سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشبینی دەکات، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌؛ ده‌شڵێت، ئێران له‌ دانوستانه‌كان جیددی نییه‌. پێنجشه‌ممه‌، 18ـی ئه‌یلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پێشبینی كرد، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌. سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتووشیه‌تی، پێشبینییه‌كه‌ی له‌جێ خۆیه‌تی و پێی وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌م باره‌وه‌ جیددی نه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ترۆیكا؛ به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ باره‌ی پرسی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.                چوارشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ئێکس ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان کرد، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەن. لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتبوو "لایەنە ئەورووپییەکان، لە گفتوگۆکەدا جەختیان کردووەتەوە، ئێران هێشتا ئەو هەنگاوی لۆجیکی و وردی نەناوە کە بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 پێویستن. پێویستە ئێران دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە، ڕێگە بدات پشکنین بۆ دامەزراوە هەستیارەکان بکرێت و پرسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، یەکلا بکاتەوە. " وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاندبوو "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، جارێکی دیکە جەختیان لە په‌له‌كردن له‌ بابەتەکە و سووربوونیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، لە ئەگەری نەگرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لە ڕۆژانی داهاتوودا، کردەوە." هەر دوێنێ چوارشه‌ممه‌، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا، بڵاوی کردەوە، عه‌باس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانیدا، ئاماژەی بە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێران کرد، کە بریتییە لە گرنگیی پاراستنی کەشی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان. هەروەها هەنگاوی سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵیوەشاندبوونەوە، بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و لۆجیکی زانی."

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختدەكات لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار. لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ. ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكردووە، تێکەڵبون لەگەڵ سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات. پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە. هاوکات ئەنجومەنی سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و فەرماندەی ئەنجومەنە سەربازییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی پەیوەست پێیانەوە ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، تێیدا فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەپێی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار کردەوە، هەروەها گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست دووپات کردەوە. ئامادەبووان پرۆژەی یەکگرتن لەگەڵ "سوپای سووریا"ـیان تاوتوێ کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دووپات کردەوە. سەبارەت بە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە "زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی چەکداران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" کرد و پابەندبوونی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوەکە و پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دووپاتکردەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی داعش تێیدا دەستبەسەرن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بڕیاری دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی بۆ ئەو کەسانە درا کە پابەندی ئامادەبوون نەبوون لە شوێنە سەربازییەکانیان  و دەرفەتییان پێدرا کە بارودۆخیان ئاسایی بکەنەوە،  لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە بەرزکردنەوەی توانا و ڕاهێنانی هێزەکان.

 بەهۆی تەقەکردن لە دەروازەی سنووری پردی شا حسێن لە نێوان ئیسرائیل و ئوردن، دوو کارمەندی ئەمنی ئیسرائیلی کوژراون، میدیا عەرەبیەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە دەروازەکە داخراوە. دەزگای تەندروستى  ئیسرائیل  بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ئەو دوو سەربازە بەسەختى برینداربوون و لەکاتى گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوەو ئەو دوو قوربانییەش ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بوون. میدیا ئیسرائیلیەکان دەڵێن بەپێی زانیارییەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان بەدواداچوونیانکردوەو بەپێى لێکۆڵینەوەى سەرەتایی دەرکەوتووە ئەوانەى هێرشەکەیان ئەنجامداوە، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری فریاگوزاری مرۆیی بووە کە لە ئوردنەوە گەیشتووە و بڕیاربووە ڕێگەی خۆی بۆ کەرتی غەززە بکاتەوە.   سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەو چەکدارانەى کە تەقەکانیانکردوە لە دیوی ئوردنەوە گەیشتوون و ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دەروازە سنوورییەکان ئەنجامداوە. ڕوونیشیکردووەتەوە، سێ چەکداربوون و  لە ناوچەی کەشتیوانی پردی شا حسێن ئەنجامداوەو دوانیان کوژراون. هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە گەڕان و پشکنینی ناوچەکەو ترسیان لەوەهەیە دووبارە هێرشیان بکرێتەوە سەر. لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕاگەیاندن و وتەبێژی فەرمی حکوومەت، د.محەمەد مومانی، وتی: بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵە بڵاوبووانە دەکەین کە باس لە ڕووداوێکی ئەمنی لە دیوەکەی تری دەروازەی سنووری کەرەمە دەکەن. مومانی زیادی کرد: لایەنە پەیوەندیدارەکانمان چاودێری ئەو بابەتە دەکەن، هەر وردەکارییەکیش هەر کە زانیارییەکیان پێگەیشت ڕایدەگەیەنین.

لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا، جارێکی دیکە داوا لە تورکیا دەکات کە "مافی هیوا" بە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوڕێکانی بدات. لەمبارەیەوە ئەنجومەنەکە ماوەی هەشت مانگی دیکەی وەک مۆڵەت بە ئەنقەرە داوە، کە ئەمەش دوای کۆبوونەوەکانی رۆژانی 17 تا 19ی ئەیلولی 2025 دێت. کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا کۆبوونەوەی سێ مانگانەی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ١٥-١٧ی ئەیلول ئەنجامدا. کۆمیتەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤دا وادەی ساڵێکی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ، حەیاتی کایتان، ئەمین گوربان و جڤیان بۆڵتان. لەم کۆبوونەوە نوێیەییدا، کۆمیتەکە بڕیارەکەی بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی ٢ی ڕێککەوتننامەی ؛داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان'دەرکرد، کە کۆمیتەکە ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارە کۆتاییەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای داوە.   کە "لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک ئازاد نەکرێت ئەگەر مەرجەکانی سزا و ڕێگریکردن بە تەواوی جێبەجێ نەکرابێت یان ئەگەر کەسەکە هێشتا مەترسی لەسەر کۆمەڵگا دروست بکات". لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "یاسای نێونەتەوەیی مەیلێک نیشان دەدات بۆ دامەزراندنی میکانیزمی پێداچوونەوە کە لە ٢٥ ساڵ زیاتر نەبێت دوای سەپاندنی سزای هەتاهەتایی." کۆمیتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەموو دەوڵەتێک بەپێی مادەی ٤٦ بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە پابەندە بە پابەندبوون بە تەواوی و کاریگەر و خێرا بە بڕیارە کۆتاییەکانی دادگا لەو کەیسانەی کە لایەنگرییە. سوود لە پرۆسەی کۆمیسیۆنی پەیوەست بە پرسی کورد وەربگیرێت؛ هەنگاوی پێویست بە پەلە بنێن کۆمیتەکە بە دەربڕینی پەشیمانی قووڵی خۆی ئاماژەی بەوەدا کە "رێوشوێنی یاسایی یان ڕێوشوێنی گونجاوی دیکە بۆ گونجاندنی یاساکانی تورکیا لەگەڵ مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکەدا وەک لەو بڕگانەدا هاتووە، هێشتا پەسەند نەکراون."  لە بڕیارەکەییدا کۆمیتەکە داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە هەنگاوی پێویست بەپەلە بنێن. کۆمیتەکە لە بارەی بڕیارەکەیەوە ئەمەی گوت: "بۆئەوەی ئەم دۆسییە گرووپییە بە خێرای جێبەجێ بکرێت، با سوود لە جێگرەوە جیاوازەکانی بەردەستان وەربگرن؛ گۆڕانکاری یاساییەکان کە لە چوارچێوەی 'پلانی نوێی چالاکی مافەکانی مرۆڤدایە' بە گوێرەی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی سزای قورسی هەتاهەتای؛ سوودوەرگرتن لە هەوڵدانەکانی 'تورکیای بێ شەڕ' کە پێشنیارکردنی گۆڕانکاری یاسایی لە پەرلەماندا ئەرکدارە، سوودوەرگرتن لە کۆمیسیۆنی دیموکراستی، خوشک-برایەتی، یەکگرتنی نەتەوەیی'؛ یان پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاسایی لە دۆخی ئێستادا لەسەر ئەم بابەتە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە پێشنیارکراوە لە نێو ئەم جێگرەوانەیەدایە." پێدانەوەی هەشت مانگ بە تورکیا؛ پێویستە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ زانیاری بدات کۆمیتەکە لە کۆتاییدا وتی: "با سوود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەندامی دیکە وەربگرن کە میکانیزمی پێداچوونەوەی لەو جۆرەیان دامەزراندووە."، کۆمیتەکە ئەم داوایەیی لە دەسەڵاتداری تورکیا کرد: " دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی پێشکەوتنی خێرا لە جێبەجێکردنی داواکاریی ئەم گرووپەدا بەدەستبهێنن، پێویستە لە دوایین کاتدا ڕاپۆرت لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە بدات کە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ گیراونەتەبەر."

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکانی تۆمار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی خەرجکردنی بڕێکی زۆری پارە لە مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بێ کار بوون. پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 149 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات. پەرلەمانى عێراق لەم خولەیدا شکستیهێناوە لە ئەنجامدانى 100 کۆبوونەوە کە 12 یان لە 11 مانگى رابردوودا بووە، لەکاتێکدا مووچە و شایستەى دارایی پەرلەمانتاران بۆ ئەو ماوەیە زیاتر لە 122 ملیار دینار بووە و شایستەى ساڵانەش 400 ملیار دینارى تێپەڕاندووە. بەهۆى ئەو رۆڵە لاوازەوە، پێدەچێت ئەم مانگە ویلایەتى خولى پێنجەمى پەرلەمان کۆتایی بێت، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامى شکستهێنانى پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانى، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى. لە مانگی ئابی رابردووەوە، ئەنجومەنی نوێنەران سزای ملیۆنێک دیناری بۆ ئامادەنەبوونی هەر پەرلەمانتارێک لە دانیشتنەکاندا دیاریکردووە. بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانتاران بۆ خۆرزگارکردن لەو سزایە ئامادەی دەوام دەبن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بچنە ناو دانیشتنەکان، لە کافێتریای پەرلەمان دەمێننەوە. یاسر حسەینى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێیوایە، ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەى یاسا گرنگەکان هۆکارى پەکخستنى پەرلەمانە، لەناویاندا یاساکانى تایبەت بە وەبەرهێنانى سعودیە لە عێراق، سەربارى سەرقاڵبوونى پەرلەمانتاران بە کاروبارى تایبەت بە هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەم بەرێوەبچێت. سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا بە "ئەرکێکی نیشتمانی کە ناتوانرێت دوابخرێت" دادەنێت، ئەوەش دوای شکستی ئەنجامدانى دوو کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەک. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم 329 پەرلەمانتارەکەی عێراق دەگاتە 426 ملیار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. بۆ ماوەی چوار ساڵی خولی پەرلەمانیش، ئەم خەرجییە دەگاتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. لە ماوەی 14 مانگی بێکاربوونی ئەنجومەنەکەدا، زیاتر لە 525 ملیۆن دۆلار بە مووچە و دەرماڵە خەرج کراوە. هەر خولێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوار ساڵ پێکدێت. هەر ساڵێکیش بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، کە هەر بەشێکیان لە چوار مانگ پێکدێت و چوار مانگ پشووی دەکەوێتە نێوانیانەوە. هەر پەرلەمانتارێک مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی 16 ملیۆن دینار وەک بۆ پاسەوان و 3 ملیۆن دینار وەک دەرماڵەی کرێ بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی نیشتەجێی بەغداد نین، بەمەش کۆی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک دەگاتە 27 ملیۆن دینار. کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر ٣٢٩ پەرلەمانتارەکە زیاتر لە ٤٢٦ ملیار دینارە.

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی گەمارۆدان و داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری داهاتوو تەواو دەبێت. هەمان بەرپرسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 7500 چەکدار لەناو شاری غەززەدا بوونیان هەیە. هاوکات، سەرچاوە فەڵەستینییەکان رایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی هێڵەکانی پەیوەندی لە شاری غەززە پچڕاندووە. پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة" و "الحدث" رایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززەوە لە پێشڕەویدان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتەکەدا "رۆبۆتی بۆمبڕێژکراو" دەتەقێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کرد کە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "وەفا". ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس کرد و بەڵێنی هێرشی گەورەتری لە غەززە دا ئەگەر بێت و حەماس پابەندی مەرجەکانی ئیسرائیل نەبێت. کاتز رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و چەکەکانی دانەماڵێت، ئەوا غەززە وێران دەکرێت و دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەریی ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەستدرێژی و کوشتاریان ئەنجامداوە." سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی نزیک لە کەرتەکەدا بەردەوامن. لەم هەفتانەی دواییدا سوپا هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی شاری غەززە چڕکردووەتەوە و داوایان لێدەکات شارەکە جێبهێڵن و بەرەو "ناوچەی مرۆیی" لە باشووری کەرتەکە بڕۆن. لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "بەشێکی نوێیە لە شەڕی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزیی سیستماتیک دژی خەڵکی غەززە." هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زۆربەی شاری غەززەیان کردووەتە وێرانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 64,964 کەس، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا، کە تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، کۆدەبێتەوە و گوێ لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی باکووری کوردستان دەگرێت. کۆمیسیۆنەکە گوێ لە نوێنەری فیدراسیۆنی عەشیرەتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گوندپارێز و کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان، و فیدراسیۆنی کارسازانی باکووری کوردستان دەگرێت. هاوکات، کۆمیسیۆنەکە دوێنێ چوارشەممەش کۆبوویەوە و میوانداریی کەسانی ئەکادیمی کرد و گوێی لە بۆچوونەکانیان گرت لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکە. لە دانیشتنی دووەمیشدا، ئەندامانی کۆمیسیۆن گوێبیستی دوو باڵیۆزی پێشووتری تورکیا بوون کە وەک نێوەندگیر بەشدار بوون لە کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵەی نێوان موسڵمانانی مۆرۆ و حکوومەتی فلیپین. ململانێی نێوان بەرەی ئازادیخوازی ئیسلامی مۆرۆ و فلیپین لە ساڵانی 70ـی سەدەی ڕابردوودا بەردەوام بوو، و دواتر لە ساڵی 2014 ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا.

حیکمەت هیجری، شێخى یەکتاپەرستانی دروزەكان لە پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا، دانوستان لەگەڵ دیمەشق رەتدەكاتەوەو دەڵێت: چارەسەرکردنی قەیرانی پارێزگارەكەیان پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیەو ئەوەی روویدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە. هیجری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الحدث)، وتی: هەست بە ئازارێکی قوڵ دەکەم بەهۆی شەرمەزارنەکردنی ئەوەی لە سوەیدا روویاندا. ئاماژەی بەوەشکرد: سوپاسی ئیسرائیلم کرد لەبەر ئەوەی بەرگرییان لێکردین و پارێزگارییان بۆ فەراهەم کردین. راشیگەیاند: ئێمە تووشی پێشێلکاری بووین و ناچاریان کردین هاوپەیمانی هەر لایەنێک بکەین بۆ رزگارکردنمان، جەختیشكرد لەوەی، مەحاڵە لەگەڵ خوێنڕشتن ئاشت ببنەوە. هیجری، داوای دەستورێکی نوێ و حکومەتێکی كرد کە هەموو سوورییەکان بپارێزێت، وتیشی: حکومەت لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا هەموو پردەکانی متمانەی لەناوبردووە. 

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا ڕایگەیاند، لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆمار  پێشوازی لە ئیبراهیم کالکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و شاندێکى ئەو وڵاتە کردوە، لەو دیدارەدا  پێشهاتەکانی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) تاوتوێ کردوە هەروەها جەختیان لەسەر یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکەش کراوە. ئاژانسی ئانادۆڵو پێشتر بڵاویکردبووەوە کە کاڵکان بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سوریا بە سەرۆکایەتی شەرع گەیشتووەتە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی ئەمنی دووقۆڵی و ناوچەکە. ڕۆژی 10ی ئادار، سەرۆک کۆماری سوریا و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی، ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری کورد لە دەوڵەتی سوریادا. سەردانەکەی سەرۆکى میتى تورکیا لەرۆژی چوارشەممە بۆ دیمەشق بۆ دیدار لەگەڵ شەرع دوای ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سوریا، کە سوریا و ئوردن و ئەمریکا گەیشتنە دیمەشق. سەردانەکەی کالکان دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە لەگەڵ شەراع هات بۆ تاوتوێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر. بەگوێرەی سەرچاوەکانی تورکیا، گفتوگۆکانی نێوان کالکان و شەرع لەسەر پێشهاتەکانی سوریا، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و پاراستنی یەکگرتوویی سوریا و یەکپارچەیی خاکی سوریا، هەروەها پێشهاتەکانی ناوچەکە لە نێوان پەرەسەندنی دەستدرێژیی ئیسرائیل.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند: دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا تا ئێستا ئەنجامێکی کەمی بەدیهێناوە، هۆکاری خاوی جێبەجێکردنی بڕگەكانی  رێککەوتنی (10)ی ئازاریشی خستە ئەستۆی دیمەشق. ئیلهام ئەحمەد، رەخنەی لە حکومەتی سوریا گرت و وتى: حکومەتی راگوزەر بەنیازە تاکڕەوانە کۆنترۆڵی بەسەر هەموو شتێکدا هەبێت، سوریای نوێش پێویستی بە سیستمێکی نا ناوەندییە، وتیشی: لەگەڵ حکومەتی راگوزەر لە گفتوگۆداین، بەڵام پێشکەوتنێکی کەممان بەدەستدەهێناوە، چونکە حکومەت دەستی دەستی دەكات لە گفتوگۆکان. باسی لەوەشكردووە: یەکێک لەو کێشانەی کە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا روبەڕومان دەبێتەوە، دەستوەردانی تورکیایە لە سوریا، جەختیشكردووە، سوریا پێویستی بە دەستورێکی نوێ هەیەو دەبێت دەستوری ئێستا نوێ بکرێتەوە. ئەو وتانەی ئیلهام ئەحمەد، لە میانی کۆنفرانسی "ئاسۆی سوریا و عێراق"دا هات، کە نوێنەرایەتی بادن-ڤرتمبێرگی ئەڵمانیا لە شارى بەرلین بەڕێوەی برد، بە ئامادەبونی تۆبیاس تونکڵ، بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیک و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا. ئیلهام ئەحمەد لە لێدوانیشكدا بۆ "ئینديپدنت عەرەبیە" لەبارەی فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەریان، وتویەتی: هەموو ئەو شتانەی سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق روودەدەن، لە قوڵایی ئیرادە و بڕیاری خۆیاندایە، بڕوایان بە پێویستی وتوێژێکی ناوخۆیی سوریا هەیە. ئاماژەی بەوەشکردووە: خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەوان و لایەنی ئەمریکی یان لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە گەرەنتی پرۆسەی سیاسی لە سوریا دەکەن ئەوەیە، دەبێت سوریا یەکگرتوو بێت، دەبێت دانپێدانانی هاوبەش هەبێت بە مافی پێکهاتەکانی سوریا بە هەمەرەنگی كلتوری ئایینی و نەتەوەیی، ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە ناوەندەکانی بڕیاردان.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ( حەماس ) ڕایگەیاند، شاندی دانوستانکار لەگەڵ بەشێک لە ڕاوێژکارەکانیدا خەریکی لێکۆڵینەوەو ئامادەکاری بوون بۆ وەمدانەوەى پێشنیازی ئەمریکا ئیسرائیل هێرشى کردوەتەسەریان و هەوڵیداوە ( تیرۆر)یان یکات لە دەحەی پایتەختی قەتەر هەفتەی ڕابردوو.  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە غازى حەمەد پشتڕاستیکردەوە، هێرشەکە دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ڕوویداوە و کاتێک ئامادەبووان دەنگی موشەکەکانیان بیستووە، بۆیان دەرکەوتووە کە هەوڵی تیرۆرکردنیان دەدرێت. ئەم سەرکردانە خوویان بە دەنگی بۆردومانەکانی ئیسرائیل گرتبوو، ئەمەش وایکرد کاردانەوەی خێرایان هەبێت بەرامبەر بەو دۆخە و بەخێرایی ناوچەکە بەجێبهێڵن، کە لە ماوەی کەمتر لە خولەکێکدا بە نزیکەی ١٢ مووشەک بەر شوێنەکە کەوتوە ئەمەش بەوتە ئەو سەرکردەیەى حەماس کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە. عازى حەمەد دۆخەکەی بەزۆر سەخت ناوبردو وتی: سەرکردە بەئامانج گیراوەکان توانیان بە خێرایی شوێنى بۆردومان و کۆبوونەوەکە بەجێبهێڵن. ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، هاوبەشی ئەمریکا لە لەناوبردنی شاری غەززە لەلایەن داگیرکاری ئیسرائیل و لەناوبردنی ژیان لە کەرتی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوێناوییەکانی ڕەتناکاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمانە "ئێستا هەمووان ناسراون". ئەو سەرکردەیەى حەماس ڕایگەیاند کە پایتەختی عەرەبی و ئیسلامی "ئێستا کۆبوونەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە بەربەری و فاشیستە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە دەحە ڕوویدا "دووپاتیدەکاتەوە کە قاهیرە، ڕیاز ، بەغدا و عەمان دوور نین لەم ئاژاوە شێتانەیەی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت". ئەو ئەم دۆخەی بە "تاقیکردنەوەی ئاسایش و کەرامەتی گەلانی عەرەبی و ئیسلامی" زانیوە و ڕایگەیاندووە "پێویستە وڵاتان هەڵوێستیان هەبێت لە وەڵامی خۆبەزلزانینی بنیامین ناتانیاهۆ، کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، کە بە ئاشکرا باس لە گۆڕینی ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات ، بەیروت و دیمەشق بۆردومان دەکات و بە ئاشکرا هەڕەشەی بۆردومانکردنی هەموو پایتەختێکی عەرەبی دەکات". داوای لە عەرەب و موسڵمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد نەک تەنها فەلەستینییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان بخەنە سەر شانی خۆیان و هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم خۆبەزلزانین و بێڕێزییە، دوای ئەوەی ئیسرائیل چیتر لە هیچ هێڵێکی سووردا نەوەستا و بە بۆردومانکردنی دۆحە سەلماندی کە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوێت، بەڵکو "هەوڵدەدات ئاشتی بە زۆر و قسەی ناشرین بسەپێنێت". غازى حەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی جددی ڕۆڵی نێوەندگیرییان نەگێڕاوە، بە ئاماژەدان بە بەردەوامی خۆدزینەوەیان لە بەرپرسیارێتی، هاوبەشییان لەگەڵ داگیرکەران لە ئەنجامدانی جینۆساید و کوشتنی دانوستانکاران و دابینکردنی چەکیان بۆ داگیرکەران بۆ کوشتنی فەلەستینییەکان، باسی قسەی بەردەوامی ترەمپ لە کردنەوەی دەروازەکانی دۆزەخ بەسەر غەززەدا ناکرێت. بە پشتبەستن بەو ڕاستیانە، حەمەد ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا نەبوونی متمانەی خۆی لەم نێوەندگیرییەدا پشتڕاستکردووەتەوە و هیچ بوارێکی بۆ عەرەبەکان نەهێشتۆتەوە کە وەک نێوەندگیرییەکی ڕاستگۆیانە پەیوەندییان پێوە بکات و خۆی بە "هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژی فەلەستینییەکان" حوکم داوە. لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ لە دژی زیانگەیاندن بە زیندانیانی ئیسرائیل، حەمەد وتی بزووتنەوەکە "رێنمایی لە ترەمپ وەرناگرێت و گرنگی بە هەڕەشەکانی نادات، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی ئایینی و یاساییدا کاردەکات". جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوانەی بە شێوەیەکی دڕندانە بۆردومانی غەززە دەکەن، ئەوانەن کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندانییەکان دروست دەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە ترەمپ هەمیشە لە لایەنی هەڵەدا بووە، چونکە پاڵنانی ئیسرائیلی نەکردووە بۆ وەرگرتنەوەی دیلەکانی بە شێوەیەکی دروست، بەڵکو پاڵی پێواوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە شەڕەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە هاوبەشی لایەنی ئەمریکی لەم شەڕەدا و جددی نەبوونی لە هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە پشتڕاست دەکاتەوە. ئەمە یەکەم دەرکەوتنی حەمەد لە دوای ئەو هێرشەی کە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە لە ٩ی ئەم مانگە کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێکی قەتەری و پێنج فەلەستینی کوژران.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی واشنتۆندا "بۆ روبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، سنورداركردنی هەڕەشەی ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەكرێن دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ژمارەیەك گروپی عێراق خرانە ناو لیستی تیرۆرەوە".  ئەوانەی خراونەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوە بریتین لە گروپەكانی:  _ بزوتنەوەی نوجەبا _ كەتیبەكانی ئیمام عەلی _ كەتیبەكانی سيد الشهداء _ بزوتنەوەی  أنصار الله الأوفياء وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ: ئەم گروپانە بەشدارییان كردووە لە كردەوەی تیرۆرستی كە هەڕەشە بووە لە ئاسایشی هێزەكانی ئەمریكاو هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە، هەروەها لەگەڵ (فەیلەقی قودس)ی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كاردەكەن، كە ئەویش لە لیستی تیرۆردا دانراوە.  پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك گروپی تری عێراقی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە لەوانە (كەتیبەكانی حزوبوڵا) كە ساڵی 2009 ناوی خراوەتە لیستەكەوە، هەروەها (عەسائیبی ئەهلی حەق) كە لە 2020وە خراوەتە لیستی تیرۆر، هەردووكیشیان لەلایەن واشنتۆنەوە تاوانباركراون بەوەی پاڵپشتی دارایی و سەربازیی لە ئێران وەردەگرن و بەشدارییان لە هێرشە خوێناوییەكاندا كرددووە دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەمە بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا. لەبەرانبەر ئەوەدا کەتیبەکانی سەیدولشوهەداى عێراق لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی گرووپەکەیان رایگەیاند، ئەو بڕیارە "چاوەڕوانکراو بووە"، بەڵام کاریگەری لەسەریان نابێت. کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا  راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپەکەی چاوەڕوانکراو بووە و پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرەیان ناوە. کازم فەرتووسی گوتی: "ئەو جۆرە بڕیارانەی ئەمریکا پێوانەکردنە بە دوو پێوەری جیاواز"، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی واشنتن، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند: "هیچ چالاکییەکمان لە دەرەوەی عێراق نییە، تاوەکو ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەرمان هەبێت".

زەینەب پێشتر کۆمپانیایەکی پلاندانانی بۆنە و ئاهەنگەکانی لە بەیروت بەڕێوەدەبرد، بەڵام ماوەی ساڵێکە چەندین نەشتەرگەری بۆ دەکرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی لە دەستی ڕاست و چاوەکانی ماونەتەوە. 17ی ئەیلوولى ساڵى ڕابردوو، پەیجەرەکان لە سەرانسەری لوبنان دەستیان بە زەنگلێدان کرد و دوای چەند چرکەیەک تەقینەوە. تەنانەت ئەگەر بەکارهێنەرەکە دوگمەی وەرگرتنی پەیامەکەشی لێ نەدابا، پەیجەرەکە دوای ماوەیەک هەر دەتەقییەوە.  لەتەقینەوەکان ٣٩ کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و ٤٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، کە لە نێویاندا منداڵ و خەڵکی سڤیل لە کاتی تەقینەوەی ئامێرەکاندا لە نزیک ئەو ئامێرانە بوون و ئەندامی ئەو گرووپە نەبوون کە ئێران پاڵپشتی دەکات. زەینەب کە ئێستا تەمەنی ٢٧ ساڵە، لەنێو بریندارەکاندا بوو، ئەو کچە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە ماڵەوە کاردەکات، کاتێک پەیجەرێکی خزمەکەی زەنگێکى لێدا وەک ئەوەی پەیامێکی پێبگات، دواتر تەقیوەتەوە بەبێ ئەوەی تەنانەت دەستی لێبدات. هەرچەندە لە هۆش خۆی نەچووە، بەڵام بە سەختی لە دەموچاو و دەستی بریندار بووە. ساڵی ڕابردوو زەینەب 14 نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا کە بەشێکیان لە ئێران بوون و حەوت نەشتەرگەری جوانکاری دیکەی ماوە بۆ تەواوکردن. پەنجەکانی دەستی ڕاستی لەدەستداوە و لەسەدا ٩٠ی بینینی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "چیتر ناتوانم بەردەوام بم لە دیزاین، چونکە دیدگاکەم لەسەدا ١٠یە، انشااللە ساڵی داهاتوو دەبینین کام پسپۆڕی زانکۆ گونجاوە بۆ گەرانەوەى بیناییم، بۆیە دەتوانم بەردەوام بم. تەقینەوەی پەیجەر و واکی تۆکی شەڕێکی وێرانکەری نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لێکەوتەوە، کە بووە هۆی وێرانکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی لوبنان. ئیلیا جرادی، ئەندامی پەرلەمان و پزیشکی چاو، دەیان نەشتەرگەری بۆ ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە لە تەقینەوەکانی باغردا برینداربوون و ڕایگەیاندووە، هەندێک حاڵەت پێویستیان بە چارەسەری تەواوی ژیان دەبێت. ناوبراو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "زۆربەیان ئەمساڵ پێویستیان بە چەندین نەشتەرگەری دەبێت، پێشتریش چەندین نەشتەرگەریمان ئەنجامداوە. زۆربەیان تا کۆتایی ژیانیان پێویستیان بە چاودێری بەدواداچوون دەبێت. پێموانییە گەشتی چارەسەرکردن لە هیچ خاڵێکی دیاریکراودا بوەستێت؛ بەردەوام دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو حاڵەتێک حاڵەتێکی مرۆیی بووە، بەتایبەتی کاتێک ڕووبەڕووی منداڵ یان ژن دەبینەوە و لێت دەپرسن چیمان بەسەر هاتووە؟" تۆ ناتوانی وەڵامیان بدەیتەوە”. وتەبێژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای دوو مانگ لە تەقینەوەکان ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکە هەڵکردووە. لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل بارێکی بچووک بەڵام زۆر تەقینەوە لە تەقەمەنی پلاستیکی بە تەقێنەرەوە لەناو هەزاران پەیجەردا شاردوەتەوە کە گروپەکە کڕدراون. ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەقینەوەکانی ئەو کاتەی بە "شۆککەر" وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کاریگەرییەکانیان لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی "قبووڵ ناکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنی هەزاران کەس لە یەک کاتدا بەبێ ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ئەوە بزانرێت کێ ئامێرەکانی هەڵگرتووە یان شوێنی ئەوان "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە".

رۆژنامەی الشرق الاوسط بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە: وڵاتەكەی خۆی بۆ گەڕی تری جەنگ لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات، بەهۆی چاوەڕوانییەکانی بە روودانی پێشهاتی كتوپڕ، کە پێویستی بە پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری و شەڕکردن دەبێت. ئامیر بارام، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، هۆشداری داوە لەوەی وڵاتەکەی لە داهاتوودا روبەڕوی گەڕی زیاتری جەنگ لەگەڵ ئێران دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی گەڕی یەكەمی جەنگەكە بە سەركەوتنێكی روون ئیسرائیل كۆتایی هاتووە، بەڵام گەڕی  تری جەنگى دەبێت لە دژی ئێران. بارام وتويەتی: جەنگی (12) رۆژە بە سەرکەوتنێکی روون بۆ ئیسرائیل کۆتایی هات، بەڵام جەنگ كۆتایی نەهاتووەو گەڕی تری بەدوادا دێت دژی ئێران. راشیگەیاندووە: سەركردەكانی رژێمی ئێران ون نەبوون؛ بەڵكو هەست بە سوكایەتی دەکەن، هەر بۆیە بڕە پارەیەکی زۆر دەڕژنە ناو کەرتی بەرگری و خێراترکردنی هەنگاوەکانیان بۆ بونیاتنان و بەهێزکردنی هێزی سەربازی. بەوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە: بۆپاراستنی باڵادەستی سەربازی، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کار لەسەر سێ پێوەرەى زەمەنی دەکات: لە کورتخایەندا: هاوردەكردن و كڕین چەك؛ لە مامناوەنددا: باشترکردنی ئامادەیی بۆ دەیەی داهاتوو؛  لە درێژخایەندا: پەرەپێدانی سیستەمی چەک، کە توانای گۆڕینی یاساکانی یارییەکەی هەبێت لە گۆڕەپانەکانی داهاتوودا.

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوایین دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، داوای لەو گەنجانە کرد کە کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، ئەگەر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. لەو دیدارەدا ئۆجەلان وتی: لە ئیمرالی دەمێنمەوە بەڵام ناچمە ئەوروپا.  شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەل، دوای ماوەیەکی زۆر لە ٢٨ی ئاب، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە زیندانی جۆری Fی ئەمنی باڵای ئیمرالی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاند و باس لەوەش کرا کە زۆر پرس گفتوگۆیان لەسەر کراوە. ڕاگەیەندرا کە لە میانی دیدارەکەدا عەبدوڵڵا ئۆجالان هەڵسەنگاندنی گرنگی سەبارەت بە کۆچکردنی گەنجان بۆ ئەوروپا کردووە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، ئەوانەی بەرەو ئەوروپا دەڕۆن، پێویستە ژیانی خۆیان لە وڵاتی خۆیان بنیات بنێن و زێدی خۆیان بەجێنەهێڵن.  عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەخنەی لە خەڵکی ئورفا و ئاگری و شارەکانی دیکە گرت کە نایانەوێت لە ناوچەکەیان بمێننەوە و ڕایگەیاند کە ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی بە ئەنقەست دەرکردنە لەو خاکە.  باس لەوەش کرا کە عەبدوڵڵا ئۆجالان لەمیانی دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە بە قووڵی و بە وردی باس لە هۆکارەکانی وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە خاکی وڵات بکرێت.  باس لەوەش کراوە کە ئۆجەلان لەمیانی دیدارەکەدا وتی: "من ئیمرالیم پێ باشترە، بەڵام هێشتا ناچمە ئەوروپا، بەڕوونی دەیڵێم؛ دەبێت قەرزەکانیان بدەنەوە بۆ خاک و کولتوورەکەیان. هانیان دەدەم بۆ ئەو کارە. یەکێک لە ئامانجەکانم لەم پرۆسەیەدا گەڕانەوەیە بۆ وڵات لە دەربەدەرییەوە وەک مرۆڤی شایستە".  هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە ئۆجەلان لەم دیدارەدا پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە کورد لە ئەوروپا پێویستە زمان و کولتوور و کۆمۆنەکانی خۆیان دابمەزرێنن.