هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕایگەیاند:"لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، 18 داگیركەری تورك كوژراون و گورز لە هێلیكۆپتەرێكیش دراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی گەریلاكان دژی سوپای تورك بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە ئەنجامی چالاكی هێزەكانماندا ١٨ داگیركەر سزادراون و گورز لە هەلیكۆپتەرێك وەشێنراوە، هاوكات داگیركەران ١٨ جار تونێل و سەنگەرەكانی شەڕیان بە چەكی كیمیایی و بۆردوومان كردووە، جگەلەوەش ١٧ جار بە فڕۆكە و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن مەیدانەكانی بەرخۆدان بۆردوومان و تۆپباران كراون. گەریلاكان لە ناوچەی ئاڤاشین لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی حوزەیران دوو چالاكییان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، بەڵام زیانەكانی سوپای تورك نەزاندراون. لە زنجیرەیەك چالاكیی گەریلاكاندا لە ناوچە جیاجیاكانی مەتینا، ١٥ داگیركەری تورك سزادراون و گورز لە هێلیكپۆپتەرێكی سكۆرسكیی سوپای توركیش وەشێندراوە، بەو هۆیەوە نەیتوانیوە بنیشێتەوە و داگیركەران دابنێت. گەریلاكان زنجیرەیەك چالاكییان بە چەكی سووك و مامناوەند دژی داگیركەران ئەنجامداوە، كە هەوڵیانداوە نزیك ببنەوە لە توونێلەكانی شەڕ، لە ئەنجامیشدا سێ داگیركەر سزادراون. دوێنێ ٥ی حوزەیران سوپای تورك ١٨ جار بە چەكی كیمایی ناوچەكانی گردی هەكاریی، وەرخەلێ، ئەشكەوتی برینداران، كاركەر، چیاڕەش و گردی جەهەننەم-یان بۆردوومان كردووە. هەروەك ١٧ جار بە فڕۆكەی جەنگیی و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بۆردوومان و تۆپباران كراون.
ئارا ئیبراهیم وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوەی خستەروو كە دوای هەوڵەكانی خۆیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بریارە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری عێراقی سبەینێ سێشەممە دەستپێدەكاتەوەو تەنها لەناوشاری سلێمانی دابەشدەكرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" دوای هەوڵەكانی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنی بەنزینی 690 دیناری، بڕیارە بۆ سبەینێ سێشەممە بڕێك بگاتە سلێمانی و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت تەنها لەناو سەنتەری شار هەیە". ناوبراو ئەوەشی خستەروو ناتوانن بڕی بەنزینەكە ئاشكرا بكەن لەئێستادا بۆیە تەنها لەناو شار لەلایەن بەنزینخانەكانی پێشتر دابەش دەكرێت. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سبەینێ لۆد و قەرەباڵغی زۆر لەو بەنزینخانانە دروست دەبێت، بەڵام وتیشی:"ئەولەویەت بۆ پاس و تاكسی دەبێت و دواتر بۆ ئوتومبێلی تایبەت". لەئێستادا بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەر لیترێك بە هەزارو 100 دینار و موحەسەن هەزارو 225 و سوپەر هەزارو 300 دینار. " دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری بەشی خۆی كاریگەری لەسەرنرخی بەنزین دەبێت، چونكە بریارەكە وایە كە ئەم بەنزینە بەردەوام بێت".
هاوڵاتی لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە ئاشكرا دەكات ئەو پێشنیازانەی هەبووە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و دەشڵێت:" لەگەڵ هەڵبژارنێكی پاك و بێگەردداین". ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، یاسین حەمە عەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"بڕیاربوو كە ئەمڕۆ دانیشتنێك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان دەزگای هەڵبژاردنەكانی لایەنەكان بكرێت، بەڵام لەبەر هۆكاری تەكنیكی بۆ كاتێكی تر دواخرا". ناوبراو باسی لەوەشكرد كە ئەوان دەست پێشخەرییان هەبووە تا لایەنەكان هەوڵی لێكتێگەیشتن بدەن كە لە خزمەتی چارەسەری پرسەكەدا بێت. هەروەها لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان پێشیوابوو كە یاسای هەڵبژاردن رەهەندی نیشتمانی هەیە، وتی:"ئەو هەوڵانەی بۆ نزیكبوونەوەی نێوان لایەنەكان هەیە هیوادارین بگاتە سازانێكی نیشتمانی". هاوكات، لەبارەی هەمواری بیاسی هەڵبژاردن بەتایبەت هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە، یاسین حەمە عەلی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوان ساڵێك پێش ئێستا لەرێی فراكسیۆنەكەیانەوە هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە، وتیشی:" لەگەڵ هەڵبژاردنی پاك و بێگەردداین لەكاتی خۆیدا". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی وەك وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام بەهۆی كارا نەكردنەوەی ئەنجومەنی باڵای كۆمیسیاران و داواكاری لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، ناكۆكی لەنێوان لایەنەكاندا هەیە. پارتی و پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن وەك خۆی بێت و ئەم هەڵبژاردنەی پێ ئەنجام بدرێت، بەڵام هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوەو پێكهاتەكان تۆمارێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت، جیابێت لە تۆماری گشتی دەنگدەران.
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی هاوخەمیی بۆ كۆچی دوایی د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی كورد بڵاوكردەوە و دەڵێت:" نەوە لە دوای نەوە شانازی بە بەرهەمەكانی مامۆستا عەزیز گەردییەوە دەكەن". دەقی پرسەنامەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەداخەوە خزمەتكارە گەورەكەی زمان و ئەدەبی كوردی مامۆستا عەزیز گەردی كۆچی دوایی كرد. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری مامۆستا و هەموو خەمخۆرانی زمان و ئەدەبی كوردی دەكەم. مامۆستا لە ریزی ئەو نووسەر و رۆشنبیرە گەورانەی گەلەكەماندایە كە كاریگەرییان لەسەر نەوەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و نەوە لە دوای نەوە شانازی بە بەرهەمەكانیانەوە دەكەن. یاد و ناوی دكتۆر عەزیز گەردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ دوشەممە 6ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەراگەیەنراوێكدا گیان لەدەستدانی د.عەزیز گەردی پشتڕاستكردەوە.
هاوڵاتی ئەندامێكی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوساندن لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕایگەیاند:" بەداتا سێ بابەتی گرنگمان پێشكەشی بەغداكردو هیچ بیانویەك بۆ نەناردنی 200 ملیارەكە نەماوە". ئومێد سەباح ئەندامی وەفدەكە ڕایگەیاند:" لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی كۆبونەتەوە بەداتا كۆی داهات، خەرجیەكان، میلاكاتمان پێشكەشكردوون". هەروەها پێشیوابوو كە ئەو زانیاریانەی پێیانداون پڕبایەخن، وتیشی:"هیچ بیانویەك بۆ بەغدا نەماوە كە بەهەرێمی بگرێتو 200 ملیارەكە نەنێرێت". ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزیرانی 2022، وەفدێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی خالید شوانی، وەزیری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق سەردانی بەغدادیان كرد، ئامانجی سەرەكیان كۆبونەوەبووە لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی.
هاوڵاتی شەقامی سەد مەتری سلێمانی ئاستەنگی گەورەی بۆ دروست بووە لەرووی داراییەو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنی دابینكردنی بودجەكەی جێبەجێ ناكات. ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" دوو ئاستەنگ لەبەردەم تەواوكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانیدا هەیە و ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت كاركردن لە پرۆژەكەدا پەك بخرێت". هەروەها راشیگەیاند:"یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە تا ئێستا بەشێكی زۆری زێدەڕەوییەكان لانەبراوە لەبەردەم كاركردنی شاڕێی باباندا." هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كۆمپانیای جێبەجێكار(قەیوان گروپ) بە بەهای زیاتر لە 150 ملیار دینار كاریانكردووە، بەڵام تائێستا تەنها 30 ملیار دیناریان بۆ خەرجكراوە، وتیشی:"وەزارەتی دارایی رەزامەندی نادات بۆ خەرجكردنی پارە." سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەماوەی شەش مانگی رابردوودا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوە. "ماوەی تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی شاڕێی بابان سێ ساڵە، لەئێستادا دوو ساڵی تێپەڕیوە و تەنها یەك ساڵ ماوە، بۆیە پێویستە پەلەبكرێت لە خەرجكردنی بودجە بۆ ئەوەی كاركردن تیایدا دەستپێبكاتەوە، ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت كاركردن لە پڕۆژەكەدا ئیفلیج ببێت." ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت. ئەمە لەكاتێكدایە كۆمپانیای جێبەجێكار مانگانە نووسراویان بۆ وەرگرتنی ئەو سلفەیەی كە هەیە پێشكەشی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی كردووە و هەموو نووسراوەكان رەزامەندی وەزارەتی دارایی دەوێت و تا ئێستا وەزارەتی دارایی رەزامەندی نەداوە بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارانە". زیاتر لە دوو ساڵە كاركردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانیدا دەستیپێكردووە كە بە "ئۆتۆبانی بابان" ناسراوە، بەڵام بەهۆی گرفتی داراییەوە كاركردن تێیدا سستە و هێشتا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە تەواو نەبووە. لەكاتی دانانی بەردی بناغەیدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا تەواوی پاڵپشتیی بكات بۆ تەواوكردنی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری، بەڵام پاش دوو ساڵ وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:" رەزامەندی نادەن بۆ خەرجكردنی بودجەكەی". وێنەكانی بەردی بناغەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی:
هاوڵاتی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری رایگەیاند كە وەزیری تەندروستی حكومەتی عێراق بەڵێنیداوە كە" ساڵانە بەشە دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا دەخەینە سەر وەزارەت". سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەكردووە كە سەردانی د.هانی موسا عقابی، وەزیری تەندروستی عێراق كردووەو چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەت ئامادەبوون بەمەبەستی بەدواداچون بۆ پێداویستی نەخۆشخانەی هیواو و نەخۆشانی تالاسیما. هەروەها رایگەیاند كە وەزیری تەندروستی لیستی چارەسەری نەخۆشانی تالاسیمای ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كرد بۆ دابین كردنی. هاوكات، باسی لەوەشكردووە كە داخوازی كەمپینی نەخۆشخانەی هیوایان پێگەیاندووة. سۆران عومەر دەشڵێت:" بەڕێزو پێزانینەوە وەزیری تەندروستی عێراق باسی كارەكانی نەخۆشخانەی هیوای كردو بەڵێنی چارەسەی كەمی دەرمانیداو وتی:" تاكە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە بۆ هەموو عێراق و لەمەدوا ساڵانە بەشەدەرمانی دەخەینە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی". لەماوەی رابردوودا بەهۆی كەمی دەرمان و پێداویستییەكانەوە بەشێك لە نەخۆشانی شێرپەنجە لە دەرەوەی نەخۆشخانەی هیوا دەرمان و پێداویستییەكانیان دابین دەكرد. نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی دامەزرێندراوە بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەیەو ساڵانە سەدان تووشبووی شێرپەنجە لە سەرتاسەری عێراق سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەكەن.
هاوڵاتی سەرۆكى هەرێمی كوردستان پشتگیریی خۆی بۆ هەر هەنگاوێك دووپاتكردەوە كار بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و تێپەڕاندنی كێشە و سەختییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی حوزەیرانی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە وەفدێكی ئەندامانی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق كرد، كە وەكو لیژنەی گفتوگۆ دەناسرێن. لە راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:" مەبەستی سەردانەكەی وەفدەكە بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە دەیانەوێت لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دیدار و گفتوگۆ ئەنجام بدەن بە مەبەستی لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەرچوون لە بنبەستی سیاسی لە عێراق". لای خۆیەوە، سەرۆكی هەرێم پشتگیریی بۆ هەوڵەكانی وەفدەكە و هەموو هەوڵ و هەنگاوێك دووپاتكردەوە كار بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و تێپەڕاندنی كێشە و سەختییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكات كە هیوای خواست ئەنجامێكی باش لە هەوڵەكانیان بكەوێتەوە.
هاوڵاتی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایگەیاند كە" پەكەكە باوەڕی بە كورد و كوردستان نەماوە... ئێوە هاوڵاتی توركین فەرموو بڕۆن بۆ توركیا". عەلی تەتەر لە رێوەڕسمی ساڵیادی شەهیدكردنی پێنج پێشمەرگە لە چیای مەتینا رایگەیاند:"زۆر كەس لە ئێمە تێناگەن، نازانن چ زوڵمێك لە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەكرێت، ئەوەی هەرگیز بیرمان لێنەدەكردەوە ئەوە بوو كوردێك بتوانێت لولەی تفەنگی روو لە پێشمەرگە بكات. هەروەها راشیگەیاند:"مادام ئێوە بۆ سوریای دیموكرات تێدەكۆشن بۆچی خەڵكی سوریا دێنن لێرە بە كوشتنیان دەدەن؟ ئەگەر بۆ دیموكراتیزەكردنی توركیا كار دەكەن بۆچی شەڕی خۆیان دێننە ناو هەرێمی كوردستان؟ ئێوە هاوڵاتی توركین فەرموو بڕۆن بۆ توركیا، مادام دەتانەوێت سنووری سایكس بیكۆ بمێنێت فەرموو رێزی لێبگرن و ئێوە هاوڵاتینامەی وڵاتێكی دیكەتان هەیە بڕۆن لەوێ داوای مافی خۆتان بكەن". لە ساڵی رابردوودا پێنج پێشمەرگە لەناو ئوتومبێلێكی سەربازیدا لە نزیك مەتینا بوون و لە رووداوێكی تەمومژاویدا شەهید كران و هەر ئەو كات پارتی كرێكارانی كوردستان رایگەیاند:" بە فرۆكەی بێفرۆكەوانی سوپای توركیا كوژراون".، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پەكەكەی بەو رووداوە تۆمەتبار كرد.
هاوڵاتی بریكاری وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سەرقاڵی بەدواداچوونن و وەڵامیان بۆ زنجیرە دراما توركییەكە دەبێت. لە ئەڵقەی 19یەمی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) كە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022، پەخشكرا، لە یەكێك لە دیمەنەكاندا كەسێكی تورك دادگایی دەكرێت لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دانراوەو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەیەكی سووری لەسەرە. ئەو كەسە تۆمەتبارە بە كاری سیخوڕی، كوشتن و كاری مافیایی و بە سووكایەتییەوە باس لە حكومەت و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت" ئەو دان بەو دادگایە و حكومەتەكەشدا نانێت". تۆمەتباری نێو زنجیرە دراماكە دەشڵێت، تورك هەزارو 200 ساڵە لە ناوچەكەدا دەژی و لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وەك لە درامەكەدا هەیە دەڵێت:" كەركوك خاكی توركمانەكانە، كەركووك و موسڵ هی ئێمەیە، گەورەترین شەقامی هەولێریش موزەفەرەدین گۆكبۆروە، لەوانەیە رۆژێك بیسڕنەوە، بەڵام ناتوانن مێژوو بسڕنەوە." ئەو كەسە كە لە زنجیرە دراماكەدا رۆڵی كەسێكی مافیا و سیخوڕ بەناوی "تەكین گیریتلی" دەگێڕێت، جوگرافیایەك بەناوی هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە و داوا دەكات لە بەغدا یانیش لە توركیا دادگایی بكرێت. سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زنجیرە دراماكەوە رایگەیاند:"شتێكی خراپەو بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەین بۆئەوەی وەڵامی بدەینەوە، بە دڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان دەبێت و رایدەگەیێنین. زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی توركواز میدیا كە نزیكە لە حكومەتی توركیاوە بەرهەم دەهێندرێت. سیناریۆی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" باس لە مێژووی توركیا، شەڕوپێكدادانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و دۆخی سیاسیی توركیا دەكات. هەروەها گۆڕانكارییەكانی توركیا و دەوروبەری و رۆڵی ئەمریكاش لە ناوچەكەدا باسیان لێوە دەكرێت.
هاوڵاتی کورتکراوەی سوکایەتی دراما تورکییەکە" ئێوە داشی دامەی ئەمریکان هەر رۆژێک ئیشییان پێتان نەما لادەبردرێن و فرێدەدرێن، بەڵام کاتێک دوو تورک دەگەن بە یەک دەوڵەتیک دروست دەکەن". کورتکراوەی درامای #YalnızKurt کە لە ئەلقی 19 باسی دادگایەکی هەرێمی کوردستان دەکات کە تێیدا وێنەی مەسعود بارزانی و جامانی سوور و ئاڵای کوردستان دەردەکەوێ هاووڵاتییەکی تورک دادگای دەکرێ بە ئامادەبوونی نوێنەری دیپلۆماسی دەوڵەتی تورکیا. کابرای تۆمەتبار روو لە دادوەر دەکات دەڵێت بە ناوی خۆم قسە دەکەم نەک بە ناوی دەوڵەتی تورکیا "موسڵ و کەرکووک موڵکی ئێمەیە، گەورەترین شەقامی هەولێر کە بە ناوی سوڵتان موزەفەرە هی تورکمانەکانە، من ئیعتیراف بە حکومەتی باکووری عێراق ناکەم، حساب بۆ ئەو دادگایە ناکەم ئەگەر دادگای بکەم دەبێ لە دادگای تورکیا یان عێراق دادگای بکرێم". "ئێوە هیچ نین ئەو ئەمریکایە کە لێرەیە پشتیوانیتان دەکات رۆژێک دێ ئەمریکا دەروات ئێوەش حەق و حسابی خۆتان لەگەڵ دەکرێ لە سەر ئەو زوڵم و ستەمانەی لە تورکمان و سریان و کلد نەتەوەکانی دیکەتان کردووە، ئێوە داشی دامەی ئەمریکان هەر رۆژێک ئیشییان پێتان نەما لادەبردرێن و فرێدەدرێن، بەڵام کاتێک دوو تورک دەگەن بە یەک دەوڵەتیک دروست دەکەن".
هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ڕایگەیاند:" ئەگەر توركیا هێرش بكات، بەرخۆدانێكی مێژوویی نیشان دەدەین"، راشیگەیاند:" ڕووسیا دڵنیامان دەكاتەوە، كە ڕێگە بە هێرشی دەوڵەتی توركیا نادات". جەنەراڵ مەزڵوم عابدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات(هەسەدە) لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ڕووناهی هەڵسەنگاندنی بۆ هەڕەشە و هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد. مەزڵوم عبدی وتی:" ئامانجمان چارەسەركردنی هەموو كێشەكانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە كێشەی ناوچە داگیركراوەكانمان چارەسەر بكەین، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانووساندەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كێشەكانمان چارەسەر بكەین". هەروەها وتیشی:" ئێمە ئامادەین و لە جاران بەهێزترین بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی توركیا، دەوڵەتی تورك لە شەڕدا سەرناكەوێت، ئێمە شەڕخواز نین، بەڵام ئەگەر هێرش بكات، بەرخۆدانێكی مێژوویی دەكەین". هاوكات، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەوەشی روونكردەوە كە ئەمریكا، نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕووسیا و ڕژێمی سووریا تا ئێستا لە دژی هێرشێكی توركیا هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام دەبێت بەهێز بكرێت، وتیشی:" دەبێت توركیا ناچاربكرێت پابەند بێت بە ڕێككەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2019، ئێمە پابەندی ڕێككەوتنی 2019 بووین، بەڵام دەوڵەتی توركیا پابەند نەبووە". عەبدی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" ڕووسیا دڵنیامان دەكاتەوە، كە ڕێگە بە هێرشی دەوڵەتی توركیا نادات".
هاوڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، 9ی ئەم مانگە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەبەشداری جینین پلاسخارت، نێردەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق كۆدەبنەوە وسورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێت . هێمن هەورامی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە كە 9ی ئەم مانگە كە دەكاتە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان بەبەشداری جینین پلاسخارت كۆدەبنەوە، دەشڵێت:" ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسیی باش هەبێت، بتوانین بەپەلە هەر هەموارێك پێویست بكات كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە پێمانوایە دەكرێت لە 01ی 10 هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، ئەگەر نەشتوانرا لەڕوی تەكنیكییەوە لە 01ی 10 بێت ئەوا دەكرێ قسەی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لەنزیكترین كات ئەنجام بدرێت." هەروەها راشیگەیاند: " ئێمە وەكو سەرۆكایەتی پەرلەمان سورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێت." هاوكات ئەوەشی روونكردەوە دواكەوتنی هەڵبژاردن دیاردەیەكی گونجاو نییە بۆ ناوبانگ و پڕۆسەی سیاسیی و دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، مانگانە یەك تریلۆن و 210 ملیار دینار داهاتی هەیە ئەوەش دوای دەركردنى خەرجی لەسەدا 58% داهاتی نەوتی خاو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان. عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەفتەیەك لەمەوبەر پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی و كاروباری ئابوری هەرێم نزیكەی یە كتریلۆن و 512 ملیار دینار بووەو حكومەت دەبوو پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك مووچە دابەش بكات نەك لەماوەی نزیكەی مانگێكدا مووچە بدات. عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری دەشڵێت:" بۆ هەر مانگێك، بەبێ 200 ملیار دینارەكەی بەغدا، هەرێمی كوردستان نزیكەی تریلۆنێك و 210 ملیار دیناری مانگانەی لەبەردەستدایە، كە 880 ملیار دیناری داهاتی نەوت و 150 ملیار گومرگ و 50 ملیار دیناریشی لە باج و یەك ملیار لە رسومات و 31 ملیار دینار لە هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە خەرجی بۆ هەرمانگێك بە نزیكەیی یەك تریلۆن و 50 ملیار دینارە، كە 902 ملیار دینار بۆ مووچەو مینحەكان و نزیكەی 100 تا 150 ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان و خزمەتگوزاریی، دەشڵێت:" پڕۆژەش زۆرینەی وەستاوە یان ئەوەی كار دەكات لە زیادەی تێچووی خەرجی موچەو خزمەتگوزاریی دەدرێت". هاوكات، سەبارەت بە داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ، عومەر گوڵپی ئاشكرایكردوە كە 331 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆی مانگی پێشوو هەیە، چونكە بەهۆی 200 ملیاردینارەكەی بەغداوە داهاتی ناوخۆ بۆ موچەی مانگی نیسان بەكارنەهات. " لە داهاتی نەوتی مانگی پێنج بڕی نزیكەی (850 تا 880) ملیار دینار لەبەردەستە، لە داهاتی ناوخۆی هەمان مانگیش بڕی 331 ملیار دینار لەبەردەستدایە"، عومەر گوڵپی وا دەڵێت. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لەئێستادا نزیكەی یەك ترلیۆن و 512 ملیار دینار لەبەردەست وەزارەتی داراییە، بەمجۆرە پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە بە هەفتەیەك لە بەردەستەو دەبوو حكومەت پابەندی بەڵێنەكەی بێت و لەماوەی هەفتەیەك دابەشی بكات، نەوەك بەمجۆرەی ئێستا كە مووچەی مانگی پێنج بگەیەنێتە ڕۆژی 26ی مانگی حوزەیرانی 2022 كە دەبوو لەو بەروارە مووچەی مانگی شەش دەست پێبكات.
هاوڵاتی یەكێك لەكەناڵە ئاسمانیە ناودارەكانی توركیا لەدرامایەكیدا سوكایەتی بەدادگاكانی هەرێمو مەسعود بارزانیو جامانەی سوور دەكات. كەناڵی Atv توركی زنجیرە درامایەك بەناوی (YalnızKurt) پەخشدەكات، لەیەكێك لەزنجیرەكانیدا سوكایەتی بەدادگاكانی هەرێمی كوردستانو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو جامانەی سوور دەكات هەروەك لەیەكێك لەزنجیرەكاندا بازرگانێكی خاوەن چەكو پارە لەدراماكەدا ڕایدەگەیەنێت، "ئیعتیراف بەدادگاو هەرێمی كوردستان ناكەمو حسابیشیان بۆ ناكەم". لای خۆیشیەوە مەحمود یاسین كوردی ڕۆژنامەنووس لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:"پرسیارێك؛ هەڵوێستی پارتیو میدیاكانی ئەو حزبە وەكو هەڵوێستەكەیان بەرامبەر فیلمە ئێرانییەكە دەبێ؟! ئایا سەرۆكی یەكێتی زانایانو وەزیری ئەوقاف كە پارتین دەتوانن بەمەلاكانی خۆیان بڵێن لەسەر مینبەری مزگەوت باسی بكەن؟". پێشتر لەتوركیا چەندین دراما دژی كورد بەرهەمهێندراوە دیارترینیان "دۆڵی گورگان" بوو كە بەفەرمی حكومەتی هەرێم داوای ڕاگرتنی دەكرد.
