هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی پادشای بەریتانیا و سەرۆکی ئیمارات، لە چوارچێوەی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی، بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکی  تايبه‌تى (COP28) ده‌كات ئيواره‌ى ئه‌مڕۆ 2023/11/30  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دوبه‌ى له‌سه‌ر بانگهێشتى هاوبه‌شى  خاوه‌نشكۆ شا چارلزى سێيه‌م، شاى شانشينى يه‌كگرتوو و شێخ محه‌مه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمێكى تايبه‌تى پێشوازيى ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ى وڵاتان و به‌شدارانى كۆنفرانسى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا (COP28)دا كرد. ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى كۆڕبه‌ندى كارى خێرخوازى و گۆڕانى كه‌شوهه‌وايه‌‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كاره‌كانى (COP28)دا، له‌لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تيى ئيمارات بۆ كۆنفرانس‌ و ده‌ستپێشخه‌ريى بازاڕى به‌رده‌وامه‌وه، ساز ده‌كرێت. ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ و ميوانان بانگهێشتى ڕێوڕه‌سمى ئه‌م ئێواره‌يه‌ كراون كه‌ سبه‌ى به‌شدارى له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى لووتكه‌ى دوو ڕۆژى يه‌كه‌مى كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن. ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ كردنه‌وه‌ى (COP28)دا دێت كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ به‌شدرايى سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان و ميوانانى باڵا و شاره‌زايان ده‌ستپێده‌كات و تا دوانزه‌‌ى ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. تيايدا وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كانى ئه‌م بواره‌ و كه‌ر‌تى تايبه‌ت، لێكۆڵينه‌وه‌ و گفتوگۆ ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و پلان و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يان له‌سه‌ر ئاستى جيهان، ده‌كه‌ن. لە کۆپ28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تا 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە ساماندارەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، بابەتی گەرمی 13 رۆژی کۆنفرانسەکە دەبن و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.  

ئیمان زەندی   «ژیانکردن لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزم ئاسان نییە، بەڵام لەکۆتاییدا ئەو بەشێکە لەڕۆحی ئێمە، لەو باوەڕەدانییم هەموو کەس لەو راستییە تێبگات ژیانکردن لەگەڵ ئۆتیزم چەند قورسە، کوڕەکەم تەمەنی ١٠ ساڵەو لەسێ ساڵییەوە هەڵگری ئۆتیزمە»، ئەمە وتەی مامۆستایەکی وانەبێژە کەخاوەنی منداڵێکی ئۆتیزمەو تاوەکو ئێستا منداڵەکەی ئاسایی نەبووەتەوە. ئاشتی عومەر مامۆستایەکی وانەبێژە کەگیرۆدەیە بەدەست ئۆتیزمی کوڕە تاقانەکەیەوە، ئەو تەمەنی ٣٣ ساڵەو دانیشتوی کەلاری کۆنە لەگوندێکی دورە دەست دەوام دەکات و مامۆستای وانەی کۆمەڵایەتییە. ئاشتی قسەی بۆ هاوڵاتی کردووەو دەڵێت، تەنیا ئەو مووچەخۆرەو مووچەکەی ٤٥٠ هەزار دینارە، هاوسەرەکەشی کەتەمەنی ٤٠ ساڵە کاسبە. ئاشتی لەسەر سەرەتای هەستکردن بەحاڵەتی ئۆتیزمی کوڕەکەی دەڵێت، «پێشتر لەگوندێکی دیکە بووم، ئێستا لەگوندی تیلەکۆی قەلەندەرم کە زۆر دوورەدەستە، سێ ساڵە پیشەم وانەبێژییە، کەهەستمانکرد منداڵەکەمان ئاسایی نییە ئیتر کەوتینە گەڕان و چوون بۆ لای دکتۆر، دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتەکەی، لەسێ ساڵیدا دەستمانکرد بەڕاهێنانکردنی». ئۆتیزم، گرفتێکی دەماری گەشەییەو پێیدەڵێین (جیاوازی نۆرۆ دیڤلۆپمێنتاڵ). هەروەها دوو کەسی خاوەن ئۆتیزم وەکو یەک نین و جیاوازن، توشبووانی ئۆتیزم دورەپەرێزن و لەکاتی قسەکردنیشدا دەنگیان تایبەتەو پەیوەندی چاو کەمتر بەکاردێنن. لەبواری رەفتاریشەوە جیاوازن و دووبارەکردنەوەی رەفتاریان هەیە. ئاشتی و هاوسەرەکەی لەبەر حاڵەتی کوڕەکەیان ساڵ و نیوێک بۆ راهێنان چوونەتە شاری سلێمانی، ئەوان بۆ بەردەوامبوون لەڕاهێنانکردن بەکوڕەکەیان، زۆر پزیشک و سەنتەری راهێنانیان تاقیکردووەتەوە تاوەکو تەمەنی نۆ ساڵی کوڕەکەیان و»سەرەکیترین شت کەبێزارمان دەکات کۆمەڵگەیە، دواتر منداڵەکە کەقسە ناکات، چونکە نە ئەو لەئێمە تێدەگات نە ئێمە لەو تێدەگەین». «خاڵێکی دیکە ئەوەیە پەیوەندی کۆمەڵایەتییمان سفرە، چونکە تێکەڵاوبوونی نییە لەگەڵ دەوروبەردا، خەرجی مانگانەی کوڕەکەم زیاتر لە٥٠٠ ھەزارە بۆ سەنتەرو ھاتوچۆی، بەڵام وەکو ئاگادارن شایستەی وانەبێژی تەنانەت بەشی وانەبێژ خۆی ناکات، زۆر کاری لێکردووین»، ئاشتی وا دەڵێت. ئاشتی زۆر وەڵامەکانی دوادەکەوت بۆ ئەم ڕاپۆرتەی هاوڵاتی، بەوتەی ئەو لەبەرئەوە بووە کەکوڕەکەی زۆر ئالودەی مۆبایلە. ئەو مامۆستا وانەبێژە باس لەوە دەکات کەزیاتر پشت بەمووچەکەی خۆی دەبەستن «ئەمەش وایکردووە کوڕەکەمان لەسەنتەری راھێنان داببڕێنین». لەبارەی ئەوەی کاتێک لەدەوام دەبیت منداڵەکەی لەلای کێ جێدەهێڵیت، ناوبراو ئاشکرایکرد، ئەو شەش بۆ حەوت کاتژمێری پێدەچێت تاوەکو دەگاتەوە ماڵ، «ئەو کاتەی لەدەوامم منداڵەکەم لای ھاوسەرەکەمە، بەڵام منداڵەکەم زۆر ئالودەی خۆم بووە، زۆر بیرم دەکات کەدەچمەوە بۆ لای». ئاشتی بیری نەکردووەتەوە لەوەی واز لەپیشەی وانەبێژی بھێنێت، چونکە «مێردەکەم کاسبەو پێی ھەڵناسوڕێین ھەر لەبەرئەوەیە بەردەوامم، بیریشم کردووەتەوە کە ببم بەمیلاک و مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرم». ناوبراو لەکۆتایی قسەکانیشیدا باسی لەهاوکارینەکردنی بەڕێوبەری پەروەردەو قوتابخانەکان کرد کە بەھیچ شێوەیەک ھاوکاری مامۆستایانی وانەبێژان نەبوون، چونکە «چەندینجار داوامکردووە یەک رۆژ پشووم پێبدرێت، بەھیچ شێوەیەک ھاوکارو یارمەتیدەرم نەبوون، ھەربۆیە ھەموو رۆژێک دەوامی خۆم کردووە بەبێ کێشە». هاوڵاتی چەند چیرۆکێکی دیکەی لەسەر مامۆستایانی وانەبێژو گیرۆدەبوونیان بەتوشبوونی منداڵەکانیان بەئۆتیزم لەبەردەستدا بوو، بەڵام ناوبراوان لەبەر هۆکاری تایبەتی خۆیان نەیانویست چیرۆکەکانیان بڵاوببیتەوە. مامۆستایانی وانەبێژ تەنیا بەدەست نەخۆشی ئۆتیزمی منداڵەکانیانەوە ناناڵێنن، بەڵکو دایک و باوکەکانیش دووچاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوون، بەپێی ئامارێکی نافەرمی کەهاوڵاتی دەستی کەوتووە لەنوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان، لەسنوری هەولێرو دهۆک نزیکەی ٧٥ بۆ ٩٠ نەخۆشی درێژخایەن لەجۆرەکانی (شێرپەنجە، تالاسیمیا، ئۆتیزم، کێشەی گورچیلەو جۆرەکانی کەمئەندامی، ...هتد) لەنێو مامۆستایانی وانەبێژو منداڵەکانیان هەیەو هەمووشیان لەچینی هەژارن و مووچەکانیان لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٤٥٠ هەزار دیناردایە. لەو بارەیەوە عەلی رەئوف، نوێنەری گشتی وانەبێژان لەهەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت، مامۆستایان هەیە لەهەولێرو دهۆک و سلێمانی دوو منداڵی هەیەو هەردووکیان ئۆتیزمن، هەیە سێ منداڵەکەی بەو جۆرەیە. «مامۆستامان ھەیە منداڵەکەی پێداویستی تایبەتە، بەڕاستی شێوازەکان زۆرن، یاخود دایک و باوکیشمان ھەیە کەھەردووکیان کەمئەندامن و منداڵەکەشیان تالاسیمیای ھەیە»، عەلی رەئوف وای وت. مامۆستا عەلی ھەشت ساڵە نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات لەکابینەکانی ھەشت و نۆی حکومەتدا، بەوتەی ئەو زۆرێک لەمامۆستایان لەبەر نەخۆشی خۆیان و منداڵەکانیان وازیان لەپیشەکە هێناوە و «ھەر مامۆستایەک و چیرۆکێکی ھەیە، وانەبێژان باسی ژیانی خۆیانکردووە لەسەر نان بووم نانم پێ نەخوراوە، چەندیجار بەیەکەوە گریاوین، وانەبێژ بیت و دوو منداڵت تالاسیمیای ھەبێت و ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ ھەزار وەربگریت کە دەبێت ١٥ رۆژ جارێک خەرجییان بکات لەنەخۆشخانە، دەبێت چ دۆخێک بێت». عەلی رەئوف لەبارەی چیرۆکی ژیانی مامۆستایانی وانەبێژەوە نموونەیەکی راستەقینە دەگێڕێتەوەو دەڵێت، «مامۆستایەکی وانەبێژ لەقەرەداغ ھەردوو گورچیلەی لەکارکەوتبوو پێویستی بە ٣٥ بۆ ٤٠ ملیۆن دینار بوو، تەنانەت وەزیری پەروەردەش ھاوکاربوو، خۆشبەختانە نەشتەرگەری بۆ کراو ئێستا بەردەوامە لەوانەبێژی. وەکو وڵاتە دەوڵەمەندەکان کوردستانیش دەوڵەمەندە، بۆ دۆخی مامۆستایەک دەبێت وەزارەتی پەروەردە بەدەم داواکەیەوە بێت، نەوەکو لەڕێگای نوێنەرەکانەوە ھاوکاری بۆ کۆبکرێتەوە». نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، کە دەنگی ئەوانیانی گەیاندووەو سەبارەت بەکرێی شایستە داراییەکانیش ئەوەی خستەڕوو، کەوەزارەتی پەروەردە کرێی وانەبێژی وەکو کڕینی قەڵەم و وەرەقەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەیر دەکات، بەهۆیەوە «بەدەیان مامۆستا لەبەر نەخۆشی خۆیان و منداڵەکانیان وازیانھێناوە». بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی کەهاوڵاتی دەستیکەوتووە لەسەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، زیاتر لەسێ هەزارو ٣٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم لەکوردستان هەیە، لەگەڵ ٣٠ سەنتەری حکومی و ناحکومی، هەروەها لە٩٠٠ حاڵەتی ئۆتیزم ٣٥٠ی لەسەنتەرەکانن. لەبارەی ئەوەی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان چۆن هاوکارو داکۆکیکاری مامۆستایانی وانەبێژ بوون کەخاوەن منداڵی ئۆتیزمن، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «کێشە و گرفتی ئەو دایک و باوکانەی منداڵی ئۆتیزمییان ھەیەو تائێستا وانەبێژن و گرێبەستن ئەوەیان پەیوەندی بەحکومەتەوەیە، وەکو کۆمەڵە داکۆکیکاری مافی ئەو دایک و باوکانەین کە داوای مافی خۆیان دەکەن بەھەموو جۆرێکیش پاڵپشتیانین، هەروەها بەرگری لەھەموو منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەین». سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت، «ئەو وانەبێژانەی منداڵی ئۆتیزمیان ھەیە ژمارەیان زۆر نییە، ئەوەندەی ئاگادارکرابێتینەوە دوو بۆ سێ کەسن. بەڵام مافی خۆیانە مافەکانیان دەستەبەربکرێت». کەمال جەباری لەبارەی کاری داهاتووشیان بۆ وانەبێژان دەڵێت، ئەوان لەئایندەیەکی نزیکدا سەردانی وەزیری پەروردە دەکەن و باسی ئەو تەوەرەیەش دەکەن، تاوەکو «ئەو دایک و باوکانە بەشێوەیەکی استپنا‌و (بەدەرکردن) بەیەکجاری دابمەزرێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، تاوەکو خاوەن منداڵی ئۆتیزم و پێداویستی تایبەت حسابێکی تایبەتیان بۆ بکرێت، ئێمەش لەو مەجالەدا کۆمەڵێک ھەنگاو دەنێین بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان». لەبارەی یاسایەکەوە کە لەماف و ئیمتیازاتی کەمئەنداماندایە، جەباری رایگەیاند، «لەبڕگەی ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١١دا ھاتووە، ھەر دایکێک کەمنداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتی ھەبێت ئەگەر موچەخۆری ھەرێم بێت یان ژنی ماڵەوە، ئەگەر مووچەخۆربێت دەبێت بەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان دەتوانێت منداڵەکەی بەخێوبکات و دەوام نەکات، بەڵام ئەگەر ژنی ماڵەوە بێت بەھەمانشێوە دەبێت مانگانە کەمترین مووچەی فەرمانبەرێکی ھەرێمی پێبدرێت، بەڕاستی دەبێت ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە». راشیگەیاند، «ئەو یاسایە لەپەرلەمان دەرچووە، بەڵام جێبەجێناکرێت و یاساکە ھیچ گرفتێکیشی نییە، بەلەبەرچاوگرتن و لەبەر مەبنای ئەو یاسایە ھەوڵدەدەین ئەو یاسایە مامۆستای وانەبێژیش بگرێتەوە، تاوەکو لەوەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییەوە بچێتە ئەنجومەنی وەزیران و بەخششێکی مانگانەیان بەبڕی ١٥٠ ھەزار بۆ دابینبکرێت». لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ھەزار توشبووی تالاسیمیا ھەیە، لەو ژمارەیەش هەزارو ٥٠٠ توشبوویان لەسلێمانی، ھەڵەبجە،  ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینە. زۆربەی توشبووانیش نەخۆشیەکەیان قورسە. لای خۆیەوە کۆچەر کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بەهاوڵاتی وت، تالاسیمیا نەخۆشییەکی درێژخایەن و بۆماوەییەو لەمانگێکدا پێویستیان بەدوو بۆ سێجار وەرگرتنی خوێن ھەیە، «جگە خوێن وەرگرتن رۆژانە دەبێت حەب و دەرزی کەمکردنەوەی ئاسن و چارەسەرەکانی جگەرو ڤیتامین و کالسیۆم و دی وەربگرن، بەھۆی کاریگەری نەخۆشیەکەشیانەوە تووشی نەخۆشیەکانی دڵ و گورچیلەو ...هتد دەبن، بەگشتی توشبووانی تالاسیمیا لەھەموو روویەکەوە لەکەموکوڕی پێداویستی چارەسەرەکانەوە خراپە». لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ، کۆچەر کەریم روونیکردەوە، کە کۆمەڵێک دەرچوی زانکۆو پەیمانگاکانیان ھەیەو دووچاری ئەم نەخۆشیە بوونەتەوە، تەنانەت کەمترین رێژەشیان دانەمەزراون. «دوو توشبوومان لەلابوو کچێک و کوڕێک مامۆستای گرێبەستبوون، بێگومان پێویستیان بەھاوکارییە، چ لەڕووی خوێن بەخشین یان ماددی و مەعنەوی، چونکە لەنەخۆشیەک زیاتریان ھەیە»، کۆچەر کەریم وای وت. لەبارەی هەوڵەکانیشیان بۆ وانەبێژان، سەرۆکی کۆمەڵەی تالاسیمیای هەرێم هێمای بۆ ئەوەکرد، لەڕێگای رێکخراوەکانەوە داواکاریکراوە وانەبێژان بکرێن بەھەمیشەیی، بەڵام «تائێستا ھیچ وەڵامێک لەسەر ئەوە نییە». هاوڵاتی لەبارەی پرسیارێک لەسەر گیرۆدەبوونی مامۆستایانی وانەبێژان بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو ئۆتیزم، تالاسیمیا، کەمئەندامی خۆیان و منداڵەکانیان کە چ چارەسەرێکتان دۆزیوەتەوە بۆیان و ئایا تاچەند هەوڵیانداوە ئەو وانەبێژانە بەگرێبەست یاخود بەهەمیشەیی دابمەزرێنن، پەیوەندی بە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە کردو بەهاوڵاتی وت، «پرسیارەکەتان زۆر ناواقعیە، خۆت دەزانی دۆخی کوردستان و خەڵک چۆنە، نامەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، دەنا پرسیارەکەتان ناواقعیە، دەتوانن لەکارمەندێکی پەروەردەی سلێمانی بپرسن هۆکاری ناواقعیبوونی پرسیارەکەتان پێدەڵێن». لەسەر یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠١١ش، ناوبراو ئاشکرایکرد، «ئەو یاسایە بۆ کارمەندی میلاکە، هەزاران کارمەند مۆڵەتی چاودێری منداڵەکەیان وەردەگرن لەماڵەوەن و دەوام ناکەن، چەندان ساڵە جێبەجێکراوەو کارمەند لێی سودمەندە».

هاوڵاتی  نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند حکومەتی ناوەندی داوای لێکردوون چەند نوێنەرێکیان سەردانی بەغدا بکەن بەمەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفتەکانیان و داواکردنی مافەکانیان. دڵشاد میرانی، نوێنەری دەستەی داکۆکیکار لە مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی راگەیاند، "حکومەتی ناوەندی داوایان کردوە 10 نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بچنە بەغدا بە مەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفت و داواکاریەکانیان."  ئەم لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2023 لە بازگەی چیمەن لە نزیک کەرکوک رێگری لە مامۆستایانی ناڕازی کرا کە بچنە بەغدا بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گەیاندنی داواکارییەکانیان کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا و گەراندنەوەی پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.  دوای گەڕانەوەیان لە کەرکوک مامۆستایانی نارازی رایانگەیاند کە حوکمەتی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە رێگری لە چوونی مامۆستایان بکات بۆ بەغدا، بەڵام پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، دەڵێت ئەوان رێگرییان نەکردووە و "ئەگەر وابوایە لە بازگەکانی حکومەتی هەرێم رێگرییان لێدەکرا." 

هاوڵاتی  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند کاری لە پێشیننەی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی پرسی مووچەیە و ناکرێت ساڵی داهاتووش ئەو کێشەیە بەردەوام بێت، دەشڵێت، "کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون." ئەمڕۆ پێنجشەمە، 30ی تشرینی دووەمی 2023 قوباد تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوویەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و هەروەها دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد سەبارەت بە پرسی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و وتی، "لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت."  هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای کرد "وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا." لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی "یەکگرتوویی و یەکڕیزی" لایەنە کوردستانییەکان و کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و بەردەوامبوونی ئەو کەشە "بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر" دەکات و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا "بەهێزتر" دەبێت.

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی  حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ بڕیار و رێنماییەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە دەرنەچووە کە مووچە و شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ئەیلول خەرج بکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەیاننامەیەک بەناوی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بڵاوکراوەتەوە کە لە بەشێکیدا  "وەزارەتی دارایی بەهۆکاری خەرج نەکردنی شایستەکانیان تۆمەتبار دەکات." لە وەڵامدانەوەی ئەو بەیاننامەیەدا وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە "بۆ سەرجەم وانەبێژان و ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە هیچ بڕیارو ڕێنماییەکی نوێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرج کردن یان خەرج نەکردنی مووچەو شایستەی دارایی هیچ چین و توێژێکی مامۆستایان دەرنەچووە."

هاوڵاتی  وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەی ناویان لە لیوای هاوبەشی ٢٠دا هەیە پێویستە لە رۆژی شەممە ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە.  وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوەش دەکات، ئەو کەسانەی ناویان هاتووە پێویستە تا 2ی کانونی یەکەمی 2023 پەیوەندی بەو جێگایانەوە بکەن کە پێیان راگەیاندراوە و وەزارەتەکە لینکێکی داناوە تا ئەو کەسانەی ناویان هەیە لە لیواکەدا پەیوەندی بە بنکەی مەشقەکانەوە بکەن. لیوای هاوبەشی 20 لیوایەکی نوێیە لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پیشمەرگە و نزیکەی سێ هەزار و 500 پێشمەرگە ناویان لە لیواکەدا هەیە. دەقی بانگەوازەکەی وەزارەتی پێشمەرگە: بانگەوازێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ پێشمەرگەکانی لیوای ٢٠ی پیادە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی پێشمەرگە لە بانگەوازێکدا، ئاگاداری سەرجەم ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە دەکات کە ناویان لە لیوای(٢٠)ی پیادەی هاوبەش هاتۆتەوە لە رۆژی شەممە ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە، بۆیە پێویستە تەواوی ئەو کەسانە کەناویان هاتووە تاکوو ڕۆژی شەممە بەرواری ٢٠٢٣/١٢/٢ پەیوەندی بەو جێگایانە بکەن کە پێیان راگەیندراوە، هەرکەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندی نەکات خۆی بەرپرسیار دەبێت. تێبینی: دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن بۆ دۆزینەوەی ناو و ئەو بنكانەی مەشق كە بۆتان دیاری كراوە، https://rb.gy/4ujzc9

عەممار عەزیز 11 ساڵە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك لەچاوەڕوانی دروستكردنی فڕۆكەخانەیەكدان، یەكێك لەهاووڵاتیانی دهۆك دەڵێت تەواوكردنی ئەو فڕۆكەخانەیە بووە بەخەون، پارێزگاری دهۆكیش باس لەوەدەكات دیزانێكی نوێ بۆ پڕۆژەكە كراوە. بەردی بناغەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لەسنوری قەزای سێمێل دانراو ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی  گەورە وەسف كرا، بەڵام 11 ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10%ی  پرۆژەكە جێبەجێ‌ كراوەو هێشتا لەسەدا 90%ی ماوەتەوە، ئەوەی تەواویش كراوە تەنها دیزاینەكەیەتی، لەكاتێكدا بودجەی پرۆژەی فڕۆكەخانەكە لەساڵی 2012 بڕی 450 ملیۆن دۆلار بووەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێداكراوە. «تەواوكردنی فرۆكەخانەی  دهۆك بووەتە خەون و  بڕواناكەم بەچاوی خۆم ببینم ، چونكە ئەوەندەی  قسەی لەسەركراوە  هیچ هەنگاوێكی كردەییمان نەبینیوە « ئەمە قسەی نەواف میكائیل ، هاووڵاتیەكی شاری دهۆكە. بەڵام دوای تێپەربوونی 11 ساڵ بەسەر پرۆژەی دانانی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك ، هێشتا دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ، جارێ‌ دیارنیە كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت . «بەدڵنیاییەوە تەواوكردنی پرۆژەكە سوودێكی یەكجار گەورە دەگەیەنێتە هەموولایەك، جووڵەیەكی بازرگانی باش لەپارێزگای دهۆك دروستدەكات كەهەموو كەسێك سوودی لێی وەردەگرێـت، لەهەمانكاتیشدا لەجیاتی ئەوەی خەڵكی پارێزگای دهۆك بۆ گەشتكردن بۆ دەرەوە سەردانی فرۆكەخانەكانی هەولێر یان سلێمانی بكەن ئەوە لەشارەكەی خۆیان گەشت دەكەن، هیوادارم چیتر ئەم پرۆژەیە دوانەخەن و بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی بكەن». نەواف میكائیل وای وت بەوتەی قایمقامی سێمێل دوو كێشە لەبەردەم فڕۆكەخانەی دهۆك هەبوون ئەوانیش چارەسەركراون خەلیل مەحمود ، قایمقامی قەزای سێمێل لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: كێشەیەكی گەورەی بەردەم فرۆكەخانەی دهۆك تەواوبووە ئەویش قەرەبووكردنەوەی زەوی ئەو خەڵكانەیە كە بەر فرۆكەخانەكە كەوتوون، هەموویان قەرەبووی خۆیان وەرگرتووە. وتیشی: خاڵی دووەم لیژنەكانی تەكنیكی كە لە 2021ەوە پێكهێنراون تائێستا بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان، پێش ماوەیەك داوایان لەئێمە كرد لەسنوری ناحیەی باتێل شوێنێكیان بۆ دابین بكەین تائەو خۆڵەی لەشوێنی فرۆكەخانەکە دەردەهێنرێت فڕێبدرێت ئێمەش شوێنێكمان بۆ دابینكرد». « لەدوایین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ قەزای سێمێل و شوێنی فرۆكەخانەكە ئەوەی من لێم بینیی زۆر جددیە لەتەواوكردنی پرۆژەكە، هەركاتێك ئیشە تەكنیكیەكان و دیزانەكە تەواو بوو و لەهەمووی گرنگتر پارەی بۆ دابینكرا ئەوا بەدڵنیایی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت». خەلیل مەحمود قایمقامی قەزای سێمێل وای وت. لەئەیلولی  2021 مەسرور بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەوو گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سێمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند: لەكابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك دەرچووەو بڕێك بودجەی بۆ دابینكراوە كەمێك ئیشی لەسەر كراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن . پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەدووساڵ لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەت دیزاینی تازەی فرۆكەخانەكە تەواو بووەو وابڕیارە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت تاوەكو دووبارە بەپێی دیزانەكە كار لەسەر پرۆژەكە بكرێت . ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، لەپەراوێزی كوانفرانسێ‌ مێپس كە لەزانكۆی ئەمریكی دهۆك بەڕێوەچوو وتی :» بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم ئەوە رابگەیەنم  دیزاینی تازەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەو كۆمپانیایەی كەگرێبەستی هەبوو لەگەڵ حكومەت تەواو بووەو لەم رۆژانەدا بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دوای دیزاینەكە دەچینە قوناغێكی تر». پەیامنێری هاوڵاتی زیاترلە 10 رۆژ چاوەڕێی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستانی كرد تاوەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە كە لەسەر فڕۆكەخانەكە بۆی ناردووە. پێشتر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایگەیاندبوو: لەم رۆژانەدا مزگێنی خۆش دەدەینە هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك، دیزاینێكی نوێ كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت بۆ فڕۆكەخانەكە كراوەو رەوانەی وەزارەتی گواستنەوە كراوە. هاوكات دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم رایگەیاندبوو: پرۆژەكە دوو قۆناغە، قۆناغی یەكەم دیزاینكردنەوەی پڕۆژەكەیەو قۆناغی دووەمیش جێبەجێكردنیەتی كە لەسەر نزیكەی هەزار هێكتار زەوییەو بڕی 12 ملیۆن و 832 هەزار دۆلاری بۆ دابینكراوە.  لەلایەن خۆشیەوە ماجد سەید، جێگیری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری هونەری بەهاوڵاتی وت : ئەگەر وەزیری گۆاستنەوەو گەیاندن ئەو قسانەی كردبێت دیارە ئەو زیاتر دەزانێت، من ئاگاداری هیچ شتێك نیم، نازانم كەی دووبارە دەست بەدروستكردنەوەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دەكرێت».

شەنای فاتیح بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتیان لەسەر کارەبای نیشتیمانی، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی کەمبووەتەوە، بەجۆرێک هەندێک رۆژ کەمتر لەهەشت کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، وەزارەتی کارەباش  هۆکاری کەمبوونەوەکە بۆ پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات دەگەڕێنێتەوە. وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەهۆی پرۆسەی چاکسازی لەهەردوو یەكەی وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لەڕۆژی (١٥)ی ئەم مانگەوە کەمبووەتەوە. لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە تاكۆتایی مانگ پرۆسەکە تەواودەبێت و وێستگەکە دەکەوێتە کارو ماوەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ئەم چاکسازییە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی سەرماوە، بۆیە ماوەی چەند رۆژێکە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوە. هاوکات، بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانییەوە  کاتژمێری کارکردنی موەلیدەکان زیادیان کردووە، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: چەند خشتەیەک لەسەر داواکاری هاووڵاتیان دانراوە بەشێکی ٢٤ کاتژمێرییەو داواکراوە هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت موەلیدەکان بخرێنە کارو نرخ کێشە نییە، ئەوانە رۆژانە زیاتر لە ١٦ کاتژمێر کارەبای موەلیدەیان پێدەدرێت. وتیشی: بەشێکی تر هەیە لەکاتژمێر ٦:٣٠ تا ٨:٣٠ی بەیانی کارەبا هەیە، کاتژمێر سێ تا چواری عەسر پشوویەک بەموەلیدەکان دەدرێن، لەکاتژمێر چوارەوە تایەکی شەو کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمانیش رۆژانە زیاتر لە ١٢ کاژمێر کارەبایان پێدەدرێت. کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدە لەهەولێر زیاترە بەراورد بەسلێمانی، بۆ نموونە مانگی رابردوو لەشاری سلێمانی ١٦٠ کاتژمێر موەلیدەکان کاریان کردبوو، بەڵام لەهەولێر ٣٠٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە هەبووە. قارەمان مەولوود وای وت. تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئێمە خشتەی کارکردنی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانمان هەیە، ئەویش لەکاتژمێر ٦:٣٠ بۆ هەشتی بەیانی، هەروەها کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ یەکی شەو. وتیشی: ناتوانین بڵێین ئەوەندە کاتژمێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاووڵاتیان،  لەبەرئەوەی هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی ببڕێت کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دەدرێت و کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی جێگیر نییە. سەبارەت بەمانگی رابردوو، تاریق سەمین وتی: مانگی تشرینی یەکەم لەشاری سلێمانیدا ١٦٠ کاتژمێر کارەبای موەلیدە بەهاووڵاتیان دراوەو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدەش لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دینار بووە، بەڵام بەهۆی زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای موەلیدەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم نرخەکە زیاد دەکات. پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی کوردی هێشتا نەتوانراوە كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابینبکرێت  بۆ هاووڵاتیان ، لەكاتێكدا سیستەمی پێوەری زیرەک و پریپەید خراونەتە کار. عەلی حەمە ساڵح، پەلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان،  لەنووسینێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لەوەدەکات کەدانیشتوانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین نزیکەی ٤٢٪ ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام ٣٣.٥٪ ی کارەبایان پێدەدرێت، شاری هەولێر٤٢.٥٪ی پێدەدرێت و شاری دهۆکیش ٢٤٪. پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: هێشتا زووە بۆ وەزری زستان و مانگێكمان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بزانین كەئیمكانیەتمان چەندە بۆ پێدانی كارەبا تا بیدەینە هاوبەشەكانمان، بۆیە ناشزانین خواستی كارەبا بۆ وەرزی زستان چۆن دەبێت». وتیشی:» بەرهەممان دیار نییەو چاوەڕێی سووتەمەنی و پارەین، چونكە لەئێستادا بارودۆخێكی دارایی خراپ هەیە، وەزارەتی كارەبا لەئێستادا لەسەر خەتە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بارودۆخی سووتەمەنی باشتربێت، هەروەها دیار نییە كەئێمە بودجەمان دەبێت یان نا، بۆیە نامانەوێت زانیاری هەڵە بدەین».

هاوڵاتی  بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سۆران رایگەیاند کەسێکیان بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بەناوی خوازراوی شێخ بەرەکات دەستگیرکردووە کە بە "شێخی تیکتۆک" ناسراوە. لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی سۆران دەڵێت، ئەو هاوڵاتییە بە "پێچەوانەی ئاداب و نەریتی گشتی" لایڤی کردووەتەوە و و کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی رەسەنی "(ک . س . خ ) کە بە شێخی تیک تۆک ناسرابوو و کارەکانی کاردانەوەیەکی خراپی لەناو کۆمەڵگای کوردی لێکەوتەوە." هاوکات باس لەوەشکراوە کە داواکاری گشتی سکاڵای لە دژی ئەو هاوڵاتییە جوڵاندووە و بنکەی پۆلیس چۆمان لەسەر فەرمانی دادوەر دەستگیریکردووە، تۆمەتبارەکەش "دانی نا بە تاوانەکەی و لە ئێستادا ڕاگیراوە بەپێی ماددەی دووی لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی."

سەركۆ جەمال دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسلێمانی دەستگیركراون‌و سزای ساڵێك زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، دەستگیركردنەكەیان پەیوەندی بە كەیسی نەشتەرگەریی هاووڵاتییەكەوە هەیە کە گیانی لەدەستداوە، سەندیكای پزیشكان هەوڵی ئازادكردنی پزیشکەکان دەدات و دەڵێت ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە نەخۆشی دڵی هەبووە، كەسوكاری هاووڵاتییەکەش ئەوە رەتدەكەنەوەو دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نەخۆشی دڵی نەبووە .وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەکە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.   وتەی هەریەك لەسەندیكای پزیشكان و كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەیەكتر جیاوازن رۆژی 25-11-2023 لقی سلێمانی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای پزیشكان راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە‌و نووسیویەتی:» لەسەرەتای بابەتەكەوە لەسەر هێڵین لەگەڵ بەڕێزان لەوەزارەتی دادو بەڕێزان لەدادگای پیاهەڵچوونەوەی سلێمانی بەمەبەستی پیاچوونەوەی بڕیارەكەو ئازادكردنی ئەو دوو پزیشكە بەڕێزە لەزووترین كاتدا». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئەو دوو پزیشكەی كەدەستگیركراون، یەكێكیان پزیشكی نەشتەرگەریی گشتی‌و ئەوی تر پزیشكی بێهۆشكارییە، هەریەكەیان سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی پزیشكەكان تانەیان لەبڕیارەكە داوەو تەممیزیان كردووەتەوەو نزیكەی هەفتەیەك لەمەوبەر بڕیاری دادگا بۆ زیندانیكردنیان دەرچووەو كەیسەكە لەدادگای سلێمانییە. وەك سەندیكای پزیشكان دەڵێت :» ئەم دوو پزیشكە، چوار ساڵ  لەمەوبەر نەشتەرگەریی بچوككردنەوەی گەدەیان بۆ هاووڵاتییەک بەناوی (فەیسەڵ) كردووەو گیانی لەدەستداوە، كەسوكاری هاووڵاتییەکە لەدادگا سكاڵایان تۆماركردووە‌و لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە، دادگا دوو پزیشكەكەی تۆمەتباركردووە بە «كەمتەرخەمی»، بەتایبەتیش لەوەدا هاووڵاتییەکە پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە. تەندروستی سلێمانی دەڵێت ئەوان دەستتێوەردانیان لەدۆسیەكەدا نەكردووە هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە سامان لەتیف وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بەڵام ناوبراو رایگەیاند:»تەندروستی سلێمانی دەستتێوەردانی لەدۆسیەكە نەكردووەو سەندیكای پزیشكان ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكەیە».   پزیشكێك لەسەندیكای پزیشكان زانیاری بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات هاوڵاتی پەیوەندی بەچەند ئەندامێكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانەوە كرد هیچ یەكێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە بەفەرمی لێدوان بدەن، یەكێك لەئەندامانی سەندیكا كەخۆی پزیشكە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ هاوڵاتی كردو وتی:»ئەو كەیسە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوەو نەشتەرگەرییەكە لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی ئەنجامدراوە (ناوی نەخۆشخانەكە لەلای هاوڵاتی پارێزراوە)، لەلایەن هەردوو دكتۆر هیواو دكتۆر عامر كەیەكەمیان پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارییە، بەڵام ئەو كەسەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە نەخۆشی دڵی هەبووە». ئەو سەرچاوەیە لەسەندیكای پزیشكان وتیشی:»ئەو هاووڵاتییە یەكسەر دوای نەشتەرگەرییە بەماوەیەكی كەم گیانی لەدەستداوە، بۆ لێكۆڵینەوەش ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجامدراوە براوەتە پزیشكی دادی و لەڕاپۆرتی پزیشكی دادیی هۆكاری مردنەكە نووسراوە «گەورەبوونی دڵ» كەئەوەش بەو مانایەی پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە». «هیچ نەشتەرگەرییەك بەبێ واژۆی نەخۆش ئەنجام نادرێت، بەڵام كێشەیەكی یاسایی هەیە كەهەر نەشتەرگەرییەكی گەورە بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەكە قەڵەو بێت یاخود تەمەنی زۆربێت دەبێت ئیكۆی دڵ بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی كراوە سۆنەری دڵەكە ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكەی نەكراوە كەچووەتە بەردەم پزیشكی نەشتەرگەری و بێهۆشكاری، دەبوو ئاماژە بەنەخۆشی دڵەكە بكرێت و تێپەڕیوە»، ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان وای وت. وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت:»پزیشكی بێهۆشكار وتوویەتی لەوكاتەدا فشاری خوێنی نەخۆشەكە 16 بە 9 بووە كە لەوە زیاتریش هەبووە كێشەی نەبووەو نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام كێشەی ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە دڵ گەورەبوون بووەو لەئیكۆكەشدا ئاماژەیەكی روونی نەداوە بەپزیشكەكان كەنەشتەرگەرییەكە ئەنجام نەدەن، لەسەرەتاشەوە گومانی ئەوە كراوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەكی بووبێت». بەوتەی ئەو سەرچاوەیە «سەندیكا داوای كردووە بڕیارەكە رابگیرێت چونكە ئەو پزیشكانە مامۆستای زانكۆن و هەڵەكەش بەئەنقەست ئەنجام نەدراوە، بۆیە داوایان لەوەزارەتی تەندروستی و داد كردووە چاو بەبڕیارەكەدا بخشێنێتەوە». هەردوو پزیشكەكە بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی سەندیكای پزیشكان لەئێستادا لەزیندانن و سزای ساڵێك زیندانیكردنیان بۆ دەرچووەو سەرەتاش سكاڵاكە لەوەزارەتی تەندروستی تۆماركراوە.   سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی دەڵێت دۆسیەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایەو داوای تەممیزكراوە هاوكات سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:» یەكێك لەدكتۆرەكان پزیشكی نەشتەرگەری گشتییەو ئەوی دیكەشیان پزیشكی بێهۆشكارە، هەفتەی رابردوو بڕیارەكە دەرچووەو دكتۆرەكان داوای تەممیزیان كردووەتەوە گوایە ئەوان كەمتەرخەم نین». سەرچاوەكە وتیشی:»دادگای تەممیز سەیری دۆسیەكە دەكاتەوەو جارێ وردەكاری دیكە لەوبارەیەوە بڵاوناكرێتەوە تابڕیاری كۆتایی دادگا دەرنەچێت».   برای ئەو هاووڵاتییەی نەشتەرگەری بچوكکردنەوەی گەدەی بۆ كراوە قسە بۆ  دەكات فەیسەڵ موشیر ناوی هاووڵاتییەیە كە گیانی لەدەستداوە، هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە ئەسعەد موشیر كە برا گەورەیەتی، ناوبراو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رووداوە بۆ 5-11-2017 دەگەڕێتەوە نەك 2016، براكەم هیچ نەخۆشییەكی دڵی نەبووەو دەیانەوێت ئەوە بكەن بەپاساو، ئێستاش دادگا بڕیاری زیندانیكردنی ساڵێكی بۆ پزیشكەكان دەركردووە». وتیشی:»براكەم هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبووە تەنها ویستوویەتی كێشی خۆی دابەزێنێت و گەدەی ببڕێـت، لەدادگا پزیشكەكان بەشەڕهاتن لەسەر ئەنجامی پشكنینەكان، دوو كاتژمێر بوو براكەم مردبوو ئینجا خوێنیان لێگرتووە بۆ پشكنین، من وای بۆ دەچم براكەم هەر بەمردوویی نەشتەرگەری بۆكراوە هەرچەندە پزیشكی دادوەریش سەرەتا هەمان شتیان وت بەڵام دواتر راپۆرتەكەیان بەشێوەیەكی تر كردووە». «حەوت ساڵ دەبێت ئەو پزیشكانە نەهاتوونەتە لای ئێمە هەر بڵێن داوای لێبوردن دەكەین ئەو رووداوە روویداوە لەكاتێكدا هەرئەوكات سكاڵامان تۆماركردووە، من دەستخۆشی لەدادوەرەكە دەكەم كەبڕیارەكەی دەركردووە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك رازی نین ئەو پزیشكانە ئازاد بكرێن». ئەسعەد موشیر برای فەیسەڵی كۆچكردوو وای وت.   وەزارەتی تەندروستی لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات لەلایەن خۆشیەوە د.سەركار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەبارەت بەو دۆسیەیە پێكهێناوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و هەركات گەیشتینە ئەنجام بەڕای گشتی رایدەگەیەنین».   زانیاری لەبارەی نەشتەرگەری بچووككردنەوەی گەدە د.كارزان محەمەد تاهر پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەبارەی نەشتەرگەری بچوككردنەوەی گەدەوە دەڵێت: ئەو نەشتەرگەرییە بەئامێری هەناوبینی( laparoscope)  دەكرێت، خوێنی كەم لێدەڕوات، ئازاری كەمە، سكی نەخۆشەكە ناشیرین ناكات، زوو لەسەر جێگە هەڵدەسێتەوە، زوو دەست بەچالاكی دەكاتەوەو زوو چاكدەبێتەوە. دەشڵێت: لەنەشتەرگەریەكەدا بە ٤-٥ كونی ١سم و نیو سم، دەچیتە ناو سكی نەخۆشەكەوە، سەرەتا بەئامێری تایبەتی وزەدار، گەدە لەپەردە چەوری ناوسك جیادەكەیتەوە، دوای ئەوە نزیكەی ٨٠٪ی گەدە لەمسەر بۆ ئەوسەر بەئامێری ستاپلەر ( stapler) دەبڕێت و دەیدورێتەوە، نزیكەی ٢٠٪-٢٥٪ دەهێڵێتەوە. ئەو پزیشكە باس لەوەشدەكات دوای نەشتەرگەریەكە کەسەکە وەك جاران خواردنی زۆری پێناخورێت و كێشی دادەبەزێت بەهۆی بچووكردنەوەی گەدەوە، بەخواردنێكی كەم گەدە پڕدەبێت و کەسەكە زوو هەست بەتێربوون دەكات.

سەركۆ جەمال گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، توركیاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكەكەیەوە دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەو قازانجەی دەیكات. رۆژی 27-11-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكە باڵیۆزی توركیاش لەعێراق گەیشتە هەرێم و دەستی بەكۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرەكییش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو. لەدوایین سەردانیدا وەفدی هەرێم لەبەغدا كە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، پێكهاتبوو لەهەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون‌و (خالید هادی چاوشلی) راوێژكار لەئەنجومەنی وەزیران. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەم وەفدە بۆ سێ تەوەری سەرەكی چووەتە بەغداد كەئەوانیش   پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانن. مانگی 11ی ئەمساڵ وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری نەوت سەردانی هەولێری كرد بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە كە لە 25ی ئازاری رابردوەوە راوەستاوە، وەفدی حكومەتی عێراق لەهەولێر چەند پێشنیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، بەوتەی ئەندامێکی وەفدەكە كەهاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە پرسی دەستكاریكردنی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم یەكێك لەبابەتە گرنگەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەهەرێم لەگرێبەستی «هاوبەشی لەبەرهەم»ەوە بگۆڕێت بۆ «هاوبەشی لەقازانج»، ئەمەش بابەتێكە كە كۆمپانیاكانی نەوت رەتیدەكەنەوە، بۆیە وەك سەرچاوەكە باسی دەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاتی دەوێت و پێویستە دانوستانی زیاتری لەبارەوە بكرێت. وەك پشتڕاستكردنەوەیەك بۆ وتەی ئەو سەرچاوەیەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەمیدیا عێراقیەكانی وتووە:» بەرپرسەكانی كەرتی نەوتی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی كوردی عێراق كۆدەبنەوە، بڕیارە گفتوگۆی هەمواری گرێبەستەكان بكرێتەوە كە تیشك دەخاتەسەر دوایین هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باكور لەڕێگەی توركیاوە. ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتەڕوو:» دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە لەمانگی ئازارەوە راگیراوە، پەیوەستە بەگفتوگۆكان لەسەر گرێبەستەكان  كەگرێبەستی بەشداریكردنە لەبەرهەم و دەبێت بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلی دابەشكردنی قازانج، لەكاتێكدا ئەگەر بگەینە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان ئەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە». بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بگەنە رێككەوتن، دەشڵێت «كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر بەردەوامیی كاركردن لەهەرێمی كوردستان بەبێ گرفت هەیە». رۆژی 27-11-2023 عەلی رەزا گوینای باڵیۆزی توركیا لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، دواتر مەسرور بارزانی رایگەیاند: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لەزووترین كاتدا. پاشانیش باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دواتر سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كورستانیش، باڵیۆزی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنەوە دووپات كردەوە، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی توركیای كردو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێرو بەغدا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین. مەسرور بارزانی رۆژێك دوای كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراق رایگەیاند: وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ماون، لەبەغدادن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجەو دواكەوتنی موچەی خەڵكی هەرێم بدۆزنەوە‌و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی. وتیشی: بۆ بابەتی نەوت‌و غاز پێویستمان بەداڕشتنی یاسایەكی فیدراڵی پێشكەوتوو، لەسەر بنەمای دەستور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی تر مەسەلەی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە، ئەمە هەمووی دەبێت بەدەستكەوت، نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق. 23 ی ئەم مانگە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، رایگەیاند:» لەڕووی تەكنیكیەوە كێشەیەكی وانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبودجەی عێراقدا هەشت هەزارو 690 دینار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت دیاریكراوە، كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بەرهەمبهێنن». وتیشی:»بۆیە داوای زیادكردنی ئەو پارەیە كراوە تاكۆمپانیاكان بتوانن دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق داوای چەند داتایەكیان لەئێمە كردووە ئێمەش ئەو داواكاریەمان جێبەجێكردووە، چاوەڕوان دەكەین پێش سەرەتای مانگی 12 ی ئەمساڵ گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستپێبكاتەوە». بەوتەی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانیان لەهەرێم كردووە لەگەڵ زانیاری لەبارەی كێڵگەكانی نەوت لەهەرێم و ئەوەشیان رادەستكراوەو هیواخوازن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە چارەسەر بكرێت. كەمال محەمەد باس لەوەشدەكات «لە 25ی 6ی ئەمساڵەوە تائێستا بەردەوام 80 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق كراوە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕێك پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە». بەوتەی ئەو ئەندامەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەدوای «رێگەچارە»یەكدا دەگەڕێن، هاوكات باس لەوەشدەكات لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم، وەفدەكەی عێراق تێبینی تەكنیكییان زۆربووە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد داوایان لەمحەمەد شیاع سودانی كردووە شێوازی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیی لەهەرێم گۆڕانكاری تێدا بكرێت. مەسرور بارزانی لەدوایین راگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی 11-12-2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە». وتیشی:»لەقسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باش‌و وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە». لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا. وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە. رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو. لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی. بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە كە جگە لەكێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە  توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كەئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات. تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە. زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات، ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە. هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە.

هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، نایانەوێت خاکەکەیان ببێت بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دەشڵێت، پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. لەگەڵ بەردەوامبونی ململانێکانی غەززە بۆ مانگی دوەم، نیگەرانییەکان لە زیادبوندایە کە رەنگە توندوتیژییەکان ناوچەكانی دەوروبەری بگرێتەوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا پەرەپێداوە، ئەوەش وه‌ك بەشێک لە هەوڵێکی درێژخایەن بۆ دورخستنەوەی ئەمریکا لەو شوێنەی تاران وەک ناوچەی نفوزی خۆی سەیری دەکات.  مەزڵوم کۆبانێ كه‌ سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی دژی داعش له‌ سوریا كرد و به‌ یه‌كێك له‌ متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی پنتاگۆن هەژمار دەکرێت، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی ئەلمۆنیتۆر رایگه‌یاند، گەلەکەی نایەوێت خاکەکەیان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان "ئەمریکا و میلیشیا شیعه‌كان" کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، چونكه‌ "تاقمەکانی سەر بە ئێران دەستیان کردوە بە کردنە ئامانجی پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌". وتیشی، شکستهێنان لە هێنانەدی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ پرسی فەڵەستین و کورد وەک گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ماوەتەوە. مەزڵوم کۆبانێ جەختی لەوەکردەوە، هێرشی حەماس لە 7ی (تشرینی یەکەم/10) بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل "پەسەندكراو نییە"، هەروەها بەکارهێنانی هێزی ناڕێژەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە دژی مەدەنییە فەڵەستینییەکان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی كه‌ تاکتیکی قۆڵی بەهێزی ئیسرائیل پێدەچێت خولگەیەکی نوێی توندوتیژیی لێبكه‌وێته‌وه‌ و گروپی توندڕه‌و سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌.      

هاوڵاتی شەش بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئیلام و کەرەج کە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیرکرابوون و لە لایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لەسێدارەدران ئەو بەندکراوە کوردانە چوار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و دوو کەسەکەی دیکەیان خەڵکی شاری مهاباد لە پارێزگای ورمێ و شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستانن. بە پێی راپۆرتی هەنگاو، بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٣ هاوڵاتی کورد لە زیندانی ناوەندی ئیلام لە سێدارە دراون بە ناوەکانی شەهرام محەممەدبەیگی، عەلی ئاغامحەممەدی و ناسر مەقسوودی .، هاوکات یەکێک لەو ٣ کەسە پێشتر پاڵەوانی راکردن بووە بە ناوی شارام محەممەد بەیگی کە خاوەنی مەدالیای زیوی ئاسیایە لە راکردندا، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە سێدارە درا. هەر بە پێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە، رۆژی سێ شەممە دوو هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی ئێقباڵ فەتحوڵڵاهی خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی شارۆچکەی گەڕاوەندی سەر بە شاری کۆهدەشت لە پارێزگای لوڕستان، رۆژی سێشەممە لە گرتووخانەی قزڵ حیساری شاری کەرەج لە سێدارەدراون.،کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەرکرابوون. ئەم دوو بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو. هاوکات بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، ئەیووب کەریمی،  خەڵکی شاری مهاباد دوای 14 ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی قزڵ حیساری شاری کەرەجی ئێران لەسێدارەدرا. ئەو هاوڵاتییە لە 07-12-2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیر کران. لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 دادگایی کران و لە 25-05-2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.    

هاوڵاتی وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاشکرایدەکات کە بۆ ئەوەى هاوڵاتی زیاتر بتوانن سودمەند ببن، پڕکردنەوەى فۆڕمى یەکەکانى نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەى مانگێک درێژکراوەتەوە. وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌،پێشتر رۆژی 30ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2023 وه‌ك دوا واده‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ دیاریكرابو، به‌ڵام به‌بڕیاری دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن پرۆسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی مانگێك و تا كۆتایی ئه‌مساڵ درێژكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌لی زیاتر و كارئاسانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوه‌ فۆرمه‌كه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌.  رۆژی 8/8/2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە رێوەرەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، لەوکاتەوە زیاتر لە 22 هەزار خێزان لەسەرجەم ناوچەکان فۆرمەکەیان پڕکردوەتەوە. یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار زیاتر یەکەی نیشتەجێبونە و لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.

دلێر عەبدوڵڵا بڕیارە ساڵی ئایندە كێشەو گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كۆكن لەسەر ئەو پرسە،  بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراقی پرۆژە یاسایەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دیاری بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند كە تاكە رێگەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، هەمواری یاسای بودجەیەو هەمووان هەوڵی ئەوە دەدەن ساڵی ئایندە كێشەی مووچە بنەبڕ بكەن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات. لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە. یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات». بەپێێ زانیارییەکانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن. ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت». بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت». پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات. وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.