووە لە بەخشینی سەدان هەزار ژەمە ڤاکسین بۆ خەڵکی عێراق. لەڕووی ئابووریشەوە، کارمان لەگەڵ دامەزراوەی هاوئاهەنگی پەرەپێدانی دارایی کرد بە تەرخانکردنی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە شێوەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی گاز و نەوتی #هەرێمی_کوردستان. هەروەها هاوشانیمان لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکادا کرد بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە یارمەتیدانی وەگەڕخستنی توانای ئابووری هەرێمی کوردستان. لە دهۆکەوە بۆ سلێمانی هانی رۆحی کارسازخوازی گەنجان دەدەین لەڕێی وەبەرهێنانکردن لە پڕۆژەی بچووک و مامناوەند لەبەرئەوەی باش دەزانین ئەو شتەی کە وزەی هێنانەکایەی ئارامی و خۆشگوزەرانییە بریتییە لە بزوێنەری کەرتی تایبەتی زیندوو . ئەگەر دەوڵەمەندی هەر شارستانییەک پەیوەست بێت بە دەوڵەمەندی هونەرو مێژووەکەیەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان بەقەد هەر شوێنێکی دیکەی سەرگۆی زەوی دەوڵەمەندە. هەر لە پەرستگەی لالشەوە بۆ دەرگای بادینان، لە مەزاری نەبی ناحومەوە بۆ بابەتی ئەدەبی و مۆسیقای بەرجەستەکراو، خۆم و تیمەکەم شانازی بە کارکردن لەگەڵ هاوشانە کوردەکانمان و هەندێک لە بەنێوبانگترین دامەزراوە جیهانییەکان دەکەین بۆ پاراستنی فەرهەنگی کەلەپووری بەهاداری هەرێمی کوردستان، کە بۆ هەتاهەتایە بەردەست دەبن بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو. سەرەڕای سەرکەوتنە زۆرەکانمان، پێویستە چاوکراوەبین سەبارەت بە ئاڵنگارییەکان و هەروەها سەبارەت بە هەرشتێک کە لەوانەیە درز بخاتە ئەو بناخەیەوە کە بە کارکردنی ماندوو نەناسانە دروستمان کردووە. پابەندی هاوبەشمان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێت بە بەردەوامی نەگۆڕبێت، تەنانەت لەکاتی دۆخی سەختی ئابووریشدا. بۆیە تاوەکو ئەوکاتەی کە هەرێمی کوردستان شوێنێک دەبێت کە مافەکانی مرۆڤ لە ریزی پێشەوە دادەنێت، دەبێتە نموونەیەک بۆ دراوسێیەکانی. هەروەها ئەو نموونەیە بە رۆشنترین شێوە دەدرەوشێتەوە ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. هەرێمی کوردستانێکی یەکگرتوو بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهانیش باشە. کاتی خزمەتم لێرە بەرزترین ئاست بووە لە پیشەکەم وەک دیپلۆمات، هەرگیز میواندۆستی گەرموگوڕی خانەخوێ کوردەکانم لەبیرناکەم. هەرچەندە زۆرجار وادەخوازێت کە دیپلۆماتەکان کاتی زیاتر لەگەڵ دەوڵەمەندان و دەسەڵاتداران بەسەربەرن، بەڵام هەرگیز لەوە زیاتر هەستم بەشکۆمەندی نەکردووە کاتێک لەگەڵ هاووڵاتییەکی #کوردی ئاسایی نانێکم دوولەت کردووە. زۆر سوپاس لە کانگای دڵەوە بۆ هەمووتان. لەکاتێکدا بیری جوانی شاخەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، لە شاخەکان زیاتر بیری گەورەیی خەڵکەکەی دەکەم.
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستێکی دیکەی مووچەی راگەیاند و بەپێی خشتەکە، سبەی دووشەممە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، رۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن. رۆژی سێشەممەش، خانەنشینیی شارستانی مووچە وەردەگرن. لە رۆژانی 25 و 26ـی حوزەیران دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی تەندروستی کرا، پاشان وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ تاوەکو 30ـی حوزەیرانی کێشا و دابەشکردنی مووچە راگیرا، لەماوەی 12 رۆژی رابردوودا شەش وەزارەت و دەزگا مووچەکانیان وەرگرت.
هاوڵاتى عه‌لی حه‌مه ساڵح له‌راپۆرتێكدا ورده‌كاری كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاتی پارێزگاكان بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ئاشكراده‌كات رایگه‌یاند:" له‌سنوری هه‌ولێر و دهۆك ته‌نها 57%ی داهات و له سلێمانیش 43%ی داهات ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ڕونه له‌سه‌ر دو ئیداره‌ی و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی داھاتی ناوخۆ". عه‌لی حه‌مه ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "داھات ھه‌رچه‌ند بێت ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد ھه‌ر 57٪ ده‌دات و ھی سه‌وزیش ھه‌ر 43٪ ده‌دات، ئه‌و پاره‌یه‌ی له داھاتی گومرگ و ڕسومات و باج كۆده‌كرێته‌وه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌و حیزب چه‌ندی بوێت ئه‌وه‌نده ده‌دات، واته ئه‌گه‌ر داھاتی ئیبراھیم خه‌لیل و ھه‌ولێر و دھۆك سه‌دان ملیۆن دۆلار بێت، سلێمانی مانگانه 43 ملیۆن دۆلار بداته موچه، ھه‌ولێریش 57 ملیۆن دۆلار ده‌دات، ھه‌ردوكیان به ھه‌مان ڕێژه له سێ مانگدا 157 ملیار دیناریان كه‌مكرده‌وه بۆ ته‌مویلی موچه". به‌گوێره‌ی راپۆرتێك كه عه‌لی حه‌مه‌ساڵح پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردوه، تێیدا هاتوه، له مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ بۆ مانگی (ئایار/5)، داھاتی ناوخۆ بۆ موچه 43٪ كه‌میكردوه، له 374 ملیار دیناره‌وه بۆ 157 ملیار كه‌می كردوه، ھه‌رچه‌نده پێش كه‌مكردنیشی داھاتی ناوخۆ به‌ته‌واوی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتوه، "ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه داھاتی ھه‌ولێر و دھۆكیش ھه‌ر 42٪ كه‌میكردوه و سلێمانیش ھه‌ر 42٪، له خشته‌كه‌یه‌كیشدا رونكراوه‌ته‌وه، دراوه چۆن مانگ به مانگ وه‌ك یه‌ك داھاتی سلێمانی له‌لایه‌ك و ھه‌ولێر و دھۆك له‌لایه‌ك كه‌م ده‌كات". له‌خاڵی دوه‌می راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، كۆكردنه‌وه‌ی داھات و ته‌رخانكردنی داھاتی ناوخۆ به‌پێی زیاد و كه‌می داھاتی خاڵێكی سنوری یان كۆكردنه‌وه‌ی باج و رسومات له شارێكه‌وه بۆ شارێك نیه، داھاتی ھه‌ر پارێزگا‌و ھه‌ر خاڵێكی سنوری ھه‌ر چه‌ند بێت، ھه‌ولێرو دھۆك 57٪ دابینده‌كه‌ن و سلێمانیش 43٪، ئه‌مه ئاماژه‌یه‌كی ڕونه له‌سه‌ر دو ئیداره‌ی و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی داھاتی ناوخۆ. باس له‌وه‌شكراوه، تاوه‌كو 9ی (ته‌موز/7)ی 2021 سلێمانی 51 ملیار دیناری داھاتی ناوخۆی مانگی ڕابردوی ناردوه، ھه‌ولێر 69 ملیار، واته 57% به 43%یه، پاش لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچون ده‌ركه‌وت ئه‌و داھاته‌ی له پارێزگاكانه‌وه كۆده‌كرێته‌وه به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و داھاته نییه كه دێته خه‌زێنه‌ی گشتی.
هاوڵاتى لە قەزای مورادییە سەر بە پارێزگای وان مینی پاسێک کە کۆچبەرانی هەڵگرتبوو وەرگەڕا، بە هۆیەوە ١٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ٢٠ی دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ته‌مموزی 2021، ئاژانسی ئانادۆڵۆ بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە لە نزیک ناوچەی یوماکلى بووە کە مینی پاسێک بە ٦٥ سەرنشینەوە، بە هۆکارێکی نادیار وەرگەڕا و بەهۆیەوە ١٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون. بەهۆی رووداوەکەوە مینی پاسەکە ئاگری گرت و دواتر لەلایەن تیمی ئاگرکوژێنەوە کوژێنرایەوە. لە رووداوەکەدا ٢٠ کۆچبەر برینداربوون کە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی گواسترانەوە نەخۆشخانەکانی وان، ئەرجیش و مورادییە و تەرمەکانیش گواسترانەوە پزیشکی دادوەریی.
هاوڵاتى ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی ته‌مموزی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 75 دۆلار و 55 سەنتە. هاوکات لە بۆرسەی بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 74 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا و زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لەبازارەکانی ئاسیا بەتایبەتی چین و هیندستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای نەوت بەڕێژەی 2% بەرزبووەوە. لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، رێکخراوی ئۆپێک پڵەس هەوڵیدا بڕیارێک لەبارەی زیادکردنی بڕی بەرهەم بۆ قەرەبوکردنەوەی داخوازی زۆری جیهانی دوای ئاسایبوونەوەی بەشێکی کەرتی ئابوری بدات، بەڵام کۆبونەوەکە نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک و دواخرا، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبوو.
هاوڵاتى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى ئابورى ڕایگه‌یاند، له سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌رئه‌نجامى ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌مڕۆ 10ى ته‌موزى 2021، به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕبونى دوو ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا، ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه‌کردوه، دوو ساڵى سه‌خت و دژوار، کابینه‌ى نۆ ده‌ستپێکێکى پێ له ھیواو ئاڵه‌نگارییه‌کى گه‌وره به‌رامبه‌ر دابه‌زینى نرخى نه‌وت. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که سه‌رھه‌ڵدانى ڤایرۆسێکى کوشنده و ده‌گمه‌نى وه‌ک کۆرۆنا و ململانێى سیاسى و ناوخۆیى و ناوچه‌یى و ھه‌ڕه‌شه‌ى به‌رده‌وام سه‌ربازى و تیرۆریستی، دانوستانى درێژخایه‌نى به‌غداد و ھه‌ولێر بووه. له په‌یامه‌که‌ى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تدا، ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که له دوو ساڵدا ده‌رئه‌نجامى به‌رچاو له ئاست چاوه‌ڕوانیدا هه‌بوو، له جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنه‌کانیدا که رایگه‌یاندبوو له کارنامه‌که‌یدا و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م ھه‌فته‌یه ده‌رئه‌نجامى ئه‌و رێکه‌وتنه ده‌رده‌که‌وێت. باسى له‌وه‌شکردوه، له‌و دوساڵه‌دا، چاکسازى و ریفۆرم له داھاتى نه‌وت و داھاتى ناوخۆ‌و خه‌رجى و ھه‌مووى بۆ گه‌ل و په‌رله‌مان خرایه روو، له‌گه‌ڵ ئاوه‌دانى و به‌رده‌وامبوون له پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى و شه‌قام و پرد و نه‌خۆشخانه و کارگه و وه‌به‌رھێنان و ره‌خساندنى ھه‌لى کار له که‌رتى تایبه‌ت. ئه‌مڕۆ، دووساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ته‌مه‌نى کابینه‌ى نۆى حکومه‌تى هه‌رێم و له په‌یامێکدا به‌و بۆنه‌یه‌وه، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند، پێویسته ده‌ستخۆشى له کابینه‌ى نۆیه‌م بکرێت که موچه‌ى دابین کردووه.
هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند:"هیچ پێکهاته‌یه‌ک نییه که یارمه‌تى داگیرکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بدات بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌کى زیاتر له باکوورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریادا بمێنێته‌وه. ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10ى ته‌موزى 2021، جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کۆبانێ، فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده) له لێدوانێکیدا رایگه‌یاند:" هێزه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک چیتر تواناى ئه‌وه‌یان نییه بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر له‌و ناوچانه بمێننه‌وه که له باکوورى رۆژهه‌ڵاتى سوریادا داگیریان کردووه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى تورکیا و گرووپه چه‌کداره‌کانیان په‌یوه‌ندیى به‌تواناى سه‌ربازیى هێزه‌کانى هه‌سه‌ده-ه‌وه‌هه‌یه بۆ دووباره کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ى ناوچه‌که و پشتیوانیى دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه". هاوکات، مه‌زڵوم کۆبانێ، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که هاووڵاتییانى سه‌رێ کانێ ئه‌زمونێکى زۆر سه‌ختیان تێپه‌راندووه و تواناى ئه‌وه‌یشان هه‌یه جارێکى تر بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌کانیانى خۆیان.
هاوڵاتى له‌دووه‌م ساڵیادى ده‌ستبه‌کاربوونى کابینه‌که‌یدا، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت له وتارێکدا له په‌یوه‌ندى نێوان به‌غداو هه‌رێم رایگه‌یاند: " ئێمه سواڵکه‌ر نین". پاش تێپه‌ربوونى دوو ساڵ به‌سه‌ر کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا مه‌سرور بارزانى ده‌شڵێت " چاکسازى شتێک نییه به شه‌و و رۆژێک ته‌واو بێت. پرۆسه‌یه‌کى به‌رده‌وامه. هه‌رگیز ته‌واو نابێت. ئێمه هه‌رچى بکه‌ین، ده‌توانین چاکسازى زیاتریش بکه‌ین له داهاتوودا". له باره‌ى مووچه‌وه سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌ڵێت " ده‌توانى ئه‌وه بڵێم، حکومه‌ت به‌ڵێنى داوه، به‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌ر ده‌سته، مووچه‌که بدات". ده‌قى وته‌کانى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چاکسازی ئێمه له به‌رنامه‌ى کابینه‌ى حکومه‌تدا کارنامه‌مان له باره‌ى چاکسازییه‌وه پێشکه‌ش کرد. چاکسازى شتێک نییه به شه‌و و رۆژێک ته‌واو بێت. پرۆسه‌یه‌کى به‌رده‌وامه. هه‌رگیز ته‌واو نابێت. ئێمه هه‌رچى بکه‌ین، ده‌توانین چاکسازى زیاتریش بکه‌ین له داهاتوودا. ئه‌وه‌ى تا ئێستا حکومه‌ت کردوویه‌تی، ئه‌گه‌ر به ئینسافه‌وه سه‌یرى بکه‌ین، دواى ئه‌و هه‌موو قه‌یران و کێشانه، پێم وایه حکومه‌ت ده‌ستکه‌وتى زۆرى به‌ده‌ست هێناوه. ته‌حه‌دییه‌کان زۆر بوون، دواى ده‌ستپێکردنى کابینه ئێمه تووشى قه‌یرانى کۆرۆنا بووین، نرخى نه‌وت دابه‌زی، ئابوورى دنیا به شێوه‌یه‌کى گشتیى تووشى داڕمان بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئێمه توانیمان خۆمان رابگرین. له لایه‌کى دیکه‌وه حکومه‌تى فیدراڵى ته‌نانه‌ت له ناردنى بودجه، ئه‌مه 13یه‌مین مانگه هیچ بودجه‌یه‌کى بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه، ئێمه به‌و داهاته‌ى له کوردستان هه‌بووه و به‌و هه‌موو کێشه و قه‌یرانانه توانیومانه ئیداره‌ى ئه‌م حکومه‌ته بکه‌ین، به‌و چاکسازیانه‌ى که کراوون. چاکسازى له چه‌ندین بواردا کراوه، بۆنموونه له رێکخستنه‌وه‌ى داهات و که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کانى حکومه‌ت، که به‌رچاو و دیاره و حکومه‌ت توانیویه‌تى پشت ببه‌ستێت به‌و داهاته‌ى له‌به‌ر ده‌ستییه‌تی، هه‌رچه‌نده وه‌ک پێویست نه‌بووه و له ئاست داخوازى خه‌ڵکى کوردستان نه‌بووه، ئه‌و بودجه‌یه‌ى پێویسته بۆ ئیداره‌دانى وڵات، به‌شى نه‌کردووه، به‌ڵام توانیویه‌تى خۆى بگونجێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌به‌ر ده‌ستى بووه. به رێکخستنه‌وه‌ى داهات و ئه‌و ره‌وشه‌ى که هه‌یه، توانیومانه ئیداره‌ى خۆمان بکه‌ین. ئه‌گه‌ر به ئینسافه‌وه سه‌یر بکرێت، جێى ده‌ستخۆشییه بۆ هه‌موو ئه‌و براده‌رانه‌یه کاریان تێیدا کردووه. له لایه‌کى دیکه‌وه حکومه‌ت هه‌وڵیداوه خزمه‌تگوزارییه‌کان به دیجیتاڵى بکات و رۆتین که‌م بکاته‌وه. دووباره ده‌ڵێم، کۆرۆنا کاریگه‌رى هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌داى حکومه‌ت و ده‌وامى فه‌رمانگه‌کان. له هه‌مووشى گرنگتر ئه‌وه‌یه، که ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى پێشتر خه‌ڵک پێوه‌ى ده‌یناڵاند و گله‌ییان ده‌کرد، له به‌هه‌ده‌ر دانى سامانى گشتیی، ئێمه تا ئاستێکى زۆر که‌ممان کردووه و ناتوانم بڵێم بنبێ کراوه، به‌ڵام به ئاستێکى زۆر که‌مکراوه‌ته‌وه. به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر چاکتر کردنى ره‌وشى هه‌رێم له هه‌موو روویه‌که‌وه. بۆ نموونه، له ماوه‌ى رابردوو کارێکى زۆرمان له‌سه‌ر کاره‌با کردووه، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با به شێوه‌یه‌ک که‌مبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا دانى کاته‌کانى کاره‌با به هاووڵاتیان زیاد بکه‌ین. هه‌رچه‌ند هه‌ندێکجار زیادکردنى تێده‌که‌وێت، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کى گشتیى ئه‌گه‌ر به‌راورد بکه‌ین، به پێشتر سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو توانا و داهاته‌ى له‌به‌ر ده‌ست بووه، ده‌توانم بڵێم ئه‌م کابینه‌یه سه‌رکه‌وتوو بووه، له ئیداره‌دانى ئه‌م دۆسیه‌یه. ئه‌مه یه‌کێکه له نموونه‌کان و له هه‌موو بواره‌کانى دیکه‌شدا چاکسازى کراوه. باج له حکومه‌ت وه‌ک چه‌ندین جارى دیکه باسکراوه، به هیچ شێوه‌یه‌ک باجمان له‌سه‌ر خه‌ڵک زیاد نه‌کردووه. ئه‌و باجانه‌ی، که هه‌ن به یاسا رێکخراوون و پێشتر بڕیارى له‌سه‌ر دراوه. به‌داخه‌وه، جێبه‌جێ نه‌کراوه، ئه‌م حکومه‌ته هاتووه بۆ جێبه‌جێکردنى یاسا و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و باجه، که مافى خه‌ڵکه. بۆ ئه‌وه‌ى دیار بێت. باج بۆ حکومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه. حکومه‌ت کۆى ده‌کاته‌وه و ده‌یکاته‌وه به داهات و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌ڵک. له مووچه و پڕۆژه‌کان و بۆ خزمه‌تى خه‌ڵک خه‌رجى ده‌کات. ئه‌وه‌ى پێشتر هه‌ستمان کرد، کێشه‌یه‌کى تێدایه، ئه‌و باجانه‌ى به یاسا رێکخراوون زۆربه‌یان کۆنه‌کراونه‌ته‌وه و له به‌رژه‌وه‌ندى تاکه که‌س و ژماره‌یه‌کى که‌م له بازرگان و ئه‌و که‌سانه‌ى که خۆیان دزیوه‌ته‌وه له دانى باج به حکومه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان بووه. ئه‌م جاره حکومه‌ت ده‌ڵێت، ئه‌و باجانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه و به یاسا رێکخراوون و ده‌بێت بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ گه‌نجینه‌ى حکومه‌ت، تا حکومه‌ت بتوانێت، به شێوه‌یه‌کى باشتر له خزمه‌تى هاووڵاتیان و بۆ پڕۆژه‌کانى دیکه، که دیسان خزمه‌ت به هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت، به‌کارى بهێنێت. دووباره ده‌ڵێم باج زیاد نه‌کراوه و ئه‌وه‌ى حکومه‌ت کردوویه‌تى ته‌نیا رێکخستنه‌وه‌ى باج. ئاو ئاو گرنگترین سه‌رچاوه‌ى ژیانه بۆ مرۆڤ، به بێ ئاو ناتوانین بژین. به‌داخه‌وه چه‌ندین هۆکار هه‌ن بۆ که‌مبوونه‌وه‌ى ئاو له کوردستاندا. زۆر له‌و سه‌رچاوانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى سنوور ده‌هاتنه هه‌رێم و ئێستا رێگه‌یان لێگیراوه و نایه‌ت، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و به‌نداوانه‌ى هه‌ن، له‌وانه دووکان و ده‌ربه‌ندیخان. له لایه‌کى دیکه‌وه وشکه ساڵى و نه‌بارینى باران، هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌کى ناته‌ندرووست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاوى ژێر زه‌وى کراوه و ئاوێکى زۆر به‌فیڕۆ دراوه. ئه‌مانه هۆکارن بۆ که‌مئاوی. بۆ چاره‌سه‌ر، ده‌بێت ئێمه ده‌ست به ئاوه‌وه بگرین. به‌شێکى به‌رپرسیارێتى بۆ هاووڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌بێت هاووڵاتیان زیاده‌ڕۆیى له به‌کارهێنانى ئاو نه‌که‌ن و ده‌ست به ئاوه‌وه بگرن. ئاو سه‌رچاوه‌یه‌کى سرووشتییه و ئێمه ناتوانین به هیچ شێوه‌یه‌کى دیکه ئاو زیاد بکه‌ین، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ستى پێوه بگرین و به باشترین شێوه سوودى لێ وه‌ربگرین. درووستکردنى به‌نداو یه‌کێکه له رێگه‌کان و ئێمه له سه‌ره‌تاى کابینه‌وه هه‌ستمان به‌وه کردووه، که درووستکردنى به‌نداو له چه‌ند روویه‌که‌وه ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت. یه‌کێک بۆ ده‌ستگرتن به ئاوه‌وه و دواتر بۆ به‌کارهێنانه‌وه‌ى بۆ خه‌ڵکى کوردستان. له لایه‌کى دیکه‌وه به‌نداوه‌کان ده‌توانن ئاوى ژێر زه‌وى زیاد بکه‌ن و ببن بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کى باش بۆ هاندانى کشتوکاڵ و بازرگانى و ته‌نانه‌ت پیشه‌سازى و گه‌شتیاری. له لایه‌کى دیکه‌وه ئه‌و به‌نداوانه ده‌توانن له هه‌موو رووه‌کانه‌وه یارمه‌تیده‌ر بن. ئه‌وه‌ى حکومه‌ت ده‌یه‌وێت بیکات، ئه‌مه‌یه، ئه‌و به‌نداوانه به زووترین کات درووست بکرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت، ئێمه تووشى قه‌یرانى دارایى بووین، خه‌ڵک چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌یه مووچه له‌سه‌رى مانگه‌وه بدرێت. ده‌توانى ئه‌وه بڵێم، حکومه‌ت به‌ڵێنى داوه، به‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌ر ده‌سته، مووچه‌که بدات. پێمان خۆش بوو مووچه هه‌مووى بدرابا. ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌ر ده‌سته به‌شى مووچه و پڕۆژه هه‌مووى ناکات. ده‌بێت ئێمه بڕیار بده‌ین، چۆن ده‌توانین به باشترین شێوه سوود له‌و بودجه‌یه وه‌ربگرین. چه‌ندى بۆ مووچه بێت و چه‌ندى بۆ پڕۆژه‌کان خه‌رج بکرێت. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌وه‌ستاوین، له‌گه‌ڵ زۆر لایه‌نى بیانى و وڵاتانى ده‌ره‌وه و که‌رتى تایبه‌ت قسه‌مان کردووه، هه‌روه‌ک ده‌زانن ئێمه یاسایه‌کى نوێمان تێپه‌ڕاندووه، ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت (PPB)، که هه‌ماهه‌نگییه له نێوان که‌رتى گشتیى و تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌یرى ئه‌و پڕۆژه ستراتیژیانه بکه‌ین و بزانین چۆن درووستیان بکه‌ین. درووستکردنى به‌نداو، له‌سه‌رووى ئه‌وله‌ویه‌تى ئێمه‌یه. ده‌مانه‌وێت ئه‌و به‌نداوانه به زووترین کات جێبه‌جێ بکرێن. پێویستیان به پاره‌یه. ئێمه خه‌ریکى ئه‌وه‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیکه و که‌رتى تایبه‌ت، ئه‌و بڕه بودجه‌یه‌ى پێویسته دابینى بکه‌ین بۆ درووستکردنى ئه‌و به‌نداوانه. پیشه‌سازى و کشتوکاڵ ده‌مانه‌وێت ئابوورى و داهاتمان هه‌مه‌چه‌شن بکه‌ین. ده‌ستمانکردووه به په‌ره‌پێدانى که‌رتى کشتوکاڵ و پیشه‌سازى و که‌رتى گه‌شتیاری، به‌ڵام شته‌کان به‌یه‌که‌وه به‌ستراوون، ئه‌گه‌ر بودجه له‌به‌ر ده‌ست نه‌بێت، له‌وانه‌یه ئاسان نه‌بێت، تۆ بتوانیت زوو په‌ره به‌و که‌رتانه بده‌یت. تۆزێک یارمه‌تى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت بکه‌ونه سه‌ر پێى خۆیان و ببنه سه‌رچاوه‌ى داهات. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش هه‌موو هه‌وڵێکمان داوه، که‌رتى تایبه‌ت زۆر زۆر یارمه‌تیده‌رى حکومه‌ت بووه. زۆر له‌و پڕۆژانه‌ى حکومه‌ت مه‌به‌ستى بووه، جێبه‌جێیان کردووه. ئێمه چه‌ندینجار سه‌ردانى پارێزگاکانمان کردووه و پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى خۆراکیمان درووستکردووه، که گرنگه بۆ دابینکردنى ئاسایشى خۆراک، بۆ هه‌موو هاووڵاتیانى کوردستان. ئه‌مه یه‌کێکه له بنه‌ماکانى پێویست بۆ په‌ره‌پێدانى ئابوورى وڵات و هه‌روه‌ها بۆ زامنکردنى ئاسایشى خۆراکى هاووڵاتیان. ئه‌م پڕۆژانه بێگومان له ماوه‌یه‌کى نزیکدا و هه‌ندێکى دیکه ره‌نگه ماوه‌یه‌کى درێژتریان بوێت، به‌رهه‌میان دێته ده‌ست و ده‌یبینین چه‌ند سوودیان ده‌بێت. ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له پشتیوانیکردنى په‌ره‌پێدان به که‌رتى کشتووکاڵی. له هه‌مان کاتیش‌دا به نیازین، که‌رتى کشتووکاڵ بکرێته بنه‌ما بۆ په‌ره‌پێدان به که‌رته‌کانى دیکه‌ش. بۆ نموونه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کى کشتوکاڵى بکرێت، ره‌نگه دواى ئه‌وه چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیکه‌ى پیشه‌سازى پێویست بن بۆ پشتیوانیکردنى ئه‌و که‌رته. ئه‌مه جووڵه‌یه‌کى که‌رتى پیشه‌سازى درووست ده‌کات. دواى ئه‌وه جووڵه‌ى بازرگانى دێته پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مى ناوخۆیى زیاتر بوو له خواستى ناوخۆ، ئه‌و کات ئێمه بیر له گه‌ڕان به‌دواى بازاڕى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌که‌ینه‌وه. له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵ و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کانى حکومه‌تى فیدراڵى قسه‌مان کردووه، که بازاڕى هه‌موو عێراق به رووى جووتیاران و خه‌ڵکى کوردستاندا بکه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ش سه‌ردانمان کردوون و قسه‌مان کردووه، چۆن هه‌رێمى کوردستان به بازاڕى ده‌ره‌کى و نێوده‌وڵه‌تى ببه‌ستینه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه توانیمان بازاڕێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌رهه‌مه‌کانى ناوخۆیى په‌یدا بکه‌ین، ئه‌مه ده‌بێت به هۆکارێک بۆ هاندانى جووتیار تاکو به‌رهه‌مى خۆیان زیاتر بکه‌ن. ئه‌وه‌ى گرنگه بۆمان ئه‌وه‌یه، جووتیار مه‌ترسى ئه‌وه‌ى نه‌بێت، دواى به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مه‌که‌ى چۆن ره‌فتار بکات. حکومه‌ت ئه‌و به‌رپرسیارێتییه ده‌گرێته ئه‌ستۆ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌یان لێوه‌رده‌گرێته‌وه و ده‌یکاته‌وه به خۆراک و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بازاێ و ئه‌گه‌ر له ئاستى خواستى ناوخۆ زیاتر بوو، ئه‌و کات ده‌توانین به رێگه‌یه‌کى باش و له رێگه‌ى په‌یوه‌ندى بازرگانى له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان و وڵاتانى ده‌ره‌وه، به‌رهه‌مه‌کان ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه بکه‌ین. ئه‌مه ده‌بێته هۆیه‌کى دیکه بۆ زیاترکردنى داهات له هه‌رێمى کوردستان. په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و به‌غدا پێویسته گه‌شبین بین. من ده‌توانم به دڵنیاییه‌وه بڵێم. ئه‌م کابینه‌یه زیاتر له هه‌موو کاتێک شاندى ناردووه بۆ به‌غدا. له سه‌ره‌تاوه خۆم چووم. دواتر شاندى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غداى کردووه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ین به رێککه‌وتن، هه‌م له‌سه‌ر بابه‌تى بودجه و هه‌م له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانى دیکه، که کێشه‌ن، وه‌ک ناوچه دابڕێنراوه‌کان و ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان و پێشمه‌رگه و ئه‌و شتانه‌ى له ده‌ستووردا هه‌ن و به‌داخه‌وه تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوون. ئێمه ده‌ستپێشخه‌ریمان له هه‌موو بواره‌کان کردووه و چووینه‌ته به‌غدا و داوامان کردووه و ئاماده‌یى هه‌رێمى کوردستان‌مان پیشانداوه و هه‌رچى ئه‌رکى سه‌ر هه‌رێمى کوردستانه ئاماده‌بووین جێبه‌جێى بکه‌ین، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا، ئێمه ده‌زانین، ئه‌گه‌ر ئه‌رکمان هه‌بێت، مافیشمان هه‌یه. به‌داخه‌وه ئێمه تا ئێستا ئه‌رکمان جێبه‌جێ کردووه، به‌ڵام مافه‌کانى خۆمان له حکومه‌تى فیدراڵ وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه، که مافێکى ده‌ستوورى خه‌ڵکى کوردستانه. تا ئه‌م دیداره‌ش، هیچ بودجه‌یه‌ک له حکومه‌تى فیدراڵى نه‌هاتووه. به تێکڕایى 13 مانگ و له 2020ه‌وه ئه‌م بودجه‌یه قه‌رزه له‌سه‌ر حکومه‌تى فیدراڵ و بۆ هه‌رێمیان نه‌ناردووه. ئێمه هه‌موو ژماره‌کانمان لێکداوه‌ته‌وه. قسه‌ى زۆر کراوه. تیمى ته‌کنیکى چوون و گفتوگۆى زۆریان کردووه، به‌راوردى ئه‌و داهاته‌ى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌رکه‌کانى هه‌رێمى کوردستانیان کردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و مافه‌ى ده‌بوایه به پێى بودجه، دواى ئه‌وه‌ى بودجه‌ى 2021یش په‌سند کرا، به‌راورد کراوون و دیاره ده‌بێت حکومه‌تى فیدراڵى چه‌ند بودجه بۆ هه‌رێم بنێرێت، دواى به‌راوردکردنى ئه‌رک و مافه‌کانى خۆمان. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش، ئێمه بێهیوا نین و بێ ئومێد نین، هیوادارم و به‌رده‌وامیش له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران و هه‌موو به‌رپرسانى دیکه‌ى عێراقیى تا ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت. ئێمه داواى شتێک ناکه‌ین، ئێمه سواڵکه‌ر نین، ئێمه داواى ئه‌و مافه ده‌که‌ین، که به پێى ده‌ستوور مافى ئه‌و خه‌ڵکه‌یه و ده‌بێت جێبه‌جێ بکرێت. له باره‌ى پێشمه‌رگه و ناوچه دابڕاوه‌کانیش به هه‌مان شێوه، ده‌ستپێشخه‌ریمان کردووه و وتوومانه پێشمه‌رگه ئاماده‌یه و پێویسته بۆ دابینکردنى ئاسایشى ئه‌و شوێنانه هه‌ماهه‌نگى بکرێت، له نێوان هێزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و هێزه شه‌رعییه‌کانى حکومه‌تى عێراق. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش له گفتوگۆداین و شاندى ئێمه دیسان سه‌ردانى به‌غدا ده‌که‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه رێککه‌وتنێک، که له به‌رژه‌وه‌ندى ئاسایشى گشتیى وڵاته‌که‌دا بێت.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ھه‌ماھه‌نگی ھێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ھێزه‌كانی سوریای دیموكرات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش دووپاتده‌كاته‌وه، ده‌شڵێت، سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی گۆڕینی حكومه‌تی دیمه‌شق نییه. ئەمرۆ شەممە، 10ی ته‌مموزی 2021، جوی ھود یاریده‌ده‌ری كاربه‌ڕێكه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند، ھێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بن له ھه‌ماھه‌نگییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ھه‌سه‌ده بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و باكور و رۆژھه‌ڵاتی سوریاش جێناھێڵن. ڕوونیشیكرده‌وه، سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی له سوریا گۆڕینی حكومه‌تی دیمه‌شق نییه، به‌ڵكو كار بۆ گۆڕینی ڕه‌فتاره‌كانی ده‌كات له ڕێگه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له پێناو پاراستنی گه‌لی سوریا.
هاوڵاتى ئاگرێک لە مزگەوتی حاجی بارۆگەندی لە گەڕەکی نازناز ی هەولێر کەوتووەتەوە و تیایدا چوار کەس بریندار بوون قایمقامی هەولێررایگەیاند:" تانکی گازوایلی موەلیدەکە تەقیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زیان بە مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلەکە کە لەنێو حەوشەی مزگەوتەکە بووە، لەگەڵ ئەو زیانە گیانیانەی لێبکەوێتەوە" . بەهۆی ئاگرەکەوە سێ کەس برینداربوون و بە هۆکاری درەنگ گەیشتنی ئەمبوڵانسەوە بریندارەکان بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و تایبەت رەوانەی نەخۆشخانە کراون. جێی ئاماژەی، بەدەر لە زیانی گیانی مۆلیدەی مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلێک بەتەواوی سوتاون و زیان بەر ناو مزگەوتەکەش کەوتووە. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر، لە شوێنی رووداوکە بە رایگەیاند: " ئەمڕۆ ئاگرێک لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی لە گەڕەکی نازنازی شاری هەولێر کەوتەوە، بەهۆیەوە بەشێکی مزگەوتەکە بە تەواوەتی سووتا، هاوکات ئۆتۆمبێلێکیش کە لە نێو مزگەوتەکە بووە ئەویش بەهۆی ئەو رووداوەوە بە تەواوەتی سووتاوە". لەبارەی زیانە گیانییەکانیش، نەبەز عەبدولحەمید وتی: "لە رووداوەکە چوار کەس بریندارن، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراون، پێناچێت باری تەندروستییان جێگیر بێت". لەبارەی ناسنامەی بریندارەکانیش قایمقامی هەولێر وتی: "یەکێک لە بریندارەکان خاوەنی مزگەوتەکەیە، لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە لەگەڵی کاریان کردووە، هاوکات کرێکارێکی بیانیش بە سووکی بریندار بووە". سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەدا، "رووداوەکە لەکاتی چاککردنەوەی موەلیدەی مزگەوتەکە بووە، کە لە دەرەوەی مزگەوتەکە بووە، تانکی گازوایلی موەلیدەکە تەقیوەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە زیان بە مزگەوتەکە و ئۆتۆمبێلەکە کە لەنێو حەوشەی مزگەوتەکە بووە، لەگەڵ ئەو زیانە گیانیانەی لێبکەوێتەوە". بە وتەی نەبەز عەبدولحەمید هەر لە دوای رووداوەکە، "تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و رێگریش لەوە بکەن ئاگرەکە تەشەنە بسێنێت بۆ نێو هەموو مزگەوتەکە، ئەگەرچی ئاگر کەوتنەوەکە بەهۆی کارکردن بووە لە موەلیدەکە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کەمتەرخەمییەکە لەکوێوە بووە".
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسیى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى له‌باره‌ى رۆڵ هه‌بوونى له کێشه ناوخۆییه‌کانى یه‌کێتى و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه و ده‌ڵێت:"له دیداریاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌ت قسه‌یان له چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌کانى نێوان یه‌کێتى و پارتى کردووه به چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیش". ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10ى ته‌موزى 2021، مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى له نوسینێکدا له هه‌ژمارى فه‌رمى خۆى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک نوسیویه‌تى:" به‌نده له دیدارى به‌رێز مه‌سعود بارزانى دا بۆ دروستکردنى کێشه له ناو یه‌کێتیدا، رێککه‌وتوم، پێم خۆشبو به ناوى راشکاوى خۆمه‌وه، ئه‌م درۆیه‌ش به درۆ بخه‌مه‌وه، هه‌رگیز قسه‌ى وا له دیدارماندا، نه‌هاتوه‌ته ئاراوه". هه‌روه‌ها ده‌نوسێت:"به پێچه‌وانه‌وه قسه‌مان له‌سه‌ر رونه‌دانى شه‌ر له‌گه‌ڵ (p.k.k) چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌کانى نێوان یه‌کێتى و پارتى کردوه، به چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز لاهور شێخ جه‌نگیش". مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو که جه‌خت کراوه‌ته‌وه که پێویسته کۆنگره‌یه‌کى کوردستانى له هه‌رێمدا سازبدرێ، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مو لایه‌ک، پێکه‌وه، لایه‌نه‌کانى ده‌سه‌ڵات و به‌رهه‌ڵستکار و پسپۆر و رێکخراوه مه‌ده‌نیه‌کان، رێگه چاره‌سه‌رى دۆخه‌که بدۆزنه‌وه".
هاوڵاتى دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بەردەوامە و سبەینێ یەکشەممە مووچەی سێ وەزارەتی دیکە دابەشدەکرێت. وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەینێ یەکشەممە 11ی تەمموزی 2021، مووچەی وەزارەتەکانی کارەبا، شارەوانی، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت. دابەشکردنی مووچە بە لێبڕینی سەدا 21 بۆ فەرمانبەران و سەدا 50 بۆ پلە تایبەتەکان دەبێت و بە گوێرەی زانیارییەکانیش ئەم هەفتەیە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دێت بۆ مانگی حوزەیران.
هاوڵاتى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە) رایگەیاند:" یه‌كێتى له‌م نێوه‌نده‌دا وه‌ك هێزێك چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت به‌ئه‌ركه نیشتیمانى‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌ستێت كه له‌پێناویدا دروستبوه".بۆیە داوا دەکەن کاربۆچارەسەری کێشەکان بکات و "ئه‌گه‌ر كێشه‌كان قوڵترببنه‌وه‌و چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یی نه‌كرێن، یه‌كێتى لاوازده‌كات‌و پارسه‌نگى هێزیش له‌هه‌رێم و عێراق لاسه‌نگ ده‌كات". ئەمڕۆ شەممە، 10,7, 2021 كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌ی كوردستان (کەنەکە) لەراگەیەنراێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، "وه‌ك ئاشكرایه كوردستان و ناوچه‌كه به‌دۆخێكى هه‌ستیار و ناڕون و پڕ مه‌ترسیدا هه‌نگاو ده‌نێت، له‌لایه‌كه‌وه هێزه هه‌رێمى‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا خه‌ریكى داڕشتنه‌وه‌ى سیاسه‌ت‌و ستراتیژى دورمه‌ودان، له‌لایه‌كى تریشه‌وه ده‌وڵه‌تانى داگیركه‌ر وه‌ك هه‌میشه خه‌ریكى پیلانگێڕین بۆ له‌ناوبردن‌و بێ كاریگه‌ركردنى كوردستان‌و ده‌ستكه‌وته‌كانى". ئاماژە بەوەشکراوە، یه‌كێتى له‌م نێوه‌نده‌دا وه‌ك هێزێكى نیشتیمانى خه‌ڵكى كوردستان له‌هه‌ر شوێنێك بێت له‌م قۆناغه‌دا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت به‌ئه‌ركه نیشتیمانى‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌ستێت كه له‌پێناویدا دروستبوه، ڕوبه‌ڕوى ئاسته‌نگه‌كانى بارودۆخه‌كه بێته‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانى خه‌ڵكى كوردستاندا، هانده‌رو ده‌ستپێشخه‌رى یه‌كێتى ناوخۆی كوردستان‌و یه‌كڕیزى لایه‌نه سیاسییه‌كان بێت. كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە) دەڵێت، "به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ند ڕۆژێكه ده‌بیستین كه هه‌ندێك كێشه‌و ناكۆكى له‌نێوخۆى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵداوه، سه‌ربارى نیگه‌رانى قوڵمان، داواتان لێده‌كه‌ین به‌ئارامى‌و پشو درێژیی‌و ژیریه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه بكه‌ن كه خه‌ڵكى كوردستان‌و دۆستانى دۆزى گه‌له‌كه‌مانى نیگه‌ران‌و نه‌یارانیش دڵخۆش ده‌كات". ئاماژەی بەوەشکردوە، "به‌گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن بگه‌ن به‌چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، ئه‌گه‌ر كێشه‌كان قوڵترببنه‌وه‌و چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یی نه‌كرێن، یه‌كێتى نیشتیمانى لاوازده‌كات، ئه‌مه‌ش پارسه‌نگى هێز له‌هه‌رێمى كوردستان‌و عێراق لاسه‌نگ ده‌كات، زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌میش یه‌كێتى خۆیی‌و خه‌ڵكى هه‌رێم‌و ته‌واوى كوردستان ده‌بن، بۆیه هه‌ر ئه‌ركێك بكه‌وێته ئه‌ستۆى ئێمه بۆ چاره‌سه‌رى‌و له‌پێناو سه‌ركه‌وتن له‌ئه‌ركه‌كانتاندا ئاماده‌ین".
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای بۆ 20 هەزار و 662 مێگاوات کارەبا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر نزیکەی 18 هەزار و 500 مێگاوات بوو. ئەحمەد مو‌سا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتەکانی نەوت، سەرچاوەکانی ئاو، بەرگریی و ناوخۆ، پشتیوانی وەزارەتن لە رێگەی ئەوەی هێزەکانیان پاسەوانی لە ژێرخانی کارەبا دەکەن، کە تاوەکو ئێستا دەکرێنە ئامانج، بەڵام ئێستا ئەو هێرش و ئامانجکردنە کەمبوونەتەوەتەوە. جەختی لەوە کردەوە، هەوڵەکان بەردەوامن، ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنراوە بۆ پشتیوانیکردنی لە کار و بەرهەمهێنانی کارەبا و چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی کارەبا. عێراق ئێستا پێویستی بە نزیکەی 30 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەم دواییانە بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وڵاتە بۆ 13 هەزار و 500 مێگاوات دابەزی. یەکێک لە سەرچاوەکانی عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا، وڵاتی ئێرانە کە بە پێدانی گاز و کارەبا 40٪ی بەرهەمی کارەبای عێراق دابیندەکات، بەڵام هاوینی گەرمی ئەمساڵ ئێرانیشی تووشی گرفتی کەمیی کارەبا کردووە. ئێران دەڵێت، حکومەتی عێراق 6 ملیار دۆلار قەرزاری تارانە لە بری گاز و کارەبا. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، بەهۆی گەمارۆ بانکییەکانی سەر ئێرانەوە ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە. کەڵەکەبوونی چەندین کێشەش وایکردووە، خراپی رەوشی کارەبا لە عێراق چارسەری بەپەلەی نەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێ؛ بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لە عێراق ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات و ئەوە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایە بەدرێژایی مێژووی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بۆ دابینکردنی کارەبا رۆژانە 24 کاژێر پێویستمان بە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 28 هەزار مێگاوات کارەبایە. رۆژی 2/7/2021 سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکهێنانی شانەی قەیرانی بە سەرۆکایەتیی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمیی دابینکردنی تەزووی کارەبا لە هەموو عێراق راگەیاند و چەند بڕیارێکی دیکەی دا لەوانە؛ خێرا دابینکردنی هەموو پاڵپشتییەکی دارایی و تەکنیکی و لۆجستی و ئەمنی بۆ وەزارەتی کارەبا، بەشداریپێکردنی حکومەتە خۆجێکان لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا و دابەشکردنی، نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی سەر سیستەمی تەزووی کارەبا و پێبژاردنی ئەو کەسانەی کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر سیستەمی کارەبا.
