لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سوریا، وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان)ی لە بازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان راگەیاند.  یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، بەپێی ئەوەی لیژنەكە بڕیاری لێداوە رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری ئایندە بەڕێوەدەچێت.  لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سوریا وەكو خۆی دەڵێ پشتبەست بە حوكمەكانی (راگەیاندنی دەستوری)و (مەرسومی ژمارە 66ی ساڵی 2025و مەرسومی ژمارە 143ی ساڵی 2025) وادەی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردووە.  یەكەم هەڵبژاردنی دوای كەوتنی ئەسەد، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریاو پارێزگای سوەیدای (دروزنشین) ناگرێتەوە، بەبەهانەی ئەوەی ئەم ناوچانە نائارامن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا گفتوگۆی كوردو دەسەڵاتی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوەتە چارەسەری بنەڕەتی. پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاندبوو بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە.  بڕیارە پێنجى مانگی ئۆکتۆبەر سووریا بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی نوێی پەرلەمانەکەی هەڵبژێرێت. سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دەستنیشان دەکرێن.   کۆی گشتیی ئەندامان 210 کەسە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.   پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزن، مانگی تەممووز، تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی؛ بەگوێرەی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێدا کوژران، کە زۆرینەیان دروز بوون.   سەرەڕای راوەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکەدا هێشتا ئاڵۆزە.   شەڕەکەی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر هێزەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد و پەرەیسەند بۆ پێکدادانی خوێناوی.   پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.    بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە، هێشتا بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون.

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند، کەنەدا و ئوستراڵیاش هەمان بڕیاریاندا و ئەم هەنگاوەیان وەکو فشارێک بۆسەر ئیسرائیل لێکدایەوە، بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەمڕۆ بەفەرمی دانمان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و زیندوو هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، گوتیشی، " ئەمڕۆ ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو 150 وڵاتەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە". ستارمەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکرایەوە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حەماس لە داهاتوودا هیچ رۆڵێکی نەبێت، نە ئیداری نە ئەمنی، هاوکات سزای نوێی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا سەپاند و سزاکەش لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێدەکرێن، گوتیشی، پێویستە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات و بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەیانەوێت بەبێ توندوتیژی و ئازاردان، بە ئاشتی بژین و گەلی بەریتانیاش دەیەوێت ئەو ویستەیان بەدی بێت. هاوکات حکومەتی ئوستراڵیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دان بە خواستی رەوای گەلی فەڵەستین دەنێن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بەو مەرجەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتوودا نەبێت. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش داننانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند و جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە وەڵامی توندی دەبێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئامانجی دوژمنەکانیان پوچەڵکردووەتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت. سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. 22ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لە ئێران ناسراوە، کە تێیدا لە ساڵی 1980 عێراق لەو رۆژەدا هێرشی کردە سەر ئێران و سەرەتای ئەو هەفتەیە بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لای ئێرانییەکان ناودەبرێت. لەو هەفتەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئێران بە یادێکی نیشتمانی دایدەنێت. جێی باسە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 24ـی هەمان مانگ ئاگربەست راگەیەندرا. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزار و 62 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار برینداربوون. هەروەها نزیکەی هەشت هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون، 219 یەکەی پیشەسازی، 7 نەخۆشخانە و 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی کرانە ئامانج.

ڕونكردنەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت رەوانەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرا،   وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەیەو وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. هاوکات رێکارەکان بۆ رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆتاییهاتووە، ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش راگەیاند، رەشنووسی رێككەوتنەكە ئامادەیە و تەنها ئیمزای سێ لایەنەكەی ماوە. ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنى دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان، کۆتایی هێنا بە کۆبوونەوەکانى بۆ ئامادەکردنى بۆچوونى یاسایی خۆى لەبارەى ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەسەر داهاتى نانەوتى، بەو پێیەى بەغداد داواى نیوەى سەرجەم داهاتەکە دەکات و هەرێمیش ئامادەیە تەنها نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان بداتە بەغداد. کاروان یاروەیس ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، وەڵامەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بریتیە لە ١٧ لاپەرەو بەنوسراوی فەرمى درایە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران. وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نیەو بەشێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوورو درێژ نوسراوە. ئامادەکردنى بۆچوونەکە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەرێم و بەغداد لە واژۆکردنى کۆتایی رێککەوتنى سێ قۆڵى بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، هەموو رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنی سێ قوڵی لە نێوان هەرێم  و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتووە. وتیشی،  رەشنوسی رێکەوتنەکەش ئامادەیە، تەنها ئیمزاکردنی هەر سێ لایەنەکەی ماوە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا رێکەوتنەکە لە بەغدا ئیمزا بکرێت. کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشکرد، گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق یەکلایی بوەتەوە، دەربارەی دیاریکردنی دادگایەک بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان، لە نێوان دادگای بەریتانیا و دادگای عیراق، هەردوولا لەسەر دادگای پاریسی نێودەوڵەتی رێکەوتون. ناوبراو وتى "ئەگەر تا سێ شەممە رێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدادو کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیيەکە نەوتە". لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەی رابردوو (9ـی ئەیلولی 2025) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دوو راپۆرتى جیاجیاى هەرێم و بەغداد لەبارەى داهاتى نانەوتى، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە، دوای نەگەیشتنە رێککەوتن بڕیاردرا دۆسیەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکرێت. شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە میدیاى عێراقى راگەیاند،  ئەنجومەنى دەوڵەت لە داواکارییەکانى هەرێم تێگەیشتووە و گەیشتووە بە دەرەنجامى ئەوەى کە داواکارییەکانى هەرێم یاساییە و لە چوارچێوەى دەستوردایە.  رونیشیکردووەتەوە، ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران وەڵامەکەى ئەنجومەنى دەوڵەت دەخاتە ناو کارنامەى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانەوە

قەسەدە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردوو لە دێرحافر ڕاستییەکان دەشێوێنێت، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کرد وچەکدارانی سەربە حکومەتی کاتیی دیمەشقی تۆمەتبارکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات-قەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی بانگەشەكانی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتیی سووریا دەدەنەوە. لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوەی لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی حكومەتی كاتی سوریاوە بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەو تاوانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانیان بەرانبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوندی ئوم تینە لە ناوچەی دێرحافر کراوە، جگە لە هەوڵێکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاوانەکە شتێكی دیكە نییە. دەشڵێن، ئەم گێڕانەوە شێواو و ئینکارییەی ئەو وەزارەتە ڕەنگدانەوەی سەرلێشێواویی وەزارەتی بەرگرییە و تەنها گوزارشت لە هەڵمەتێكی میدیایی ناکات، بەڵکو بە مانای بێبایەخکردنی ئاشکرای ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی سووریا و شکستخواردنی ئەو وەزارەتەیە لە لێپرسینەوە لە چەکدارەکانی خۆی. هەروەها، لەلایەكی دیكەوە خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کۆمەڵکوژییەی بەتوندی سەرکۆنەکرد، کە چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا لە گوندەكانی دێرحافر ئەنجامیاندا و داوایانكرد ئەنجامدەرانی ئەو كۆمەڵكوژییە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و سزابدرێن. جێگای ئاماژەیە، درەنگانی شەوی ڕابردوو چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا و گرووپەکانی نزیک لە دەوڵەتی تورک لە دێرحافر کۆمەڵکووژییان ئەنجامدا، کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی حەوت کەس و برینداربوونی چواری دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان ئیسرائیل و سوریا سەبارەت بە دۆخی باشووری سوریا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیرە باڵاکان و بەرپرسانی ئەمنی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکە. کەناڵى ئەلعەرەبیە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتە ڕوو بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ئەمڕۆ ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی، کورتەیەک  سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ سوریا و ئەو ئیمتیازاتانەی کە ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیدا بیخاتە ڕوو  بۆ  ناتانیاهۆ و بەشداربووانی دیکەی دیدارەکە دەخاتە ڕوو. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەمریکا فشارى خستوەتە سەر هەردوولا تاوەکو ناکۆکیەکانى نێوانیان کەمبکەنەوەو دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بەرەو پێشەوە ببەن ئەمەش بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، "فشاری ئەمریکا پێشکەوتنی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام ڕێککەوتنی ئەمنی هێشتا ماویەتى و پێنەگەیشتووە". سەرچاوە ئاگادارەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی کە دانوستانى لەسەر دەکرێت ئیسرائیل ئامانجیەتی جێگەی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی ١٩٧٤ بگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ "رێککەوتنی جیابوونەوە" و پێشنیارێکی نووسراوی جیاوازی لە ڕێگەی تۆم باراک نوێنەری ئەمریکاوە پێشکەش کردووە. بەگوێرەی زانیارى سەرچاوەکان تەلئەبیب پابەندە بە مانەوە لە بنکەی چاودێری چیای حەرمون و پەراوێزی و فراوانکردنی ناوچەی پاراستن و دامەزراندنی سێ ناوچەی داماڵینی سەربازی و دامەزراندنی ڕێکخستنە ئەمنییەکان کە درێژدەبێتەوە بۆ ناوجەرگەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی لە باشوور. هەروەها لایەنی ئیسرائیلی داوای ڕێڕەوی ئاسمانی بۆ سنووری عێراق دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئێران، لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ هەندێک کشانەوە دەکرێت، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی بەرزاییەکانی جۆلان. لە بەرامبەردا دیمەشق خوازیاری کاراکردنی ڕێککەوتننامەی جیابوونەوە لە ساڵی ١٩٧٤ و کشانەوەی ئیسرائیل لەو خاکانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردوە. هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دەربڕی کە ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەری سوریا لەبەرچاو بگرێت، هەروەها پەیوەندی نێوان ئاساییکردنەوە و پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و ئایندەی بەرزاییەکانی جۆلان. هەروەها سوریا پابەندبوونی خۆی بە ڕێزگرتن لە ئاسمانی سوریا دووپاتکردەوە و داوایکرد هێزی نێودەوڵەتی UNDOF چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکات. هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ڕازی نابێت بە کشانەوە لە دیوی سوریای چیای حەرمون، بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، ئەو بەرپرسە دەڵێت "بەڕاستی متمانەمان بەم ڕژێمە سوریایە نییە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندن بکات و بەشداری بکات لە سەقامگیرکردنی دۆخی سنوورەکان". ئەم زانیاریانە دوای ئەوە هات کە دێرمێر ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە لەندەن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا کۆبووەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە هەردوولا لەم دیدارەدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە هەفتەکانی داهاتوودا. هەروەها لە کاتێکدا بوو کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی باشووری سوریا. سوریا و ئیسرائیل لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە دۆخی شەڕدان، هەرچەندە ناوبەناو ماوەی ئارامی هەیە. ئیسرائیل دوای چەند مانگێک لە دەستدرێژی بۆ سەر ناوچەی داماڵراوی چەکداری، وازی لە ئاگربەستی ساڵی 1974 هێنا، کە لە 8ی کانونی یەکەمەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریای لە پۆستەکەی دوورخستەوە. هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل سەروەت و سامانی سەربازی سوریایان بۆردومان کرد و هێزەکانیان گەیاندە 20 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە.

لەژێر ڕێنمایی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز  شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعودیە، سعودیە بڕی 368 ملیۆن دۆلاری دیکەی هاوکارى حکومەتى یەمەن دەکات ئەمەش وەک پاڵپشتی بۆ گەلی یەمەن لە ڕێگەی بەرنامەی سعودییەوە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە. لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەى سعودیەدا ئەوەى ڕوونکردەوە کە ئەو پاڵپشتییە لە وەڵامی بانگەوازێکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتیی یەمەن، دوکتور ڕەشاد محەمەد ئەلعەلیمی و وەک پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامی پاڵپشتی سعودیە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن و حکومەتی یەمەن بووە. پشتگیرییەکە بریتییە لە بودجەی حکومەت و وەرگیراوەکانی نەوت و بودجەی کارپێکردنی نەخۆشخانەی شازادە محەمەد بن سەلمان لە عەدەن، بەگوێرەی حوکمڕانی کە پاڵپشتی هەوڵەکانی حکومەتی یەمەن دەکات بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابوورییەکان. موعەمەر ئەلئەریانی، وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن بە شەرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاند: ئەم پاڵپشتییە داراییە بەخشندەیە نوێنەرایەتی وڵاتێکى سەرەکی دەکات بۆ بەهێزکردنی توانای حکومەتی یەمەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە هاوڵاتیان، دیارترینیان پێدانی مووچە و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکانە، بەمەش بەشداری دەکات لە گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. حکوومەتی یەمەن کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا دەنرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ داڕمانی دراوی ناوخۆیی و گرانی تێچووی بژێوی ژیان، کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ەوە بەردەوامە، لە خەباتدایە، لەو کاتەدا حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران، دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی وڵاتەکەیان لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

ئەم هەفتەیە بە تایبەتی سبەی یەکشەممە، گرنگییەکی زۆری بۆ چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کوردستان واژۆ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان، کە بە پێی ئەو پێشنیازە لەبری پارەی کاش، نەوت وەک قەرەبوو بە کۆمپانیاکان بدرێت لە بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانیان.  پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتى: کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە پرسی نەوت "گرێکوێرەی مووچە بوو" و ئەگەر گۆڕانکاری نوێ ڕوونەدات، ئەم بابەتە چارەسەر کراوە. پێشەوا هەورامانی ڕوونیشی کردووەتەوە کە حکومەتی فیدراڵ چاوەڕێی وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکات بۆ ئەوەی دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، کە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو و مانگەکانی داهاتوو دەگرێتەوە.  هەنگاوی دووەم و کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە، پەیوەندی بە دابەشکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لەم بارەیەوەش پێشهاتی باش هاتووەتە ئاراوە. ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکە گەیشتووەتە ئەنجام و بۆچوونێکیان پەسەند کردووە. بڕیارە سبەی یەکشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت نووسراوی فەرمی ئامادە بکەن بۆ وەڵامدانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیران. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بۆچوونە "تاڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستان دەبێت" و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەنێردرێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ڕێگریمان لێ بکەن؛ ئەوان هێرشیان کردە سەر نەتەنز، بەڵام ئێمە دامەزراوەی لە نەتەنز گەورەتر دروست دەکەین. شەممە، 20ـی ئەیلوول 2025، سەرۆک کۆماری ئێران، لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی براوەکانی ئۆلۆمپیادی زانستیی جیهانی، ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەپاندنەوەی سزاکان، کە دوێنێ هەینی ڕاگەیەنرا، گوتی: ئەوان بە سەپاندنەوەی سزاکان دەیانەوێت ڕێگەی دانوستان و دیپلۆماسی دابخەن. پزیشکیان، هەروا گوتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ڕێگریمان لێ بکەن؛ ئەوان هێرشیان کردە سەر نەتەنزی ئێمە، بەڵام بە پشتیوانی ئێوە، زانایان و شارەزایانی ئێرانی، دامەزراوەی لە نەتەنز گەورەتر دروست دەکەن. سەرۆک کۆمار، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: باوەڕی من ئەوەیە و چەندین جاریش ڕامگەیاندووە، سامانی ڕاستەقینەی وڵات سەرچاوەکانی نەوت و گاز و کانزاکانی زێڕ نییە، بەڵکو ئێوەی گەنجانی زیرەک و داهێنەرانن. پزیشکیان گوتیشی: ڕەنگە دوژمن بتوانێت دەستکەوتە زانستییەکانی ئێمە بۆمباران بکات، بەڵام پسپۆڕان و زانایانی ئێمەن کە ئەم دامەزراوانەیان دروست کردووە، هەر ئەوانیش دەتوانن دووبارە بە باشترین و پێشکەوتوترین شێوە دروستیان بکەنەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا،  زیاتر لە 20 تاوەری نیشتەجێبوونیان لە شاری غەززە ڕووخاندووە و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لەلایەن حەماسەوە بەکاردەهێنرێن. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت  50 "تاوەری تیرۆریستان" ڕووخێنراون. ئەم هەڵمەتە نوێیەى ئیسرائیل سەدان کەسی ئاوارە کردووە. هەر لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەگەلێکیان لە گەڕەکەکانی زەیتون، توفە، شوجاییە، شێخ ڕەدوان و چەندانی دیکە ڕووخاندووە، بەپێی وتەى زیاتر لە دە هاوڵاتى کە قسەیان لەگەڵ ئاژانسى ڕۆیتەرز کردووەو وێنە مانگە دەستکردەکان دەرکەوتوەو پێداچوونەوەی بۆ کردووە، وێرانبوونی دەیان باڵەخانە لە شێخ ڕەدوان لە مانگی ئابەوە نیشان دەدەن. ڕەئیس یەکێک لەو هاوڵاتیانەى قسەیکردوە دەلێت: هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات شاری غەززە بەجێبهێڵم، بەڵام تەقینەوەکان ناوەستن، ناتوانم مەترسی لەسەر منداڵەکانم دروستبکەم، بۆیە شتەکانم کۆدەکەمەوە و بەرەو باشوور دەڕۆم". ئەو  بەڵێنیدا لە کەرتی غەززە بمێنێتەوەو وتی: ئەگەر هەڵبژاردنی هەر وڵاتێکی جیهانم پێبدرێت، غەززە هەڵدەبژێرم. ڕەیس ترسی ئەوەی هەیە کە ئامانجی ئەو وێرانکارییە ئاوارەکردنی هەمیشەیی دانیشتوانی شاری غەززە بێت، ئەمەش بۆچوونێکی هاوبەشی نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە.  مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە بەم زووانە زۆربەی کەرتی غەززە "بە تەواوی لەناودەچێت"، دانیشتووانەکەی لەناو زەوییەکی تەسکدا لە نزیک سنووری میسردا ماونەتەوە. ئیسرائیل لە کاتی هێرشەکەدا سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری غەززە هۆشداری داوە کە چۆڵى بکەن. هەفتەی ڕابردوو دەروازەیەکی بۆ باکووری غەززە داخست، بەمەش ئەو خۆراکە کەمەی کە لە ئێستاوە بۆ ناوچەکە سنووردار بووە. لە بەیاننامەیەکدا، وتەبێژی کۆمسیۆنەکە، تەمین ئەلخیتان، ڕایگەیاندووە، هەڵمەتێکی وەها بە ئەنقەست بۆ گواستنەوەی دانیشتووان پاکتاوی نەتەوەیی پێکدەهێنێت. لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، حەماس "ژێرخانی ژێرزەمینیی" لە ژێر تاوەری مەشتەهادا هەیە، کە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل بەکاریدەهێنێت. بەپێی دوایین زانیارییەکانی ناوەندی مانگە دەستکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنانەت پێش هێرشی ئێستا بۆ سەر شاری غەززە، نزیکەی لەسەدا ٨٠ی بیناکانی غەززە- نزیکەی ٢٤٧ هەزار و ١٩٥- لە سەرەتای شەڕەکەوە زیانیان پێگەیشتووە یان وێران بوون. ئەمەش ٢١٣ نەخۆشخانە و ١٠٢٩ قوتابخانە دەگرێتەوە. داتاکان لە مانگی تەمموزدا کۆکراونەتەوە. ئەو دانیشتووانەی کە ڕۆیتەرز چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە، ڕایانگەیاندووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی زەمینی، سوپا لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژانە تا ١٢ ماڵی لە گەڕەکەکانی زەیتون، توفە و شوجەیەدا وێران کردووە. ئەمجەد شاوا، بەرپرسی تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی فەلەستینی لە غەززە، مەزەندەی کردووە کە زیاتر لە ٦٥%ی بینا و ماڵەکانی شاری غەززە لە کاتی شەڕدا وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە. وێنەی مانگی دەستکردی چەند گەڕەکێک دەریدەخات کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زیانێکی بەرفراوان بەر جەرگەی شارەکە کەوتووە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، دیدگای 2050 پەیامی عێراقە بۆ جیهان کە بڕیاری داوە پێگەی مێژوویی خۆی بگەڕێنێتەوە.   ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنفرانسى دیدگاى عێراق تاوەکوساڵى ٢٠٥٠ وتارێکى پێشکەشکرد، تیایدا ئەوەى خستەڕوو دیدگای عێراق 2050 نوێنەرایەتی ڕێبازێکی نیشتمانی گشتگیر دەکات کە دەوڵەت لەگەڵ دامەزراوەکانی، کەرتی تایبەت، زانکۆکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، گەنجان تێیدا بەشدارن. هاوکات پەیامێکە بۆ جیهان کە عێراق دەستیکردووە بە سەرهەڵدان و وەرگرتنەوەی ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی بەرهەمدار و کاریگەر بەرەو ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی".  ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاڕاستەی گشتی دیدگای عێراق 2050 بریتییە لە داپۆشینی کەرتە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی بۆشایی و ناهاوسەنگییە پێکهاتەییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا". سەرۆک وەزیران ئەوەشى خستەڕوو دیدگای ٢٠٥٠ کاردەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە قەیرانەکان یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان، و پلاندانانێکی چالاکانە بۆ مەترسییە ئەگەرییەکان، چونکە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن پێداویستییەکانی وەڵامدانەوە و پاراستن دابین بکەن".  سودانى وتى: گرێبەستێکی ڕاوێژکاری لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و کۆمپانیای ڕاوێژکاری بۆ پڕۆژە گەورەکان (KBR) واژۆ کراوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی گۆڕانکاری بەپێی دیدگای عێراق 2050". کاردەکەین بۆ ئەوەی عێراق ببێتە دەروازەیەک بۆ 20%ی بازرگانی ئاسیا بۆ ئەوروپا، لە ڕێگەی پرۆژەی بەندەری فاو و ڕێگای گەشەپێدان"، ئاماژەی بەوەشکرد "پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان ملیۆنێک و نیو هەلی کار دەڕەخسێنێت و 70%ی خۆبژێوی خۆراک و ئاو و وزە بەدەستبهێنێت لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە سەوزەکانی بەردەوام". مەراسیمی دیدگای 2050ی عێراقی بەرەو گەشەپێدان و داهاتوو  بە ئامادەبوونی ژمارەیەکى بەرفراوان لە سەرکردەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و سەرۆکی دەزگاکانی حکومەت و نوێنەرانی کەرتی تایبەت و باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی دەرەوە و نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو. سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی "هەوڵەکانی لیژنەی ستراتیژی نیشتمانی لە ئامادەکردنی ئەم دیدە کرد، کە حکومەت دەستپێشخەری کرد لە پێکهێنانی یەکەم چەمکەکانی بۆی لە مانگی ئازاری 2023ەوە، هەروەها بە گرنگیدان بە میحوەرە نیشتمانییە سەرەکییەکان، دیارترینیان دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی بەرهەمدار و زیندوو، ئابوورییەکی گەشەپێدانی سەروەری هەمەچەشن و بەردەوام، حکومەتێکی زیرەک و عەقڵانی، پێگەیەکی هاوسەنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و کردنی گەنجان بە تەرکیز و ئامانج لەلایەن". پشت بەستن بە دەزگاکانی بەدواداچوونی دیجیتاڵی و میکانیزمەکانی دارایی درێژخایەن لە هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، و هاوکاری نێودەوڵەتی کاریگەر." سەرۆکی حکومەت ڕوونیشیکردەوە، "حکومەت لەسەرەتای ئەمساڵ تیمی نیشتمانی پێکهێنا، بە سەرۆکایەتی وەزارەتی پلاندانان، دەستەی ڕاوێژکاری، و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ کارکردن لەگەڵ پەیمانگای جیهانی ماکینزی بۆ پەرەپێدانی دیدێکی نیشتمانی گشتگیر و پێشنیارکردنی بەرنامە و چارەسەر بۆ هەمەچەشنکردن و داڕشتنەوەی ئابووری عێراق، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، زیادکردنی بەشداریی کەرتی تایبەت، بەدەستهێنانی گەشەی بەردەوام، و سوودوەرگرتن لە ئەولەویەتەکانی پلانی گەشەپێدان".

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ داوای ڕەزامەندی کۆنگرێس دەکات بۆ فرۆشتنی چەک بە بەهای نزیکەی شەش ملیار دۆلار بە ئیسرائیل.  ئیدارەی ترەمپ بە کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە پلانی هەیە نزیکەی شەش ملیار دۆلار چەک بە ئیسرائیل بفرۆشێت، ئەمەش پەرەسەندنێکی نوێی پشتیوانییە بۆ هاوپەیمانی ئەمریکا لەکاتێکدا ڕووبەڕووی زیادبوونی گۆشەگیری دەبێتەوە بەهۆی بەردەوابوونى شەڕەکەی لە غەززە . فرۆشتنی 3.8 ملیار دۆلار بۆ 30 هێلیکۆپتەری ئەپاچی AH-64 AH-64، نزیکەی دوو هێندەکردنی پشکەکانی ئێستای ئیسرائیل و فرۆشتنی 1.9 ملیار دۆلار بۆ 3200 ئۆتۆمبێلی هێرشبەری پیادە بۆ سوپای ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و کەسێکی دیکەی ئاشنا بەو پێشنیازە کە بەمەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکراوە قسەی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پلانانەی کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون. بڕی ئەو پاکێجە ٦ ملیار دۆلارە لەلایەن دوو کەسی دیکەی ئاشنای ئەو بابەتە پشتڕاستکرایەوە و مۆڵەتی ئەوەیان پێدا ناویان نەهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، چونکە پلانەکان ئاشکرا نەبوون. کۆنگرێس بە شێوەیەکی ڕۆتینی پێداچوونەوەی نافەرمی بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە چەکانە لە ئاستی لیژنەکاندا ئەنجام دەدات، داواکارییەکان دەنێرێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ پرۆسەی فەرمیتر. ئەم فرۆشتنانە بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی ١٠ ساڵەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کە نزیکە لە کۆتایی. ئەم فرۆشتنە گەورەیە لە کاتێکدایە پلانەکان و هەوڵەکانى ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس وەستاون و هیچ بەرەوپێشچوونێکیان نەبوووە  دوای ئەوەى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەحەی پایتەختی قەتەر، ئیدانەکردنی بەرفراوانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێکەوتەوە. ئەمریکا سەرەڕای پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵەکانی ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی چەکی هێرشبەری بە ئیسرائیل، بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی . وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو فرۆشتنە بدات، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکرایەوە. بەریتانیا کە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی هەندێک چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە بۆ پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریان بهێنرێت، لەم دواییانەدا ڕێگری لە بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل کرد کە بەشداری گەورەترین پێشانگای چەک لە وڵاتەکەیان بکەن. هەروەها تورکیا ڕایگەیاند کە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی حکومەتی ئیسرائیل و هەر بارێکی چەک بۆ سوپای ئیسرائیل دادەخات و جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش لە وتارێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە توندى شەرمەزار کرد. ترەمپ  ڕۆژى هەینی ڕایگەیاند، بەنیازە هەفتەی داهاتوو لە واشنتۆن چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت، لەگەڵ پلانی تاوتوێکردنی کڕینی فڕۆکەی بۆینگ و گرێبەستێک بۆ فڕۆکەی جەنگی ئێف 16. ئیدارەی بایدن ناردنی بۆمبی دوو هەزار پاوند بۆ ئیسرائیل وەستاند بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی قوربانیانی مەدەنییەوە، بەڵام ترەمپ ئەو دەستبەسەرداگرتنی هەڵگرت کاتێک لە مانگی یەکدا دەستبەکاربوو. ئیدارەی ترەمپ پێشتر نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری وەک هاوکارییە سەربازییە گەورەکان بۆ ئیسرائیل لەمساڵدا پەسەند کردووە. لەم دواییانەدا ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بڕی نیو ملیار دۆلار بە ئیسرائیل. ئەم دوایین داواکارییەی ئیدارەی ترەمپ نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بۆ کۆنگرێس نێردراوە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی  قۆناغی راگوزەری سوریا، هەندێك لە باڵەكانی ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتبار دەكات بە تێکدانی رێککەوتنی مانگی ئازاری رابردوو و خاوکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، هاوکات هۆشداریشی دایەوە لەوەی رووداوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییان لەسەر عێراق و تورکیا دەبێت. شەرع لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: هەتا ئێستاش هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆی لە دەرەوەی پڕۆسەی چارەسەری دەبینێت، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتەکە داوای بەشداریکردنی كردوون، جەختیشكرد: دۆخی ئێستای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دروست دەکات. راشیگەیاند: وڵاتەكەی دابەشبون قبوڵ ناکات یان هەر خواستێك بۆ سەربەخۆیی، وتیشی: لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد سەرکەوتوو بووە لە رازیکردنی ئەنكەرە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سوریای دیموكرات ئەنجام نەدات و دەرفەت  بە دانوستان بدات، بەڵام هۆشداریدا لەوەی تورکیا رەنگە رێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر ئەگەر تا مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو یەکگرتنی تەواو بەدی نەهێنرێت. لە وەڵامی داواکارییەكانی هەسەدە بۆ حوکمڕانی نا ناوەندێتی، شەرع ئاماژەی بەوەكرد: وڵاتەکەی بەكرداری بە پێی یاسای ژمارە (١٠٧)بە رێژەی (٩٠%) پشت بە سیستەمێکی نا ناوەندی دەبەستێت و، کۆمەڵگەی سوریا لە ئێستادا ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر سیستەمی فیدراڵی بکات، ئەم داواکاریانە لە واقیعدا فۆرمێکی شاراوەی جیابوونەوەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران درێژنەکرێتەوە. بەمەش ئەگەر رێککەوتنێک نەکرێت، لە 28ی ئەم مانگەوە سزای تووندی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە، کە ئەوە گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ تاران. تەنیا رووسیا، چین، جەزائیر و پاکستان لە بەرژەوەندیی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان دەنگیان دا. 9 ئەندامی دیکە، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نەخێر دەنگیاندا و گایانا خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکدا کە داوای دەکرد ماوەی هەڵگرتنی سزاكان درێژ بکرێتەوە.  بەڵام پڕۆژە بڕیارەکە تەنیا چوار دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر نۆ دەنگی نەخێر.  سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، تارانیان بە پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبارکرد، لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاستبەرز کە گومانی لێ دەکەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاری بێنێت.  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشنیازێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ"ـی پێشکێشی زلهێزە ئەورووپییەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاكان. باربارا ودوارد، نوێنەری بەریتانیا دوای ئەوەی دەنگی دژی پڕۆژە بڕیارەکە دا، گوتی: "داوا لە ئێران دەکەین ئێستا هەنگاو بنێت." نوێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگایان لە بەردەم دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی داهاتوودا دەرفەت بە ئێران دەدەن دانوستاندن بکات، کاتێک سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرک کۆدەبنەوە. پێش دەنگدانەکە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی مانگ سزا نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێنەوە. بەڵام نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گوتی، بژاردەی چارەسەری لە رێگەی دانوستاندنەوە هێشتا لەسەر مێزە. سەرەڕای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان زلهێزە ئەورووپییەکان و تاران، سێ وڵاتە رۆژئاواییەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە هیچ پێشکەوتنێک بەدینەهاتووە.   دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی دا، گوتی: "کاریگەریی ئەم دەنگدانە ئەوەیە کە نەبوونی هیچ بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، وا دەکات، ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێش ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، دووبارە بسەپێندرێنەوە، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی ماوە 30 رۆژییەکەی سناپ باک لە 27ی ئەیلوول."

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەینی، هەڕەشەی لە عەبدولمەلیک حوسی، رابەڕی  حوسییەکانی یەمەن كردو وتی: نۆرەی تۆش دێت. کاتز راشیگەیاند: ئاڵای ئیسرائیل بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا دەشەكێتنەوە. وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: ئاڵای حوسییەکان بە ئاڵای شین و سپی ئیسرائیل دەگۆڕدرێت، کە بەسەر پایتەختی یەمەندا دەشەكێتەوە. راشیگەیاندووە: عەبدولمەلیک حوسی، نۆرەی تۆش دێت، دەنێردرێیت بۆ دیداری تەواوی ئەندامی حکومەتەکەت و هەموو ئەو ئەندامە شکستخواردوانەی بەرەی شەڕانگێز کە لە تاریكایی دۆزەخدا چاوەڕوانن. سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر حوسییەکان چڕتر کردۆتەوە و هەفتەی ڕابردوو بە دەیان کەس لە شاری سەنعای پایتەخت کوژران، ئەمەش دوای تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانیان و نۆ وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەت لە مانگی ئابدا. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، حوسییەکان هێرشەکانیان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە، هەروەها هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیوەندییان پێوە هەیە لە کەناراوەکانی یەمەن، چڕتر کردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو، ڕێگریان کردووە، هاوکات فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان شاری ئیلاتی داوە. حوسییەکان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان لەدژی ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە. سوپا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە "مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە هاویشتووە و لە چەند ناوچەیەک زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێکەوتەوە". ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە دوای ئەوە هات کە پۆلیسی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی "شوێنی کاریگەری" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل هەڵدرابوو و ڕووی لە دەریای سوور کردووە. لە بەیاننامەیەکی جیادا، سوپا ڕایگەیاندووە، "تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لەو ناوچەیە کاردەکەن کە ڕاپۆرتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان پێگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزی ئاسمانی ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دووەمی کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێت.