سازدانی: سەركۆ جەمال   عەلی حەمەساڵح دەڵێت:»چارەسەری گرانی نرخی بەنزین ئەوەیە لەناوخۆ نەوتی زیاتر بپاڵێورێت و حكومەتی هەرێم پاڵپشتی دارایی بكات». عەلی حەمەساڵح دەشڵێت:»چارەسەر ئەوە نییە بازرگانەكان بەنزین لەدەرەوە بهێنن، چونكە ئەوە بەپێی نرخی جیهانی دەبێت و گران دەكەوێت و لیترێك دەگاتە هەزارو 400 بۆ هەزارو 600 دینار». هاوڵاتی: هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق دەتوانێت پاڵپشتی دارایی بۆ سوتەمەنی (بەنزین) بكات لەئێستادا؟ عەلی حەمەساڵح: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت بداتە پاڵاوگەكان بەتەنیا پاڵاوگەی كار دەتوانێت نزیكەی بەشی هەموو پێداویستی كوردستان بەنزین دابین بكات، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر 25 هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت، بازیان و قەیوان ئێستا بۆ عێراق كاردەكەن واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی ناداتێ، بەڵكو عێراق دەیداتێ، بۆیە بەرهەمەكەشی دەداتەوە بەعێراق. هاوڵاتی: پێشتر باستان كردووە كە بەنزینی 690 هەزار دیناری لە هەولێر هەیەو بۆ سلێمانی و دهۆك نییەو راگیراوە، بۆچی؟ عەلی حەمەساڵح: ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 23 بۆ 25 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، ئەو نەوتەش نزیكەی ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەمی هەیە، زیاتر بۆ كۆمپانیای سەن ئۆیل و كورد نەفتە، بەشێكی زۆری لەهەولێر و بەشێكی تریشی لەپارێزگای دهۆك دابەشدەكرێت، هیچی رەوانەی سلێمانی ناكرێت. هاوڵاتی: كەمتەرخەمی لەستافی تیمی حكومی یەكێتی و گۆران هەیە كەخەمی لێناخۆن؟ عەلی حەمەساڵح: بێگومان بەشی سلێمانی رۆژانە نزیكەی 400 هەزار لیترە ئەوە دوو ساڵ و شتێكە نەدراوە، بێگومان حكومەت بەرپرسە، بەڵام ئەگەر وردتری بكەیتەوە تیمی یەكێتی و گۆڕان لەحكومەت بەرپرسیارێتی زیاتریان لەئەستۆیە، لەبەرئەوەی زیاتر نوێنەرایەتی ئەو ناوچەیە دەكەن. هاوڵاتی: بێجگە نرخەكەی خراپی كوالێتییەكەی لەشۆسیال میدیاشدا باس دەكرێت، پێتانوایە چاودێری وردی بەنزین ناكرێت لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە؟ عەلی حەمەساڵح: نەخێر چاودێری ناكرێت و ئەو بەنزینەشی كە لەبەنزینخانەكاندا هەیە كوالێتیان زۆر خراپە و پێشتریش چەندین جار ئەوەمان وتووە. هاوڵاتی: چارەسەر چییە كاك عەلی، دواجار ئەم وڵاتە و ئەم خەڵكە نابێت بەم دۆخەوە بژین؟ چی بكرێت؟ عەلی حەمەساڵح : چارەسەر ئەوە نییە بازرگان لەدەرەوە بیهێنێت، چارەسەر ئەوەیە لەناوخۆدا نەوت بپاڵێورێت.  ئەگەر سەیری نرخی بۆرسە بكەین لەدوبەی كە نزیكترین شوێنە بۆ بازاڕی سوتەمەنی نزیكەی هەزارو 400 بۆ هەزارو 600 دینارە، تادێتە ئێرە ئەگەر بەنزین بێت دەگاتە هەزارو 600  دینار ئەوپەڕی، ئەگەر تێكەڵەو بابەتێكی تر بێت ئەوەیان بابەتێكی ترە. چارەسەر بازرگانی نییە ئەگەر لەدەرەوە بهێنرێت پەیوەندی بەنرخی جیهانیەوە هەیە، تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەت خۆی پشتیوانی بكات ئەویش بەپاڵاوتنی سەرجەم جۆرەكانی سووتەمەنی. هاوڵاتی: هەڵبژاردن وەك دەردەكەوێت دوادەخرێت، دەڵێن كاك عەلی حەمەساڵح لیستی دەبێت و كاریشی بۆ كردووە؟ عەلی حەمەساڵح: پێشتریش وتوومە هەڵبژاردن ئەمساڵ ناكرێت و ناكۆكیەكانیش لەسەر كۆمەڵێك بابەتن وەكو كۆتاكان، تۆماری دەنگدەران، بازنەكان كە ئایا فرەبازنەبێت یان یەك بازنە بێت، باوەڕی ئێمە ئەوەیە بەرەیەكی جددی ناڕازی دروست بكرێت لەهەرێمی كوردستان

هاوڵاتی بەپێیی بریارێكی دادگای بەرایی سلێمانی /٢ و پاڵپشت بەبریارێكی پێشوتری ئەنجومەنی شورای ھەرێم ئەو گرێبەستەی وەزارەتی داد لەگەل كۆمپانیای كەرتی تایبەت كردویەتی كە "لە فەرمانگەكانی دادنووس پارە وەردەگرن لە ھاوڵاتیان لەروی یاساییەوە پوچەڵە.". حاكم لەتیف مستەفا رایگەیاند كە وە بەپێی یاسا ھەموو رسوماتێك دەبێ بە یاسا لە لایەن پەرلەمانەوە بریاری لێبدرێ و تەنھاش لەلایەن كارمەندانی فەرمانگە وەربگیرێت و ھەر پارەیەك بدرێ بە كۆمپانیا نایاساییە". هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە هەر كەسێك مامڵەی ھەبوو لە دادنوس  تەنیا ئەو پارەیە دەدات كە لەلایەن فەرمانگەی دادنوس خۆیەوە لێی وەردەگیرێت. لەم بریارەدا دادگا بریاریداوە بە گێرانەوەی بڕی ئەو پارەیەی كە داویەتی بە كۆمپانیاكە  

هاوڵاتی  وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند:" هێرشی سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدەدەین كاتی خۆی هات چی پێویست بكات ئەنجامی دەدەین". ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا قسەیكرد و باسی لەو ئۆپەراسیۆنە كرد كە توركیا دەیەوێت بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریاری دیموكرات(هەسەدە) ئەنجامی بدات. خولوسی ئاكار، راشیگەیاند:" وەڵامی پێویستمان بۆ ئەو هەوڵانە دەبێت سەقامگیری هەندێك ناوچەی سووریا دەكەنە ئامانج كە ئارامییان بۆ دەستەبەركراوە، تەنیا دەمانەوێت ئاسایشی سنوورەكەمان و هاووڵاتییانمان بپارێزین".  

هاوڵاتی دوو لەو شۆفێری تەكسییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبەردەم پارێزگای سلێمانی گردبونەوەی ناڕەزاییان كرد بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، ئازادكران. كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "دوای هەوڵەكانم هەر لەڕێگای یاداشتەوە لەئەنجومەن لەگەڵ پارێزەری خۆبەخش و دڵسۆز زمناكۆ سەلیم و هاوڕێیانمان بۆ ئازادكردنی شۆڤێرانی تەكسی كە هەشت ڕۆژ بوو لەزیندان بوون ئەوەش بۆ گردبوونەوەی بەڵێ بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین بەشداربوون سەردانی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانیم كرد و كاك هیوا بەڕێوەبەر دەستبەجێ داوای لێكردین ڕێكارە یاساییەكان بگرینەبەر بۆ ئازادكردنی كۆسەڵان ڕەئوف و حاجی گۆران، ئەوەبوو مەڵبەندی حزبی شوعی لە سلێمانی ئەركی كەفالەكەیان لەئەستۆ گرت". هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە كە بۆ دوو شۆفێرەكەی دیكەش بەرێوەبەری ئاسایش بەڵێنی پێداوون كە لەم هەفتەیەدا بەهەموو شێوازێك پشتیوان دەبێت بۆ ئازادكردنی ئەوانی دیكەش كە لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی پێشمەرگە لەزیندان ڕاگیراون، وتیشی:" پەیوەندیم كرد بە ئەفسەری سكاڵاكار، ئەویش لاری نەبوو  سكاڵاكەی بكشێنێتەوە".  

هاوڵاتی ئامینە كاكە باوە لەناو پەرلەمانی سوید رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت"، حكومەتی سوید ڕازی بوو بە داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریكردن لە دۆزی كورد بە تایبەت لە ڕۆژئاڤای كوردستان و ئەویش دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەدا.  مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، بە مەرجی پشتیوانی كرد لە دۆزی كورد بە تایبەت ڕۆژئاڤای كوردستان ئامینەكاكە باوە، وەك تاكە دەنگی یەكلایی كەرەوە دەنگی بە كابینەی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دا و توانیان حكومەت دروستبكەن، لە بەرامبەردا لیبراڵەكان بوون بە ئۆپۆزسیۆن. ئامینەكاكە باوە لەناو پەرلەمانی سویددا دەنگی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومەتدا، بەو پێیەی سۆسیال دیموكراتەكان كە پێكهێنەری حكومەت خاوەنی 274 دەنگن و ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنی 274 دەنگە. دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی سوید لەلایەن سۆسیال دیموكراتەكانەوە، پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ڕێكخراوی ناتۆدا هاتە ئاراوە، دەوڵەتی تورك كە ئەندامی ناتۆیە، لە بەرامبەر ڕازی بوونیدابۆ بەئەندام بوونی سوید، چەند داوایەكی خستە بەردەم حكومەتی سوید گرنگترینیان بە تیرۆرست ناساندنی "یەپەگە و یەپەژە" و بڕینی هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاڤا و فرۆشتنی چەك بە توركیا. ئامینەكاكە باوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستی وەرگرت و هەڕەشەی ئەوەی كرد لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا دەنگدەدات بە متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری داد كە پرۆژەكە لەلایەن لیبراڵەكانەوە پێشكەشكرابوو. حكومەتی سوید لە بەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەیدا ناچاربوو مل بۆ داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بدات، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا ئامینەكاكە باوە دەنگی نەدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد. لە وتارێكدا ئامینەكاكە باوە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا پێشكەشی كرد رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت". ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 1992ەوە لەسوید دەژی، 17 ساڵە لەناو پارتی چەپی سوێدیەو ماوەی دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.  

هاوڵاتی ترسی خۆپێشاندەران بۆ نێو باڵەخانەی پەرلەمان، وای كرد پەرلەمانتاران بینای پەرلەمان چۆڵ بكەن.  

هاوڵاتی "لە زاپ زلـلەیەكی نوێ لە لە سوپای تورك دەدرێت و تەرمی ئەو سەربازانەی لە دۆڵەكاندا كەوون بۆی كۆناكرێتەوە،ئەو سەربازانەشی لە ناوچەكانی جەنگدان باری دەرونییان تێكچووە، بۆیە بە ناچاری چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت".، لەراپۆرتێكی تایبەتدا باسی داگیركارییەكانی سوپاكەی ئەردۆغان دەكرێت. ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، ئاژانسی فورات نیوز میدیای نزیك لەپارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)راپۆرتێكی بڵاویكردووەتەوە كە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە، دەوڵەتی تورك هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەڵام لەسەر دەستی گەریلاكان شكستی گەورەریان بەركەوتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە كە"زلـلەیەكی نوێ لە زاپ لە سوپای تورك دەدرێت لە گۆڕەپانەكانی كوڕەژارۆ، ئەشكەوتی برینداران، چیاڕەش و ئەرتوش تێكۆشانێكی مێژوویی هەیە، لەلایەك بەرخودانی تونێلەكان هەیە، كە ڕێگە بە پێشڕەویی داگیركەری نادەن و شاخەكان و لوتەكان دەپارێزن". ئەوەش خراوەتەروو كە " تیمە نیمچە گەڕۆكەكان هەر لە رۆژی یەكەمەوە لە ژێر بۆردومانی قورسی فڕۆكەكاندا چالاكییان ئەنجام دەدا و بۆ ساتێكیش ڕانەوەستان و بەردەوامن لە چالاكییەكانیان، تیمە نیشانەشكێنەكان سەربازەكانی توركیان تووشی شۆك كردووە، دەیان گەریلا بۆ سەركەوتنی ئەم شەڕە خۆیان فیدا كردووە". وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە:" فڕۆكە جەنگییەكان ناتوانن گورز لە گەریلا بدەن و لەبەر ئەوەش ناوچەكانی كوردستان بۆردوومان دەكەن، تەرمی ئەو سەربازانە، كە  ناسنامەكانیان ئاشكرا نەكراوە و بە ڕای گشتی و بنەماڵەكانیان ڕانەگەیەندراوە، لە ژێر تاشەبەردەكاندا كەوتوون، تەرمی ئەو سەربازانەی لە دۆڵ و زنارەكانی زاپ دا كەوتوون بۆ ئەو سوپایە كۆ ناكرێتەوە، ئەو سەربازانەشی لە ناوچەكانی جەنگدان باری دەرونییان تێكچووە…". هاوكات ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە" تەنها یەك چەك لە دەستی سوپای توركدا ماوە، ئەوش چەكی كیمیایی، گازی ژەهراوی و تەقەمەنی گەورەیە، سوپای تورك ساڵی پار بە تایبەتی لە هەرێمی ئاڤاشین بەهۆی ئەو گورزانەی لێیدرابوون لە دژی تونێلەكانی جەنگ گازی كیمیایی بە ڕێژەییەكی زۆر  بەكارهێنا و پێوەر و ئەخەلاقی جەنگی پێشێلكرد، ئەمساڵیش بەهەمان شێوە لەم جەنگە پیسەیدا هەمان ئەو شێوازە چەپەڵە بەكار دەهێنێت، لە چیاڕش هەشت گەریلا و لە كوڕەژارۆش پێنج گەریلا بەهۆی چەكی كیمیاییەوە شەهید بوون".  

هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:" بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و خواردن بابەتێكی جیهانیەو پێویستە خۆمان لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخەكان بگونجێنین". مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند:" حكومەت هەوڵیداوە بارگرانی بەرزبونەوەی جیهانی نرخی سوتەمەنی و خواردەمەنی نەكەوێتە سەرشانی هاووڵاتیان، بەڵام بابەتەكە جیهانیەو پێویستە هەوڵبدەین خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین". هەروەها راشیگەیاند:" نرخی كارەبامان بۆ هەندێك شوێن كەمكردۆتەوەو سوتەمەنیمان بۆ نانەواخانەكان دابینكردوەو هەوڵمانداوە ئێمەش بەشداربین". نرخی كاڵا و پێداویستتیەكانی رۆژانە بەتایبەت خواردەمەنییەكان بۆ دوو هێندە زیادی كردووەو نرخی بەنزینیش گران بووەو حكومەتی هەرێم تا ئێستا ئامادە نییە پاڵپشتی دارایی بكات بۆ هەرزانكردنی نرخەكەی.     

هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی سوید كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە دەنگی یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵوەشانندەوەی حكومەتی سوید كە دەیانەوێت هاوكاری حكومەتەكەی ئەردۆغان بكەن لەپێناو بوون بە ئەندامبوونیان لە ناتۆدا.  ئێستا سۆسیال دیموكراتی سوید كە حكومەتیان بەدەستەوەیە دەیەوێت دژی كورد هاوكاری دەوڵەتی توركیا بكات لەپێناو بوون بە ئەندامبوونی وڵاتەكەیان لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ)، لەوبارەیەوە ئامینە كاكە باوە هۆشداری داوەتە حكومەتی سویدی. ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، پەرلەمانی سوێد بۆ دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد كۆدەبێتەوە.  ماگدالینا ئاندێرسۆن، سەرۆكی حكومەتی سوید رایگەیاند: "متمانە لە وەزیری داد بسەندرێتەوە منیش دەستلەكاردەكێشمەوە". ئەوانەی دەیانەوێت متمانە لە وەزیری داد و ناوخۆی سوید بسەننەوە خاوەنی 173 كورسی پەرلەمانن و پێویستیان بە دەنگی  ئامینە كاكە باوە و پەرلەمانتارێكی دیكەیە كەناوی(ریچهۆڤ رۆگل) بۆ ئەوەی متمانە لە جۆهانسۆن بسەندرێتەوە. ئامینەی كاكە باوە نوێنەری ناوچەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سویدە، ئێستا وەك نوێنەرێكی بێلایەن كاردەكات، پێشتر نوێنەری حیزبی چەپی سویدی بووەو ئەمڕۆ دەنگی یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دادو ناوخۆی سوید. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە كە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بڵاوكراوەتەوە، كاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لەسەر داوای 47 پەرلەمانتار، دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لە مۆرگان جۆهانسۆن، وەزیری داد و ناوخۆی سوێد بەڕێوەدەچێت. ئامینە كاكە باوە كێیە؟ ـ سیاسەتمەدارێكی كوردی سویدیە و لە ساڵی (٢٠٠٨)دا بووەتە ئەندام پەرلەمانی سوید. ـ لە ساڵی (١٩٧٠) لە گوندی (تورجان)ی سەر بە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. ـ لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا پەیوەندی دەكات بە كۆمەڵەی كوردستانی ئێرانەوە و دەبێتە پێشمەرگە. ـ لە ساڵی (١٩٩٢) كە تەمەنی دەگاتە (١٩) ساڵ كۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و دەچێتە سوید و ساڵانی دواتر دەبێتە پەرلەمانتار. ـ بەكالۆریۆسی لە بواری ڕاوێژی كۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی ستۆلهۆڵم وەرگرتوە. ئامینە كاكە باوە لەگەڵ وەزیری دادی سوید  

هاوڵاتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای دەكات كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، وەزارەتی دارایی ناچار دەكات بەهەند بڕیارەكە وەربگرێت و راشیگەیاند:" هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەك لە چوارچێوەی پشكی 12% وەرنەگرێت". ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2022، وەزیری دارایی عێراق لە میانی چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند:"داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ناشەرعییە". هەروەها راشیگەیاند:"ناكرێت هیچ بڕە پارەیەك لە بودجەی ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت، تا ئەو كاتەی پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم یەكلانەكرێتەوە و نەچێتە دەستی كۆمپانیای سۆمۆ". ئەم وتانەی وەزیری دارایی عێراق لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئومێد سەباح، ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، دوای سەردانەكەیان و گفتوگۆیان لەگەڵ دویانی چاودێری دارایی عێراق رایگەیاند:" هیچ بیانوویەكیان نەهێشتووەتەوە بۆ بەغدا كە 200 ملیار دینارەكە رەوانە نەكات". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سەرجەم داتاكانی داهات و خەرجییەكانیان تەسلیمی بەغدا كردووە.  

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ڕایگەیاند:"لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، 18 داگیركەری تورك كوژراون و گورز لە هێلیكۆپتەرێكیش دراوە. ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی دوو ڕۆژی ڕابردووی گەریلاكان دژی سوپای تورك بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە ئەنجامی چالاكی هێزەكانماندا ١٨ داگیركەر سزادراون و گورز لە هەلیكۆپتەرێك وەشێنراوە، هاوكات داگیركەران ١٨ جار تونێل و سەنگەرەكانی شەڕیان بە چەكی كیمیایی و بۆردوومان كردووە، جگەلەوەش ١٧ جار بە فڕۆكە و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن مەیدانەكانی بەرخۆدان بۆردوومان و تۆپباران كراون. گەریلاكان لە ناوچەی ئاڤاشین لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی حوزەیران دوو چالاكییان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، بەڵام زیانەكانی سوپای تورك نەزاندراون. لە زنجیرەیەك چالاكیی گەریلاكاندا لە ناوچە جیاجیاكانی مەتینا، ١٥ داگیركەری تورك سزادراون و گورز لە هێلیكپۆپتەرێكی سكۆرسكیی سوپای توركیش وەشێندراوە، بەو هۆیەوە نەیتوانیوە بنیشێتەوە و داگیركەران دابنێت. گەریلاكان زنجیرەیەك چالاكییان بە چەكی سووك و مامناوەند دژی داگیركەران ئەنجامداوە، كە هەوڵیانداوە نزیك ببنەوە لە توونێلەكانی شەڕ، لە ئەنجامیشدا سێ داگیركەر سزادراون. دوێنێ ٥ی حوزەیران سوپای تورك ١٨ جار بە چەكی كیمایی ناوچەكانی گردی هەكاریی، وەرخەلێ، ئەشكەوتی برینداران، كاركەر، چیاڕەش و گردی جەهەننەم-یان بۆردوومان كردووە. هەروەك ١٧ جار بە فڕۆكەی جەنگیی و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بۆردوومان و تۆپباران كراون.  

ئارا ئیبراهیم وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوەی خستەروو كە دوای هەوڵەكانی خۆیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بریارە دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری عێراقی سبەینێ سێشەممە دەستپێدەكاتەوەو تەنها لەناوشاری سلێمانی دابەشدەكرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی:" دوای هەوڵەكانی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنی بەنزینی 690 دیناری، بڕیارە بۆ سبەینێ سێشەممە بڕێك بگاتە سلێمانی و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت تەنها لەناو سەنتەری شار هەیە". ناوبراو ئەوەشی خستەروو ناتوانن بڕی بەنزینەكە ئاشكرا بكەن لەئێستادا بۆیە تەنها لەناو شار لەلایەن بەنزینخانەكانی پێشتر دابەش دەكرێت. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە سبەینێ لۆد و قەرەباڵغی زۆر لەو بەنزینخانانە دروست دەبێت، بەڵام وتیشی:"ئەولەویەت بۆ پاس و تاكسی دەبێت و دواتر بۆ ئوتومبێلی تایبەت". لەئێستادا بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەر لیترێك بە هەزارو 100 دینار و موحەسەن هەزارو 225 و سوپەر هەزارو 300 دینار. " دابەشكردنی بەنزینی 690 دیناری بەشی خۆی كاریگەری لەسەرنرخی بەنزین دەبێت، چونكە بریارەكە وایە كە ئەم بەنزینە بەردەوام بێت".  

هاوڵاتی ‎لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە ئاشكرا دەكات  ئەو پێشنیازانەی هەبووە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجام و دەشڵێت:" لەگەڵ هەڵبژارنێكی پاك و بێگەردداین". ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، ‎یاسین حەمە عەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"بڕیاربوو كە ئەمڕۆ دانیشتنێك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان دەزگای هەڵبژاردنەكانی لایەنەكان بكرێت، بەڵام لەبەر هۆكاری تەكنیكی بۆ كاتێكی تر دواخرا". ناوبراو باسی لەوەشكرد كە ئەوان دەست پێشخەرییان هەبووە تا لایەنەكان هەوڵی لێكتێگەیشتن بدەن كە لە خزمەتی چارەسەری پرسەكەدا بێت. ‎هەروەها لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان پێشیوابوو كە یاسای هەڵبژاردن رەهەندی نیشتمانی هەیە، وتی:"ئەو هەوڵانەی بۆ نزیكبوونەوەی نێوان لایەنەكان هەیە هیوادارین بگاتە سازانێكی نیشتمانی". ‎هاوكات، لەبارەی هەمواری بیاسی هەڵبژاردن بەتایبەت هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە،  یاسین حەمە عەلی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوان ساڵێك پێش ئێستا لەرێی فراكسیۆنەكەیانەوە هەمواری یاسای هەڵبژاردنیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە، وتیشی:" لەگەڵ هەڵبژاردنی پاك و بێگەردداین لەكاتی خۆیدا". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی وەك وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام بەهۆی كارا نەكردنەوەی ئەنجومەنی باڵای كۆمیسیاران و داواكاری لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان، ناكۆكی لەنێوان لایەنەكاندا هەیە. پارتی و پێكهاتەكان لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن وەك خۆی بێت و ئەم هەڵبژاردنەی پێ ئەنجام بدرێت، بەڵام هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوەو پێكهاتەكان تۆمارێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت، جیابێت لە تۆماری گشتی دەنگدەران.   

هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی هاوخەمیی بۆ كۆچی دوایی د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی كورد بڵاوكردەوە و دەڵێت:" نەوە لە دوای نەوە شانازی بە بەرهەمەكانی مامۆستا عەزیز گەردییەوە دەكەن". دەقی پرسەنامەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەداخەوە خزمەتكارە گەورەكەی زمان و ئەدەبی كوردی مامۆستا عەزیز گەردی كۆچی دوایی كرد. لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری مامۆستا و هەموو خەمخۆرانی زمان و ئەدەبی كوردی دەكەم. مامۆستا لە ریزی ئەو نووسەر و رۆشنبیرە گەورانەی گەلەكەماندایە كە كاریگەرییان لەسەر نەوەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و نەوە لە دوای نەوە شانازی بە بەرهەمەكانیانەوە دەكەن.  یاد و ناوی دكتۆر عەزیز گەردی بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ دوشەممە 6ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر لەراگەیەنراوێكدا گیان لەدەستدانی د.عەزیز گەردی پشتڕاستكردەوە.  

هاوڵاتی ئەندامێكی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوساندن لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕایگەیاند:" بەداتا سێ بابەتی گرنگمان پێشكەشی بەغداكردو هیچ بیانویەك بۆ نەناردنی 200 ملیارەكە نەماوە". ئومێد سەباح ئەندامی وەفدەكە ڕایگەیاند:" لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی كۆبونەتەوە بەداتا كۆی داهات، خەرجیەكان، میلاكاتمان پێشكەشكردوون". هەروەها پێشیوابوو كە ئەو زانیاریانەی پێیانداون پڕبایەخن، وتیشی:"هیچ بیانویەك بۆ بەغدا نەماوە كە بەهەرێمی بگرێت‌و 200 ملیارەكە نەنێرێت". ئەمڕۆ دووشەممە 6ی حوزیرانی 2022، وەفدێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی خالید شوانی، وەزیری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق سەردانی بەغدادیان كرد، ئامانجی سەرەكیان كۆبونەوەبووە لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی.