هاوڵاتی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەواژۆی  شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، كە دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵ نەكراوە و دەوامیش ناكات، بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لە پۆستەكەی دوردەخاتەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش لە پشكی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە پابەندبن بەو بڕیارەوە. بەگوێرەی هەواڵێكی دەنگی ئەمریكی، عەبدولخالق باپیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی پارتی، بە نوسراوی ژمارە (16799) لە ڕۆژی 22ی (ئاب/8)ی 2023 عەمید نزار قادر مەجید، بەڕێوەبەری موچە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان، كە لە تیمی یەكێتییە دورخستوەتەوە. لەبارەی بڕیارەكەوە، عەمید نزار قادر بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندوە،"بڕیارەكە لەسەر ئەوەیە كە من لێپرسراوی موچەم و پەیوەست نابم بەو بڕیارەوە كە باس لە دابەشكاری بودجەی هێزە هاوبەشەكان دەكات بە ڕێژەی 57 بە 43؛ بۆیە ئەو بڕیارە لە دژم دراوە". لەوەڵامی نوسراوەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی پلەدارەکەی یەکێتی، لیوا بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە تیمی یەکێتی بەنوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی کردووە، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەفسەرەکەی بە نایاسایی وەسفکردووە و ڕەتیکردووەتەوە پابەندبن پێوەی. لە نوسراوەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە بە ژمارە 3028 و لە بەرواری 28/8/2023 ئاڕاستەی بریکاری وەزیری پێشمەرگە کراوە و وێنەیەکی تایبەت دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، هاتووە، "فەرمانی لابردنی ئەو ئەفسەرە لەدەسەڵاتی جەنابتان نییە و فەرمانەکەش نایاساییە." بەڵام لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە پێی وایە بڕیارەکە یاساییە و بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، "دوور خستنەوەی ئەو ئەفسەرە لەسەر بنەمای لیژنەی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ئێمە هیچ لێدوانێکی لەبارەوە نادەین." سەبارەت بە یاسایی بوون یان نەبوونی بڕیارەکەی بریکاری وەزیر سەبارەت بە دوورخستنەوەی عەمید نزار قادر، پسپۆڕێکی یاسا دەڵێت بە پێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە، بریکاری وەزیر ناتوانێت بە واژوی وەزیر بڕیار بدات.

هاوڵاتی کارەباى سلێمانى رایگەیاند؛ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبون (سیتییەکان) کۆبونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی ئاب دیاریکرد، کە بریتیە لە (276) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. دەشڵێت: بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات هاوەرێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بریتیە لە (276) دینار، لە کاتێکدا مانگى تەمموز نرخى کێلۆوات هاوەرێک بە (274) دینار بو. پێویستیشە سەرجەم ستیيەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە و سزادەدرێن.

هاوڵاتی ھەسەدە بە پشتیوانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، ئۆپەڕاسیۆنێکی فراوانی  دژی ئەندامانی رێکخراوی داعش ئەنجامدا و کوژرانی سێ کەس و دەستگیرکردنی ١٣ تۆمەتباری راگەیاند. ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات  هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا کە  لە پارێزگای دێرەزور ئەنجامدرا ١٣ تۆمەتباری تیرۆر و ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون. ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئۆپەڕاسیۆنەکەدا کە لەژێر ناوی بەھێزکردنی ئاسایش ئەنجامدرا، پێنج ئەندامی داعش و ھەشت کەسی دیکە بە تۆمەتی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون، ھاوکات سێ کەسیش کوژراون دوای ئەوەی رووبەڕووی ھێزەکانیان بوونەتەوە. ھەسەدە دەڵێت، ئۆپەڕاسیۆنەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە کە ماوەیەکە دێرەزور روبەڕوی ھێرشی بەردەوامی تیرۆرستان دەبێتەوە، ھەروەھا ئۆپەڕاسیۆنەکە درێژکراوەی ئەو ھەڵمەتە ئەمنییانەیە کە لەماوەی رابردودا لە رەققە و حەسەکە ئەنجامدراون.    

هاوڵاتی  وەزارەتی كشتوكاڵ  و ئاودێری هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی گرتنەوەی ئاو لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بڵاوكردەوە.  وەزارەتی كشتوكاڵ  و ئاودێری هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە، هیچ ناكۆكیەك لەنێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو هەبێت و راشیدەگەیەنێت، "ئەو بابەتانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكراونەتەوە هیچ بنەمایەكیان نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی زۆر باشدان". وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە"بابەتێك بڵاوكراوەتەوە لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان تایبەت بەدۆسیەی ئاو و گرتنەوەی ئاو لەگەڵ عێراق ، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین بە مەبەستی  بەردەوامیدان بە پەیوەندیەكانمان ڕۆژی یەك شەممە 2023/8/27 ، كۆبونەوەی تایبەت هەبووە لە نێوان لێژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی مەلەفی ئاو ، لەژێر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتن و هەماهەنگیانەی لە نێوان هەردوولادا هەیە ، هیچ جۆرە ناكۆكیەك لەسەر ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو نییە". وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت، مەلەفی ئاو بەپێی دەستور ڕێکخراوە لە نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ  بۆ ئەم مەبەستەش ھەردوو وەزارەت پەیوەندییە ھاوبەشەکانیان رێکخستووە و لە سەر بنەمای پێکەوە کارکردن بەردەوام دەبن . ئەوەش لەكاتێكدایە، نەبەز رەفعەت، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەمیدیای فەرمی پارتی راگەیاندبو، "هەرێمی كوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەكارهێناوە وەك فشار و ئاومان كردوەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتن، ئێمەش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق.    

هاوڵاتی هێزێکی سوپای عێراق بەبێ ئاگاداری پێش وەختە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی تۆپزاوا، بەپێی زانیاریەکانیش مەبەستیان کۆنترۆڵکردنی بینای کۆنی سەربازگەی گوندەکەیە کە دانیشتوانی ناوچەکە داوایان کردبو بکرێت بە مۆنۆمێنت بۆ ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال. بە پێی زانیارییەکان  پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (28ـی ئابی 2023)،15 ئۆتۆمبێلی سەربازی سەر بە فیرقەی 11 ی سوپای عێراق چونەتە تۆپبازاوا و دەیانەوێت سەربازگەی کۆنی تۆپبازاوا زیندو بکەنەوە و ھەڕەشەی چۆڵکردنی گوندەکەشیان کردوە. بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، هاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراق بە مەبەستی داگیرکردنی زەوی گوندەکەیانە کە ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق ویستی داگیریبکات. گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، چەندین جارە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە فشاریان لێدەکرێت گوندەکە چۆڵ بکەن. لە ماوەی رابردووش، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدابوون سەربازگەی کۆنی سەربازی لە ناوچەکە بنیاتبنێتەوە و لەسەر رووبەری چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە  

هاوڵاتی راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە  رایگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بە گروپە چەکدارەکان لە هەرێمی كوردستان پەیامێکە بۆ وڵاتانی دراوسێ تایبەت بە رەتکردنەوەی ئەو گروپانەی لەناو عێراقەوە هەڕەشەن بۆسەر وڵاتانی دراوسێ. هیشام ڕوکابی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق  بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی  ڕاگەیاند:" ڕێكکەتن لەگەڵ ئێران دەربارەی گروپە چەکدارەکانی باکوری عێراق و هەرێم شتێکی نوێ نییە بۆ عێراق." ئاماژەی بەوەشکرد،" عێراق هەڵوێستی نەگۆڕ و ڕونە دەربارەی بونی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سنوری عێراق و ناوچە دورە دەستەکان." ئاشکراشیکرد، ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا کراوە و سێ بەندی لەخۆیگرتوە و لەوانەش، ڕێگریکردن لە بەزاندنی سنور و پەڕێنەوەی گروپە چەکدارەکان دوای بڵاوپێکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور و ڕادەستکردنی داواکاران دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و داماڵینی چەك لە گروپە چەکدارەکان و لابردنی سەربازگەکان.      

هاوڵاتی ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بەمنزیکانە نۆژەنکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و ئامانجیانە زوو دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئالپئارسلان باسی لەوە کرد کە کاروباری تەکنیکی و نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەندەری جەیهان بەم نزیکانە تەواو دەبێت و وتیشی "تورکیا بە ئامانجی زوو دەستپێکردنەوەی بۆرییە نەوتییەکان کاردەکات." لە 25ی مانگی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی کێشەی نیوان بەغدا و ئەنقەرە راگیراوە دوای ئەوەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دژی تورکیا بڕیارێکی دەرکرد و رایگەیاند پێویستە ئەنقەرە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە بەغدا بەهۆی ئەوەی بە نایاسایی نەوتی هەرێمی گواستووەتەوە. زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئێستا زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار. هاوکات لە هەفتەی رابردوودا وەزیری وزەی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوویەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان کەرتی نەوت و وزە بوو.

هاوڵاتی وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند ئەمساڵ نزیکەی 600 روداوی هاتوچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی رویداوە و لە ئەنجامی ئەو روداوانەشدا 89 کەس گیانیان لەدەستداوە، دەشڵێت، "هۆکاری روداوەکان تیژڕەوی شۆفێران و پابەند نەبوونە بە خێرایی دیاریکراو."  بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماری روداوەکانی هاتوچۆی لە شەش مانگی ئەمساڵدا خستەڕوو و رایگەیاند، "583 روداوی هاتوچۆ ریانداوە کە تێیدا 89 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار و 189 کەسییش برینداربوون." بەهمەن عەبدوڵا دەڵێت، هۆکاری سەرەکی ئەو روداوانە "تیژڕەویی شۆفێران و پابەندنەبوونیانە بە خێرایی دیارکراو" لەسەر شەقامەکان.  بەپێی ئامارەکەی شەش مانگی ئەمساڵ روداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی زیادیان کردووە چونکە بەپێی وتەی وتەبێژی هاتوچۆy سلێمانی بەدرێژایی ساڵی رابردوو 593 روداوی هاتوچۆ رویانداوە، بەڵام تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا ژمارەکە نزیک بووەتەوە لە ژمارەی ساڵی رابردوو.

هاوڵاتی  وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری بە حکومەتی عێراق دەدات کە لە وادەی دیاریکراودا دەبێت حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە چەک دابماڵرێن و ئەو کاتەی دیاریکراوە درێژی ناکەنەوە.  ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێككەوتوین بۆ داماڵینی چەك و داخستنی بارەگای گروپە تیرۆرستیەكان لە هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی حكومەتی عێراق داویەتی لەمانگی ئەیلولدا، پرۆسەی داماڵینی چەك لە گروپە تیرۆرستیەكان ئەنجامدەدرێت و لە بارەگا سەربازییەكان دەكرێنە دەرەوەو دەخرێنە ئەو سەربازگانەی عێراق دەستنیشانیان دەكات." وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێتت، بە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە دەبێت ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە جێبەجێبكەن و بەهیچ جۆرێک وادەكەی درێژناكرێتەوەو کە رۆژی 19ی ئەیلول كۆتایدێت. ئێران چەندین جار هێرشی کردووەتەسەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و دواینجاریش ساڵی رابردوو بوو کە تێیدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوون.

هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەیان کەسیان دەستگیرکرد کە هەوڵیانداوە نارەزایەتی دەرببڕن دژی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ. بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی یەکشەممە 27ی ئابی 2023، دەیان کەس لە چەند شارێکی ئێران دەستگیرکراون کە ویستویانە نارەزایەتی دەرببرن دژی وشکبوونی ئاوی دەریاجەی ورمێ. بەپێی هەواڵەکەی دەنگی ئەمریکا، پێشتر چوار حیزب، لەوانە حیزبی ناوەندی ئازەربایجان، بانگەوازێکیان بڵاوکردبوەوە و داوایان لە دانیشتوانی پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و ئەردەبیل کردبوو دژ بە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام پێش کوبونەوەی نارەزایەتی زۆربەیان دەستگیرکراون. ناوەندی بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکانی ئازەربایجان، تا ئێستە ناسنامەی 17 کەسی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەر ئەم بابەتە دەستگیرکراون و تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەربوونی ئەم کەسانە لەبەردەستدا نییە.

هاوڵاتی  کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سکاڵایەکی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە لەسەر تۆمارکراوە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی" لە مەرزی پەروێزخان. کەریم عەلی، کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشکی گۆران رایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی بەشی یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و فەرمانەکە دراوە بە هێزەکانی ئاسایش، لەکاتێکدا دەبوو سکاڵاکە لای هێزکانی پۆلیس بێت. کەریم عەلی دەڵێت، ئەو سکاڵایەی کراوە پەیوەندی بە چەند وتەیەکییەوە هەیە کە لەسەر "شاردنەوەی تەنکەرەکانی نەوت" کردبووی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا. لەمیانی بەرنامەکەدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پەخشکرا، کەریم عەلی تۆمارێکی دەنگی لێدەدات کە ئاماژەیە بەوەی تەنکەرە نەوتییەکان بشاردرێنەوە. ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ئەو دەنگە تەنها بەشێکە لە 10 تۆماری دەنگی و بە "بەڵگەوە" قسەی کردووە و هەموو بەڵگەکان دەباتە بەردەم دادوەر. کەریم عەلی دەشڵێت، بەهۆی ئەەوەی ئەو پاریزبەندی هەیە دەبوو لەرێی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئاگداربکرایەتەوە بەڵام ئەو رێکارە نەگیراوەتەبەر و تەنها بە تەلەفون پێی وتراوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.

هاوڵاتی  هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیندانییەکی کوردیان لە شاری سەقز  لەسێدارەدا کە تاوانبارکرابوو بە تاوانی کوشتن. رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە لە بەرەبەیانی 27ی ئابی 2023, وەفا خەرامانی کە زیندانییەکی کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە زیندانی شاری سەقز لەسێدارەدراوە.  رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، وەفا خەرامانی دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "کوشتنی پلان بۆدارێژراو" دەستگیرکراوە و دواتر دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.  ئەوەش هاتووە کە تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی وەفا خەرامانی لە پێگە فەرمییەکانی ئێران و وێبسایتی فەرمی دادوەریی ئێران بڵاونەکراوەتەوە.  خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار لەسەر تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدەدرێن و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ تەنها ئەمساڵ 241 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.

هاوڵاتی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات کە حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە زۆر زیادیان کردووە و دەشڵێت، گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت. تەندروستی سلێمانی لەئاگادارییەکەدا داوا هاوڵاتیان خۆیان لە بەكارهێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەكەی دڵنیا نین بەدووربگرن و تەنها ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دابین دەكرێت و ئاوی بتڵ كراوەكان كە لە ژێرچاودێری تیمەكانی تەندروستیدا كاردەكەن بەكاربهێنن. بەهۆی زۆری حاڵەتەکانەوە تەتەندروستی سلێمانی  بڕیاریداوە هەموو جۆرە سەوزەو و ماستاوێک لە چێشتخانە و خواردنگەكان و شوێنەگشتیەكان قەدەغە بکرێت و تەنها رێ بە بەکارهێنانی ماستاوە لە قتونراوەکان دەدرێت. تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەوەی هەموو "ئامادەكارییەكی تەواومان كردوە بۆ هەر ئەگەرێك لەزیادبونی حاڵەتەكان."

هاوڵاتی لە سنوری ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و تییدا سێ کەس کوژران، کە هێشتا دیار نییە چەکداران یان مەدەنین بەڵام دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندووە "چەکداری پەکەکە" بە ئامانج گیراون، تا ئێستاش پەکەکە هەواڵەکەی پشتراستنەکردووەتەوە. هێرشەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رویداوە و تێیدا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و دیار نییە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە مەدەنین یان چەکدارن. لەسەر هێرشەکە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمیر 1:30 خولەک فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلیکی "چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج لە نزیک گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن و بەهۆیەوە سێ چەکداری پەکەکە کوژران." دژەتیرۆری کوردستان رەخنەی ئەوەی لیدەگیرێت کە زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە و دوای هەر هێرشێکی تورکیا رایدەگەیەنێت کە "چەکدارانی پەکەکە" بە ئامانج گیراون، بەڵام لە چەندین هێرشدا خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گیراون و دواین هێرش لە قەزای دوکان و پێنجوێن بوو کاتێک دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کرانە ئامانج و تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.  تا ئێستا پەکەکە لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆ راگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە و هێرشەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

هاوڵاتی یەکێتی نیشتمانی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان کراوە بۆ بەستنی کۆنگرە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتیش، رایگەیاندووە، "کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین" و کۆنگرە والیدەکەین کە دوو ساڵ جارێک ببەسترێ وەک حیزبەکانی رۆژئاوا. ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە، لە مەکتەب سیاسی یەکێتی لە هەولیر کۆبویەوە و تێیدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە کرا کە بڕیارە لە 27ی مانگی داهاتوو ببەسترێت. بەپێی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنگرە رایگەیاندووە، "کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە." سەرۆکی یەکێتی لەمیانی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد کە بەنیازن کۆنگرە بکەنە دوو ساڵ جارێک و وتی، "بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە، بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە کە وەک حزبەکانی رۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین." بافڵ تاڵەبانی پێشنیاریشی کردووە لە کۆنگرە ئەنجومەنێکی کارا لە "هەڤاڵانی تێکۆشەر" دروست بکرێت کە "سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان."