هاوڵاتى ‌ په‌رله‌مانتارێکى گۆڕان داواکارییه‌کى به‌په‌له‌ ئاڕاسته‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌کات‌و داواى لێده‌کات، ڕاسته‌وخۆ بێته‌سه‌رخه‌ت‌و ده‌شڵێت:"ده‌ستگیرکراوانى بادینان ته‌نها یه‌ک تۆمه‌تیان له‌سه‌ره‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاندیدو ئه‌ندامى ھاوپه‌یمانى بوون". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ى ته‌موزى 2021، شایان عه‌سکه‌رى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌یامێکدا نوسیویه‌تى: "ئه‌مرۆ له‌دادگا بینیمان که‌ ده‌ستگیرکراوانى بادینان ته‌نها یه‌ک تۆمه‌تیان له‌سه‌ره‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاندیدو ئه‌ندامى ھاوپه‌یمانى دیموکراسى‌و دادپه‌روه‌رى بوون". ده‌شنوسێت:"تکایه‌ ڕاسته‌وخۆ وه‌ره‌ سه‌رھێڵ، سه‌ردانى که‌سوکارى ده‌سگیرکراوان بکه‌ دڵیان بده‌ره‌وه‌، سه‌ردانى ده‌ستگیرکراوان‌و سزادراوان بکه‌". ماوه‌ى 11 مانگه‌ پێنج ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاکوانى ده‌ڤه‌رى بادینان به‌تۆمه‌تى کارکردن بۆ مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌ستگیرکراون‌و ئه‌مڕۆش بۆ دووه‌مجار له‌لایه‌ن دادگاى هه‌ولێر دانیشتنى دادگاییکردنیان دواخرا. به‌رهه‌م ساڵح پێش بوون به‌ سه‌رۆک کۆمار، حزبێکى به‌ناوى هاوپه‌یمانى نیشتمانى پێکهێناو دواتر چووه‌ ناو یه‌کێتى و بووه‌ سه‌رۆک کۆمارى عێراق.  

هاوڵاتى ‌لاهور شێخ جه‌نگى، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ڕایگه‌یاند"پێویسته‌ مامه‌ڵه‌کردنێکى حه‌کیمانه‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و پیلانگێڕییه‌ ناوخۆییو ده‌ره‌کیانه‌ى که‌ ڕوبه‌ڕوى هه‌رێمى کوردستان‌و یه‌کێتیى بووه‌ته‌وه‌".

هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئێستا تەنها ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن گەشتی ئێران بکەن کە خاوەن ڤیزای نەخۆشی، بازرگانی، وەبەرهێنان، خاوەن كارتی مانەوەی كار پێكراو و خوێندنن، بەپێچەوانەوە لایەنی ئێرانی رێگەیان پێنادات لەدەروازەکان تێپەڕبن. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا رایگەیاند: ئەو هاووڵاتییانەی لە دەروازەی سنوری باشماخەوە سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن، پێویستە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان لە جۆری (PCR) كردبێت و لە كاتی گەشتەكەیدا ئەنجامەكەی پێبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هیچ هاووڵاتییەك بەبێ بوونی ڤیزا سەردانی بنكە سنورییەكان نەكات، پێویستە هەڵگری یەكێك لەم جۆرە ڤیزانە بێت نەخۆشی، بازرگانی و وەبەرهێنان، خاوەن كارتی مانەوەی كار پێكراو و خوێندن.

هاوڵاتى میدیاكانی یەكێتی بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیان وەکو سەرۆکی یەکێتی ناساندو پاشگری "هاوسەرۆک" یان لابرد. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی، لەدەباشان پێشوازیكرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عیراق میدیای فەرمی یەكێتی ڕاگەیاندراوی كۆبونەوەكی بڵاوكردەوە و بەفەرمی بافڵ تاڵەبانیان وەکو سەرۆکی یەکێتی ناوهێنا. لە دیدارەکەدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و کەشێکی گونجاوکراوەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتەمایەی سەقامگیری سیاسی و رەزامەندی هەموولایەنەکان. بە پێی راگەیێندراوەکە بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی هاوکێشەکان نەخشەڕێگا و ستراتیژیی نیشتمانی و روونی یەکێتی خستەڕوو و یەکخستنی هێز و توانا و بۆچوونە جیاوازەکانی دووپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان و گەیشتن بەچارەسەری ریشەیی کێشەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: "دەمانەوێت ماڵی کورد رێکبخەینەوە و دیدی هاوبەشمان هەبێت بۆ پرسەکان. پێکەوە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و سەقامگیری ببەین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە برا و هاوڕێکانمان دەبێت لە هێزە شیعی و سوننەکان و سەرجەم هێز و لایەنەکانی دیکە کە پشتیوانمان بن و پێکەوە وڵاتێکی دامەزراوەیی بونیادبنێن و گیانی لێبووردەیی و پێکەوەژیان ببووژێنینەوە. ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات". هاوكات شه‌وی رابردوو بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ڕاگەیاندراوی فەرمی كۆبونەوەكە بڵاونەكراوەتەوە.  

هاوڵاتى هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی هاتە ناو خۆپیشاندانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی رایگه‌یاند:" سەرمایەدار و بازرگان و خێرخواز و هەموو خەڵكی كوردستان  ئەگەر نانێكیان هەیە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بیكەن بە دوو لەتەوە، چونكە هاوكاری كردنیان ئەركێكی ئایینی و مرۆیی و نیشتمانی و ویژدانی و ئەخلاقییە". ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021،  هەڤاڵ ئەبوبكر پارێزگاری سلێمانی هاتە ناو خۆپیشاندانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و داوای لەسەر جەم سەرمایەدار و بازرگان و خێرخواز و هەموو خەڵكی كوردستان كرد ئەگەر نانێكیان هەیە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بیكەن بە دوو لەتەوە، چونكە هاوكاری كردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەركێكی ئایینی و مرۆیی و نیشتمانی و ویژدانی و ئەخلاقییە، ناكرێت ئەم ئازیزانە هەبن و ئێمە بێ خەم سەربنێینەوە، سەر بكەینە سەر سەرین و خەیاڵمان لای ئەو ئازیزانە نەبێت.  هەڤاڵ ئەبوبكر وتیشی: داوا لەسەرمایەدار و بازرگان و خێرخوازان دەكەم ئەگەر بە سەوەتەیەك خواردنیش بێت پشتیوانی لەو ئازیزانە بكەن و ڕاستەوخۆ ئەو خواردنانە بگات بە دەستی ئەو كەسانەی كە پێویستیان پێیەتی، بۆ ئەوەی جەژنێك لەم دۆخە قەیرانیاوە بەڕێ بكەن. بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەشاری سلێمانی لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوە و بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ داوای نانی جەژنیان كرد.

هاوڵاتى  ئەمڕۆ دووشەمە، بۆ دووەم جار دادگایکردنی چالاکوانانی دیکەی بادینان لە دادگای هەولێر دواخرا. هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ دوشەممە و دوای 10 مانگ لە دەستگیركردنیان، چوار چالاكوانی دیكەی بادینان بە ئامادەبونی پارێزەرانیان  لە دادگای تاوانەكانی دوی هەولێر دادگایی بکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی "پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکە زۆر بوە و پێشوتریش دادوەر دو دۆسیەی دیکەی بینیوە" پرۆسەی دادگاییکردنەکە دواخرا.  بەشدار حەسەن، یەكێک لەپارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان لەکۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە پرۆسەی دادگایکردنی چوار رۆژنامەنوسی دیکەی بادینان لەهەولێر بەڕێوەچو و دەستگیرکراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان لەدروستکردنی شانەی چەکداری رەتکردوەتەوە، هەروەها لەدۆسیەکەدا تۆمەتبارکراون بەوەی لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی لەبەغدا  پەیوەندییان هەبوە و ویستویانە پشتیوانی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بکەن، کەئەوەش نابێتە تاوان. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پرۆسەی دادگایکردنە دواخرا و بەهۆی ئەوەی پەڕاوی تۆمەتبارکردنەکە زۆر بوە و پێشوتریش دادوەر دو دۆسیەی دیکەی تایبەت بەمادە هۆشبەرەکانی بینیوە، قۆناغی دوەمی پرۆسەی دادگایکردنەکەش تائێستا دیارینەکراوە. 28ی ئەم مانگەش دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی تانه‌ی پارێزه‌رانی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینانی دایه‌وه‌، له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی دوی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی هه‌ولێر، به‌گوێره‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ش، بڕیاری شه‌ش ساڵ زیندانیكردن به‌سه‌ر پێنج  چالاكوان  و رۆژنامه‌نوسانی دیکەی بادینان چوە بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 16ی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ دوای‌ دو ڕۆژ له‌دانیشتنی‌ دادگا، دادگای‌ دوی هه‌ولێر‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامه‌نوسان‌ و چالاكوانانی‌ بادینان ‌(شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سه‌عید، ئه‌یاز كه‌ره‌م‌، هاریوان عیسا) سه‌پاند. ده‌سته‌ی سزای دادگای پێداچونه‌وه‌ی هه‌رێم له‌بڕیارێكدا كه‌ 28ی (نیسان/4)ی 2021 به‌ واژۆی عه‌بدوڵا عه‌لی ئه‌حمه‌د شرفانی سه‌رۆكی دادگای پێداچونه‌وه‌ ده‌رچوه‌ باس له‌وه‌كراوه‌، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 21ی ساڵی 2003 برگه‌كانی 47، 48 و 49 بڕیاری دادگا بۆ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی  (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا) بڕیارێكی دروسته‌ و له‌گه‌ڵ یاسادا گونجاوه.      

هاوڵاتى  لە شەقامی بەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەدان کەمئەندام چادریان هەڵداوە و سفرەی بەتاڵیان ڕاخست. لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە، سەدان کەمئەندام چوونەتە بەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و چادریان هەڵداوە، کەمئەندامان وەک ئاماژەیەک بۆ سفرەی ماڵەکانیان، سفرەی بەتاڵیان ڕاخستووە. کەمئەندامان، بەم چالاکییە ناڕەزایی لەبەرامبەر خراپی دۆخی ئابوورییان دەردەبڕن و دەڵێن، بە مووچەی ١٥٠ هەزار دیناریی، جەژن ناکرێت. ئەوان داوا دەکەن، نانی جەژنیان بۆ دابین بکرێت. ناڕەزایی کەمئەندامان لەکاتێکدایە، کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، یەکەم ڕۆژڕۆژی جەژنی قوربانە و مووچەش بە ٤٥ ڕۆژ جارێک دابەش دەکرێت.

هاوڵاتى  وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵای هه‌رێم ئاشكرایكرد‌، لەمڕۆوە پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بەشێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند" بەمەبەستى ئاسنکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بە ئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى دو ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندنى وەرگرتن و بەهاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت".  ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022) بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەت لەڕێگەى لینکى (registrationspu.com/student) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران، پرۆسەکەش لە 11ی تەمموز تاوەکو 2ی ئەیلول بەردەوام دەبێت. وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا باسی لەوەشکرد، مەبەستێکى دیکەى وەزارەت لە پرۆسەى بە ئۆنڵاینکردنى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزاندنى خوێندکاران، بریتییە لە پاراستنى سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان بە تایبەت لەسەردەمى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو مەترسیەکانى ئەم پەتایە لەسەر ناوەندەکانى خوێندنى هەرێمى کوردستان. ئەو خوێندکارانەی داواکاری گواستنەوە پێشکەش دەکەن دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت: 1- قوتابی/ خوێندكار دەرچو بێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەروتر و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت. 2- قوتابی/ خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) و دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت.  3- ئەگەر قوتابی/ خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری ، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆمار كردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت. 4- هەر قوتابى/ خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ئەگەر منداڵ بونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بەڕێژەى سەدا پەنجاى کرێى خوێندن دەبێت. 5- منداڵی (كوڕ و كچ)ى شەهیدو ئەنفالكراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆ بۆ هەمان كۆلێژ/ پەیمانگەو بەشی کە لێى وەرگیراون و بە نوسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان  و بە واژوی بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت. 6- قوتابی/ خوێندكاری (كوڕ و کچ)ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر ، مامۆستا ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچوبن، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا ، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت. 7- گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات. 8- قوتابی/ خوێندكار لە خوێندنی بەیانیان مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی ئێواران بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبونی هەردولا بە ڕەچاوكردنی توانای بەشەكە لەگەڵ كۆنمرەكەی و پێدانى کرێى خوێندن. 9- (قوتابیان/ خوێندكاران)ى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان). 10- گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە بەشەكانی ئێواران بۆ بەشەكانی هاوشێوەی بەیانیان ناكرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ.  11- هەمو گواستنەوەیەكی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕیزبەندی و پەیوەندی). 12- بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بو دەبێ‌ قۆناغێک داببەزێندرێت) و لە كاتی پێشبڕكێ‌ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەمو فەرمانی گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران بە واژوی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە. 13- بۆ زانکۆکان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە قوتابیان/ خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام  و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتە.

هاوڵاتى وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند:" دەبێت عێراق پابەندی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنە بێت کە لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە. ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، عەلوەی هاوچەرخی هەولێری وەک ناوەندێکی ساخکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بە تایبەتیش بەربوومی نێوخۆ بەسەرکردەوە.  لەبارەی بەردەوامی گرفتی هەناردەکردنی بەرهەم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند: "رۆژانە لە پەیوەندیداین لەگەڵ  وەزیری کشتوکاڵی عێراق، هەر کێشەیەک لە هەر پارێزگایەک کە دێتە پێشەوە خۆمان وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ راستەوخۆ دەکەوینە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی". بە وتەی بێگەرد تاڵەبانی گرفتەکە دەوەستێتە سەر رۆژ، "رۆژی وا هەیە باشە، رۆژی وا هەیە گرفتەکان زیاتر تۆخ دەبنەوە، بەڵام ئێمە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەیە، بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیک شاندی ئێمە جارێکی دیکە بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی بتوانین یاداشتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت". وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەشڵێت: "چۆن ئێمە پابەندین بە ناوەڕۆکی یاداشتەکە بەوانیش بڵێین دەبێت پابەندی یاداشتاکە بن، چونکە عێراق یەک وڵاتە و پێویستە بازاڕەکانیشمان هاوبەش بێت".

  هاوڵاتى  ​ئەمڕۆ دادگاییکردنی بەشێكی تری چالاکوانانی بادینان لەدادگای ھەولێر بەڕێوەدەچێت‌و كەسوكاری دەستگیركراوانیش داوا لەهاوڵاتیان دەكەن ئامادەی دانیشتنەكەبن. ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، پرۆسەی دادگایكردنی بەشێكی تری دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت‌و ئەمەش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنیانە دوای 11 مانگ لەدەستگیركردنیان. کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان، داوا لەهاوڵاتیان‌و توێژە جیاوازەکان دەکەن، سبەی لەدادگا ئامادەبن‌و بەرگریی لەچالاکوانان بکەن، چونکە ئەوان لەسەر مافی گشتیی دەستگیرکراون.  لەڕاگەیەنراوێكدا، کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان بڵاویانكردەوە، ​ئەمڕۆ نۆ چالاکوان، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی‌و سیخوڕییکردن بۆ ئەمریكا، بەریتانیا، مستەفا کازمی‌و بەرهەم ساڵح دادگایی دەکرێن، بۆیە داوا لەگشت فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، چالاکوانان‌و خەڵکی مەدەنیی دەکەن، لەدادگای دوی تاوانەکانی هەولێر ئامادەبن‌و بەرگریی لەچالاکوانان بکەن. ئەو ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانانه‌ى بڕیارە ​ئەمڕۆ دادگایی بكرێن پێكهاتون لەعەلی حاجی، بەندەوار ئەیوب ڕەشید، کارگەر عەباس عەلی، شێروان تەها ئەمین، بەدۆسیەیەک‌و عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان موسا ئەحمەدو سلێمان کەمال سلێمانیش بەدۆسیەیەکی تر نێردراون بۆ دادگا، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ش لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2020 دەستگیر کراوان. یه‌ك له‌و تۆمه‌تانه‌ى ڕوبه‌ڕوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نوس‌و چالاكوانانه‌ كراوه‌ته‌وه‌ بریتیه‌ له‌كاركردنى بۆ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارو مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

هاوڵاتى ​ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموزی 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 75 دۆلار و 35 سەنتە. هاوکات لە بۆرسەی بازارە جیهانییەکان، نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ خاوی ئەمریکیش بە 74 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی‌ پێوە دەکرێت.

هاوڵاتى ‌لاهور شێخ جه‌نگى په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، یه‌کێتیى له‌وه‌ به‌هێزتره‌ وه‌ک نه‌یار و دوژمنانى بیریان لێکردوه‌ته‌وه‌ و ده‌شڵێت: "یه‌کێتیى پشتئه‌ستوره‌ به‌ جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکى کوردستان و که‌سوکارى شه‌هیدان، ڕێگه‌ ناده‌ین یه‌کێتیى لاواز ببێ، بۆیه‌ ده‌بێت دوژمنان خه‌ونه‌کانیان به‌رنه‌ ژێر گڵ". که‌مێک پێش ئێستا و دواى کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانى، لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى له‌ په‌یامێکدا بڵاویکرده‌وه‌، "یه‌کێتیى نه‌ به‌کاره‌ساتى هه‌کارى و نه‌ به‌ خه‌نجه‌رى ژه‌هراویى ئاڵاى شۆڕش و نه‌ به‌ خیانه‌تى 31 ئاب و نه‌ به‌ پیلانگێڕییه‌که‌ى ڕیفراندۆم و دواجاریش به‌ گه‌له‌کۆمه‌کیى نێوخۆیى و ئیقلیمى و عوسمانى و چه‌ند ڕۆژى ڕابردو نه‌ڕوخا". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"یه‌کێتیى له‌وه‌ به‌هێزتره‌ وه‌ک نه‌یار و دوژمنانى بیریان لێکردوه‌ته‌وه‌، یه‌کێتیى پشتئه‌ستوره‌ به‌ جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکى کوردستان و که‌سوکارى شه‌هیدان، ڕێگه‌ ناده‌ین یه‌کێتیى لاواز ببێ، بۆیه‌ ده‌بێت دوژمنان خه‌ونه‌کانیان به‌رنه‌ ژێر گڵ". ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردو یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان به‌ دۆخێکى هه‌ستاریدا تێپه‌ڕی، ئه‌وه‌ش به‌هۆى بڕیارى ئه‌نجامدانى گۆڕانکارى له‌ ده‌زگاى زانیارى و به‌رپرسى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر. رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ش هه‌ریه‌که‌ له‌ ئه‌‌ژى ئه‌‌مین وه‌ک سه‌‌رۆکى ده‌‌زگاى زانیارى و وه‌‌ھاب ھه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌یى وه‌ک سه‌رۆکى ده‌‌زگاى دژه‌‌ تیرۆر ناسێنران.  

هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند، هاوڵاتیان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هێڵى گه‌رمى فریاکه‌وتن (104)ـى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌یان له‌ ئێستادا کراوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیان ده‌توانن به‌کارى بهێنن. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى له‌ئاگادارینامه‌یه‌کدا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ هاوڵاتیان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ به‌ھه‌وڵى تیمه‌کانیان ھێڵى گه‌رمى به‌شى پۆلیسى فریاکه‌وتنى سلێمانى (104) له‌ئێستادا چاک کراوه‌ته‌وه‌و له‌کاردایه‌.  هاوکات، ئه‌وه‌شیان خستۆته‌روو که‌ هاوڵاتیان ده‌توانن له‌کاتى بونى ھه‌ر ڕوداو و کێشه‌یه‌کدا په‌یوه‌ندى پێوه‌ بکه‌ن. به‌ھه‌مانشێوه‌ ھێڵى گه‌رمى به‌شى پۆلیسى نه‌ھێشتنى تاوانى سلێمانى (105) له‌کاردایه‌و له‌کاتى بونى ھه‌ر ڕوداو و کێشه‌یه‌کدا ده‌توانن په‌یوه‌ندى پێوه‌ بکه‌ن.   

هاوڵاتى ‌بافڵ تاڵه‌‌بانى و  قوباد تاڵه‌‌بانى، جێگرى سه‌‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ  فه‌‌رمانده‌‌کانى هێزه‌‌کانى 70 و فه‌‌رمانده‌‌ى دژه‌‌ تیرۆر کۆبونه‌وه‌. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 11ى ته‌موزى 2021، نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى جێگرى سه‌‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بڵاویکرده‌وه‌، بافڵ تاڵه‌‌بانى و قوباد تاڵه‌‌بانى جێگرى سه‌‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌‌گه‌‌ڵ  مسته‌‌فا چاو ڕه‌‌ش و فه‌‌رمانده‌‌کانى ھێزه‌‌کانى 70 کۆبونه‌‌وه‌‌. هه‌روه‌ها دواتریش سه‌‌ردانى ده‌‌زگاى دژه‌‌ تێرۆریان کرد و پیرۆزباییان له‌‌ ده‌‌ستبه‌‌کاربونى "وه‌‌ھاب ھه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌یى" کرد وه‌‌ک فه‌‌رمانده‌‌ى دژه‌‌ تێرۆر. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش قوباد تاڵه‌‌بانى له‌سلێمانى سه‌‌رپه‌‌رشتى کۆبونه‌‌وه‌‌یه‌‌کى ئه‌‌منى کرد و ئه‌‌ژى ئه‌‌مینى وه‌‌ک سه‌‌رۆکى ده‌‌زگاى زانیارى ناساند‌. داواشى له‌‌ لایه‌‌نه‌‌ ئه‌‌منییه‌‌کان کرد که‌‌ ئه‌‌رکى ئه‌‌وانه‌‌ به‌ر‌ده‌‌وامبن له‌‌ پاراستنى ئارامى و ئه‌‌و ھه‌‌ماھه‌‌نگییه‌‌ى که‌‌ ھه‌‌یه‌‌ پته‌‌وتر بێت و به‌‌رده‌‌وامى پێبده‌‌ن. قوباد تاڵه‌بانى، ئاماژه‌‌ى به‌‌وه‌‌شدا ئه‌‌و لایه‌‌نه‌‌ ئه‌‌منییانه‌‌ نابێت به‌‌ھیچ شێوه‌‌یه‌‌ک ده‌‌ستوه‌‌رده‌‌نه‌‌ کاروبارى سیاسى به‌‌ڵکو ده‌‌بێت دڵنیایى به‌‌ھاوڵاتییان بده‌‌ن له‌‌ سه‌‌قامگیرى ئارامی.

هاوڵاتى ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى هاوپه‌یمانى هیوا ده‌ڵێت:" به‌پێى یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق و له‌ مادده‌ى (11) بڕگه‌ى (چواره‌م)دا هاتوه‌؛ هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم بنێردرێت بۆ موچه‌ خه‌رجده‌کرێت". رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامی فراکسیۆنى هیوا له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ هاتووه‌ پێویسته‌ بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ موچه‌ له‌ هه‌رێم ته‌رخانده‌کرێت و به‌هۆیه‌وه‌ لێبڕینى موچه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌". هه‌روه‌ها وتیشى:"ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێکه‌ له‌ یاساى بودجه‌، کاتێک هه‌رێم ده‌ڵێ ده‌مه‌وێ پابه‌ندبم، که‌واته‌ ده‌بێ به‌هه‌مو یاساکه‌وه‌ پابه‌ند بێت. هه‌ربۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌بێ لێبڕینى موچه‌ به‌ هیچ رێژه‌یه‌ک نه‌مێنێت، ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تى به‌رده‌وامبونى ئه‌و لێبڕینه‌ هیچ به‌هایه‌ک بۆ هاتنى ئه‌و پاره‌یه‌ نامێنێته‌وه‌". هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ هیچ پاساوێکى دارایى به‌ده‌ست حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نه‌ماوه‌ بۆ به‌رده‌وامى لێبڕین وتیشى:" نابێ له‌وه‌ زیاتر بێ منه‌ت بن به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک".