لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرپرسانی سێ لقی حکومەت، ٧١ ئەندامی پەرلەمانی ئێران خوازیاری "پێداچوونەوە بە سیستمى بەرگری" و گۆڕانکاری لە فەتوای خامنەیی دەکەن سەبارەت بە بەدەستهێنانى چەکی ئەتۆمی، لەکاتێکدا تاران و مۆسکۆ ڕێکەوتنێکیان بۆ دروستکردنی هەشت وێستگەی ئەتۆمی واژۆکرد. ئەو ئەندامانەى پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری کۆمارى ئیسلامی ئێران و سێ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان بە پێویستى دەزانن، خامنەیی پێداچوونەوە بە فەتوایەکی دا بکات بۆ حەرامکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2010 دەریکردووە. لە نامەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە "فەتوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ قەدەغەکردنی دروستکردن و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆم، لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەیانتوانی تاڕادەیەک، هەڕەشە و پەلامارەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام ئێستە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و ئیسرائیل سنووری هەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکانی بەزاندووە، دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەرکێکی نیشتمانی شەرعییە." سەرەڕای چەندان کۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هێشتا دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر نەکراوە و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا هەڕەشەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکەن. داخوازیی ئەم پەرلەمانتارانەی ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، لەوانەیە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ئێران توندتر بکات. لە ساڵانی رابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چەندین وتاردا چەکی ئەتۆمی بە حەرام ناو بردووە و رایگەیاندبوو کە بەکارهێنانی ئەو چەکە بە ڕێگەپێدراو نازانێت. ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە نامەکەیاندا نووسیویانە "گۆڕینی فەتواکان بە گوێرەی هەلومەرج لە فیقهی شیعەدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە حوکمدا، لە کاتێکدا بەرژەوەندی پاراستنی ئێرانی ئیسلامی یەکێکە لەو ئەرکە گرنگانەی کە دەتوانێت حوکمی قەدەغەکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بگۆڕێت". عەلی خامنەیی چەندین لێدوانی سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ لەوانەش چەکی ئەتۆمی داوە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا دەڵێت "هەرچەندە دەمانتوانی ئەم ڕێگایە [بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی] بگرینە بەر، بەڵام بە پێی حوکمی ئیسلامی خۆشەویست، بەکارهێنانی ئەم چەکەمان بە ڕەها حەرام ڕاگەیاندووە، بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ خەرجکردنی پارە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستنی چەکێک کە بەکارهێنانی بەتەواوی قەدەغەیە”. لە وتارێکی دیکەدا خامنەیی دەڵێت "ئێمە پێمان وایە چەکی ئەتۆمی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و نابێت بەرهەم بهێنرێت، هەرچی بۆمبی ئەتۆمە لە جیهاندا دەبێت لەناوببرێت و ئەمە باوەڕی ئێمەیە".
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرکەوە ڕایگەیاند، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت 230 هەزار بەرمیلە. 50 هەزاری بۆ بەکاربردنی ناوخۆیە، ئەوەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی سۆمۆ دەکرێت. رۆژی دووشەممە رێککەوتنی سێقۆڵیی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و عێراق لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆکرا. د. فوئاد حوسێن دەڵێت: "ئەمە رێککەوتنێکی گرنگە، ئاسان نەبوو. تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی وا نەکراوە." وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها گوتی، "ئەمە رێککەوتنێکی زۆر جیاوازە؛ رێککەوتنێکە لە نێوان هەولێر و بەغدا و، لە نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکان." هەروەها "ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت." د. فوئاد حوسێن ئەوەشی گوت کە پرسی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەبێت. لەلایەکى دیکەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی " الشرق" لە نیویۆرکەوە، دەڵێت: جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران. فوئاد حسێن، هۆشداریی دا لە سەپاندنەوەی سزاکانی پێشوی ئەوروپا بەسەر ئێرانداو وتی: گەڕانەوە بۆ ئەو سزایانە هەموو لایەک بەرەو بنبەست دەبات، کە بە مەترسیدار وەسفی کرد. راشیگەیاند:هەڕەشەكانی ئیسرائیل له دژی ئێران دەبێتە هۆی گرژیی زیاتر و کێشەی گەوره له ناوچەکه بە دوای خۆیدا دەهێنێت. سەبارەت بە مەترسییەكانی عێراقیش، فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەكرد: جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، ئەوەش لێكەوتەی ئەو هێرشانەیە (جەنگی ئێران و ئیسرائیل)، هیواشی خۆی دەربڕی ئەو گرژییانە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی چەند وڵاتێکی زۆرینەی موسڵمان کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بارودۆخی کەرتی غەززە کە لەژێر پەرەسەندنی هێرشی ئیسرائیلدایە. کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ترامپ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، میسر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان ئەنجام دەدات. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی غەززە دەکرێت. پێشتر ماڵپەرى ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ترەمپ پێشنیارێک بۆ ئاشتی و داهاتووی حوکمڕانی لە غەززە لە دوای جەنگ پێشکەش بە سەرکردەکانی ئەم کۆمەڵە وڵاتە دەکات . جگە لە ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەکسیۆس پێشبینی دەکات ترەمپ بنەماکانی کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی و داهاتووی حوکمڕانی لەوێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، بەبێ بەشداریکردنی حەماس تاوتوێ بکات. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش ڕێکبکەون لەسەر ناردنی هێزی سەربازی بۆ غەززە بۆ هاوکاریکردنی کشانەوەی ئیسرائیل و دابینکردنی بودجەی عەرەبی و ئیسلامی بۆ قۆناغی ئینتقالی و ئاوەدانکردنەوە. لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترامپ ئەمرؤ سێشەممە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتار دەدات، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی دەیان سەرکردەی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتێکی فەلەستین. ئەمەش گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسی مێژووییە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە شەڕی غەززە، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێتەوە. ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاند کە چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بەڵام ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی پاداشتێکە بۆ توندڕەوی". هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ هەزار فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و برسێتی لێکەوتووەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی مافی مرۆڤ و توێژەران و لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەم هێرشە دەگاتە "جینۆساید". ترەمپ بەڵێنیدا بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت، بەڵام دوای هەشت مانگ لە دەستبەکاربوونی، چارەسەرێک بە زەحمەت ماوەتەوە. ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپ بە ئاگربەستی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، کە بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ١٨ی ئازاردا ٤٠٠ فەلەستینی کوژران، لەم دواییانەدا وێنەی فەلەستینییە برسیەکان، لەنێویاندا منداڵان، توڕەیی جیهانیی لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لێکەوتەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا ڕایگەیاند: بۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دووپاتمان کردووەتەوە، مافی کورد لە سووریا دەپارێزین، بەڵام ئەوان سستن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق. دووشەممە 22ـی ئازاری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەچوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا لە نیویۆرکی ئەمەریکا گوتی: دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بگەینە ڕێککەوتنی ئاشتی و زۆر بەخێرایی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەتایبەتیش ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئازاری ڕابردوو واژۆمان کرد. شەرع دووپاتی لەوە کردەوە، پرەنسیپی زۆرینەیان لە هەڵبژاردندا ڕەت کردووەتەوە، چونکە باوەڕیان بە بەشداریی تەواوی لایەن و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سووریا هەیە. سەرۆکی سووریا گوتیشی: نکۆڵی لە پێکهاتەی کورد و پێکاتەکانی دیکەی سووریا ناکەین، داوامان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کردووە تێکەڵی سوپا بن بۆ ئەوەی کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەربگرین. لەبارەی ڕووداوەکانی دوایی سووریاش، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکان پێکهێناوە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن. سەبارەت بە ئاڵۆزی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلیش، سەرۆکی سووریا گوتی: دەکرێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ لایەن هەوڵدەدەن ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن. گرنگنرین قسەکانى ئەحمەد شەرع... 🔹سوریا پێویستی بە دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ژیان، سەرۆك ترەمپ سزاكانی لەسەر هەڵگرت، دەبێت كۆنگرێس كار بكات بۆ ئەوەی بەیەكجاری سزاكان لاببات. 🔹تائێستا زیاتر لە 250 هەزار بێسەروشوێن لە سوریا هەن، ملیۆنێك مرۆڤیش لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا كوژراون. 🔹كەوتنی رژێم دەرگای قۆناغێكی مێژوویی نوێی بۆ ناوچەكە كردەوەو، ئەمڕۆ بەرژەوەندی هاوتا لەنێوان سوریاو خۆرئاواو ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە. 🔹سوریا لە 60 ساڵی رابردوودا ئاڵۆزی زۆری بۆ بەجێماوەو ناتوانین بە یەكجار كێشەكان چارەسەر بكەین. 🔹كۆنترۆڵی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، سوریا دەپارێزێت لە ململانێ و ئاڵۆزیی. 🔹پێشنیارمان بۆ هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) كردووە لەگەڵ سوپای سوریا تێكەڵ ببێت بۆ سودوەرگرتن لە شارەزاییان، بەڵام دواكەوتن هەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە). 🔹مافەكانی كورد لە سوریا بەپێی دەستور پارێزراوە. 🔹مانەوەی هێزەكانی (هەسەدە) لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا عێراق و توركیاو سوریا روبەڕووی مەترسی دەكاتەوە. 🔹سوریا دەوڵەتی یاسایەو بە یەك مەودا لە هەموو هاوڵاتیانی سورییەوە رادەوەستێت. 🔹پێویستە بگەینە چارەسەری ئاشتیانەو خێرا بەتایبەت رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە)دا. 🔹بنەمای پشك پشكێنەمان رەتكردەوەو لە پێكهێنانی حكومەتدا پشتمان بە بنەمای شەراكەت بەست. 🔹گرنگترین ئەولەویەتمان بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنییە لەرێگەی یەكڕیزی گەل و كۆنترۆڵی چەك لە دەستی دەوڵەتدا. 🔹لیژنەمان پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی راستییەكان لەبارەی رووداوەكانی (ساحیل)و (سوەیدا)وە، رێگەمان داوە بە هاتنی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی. 🔹پابەندین بە لێپێچینەوە لەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر هەر هاوڵاتییەكی مەدەنی، چونكە سوریا دەوڵەتی یاسایە. 🔹هەندێك لایەن هەوڵی وروژاندنی ململانێی تائیفی دەدەن بۆ ئەوەی دەستوەردات لە كاروباری ناوخۆی سوریا بكەن. 🔹كار بۆ هێوركردنەوە دەكەین لەگەڵ ئیسرائیل، دەكرێت لەدوای رێككەوتنی ئەمنیی، باس لە پەیوەندی ئایندەمان لەگەڵ ئیسرائیل بكەین. 🔹خاكی سوریا نابێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ كەس، دیمەشق نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و دانوستان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی 1974.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان واژۆکرد. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان لە هەولێر واژۆ کرد، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایدەگەیەنێت، کەمێک پێش ئێستا لە هەولێر، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرا. بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەقى ریککەوتنەکە رەوانەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بکرێت، بۆ ئەوەى لەکۆبنەوەى سبەینێ گفتوگۆو بڕیارى لێبدرێت، لەدوای ئەم رێککەوتنە چاوەڕوان دەکرێت، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە ڕابگەیەنرێت و دواتر وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان. لە مانگى تەمموزى رابردوودا، حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ رێککەوتبوون. بەپێی ئەو رێککەوتنە، لەبەرامبەر ناردنى مووچەى مووچەخۆران لەلایەن بەغدادەوە، دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت بکرێت. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان مانگانە بەشى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکان بداتە بەغداد. بە ئەنجامدانى رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت، بەربەستێکى گەورەى بەردەم مووچە چارەسەردەکرێت. تەنیا رێککەوتن لەبارەى پشکى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکانى هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، کە ئەویش هەنگاوى باشى بڕیوە و ئەنجوومەنى دەوڵەت راو سەرنجى خۆى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران ناردووە.
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە ڕاگەیاند، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە و ئەوانیش سوورن لەسەر ئۆپەڕاسیۆنەكانیان لە دژی داعش. ئەبجەر داوود، وتەبێژی هەسەدە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی لە حەسەكە رایگەیاند، لە 8ـی كانوونی یەكەمی 2024ـەوە تا ئێستا، داعش 153 جار هێرشی كردۆتە سەر هێزەكانی هەسەدە. هەروەها ئاشكراشی كرد لە هێرشەكانی داعشدا 30 شەڕڤانیان شەهید بووە و 12 شەڕڤانیش بریندار بوون هەروەها 6 هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشەكانی داعشدا گیانیانلەدەستداوە. لە بەردەوامی قسەكانیدا، ئەبجەر داوود وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردسات نیوز دایەوە و وتی، ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەموو سوریایان دەوێت و بۆ ئەم مەبەستەش دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە. ئەبجەر داود ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ناشرینكردنی هەسەدە بڵاو دەبنەوە، پلانی دوژمنانە و هەموو دەزانن هەسەدە بەرگری لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەكات و هێزیكی رێكخراوە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاندووە، کە داهاتیان زیادیکردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆتایی بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت هێناوە. عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، روونیکردەوە کە عێراق هەناردەی نەوتی خۆی زیادکردووە. ئەم زیادکردنە دوای ئەوە دێت، کە عێراق لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانە کە لەلایەن هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسەوە کەمکرابووەوە، وەستا. شەتری ئاماژەی بەوەشکرد کە هەناردەکردنی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی گشتیی عێراقە. بەتایبەتی کە نرخی ئێستای نەوت لە نێوان 65 بۆ 68 دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک، کە بە تێکڕای ساڵانە نزیکەی 70 دۆلارە. بەڕێوەبەرەکەی سۆمۆ ئاشکرای دەکات کە زیادبوونی نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە دەکاتە نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگێکدا، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی سەدان ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانە. ئەم داهاتە دەتوانرێت بەگەڕ بخرێت بۆ پشتگیریکردنی پێداویستییەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی وڵات.
لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و، هاوپەیمانی بونیادنان و گەشەپێدان، بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی توندتر دەبێتەوە. عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: زۆرێک لە ئەندامان و کاندیدەکانی فراكسیۆنەكەیان چوونەتە ناو هاوپەیمانێتیەكەی محەمەد شیاع سودانی، چونکە پێویستیان بە کاری قیرتاوکردن و دابەشکردنی محاویلەی کارەبا هەیە، كە لەئێستادا بووەتە كارنامەی حكومەت. جەختیشیکردەوە: فراكسیۆنەكەیان بە خولی دووەم رازی نییە، بەهۆی بوونی ئاماژەی زۆر كە هاوبەشی تێكدەدەن، لە نمونەی، بەدزییەوە کۆبونەوەی سودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا. وتەبێژی دەوڵەتی یاسا وتیشی: ئێمە قەناعەتمان بەو مۆدێلە هاوبەشییە نییە کە سودانی پێشکەشی کردووە، سەرۆک وەزیران گرنگی بە پرسی هاوبەشی نادات. لە بەرامبەردا، عەبدولهادی سەعداوی، سەركردە لە هاوپەیمانێتیەكەی سودانی وتی: نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی لە ئێستادا سەرکردایەتی فراكسۆنەكەی ناكات بەڵكو كەسانی خوار ئەو لە حزبەكە هەن كارەكان بەڕێوەدەبەن، جەختیشی لەوە کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەوە رێککەوتن دووربكەونەوە لە یەكترخستن لە هەڵبژاردن، بەڵام پێشێلکارییەکان لە لایەنێکەوە دێت. سەعداوی راشیگەیاند: ئەوەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا کارمان لەسەر کردووە، هاوبەشییە لە بیروڕای سیاسی و واقیع و ئاسایشی وڵات و پاراستنی، هەموو لایەک هاوڕان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، جگە لە دەوڵەتی یاسا کە لە ئێستادا کەمترینە لە رووی چەندایەتی و بڕیاردانەوە. وتیشی: لەگەڵ هەموو رێزێک بۆ مالیکی، ئەو ژیرە و خاوەن دیدگایە، بەڵام لە ئێستادا ئەو کەسە نییە کە دەوڵەتی یاسا بەڕێوە دەبات، لایەنی حزبی لەخوار ئەو هەن کارى بەڕێوەبردنی دەوڵەتی یاسا دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی عەرەبی کۆببێتەوە. ئەم کۆبونەوەیەش لەکاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی بڕیارە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لە ٢٩ی ئەیلولدا دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستین و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا . بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا، کۆبوونەوەکان تیشک دەخەنە سەر ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە و پەرەپێدانی دیدگایەک بۆ ڕۆژی دواتر. هەروەها سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە کۆشکی سپی پێشتر بانگهێشتنامەی بۆ کۆبوونەوەکە ناردووە، بەپێی ئاکسیۆس. هاوکات ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی هەوڵەکانی ئەمریکا بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بەشداریکردن لە پلانی "ڕۆژی دوای"، لەگەڵ ئەگەری ناردنی هێز بۆ سەقامگیری سەقامگیری و جێگرتنەوەی سوپای ئیسرائیل، بەپێی سەرچاوەکان. هاوکات سەرچاوەکان پێشبینیان دەکرد سەرکردەکانی عەرەبی داوا لە ترەمپ بکەن فشار بخاتە سەر نەتانیاهۆ بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و دووربکەوێتەوە لە هەنگاوەکانی لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا. دوێنێ ناتانیاهۆ سوێندی خوارد "بەردەوام بێت لە شەڕ بۆ پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی" و ڕێگری لە "دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین" بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشەکانی چڕتر دەکاتەوە و ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی فراوانتر دەکات کە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززەیە، کە پێشتر نزیکەی ٧٠%ی ناوچەی وێرانکراوی فەلەستینی داگیرکردووە.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری کەرکوک – جەیهانەوە، بەغداد نزیکە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. سەباح سوبحی ، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکە، هەروەها رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا. سەباح سوبحی، بە رۆژنامەی "العربي الجدید"ی وتووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر نزیکە، لە هەنگاوێکدا كە رەنگە کۆتایی بە گرێیەك بهێنێت دوو ساڵە و نیو لە نێوان بەغدادو هەولێر بەردەوامبوو، کە گەورەترین بەربەستی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو. رونیشیکردووەتەوە: حکومەت نەرمییەکی روونی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان، بە دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەمەش رێژەی لێکتێگەیشتنەکانی بۆ زیاتر لە (90%) بەرزکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لانیکەم (230) هەزار بەرمیلی رۆژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەكان، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم دەبێت، بەشداریش دەبێت لە بەهێزكردنی سەقامگیری ئابوری و پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سوریا، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان)ی لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان راگەیاند. یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەپێی ئەوەی لیژنەكە بڕیاری لێداوە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری ئایندە بەڕێوەدەچێت. لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سوریا وەكو خۆی دەڵێ پشتبەست بە حوكمەكانی (راگەیاندنی دەستوری)و (مەرسومی ژمارە 66ی ساڵی 2025و مەرسومی ژمارە 143ی ساڵی 2025) وادەی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە. یەكەم هەڵبژاردنی دوای كەوتنی ئەسەد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو پارێزگای سوەیدای (دروزنشین) ناگرێتەوە، بەبەهانەی ئەوەی ئەم ناوچانە نائارامن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا گفتوگۆی كوردو دەسەڵاتی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوەتە چارەسەری بنەڕەتی. پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاندبوو بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە. بڕیارە پێنجى مانگی ئۆکتۆبەر سووریا بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی نوێی پەرلەمانەکەی هەڵبژێرێت. سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دەستنیشان دەکرێن. کۆی گشتیی ئەندامان 210 کەسە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن. پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزن، مانگی تەممووز، تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی؛ بەگوێرەی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێدا کوژران، کە زۆرینەیان دروز بوون. سەرەڕای راوەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکەدا هێشتا ئاڵۆزە. شەڕەکەی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر هێزەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد و پەرەیسەند بۆ پێکدادانی خوێناوی. پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە، هێشتا بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند، کەنەدا و ئوستراڵیاش هەمان بڕیاریاندا و ئەم هەنگاوەیان وەکو فشارێک بۆسەر ئیسرائیل لێکدایەوە، بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەمڕۆ بەفەرمی دانمان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و زیندوو هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، گوتیشی، " ئەمڕۆ ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو 150 وڵاتەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە". ستارمەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکرایەوە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حەماس لە داهاتوودا هیچ رۆڵێکی نەبێت، نە ئیداری نە ئەمنی، هاوکات سزای نوێی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا سەپاند و سزاکەش لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێدەکرێن، گوتیشی، پێویستە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات و بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەیانەوێت بەبێ توندوتیژی و ئازاردان، بە ئاشتی بژین و گەلی بەریتانیاش دەیەوێت ئەو ویستەیان بەدی بێت. هاوکات حکومەتی ئوستراڵیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دان بە خواستی رەوای گەلی فەڵەستین دەنێن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بەو مەرجەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتوودا نەبێت. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش داننانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند و جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە وەڵامی توندی دەبێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئامانجی دوژمنەکانیان پوچەڵکردووەتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت. سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. 22ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لە ئێران ناسراوە، کە تێیدا لە ساڵی 1980 عێراق لەو رۆژەدا هێرشی کردە سەر ئێران و سەرەتای ئەو هەفتەیە بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لای ئێرانییەکان ناودەبرێت. لەو هەفتەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئێران بە یادێکی نیشتمانی دایدەنێت. جێی باسە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 24ـی هەمان مانگ ئاگربەست راگەیەندرا. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزار و 62 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار برینداربوون. هەروەها نزیکەی هەشت هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون، 219 یەکەی پیشەسازی، 7 نەخۆشخانە و 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی کرانە ئامانج.
ڕونكردنەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت رەوانەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرا، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەیەو وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. هاوکات رێکارەکان بۆ رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆتاییهاتووە، ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش راگەیاند، رەشنووسی رێككەوتنەكە ئامادەیە و تەنها ئیمزای سێ لایەنەكەی ماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنى دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان، کۆتایی هێنا بە کۆبوونەوەکانى بۆ ئامادەکردنى بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەسەر داهاتى نانەوتى، بەو پێیەى بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتەکە دەکات و هەرێمیش ئامادەیە تەنها نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان بداتە بەغداد. کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەو بەنوسراوی فەرمى درایە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران. وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. ئامادەکردنى بۆچوونەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەرێم و بەغداد لە واژۆکردنى کۆتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە. وتیشی، رەشنوسی رێکەوتنەکەش ئامادەیە، تەنها ئیمزاکردنی هەر سێ لایەنەکەی ماوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکەوتنەکە لە بەغدا ئیمزا بکرێت. کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکەوتون. ناوبراو وتى "ئەگەر تا سێ شەممە رێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدادو کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیيەکە نەوتە". لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەی رابردوو (9ـی ئەیلولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە، دوای نەگەیشتنە رێککەوتن بڕیاردرا دۆسیەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت. شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى عێراقى راگەیاند، ئەنجومەنى دەوڵەت لە داواکارییەکانى هەرێم تێگەیشتووە و گەیشتووە بە دەرەنجامى ئەوەى کە داواکارییەکانى هەرێم یاساییە و لە چوارچێوەى دەستوردایە. رونیشیکردووەتەوە، ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران وەڵامەکەى ئەنجومەنى دەوڵەت دەخاتە ناو کارنامەى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانەوە
قەسەدە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردوو لە دێرحافر ڕاستییەکان دەشێوێنێت، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد وچەکدارانی سەربە حکومەتی کاتیی دیمەشقی تۆمەتبارکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی بانگەشەكانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سووریا دەدەنەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوەی لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی كاتی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەو تاوانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانیان بەرانبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوندی ئوم تینە لە ناوچەی دێرحافر کراوە، جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاوانەکە شتێكی دیكە نییە. دەشڵێن، ئەم گێڕانەوە شێواو و ئینکارییەی ئەو وەزارەتە ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی وەزارەتی بەرگرییە و تەنها گوزارشت لە هەڵمەتێكی میدیایی ناکات، بەڵکو بە مانای بێبایەخکردنی ئاشکرای ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی سووریا و شکستخواردنی ئەو وەزارەتەیە لە لێپرسینەوە لە چەکدارەکانی خۆی. هەروەها، لەلایەكی دیكەوە خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کۆمەڵکوژییەی بەتوندی سەرکۆنەکرد، کە چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا لە گوندەكانی دێرحافر ئەنجامیاندا و داوایانكرد ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزابدرێن. جێگای ئاماژەیە، درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا و گرووپەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورک لە دێرحافر کۆمەڵکووژییان ئەنجامدا، کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی حەوت کەس و برینداربوونی چواری دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
