هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەیان کەسیان دەستگیرکرد کە هەوڵیانداوە نارەزایەتی دەرببڕن دژی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ. بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران رۆژی یەکشەممە 27ی ئابی 2023، دەیان کەس لە چەند شارێکی ئێران دەستگیرکراون کە ویستویانە نارەزایەتی دەرببرن دژی وشکبوونی ئاوی دەریاجەی ورمێ. بەپێی هەواڵەکەی دەنگی ئەمریکا، پێشتر چوار حیزب، لەوانە حیزبی ناوەندی ئازەربایجان، بانگەوازێکیان بڵاوکردبوەوە و داوایان لە دانیشتوانی پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و ئەردەبیل کردبوو دژ بە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام پێش کوبونەوەی نارەزایەتی زۆربەیان دەستگیرکراون. ناوەندی بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکانی ئازەربایجان، تا ئێستە ناسنامەی 17 کەسی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەر ئەم بابەتە دەستگیرکراون و تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەربوونی ئەم کەسانە لەبەردەستدا نییە.
هاوڵاتی کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سکاڵایەکی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە لەسەر تۆمارکراوە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی" لە مەرزی پەروێزخان. کەریم عەلی، کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گازە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پشکی گۆران رایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی بەشی یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و فەرمانەکە دراوە بە هێزەکانی ئاسایش، لەکاتێکدا دەبوو سکاڵاکە لای هێزکانی پۆلیس بێت. کەریم عەلی دەڵێت، ئەو سکاڵایەی کراوە پەیوەندی بە چەند وتەیەکییەوە هەیە کە لەسەر "شاردنەوەی تەنکەرەکانی نەوت" کردبووی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا. لەمیانی بەرنامەکەدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پەخشکرا، کەریم عەلی تۆمارێکی دەنگی لێدەدات کە ئاماژەیە بەوەی تەنکەرە نەوتییەکان بشاردرێنەوە. ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت ئەو دەنگە تەنها بەشێکە لە 10 تۆماری دەنگی و بە "بەڵگەوە" قسەی کردووە و هەموو بەڵگەکان دەباتە بەردەم دادوەر. کەریم عەلی دەشڵێت، بەهۆی ئەەوەی ئەو پاریزبەندی هەیە دەبوو لەرێی ئەنجومەنی پارێزگاوە ئاگداربکرایەتەوە بەڵام ئەو رێکارە نەگیراوەتەبەر و تەنها بە تەلەفون پێی وتراوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.
هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران زیندانییەکی کوردیان لە شاری سەقز لەسێدارەدا کە تاوانبارکرابوو بە تاوانی کوشتن. رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە لە بەرەبەیانی 27ی ئابی 2023, وەفا خەرامانی کە زیندانییەکی کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە زیندانی شاری سەقز لەسێدارەدراوە. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، وەفا خەرامانی دوو ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "کوشتنی پلان بۆدارێژراو" دەستگیرکراوە و دواتر دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە. ئەوەش هاتووە کە تا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی وەفا خەرامانی لە پێگە فەرمییەکانی ئێران و وێبسایتی فەرمی دادوەریی ئێران بڵاونەکراوەتەوە. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرجار لەسەر تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدەدرێن و بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ تەنها ئەمساڵ 241 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات کە حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە زۆر زیادیان کردووە و دەشڵێت، گومانی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت. تەندروستی سلێمانی لەئاگادارییەکەدا داوا هاوڵاتیان خۆیان لە بەكارهێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەكەی دڵنیا نین بەدووربگرن و تەنها ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دابین دەكرێت و ئاوی بتڵ كراوەكان كە لە ژێرچاودێری تیمەكانی تەندروستیدا كاردەكەن بەكاربهێنن. بەهۆی زۆری حاڵەتەکانەوە تەتەندروستی سلێمانی بڕیاریداوە هەموو جۆرە سەوزەو و ماستاوێک لە چێشتخانە و خواردنگەكان و شوێنەگشتیەكان قەدەغە بکرێت و تەنها رێ بە بەکارهێنانی ماستاوە لە قتونراوەکان دەدرێت. تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەوەی هەموو "ئامادەكارییەكی تەواومان كردوە بۆ هەر ئەگەرێك لەزیادبونی حاڵەتەكان."
هاوڵاتی لە سنوری ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و تییدا سێ کەس کوژران، کە هێشتا دیار نییە چەکداران یان مەدەنین بەڵام دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندووە "چەکداری پەکەکە" بە ئامانج گیراون، تا ئێستاش پەکەکە هەواڵەکەی پشتراستنەکردووەتەوە. هێرشەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رویداوە و تێیدا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و دیار نییە کە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە مەدەنین یان چەکدارن. لەسەر هێرشەکە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمیر 1:30 خولەک فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلیکی "چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج لە نزیک گوندی زەنگیدەر لە ناحیەی گەرمکی سەر بە قەزای پێنجوێن و بەهۆیەوە سێ چەکداری پەکەکە کوژران." دژەتیرۆری کوردستان رەخنەی ئەوەی لیدەگیرێت کە زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە و دوای هەر هێرشێکی تورکیا رایدەگەیەنێت کە "چەکدارانی پەکەکە" بە ئامانج گیراون، بەڵام لە چەندین هێرشدا خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گیراون و دواین هێرش لە قەزای دوکان و پێنجوێن بوو کاتێک دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنی کرانە ئامانج و تێیدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا. تا ئێستا پەکەکە لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆ راگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە و هێرشەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
هاوڵاتی یەکێتی نیشتمانی ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان کراوە بۆ بەستنی کۆنگرە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتیش، رایگەیاندووە، "کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین" و کۆنگرە والیدەکەین کە دوو ساڵ جارێک ببەسترێ وەک حیزبەکانی رۆژئاوا. ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی ئابی 2023، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە، لە مەکتەب سیاسی یەکێتی لە هەولیر کۆبویەوە و تێیدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە کرا کە بڕیارە لە 27ی مانگی داهاتوو ببەسترێت. بەپێی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنگرە رایگەیاندووە، "کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە." سەرۆکی یەکێتی لەمیانی قسەکانیشیدا باسی لەوە کرد کە بەنیازن کۆنگرە بکەنە دوو ساڵ جارێک و وتی، "بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە، بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە کە وەک حزبەکانی رۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین." بافڵ تاڵەبانی پێشنیاریشی کردووە لە کۆنگرە ئەنجومەنێکی کارا لە "هەڤاڵانی تێکۆشەر" دروست بکرێت کە "سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان."
هاوڵاتی وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند، مەکتەبی سیاسی بڕیاریدا کە ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن. تەلار لەتیف، وتەبێژی تایبەتی کاروبارەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی بەمیدیای فەرمی یەکێتی رایگەیاند، "لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی لەهەولێر بڕیاردرا ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی 600 ئەندام بن و لەکۆبونەوەکەدا پەسندکرا، هاوکات هەریەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەشدار دەبن و بەشێکیش لەئەندامان جێگیرن". ووتەبێژی کۆنگرەی پێنج باسیلەوەشکرد، بڕیارەکە لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پەسەندکراوە و ئەو لیژنانەی پێکهێنراون میکانیزمی بەشداریکردنی ئەندامانی کۆنگرە بۆ مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتی دیاریدەکات و دواتر مەکتەبی سیاسی پەسەندی دەکات. تەلار لەتیف ووتیشی "هەفتەی داهاتوو تەواوی وردەکارییەکانی کۆنگرە پەسەند دەکرێن لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی هەموارکراو دەسەڵاتی پەسەندکردن دوای رەزامەندی سەرۆکی یەکێتی لای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەبێت.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێم لە رێوەڕەسمی دەرچوونی 60 کەس لە خولی پەیمانگەی دادوەراندا لە وتارێکدا وتی،" ناڵێین هیچ کێشە و گوشارێکی سیاسی لەبەردەم سەربەخۆیی دادوەرییدا نییە و کار بۆ چاککردنی دەکەین." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتارێکدا لە مەراسیمی رێوڕەسمی خولی چوارەمی پەیمانگەی دادوەری رایگەیاند، "بۆ ئێمه له ههرێمی كوردستان سهربهخۆیی دهسهڵاتی دادوهری و سهروهری یاسا كۆڵهكهیهكی سهرهكی حوكمڕانییهكی دروست و سهركهوتووه له وڵاتدا". ئهوهشی خستهڕوو كه "یاسا دهسهڵاتی به دادوهر داوه كه ئازادبێت، ئهركی دهسهڵاتی دادوهریی و دادوهرانه كه سهربهخۆیی خۆیان بپارێزن و ئهركی دادوهره كه قبوڵی نهكات و رازی نهبێت هیچكات كهس و لایهنێك هیچ شتێك بهسهریاندا بسهپێنێت" سەرۆکی هەرێم لە وتارەکەیدا بە دادوەرانی وت،"بونە دادوەر ئەرکێکی سەخت و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خودا، ویژدان، کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، ئێوە راستەوخۆ کارتان لەگەڵ داوا و مافی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتیدایە و پارێزەری مافەکانیانن هاوکات بۆ ئەوەی هاوڵاتی متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری و دادگە هەبێت، دەبێت دڵنیابێت لەوەی مافەکانی دەپارێزرێن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی بەڕاستی جێگەی متمانە و پارێزەری مافی هەموان بێت". سەبارەت بە ڕەوشی دادوەر و سەروەری یاسا لە هەرێم نێچیرڤان بارزانی وتی،" بێگومان نەماوتوە و ناڵێین لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەک لەبەردەم سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری یاسادا نییە؛ ناڵێین هەمو شتێکی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر هیچ گوشارێکی سیاسییدا نییە و کێشە و تەحەدای جددی لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەری هەیە کە پێویستی بە چاککردنەوە و چاکسازییە."
هاوڵاتی لە کۆنگرەی نائاسایی هەدەپەدا، هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک، وەک هاوسەرۆکی نوێی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران. ئەمڕۆ یەکشەممە کۆنگرەی نائاسای پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەیە بەڕێوەچوو تیایدا هەریەک لە سوڵتان ئۆزجان و جیهاد کرکازاک، وەک هاوسەرۆکی نوێی گشتیی هەدەپە هەڵبژێردران. وەکو بەرپرسانی هەدەپە باسیان کردوە: لە کۆنگرەکەدا ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکەیان لە 100 کەسەوە بۆ 50 کەس کەم دەکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرک و کارەکانی هەدەپە رادەستی پارتی چەپی سەوز دەکرێت و ئەگەری هەیە لە دوو مانگی داهاتودا، ئەو پارتەش کۆنگرەی خۆیان ساز بکەن. رۆژی 7ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی مانگ کۆنگرەی نائاسایی بکەنو هەدەپە لەبەر ترسی داخستنی لەلایەن دادگای کۆماری تورکیاوە، بریاری داوە کارەکانی خۆی رادەستی پارتی چەپی سەوز بکات.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو حزب و هاوپەیمانێتییانەی بڵاوکردەوە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشداری دەکەن. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هاوپەیمانێتی و حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەمجۆرە دەبێت: 38 هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن 28 حزب بەشدری هەڵبژاردنەکان دەکەن 8 حزب لە پێکهاتەکان بەشدارن 6022 کۆی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانن 4223 کاندیدی هاوپەیمانییەکانن 1729 کاندیدی حزبەکانن 16 کاندیدی مەسیحی 10 کاندیدی سابئە 13 کاندیدی کوردی فەیلی 5 کاندیدی شەبەک 4 کاندیدی یەزیدی كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق رایگەیاند ،كۆی گشتی ئهوانهی مافی دهنگدانیان له ههڵبژاردنهكاندا ههیه له سهرتاسهری پارێزگاكانی عێراقدا گهیشتووهته 27 ملیۆن و هەشت ههزار و 47 دهنگدهر. لە 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا جگە لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە، بەڵام زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نییە. فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەی زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و ڕووسی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی دەرمان زیادکردووە و لەئێستادا ھاوڵاتیان دەتوانن بەو زمانانە زانیارییەکانی تایبەت بە دەرمان ببینن. زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟" لە یەکەم کاردانەوەشدا پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رەخنەی لە وەزیری تەندروستی تورکیا گرت کە زیادکردنەکە زمانی کوردی نەگرتووەتەوە، لەکاتێکدا وەزیری تەندروستیی خۆی کوردە و بەشێکی زۆری دەنگدەرانی پارتەکەشی کوردن. لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاری خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژاردەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانیان بکەن.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شاندی تورکیا کە لەم دواییانەدا سەردانی عێراقی کردوە، شەش مەرجی پێشنیاز کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. سەباح سوباحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، مەرجەکانی تورکیا بریتین لە جێگیرکردنی کرێی گواستنەوەی نەوت تا بەندەری جەیھان کە تێچووی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوتی بە ١٣ دۆلار خەمڵاندووە، ھەروەھا دوایکردووە بەغداد ئەو سکاڵایە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بکشێنێتەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ و لەسەر ئەنقەرەی تۆمارکردووە. باسی لەوەشکردوە، مەرجەکانی دیکەی تورکیا تایبەتن بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا کە بە حەوت دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک مەزەندەی کردووە. ئەوەشی خستوەتەڕو، مەرجێکی دیکەی تورکیا ئەوەیە کە داوای شایستەکانی دەکات لەبری رێککەوتنە نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کۆمەڵێک مەرجی دیکە کە شاندەکەی تورکیا لەکاتی سەردانی بۆ عێراق خستویەتییە سەرمێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، لەبەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە.
هاوڵاتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڕیارە ئەمڕۆ کۆنگرەی نائاسایی خۆی بکات و هاوسەرۆکی نوێ هەڵبژێرێت، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش بۆ نیوە کەم بکاتەوە. کۆنگرەکە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەرێوەدەچیت و شەشەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان -هەدەپەیە و هەریەکە لە سوڵتان ئۆجان، ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبەکە و جاهید کرکازاک ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی چەپی سەوز و پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدن بۆ هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە. وەکو بەرپرسانی هەدەپە باسیان کردوە: لە کۆنگرەکەدا ژمارەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکەیان لە 100 کەسەوە بۆ 50 کەس کەم دەکرێتەوە، لەهەمان کاتدا ئەرک و کارەکانی هەدەپە رادەستی پارتی چەپی سەوز دەکرێت و ئەگەری هەیە لە دوو مانگی داهاتودا، ئەو پارتەش کۆنگرەی خۆیان ساز بکەن. رۆژی 7ـی ئابی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بە سەرۆکایەتیی میتحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی مانگ کۆنگرەی نائاسایی بکەنو هەدەپە لەبەر ترسی داخستنی لەلایەن دادگای کۆماری تورکیاوە، بریاری داوە کارەکانی خۆی رادەستی پارتی چەپی سەوز بکات.
هاوڵاتی دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیج لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆیان نییە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری دادگاکان بکەن، دەشڵێت، ئازاد نەکردنی گۆهدار زێباری بەهۆی ئەوەیە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی "دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بە پێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." دیندار زێباری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی دادگاکانی هەرێم و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان دادگاکان دەسەڵاتی سەربەخۆن و بڕیاری یاسایی خەسڵەتێکی تایبەتمەندە بە جومگەی هەرەمی دادوەری و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆی نییە دەستوەردان لە کاروباری دادگا بکات." دیندار زێباری لەسەر ئازادنەکردنی گۆهدار زێباری، یەکێک لە سزادراوانی بادینان، وتی،"لەناو ئۆتۆمبێلی گوهدار دەستگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی، بۆیە بەپێی یاسای چەک دۆسیەی بۆ کراوەتەوە." بڕیاروابوو لە 16ی ئابی 2023، رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری ئازادبکرێت دوای ئەوەی کە ماوەی زیندانییەکەی تەواو بوو، بەڵام دۆسیەی هەڵگرتنی چەکی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" ئازادنەکرا. دیندار زێباری لەو بارەیەوە وتی،"بەپێی یاسای چەک، هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت چەکی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن یان پێ بژاردن دەبێتەوە. دۆسیەی گوهدار هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە بۆ دادگاییکردنی." ئەم وتانەی دیندار زێباری دوای ئەوە دێت کە رێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوە چەندین جار داوایان کردووە کە شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری ئازاد بکرێن. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری و چەند چالاکوان و رۆژنامەنوسێکی تر بەتۆمەتی "سیخوڕیکردن" دەستگیرکران. هەرچەندە هەندێکیان دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکانیان ئازادکراون، بەڵام ئەو دوو رۆژنامەنووسە هێشتا لە زینداندان.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە دوو چالاکیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی "دوو تیرۆرست"یان لە شاری سلێمانی دەستگیرکردووە. بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایگەیاند، " بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی شوێنی داواکراوان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەدوو ئۆپراسیۆنی جیادا لەشاری سلێمانی، لەشەوی ٢٠٢٣/٨/٢٥ توانرا تیرۆریستان( س، أ، ص )و( ف، ح، م) دەستگیربکەن" لە راگەیاندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەش هاتووە کە یەکێک لە تیرۆریستەکان لەپێشتردا "لەناو ڕیزەکانی داعشدا بریندارکراو و لەئێستادا بەفەرمانی دادوەر "بەماددەی دوو لە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر ڕاگیراون و ڕادەستی یاسا کران."
