ڤانە باهیر داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان ناڕوونە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت چیتر ناتوانن بەبێ خەرجی بەردەوام بن لەکارەکانیان بۆیە یەک بەیەک گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێننەوە، بەوپێیەی ناتوانێت شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکات. رۆژنامەی «ئینێرجی ڤۆیس»ی بەریتانی لەڕاپۆرتیکیدا بەناونیشانی «بەرهەمهێنەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە» دەڵێت، داهاتووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان تاریکەو بەشێک لەکۆمپانیاکانی نەوت مۆڵەتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە کە یەکێکیان کۆمپانیای «گەنەڵ ئینیرجی»ە. لەڕاپۆرتێکەی ئینێرجی ڤۆیسدا، کەتایبەتە بە بواری وزەدا، ئەوە هاتووە کەئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن باسیان لەوە کردووە گومانیان هەیە کوردستان بتوانێت قەرزەکانیان بداتەوە. کۆمەڵەی ئاپیکور کە لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا دروستکراو تێیدا هەریەک لەکۆماپنیاکانی دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرجی، گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم، ئێچ کەی ئێن و شامارانن داوای قەرزەکانیان و شایستەکانیان دەکەن و نائومێدن لەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە. لەڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیای ئێچ کەی ئین وتوویەتی» روون نیە کەکوردستان بتوانێت دڵنیایی بدات بە بەرهەمهینەرانی نەوت لەهەرێمی کوردستان». کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیش لەماوەی رابردوودا رایگەیاندووە کە دەستبەرداری پشکەکانی دەبێت لەکێلگەی سارتا. ئەم کۆماپنیایە لەساڵی ٢٠٢٢ شدا وازی لەمۆڵەتەکەی لەقەرەداغ هێنا. هاوپێچ لەگەڵ نائومێدبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لەهەریمی کوردستان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە گرفتی پێدانەوەی قەرزەکانیان هەیە بەجۆرێک وەک لەو راپۆرتەی ڤۆیس ئینیرجیدا هاتووە کەکۆمپانیای ئێچ کەی ئێن دەڵێت، «بودجەی عێراق پارەی نەختینەی پێویست بۆ کوردستان دابین ناکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان و دانەوەی قەرزەکانی کۆماپانیاکان». هاوڵاتی لەبارەی قەرزی کۆماپنیاکانەوە پەیوەندی بە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە بدات و وتی، «پەیوەندی بەئێمەوە نییە».هاوکات پەیوەندیکردن بەوەزارەتی سامانە سروستیەکانیشەوە بی ئەنجام بوو. هەر بۆ ئەو مەبەستە هاوڵاتی پەیوەندی بەدکتۆر نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری عێراق لە لیژنەی داراییەوە کردو وتی»وەک لیژنەی دارایی تەنها ئەوەم لایە  نزیکەی دوو ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (کە٤٠٠ هەزار بەرمیلە) دیاریکراوە لەبودجە  لەگەڵ یەک ترلیۆن و ٤٠٠  ملیاریش بۆ کرێی گواستنەوەکەی». هاوکات لەوەڵامی پرسیاریکی دیکەی هاوڵاتیدا سەبارەت بەنیگەرانی و فشاری کۆمپانیاکانی نەوتی هەریمی کوردستان کە شاندی هەریمی کوردستان بەحکومەتی ناوەندی گەیاندبێت وتی، «ئێمە ئاگادار نین، چونکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەوە هیچ بەپەرلەمانتاران ناڵێت». لەبارەی چارەنووسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیاش بۆ عێراق نەرمین مەعروف وتی، وەزارەتی نەوتی عێراق لەهەوڵدایە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها وتیشی درەنگکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم مەترسی دروستناکات لەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و موچە. ئەمەش لەکاتێکدایە کەهەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبڕیاریکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، لەدوای ئەوەشەوە چەندین کۆمپانیا کارەکانیان راگرت یاخود بەرهەمهێنان و خەرجیەکانیان کەمکردەوە کەدواینیان کۆمپانیای « پێتۆیلە»ی تورکییە لەناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقین لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان   کەکارمەندانی ئاگادارکردەوە لە رابردوودا  بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لەهەفتەی داهاتووەوە کارەکانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چیاسورخ رادەگرێت  کەبەرهەمی رۆژانەی هەزارو ٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بەرمیلە.

هاوڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیاندا باسیان لە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و سەرۆکی هەرێم رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان، "هەرگیز هاوکارییەکانی تورکیا لەبیر ناکات"، وەزیری دەرەوەی تورکیاش جەختی کردووەتەوە کە "هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ تورکیا." لە راگەیاندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای خستەڕوو کە تێیدا هاتووە هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان کردووە و تاووتوێی پرسەکانی هەماهەنگی، کیشەی بەغدا و هەولێر و دۆخی عێراقیان بە گشتی کردووە و لەسەر پرسی هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ى ‏نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانیش له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکیاوە گفتوگۆیان کردووە. نێچیرڤان بارزانى لە کۆبونەوەکەدا، سوپاسى تورکیاى کردووە بۆ "پشتگیرى له‌ هه‌رێمى کوردستان ‏له‌ هه‌موو بواره‌کان و به‌تایبه‌تى له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا" و باسی لەوەش کردووە کە "هه‌رێمی ‏کوردستان هه‌رگیز پشتگیرى و هاوکارییه‌کانى تورکیا له‌بیر ناکات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتوشیەتی،"هه‌رێمى کوردستان به‌ گرنگى و بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ تورکیا ‏ده‌ڕوانێت که‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌شى ئابورى و بازرگانى و ئه‌منى پێکه‌وه‌ ‏ده‌یانبه‌ستێته‌وه و ئاماده‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا بره‌و به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر و ‏ئه‌نقه‌ره‌ بدات." لای خۆیەوە هاکان فیدان ئاماژەی بەوە داوە کە "تورکیا ‏گرنگییه‌کى تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌دات و ‏به‌غدا و هه‌ولێر گرنگییه‌کى تایبه‌تیان بۆ تورکیا هه‌یه‌، ئاماده‌ییى وڵاته‌که‌شى بۆ ‏فراوانکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان و هاریکاریى هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌مو ‏بواره‌کاندا ده‌ربڕى."

هاوڵاتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە کۆبونەوەکەیان باسی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"یان کردووە، دەشلێت،  "بەتەواوی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پاکدەکەینەوە." لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنیدا مەسرور بارزانی و هاکان فیدان ناوەرۆکی کۆبونەوەکەیان خستەڕوو و سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەبارەی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و بەتایبەتی هەرێم و ئەنقەرە گفتوگۆیان کردوە و هەروەها باسیان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی ئەمنی کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە هەرێم پابەند دەبێت بە پاراستنی خاکەکەی کە نەبێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان. هاوکات هاکان فیدان لە کۆنگرەکەدا باسی لەوە کرد، لەسەر چەندین بابەت قسەیان کردووە، لەوانە باسی بابەتی "تیرۆر و وزە و سامانی ئاو و ئابوری و بازرگانی"  و چەند بابەتێکی تر. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، هەولێر شارێکی ئارام و سەقامگیرە و "هیوادارین سەقامگیری لە شارەکە بەردەوام بێت و ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ بەردەوامی دان لە سەقامگیرکردنی هەولێر." هاکان فیدان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە یامەرتی داون "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگیان بۆ رووبەروبونەوەی تیرۆر." لەکۆتایی قسەکانیدا هاکان فیدان وتی،  "بەرێژەیەکی زۆر  چارەسەری بابەتی تیرۆرمان کردووە و لەئێستادا پەکەکە لە عێراق خۆی دەشارێتەوە و بەتەواوی لە عێراق پاکیان دەکەینەوە، لەگەڵ هەرێم و حکومەتی عێراق لە پاککردنەوەی پەکەکە زۆر پێداگربووین و بەردەوام دەبین و پاڵپستی تەواویشیان پێدەدەین."  

هاوڵاتی ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات لەکاتێکدا کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرە. بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئابی 2023، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، بگاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم کۆببێتەوە.  سەردانەکەی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لەکاتێکدا کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەشتە هەولێر و لەلایەن چەنین بەرپرسی حکومی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا. هاتنی بایراکتار لەکاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ی مانگی ئازاری 2023ەوە راگیراوە بەهۆی ناکۆکی بەغدا و ئەنقەرە دوای بڕیارەکەی دادگای ژوری بازرگانی پاریس کە رایگەیاند تورکیا بە بێپرسی حکومەتی عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستووەتەوە و پێویستە قەرەبوی بکاتەوە بە بڕی نزیکەی دوو ملیار دۆلار.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ بڵاویکردەوە، دوو کچی گەنج  لە روباری خازر خنکان و ئەمڕۆ تەرمەکانیان لەلایەن تیمەکانیانەوە دەرهێنراو، ئەو دوو کچە گەنجە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 24 ساڵدایە و هاوڕێی یەکتر بوون. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، تەرمی ئەو دوو کچە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە خەریکی ماسی گرتن بوون دۆزرانەوە، دواتریش کاتژمیر 6:30ی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکانیان تەرمی هەردوکیانیان لە رووبارەکەدا دەرهێناوە. رووداوەکە لەنزیک گوندی خەلیلکان لە ناحیەی جەردەسین رویداوە و ئاماژە بەوە کراوە یەکێک لە کچەکان ناوی حەنان ڕەمەزان عابدی تەمەن 23 ساڵانە و ئەو دیکەشیان ناوی خەلات شەعبان خەلیل-ی تەمەن 20 ساڵانە و گوندنشینن، دوای روداوەکەش تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادوەری کران. هاوکات عاسف زێباری، موختاری گوندی خەلیلکان رایگەیاندووە، کچەکان هاوڕێی یەکتر بوون و قوتابین و دوێنێ ئێوارە بۆ مەلەوانی رۆشتوونەتە سەر رووباری خازر و خنکاون.

دلێر عەبدوڵڵا بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناكات و ئەندامێكی چڤاتیش رایدەگەیەنێت كە نە خەڵك متمانەی بەدەنگدان ماوەو نە ئەوانیش متمانەیان هەیە خەڵك دەنگیان پێبدات، رۆژنامەنووسێكیش پێی وایە كەگۆڕان بەم هەڵوێستەی خزمەت بەپارتی دەكات. بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە رۆژی 18ی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ناكات و بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەكات لەپارێزگای كەركوك. لەوبارەوە خەلیل سەركانی ئەندامی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بەڵێ بەشداری ناكەین و بڕیارمان داوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەین، بۆچی بەشداری هەڵبژاردنێك بكەین كە لێمان دیارە ئەنجامەكەی چۆنەو كێ براوە دەبێت». بزوتنەوەی گۆڕان كە لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی هیچ كورسییەكی نوێنەرایەتی بەدەستبهێنێت و ئاست و پێگەی جەماوەری دابەزی، لەهەڵبژاردنی ئەمجارەشدا ترسی هەیە كەدەنگی پێویست نەهێنێت، بۆیە بڕیاری بایكۆتی داوە، ئەندامەكەی چڤات بەهاوڵاتی وت، «خەڵك بێهیوا بووە لەگۆڕان و هەموو هێزەكانی تر، لەیەكێتی و لەپارتی و لەهەموو هێزەكان، خەڵك موچەی نییە ئیتر بەشداری هەڵبژاردنی چی بكات، متمانەمان بەدەنگدەر نەماوەو لەهەموو لایەكەوە ئێمە دژایەتی دەكرێین، وەك ئەوەی ئێمە مووچەو بودجەو قوتی خەڵكمان بڕیبێت، وەك ئەوەی ئێمە بین هۆكاری تەسلیمكردنەوەی نیوەی خاكی هەرێم بەناوەند». ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم بڕیارەی بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیاندووەو لەهیچ ئۆرگان و دەزگایەكی فەرمیەوە بڵاوینەكردووەتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی چڤات تەئكید لەوە دەكەنەوەو پێیان وایە كەئەوە بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕانە. ئاراس وەلی ئەندامی چڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت، «گۆڕان بەفەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە كەبایكۆت دەكات، تائێستاش كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوەو بڕیارەكە رانەگەیەنراوە». لەماوەی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان بانگەشەی ئەوەی دەكرد كەئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكەن و بەڵێنی ئەوەی بەجەماوەرەكەیدا كە بەشێوازی نوێ و گوڕوتینێكی بەهێزەوە دەگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و بزووتنەوەكە بۆ دۆخی رابردوو دەگەڕێننەوە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بڕیاری ئەوە دراوە كە بایكۆتی گرنگترین هەڵبژاردنی داهاتوو بكات، بۆ ئەوە خەلیل سەركانی بەهاوڵاتی وت: «راستە ئێمە پێشتر بانگەشەی ئەوەمان كردووە، بەڵام ئەوەی كەركوك جیاوازە، خۆی باشتربوو كورد لەوێ بەیەك لیست بەشداری بكات و هەموو لایەنەكان لەخەمی كوردا بوونایە، بەڵام كەئەوە نەكرا ئیتر گرنگ نییە ئێمە بەشداری بكەین». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لەگۆڕان كردووە كە لەهاوپەیمانێتیەكەیدا بەشداری بكات، بەڵام گۆڕان ئەوەی رەتكردووەتەوە، بۆ ئەوەش خەلیل سەركانی وتی «پارتی داوای لێمان كرد كەبچینە هاوپەیمانێتیەكەیان، بەڵام ئێمە پێمان باشبوو كەهەموو هێزەكان لەژێر چەتری یەك بەرەدا بەشداری بكەن، نەك بەو پەرش و بڵاوییە كە پێمان وایە دواجار كورد زیانی گەورەی بەردەكەوێت». لەگەڵ ئەوەی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دراوە، بەڵام تائێستا گۆڕان بڕیاری نەداوە دەنگیان بۆ كام لیست و هاوپەیمانێتی كوردی دەبێت لەهەڵبژاردنەكەدا، هۆشیار عومەر عەلی رێكخەری ژووری پەیوەندی دیپلۆماسی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت: «تائێستا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو لەبارەی هەڵبژاردنەوە قسە نەكراوە، هەر بڕیارێكیش هەبێت بزووتنەوەكە بەشێوەیەكی فەرمی بڵاویدەكاتەوە». گۆڕان كە لەئێستادا نزیكایەتی لەپارتی هەیەو لەحكومەتی سێقۆڵیدا بەشدارە، گومانی ئەوەی لێدەكرێت بۆ ئەو هەڵبژاردنەی كەركوك دەنگی بۆ پارتی بێت، هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «گۆڕان بەحكومی نزیكایەتی لەپارتی، لەو هەڵبژاردنە دەنگی بۆ پارتی دەبێت، ئەم بایكۆتەی بەسودو قازانجی ئەوانە». هاوڵاتی ئەوەی زانیوە كە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی كەركوك، بڕیاری چڤات نییەو تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی كۆبوونەوە لەوبارەوە نەكراوە، ئەوەی هەیە تەنها بڕیاری كوڕانی نەوشیروان مستەفایە، هەربۆیە بزووتنەوەكە تائێستا بەفەرمی بڕیاری بایكۆتی رانەگەیاندووە، لەوبارەوە هۆشیار عومەر بەهاوڵاتی وت: «ئاگادارنیم كە بڕیاری بایكۆت درابێت، دوورو نزیك ئاگاداری ئەو بڕیارە نیم، سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان روونەو هەر بڕیارێك هەبێت بەفەرمی بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت». بەڕای چاودێرانی سیاسی، بزووتنەوەی گۆڕان لەپاشەكشەی بەردەوامدایە، بۆیە ترسی لەهەڵبژاردن هەیەو نایەوێت جارێكی تر ئەزموونی شكست بكات. لەوبارەوە هێمن مامەند رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەهاوڵاتی وت: «بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هاتووە، باش دەزانن كە دەنگ ناهێنن، بۆیە نایانەوێت خەرجی بانگەشە بكەن و دووبارە شكستێكی تر ببینن، تازە ئەوان مردوون، سەردەمی عیساش نەماوە تا بەموعجیزە گۆڕان زیندو ببێتەوە». لەقۆناغی ئێستادا، گۆڕان سەرقاڵە بەخۆڕێكخستنەوەو ئەنجامدانی كۆنفرانس بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیكەری حزب، چونكە لەئێستادا بەشێك لەئەندامانی چڤات وازیانهێناوەو دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، لەوبارەوە خەلیل سەركانی وتی: «گۆڕان لەئێستادا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كۆنفرانس رێكبخات، سەرلەنوێ حزب رێكبخرێتەوە، تا بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەبكەین». بزووتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی جەماوەری لە 25ی تەمموزی ساڵی 2009 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردو توانی لەیەكەمین بەشداری خۆیدا لەپرۆسەی هەڵبژاردن 25 كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری لەسیاسەتی حزبەكەو پەیوەندیكردنی چەندان سەركردەو پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە بەپارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی ترەوە، متمانەی بزووتنەوەی گۆڕان كەمیكردو لەدوایین هەڵبژاردنی عێراقیشدا نەیتوانی هیچ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت.

هاوڵاتی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویکردەوە تەنها لە هەفتەی رابردوودا 35 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و هەرەشەیان لێکرااوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵرۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە. بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی هەنگاو لە رۆژی چوارشەممە 16ی ئابەوە تا 22ی ئابی 2023، 35 کەس لە ناوچەجیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.  ماڵپەرەکە دەشلێت،  ژمارەیەکی زۆریش لە هاوڵاتییان و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون، چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێز و بنەماڵەی دادخوازەکان لەلایەن ناوەند و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بە "شۆڕشی ژینا" ناسراوە، فشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سەرجەم توێژ و چینەکان پەرەیسەندووەو حکومەتی ئێران دەیەوێت رێ لەسەرهەڵدانەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە بگرێت.

هاوڵاتی  ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە لە هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەووانی تورکیا لە قامیشلۆ  کارمەندێکی کەناڵی ژن تیڤی کوژرا و رۆژنامەنسێکی هەمان کەناڵیش برینداربوو.  ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا لەسەر رێگای قامیشلۆ-عامودە لە نزیک گوندی تەلشەعیر ئۆتۆمبێلێکی کرد بە ئامانج.  لە ئەنجامی رووداوەکەدا کارمەندێکی کەناڵی ژن تیڤی بەناوی نەجمەدین فەیسەڵ حاجی سینان کوژراوە و رۆژنامەنسوێکی ژنیش لە هەمان رووداودا برینداربووە

هاوڵاتی  سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە هاوڵاتی راگەیاند هەواڵی بڵاوبونەوەی "شەهیدبوونی" ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوورە لەراستییەوە و ئەو کەسەی وەک ئەندامی پەکەکە ناوی هێنراوە لە سلێمانی "شەهیدنەکراوە." ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023, ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە زاری دەزگای میتەوە راگەیاند، سوپای تورکیا لە سلێمانی ئەندامێکی پەکەکەیان بەناوی بەکر کینا "کوشتووە." بەڵام سەرچاوەکەی هەپەگە رایگەیاند، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هەواڵێکی چەواشەکارانەیە چونکە و بەکر کینا نزیکەی 15 رۆژ لەمەوبەر شەهیدکراوە و لە سلێمانیش نەبووە" وەک ئەوەی لە هەواڵەکەی ئاژانسی میتدا هاتووە. هەپەگە رۆژى 10ى ئاب لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، بەکر کینا رۆژی 6ی ئاب لە ناوچەی زاب شەهیدکراوە.  سەرچاوەکە باسی لەوە کرد کە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ئامانج لێی "فشار دروستکرنە لەسەر سلێمانی بەمەبەستی دروستکردنی شەڕی دەروونی."  

سازدانی: سیروان حەمەڕەشید بەختیار عەلی، نوسەر و روناکبیری کورد، لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر ئەزمونی حکومرانی کوردی و پرسی کورد لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمایەتی و ناوخۆی، دەڵێت، "ئەزمونی حکومداریی کوردی لە کارەساتدا دەژی" و یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵات دۆخێکیان خوڵقاندووە کە "خەڵک وابیربکاتەوە شکستیان هێناوە و ئیدی بەو نزیکانە لەکۆڵ خەڵک دەبنەوە، ئەوەش وەک جۆرە تلیاک و بەنج و ئەفیونێکە" تا لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. بەختیار عەلی سەبارەت بە جێگرەوە و بەدیلی یەکێتی و پارتی بۆ حوکمرانی بە رەشبیننەوە قسە دەكات و دەڵێت، هیچ جێگرەوەیەک نییە چونکە تەنانەت "ئۆپۆزسیۆنیش لە هەرێمی کوردستان گۆراوە بۆ قەرەقۆزێک، شایەنی گاڵتەو پێکەنین بێت" لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە. نوسەرە دیارەکەی کوردستان سەبارەت بەوەی بۆچی خەڵکی کوردستان بۆ موچە پەنا دەبەن بۆ بەغدا، دەڵێت: هاووڵاتییەکی سادە کە دەبینێت سەرکردەکان هێزی خۆیان لەشەراکەتی ئابووری لەگەڵ مافیاکانی ئەنقەرەو تاران و بەغداوە وەردەگرن، پێی ڕەوا دەبێت بۆ موچە دزراوەکەی خۆی بیر لەبەغداد بکاتەوە، تۆ ناتوانیت بەهاووڵاتییەک بڵێیت خائین کە منداڵەکانیت برسیکردوە، سامانی وڵاتەكه‌یت بەتاڵان بردووە. سەبارەت بەوەی کە دوای 100 ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان چۆن دەڕوانێتە گوتارو هەڵوێستی  سەرکردایەتی کورد، بەختیار عەلی ئاماژە بەوە دەکات، "لەدۆخی ئێستادا هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش رەزامەند بێت لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، واقعی سیاسی کوردی هێندە پارچە پارچەیە، سیاسەتمەدارانی کورد هێندە ستەمکارن، ئەگەریان بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی لۆکاڵی کوردیش بچوککردووەتەوە." دەقی چاوپێکەوتنەکەی هاوڵاتی لەگەڵ بەختیار عەلی: هاوڵاتی: لەپاش ئەوەی کورد وەکو نەتەوە لەناو دەوڵەت-نەتەوەکانی خورهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگر نەکرا بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی لانیکەمی سەربەخۆی داوەو هەر کاتێکیش بۆی هەڵکەوتبێت وەک کۆماری مهاباد ئەوا بەهۆی هێزی دەرەکییەوە رووخاوەو کۆتایی پێهاتووە؛  لەو ئەزموونانەی رابردووەوە ناتوانین دەرەنجامگیری ئەوە بکەین کورد دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات، بەڵام لەئێستادا لەباشوری کوردستان ماوەی سێ دەیە کورد خۆی حوکمڕانی خۆی دەکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە روونە کەئەم ئەزموونە بەگوێرەی رای رۆشنبیران و پسپۆڕان لەهەموو روویەکەوە شکستی خواردووە، بەبڕوای ئێوە ئەم شکستە وەک ئەوە دەگوترێت  پەیوەندی بەنەخوێندەواری و مەعریفەی نوخبەی سیاسی باشوور هەیە یان  پەیوەندە بەهۆکارگەلی ترەوە؟ بەختیار عەلی: لەڕاستیدا نەخوێندەواری و جەهل لەکۆی کارەساتەکاندا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، بەڵام دەبێت تەواو وردو وریابین و چەند خاڵێک رەچاوبکەین. یەکەم: ئایا کاتێک باس لەجەهل دەکەین، باس لەکێ دەکەین، باس لەجەهلی دەستەیەک لەسیاسی و سەرکردە، یاخود جەهلی کۆی سیستمەکە، یان جەهلی کۆمەڵگا بەگشتی؟  راستی ئەمانە هەموویان پێکەوە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە، جەهل بەجۆرێکی فراوان لەهەرسێ ئاستەکەدا دەبینرێت. بەڵام نالەباریی دۆخی سیاسیمان بەتەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرە.  سیاسەت بەگشتی  لەزۆر سەردەم و لە هەموو دونیادا سیاسەتمەدارانی زۆر نەفام و جاهیلی بەرهەمهێناوە، ئەم دیاردەیە بەزەقی لەئەوروپاو ئەمریکاو زۆر جێگای دونیاش دەبینرێت. سیاسەت بەدرێژایی مێژوو بوارێک بووە، گەمژەکان و جاهیلەکان توانیویانە خێرا لەنێویدا جێگای خۆیان بکەنەوە. لەمێژوودا سەدان نموونەمان هەیە، ستالین تەنیا یەکێکە لەنموونە زۆر زەقەکان. ستالین لەنێوان چەندین رۆشنبیرو زاناو بیریاری گەورەو بلیمەتی حزبی بەلشەفیدا، ئاسان گەیشتە ترۆپک و تەواوی ئەزموونی کۆمۆنیزمی  بەلاڕێدا برد. جەهل و سیاسەت دوو شتن بەئاسان لەیەکدی جیاناکرێنەوە. من دەپرسم: لەسەرتاسەری عێراقدا ئێستا سیاسییەکی عاقڵ و خوێندەوارو خاوەن دیدو تێڕوانینی وردو روون دەبینیت؟  راستییەکەی سیاسی وا لەناوچەکەدا زۆر کەمە. واتێدەگەم ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ ئێمە پیا دەڕۆین، بونیادیی و قووڵترە. پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئەم ئەزموونە لەچ دیدگایەکەوە شکستی خواردووە؟ یان بەچ پێوەرێک شکستی خواردووە،  بەپێوەری ئێمەی خەڵک یان بەپێوەری دەسەڵاتداران؟ بۆ نموونە خەڵکانێک کە باس لەشکست دەکەن، پێوەرەکانیان ئەم چەمک و بەهایانەیە: بەختەوەری هاوڵاتییان لەناو سیستمەکەدا بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا، سەرهەڵدانی کۆمەڵێکی زانستپەروەرو فراوانبوونی رووبەری ئازادییەکان، سەربەخۆبوونی دادگاو دەزگا قانونییەکان ... لەگەڵ چەندان یەکەی پێوانەیی دیکەش کەدەشێت فەرمانڕەواییەکی دیموکراس و سەرکەوتووی پێ بپێوین، بەپێی ئەم پێوەرانە ئەم ئەزموونە نەوەک هەر شکستی خواردوە، بەڵکو لەدۆخێکی کارەساتاویدا دەژی.  بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی بەم پێوەرانە سەرکەوتن و شکستی خۆی ناپێوێت. ئەوان کۆمەڵێک پێوەری دیکەیان هەیە کەدەشێت ئەمانە هەندێکیان بن: گەشەدان بەپرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەو گونجاندنی ژینگەی گونجاو بۆ جوڵاندن و گەشەی کەپیتال و بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان بنەماڵە فەرمانڕەواکان لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکەو جیهانداو لاوازکردنی ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە کەتوانای بیرکردنەوەی نوێی هەبێت، هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردی لەدۆخێکی نەزانی و دواکەوتوویدا، سەرقاڵکردنی خەڵک بەگفتوگۆو ململانێی ناوەکییەوەو دوورخستنەوەی لەهەر پرۆسێسێکی گەشەی راستەقینە. بەکورتی پێوەرەکانی کۆمەڵگاو پێوەرەکانی دەسەڵات بۆ چەمکی شکست یەک شت نین. دەسەڵات لەباشوور پڕۆژەیەکی نەتەوەیی گەورەی نەبووە تاشکست بهێنێت، حوکمداریی سەرکەوتووش لەتێڕوانینی ئەواندا پەیوەندی بەبەختەوەری خەڵک و گەشەو پەرەسەندنی کۆمەڵگاوە نییە. حوکمداریی ئەوەیە دەزگایەکی سەربازی و ئەمنی بەهێزت هەبێت، پێگەی ئەو چەند بنەماڵە فەرمانڕەوایەو هاوکارو هاوبەشەکانیان بەهێزو پارێزراو بێت. واتە پڕۆژەکە لەبنەڕەتدا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بچووک و لۆکاڵ بووە کەکۆمەڵێک هاوسەنگیی سیاسی لەنێوان زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمییەکاندا رابگرێت. لەهەندێک ساتی مێژووییدا، بەهۆی دروستبوونی هەندێک بۆشایی سیاسییەوە، وەک قۆناغی دوای رووخانی سەدام حوسەین، دەسەڵاتی هەرێم شتێک زیاتر لەوەی لای زلهێزەکانەوە رێپێدراوە گەشەیکردووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەوە ئەو سوودە زیادانە تێکڕا لەدەستچوون. بەکورتی و بەگشتی حوکمڕانانی کورد جگە لەمانەوە ستراتیژو پڕۆژەیەکی تریان نییە تا قسە لەسەرکەوتن و شکست بکەین، تا ئەو جێگایەی ئەوان لەدەسەڵاتدان و بازاڕو سەرچاوەکانی سەرمایە لەبندەستی بنەماڵەکان و دەزگاکانی ئەواندایە، هەست بەدڵنیایی و سەرکەوتن دەکەن. ئەوەی مەترسی لەسەرە و لەدەستچووە، خەونەکانی مرۆڤی کوردە، ئاواتەکانی هاووڵاتیانی باشوورە، مافەکانی خەڵکە... بەڵام دەسەڵات پڕۆژەیەکی نەبووە ئەم خەون و ئاوات و مافانە بچەسپێنێت، لێرەوە قسەکردن لەسەر شکستخواردنی دەسەڵات لەناواخندا، هەڵگری وێنەیەکی هەڵەیە بۆ دەسەڵات. لەساڵانی رابوردوودا دەسەڵات هەمووانی بەوە فریوداوە گوایە خەونەکان و ئاوات و ئومێدەکانی کورد هەموو یەکە، ئێستا دەبێت روون بزانین ئەوەی شکستی هێناوە مرۆڤی کوردو خەونی هاووڵاتیانە، نەوەک حوکمی ئەو دەستە ئەرستۆکراتەی فەرمانڕەوایی دەکەن. بگرە لەساڵانی رابوردوودا ئەم دەستەیە سیاسەتە ترسناکەکانی خۆیان بەسەرکەوتوویی  پیادەکردوە. 1- ئۆپۆزسیۆنیان لەکوردستان گۆڕی بۆ قەرەقۆزێک، شایەنی گاڵتەو پێکەنین بێت. 2-بۆ هێزە ئیقلیمییەکانی وەک تورکیا و عێراق و ئێرانیان سەلماند، ئەمان هێزێکی وەها کوردپەروەر نین هەڕەشەیەک لەسەر ئەوان دروستبکەن. 3-لەڕێگای میدیاکان و سۆشیال میدیاوە نەفامی و دواکەوتوویی و گەمژەییەکی بەرنامەڕێژکراوو پلان بۆ دانراویان بڵاوکردەوە، لەو رێگایەشەوە بنەماکانی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوویان چەسپاند. 4- دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی خۆیان لەهەموو کەرتە ئابوورییەکاندا قایمکردو جۆرە ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراو و مۆنۆپۆڵکراویان خوڵقاند. 5- هەموو شوناسە سیاسییە بچوکەکانیان لەناو خۆیاندا تواندەوە. 6- شتێکیان نەهێشت ناوی کۆمەڵگای مەدەنی بێت، بواری گشتییان تەسلیم بەهەندێک هێزی بچووک و کۆنزەرڤاتیڤ کرد، کۆمەڵگایەکی لێکدابڕاویان دروستکرد کەتێکڕا خەریکی لێدان و سوکایەتیکردنە بەیەک، لەزۆر جێگادا مینبەرەکانیان دایەدەست دواکەوتووترین و ترسناکترین و شەڕانگێزترین جەشنە بیرکردنەوەی سەلەفی، کەپرۆسەیەکی پەلامارو تۆقاندنی بەرنامەڕێژکراو و ئاڕاستەکراو دەبەنبەڕێوە. 7- کارێکیان کرد توانا راستەقینەکان هەموو کۆچ بکەن و هیچ گەنجێکی هوشیار نەتوانێت لەو فەزا داخراوو ترسناکەدا بژی. بەبڕوای من دەسەڵاتی کوردی خۆی حەزدەکات ئەو هەستە دروستبکات، گوایە شکستیان هێناوە و زۆریان نەماوە و ئیدی بەو نزیکانە لەکۆڵ خەڵک دەبنەوە، ئەوەش جۆرە تلیاک و بەنج و ئەفیونێکە پەیوەندی بەواقعەوە نییە. دەسەڵات نەیویستووە بەهەشت دروستبکات تابڵێین شکستی هێناوە، ویستویەتی دۆزەخ دروستبکات و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە. هاوڵاتی: لەڕاستیدا هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان رەنگە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان   جێگەی  نیگەرانی و مەترسیدار نەبێت و بەپێچەوانەوە،  وادیارە پێیانخۆشە مووچەیان لەبەغدادەوە بۆ بێت؛ واتە حوكمڕانی خراپی هێزەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە خەڵکی بێزار کردووە کەچیدی  مانەوە یان نەمانەوە بەلایەنەو جێگەی بایەخ و گرنگی نییە؛ ئەوەش دەزانین حکومەتی ناوەندی دەخوازێت هەرێمی کوردستان نەمێنێت؛ پێمان باشە  دیدی بەڕێزتان لەو بارەوە  بزانین؟ بەختیار عەلی: هاووڵاتییەکی سادە کەدەبینێت سەرکردەکان هێزی خۆیان لەشەراکەتی ئابووری لەگەڵ مافیاکانی ئەنقەرەو تاران و بەغداوە وەردەگرن، پێی ڕەوا دەبێت بۆ موچە دزراوەکەی خۆی بیر لەبەغداد بکاتەوە. تۆ ناتوانیت بەهاووڵاتییەک بڵێیت خائین کەمنداڵەکانیت برسیکردوە، سامانی وڵاتەكه‌یت بەتاڵان بردووە، مافەکانیت لەگەمەی نەفامانەدا بەهەدەرداوە. تا ئەو شوێنەی هاوکێشەکە بەوجۆرە بوو «نان یاخود ئازادی»، مێژوو شاهیدە خەڵکی ئێمە ئازادییان هەڵدەبژارد، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ئەم هاوکێشەیەی تێکشکاند، بەدەستی خۆی سیستمێکی کۆیلایەتی نوێی بەرقەرارکرد. زۆرینەی خەڵک ئێستا وادەبینن ململانێکە لەنێوان دوو مۆدێلدایە «کۆیلەیەتییەک تەنیا ناتکاتە کۆیلە، بەڵکو برسیشت دەکات» ئەمە مۆدێلی حوکمڕانانی کوردە، لەگەڵ مۆدێلێکی دیکەدا «تۆ هەر کۆیلەیت، بەڵام نان و موچەت دەبێت» ئەمە مۆدێلی کۆیلایەتییە بۆ داگیرکەر. ئەگەر تەماشای وێنەکە بکەیت ئێجگار تراژیدییە، مرۆڤی کورد وەک ئاژەڵێک مامەڵە دەکرێت کە خزێنراوەتە نێو قەفەسێکەوە، مافەکانی لەوەدا بۆ کورتکراوەتەوە ئاخۆ نانی بدرێتی یاخود نا، دەبێت هەڵبژێرێت لەنێوان کۆیلایەتییەکدا تێیدا زۆر برسی نەبێت لەگەڵ کۆیلایەتییەکدا هاوڕێ بێت بە نادڵنیایی و برسێتی. دابەزاندنی مرۆڤی کورد بۆ ئەم ئاستە، بۆ ئەم دوو هەڵبژاردەیە ترۆپکی دڕندەیی و وەحشیگەرییە، گەیاندنی ئاستی ژیان و خواستی مانەوەیە بەپلەیەکی ئێجگار نزم ونامرۆڤانە. سەدەی بیست بۆ ئێمە یەکێک بوو لەسەدە هەرە تاریکەکان، چونکە پڕۆژەی لەنێوبردنی کورد لەسەر هەموو ئاستەکان ئیشیدەکرد، بەڵام لەنێو ئەو هەموو ئازارو تاریکییەدا چەمکی ئازادی هەمیشە ئامادەبوو. دەشێت مرۆڤ لەهەلومەرجی نالەباردا کۆیلایەتی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام ئەگەر توانای لەسەر ئازادی هەبوو، ویستی هەبوو بۆ ئازادی خۆی بجەنگێت، ئەوا مرۆڤبوونی خۆی لەدەست نەداوە. بەڵام لەئێستادا شێوازێک لەکۆیلەیەتیمان هەیە تێیدا مرۆڤەکان بەئەندازەیەک گەمارۆ دەدرێن، چیتر وشەگەلی وەک ئازادی یان هەلومەرجی مرۆڤانە مانایەکی روون نابەخشن، نابن بەئاوات و خواستی مرۆڤەکان. مرۆڤی کورد جارێکی دی براوەتە جوغزێکەوە لە لەنێوچوونی راستەقینە دەترسێت، لەدۆخێکدایە بەهۆی برسیکردن و لێڵکردنی بەردەوامی ئاسۆکانی پاشەڕۆژەوە، لەسبەینێی خۆی و منداڵەکانی دڵنیا نییە. ئەمە بۆتە مایەی خوڵقاندنی مرۆڤێکی ترساو، نادڵنیا، دوودڵ کەهەر هێزێک سۆزی ئەمان و دڵنیایی بداتێ دوای دەکەوێت، ئەوەش زەمینەیەکی ترسناکە بۆ گەشەکردنی هەموو فۆرمەکانی توندڕەویی و کۆیلەیی. سەدەی بیست سەدەی خەباتی ئێمە بوو بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی کوردی خاوەن ماف، بەڵام سی و دوو ساڵ لەحوکمڕانی بنەماڵە سیاسییەکان، مرۆڤێکیان دروستکرد نازانێت ماف چییەو تەنیا بەپەرچەکرداری سایکۆلۆژی و توڕەیی و خۆبەتاڵکردنەوەی توندڕەوانە گوزارشت لەدۆخی خۆی دەکات، واتە  جۆرە مرۆڤێکیان بەرهەمهێناوە هەتا هێزی بەکارهێنانی زمانیشی لەدەستداوە. ترس لەنەمان وا لەم مرۆڤە دەکات، هەر ئەگەرێکی سەبووریی و دڵنیایی ببینێت هانای بۆ ببات و هەڵپەی بۆ بکا، هەر شتێک، هەر خورافەتێک لەو ترس و دوودڵییەی کەم بکاتەوە، وەک سایەی خودا سەیریدەکات و دەچێتە ژێر باڵی. ئەو ترسە، ئەو لێڵییە لەبینیندا دەیکات بەکۆیلەی دوژمنەکانمان، دەیکات بە یاریی دەستی خورافات و غەیبیات. دەسەڵاتی کوردی سی و دوو ساڵە مانای ئازادی و مافداری لەویژدانی خەڵکدا دەسڕێتەوە، ئێستا ناتوانێت بەناوی ئازادی و مافەوە بیانباتە هیچ شەڕێکەوە. لەم دۆخەدا دوو جۆرە بێباکی ترسناک دروستبووە... بە لایەک بێباکی دەسەڵاتمان هەیە بەرامبەر خەڵک، لەجەمسەرەکەی دیکەشدا بێباکی خەڵکمان  هەیە بەرامبەر دەسەڵات. ئەم دوو جۆر بێباکییە پێوەری گەیشتنی کۆمەڵگایە بەپلەیەکی ترسناک لەدڕندەیی. بێباکی دەسەڵات بەرامبەر بەخەڵک لەوەوە دێت، خەڵکی وەک شتێکی زیادو بێسوود لای دەسەڵات سەیردەکرێن. ئەم جۆرە حاکمانە لەسەر دزینی نەوت یان ئابوری ریعی دەژین، واتە لەسەر ئیشی خەڵکی و لەڕێگای زێدەبایی کاری مرۆڤەکانەوە سەرمایە کۆناکەنەوە، لێرەوە زیادەیەکی زۆر لەخەڵکیان هەیە تەنیا مەسرەفکەرن و دەسەڵاتداران وەک باری گران و زێدەیەکی بێسوود تەماشایان دەکەن، دەسەڵات دەرهەق بەبوون و نەبوونی ئەمانە بێباکە. خۆت دەبینیت، لەساڵانی رابوردووداو تا ئێستاش بەردەوام دەسەڵات یاری بەموچە دەکات، نایدات یاخود کەمیدەکاتەوە، ئەوە دەلیلێکی روونە لەسەر ئەم بێباکییە، لەسەر ئەوەی برسیبوون یان بەدبەختبوونی ئەمانە لای فەرمانڕەوایان جێگای بایەخ نییە. گرنگترین شت لای هێزە سەردەستەکە نەوەستانی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لەچنگی خۆیان و کۆمپانیاکانیاندا، لەوە بگوزەرێت ژیان و مانەوەی خەڵک جێگایەکی لەستراتیژ و بیرکردنەوەیاندا نییە. لەوەوبەر لەهەندێک جێگای تردا باسم لەم فۆرمە نەخۆشەی کەپیتالیزمی خۆماڵی کردووە کەبەشی زۆری کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ زۆرینەیەکی بێکەڵک، ئەم پرۆسێسە دەرەنجامی ترسناکی لەسەر بونیادی کۆمەڵگا هەیە، لەسایەی ئەم مۆدێلەدا نوخبەیەکی خۆسەپێنی ئەرستۆکراتی دروستدەبێت کە لەبورجێکی عاسی و دووردا دەژین، بەسوپاو هێزی ئەمنی شورایەک لەدەوری خۆیان دەکێشن، باکیشیان بەوە نییە لەبەری ئەوبەر، واتە لەبنکی کۆمەڵگادا مرۆڤەکان چۆن دەژین و چۆن بیردەکەنەوە. جۆری دووەم لەبێباکی، بێباکی زۆرینەی خەڵکە بەرامبەر دەسەڵات. ئەم بێباکییە کاتێک سەرهەڵدەدات خەڵکی بزانن هێزێکی گەورەترو بەهێزتر هەیە و دەتوانن ئینتیمای خۆیانی بۆ بگوێزنەوە، واتە وەلائی خۆیانی پێببەخشن. ئەم جۆرە لەبێباکی بەهەمان پلەی جۆری یەکەم ترسناکە، چونکە لەم ئاستەدا خەڵکی لەبری هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەسەڵات دەکەونە گەڕان بۆ ئاغایەکی بەهێزتر، بۆ جۆرێک لەکۆیلەیەتی دیکە کەهێشتا ئەزموونیان نەکردووە، ئەمە هەر بەرەو حاشاکردنیان نابات لەزمان و شوناس و نەتەوەی خۆیان، بەڵکو کاراکتەرێکی لاوازو سوژدەبەر دروستدەکات کەبەردەوام چاوەڕوانی رزگارکەرێکی غەیبییە، لێرەوە جەلادو داگیرکەرانی خۆشیان لەپێش چاو دەبێتە فریادڕەس. ئێمە ئێستا لەترۆپکی ئەو دوو جۆرە بێباکییەدا دەژین... هاوڵاتی: بەڕێزتان وەک نووسەر و رۆشنبیرێکی کاریگەرو دیاری کورد،  لەشوێنێکدا ئاماژە بەوە دەدەن کەنائومێدی لەوەی چیدی یەکێتی و پارتی  چاکسازی بکەن و دیدو تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئایندەی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ و هێزە  ئۆپۆزسیۆنەکان چییە؟  ئایا هیج رێگاچارەو دەرچەیەک هەیە بۆ ئەوەی بگەین  بەدۆخێکی دڵنیایی و حوکمڕانییەکی باش؟ بەختیار عەلی: لەڕاستیدا وەک لەزۆر شوێنی دیدا زۆر فراوانتر و قووڵتر باسمکردووە، نەوەک باوەڕم بەوە نییە پارتی و یەکێتی مۆدێلێکی فەرمانڕەوای باش دروستبکەن، بەڵکو باوەڕم بەوە نییە، خودی کایەی سیاسی لەئێستادا بتوانێت هێزگەلێک دروستبکات فۆرمێکی تر لەحوکمڕانی دابڕێژن زۆر لەحوکمڕانی یەکێتی و پارتی جیاواز بێت. بەمە نائومێدییەک بڵاوناکەمەوە، خەڵکی دژ بەم هێزانە نەچنە خەباتەوە، بەڵکو راستییەک دیاریدەکەم گرنگە بۆ هەموو خەباتێکی راستەقینە، ئەگەر لەسەر بنەمای چەواشەکاریی و فریودان دروست نەبووبێت. مێژووی ئێمە پڕە لەو هێزە شۆڕشگێرانەی بۆ چەند ساڵێک شۆڕشگێڕیی و حەماسەت بەرهەمدەهێنن و دوایی وەردەگەڕێن و دەبنەوە بەکۆمەککاری ستەم، بەوەش نەوەیەک نائومێددەکەن و هێزی یاخیبوونی راستەقینە ئیفلیج دەکەن. لێرەدا زۆر ناچمە قووڵاییەوە، چونکە بۆ ئەو کارە کاتێکی زۆر و رووبەرێکی فراوانم دەوێت، لێرەدا تەنیا هەندێک خاڵی گشتی و سەرەتایی بەیادا دەهێنمەوە: 1- حوکمڕانی باش کاتێک دەبێتە واقع، دەمێک هێزگەلێکی سیاسی هەبن بەهۆی هێزی میلیشایی و چەکدارەوە کۆمەڵگایان نەخستبێتە بندەستی خۆیان، واتە کایەی سیاسی خاڵی بێت لەچەک و گروپی میلیشیایی. هەر هێزێکی سیاسی بەچەکەوە سیاسەتی کرد، دەشێت بەخێرایی ببێتە هێزێکی تۆقێنەرو ماشێنێکی تیرۆر. زۆربەی حزبە سیاسییەکان لەکوردستان و ناوچەکە هێزی چەکدارن، یاخود بەجۆرێک لەجۆرەکان هێزی چەکداریان لەپشتە. لەئێستادا پاککردنەوەی کایەی سیاسی لەچەک وەک ئەفسانە وایە، رۆژ بەڕۆژ ئەو قەوارەیەی پێی دەگووترێت حزب، پتر کورتدەبێتەوە بۆ فەسیلێکی چەکدار کەچەک بۆ مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات و تۆقاندنی کۆمەڵگا بەکاردەهێنێت، نەوەک بۆ بەرگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی دوژمن. بۆ نموونە دەوڵەتی بەعس لەعێراق و سوریا دوو باشترین نمونەن کە چەکی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا بۆ ڕێگریی نییە لەداگیرکەران، بەڵکو بۆ سەرکوتی خەڵکە، لەکوردستانیش شەنگال و کەرکوک شاهیدن، چەکی پارتە کوردییەکان بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگایە، نەوەک بۆ بەرگریی لەکوردستان. 2- هەر کاتێک ئەو دەستەبژێرەی سیاسەت دەکات هەمان ئەو دەستەبژێرە بێت کایەی ئابووریشی لەچنگە، یاخود لەوە خراپتریش ئەو دەستەبژێرەی ئابووری کۆنترۆڵکردوە بەحوکمی بەکارهێنانی بۆ پێگەی سیاسی خۆی بەو هێزە گەیشتبێت، ئەستەمە دەستەبژێری وا بتوانێت حوکمڕانی باش بەڕێوەببات. ئێستا ئێمە لەخۆرهەڵات لەپێشدەم مۆدێلێکداین، ئەو هێزەی بازاڕی قۆرغکردوە هەمان ئەو هێزەیە دەزگا سیاسی و قانونییەکانیشی قۆرغکردووە. هەر کەس دەسەڵاتی ئابووریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بگات بەجۆرێک لەدەسەڵاتی سیاسی یاخود بەپێچەوانەوە، ناتوانێت حوکمڕانێکی باش پیادەبکات. بەوەدا ئێستا تەواوی ئەو کەپیتالەی حزبەکان و  سیاسییەکان هەیانە پارەی سیاسییە، پارەیەکی دزراوە لەکۆمەڵگاو دیسانەوە خراوەتەوە خزمەت سیاسەت، ئەم پرۆسەیە تەنیا هێزی پۆپۆلیستی و تۆقێنەر دروستدەکات. 3- بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی باش دروست بێت، دەبێت چەمکی ئازادی، بەختەوەریی، ئاسایشی مرۆڤەکان، دادپەروەری لەسەروو هەموو بەهایەکەوە بن. حکومەتی باش لەفەزایەک و کولتوورێکدا سەرهەڵنادات دیدێکی روونی بۆ مانای ئازادی، خۆشبەختی، دادپەروەری نەبێت. مانای ئەم چەمکانە لەکایەی سیاسیدا دیاری ناکرێن، سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا هێشتا لەوە گەمژەترە بتوانێت لەسەر مانای راستەقینەی ئەو وشانە ئیشبکات و فۆرمی یاساییان بداتێ. کۆی کایەی سیاسی لەخۆرهەڵات لەسەر قووڵكردنەوەی جیاوازییەکان لەنێوان نەتەوە و دین و هەرێمەکان دامەزراوە، لەسەر خوڵقاندنی ترس لەیەکدی دروستبووە. لەهیچ یەک لەم جۆرە سیاسەتانەوە حوکمڕانی نیمچە دادپەروەریش دروست نابێت. 4- حزبە کوردییەکان و پارتە سیاسییەکان لەخۆرهەڵات بەگشتی لەبونیادە کۆنزەرڤاتیڤ و نەگۆڕەکانی کۆمەڵگادا ریشەیان داکووتاوە، پێکهاتی خێڵەکی و بنەماڵەییان هەیە، خێزانێک یان چەند خێزانێک بەحوکمی پێگەی خێڵەکی یان سیاسی، دینی، ئابوورییان دەست بەسەر حزبدا دەگرن و لەقەوارەیەکی سیاسییەوە کە گوزارشت لەبەشێکی کۆمەڵگا بکات، دەیگۆڕن بۆ موڵکییەتی تایبەتی نوخبەیەکی بچووکی ئەرستۆکراتی کە «ئابووری، سیاسەت، سوپا، دەزگا ئەمنییەکان، دەزگاکانی راگەیاندن» دەخەنە بندەستی خۆیان و دەیانسپێرن بەکەسانی نزیک لەبنەماڵەکانیان... ریشەی ئەم جۆرە لەحوکمڕانی لەناو بونیادی باوکسالارانەو خێزانپەرستی خۆرهەڵاتیدایە. گۆڕینی حزب بۆ موڵکییەتی تایبەتی وای لێدەکات وەک کارخانەیەک، گردێک، موڵکێکی بەبەهای لێ بێت کەخێزانێک وەک موڵکی خۆی و سەرچاوەی ژیان و زەمانەت بۆ نەوەکانی داهاتوو سەیریدەکات. ئەحزابی خۆرهەڵاتی بەگشتی وەک ئەو کارخانەیە وان دەوڵەمەندێک بۆ منداڵەکانی خۆی بەجێدەهێڵێت تاپاشەڕۆژیان زامنبکات. دەسەڵات بەجەوهەر تائێستا لەفۆرمی فیوداڵی دانەبڕاوە، گۆڕینی مەرجەعی خێڵەکی یان دینی بۆ مەرجەعی سیاسی  یان لەبنەڕەتدا هەبوونی شتێک ناوی مەرجەع بێت، دژی پرەنسیپە هەرە سادەو سەرەتاییەکانی حوکمڕانی باش و دیموکراتە. هاوڵاتی: لەدوای راپەڕینەوە دەستەبژێری رۆشنبیرو نووسەرو رۆژنامەونوسان  و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان رەخنەی بونیادی  لەئەدای حوکمڕانی دەگرن  و پاکێج و پڕۆژەی جۆراجۆری چاکسازییان داوەتە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی، بەڵام  هەردوو هێزەکەی دەسەڵات بێباکەو گوێیان بەهیچ نەداوە،  لەم کاتەشدا دۆخی هەرێم  لەهەموو  ئان و ساتێکدا  زیاتر بەرەو ناهەموارترو خراپتر دەڕوات، بەڕای بەڕێزت  ئەڵتەرناتیڤ و چارەسەر چییە؟ بەختیار عەلی: گەورەترین هەڵە ئەوەیە وابزانین دەسەڵات بەهەڵە ئەم فۆرمەی لەحوکمڕانی دامەزراندووە. ئەم دۆخەی ئێستا تیا دەژین تەنیا بەرەنجامی بێویژدانی و بێباکی چەند سیاسییەک نییە، بەڵکو زادەی کۆمەڵگایەکە لەهەموو ئاستەکاندا لەقەیراندا دەژی، ئەوەی ئەم حوکمڕانانە رادەگرێت یان وادەکات دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆیان سەخت بێت، قەیرانێکی قووڵە کەژێرخانێکی فیکری و کولتووری و پەروەردەیی سەرسەختی هەیە. کۆمەڵگاگەلێک ئامادەنەبێت گۆڕانکاریی لەفۆرمی بیرکردنەوە و روانین و کولتووردا بکات، ئامادەنەبێت زانست و دەستکەوتەکانی زانست لەجیهانبینی خۆیدا جێبکاتەوە، تا سەر ئێسقان لەخورافەتدا نوقمبێت، ئامادەنەبێت لەهیچ بوارێکی راستەقینەی ژیاندا پڕۆسەی گۆڕانکاریی راستەقینە پیادەبکات، فیکرو عەقڵانییەت جێگایەکیان نەبێت، تێگەیشتنێک بۆ مەزهەب هەڵببژێرت پڕبێت لەشەڕانگێزی و دژایەتی زانست و ئازادی، پڕبێت لەدژایەتی نوێگەریی، دەرگای کۆمەڵگای خۆی لەڕووی دونیادا دابخات، دەرگای کۆمەڵگای خۆی لەبەردەم هەموو هەوڵێکی جوڵاندن و نوێکردنەوەیەکی ناوەکیدا دابخات. کۆمەڵگایەک نەیەوێت جێگای راستەقینە ببەخشێتە زانست، فەلسەفە، ئەدەب، هونەر، عەقڵییەتێک پەروەردەبکات ترسی لەهەموو بەرهەمێکی ئینسانی ناوخۆو دەرەکی هەبێت، دژی کتێب بێت، دژی رۆشنبیر بێت. مرۆڤگەلێک بخوڵقێنێت جەهلی خۆیان لێ ببێت بەئیمان. دابەشکردنی دەسەڵات لەخێزاندا، لەنێو ژن و پیاودا، لەنێوان چینەکاندا سەدان ساڵ بێت یەک شێوەبن و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتبێت. ئەمانەو سەدان خاڵی تری گرنگ... دوای ئەوە یەکێک بێت داوای گۆڕانکاریی سیاسی بکات! ئەمە ئەو کۆمیدیایەیە تێیدا چەقیوین. ئەستەمە لەدونیایەکدا لەهەموو کونج و کەلەبەرێکییەوە هاڵاوی ترس لەگۆڕانکاری هەڵدەستێت، قسە لەگۆڕانکاریی بکەین. کەی وێرامان راشکاوانە لەجومگەو ژێرخان و بنەما کولتووری و ئەخلاقی و فیکرییەکاندا باس لەگۆڕانکاریی بکەین، دواتر دەتوانین قسە لەسەر ئەلتەرناتیڤی سیاسی بهێنینە پێشێ. هەر قسەیەک لەسەر گۆڕانکاریی سیاسی قووڵ بەهەموو بوار و کایەکانی تردا نەڕوات، هیچ نییە جگە لەبەشێک لەململانێیەکی حزبی و سیاسی کە دەمانباتەوە سەر هەمان دەرگای داخراوی ئێستا. ئەوەشی بەوە خۆی دەخەڵەتێنێت گوایە ئەم رێگایە قورس و نەکردەیە، دەبێت بزانێت ئەم رێگایە تەنیا رێگایە و ئاسانترین رێگاشە بەراورد بەوەی هەموو جارێک بەجەهەنەمی شۆڕش و جەنگ و کاولکارییەکی مێژووییدا بڕۆین، بۆ ئەوەی بگەینەوە بەردەمی هەمان دەرگای داخراو. ئەوەی پەروەردەمان بگۆڕین، فیکرمان بگۆڕین، دەستکاریی جیهانبینیمان بکەین، مۆراڵمان راستبکەینەوە، کینە و رق کەمبکەینەوە، بەسەر دونیادا بکرێینەوە، گەشە بەزانست بدەین، دەسەڵات لەجەهل بستێنینەوە، سەدان جار لەوە ئاسانترە دەیان و سەدان ساڵ قسە لەگۆڕانکارییەکی مەحاڵ بکەین کەهەمیشە دوای سوڕێکی مێژوو دەمانهێنێتەوە بەردەمی هەمان دۆخی ئێستامان. هاوڵاتی: دوای سەد ساڵ لەپەیماننامەی لۆزان و زیاد لەسی ساڵ لەبوونی قەوارەو حوکمڕانی خۆماڵی لەباشوری کوردستان. لەم کاتەدا گوتارو هەڵوێستی  سەرکردایەتی و کارنامەی نوخبەی سیاسی کورد چۆن دەبینیتەوە؟ بەختیار عەلی: قسەکردن لەسەر پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەک جۆرێک لەگوشاری رەمزی بۆ سەر کۆمەڵگای نیودەوڵەتی رەنگە شتێکی خراپ نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا دوای سەدەیەک لەدابەشبوون، دوای سەدەیەک زیاتر لەسەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کوردی وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، ئێستا لەهەر کات روونتر دەبینین ریشەی کۆیلەیەتی و ئازادنەبوونی مرۆڤی کورد، پتر پەیوەندی بەناوەوەی کۆمەڵگای کورد خۆیەوە هەیە تا بەلۆزان و سیفەرو سایکس پیکۆ وە. لەدۆخی ئێستادا هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش رەزامەند بێت لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، واقعی سیاسی کوردی هێندە پارچە پارچەیە، سیاسەتمەدارانی کورد هێندە ستەمکارن، ئەگەریان بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی لۆکاڵی کوردیش بچوککردووەتەوە. گەورەترین کارەساتێک حزبە کوردییەکانی باشوور دروستیانکردوە ئەوەیە، ئەو هەستەیان لەمرۆڤی کورددا کوشت، لەنێوان دۆخی «داگیرکراوی» و دۆخی «ئازادی» دا جیاوازی بکات. وەک چۆن لەئاسیاو ئەفریقا دەوڵەتانی پۆست کۆلۆنیال، نمونەیەکی ناشیرین و ترسناکی وەهایان پێشکەشکرد، خەڵکێکی زۆر نۆستالیژیایان بۆ سەردەمی ئیمپریالیزم هەبێت، دەسەڵاتی کوردیش فۆرمێکی وەها خراپی پێشکەشکرد، مرۆڤی کورد نەتوانێت جیاوازییەکی بەرجەستە لەنێوان ژێردەستەیی و ئازادیدا بکات. کێشەکە ئێستا ئەوە نییە، لە لۆزان یان لە سایکس پیکۆدا چی هەیە، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤی کورد لەڕووی رۆحییەوە خواستی ئازادبوونی تێدا کوژراوە. ترسناکترین دۆخێک مرۆڤی ژێردەستە تێی بکەوێت ئەوەیە، هەستبکات ژێردەستەبوون و ژێردەستەنەبوون یەک شتە. کاتێک مرۆڤ شەهییەتی ئازادی لەنێودا دەمرێت، چیتر هەست ناکات دۆخی ژێردەستەیی، دۆخی داگیرکراویی، دۆخێکی ناسروشتییە. تاکە ئەجندایەک بکرێت لەئێستادا سوودی هەبێت ئەوەیە، مرۆڤی ئێمە دووبارە هەستبکاتەوە کەدۆخی ژێردەستەیی دۆخێکی ناسروشتی و نامرۆڤانەیە، ئەوەش تەنیا بەوە دەبێت خواست و شەهییەتی بۆ ئازادی تیا زیندووبکرێتەوە، ئەرکێک لەتوانای ئەم هێزە سیاسیانەدا نییە پێی هەستن، چونکە ئەم هێزانە تەنیا بەوە دەژین و دەتواننبمێننەوە، ئارەزووی ئازادی لەمرۆڤدا بکوژن. هاوڵاتی: بەبڕوای ئێوە  کاتی ئەوە نەهاتووە چیتر خۆمان بەپارتی و یەکێتی و هێزه ئۆپۆزسێۆنەکانی هەرێمەوە سەرقاڵ نەکەین و بیر لەبەدیلێکی نوێ بکەینەوە؟ ئەگەر شتێکی وا شیاوە بەڕای ئێوە سیما دیارەکانی ئەو بەدیلە نوێیە دەبێت چۆن بێت؟ بەختیار عەلی: لەڕاستیدا سەردەمی هیوا بەیەکێتی و پارتی و ئەو پاشکۆیانەی دیکە لەمێژە بەسەرچووە، بۆیە کێشەکە لەبوونی دوودڵییەکدا نییە دەرهەق بەوان، کێشەکە لەوەڵامی پرسیاری دووەمدایە: بۆ  ئەلتەرناتیڤ نییە؟ دەتوانم بڵێم بەشێکی هەرە زۆری کاری من وەک نووسەر گەڕانێکی دوورودرێژە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا. لەڕاستیدا وەڵامی سیاسی رووت لەم بەستێنەدا، وەک یەکێک بڵێت جوڵاندنەوەیەکی نوێی سیاسی دروستبکەین، حزبێکی تازە، سەرۆکێکی نوێ، ئەمە وەڵامێکی سەتحی و میکانیکی و بێدەرەنجامە... دەشێت ئەمە رێگایەک بێت هەندێک خەڵک هەڵیببژێرن و بەدروستی بزانن، بەڵام وەک دەبینن هەتا ئەو رێگایەش، کە خۆی لەبنەڕەتدا رێگایەکی داخراوەو نامانگەێنێتە هیچ، ئەویش گەیشتووەتە بەردەمی دیوارێکی بەرزو گەیشتووە بەکۆڵانێکی داخراو. لەم ساتەدا ئەگەرچی کەسانێکی زۆر هەن کاتێک دەم دەکەنەوە دەڵێن تەنیا بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ چارەسەرە، بەڵام خواستی کۆمەڵگا بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە هێزانەش، بێئەندازە لاواز بووە. بۆ ئەلتەرناتیڤ نییە؟ لەچەندەها  وێندا و بەچەندەها جۆری جیاواز وەڵامی ئەو پرسیارەم داوەتەوە، چونکە وەڵامی ئەم پرسیارە رستەیەک نییە، کورت نابێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی کێشەیەک، بەڵکو وەڵامێکە لەهەر گۆشە نیگایەکەوە تەماشای کۆمەڵگای خۆمان و مرۆڤەکان بکەین، بەشێکی و هۆیەک و گۆشەیەکی دەبینین. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ قووڵ پەیوەندی بەستراکتوری کۆمەڵگا، سایکۆلۆژیای مرۆڤی کۆلۆنیالیزەکراوو سروشتی بیرکردنەوەی خورافییەوە هەیە.  هەریەک لەم تەوەرانەش چەندین تەوەری گرنگی دیکەیان لێ دەبێتەوە. ئەگەر بۆ ئەلتەرناتیڤ دەگەڕێین، سەرەتا دەبێت دەست بۆ شیکاری خودی پرسیارەکە ببەین، ناتوانین کێشەیەک لەڕووی تیورییەوە شیکاری دروستمان بۆ نەکردبێت، لەڕووی پراکتیکەوە میتۆدی سەرکەوتووی کاری بۆ بدۆزینەوە. گەر لەهۆکانی نەبوونی ئەلتەرناتیڤ تێنەگەین، نابێت چاوەڕوان بین لەهەناوی تێنەگەیشتنمانەوە هیچ هێزێکی سیاسیی نوێ و رزگارکەر سەرهەڵبدات. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە جگە لەوەی قووڵ دەست بۆ هەناوی کۆمەڵگا، بۆ مێژووەکەی، بۆ گرێ ناوەکییە سەختەکانی ببەین، هیچ ڕێگایەکی ترمان نییە. لەئێستادا هیچ ئەلتەرناتیڤێک لەسەر بنەمای ئەم بۆچوون و ئایدۆلۆژییانە دروست نابێت کەئەمڕۆ باڵادەستن. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەلتەرناتیڤ بەڕەخنەیەکی قووڵی تەواوی ئەو سیستمە ئایدۆلۆژییانەدا دەڕوات کەئێستا بەری تێڕوانینی مرۆڤی ئێمەیان گرتووە، ناشێت تۆ لەبواری زانستدا لەسەردەمی پێش کۆپەرنیکۆسدا بژیت، بەڵام بتەوێت سیستمێکی سیاسی دیموکرات و دادپەروەر و مۆدێرنت هەبێت. هێزی پارتی و یەکێتی و حزبە دینییەکان و هێزەکانی دی، لەوەوە نەهاتووە هیچ هەنگاوێکی سیاسی راستیان ناوەو سۆزو خۆشەویستی خەڵکیان بردۆتەوە، تەنیا هۆکاری بەهێزی و مانەوەیان ئەوەیە، کۆمەڵگا ئەو زەمینە فیکری و ئەخلاقی و دەرونییەی تێنەپەڕاندوە كه‌ئەم هێزانە لەسەری دامەزراون، بگرە لەزۆر جێگادا بەجۆرێکی ترسناک کۆمەڵگا گەڕاوەتەوە بۆ دواوە. خەڵکی لەڕووی عاتیفییەوە پارتی و یەکێتییان تەڵاقداوە، بەڵام لەڕووی بیرکردنەوە و جیهانبینی و ئایدۆلۆژییەوە ئەو زەمینەیان بەجێنەهێشتووە كه‌ئەم جۆرە هێزانەی دروستکردووە، ئێستا هەموو دەخوازن لەسەر هەمان بونیادی عەقڵییەت و تێڕوانین هێزی رزگارکەر دروستبکەن... ئەوەش کارێکی مەحاڵە. هاوڵاتی: زۆرێک لە رۆشنبیرو ئەکادیمیستە کوردەکان  باس لەوە دەکەن گوایە کورد لەدەرەوەی مێژوودایە،  ئایا ئەم  روانین و تێگەیشتنە  لەجێی خۆیدایە؟ بەختیار عەلی: شتێک نییە ناوی دەرەوەی مێژوو بێت، ئێمە لەناو مێژووداین، بەڵام بەجۆرێک لەناو مێژووداین، جڵەوی جووڵەی ئەو مێژووە لەدەست ئێمەدا نییە. مێژوو ناوەستێت، ئەوەشی لەناو مێژوودایە هەر ناوەستێت، هەیە وەک هەڵۆیەک لەناو مێژوودایە و خۆی بڕیاری ئاڕاستە و خێرایی فڕینی خۆی دەدات، هەشە وەک پوشێک، وەک بوونەوەرێکی بێ کێش لەمێژوودایە و بادەیبات. ئێمە لەجۆری دووەمین، واتە لەشێوەی بوونەوەرێکی بێکێشی وەک جه‌مشیدخانین، بادەمان بات و با بڕیاردەدات بەرەو کوێ بمانبات. مێژوو لەگەڵ سەرهەڵدانی رۆژگارێ مۆدێرنەوە بەپلەی یەک گەشەی زانست و رەنگدانەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەشەیە دەیجوڵێنێت، ئێمە وەک کۆمەڵگاو وەک نەتەوە بەر هەموو گورزە ترسناکەکانی مێژوو کەوتوین، بەڵام تێگەیشتنمان بۆ بزوێنە گەورەکانی مێژوو هێشتا لەسەرەتادایە. مێژوو ئامێرێک نییە شیرینی ببەخشێتەوە، ئەگەر لەڕیزی ئەوانەدا نەبوویت مێژوو دروستدەکەن و گەشەی پێدەدەن و ئاڕاستەی پێدەبەخشن، لەڕیزی ئەوانەدا دەبیت مێژوو دەیانپلیشێنێتەوە.  کارەساتە یەکێک بڵێت ئێمە لەدەرەوەی مێژووین، لەکاتێکدا مێژوو رۆژانە وەک بەرداشێکی گەورە بەسەر جەستەماندا دەڕوات.

هاوڵاتی  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى بریتانیا بۆ کاروبارى ئاسایش کۆبوەوە و تێیدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد و قوباد تاڵەبانی داوای کرد کۆمپانیاکانی بەریتانیا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتەکە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە، تۆم توگێندهات، وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى بەریتانیا بۆ کاروبارى ئاسایش لەگەڵ قوباد تالەبانی کۆبووەتەوە و باسی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، کێشەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها کیشەکانی ناو وەزارەتی پێشەرگەیان کردووە.  یەکێکی تر لەو تەوەورانەی باسکراوە چۆنییەتی بەرەنگاربونەوەی کۆچی نایاسایی بووە و شاندەکەی بەریتانیا داوایکردووە، "حکومەتی هەرێم زیاتر هاوکاربێت بۆ بنەبڕکردنی تاوانی رێکخراو و بەرەنگاربونەوەی باندەکانی مادەی هۆشبەر و نەهێشتنی کۆچی نایاسایی". قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەری کۆچی نایاسایی بە شاندەی بەریتانیای وتووە، "ئەم بابەتە پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە بەریتانیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان بدەن بێنە هەرێمی کوردستان و هەروەها زیاتر هاوکار و بەشداربن لە گەشەپێدانی ئابوری هەرێم."

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسایش و شاندێکی یاوەری کرد و رایگەیاند، هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌ و شه‌رعيه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێت. به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ـی ئابی 2023،‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ تۆم توگێندهات، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ئاسايش و شاندێكى ياوه‌رى كرد. لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و مه‌ترسييه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كان و دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ به‌ريتانيا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، تاوتوێ كران". هاوکات لەبارەی کۆچی نایاساییەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "ياداشتێكى لێكگه‌يشتن كرا كه‌ له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى به‌ريتانيادا واژۆ ده‌كرێت." لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن گفتوگۆ کرا. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگى و پێويستيى پته‌وكردنى هاوهه‌ڵوێستى و يه‌كڕيزيى ناوخۆیى و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن." لەبارەی هەڵبژاردنەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌ و شه‌رعيه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دێت."  

شەنای فاتیح بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتمانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هەرایەکی گەورەی لەنێو خەڵکی هەرێمی کوردستان ناوەتەوە، رۆژ لەدوای رۆژ نارەزایەتییەکان زیاتر دەبن و حکومەتیش هیچ وەڵامێکی بۆ خەڵک نییە. ئەو خەونەی کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ دەیەیە هەیانەو بەئاواتەوەن ٢٤ کاتژمیر کارەبایان پێبدرێت، ئێستا لێی رادەکەن. سیستەمی پریپەید کە سیستەمێکی نوێیەو سەرەتا بۆ سیتییەکان داندراوە، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ پیدانی کارەبا تا بکرێت بە ٢٤ کاتژمێری، بەڵام کێشەکە کاتێک دروست دەبێت کە بەچەند پێوەرێک نرخی ئەم جۆرە کارەبایە زیادکراوە. دارا عەبدوڵا، نوێنەری سیتییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم سیستەمی پریپێدە 24 کاتژمێریە نرخەکەی زۆر گرانەو هاووڵاتی پێینادرێت، کێشەکە ئەوەیە سیتیەکانیان بەهای کۆست داناوە». پێوەری های کۆست یەکێک لەو پێوارانەی حکومەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ سیتییەکان و مەەبست لێی شوێنە دەوڵەمەندنشینەکانە. دارا عەبدوڵا لەسەر ئەم پێوەرە دەڵێت، «های کۆست هیچ بنەمایەکی نیە خۆیان بەپێوەری خۆیان ئەمەیان کردووە نەک بێن لێکۆڵینەوە بکەن، مەرج نیە ئەوەی لەسیتیا بژی دەوڵەمەند بێت و ژیانی های کوالێتی بێت، نەخێر خەڵکی فەرمانبەری تێدایە کە شوقەی کڕیوە یان خانووی کڕیوە بەقیستی ساڵانە و مانگانە ئێستا قیستی لەسەرە دەبێت بیداتەوە». لەماوەی رابردوودا دانیشتوانانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی کارەبای نیشتیمانی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو داوای کەمکردنەوەی نرخەکەیان کرد، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە. سیستەمە کۆنەکە پێشتر بۆ کارەبای نیشتیمانی یەک کیلۆوات نرخەکەی ١٨ دیناربوو، ئێستا حکومەت کردوویەتی بەسیستەمی پریپەیدی ٢٤ کاتژمێری کە بۆ هەولێربە ١٧٥ دینارو  بۆ سلێمانی ١٥٦دینارە. پیشتر بەسیتسەمە کۆنەکە  ماڵێکی ئاسایی بەهەردوو کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە ٨٠ هەزار دیناری خەرجی بوو بەڵام ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار مانگانە خەرجی کارەبایە. لەماوەی رابردوودا گردبوونەوەکانی خەڵکی ناڕازی ئەنجامی نەبووە و  بەپێی قسەی دارا عەبدوڵا وەزیری کارەبا تەنها پێی وتوون، «ئەمە تێست لەسەر سیتیەکان دەکرێت گەر زانیمان کێشەی بۆ دروست دەبێت بەنرخەکەیدا دەچینەوە». لەسلێمانیس دۆخەکە بەهەمانشێوەیە و نرخ زیادکردن سەرەتا لە سیتییەکاندایە و هاووڵاتیانی ئەو سیتیانە دەڵێن مانگانە بەبێ هەڵکردنی ئامارە قورسەکان نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار خەرجیانە. ئازاد عەلی، نوێنەری سیتییەکانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت، «ئەم حاڵەتە بۆ خەڵک بارگرانییە چونکە ئەگەر بێت و هاووڵاتی بەلایەنی کەمەوەو کەمترین کارەبا سەرف بکەیت ٩٠٠ کیلۆوات کارەبا سەرفدەکرێت، ٩٠٠ لێکدانی١٥٦ دەکاتە ١٥٠ هەزار دینار، بەبێ بەکارهێنانی بۆیلەرو سپلیت و غەسالە، کە ئەمە بۆ سیتییەکان نییەو بۆ دەرەوەی سیتییەکانیشەو سبەی و دوو سبەی لەوێش جێبەجێدەکرێت». سیستەمی پریپەید بەجۆرێکە کە لەپێشدا پیویستە پارەکە بدەیت بەپێچەوانەی پێشوو کە کارەبات سەرف دەکردو دواتر پارەی کارەبات دەدا. ئێستا لەڕێگەی کڕینی یەکەوە پارەی کارەبا دەدەیت کە لەڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمەش تا زیاتر کارەبا سەرف بکەیت دەبێت یەکەی زیاتر بکڕیت. کێشەیەکی سیستەمە نوێیەکە ئەوەیە کە کارەبای هاووڵاتیان بەگشتی کەمدەکرێتەوە تا کارەبای ٢٤ کاتژمیری سیتییەکان دابین بکرێت. «ئەو کارەبا ٢٤ کاتژمێریەی دەدرێتە ئێمە لەکارەبای نیشتیمانی هاووڵاتیانی دەرەوەی سیتییەکان دەدرێتە ئێمە، واتە کارەبای نیشتیمانی ئەوان دەفرۆشنە ئێـمە و زیاتر مۆلیدە بۆ ئەوان ئیشپێدەکەن و پارەی زیاتری مۆلیدە بۆ ئەوان دێتەوە،» ئازاد عەلی وای وت. رۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بەبەرپرسانی وەزارەتی کارەباوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە. لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای سلێـمانی لەبارەی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون یاداشتێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردو سکاڵای یاساییان لە دادگا تۆمارکردووەو راشیانگەیاند کە لەهەوڵدان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ قایمقامییەت و لیژنەکانی دیکە تاکو دەنگی نیشتەجێبووانی سیتییەکان بەحکومەت بگەیەنین. نوێنەرانی سیتییەکانی هەولێرو سلێمانی باس لەوە دەکەن ئەم سیستەمە کارێکی باشە هەم بۆ پاراستنی ژینگە و هەم بۆ نەهێشتنی مۆلیدەکان و هەبوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کارکردنی سیستەمکە بەم جۆرە ئێستا رەتدەکەنەوەو «کۆڵنادەن» هەتا  سیتەمەکە چالکسازی تێدا نەکرێت و نرخەکان کەمنەکرێنەوە کە تاکۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتیان داوەتە حکومەت.

نیگار عومەر لەچەند رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق دەستدەکات بەدەرهێنانی نەوت لەناوچە جێناکۆکەکان و هیچ پرسێکی بەهەرێمی کوردستان نەکردووە و لایەنی پەیەندیداریش لەسەر بابەتەکە بێگایی خۆیان دەربڕی و دەڵێن، «هیچیان پێ رانەگەیەندراوە و زانیارییان نییە». باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوت بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەزارەت کار بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سامانی نەوت و گاز دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش لەچەندڕۆژی داهاتوودا چەند بیرە نەوتێک لەقەزای کفری لێدەدرێت. لایەنی ئیداری قەزای کفری بێئاگایە لەبابەتەکە و حکومەتی عێراق قەزای کفری وەک قەزایەکی دیالە ناودەبات، ئەگەرچی ئەو ناحیەی کەکاری دەرهێنانی نەوتی تێدا دەکرێت لەئێستادا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای خانەقینە، بەڵام حکومەتی عێراق ناحیەی قەرەتەپە وەک ناحیەیەکی سەر بەقەزای کفری ناودەبات. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەو پێنج گوندەی کەکاری  دەرهێنانی نەوتی تێدادەکرێت  دوو لەو گوندانە کوردنشینن. وەسفی عەلوان بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە بۆ هاوڵاتی وتی،» لەچەندڕۆژی داهاتوودا کارەکانی لێدانی چەند بیرە نەوتێک لە ناحیەی قەرەتەپە دەستپێدەکات و کارەکانی دەرهێنانی نەوت دراون بەکۆمپانیایەکی ئیماراتی، لەپێنج گوندی ناحیەکە کارەکان دەستپێدەکات ئەوانیش ئەبوعەلەک، گڵابات، چاڵەوخاڵد،حوزەیفە، شۆکە، لەم پێنج گوندە دوو گوندیان کوردنشین». جگە لەو گوندانە، ناحیەی قەرەتەپە چەند گوندێکی تری تیدایە کەحکومەتی عێراقی پلانی هەیە نەوتی تێدا دەربهێنێت. عەلوان لەسەر پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دەرهێنانی نەوت وتی، « ناحیەی قەرەتە و جەبارەو کۆکز سەر بەقەزای کفرین و بەشێکن لەدیالە هەربۆیە باس لەوە کراوە کەبیرەکان لەقەزای کفری دەبن و جگە لەو گوندانە چەند گوندێکی دیکەش لەسنوری ناحیەی قەرەتەپە نەوتی تێدایەو حکومەتی عێراق پلانی دەبێت بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی نەوتی تێدابکات وەک نارین و چەند شوێنکی دیکە». بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە لیدانی بیرە نەوتییەکان سوود بەهاووڵاتیانی ناوچەکە دەگەیەنێت و هەلی کار زیاد دەکات. «سنورەکەمان دەوڵەمەندە بەسامانی سروشتی وەک نەوت وگا و هەمو کارئاسانیەک دەکەین بۆ ئەوەی کاری دەرهێنانی تێدابکرێت سودی بۆ ناوچەکە هەبێت کەهەلی کاری زیاتر دەخاتە سنورەکەوە، لەم رۆژانەدا کار بۆ ئەوە دەکەین ئەو زەویانەی کە هی هاووڵاتیانی سنورەکە بن قەرەبویان دەکەینەوە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک دروستنەبێت بۆ کارەکان،» عەلوان وای وت. هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئاگایان لە بابەتەکە نییە، بەڵام پارێزگاری دیالە باس لەوە دەکات لەپەیوەندیدا دەبن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و بەرنامەیان هەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن. موسەنا تەمیمی پارێزگاری دیالە  بۆ هاوڵاتی وتی،» بەڵێ ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو ئێمە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی رێکارەکانی دیکە کەماوەتەوە بۆ ئێمە پێکەوە تەواوی بکەین، ئەگەرچی بڕیاری دەرهێنان و لێدانی بیرەکان کارەکانی تەواو بووە لەلای وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان، بەڵام کارە ئیداریەکانی لەلای ئێمە دەبێت و ئێمە لەبەرنامەماندایە کە لەسەر ئەم بابەتە دانشین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان». پارێزگاری دیالە دەشڵێت، « کفری سەر بەدیالەیە ئەگەر چی لەڕووی بەڕێوەبردنەوە لەلایەن هەرێمەوە بەڕێوە دەبرێت، لەچەند شوێنێکی دیکەی پارێزگاکەدا لە کۆنەوە نەوت بوونی هەیە بەڵام کار بۆ دەرهێنانی نەکراوە لەئێستاشدا  بەهیواین دەرهێانی نەوت لەو سنورەش خێرێکی باشی هەبێت بۆ هەموو سنورەکە چونکە سنورەکە بەگشتی پێویستی بەکارکردنی باشترو هەلی کار بۆ گەنجەکان هەیەو لەڕێژەی دەرهێانی نەوتیشدا وەک تەواوی ئەو پارێزگایانەی کە نەوتی تێدایە بەشێکی بۆ پارێزگاکە سەرف دەکرێت و پشکی خۆی دەبێت». سەبارەت بەم بابەتە هاووڵاتی پەیوەندی کرد بە د.عزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەپشکی هەرێم و هەروەها قایمقامی کفریەوە ، بەڵام هەردوو لایەنی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان بێئاگایی خۆیان دەربڕی کەهیچ زانیاریەکیان لەسەر ئەم بابەتە نیەو کەس هیچی پێ رانەگەیاندون. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر پرسەکە دەڵێت، هەر کارێکی دەرهێنانی نەوت بکرێت لەکفری دەبێت لەگەڵ هەرێمدا هەماهەنگی بکرێت، چونکە لەڕووی ئیدارییەوە قەزاکە ناوچەیەکی کێشەلەسەر نییە سەر بەهەرێمە. فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هاوڵاتی وتی،» کفری ناوچەی کێشەلەسەر نیە و لەڕووی ئیدارەیەوە سەر بەهەرێمەو قەزایەکە سەر بەئیدارەی گەرمیان و بۆ ئەو ناحیانەی کە لەکفریەوە نزیکن و ناوچەی جێناکۆنن بیرە نەوتی تێدا هەڵدەکەنرێت، پێویستە لەگەڵ هەرێمدا کۆبوونەوەو تەنسیق بکرێت لەنێوان هەردوولادا بۆئەوەی کێشەکان گەورە نەبێت «. فەهمی بورهان دەشڵێت، «هەرچەندە لەسەر ئەم بابەتە ئاگادارنیم، بەڵام دەبێت لەگەڵ  ئیدارەی گەرمیاندا هەماهەنگی هەبێت و پێکەوە کارەکانی دیکەی ئەنجامبدەن چونکە ئەو سنورە ناوچەی جێناکۆکەو بەشێکی زۆری گوندەکانی کوردنشینن و ئەگەرچی لەئێستادا بەدەست کوردەوە نین لەڕووی بەڕێوەبردنەوە».­­

هاوڵاتی دوای نزیکەی هەفتەیەک لەکۆتایی هاتنی حوکمی سزادانی ، ئەمرۆ جارێکی تر بریادرا گۆهدار زێباری بۆ جاری سێ یەم دادگایی بکرێتەوە. زێدان برای گۆهدار زێباری بە هاوڵاتی وت"ئەمرۆ جارێکی تر بریاردرا گۆهدار زێباری دادگایی بکرێتەوە، ئەمە دەبێتە سێیەمجار، بەداخەوە هەرجارە لەسەر چەند تۆمەتێکی بێ بنەما و ناڕاست براکەم دادگایی دەکرێت بەڵام لە کۆتاییا دەنگی ڕاست و حەق سەردەکەوێت". وتیشی،" تائێستا کاتی دادگایکردنەکەی دیاری نەکراوەو چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین." هاوکات زێدانی برای گوهدار سەبارەت بە باری تەندروستی براکەی بە هاوڵاتی وت لە رۆژی چوار شەممەی رابردووەوە گوھدار زێباری دەستیبە مانگرتن کردوە، لەئێستاشدا رەوشی تەندروستی زۆر خراپە، چونکە ئامادە نەبووە مانگرتنەکەی بشکێنێت. وتیشی، وەک گوشارێک بۆ شکاندنی مانگرتنەکەی، ئاسایش گوھدار زێباری خستوەتە ژوری تاکەکەسی و بەو شێوەیە سزای دەدات.