هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای دەكات كە " هێزەكانیان هەوڵی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكیان داوە، بەڵام روبەڕوی هێزەكانیان بوەتەوە و لە ئەنجامدا كارمەندێكی هێزەكانی ئاسایش شەهیدبووە".  ئەمڕۆ شەممە 11ی حوزەیرانی 2022، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەھەوڵێكی ھێزەكانیاندا بەمەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بەناوی (ن ، م ، ح) كە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنی ھەبوە بەتۆمەتی بازگانیكردن بە ماددەی ھۆشبەر بەپێی ماددەی (٢٥) لەیاسای ماددە ھۆشبەرەكان". هەروەها ئەوەش هاتووە كە" ھێزەكانمان بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاسا و دەستگیركردنی بەفەرمانی دادوە، لەكاتی ھەوڵدان بۆ دەستگیركردنی لە گەڕەكی شێخ عەباس لە شاری سلێمانی تۆمەتبار ڕوبەڕوی ھێزەكانمان دەبێتەوە". هاوكات، ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە" لەئەنجامی روبەڕوبونەوەكەش كارمەندێكی ئاسایش شەھید بووە بەناوی (كۆمیسەر/ تێبین جەمال عەزیز)، پاشان تۆمەتبار دەستگیر دەكرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەكرێتەوە". كۆمیسەر/ تێبین جەمال عەزیز

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی حكومەتەكەی ئەردۆغان هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەر قەندیل دەكات و رایگەیاند:" ئاڵای توركیا لەبەرزترین شوێنی پەكەكە كە قەندیلە هەڵدەكەین". سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا لە وتارێكدا لەبەردەم سەربازانی وڵاتەكەی رایگەیاند"سەرۆككۆمارمان فەرمانی پێداوین كە ئامادەكاریی بكەین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانمان كە لە تەلڕەفعەت و منبجەوە دەستپێدەكات". هەروەها راشیگەیاند:" بەر لەوەی ئاهەنگ بگێڕن بەبۆنەی 100ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری توركیا كە رۆژی 29ـی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتووە قەندیل لەپەكەكە پاكدەكەینەوەو ئاڵاكەمان لە بەرزاییەكانی قەندیل هەڵدەكەین". ئەم وتانەی وەزیری حكومەتەكەی ئەردۆغان لەكاتێكدایە كە سوپاكەیان توانای خۆراگرتنیان لە (زاپ و ئاڤاشین و مەتینا) نییەو هێزەكانی پاراستنی گەل چەند جار ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە "سوپای ئەردۆغان توانایان نییە تەرمی سەربازەكانیان لە دۆڵ و بن بەردەكاندا هەڵبگرنەوە". سوپای توركیا زیاتر لە ساڵێكە بەشێوەیەكی چڕ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردوەو تائێستا بە قوڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو هەرێم.  

  سازدانی: هاوڵاتی   فەرهاد سەنگاوی پێشمەرگەی دێرین و كەسایەتی سیاسی دەڵێت:» فشاری جەماوەری و میدیا زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی خەڵك، بەڵام میللەت تێكشكاوە دەبێت میللەت هۆشیار بكرێتەوە لەمافەكانی»، دەشڵێت:» پەشیمان نیم لەو خەباتەی لەشاخ كردوومە، چونكە یەكێتی حزبێكی نیشتمانی نەتەوەیی بوو بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان». فەرهاد سەنگاوی، كەسایەتی سیاسی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دەخاتەروو كە» ئەو برادەرانەی كاتی خۆی پێیانوابوو هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانكاری گەورەیە، پێویستە بزانن هەڵبژاردن شاڕێی تەزویرەو هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات». هاوڵاتی: لەشكركێشی بەردەوامە، چی بكرێت تا ببێتە فشارێك یا سنورێك بۆ سوپاكەی ئەردۆغان دابنرێت؟ فەرهاد سەنگاوی: لەلایەن ئەو گروپ و دامودەزگایانەی كەپێیان دەوترێت دامودەزگای حزبی ئەوەیان دەستی لێ بشۆ، چونكە خۆیان جۆرێك لە جۆرەكان بەشدارن لەو لەشكركێشییە، ئێمە داوای چی لە حكومەت و حزب بكەین لەكاتێكدا هەر بەناو حكومەتی هەرێم و حزبە. بەشێك لەهێرشەكە و لەشكركێشییەكە كە گومانم هەیە پارەی خەرجی لەشكركێشی توركیا لەپارەی نەوتی هەرێم بدرێت، لەبەرئەوە واز لەحكومەت و حزب بهێنین. خەڵك لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا تاكەكانی كۆمەڵگا ئینتماكانیان لێ سەندراوەتەوە، بەڕێگای جۆربەجۆر، ئێستا مرۆڤی كورد كراوە بەمرۆڤێكی بەتاڵ لەبیروباوەڕو ئینتما و خۆشەویستی و رێز و خۆشەویستی بۆ خاك و وڵات، مرۆڤەكانی كوردو كۆمەڵگاكەمان كۆمەڵگایەكی بێ ئینتیمایە، هەموو پەیوەندییەكانی لێ سەندراوەتەوە پەیوەندی خێڵایەتی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت خێزانیشی لێ سەندراوەتەوە، كاتێك كۆمەڵگا وای لێهات زۆر قورسە تۆ كارێكیان پێبسپێریت و رێكی بخەیت، پێویستە جارێكی تر كۆمەڵگا رێكبخرێتەوە وەفای رێزو خۆشەویستی و بیروباوەڕو ئینتیمای بۆ بگەڕێنیتەوە، كە ئەوانەت بۆ گەڕاندەوە ئەوكاتە ئەتوانی كاریان پێ بسپێریت. كوردستان وێران كراوە، دیوارو پردی لەناو برا بەمرۆڤەكان دروست دەكرێتەوە، ئەی ئەگەر مرۆڤەكان رووخان بەچی دروستیدەكەیتەوە، پێویستە مرۆڤەكان رێكبخەیتەوە دواتر نیشتمان بە مرۆڤەكان دروست بكەیتەوە. هاوڵاتی: خەڵك گلەیی هەیە لەحكومەتی هەرێم و دەڵێن پاش 30 ساڵ دۆخەكە خراپتر بووە؟ بۆچوونتان چییە؟ فەرهاد سەنگاوی: ئێمە حكومەتێكمان نییە بەناوی حكومەتی هەرێم، بەناو هەمانە، بەڵام بەكردەوە نیمانە تا پێی بڵێن ئەوە میللەتەكەی خۆتە پەروەردەو ژیان و ئینتیمای رێكبخە، ئەگەر حكومەت، حكومەتی هەرێم بوایە خۆی كارەكانی دەكرد بەبێ ئەوەی پێی بڵێن. حكومەتی دوو سێ كەس و بنەماڵەیەك هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێم نابینم، حكومەتی خێڵەكی هەیەو حكومەتی هەرێم نییە. فشاری جەماوەری و میدیا زۆر گرنگە، تا فشار بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی خەڵك، بەڵام میللەت تێكشكاوە دەبێت میللەت هۆشیار بكرێتەوە لەمافەكانی. هاوڵاتی: بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت، هەرچەند دیار نییە دەكەوێتە كەی؟ پێتوایە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری دروست دەبێت؟ فەرهاد سەنگاوی: نەخێر ئەو برادەرانەی كاتی خۆی پێیانوابوو هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانكاری گەورەیە، پێویستە بزانن هەڵبژاردن شاڕێی تەزویرەو  هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات، چونكە تۆ دەبێت پەرلەمانێكت هەبێت سەربەخۆ بێت و بریتی بێت لە رۆڵەكانی میللەت و كەسانی ئازاو لێهاتووبن، بەڵام ئێستا ئیش بۆ كوڕو كچەكانیان دەدۆزنەوەو دەڵێن كوڕەكەی فڵان كەس زانكۆی تەواو كردووەو كوڕەكەی فڵان شەهید بۆ پەرلەمان باشە، پەرلەمان پێویستی بەو كەسانەیە كە موخەزرەمن، كامڵن لەبیروباوەرو زانست و مەعریفەو تێربوون لە شتەكان. پەرلەمان نە هی كوڕی بەرپرس و كوڕو كچی شەهیدەكانە، نە هی كوڕو كچی سەرۆك عەشرەت و سەرۆك و مەسئولەكانە، ئەوانە هەموو رێزی خۆیان هەیە لەشوێنی خۆیاندا، مەبەستەكەم ئەوەیە پەرلەمان دەزگایەكە بۆ تەشریح و چاودێری پێویستە خەڵكانێك بچن كە بوونە پەرلەمانتار لەوێ بڵێن حزبەكەم خراپی كرد لەفڵان بەرنامەو بەهەڵوێست بن. خۆم خەڵكی سویدیم بینیوە دەنگی داوە بەپێچەوانەی حزبەكەی خۆی پێیان وتووە چۆن دەنگ دەدەیت بەو حزبە، وتوویەتی بەرنامەی ئەو حزبە باشترە لەو حزبەی خۆم، پەرلەمان لەئەوروپا پێی دەڵێن (windowdressing)جامغانە، ئەها لە جامغانەیەكدا پێڵاو یان كەلوپەل دادەنرێت خەڵك سەیری دەكات و دەیبینێت، پەرلەمان جامغانەیەكە بۆ دنیا كە بڵێن فڵان وڵات جامغانەیان هەیە. هاوڵاتی: بەدیلی هەڵبژاردن چیە بۆ گۆڕانكاری؟ فەرهاد سەنگاوی: بەدیلی هەڵبژاردن كۆمەڵگاكەیە كە دەبێت خەڵك پەروەردە بكرێت، دەست لەپەرلەمان بشۆن. پەرلەمان بووە بەدەستگایەك بۆ پەردە پۆشكردنی گەندەڵییەكان و جێبەجێ نەكردنی یاساكان، پرۆژەیاسایەك پەسەند دەكەیت و دەیكەیت بەیاسا، دەیدەیتە حكومەت جێبەجێی بكات، حكومەت لەسەر رەفەیەك دایدەنێت و حسابیشی هەر بۆ ناكات، ئەگەر لێشی بپرسی بۆچی ئەو یاسایە جێبەجێ ناكەیت دەڵێت وەختی نییەو پارە نییە، لەبەرئەوە پەرلەمان هیچ نییە. ئەگەر زەمینەكە ئامادە بێت بڕوام بەخەباتی چەكداری هەیە ئەگەر زەمینەكە ئامادە بێت بۆ گۆڕانكاری، چونكە تۆ پێویستە دیفاع لەگەلەكەت بكەیت، ئەمەی بەناوی حكومەتی هەرێمەوە هەیە خەریكە گەلەكەمان دەتوێنێتەوە، ئەو دەزگایانەی حكومەت و حزب بەشدارن لەتواندنەوەی میللەتەكەدا و داگیركاریدا. هاوڵاتی: پێتانوایە تەنها سێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەرپرسیارن یان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش؟ فەرهاد سەنگاوی: هەمووی بەشدارە، بەڵێ ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمانشێوەی لایەنەكانی ناو حكومەت بەرپرسیارن، تەنانەت ئێمەش و دایك و باوكانی ئێمەش جوتیارێك و هەموو تووێژەكانی كۆمەڵگا بە موومەیەزاتی جیاواز، ئەو دایك و باوكەی سەربازێكی گوێڕایەڵی پەروەردە كرد ئەویش تاوانبارە، بۆیە هەموو گەورە دیارەكان ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و پارەیەكی زۆری میللەت لەبەردەستیاندایە. هاوڵاتی: پارتی بەپێی بۆتۆگرافیای وای كردووە كە تووشی ئەوەبن توركیا لەشكركێشی كردووە، ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوە؟ یەكێتی ئەگەر لەشوێنی پارتیدا بوایە هەمان رووداوی لەشكركێشی روویدەدا؟ فەرهاد سەنگاوی: یەكێتی لەزۆنی زەرددا بووایە جیاواز دەبوو هەمان شت نەدەبوو بۆ لەشكركێشی توركیا، حزبەكان خراپن، هەیە زۆر خراپە، مەسەلە بەس تەنها جوگرافیای ناوچەكە نییە كە پێی دەوترێت زۆنی زەردو هاوسنورە لەگەڵ توركیا، بۆ پەیەدە لە رۆژئاڤای كوردستان جوگرافییەكەی لەگەڵ عێراق و توركیاشدا هەیەو سنوری خراپتری هەیە بەراورد بەهەرێمی كوردستان، بەڵام پەیەدە چونكە هێزێكی پاك و خاوێن و دڵسۆزە بەنیشتمان و نەتەوەكەی بەهێزترە، سازش ناكات، پارتی پێویستی بەسازش نییەو خۆی حزبی سازشە، پارتی حزبی بەكارهێنان و نۆكەرایەتییە، پارتی خۆیان دەعوەتی توركیایان كردووە بێت و لەشكركێشی بكات و بەتوركیایان راگەیاندووە كە» ئاگات لێمان بێت و بمانپارێزن». هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەسەر بەرگری پەكەكە بەرانبەر لەشكركێشی سوپاكەی ئەردۆغان؟ فەرهاد سەنگاوی: پەكەكە پێویستە وشیارترو وردتر مامەڵە بكات ، هەرچەند خۆی هۆشیارەو وردیشە، بەڵام لەم پرسەدا پێویستە وردتر بێت و خەبات و بەرخودانی خۆی بەردەوام بێت. هاوڵاتی: تۆ دەنگی شۆڕش بوویت لەشاخ، پێتوایە ئەم حزبانە لەڕێگەی گەندەڵیی و سپیكردنەوەی پارەوە سامانی ئەم میللەتە دەبەن بۆ خۆیان، كە هەندێك پێشمەرگەی دێرینیش دەڵێن پەشیمانین خەباتی پێشمەرگایەتیمان كردووە بەهۆی نیگەرانیان لەپارتی و یەكێتی؟ فەرهاد سەنگاوی: خەڵك تا رادەیەكی جیاواز ناحەقی نییە با وابیر بكاتەوەو بڵێت پەشیمانم لەخەباتی پێشمەرگایەتی، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم لەخەباتی شاخ پەشیمان نیم، چونكە یەكێتی حزبێكی پاكو خاوێن و نیشتمانی نەتەوەیی بوو  بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، پاكیش بوو، پەشیمان نیم لەشتە باشەكان، چونكە سەنگەرەكەی جارانی یەكێتی جوان و نیشتمانی بوو. ئێستا یەكێتی تووشی كۆمەڵێك كێشەو دەردەسەری بووەتەوەو وازی لەكۆمەڵێك مەبادئ و بیروباوەری خۆی هێناوە ئەوە خراپەو رێزم بۆ یەكێتییە هەرە باشەكان هەیە لەهەر شوێنێكدا بن

هاوڵاتی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی كۆنگرێس، پڕۆژەیاسایەكی پەسەندكرد، كە تێیدا هەموو چالاكییەكانی درۆنی ئێرانی لە ناوچەكە قەدەغە دەكات و تێیدا باسی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكات. لە ڕاگەیەنداوێكدا لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەكردووە" ئەمریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆڕاگرتنی درۆنەكانی ئێران و بەرنامەی دروستكردنی ... كڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران قەدەغە دەكرێت و هەر لایەنێك پابەند نەبێت ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە." هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" ئەمریكا بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە كە ئێران بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردووەتەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان و ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق". شەوی چوارشەممەی رابردوو درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەسەر رێگا‌ی سەرەكی (هەولێر- پیرمام) تەقیەوە، كە بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوت. میدیاكانی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە لەو هێرشەی هەولێردا بەرپرسێكی موسادی ئیسرائیل و هاوەڵاكانیان كردووەتە ئامانج، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتیكردەوە.  

هاوڵاتی موقتەدا سەدر، ئەو كەسایەتییە شیعەیەی عێراق لەدەستەكانیدایە كە 73پەرلەمانتارەكەی واژۆیان لەسەر دەستلەكاركێشانەوە لە ناوچەی حەنانە تەسلیم كردووەو چاوەرێی گلۆپی سوری سەدر دەكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان. نویسنگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر رایگەیاند:" سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان واژۆكردووە و رادەستی موقتەدا سەدرییان كردووە". دوێنێ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەن لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم. هەروەها، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدر كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن. ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، نەك حكومەتی سازان. سەدر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە چەقبەستوویی سیاسی بابەتێكی سیاسی نییە، بەڵكو دۆخێكی دروستكراوە بۆ رێگری كردن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی. سەدر وتیشی، "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین". موقتەدا سەدر چەندین جار داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە لایەنگرانی كردووەو خۆپیشاندەران بەردەوام بەدەم داواكارییەكەی سەركردەكەیانەوە چوون، بۆیە یەكێك لە بژاردنەكان پەنا بردنە بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی، یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەك سیناریۆی دووەم. موقتەدا سەدر، لەگەڵ محەمەد خحەلبوسی لە سونەكان و مەسعود بارزانی، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان پێكهێناوە، لەبەرانبەردا سێیەكی "پەكخەر" بەسەرۆكایەتی نوری مالكی رێگە نادەن حكومەتێك پێكبهێندرێت كە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێیدا بەشدار نەبن. هەر دوێنێ، فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چاورچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت. ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت. ناكۆكی نێو ماڵی شیعە بەتایبەت كێشەكانی نێوان نوری مالكی و موقتەدار سەدر لەلایەك و بەرەی رزگاری نیشتمان (سەدر، حەلبوسی، بارزانی) و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، عێراق پاش هەشت مانگ زیاتر لە هەڵبژاردنەكان بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات و ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاری كردنی وادەیەكی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لەو بژاردانەی سەدرو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی جدی لەسەر دەكەن.

هاوڵاتی لەم رۆژانەدا مەرج و گوشارەکانی تورکیا بەڤیتۆکردنی داوای سویدو فینلاند بۆ ئەندامبوونیان لەناتۆدا بووەتە بابەتێکی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیایی و لایەنە جۆراوجۆرەکان لەڕوسیاوە تاوەکو ئەمریکا. ڤیتۆکەی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندیی بەکوردەوە هەیە، بەڵام ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتار ستۆپی بەداواکاریەکەی ئەردۆغان هێناو سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند:» بەپەیوەندیەکاندا دەچنەوە لەگەڵ توركیا».  تورکیا هەموو مەرجەکانی و ڤیتۆکەی بۆ ئەوەیە سویدو ئەوروپاو ناتۆو ئەمریکا زیاتر پاڵپشتیی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. رێگریش لەوە بکات، کە سوید پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. هەروەها گەمارۆی چەک و هەندێک لە سزاکانی سەر تورکیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە هەڵبگیرێن، کە ئەو سزانەش پەیوەندییان بەشەڕی تورکیا لە دژی کورد لە باکوورو رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە. لەم نێوانەدا بەپێی میدیاکانی تورکیاو سوید، تورکیا داوای رادەستکردنی ٣٣ کەسی لە سوید و فینلاند کردووەو ئەو کەسانەی بە «تیرۆریست» ناساندووەو لەوەش زیاتر رۆیشتووە وڵاتانی سویدو فینلاندی بەلانەی تیرۆر پێناسە کردووە.   لێپرسینەوەی ناوخۆیی پەکەکە لەقۆناغی سەرەتای شەڕی چەکداریدا پەکەکە ٤٤ ساڵ لەوەوپێش وەک گروپێکی گەنج بەپێی هەلومەرج و کەشی شۆڕشگێڕیی باوی جیهانی و تیۆرییە شۆڕشگێڕییەکان دامەزرا. بە کردەوەو بە دروستکردنی تۆڕی رێکخستن کاریان بۆ سەرخستنی شۆڕشەکەیان کرد. کاتێک تورکیا کودەتای ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠ی ئەنجامداو هەموو دەرەتانەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی نەماو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پەکەکە کوژران و دەستگیرکران، پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی تورکیای ئەندامی ناتۆ هەڵگیرساند. هاوکات پەکەکە لە ئەوروپا تۆڕێکی فراوانی لە رێکخستن دروستکردو گەنجانی پڕ لە وزە رێکخستنەکانی پەکەکەیان بەڕێوەدەبرد. وەک زۆربەی هێزە شۆڕشگێڕەکان و وەک ئەوەش، کە بە درێژایی مێژوو روویداوە پەکەکە لە لێپرسینەوەی ناوخۆیدا بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە لە رێکخستنەکاندا بۆ کارکردن بەدوژمنەوە گلابوون توندو یەلاکەرەوە بووە. وەک نەریتێکی لەمێژینەی هێزە شۆڕشگێڕەکان ئەو کەسانەی لە دۆخی خەباتی نهێنیدا خیانەتیان بکردایە سزای شۆڕشگێڕی دەدران و پەکەکەش پەیڕەویی لەو یاسایە کردووە. وەک بەشێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پەکەکە لەسوید ٢ کەس و لە ئەڵمانیاش ٢ کەسی لە ناو رێکخستنەکانی خۆیدا لەسەر تۆمەتباربوونیان بە خیانەت سزا داوە.  سزادانی کەسانێک، کە لەخیانەتەوە گلاون مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەسەردەمی راپەڕینی سپارتاکۆسەوە تاوەکو ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان پشت بە لێدانی گورزی گورچکبڕ لە دوژمن و دەستوپێوەندەکانیان بەستووە. هیچ هێزێکی چەکداری زرگاریی نیشتمانی و دژ بە داگیرکەری و دیکتاتۆری نییە، کە پەیڕەویی لەو شێوازو میتۆدە نەکردبێت. بە دیوەکەی تریشدا ئیستاش لە یاسای هەموو وڵاتەکاندا خیانەت بە تاوانی گەورە پێناسە دەکرێت و قورسترین سزاکانی بۆ دانراوە.  خەباتی نهێنی و چەکداری، پاراستنی رێکخستن و ئەندامان و نهێنییەکانی حزب، جموجوڵەکان و کاروباری دارایی بۆ هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا کارێکی قورسە و بەهۆی تایبەتمەندیی ئەو دۆخەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵە رووبدات. هێزێک لەقۆناغی نهێنیدا ناتوانێت  وەک دەوڵەتێک مامەڵە بکات و لەدامەزراوەی دادگاو بە ئامادەبوونی پارێزەرو هێزی ئەمنی و پۆلیس لێکۆڵینەوە لەکەسێکی تۆمەتبار بە خیانەت بکات و لە شوێنێکدا وەک زیندان بۆ ماوەی چەندین ساڵ رای بگرێت. سەرباری ئەوەش سیستمی داد لەوڵاتەکاندا هەڵە دەکەن و روویداوە، کەسانێک لەسەر تۆمەتێک زیندانیکراون، کە هیچ پەیوەندییان بەو تۆمەتەوە نەبووەو ساڵەهای ساڵی تەمەنیان لە زینداندا بەسەربردووە. بەزمانێکی سادەش خیانەت ئەوەیە، کە کەسێک لەناو هێزەکەی خۆیدا کار بۆ دوژمنەکەی بکات. مرۆڤ و سیستمە مرۆییەکان بەدەر نین لەهەڵە، بەڵام گرنگ ئیرادەیە بۆ چاککردن و تێپەڕاندنی هەڵە بۆ ئەوەش پەکەکە چەندیجار داوایکردووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی روویداوە پێبکبهێنرێت بۆ ئەوەی راستییەکان روون بێتەوە. پەکەکە و سەرکردایەتیی پەکەکە لە چەندین چاوپێکەوتن و بابەتەدا لە پرۆسەکانی ئاشتیدا بەڕوونی داوایانکردوە، لیژنەی لێکۆڵنەوە لە ڕووداوەکان و بۆ روونبوونەوەی راستییەکان دروست بکرێت...   پەکەکەو لایەنە سیاسیەکانی پێش خۆی پەکەکە لەسەرەتای دامەزراندییەوە لەلایەن نەوەی پێشووی سیاسیی کورد وەک گروپێکی گەنج و «بێ ئەزموون» و «توندڕەو» سەیر دەکران و چاوەڕێ بوون پەکەکە گوێڕایەڵیان بێت و ئامۆژگارییەکانیان بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی و هەندێک لەوڵاتان قبوڵ بکات، کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو نەوە سیاسییە جیاوازەی کورد لەو سەردەمەدا گەیشتە قۆناغێک، کە پەکەکە نەوەی پێش خۆی بە نەوەیەکی ناچالاکی سیاسی و ناشۆڕشگێڕ دەزانی، چونکە حساب بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵە و هەندێک هێزو وڵات دەکەن و خۆیان بۆ شۆڕش و ئازادی یەکلایی نەکردووەتەوە. لایەنی بەرامبەریش پەکەکەی بەسەرئێشە و هێزێک دەزانی، کە پێچەوانەی ئاو مەلە دەکات و پێداگرییان لەوە دەکرد، کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری و شێوازی کاری رێکخستنی خۆی بێت. هەرچۆنێک بێت بە تێپەڕبوونی کات پەکەکە گەشەی کردو بەشێکی زۆر لە هێزەکانی تر لەگۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا رۆڵێکی بەرچاویان نەما. ململانێی نێوان ئەو دوو نەوەیە گەیشتە ئاستێک، کە بەشێک لە ئەندامانی لایەنەکانی تر چالاکییەکان و لێپرسینەوەکانی پەکەکەیان بە «تیرۆر» پێناسە دەکردو هەوڵی دابڕاندن و تەریکخستنی پەکەکەیان دەدا. تەنانەت لەوەشدا سودیان لە پەیوەندییە کۆنەکانیان لەوڵاتانی ئەوروپی وەرگرت.   تورکیا پشتیوانیی ناتۆی بۆ شەڕ لەدژی پەکەکە بەدەستهێنا لەسەردەمی جەنگی ساردو شەڕەکانی زرگاریی نیشتمانیی لە ئەفریقا تاوەکو ئەمریکای لاتین و باڵکان دەیان هێزو لایەنی شۆڕشگێڕیی دژ بەداگیرکەری و دیکتاتۆری لەهەوڵی رزگارکردنی وڵاتەکانیان، یان دامەزراندنی سیستمێکی تری سیاسی بوون. ئەو دۆخە دونیای بەسەر دوو بەرەی سۆڤیەت و ئەمریکادا دابەشکردبوو. بەرەی سۆڤیەت یارمەتیی گروپە شۆڕشگێڕەکان و راپەڕیوانی دژ بەدەوڵەتەکان دەداو ئەمریکاش بە ناوی پاراستنی دۆخی باو یارمەتیی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک پینۆشە، شای ئێران، ئەتاتۆرک و کەنعان ئەڤرەن لەتورکیا، سەدام و سوهارتۆ لە ئەندەنوسیا، باتیستا دیکتاتۆری کوبا، سوموزا دیکتاتۆری نیکاراگوا و داگیرکەران دەدا. تورکیاش وەک ئەندامی ناتۆ لەبەرەی ئەمریکادا بوو و کاتێک پەکەکە شەڕی چەکداریی راگەیاند، کەنعان ئەڤرەن لە کۆبوونەوەی ناتۆدا پەکەکەی وەک هێزێکی سەر بەسۆڤیەت، کە دەیەوێت کۆماری تورکیای ئەندامی ناتۆ بەو جیۆپۆلتیکە گرنگەیەوە بڕوخێنێت و سیستمێکی سەر بەسۆڤیەتی تیادا دابمەزرێنێت بە ئەندامانی ناتۆ ناساند و ناتۆ پشتیوانیی لەشەڕەکانی تورکیا لەدژی پەکەکە کرد. تورکیا سوودمەند بوو لەپرۆژەی دژە تیرۆری پنتاگۆن بۆ لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان، پنتاگۆن لە نیکاراگواو ئەمریکای لاتین و ئەفریقا کۆمەڵێک گروپی بۆ پاراستنی رژێمەکان و شەڕ لەدژی گروپە شۆڕشگێڕەکان دروستکردبوو، کە بە کورتی پێیان دەوترێت گلادیۆ و لەهەر وڵاتێک ناوێکیان هەبوو. ئەوە لەکاتێکدابوو، پەکەکە کەمترین پەیوەندیی بەسۆڤیەتەوە هەبوو. پەکەکە رەئاڵ سۆسیالیزمی سۆڤیەتی رەخنەکردبوو. ئەوەش وایکردبوو، سۆڤیەت گرنگی بە پەکەکە نەدات. لەو سەردەمەدا تەنها حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا دووجار لەگەڵ پەکەکە کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو. هەروەها پەکەکە لەجیاتی دەوڵەتەکان پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕەکان بۆ خۆی کردبووە بنەمای کارەکانی و بۆ ئەوەش پەیوەندیی لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕیەکانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی لەلوبنان هەبوو. تورکیا لەو سەردەمەوە تاوەکو ئێستا بە چەک و پارەو پلانی ناتۆ لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات. تورکیا دۆسیەی پەکەکەی بەڕادەیەک لە ناتۆدا گەورەو مەترسیدار پیشانداوە، کە هەموو کارەکانی خۆی لە ناتۆدا بەستووەتەوە بەشەڕ لەدژی پەکەکە و لەناوبردنی پەکەکە.   سزادانی پەکەکە لەسویدو ئەڵمانیا و تیرۆرکردنی پاڵمەو دانانی پەکەکە لە «لیستی تیرۆر» ئۆلاف پاڵمە لەساڵی ١٩٦٩دا لەحزبی سۆسیال دیموکرات بووە سەرۆک وەزیرانی سویدو تاوەکو ساڵی ١٩٧٦ لەو پۆستەدا بوو. دواتریش لەساڵانی ١٩٨٢ تاوەکو کاتی تیرۆرکردنەکەی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا بووەوە بە سەرۆک وەزیرانی سوید. پاڵمە کەسایەتییەکی ئازادیخواز بوو. لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا سەردانی ئەمریکای نەکرد. لە دژی شەڕی ڤێتنام، سیستمی رەزگەپەرستیی ئەفریقای باشوور (ئاپارتاید) و سەرکوتکارییەکانی سۆڤیەت لەئەوروپای رۆژهەڵات بوو. پشتیوانیی لەهێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەرتاسەری جیهان دەکرد. بۆ نمونە پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەمریکا پشتیوانیی دەوڵەتی کوباو هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیکاراگوا بوو. لەساڵی ١٩٨٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کرا بەنوێنەری ناوبژیوان بۆ کۆتایهاتن بە شەڕی ئێران و عێراق. هاوکات دۆستی گەلی کورد بوو و پلانی هەبوو کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رێکبخات. ئەوانەش وایکردبوو پاڵمە دوژمنی زۆر بێت، بەڵام کێ پاڵمەی تیرۆرکرد؟ کێ بەرپرسیاریی تیرۆرەکەی هەڵگرت؟ ئەوانە هیچی دیار نەبوون. کێ لەکوردو پەکەکە بێ پشت و پەناترە بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتەیان بەسەردا ساغ بکرێتەوە، چونکە هیچ هێزو کەسێک  ئامادە نییە بەرگرییان لێبکات. دوای ماوەیەکی کەم بەخێرایی تورکیاو ئەڵمانیا و ساپۆ (پۆلیسی ئاسایشی سوید) پەکەکەیان وەک تاوانباری تیرۆری پاڵمە ناساند. سەرباری ئەوەی لیسبێت پاڵمە هاوسەرەکەی پاڵمە وتبووی ئەو کەسەی پاڵمەی تیرۆر کردووە سەروچاوی سکاندیناڤیی هەبوو نەک دەموچاوێکی رۆژهەڵاتییانە، بەڵام کەس گوێی لێنەگرت. هەموو میدیا گەورەکانی سویدو ئەڵمانیا و تورکیا پێکەوە دەستیانکرد بەبڵاوکردنەوەی هەواڵ و راپۆرت لە دژی پەکەکەو تاوانبارکردنی پەکەکە بەکوشتنی پاڵمە.  گەرچی پەکەکە لەو کاتەدا راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیی بە تیرۆرکردنی پاڵمەوە نییە، بەڵام ناتۆو تورکیا و ئەڵمانیاو ساپۆی سوید گوێیان لەوە نەگرت و پێداگریان لەسەر تاوانبارکردنی پەکەکە کرد. پۆلیسی سوید لەو کاتەدا رایگەیاند، پسپۆڕی کێشانەوەی وێنەی تاوانبارەکەیان نییە، بۆیە دەڕۆن بۆ ئەڵمانیا و بەهاوکاریی ئەوان وێنەی دەموچاوی تاوانبارەکە دەکێشنەوە. ئەو کارەیان کرد و لەئەنجامدا وێنەی دەموچای کەسێکی وەک کوردیان کێشایەوە و لەهەموو میدیاکانیاندا بڵاویانکردەوە. کورد وەک نەتەوەیەکی تیرۆریست وێنا کرا... لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەدۆسیەی کوشتنی پاڵمە ٦٠٠ ملیۆن کرۆنی سویدی تێچووە. لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٠ هەزار کەس کراوە و ١٣٠ کەسیان دانیان بەکوشتنی پاڵمەدا ناوە. هانس هولمێر بەڕێوەبەری پۆلیس و لێکۆڵینەوەی ئەوکاتە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راگەیاند، سەدا ٩٥ لەوە دڵنیان، کە کورد لەپشت تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرەوەیە. لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە ٥٨ کوردی دانیشتوی سوید کرا. لەدوای لێدوانەکەی هولمێر چەندین دوکان و کارگەو شوێنی کاری کوردان داخران. کوردەکان تەریکخراون و وەک گروپێکی تاوانکار سەیر کران. کوردەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە و دۆخێکی قورسیان بۆ دروستکرا. تەنانەت لەو سەردەمەدا نزیکەی ٧٠ کەسی کوردی سەر بەلایەنە نەیارەکانی پەکەکە لە سوید راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پەکەکەیان بەتیرۆرکردنی پاڵمە تۆمەتبارکرد! خالیس ئیکینجی سۆی لەساڵی ١٩٨٠ەوە لەسوید دەژی و یەکێک لەکوردە قوربانییەکانی دۆسیەی کوشتنی پاڵمە دەڵێت، هەموو هەفتەیەک دەبوو بڕۆن بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵگەی خۆ سەلماندن واژۆ بکەن. پۆلیس بۆ ماوەی ١٠ ساڵ گوێی لە هەموو پەیوەندییە تەلەفونیەکانمان دەگرت. پۆلیس ناوە ناوە و لەپڕ دەیدا بەسەر ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا و دەستیان بەپشکنین و لێکۆڵینەوە دەکرد. کەلەبچەی ئیلکترۆنیان خستە قاچمان و بۆمان نەبوو لەگەڕەکەکەی خۆمان دوور بکەوینەوە. ئەگەر بەهەڵە سنوری گەڕەکەمان لێ تێکبچووبایە پۆلیس خێرا هەڵیدەکوتایە سەرمان و گوشاری زیاتریان لەسەر دروست دەکردین...  بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لەکوشتنی پالمە سەرۆکی داواکاری گشتیی سوید کریستەر پێتەرشۆن لە رۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠دا  رایگه‌یاند، ستیگ ئێنگسترۆم، كه‌ پێشتر چه‌ندین جار وتە‌ی لێوه‌رگیراوه‌ و به‌ «سکاندیامانەن» ناسراوه‌، بكوژی راسته‌قینه‌ی ئولۆف پاڵمه‌یه‌. لەبەرئەوەی ستیگ ئینگسترۆم لەساڵی ٢٠٠٠دا گیانی لەدەستداوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەکوشتنی پاڵمە دادەخرێت!. نووسه‌ری كورد شۆڕش ره‌شی كتێبێكی به ‌ناوی «پالمه‌، په‌كه‌كه‌ و گلادیۆ» نووسیوه‌ و ده‌ڵێت: «كوشتنی پاڵمه‌ هه‌م له‌كوردستان، هه‌م له‌سوید، هه‌م له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیانی به‌كورد گه‌یاند. زیانی هه‌ره‌به‌رچاو له‌ڕووی سیاسییەوە بوو و كوردانی دانیشتوی سوید کرانە ‌ئامانج». کوشتنی پاڵمە کرا بە بەهێزترین بەڵگەو ئارگۆمێنت بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە لیستی تیرۆرەوەو تائێستاش پەکەکە لەو لیستەدایە، بۆیە ئەوانەی استەوخۆ بوونەتە قوربانیی ئەو تاوانەو پەکەکەو کەجەکە و دۆستانی کورد لەسوید داوا دەکەن، حکومەتی سوید داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات و سوید، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت. بەوە دۆخی تورکیا ئاڵۆز بووە و لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەتی لەم دوو ساڵی رابردوودا سوید بەپشتیوانی تیرۆر تاوانبار دەکات!.   داوای سویدو فینلاند بۆ بوونە ئەندامی ناتۆو ڤیتۆی تورکیا دوای سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی سویدو فینلاند بۆ ئەوەی خۆیان لەئەگەری هێرشی رووسیا بپارێزن و وەک ئۆکراینیان بەسەر نەیت داوایانکرد ببنە ئەندامی ناتۆ. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ناتۆ هەر وڵاتێک ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت بەڕەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندام بێت و هەموو وڵاتانیش مافی ڤیتۆیان هەیە، چونکە نابێت لە ناو ناتۆدا لەنێوان ئەنداماندا ناکۆکی هەبێت! تورکیاش راستەوخۆ داواکەی سویدو فینلاندی ڤیتۆ کردو ژمارەیەک داواکاری و مەرجی بۆ سویدو فینلاند دانا، کە لەبنەڕەتدا هەموویان پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە. بەپێی رۆژنامەی حوڕیەتی تورکیا وەزارەتی دادی تورکیا داوای لەوەزارەتی دادی فینلاند کردووە شەش ئەندامی پەکەکە و ٦ ئەندامی گروپەکەی گولەن و داواشی لەسوید کردووە، ١١ ئەندامی پەکەکە و ١٠ ئەندامی گولەن رادەستی ئەنقەرە بکەنەوە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە باسی سەرەکی بووە باسی کورد و سویدو مەرجەکانی تورکیا و ژمارەیەک دۆسیە بوونە بابەتی رای گشتی. جگە لەوە تورکیا داوا دەکات گەمارۆی چەکی لەلایەن سویدەوە لەسەر هەڵبگیرێت، کە لەساڵی ٢٠١٩ و لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر کورد لەعەفرین بەسەریدا سەپێنراوە. داواشیکردووە، سوید موشەک و درۆن بۆ یەپەگە نەنێرێت. سویدش ئەوەی رەتکردووەتەوە چەکی بۆ ئەو هێزانە ناردبێت و سوید هیچ جۆرە چەکێکی بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نەداوە و تەنها بەشێوەیەکی سنووردار هاوکاریی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان دەکات. تورکیا داواش دەکات لەشەڕی دژ بە «تیرۆر»، کە مەبەستی شەڕە لەدژی پەکەکە و هێرشەکانیەتی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سوید و فینلاند هەماهەنگیی لەگەڵ بکەن. ئەوانەش دەریدەخەن هەموو داواکانی تورکیا لەسوید و فینلاندا بۆ دژایەتیکردنی کوردە. ئان لیند وەزیری دەرەوەی سوید لە بەرامبەر ئەو داوایانە و تۆمەتەکانی تورکیا وتی، سیاسەتی سوید بەرامبەر بە پەکەکە نەگۆڕاوە و هەر پەکەکە بەهێزێکی «تیرۆریستی» دەزانن. لیند راست دەکات و هێشتا پەکەکە لە لیستی تیرۆری سویددایە و ناوەکەی دەرنەهێنراوە. لیند لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت، سوید لە دوای تورکیا یەکەم وڵات بووە، کە لەسەردەمی پاڵمەدا پەکەکەی خستووەتە «لیستی تیرۆر». لیند دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، گەرچی کوشتنی پاڵمە لەسەر پەکەکە نەماوە، بەڵام پەکەکە لەسەردەمی ئەودا لەو لیستەدایە و ئێمە هەر پابەند دەبین بە مانەوەی ناوی پەکەکە لەو لیستەدا. ئەگەر بێتو سوید داوای لێبوردن لەکورد بکات، کۆمەڵێک پابەندبوونی یاسایی و سیاسیی بۆ دروست دەبێت. هەر چۆن ئەگەر تورکیا دان بەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا بنێت، کۆمەڵێک پێبەندنی و کۆت و بەندی بۆ دروست دەبێت و هاوکات دانانە بەو تاوانەدا، بۆیە رەنگە بەشێک لەڕێچکەی سیاسەت لە سوید چاو لەو سیاسەتەی تورکیا بکەن و ئامادە نەبن داوای لێبوردن لە کورد بکەن. ئەگەری ئەوەش هەیە سوید هەوڵبدات خۆی لەو پابەندییە لابداو گوشارەکانیان لەسەر پەکەکە بەردەوام بێت و ناوی پەکەکە لەلیستەکەیاندا بهێڵنەوە. بەوەش تورکیا رازی بکەن و پەکەکەو کوردیش بەو لیستەوە قەتیس بکەن. سوید لەدۆسیەی جولیان ئاسانژ دامەزرێنەری ویکیلیکس دا هاوکاریی ئەمریکای کرد. پێشتریش بەناڕەوا پەکەکەی بە بکوژی پاڵمە ناساند، بۆیە سیستمی سیاسیی سوید ئەو بەهەشتە دیموکراتییە بێخەوشەش نییەو هەموو کات ئەگەری مامەڵەو سەودای بەهەندێک کەیسی هەستیارەوە لێدەکرێت. سوید بەدروستکردنی مینی دژە نەفەرو دینامیت و موشەک هاوکاریی زۆرێک لەدەوڵەتە دیکتاتۆرییەکانی کردووە، کە ئەو دەوڵەتانە لە بری دیموکراسی لایەنی شەڕانگێزییان لەسوید وەرگرتووە. سوید بۆ ئەوانەش گرێبەست و سەفەقاتی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و یەکێکە لەهەناردەکارە گەورەکانی چەک بۆ سەرتاسەری جیهان، کە لەئەنجامدا چەک بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت. جگە لەوانەش سوید لەساڵی ٢٠٢٠دا رەسوڵ ئۆزدەمیری رادەستی تورکیا کرد. بەچەند پەنابەری تری کوردیشیان راگەیاندووە، دۆسیەکانیان وەرنەگیراوە و رادەستی تورکیا دەکرێنەوە. لەبەر نیگەرانیەکان ١٧ رۆشنبیری سویدی لە نامەیەکی هاوبەشدا، کە هاوکات لە پێنج رۆژنامەی سویددا بڵاوکرایەوە داوایانکرد، دەوڵەتی سوید هیچ رۆژنامەنووس و رۆشنبیرو نووسەرێک رادەستی تورکیا نەکات.   تورکیا داوای کێ لەسوید دەکات بەپێی میدیاکان، تورکیا داوایکردووە، ئامینە کاکە باوە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئێستای سوید، ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوید، ئەڤین چەتین پەرلەمانتاری پیشووی سویدو محەمەد سیراج بیلگین نووسەر و رۆژنامەنووسی کورد، کە پێنج ساڵ لەوەو پێش لە سوید کۆچی دوایی کردووە رادەست بە تورکیا بکرێنەوە. جگە لەوانەش دەوترێت تورکیا داوای رادەستکردنی پێنج کەسی سویدی کردووە، کە یەکێکیان پیتر هولتکویست وەزیری بەرگریی ئێستای سویدە. تورکیا پێیوایە لەبەرئەوەی موشەک و درۆنی سویدی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش بەدەست یەپەگە گەیشتووە و یەپەگەش ئەوانەی لەشەڕی دژ بەداعشدا بەکارهێناوە، ئەوا  وەزیری بەرگریی سوید پاڵپشتیی لە تیرۆر کردووە، بۆیە دەبێت رادەست بەتورکیا بکرێت!. دوو ساڵ لەوەو پێش لەڕاپۆرتی رێکخراوی سیتای سەر بەدەوڵەتی تورکیادا ناوی هەموو ئەو کەسانە وەک پشتیوانیانی تیرۆر هاتووە، بۆیە ئەو ناوانە لەئێستادا زۆر باسیان لێدەکرێت، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا لەمێژ بووبێت بەدوای ئەو کەسانەوە بێت و لەئەگەری ئەوەدا سوید رادەستیان نەکات وەک تیرۆرکردنی ساکینە جانسزو هاوڕێکانی ئەمانیش تیرۆر بکات

هاوڵاتی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی لە كۆبونەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا بە بەشداری جینین پلاسخارت رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنەكان فرە بازنەیی‌و بە لیستی نیمچە كراوە بەڕێوەبچێت‌، راشیگەیاند:" هاوڵاتیان پەیامێكی ڕوون‌و ڕاشكاویان بۆ دەستەڵاتداران‌ هەبووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە متمانەیان بە هەڵبژاردن وەك ڕێگای گۆڕانكاریی لەق بووە". عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی رایگەیاند:" پێویستە حوكمڕانان لە هەرێمی كوردستان دان بە كە‌موكوڕی‌و هەڵەكانی خۆیاندا بنێن‌و ئیڕادەی جیددییان هەبێ بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان، ئەگەر ئەوە نەكەن، باجی قوڕسی دەبێ. هەروەها عەلی باپیر راشیگەیاندووە كە" ئەم ڕێژە زۆرەی بایكۆتی هاوڵاتییان بۆ دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق پەیامێكی ڕوون‌و ڕاشكاوی هاوڵاتییانە بۆ دەستەڵاتداران‌، كە متمانەیان بە هەڵبژاردن وەك ڕێگای گۆڕانكاریی لەق بووە". عەلی باپیر بە پێویستی دادەنێت كە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بێلایەنی خۆی بپارێزێ‌ و نەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەجێندای هیچ لایەنێك. سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری داواشی كردووە كە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان فرە بازنەیی‌و بە لیستی نیمچە كراوە بەڕێوەبچێت‌.

عەمار عەزیز «لەبەر بۆنەكەی و مارو دووپشك ناحەسێنەوە، دەیان ساڵە هاواردەكەین بكرێتە كونكرێت، بەڵام هیچ سوودی نیە»، ئیسماعیل موسا، كەماڵەكەی نزیك چەمی هشكەڕووە لەدهۆك وادەڵێت. پرۆژەی چەمی هشكەڕوو بە یەكێك لەپرۆژە ستیراتیژییەكان لەپارێزگای دهۆك دادەنرێت كە ئاوی پیس و  زێرابی بەشێكی زۆر لەماڵانی دهۆك دەچێتە سەرى و درێژیەكەی زیاتر لە 15 كێلومەترەو هەر لەسەرەتای ناوەندی دهۆك تاكۆتایی شار دەڕوات.  لەسەردەمی تەمەر كۆچەر كە پارێزگاری پێشووی پارێزگای دهۆك بووە پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و گوژمەی 90 ملیون دۆلاری بۆ تەرخانكرا، بەڵام تەنیا 11% تەواوكراو دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا ، بەوتەی بەرپرسانی ئیداری دهۆك بەهۆی قەیرانی ئابووری پرۆژەكە راگیراوە. ئیسماعیل موسا، ماڵەكەی دەكەوێتە سەر لێواری چەمی هشكەڕوو كە تەنها چەند مەترێك لە چەمەکەوە دوورە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»چوارجار لەوەرزی زستان ئاو هاتووەتەوە ناو ماڵمان، لەزستان دەترسین ئاو بێتە ناو ماڵ، لەهاوینیش لەبەر بۆنەكەی و مارو دووپشك ناحەسێنەوە». ئیسماعیل موسا وتیشی « دەیان ساڵە هاواردەكەین رووبارەكە بكرێتە كونكرێت، بەڵام هیچ سوودی نیە، شارەوانی چەند جارێك دێت رووبارەكە پاك دەكاتەوە، بەڵام ئەمە چارەسەرێكی كاتییە، دەمانەوێت بەیەكجاری پرۆژەكە جێبەجێ بكرێت «. قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك دەڵێت لەپێش هاتنی قەیرانی دارایی پڕۆژەی چەمی هشكەروو كاری تێدا دەكرا، بەڵام دواتر راگیرا. جەوهەر عەلی عەزیز ، قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پرۆژەی چەمی هشكەڕوو ، یەكێكە لە پرۆژەكە هەرە گەورەكان و ستراتیژی ناوەندی دهۆك ، پێش چەند ساڵێك پرۆژەكە درابوو بەكۆمپانیەك بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵی 2014وە پرۆژەكە وەستاوە، دیزانێكی زۆر جوان و رێكوپێك بۆ پرۆژەكە دانرابوو، ناوەرۆكی دیزانیەكە ئەوەبوو دەوروپشتی رووبارەكە بكرێنە شەقام و ئەو گەڕەكانەی دەكەونە سەر رووبارەكە بگۆڕین». «دوای وەستانی پرۆژەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی دهۆك هەڵسا بەدروستكردنی دیوار لەچەند شوێنێكی چەمەکە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كە زۆر مەترسی هەیە لەكاتی لافاو تا زیان بە هاوڵاتیانی سەر چەمەکە نەكەوێت، نزیكەی 400 مەتر دیوار لەسەر چەمەکە دروستكرا، ئەمە تەنها چارەسەرێكی كاتی بوو  تەنها بۆ ئەوە بوو ئەو دیوارە ببێتە بەربەست تا ئاو لەكاتی لافاو نەچێتە ناو ماڵی هاووڵاتیان « جەوهەر عەلی عەزیز وای وت. قایمقامی قەزای ناوەندی دهۆك، پێشیوابوو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی دهۆك و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەكارییان كردووە جارێكی تر دەست بەپرۆژەكە بكرێتەوەو قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانە كە خانوەكانیان دەكەونە سەر لێواری رووبارەكە كەژمارەیان سەرووی سەد ماڵ دەبێت بكرێتەوە، وتیشی:»دەبێت یەكەمجار ئەو خێزانانە بەپارچە زەویەك قەرەبووبكرێنەوە و ئەم پرۆژەیە تەواو بێت و دیمەنێكی زۆر جوان دەبەخشێتە شاری دهۆك، حكومەت زۆر جددییە لە تەواوكردنی پرۆژەكەو كاری لەسەر دەكرێت لەنزیكترین كات و دەست بەپرۆژەكە بكرێتەوە». ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەئێستا قەیرانی دارایی نەماوەو دۆخی حكومەت زۆر باشەو دەتوانێت دەست بەجێبەجێكردنیان بكات. عەبدولسەمەد تێلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « تائێستا هیچ دانیشتنێكی تایبەتمان لەسەر پرۆژەكە نەكردووە، تەنها ئەوە دەزانین پرۆژەكە ماوەیەكی زۆر وەستاوە، بەڵام دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت و ئێستا قەیرانی دارایی نەماوەو دۆخی حكومەت تاڕادەیەكی زۆر باشەو دەتوانێت ئەو پرۆژانەی وەستاون دووبارە دەست بەجێبەجێكردنیان بكاتەوە».  

هاوڵاتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت " بڕیاردرا سكرتاریەتێك پێكبهێنرێت لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یۆنامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی هەوڵەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە‌كان و‌ تا ڕێككەوتی 1ی تەمووزی 2022 ڕاپۆرتێك لەمبارەیەوە ئامادە بكات". دەقی راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان : بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتیی هەرێم   پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/6/2022 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمی پسپۆڕی هەڵبژاردنەكانی سەر بە یونامی، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.   كۆبوونەوە تایبەت بوو بە بابەتی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵدان بۆ لەیەك نزیككردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە‌. كۆبوونەوە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی‌ كرد كە شەوی چوارشەممە 8/6/2022 بە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماددی هاوڵاتیانی سڤیلی لێكەوتەوه و ئەمە بە هەڕەشەیەكی جددیی‌ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عیراق لێكدرایەوە‌، لەمبارەیەوە داوا لە حكوومەتی فیدڕالی عیراق كرا كە پێویستە كۆتایی بەم دەستدرێژییانە بهێنرێت و بە هەماهەنگی و هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، هەوڵی جددی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بدات.   هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەوڵەكانی نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و پەرۆشییان بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنەكان كرد، هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی لایەنە سیاسییەكان و بەدەنگەوەهاتنیان بۆ داوەتنامەی سەرۆكایەتیی هەرێم كرد. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرجەم ئامادەبووان كۆك بوون لەسەر زەروورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووانە بە ‌جۆرێك كە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و برەودان بە پرۆسەی دیموكراسی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكان بێت و سەرۆكایەتیی هەرێم بەردەوام ‌بێت لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم یاسای هەڵبژاردندا ماون.  بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە بڕیاری دا سكرتاریەتێك پێكبهێنرێت لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی یۆنامی بۆ بەدواداچوون و بەردەوامیی هەوڵەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە‌كان و‌ تا ڕێككەوتی 1ی تەمووزی 2022 ڕاپۆرتێك لەمبارەیەوە ئامادە بكات.   سەرجەم لایەنەكان هەوڵەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمیان بەرز نرخاند بەمەبەستی لەیەك نزیكردنەوەی لایەنە سیاییەكان و دووپاتیان كردەوە كە لەمبارەیەوە پاڵپشتیی هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی دەبن‌، هەروەها سوپاسی هەوڵ و كۆششەكانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كرد.

هاوڵاتی سەرۆكایه‌تی هه‌رێم لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" پێویستە هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری نێوان ده‌زگاكانی ئه‌منی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق زیاتر توند بكرێن".  سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه ده‌كه‌ین كه‌ شه‌وی رابردوو به‌ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌كی سڤیل برینداربوون و چه‌ند ئۆتۆمۆبیلێكیش زیانیان به‌ركه‌وت".  هەروەها ئەوەش هاتووە" ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و بڕوایه‌داین كه‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییانه‌ زیان به‌ سه‌قامگیری ئاسایش و دۆخی سیاسی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و خزمه‌ت به‌ دوژمنانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كات".  هاوكات، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، وه‌ك هه‌موو جارێك پشتگیریی ئه‌وه‌ ده‌كەین كه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان ده‌زگاكانی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی عێراق زیاتر توند بكرێن به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌ستیان له‌م جۆره‌ هێرشانه‌دا هه‌یه‌، "داوا له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ین بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ دوباره‌بونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه‌، هه‌وڵ و هه‌نگاوی جددی هه‌ڵگرن كه‌‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری زۆری بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت".

هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، 17 داگیركەری سوپاكەی ئەردۆغان لە هەرێمەكانی (ئاڤاشین، مەتینا، زاپ) كوژراون و سوپای تورك بە چەكی كیمیایی و بۆردومانی فرۆكەكانی شەڕ دەكات. هەر ئەمڕۆ گەریلا تیڤی ڤیدیۆیەكی 19ی ئایاری لە خانتوری هەفتانین بڵاوكردەوە، كە حەوت داگیركەری تورك كوژراون. ئەمڕۆ، پێنجشەممە 9ی حوەزیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، ڕاگەیەندراوێكی دیكەی سەبارەت بە چالاكییەكانیان بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە لە هەرێمەكانی ئاڤاشین، مەتینا، زاپ: لە هەرێمی ئاڤاشین: ٨ی حوزەیران كاتژمێر ٠١:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ كامێرای حەراری و سیستمی ڕاداری داگیركەران كە لە گۆڕەپانەكە جێگیریان كردبوو، لە لایەن تیمە گەڕۆكەكانی یەژەئاستارمانەوە لەناوبران. لە ئەنجامی چالاكییەكەدا ٢ كامێرای حەراری و سیستمێكی راگار تێكشكێنران. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٥:٣٥ بە چەكی قورس لە داگیركەران لە گۆڕەپانی بەرخودانی وەرخەلێ درا. لە چالاكییەكەدا ٤ داگیركەر سزادران و داگیركەرانیش كە گورزیان بەركەوت تائاستێك كشانەوە. لە هەرێمی مەتینا: ٦ی حوزەیران لە دژی داگیركەران لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری تیمە گەڕۆكەكانمان بە چەكی سوك و نیمچە ئۆتۆماتیك چالاكییان سازكرد. لە چالاكییەكەدا ٤ داگیركەر سزادران. ٧ی حوزەیران كاتژمێر ١٢:٠٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری بە چەكی نیمچە ئۆتۆماتیك لە داگیركەران درا. لە ئەنجامدا داگیركەرێك سزادرا، ٢ داگیركەریش برینداربوون. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٨:٤٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاری بە چەكی قورس لە داگیركەراندرا. لە چالاكییەكەدا ٥ داگیركەر سزادران، ٢ داگیركەریش برینداربوون. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٥:٥٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم كامێرایەكی حەراری بە نیشانشكێن لەناوبرا. لە هەرێمی زاپ: ٨ی حوزەیران لە ٠٧:٠٠ دا لە گۆڕەپانی بەرخودانی كاركەر، لە دژی داگیركەران كە هەوڵیان دەدا جێگیرببن هێزەكانی یەژەئاستارمان بە نیشانشكێن چالاكییان كرد. لە چالاكییەدا داگیركەرێك سزادرا. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٤:٢٠ و ١٧:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی شەهید شاهین بە چەكی قورس لە داگیركەران درا. داگیركەران كە گورزییان بەركەوت ناچاربوون تا ئاستێك بكشێنەوە. ٩ی حوزەیران كاتژمێر ٠٠:٠٠ و ٠٢:١٥ لە گۆڕەپانی بەرخودانی كاركەر لە دژی داگیركەران هێزەكانی یەژەئاستارمان چالاكی نیشانشكێنیان كرد. لە ئەنجامدا ٢ داگیركەر سزادران. هێرشەكان بە چەكی كیمیایی ئەو هێرشانەی سوپای توركی داگیركەر بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی ئەنجامی داون: ٧ و ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەكاری، داگیركەران لە بەردەم تونێلەكانی شەڕی شەهید عاكیف ئاگریان كردەوە و هەوڵیاندا دوكەڵ بخەنە ناو تونێلەكانەوە. ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەكاری تونێلەكانی شەڕی شەهید هەژار و شەهید عاكیف ٩ جار بە تەقەمەنی بۆردومان كران. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ١٧:٣٠ داگیركەران لە بەردەم تونێلەكانی شەڕ لە وەرخەلێ ئاگریان كردەوە و هەوڵیاندا دوكەڵ بكەنە ناو تونێلەكان. كاتژمێر ١٨:١٠ بە گازی بیبەر هێرشیان كردە سەر تونێلەكان. ٨ی حوزەیران كاتژمێر ٠٨:٠٠ تا ١٨:٠٠ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شەهید شاهین ٢٦ جار بە تەقەمەنی و ١٨ جاریش بە چەكی كیمیایی تونێلەكانی شەڕی شەهید هەورێ بۆردومان كران. ٨ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخودانی ئەشكەوتی برینداران جارێك بە تەقەمەن تونێلەكانی شەڕ بۆردومان كران. هێرشەكان بە فڕۆكە، هێلكۆپتەر و كاتیۆشا هێرشەكانی سوپای توركی داگیركەر بە كاتیوشا، هەلیكۆپتەری هێرشبەر و فڕۆكەی شەڕ: ٧ی حوزەیران كاتژمێر ١٨:٢٠ لە هەرێمی گارە دەوروبەری گوندی گوزە بە فڕۆكەی شەڕ جارێك بۆردومان كرا. ٧ی حوزەیران گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەكاریی لەلایەن بارەگاكانی سەر سنوورەوە بە كاتیوشا بۆردومان كرا. ٨ی حوزەیران هەرێمی خواكورك، گۆڕەپانی ئاوی لۆلان و شاخی شەهید حەقی بە كاتیوشا بۆردمان كرا. ٨ و ٩ی حوزەیران شاخی هەكاری، شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم، كاركەر، ئەشكەوتی برینداران بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر ٢٠ جار بۆردومان كران. ٨ و ٩ ی حوزەیران گۆڕەپانەكانی وەرخەلێ، چیاڕەش، ئەشكەوتی بریندارن، چەمچۆ و شاخی بەهار ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ بۆردومان كران”.  

هاوڵاتی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێكیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بكەن و هەركاتێك داوای لێكردن پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ی حوزەیرانی 2022، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا رایگەیاند:"بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەین لە پێكهێنانی حكومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێمی". هەروەها راشیگەیاند:" عێراق پێویستی بە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، كە چاكسازی بكات نەك حكومەتی سازان". "زۆرینەی پەرلەمانی بۆ خۆمانە نەك بۆ كەسانی دەرەوەی ئێمە، هەر بۆیە بەشداری پێكهێنانی حكومەتی سازان ناكەین"، سەدر وای وت. هەر ئەمڕۆ فراكسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە كە حكومەتی داهاتوو بە بێ سازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر پێكناهێنرێت"بەردەوامبوونی رەوتی سەدر لەسەر هەڵوێستەكانی وڵات بەرەو چەقبەستووییەك دەبات كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت". موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە كە 73 كورسی هەیەو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لە سونەكان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیان ئەنجامداوە، لەبەرانبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێیان دەوترێت سێ یەكی "پەكخەر" دەیانەوێت هەموو لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری حكومەتی داهاتوو بكات و حكومەتی تەوافوقی پێكبهێندرێت.

هاوڵاتی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"بۆ بەرپەرچدانەوەی گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق لەلایەن توركیا و ئێرانەوە بڕیاری زۆر گرنگ لە دژی ئەو دوو وڵاتە دەدەین"، راشیگەیاند:"توركیا لەسەدا 80 و ئێران لەسەدا سەد ئاویان لە عێراق بڕیووە".  ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022، حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری سەرچاوەكانی ئاو كۆبووەوە و پرسی كەمئاوی و وشكەساڵیان تاوتوێكرد و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، حاكم زاملی رایگەیاند:" توركیا 80٪ی بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق كەمكردووەتەوە و 20٪ی ئاو بەردەداتەوە، ئێستا هەوڵدەدەن بەنداوی جەزیرە دروست بكەن كە دەستیانپێكردووە، بەمەش یەك دڵۆپە ئاومان پێ ناگات. ئەو بڕە ئاوەشی دەگاتە عێراق، كە كەمترە لە 20٪ بەهۆی ئەوەی لە بەنداوی ئەلیسۆ ئاو بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەردەدرێتەوە، بۆیە ئەمەش لەبەر خاتری عێراق نییە".  هەروەها راشیگەیاند:" ئێران بەتەواوی ئاوی لە عێراق بڕیوە و رێڕەوی چوار رووباری سەرەكیشی گۆڕیووە بە ئاراستەی خاكی ئێران". ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە بازرگانیی توركیا لەگەڵ عێراق ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە و ئێرانیش 16 ملیار دۆلاری ساڵانەیە، لە كاتێكدا عێراق هیچ بازرگانییەكی هەناردەكراوی نییە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە تەنیا هاوردە دەكات.   جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەشكردەوە" ئەگەر توركیا و ئێران بەردەوامبن لەسەر ئەو هەڵوێستەیان، ئەوا ناچار دەبن لە پەرلەمان یاسا دەربكەن، كە تێیدا مامەڵەی ئابووری و بازرگانی و كاری كۆمپانیاكان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە قەدەغە بكرێت، بڕینی ئاو واتەی مردنمانە".  حاكم زاملی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە" زۆر فشاری هەیە، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە دروست بكات.  پەنا بەخوا لە  پەرلەماندا زۆر بڕیاری گرنگ دەبینن، كە دەكرێت بەرپەرچی ئەو وڵاتانە بداتەوە".  

هاوڵاتی فۆڕمى سەرەتایی بۆ ئەوانەی شایستەن و دەیانەوێ سودمەندبن لەو 20  یەكەی نیشتەجێبونەی بڕیارە بۆ كرێنشینان دروستبكرێت و بڕیارە هەفتەی داهاتو بەشێوازی ئەلیكتڕۆنی و بە ئۆنڵاین ، لەژێر چاودێری دەستەی وەبەرهێنان ، لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەست دەبێت.  ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی حوزەیرانی 2022، دەستەی وەبەرهێنان بڵاویكردوەتەوە،" دەستەی وەبەرهێنان بەردەوامە لە داڕشتن و دروستكردنی فۆڕمی یەكەی نیشتەجێبونی كرێنشینان بەشێوەیەكی تەندروست بێ هیچ كەموكوڕیییەك، لەئێستاشدا  فۆڕمێكی سەرەتایی بۆ ئەوانەی شایستەن و دەیانەوێ سودمەندبن لەو 20   بیست هەزار یەكەی نیشتەجێبونەی بڕیارە دروستبكرێت ، بۆ بەرچاوڕونی پڕۆسەی تۆماركردن ، لەخوارەوە دەتوانن سود لە  فۆڕمەكە وەرگرن". هەروەها ئەوە خراوەتەروو كە لەگەڵ  دامەزراوەی "كان" دوو هەفتەیە سەرقاڵی داڕشتنی فۆڕمەكەن و هەفتەی داهاتووش فۆڕمەكە بەشێوازی ئەلیكترۆنی و بە ئۆنڵاین، لەژێر چاودێری دەستەی وەبەرهێنان ، لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەست دەبێت. ئاماژەی بەوەشكراوە كە دوای تەواوبونی فۆڕمەكە لەماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەیجی دەستەی وەبەرهێنان ، لینكی فۆڕمەكە دادەنێرێت. پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی هاوكاریكردنی چینی هەژاران بڕیاری دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبونی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم راگەیاند.  

هاوڵاتی ئەندامێكی پێشووتری پەرلەمانی عێراق كوژرانی بەرپرسی یەكەی تیرۆرى  موسادى ئیسرائیل لەهەولێر دووپاتدەكاتەوە. سەردار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە تویتەری خۆی نوسیویەتی:"سەرچاوە ئەمنییە ئاگادارەكان ئاشكرای دەكەن هەواڵی كوژرانی ئەفسەرێكی ئیسرائیلی لەهەولێر لەسەدا سەد راستە". هەروەها نوسیویەتی:"ئەفسەرەكەی ئیسرائیل سەرۆكی یەكەی تیرۆركردنی موسادە و ناوی نۆڤار پۆكەرە". ئاژانس و میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە لە ئەنجامی هێرشی درۆن بۆ سەر رێگەیەكی خێرای هەولێر بەرپرسێكی مۆسادی ئیسرائیلی كوژراوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوە عەرەبی و بیانییەكان. " بەپێی زانیاریەكان هێرشەكە 3 ئۆتۆمبێلی كردووەتە ئامانج، كە شانەیەكی هەواڵگری ئیسرائیلییان دەگواستەوە، ئامانجی هێرشەكەش ئەو شانەیە بووە"، میدیاكانی ئێران وا دەڵێن. لەلایەكی ترەوە پەیجی "ئینڵ سكات" لە تویتەر كە تایبەتمەندە بە شیكردنەوەی مەترسییە نێودەوڵەتییەكان بڵاویكردووەتەوە، بەرپرسێكی مۆساد لەو هێرشەدا كوژراوە. لای خۆیانەوە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە باس لەوە دەكەن بەرپرسێكی مۆسادی ئیسرائیلی لە هێرشەكەدا كوژرابێت.