ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت. زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن. سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە. هاوکات وتیشى: حکومەتی عێراق نیازى پاکە، هەرچەندە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر نەبووە، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت. ئەوەشى باسکرد کە حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە. ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان.
بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند خەلیل حەییا، ڕێبەری بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە زیندووەو لەڕێوشوێنێکى ئەمنى توندا نوێژی پرسەی بۆ کوڕەکەی و حەمام و شەهیدانی دیکە لە دۆحە ئەنجامداوە. ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا حەماس دەڵێن: برا موجاهید دوکتور خەلیل حەییا، بەرپرسی باڵاى بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، نوێژی پرسەی بۆ کوڕە شەهیدەکەی، حەمام و شەهیدانی هەوڵی تیرۆری خیانەتکارانە لە دۆحە ئەنجامدا، ئەمەش دوابەدوای ڕێکخستنە ئەمنییەکانی تایبەت لە ویلایەتی قەتەر". وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە کوژرانی جیهاد ڕیاح حەسەن لاباد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل ئەلحەیای پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەى رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە. لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن. لای خۆیەوە حەماس ڕایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل ئەلحەیە لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بووە. بەڵام کوڕەکەی بە ناوی حەمام و جیهاد لەباد بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلحەیە و سێ پاسەوان کە بریتین لە عەبدوڵڵا عەبدولواحید و موئامین حەسونە و ئەحمەد ئەلمەملوک کوژران. هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بێپێشینە و چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوەش دەرخەری گۆڕانکاریی گەورەیە لە سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە. ئیسرائیل چیتر بە زمانی دیپلۆماسی و مۆدێلی رۆژئاوایی سیاسەت لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات، بەڵکو زمانی هێز و مۆدێلی رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنێت، چونکە بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل تێدەگەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى.
سەرەڕای ناڕەزایی ئەمەریکا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە، بەڵام زۆرینە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، بە مەرج دەنگیان بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکاندا. کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کرد و جاڕنامەی نیویۆرك بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بێ بوونی بزووتنەوەی حەماس پەسند کرد. لە دانیشتنەکەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، کە لەبارەی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، 142 وڵات دەنگیان لە بەرژەوەندی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستینییەکان دا، بەڵام 10 وڵات، سەرەکیترینیان ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەنگیاندا، 12 وڵاتیش دەنگیان نەدا. بە گوێرەی ئەو ڕەشنووسەی دەنگی پشتیوانی زۆرینەی وڵاتانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەستهێناوە، دەرفەتێکی دیکە و نوێ دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو وڵات و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێی فەڵەستین – ئیسرائیل؛ هاوکات دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەبێت بەبێ بوون و مانەوەی حەماس بێت. هەر لە دەقی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، دەبێت بزووتنەوەی حەماس هەرچی زووە چەک دابنێت و پاداشت و دیارییە بۆ حەماس بۆ ئەوەی بارمتە ڕفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ئازاد بکات و بگەڕێنێتەوە.
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند شانەیەک کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە هەیە. ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازى سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل "لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ئەو شانانەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ٨٤٠ی سوپای قودسی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل. هەروەها باسى لەوەکردوە "ئەم شانانە لەلایەن یەکەی ٨٤٠ەوە ئاڕاستە کراون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل". وتەبێژەکەى سوپا دەشلێت: لەماوەى مانگەکانى ئازار و نیسانى ڕابردوودا (٣و٤) دوو ئەندامى یەکەى ٨٤٠ لەسەر خاکى سوریا دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە کرد کە "بە ناوی یەکەی 840 لەلایەن کەسانی لوبنانی قاسم سەڵاح ئەلحوسێنی و محەمەد شوعەیبەوە کاردەکران، کە مانگی ڕابردوو لە لوبنان لەناوچوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "لە کاریگەرترین گروپەکانی میحوەری قاچاخکردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرەی باکوور". ئەڤیخای ڕوونیشیکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ئەندام دەرکەوت کە هەندێکیان نەیانزانیوە کار بۆ کێ دەکەن و دەڵێت، زۆرجار بۆ ئەو ئەرکە دامەزراون بەبێ ئەوەی پاڵنەری ڕاستەقینەی یەکەکە ئاشکرابکرێت و لە ڕێگەی بەرتیلدانی داراییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کەمپەکانی سوپای سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە لەلایەن ئەم یەکەیە بەکارهێنراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای قودس دۆخی لوبنانییەکان و سوریاییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێڵ و بەرتیلەوە وەریانبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە)، لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی وەک بەشێک لە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر". هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئەردۆغان تا ساڵی 2028 و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا کە بە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراو دادەنرێت، باخچەلی رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیەکی یەک باڵ نییە. بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن." لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات." باخچەلی هەمان بۆچوونی بۆ ئەحمەد ئۆزەر (سەرۆکی پێشووی شارەوانیی وان) دووپاتکردەوە و وتی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ رای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت." سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە 27ی شوباتدا راگەیەندراوێکی دەرکرد... پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو رێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، رێزی لێبگرن و بەپێی رێنماییەکانی بجوڵێنەوە." پشتگیری بۆ ئەردۆغان: رایگەیاند کە لە هەڵبژاردنی 2028دا بە تەواوی پشتگیریی کاندیدبوونەوەی ئەردۆغان دەکەن. داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: وتی: "پێویستە رەگ و ریشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربهێنرێت. ئەگەر بەدەست من بووایە، لە ماوەی نیو کاتژمێردا هەموویان دادەخەم." لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە: داوای کرد تا مانگی تشرینی یەکەم، ئیدعانامەی سەرۆک شارەوانییە دەستگیرکراوەکانی جەهەپە ئامادە بکرێت و دادگاییکردنەکان دەستپێبکەن.
هاوڵاتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (10) رۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی نێردراوێکی ئەمریکییەوە، نامەیەکی توندی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە، هەڕەشەی بۆردومانكردنی (15) پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی كردووە لە بەغدادو چەند شارێکی تری عێراق، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئازاد نەکرێت، ترەمپ لە نامەكەیدا بە روونی ئەو شوێنانەشی دەستنیشانكردبوو كە بۆردومان دەكرێن. ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو پاش زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە رفاندنی، دواجار سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا، ئازادکردنی ژنە توێژەرى ئیسرائیلی – رووسی، ئێلیزابێس تسورکۆڤیان راگەیاند. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیبوى، "پاش چەند مانگێک لەهەوڵدانی گەورەی هێزە ئەمنییەکان، دواجار توانرا هاوڵاتییەکی رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئازاد بکرێت". ماڵپەری "ارم نیوز" كە ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە بڵاوكردووەتەوە، راشیگەیاندووە: سودانی دەستبەجێ دەستی بە جموجۆڵ كردووەو، جدیبونی هەڕەشەكانی بۆ سەرکردەكانی حەشدی شەعبی خستووەتەڕوو و (واسق بەتات)ی راوێژکاریشی رەوانەی لای (ئەبو حسێن ئەلحمێداوی) ئەمینداری گشتی كەتائیبی حیزبوڵای کردووەو، جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بەو قەیرانە کردووەتەوە بەهۆی کاردانەوە مەترسیدارەکانی بۆ سەر عێراق. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەکی، حمێداوی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لەچوارچێوەی رێککەوتنێک لەبەرامبەر ئازادکردنی کاپتن (عیماد ئەمهەز) ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەمە جگە لە ئازادکردنی کوڕەکەی حمێداوی و ژمارەیەک لە ئەندامانی كەتائبیی حزبوڵا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە دوای پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ پۆلیسی عێراق لە باشوری بەغداد دەستگیرکران، كە بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێكی گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغداد سەریهەڵداو سەر بەو گروپە بوو.
هاککەرەکانی تورکیا پەیوەندییان بە مۆبایلەکەى وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوەو ئەویش وەڵامیداونەتەوەو توانیویانە هاکى بکەن و وێنەیەکى شاشەى مۆبایلەکەو وەزیریشیان وەک بەڵگە بڵاوکردەوە. میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ یسرائیل کاتز وەزیرەکەى ئیسرائیل ئەو زانیاریانە پشتڕاستدەکاتەوەو ڕایگەیاند: پەیوەندیەکم پێوەکراوە بە هەڵە وەڵامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەم داوەتەوە، یەکسەر تەلەفۆنەکەم داخستووەو هیچ قسەیەکم نەکرد. ئەو تورکانەی کە پەیوەندییان بە مۆبایلەکەی وەزیرەوە کردوە، ژمارەی تەلەفۆنی وەزیرەکەیان بڵاوکردەوە. چەند مانگێکە بەرپرسانی ئیسرائیل بوونەتە ئامانجی هێرشی هاکەرەکان. کۆمپانیای ئەلیکترۆنی دریم دوو هەفتە لەمەوبەر ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشێکی ئەلیکترۆنی ئاڵۆزی ئاشکرا کردووە کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و بە قووڵی هاتۆتە ناو سیستەمی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و گەیشتووەتە ژوورەکانی دانوستان لە قاهیرە. بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆمپانیاکە، مەبەست لە هێرشەکە "تێکدانی پرۆسەی نێوەندگیری و متمانەی نێوان وڵاتان بووە". لە چوارچێوەی هێرشەکەدا، هاکەرە ئێرانییەکان توانیان بچنە ناو هەژماری ئیمەیڵی ڕاستەقینەی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی عومان لە پاریس، بەمەش توانای ناردنی پەیامەکانیان بەدەستهێنا کە پێدەچێت نامەنووسی دیپلۆماسی فەرمی بێت. ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە هات کە گروپێکی هاکەری سەر بە ئێران بە ناوی "هەندەلا" ئیدیعای کرد کە توانیویانە بچنە ناو کۆمپیوتەرەکانی پۆلیسی ئیسرائیلەوە و زانیارییەکی هەستیار بە قەبارەی ٢.١ تێرابایت (٢١٠٠ گیگابایت) ببەنە دەرەوە. لەنێو ئەو بەڵگەنامانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دزەیان پێکراوە: فایلی لێکۆڵینەوەی نهێنی، لیستی تاوانبارانی سێکسی، پرۆفایلی پزیشکی و دەروونی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، مۆڵەتی دەمانچە و وێنەی پیشەیی ئەفسەرانی پۆلیس - کە پێدەچێت ڕاستەوخۆ لە سیستەمێکی نهێنی حکومەتەوە وەرگیراون. هاککەرەکان بەشێک لە زانیارییەکانیان لەسەر "تۆڕی تاریک" بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەڕەشەی ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی زیاتریش دەکەن بەم زووانە.
ئاژانسی هەواڵی قەتەر (QNA) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دوحەی پایتەختی قەتەر، یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو میوانداری لوتکەی بەپەلەی عەرەبی و ئیسلامی دەکات بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل کە سێشەممەی ڕابردوو قەتەری کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە کەناڵی جەزیرە نێتی ڕاگەیاندوە، چاوەڕوانییەکان ئاماژەن بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانی عەرەبی و ئیسلامی لە لوتکەکەدا، کە ڕۆژی دووشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر دادەڕێژرێت. شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تێیدا بەشداربووان بڕیار لەسەر ڕێڕەوی کارکردن دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، قەتەر داوا لە هاوبەشە ناوچەییەکانی ناکات بە هیچ شێوازێکی تایبەت وەڵام بدەنەوە. سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هەڕەشانە قبوڵ ناکات کە لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامێک لە ناوچەکەوە لەگەڵ هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ مەترسییەکیان بۆ سەری دروست نەکردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە وەڵامێکی ناوچەیی ئامادە دەکرێت و لەگەڵ هاوبەشەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم وەڵامە "ڕاستەقینە بێت و توانای وەستاندنی قسەی ناشرینەکانی ئیسرائیلی هەبێت". شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی زیادی کرد: پەیامێکی بەهێزمان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە بیست سەبارەت بە بۆردومانەکەی ئیسرائیل و ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی کردەیی پەیڕەو بکرێت. ڕوونیشیکردەوە کە ناتانیاهۆ "هەوڵدەدات وتارێکی یاسایی پێشکەش بکات لەکاتێکدا خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و کەرتی غەززە برسی دەکات"، جەختیشی کردەوە کە دەبێت ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، بەو پێیەی پێشتر لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە. هێرشەکەی ئیسرائیل کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بارەگای نیشتەجێبوونی ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس)ی لەدەوحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن چاودێرانی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کرا، بەو پێیەی نوێنەرایەتی پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی قەتەر دەکات، پێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، هەروەها هێرشکردنە سەر دەوڵەتێک کە ڕۆڵی نێوەندگیری لە ئاگربەستی نێوان دەوڵەتانی قەتەردا دەگێڕێت بەرخۆدانی فەلەستین و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیاری ڕیگە پێدانی جەنگی لەعیراق بە دەنگی 261 كۆنگرێسمان بەرامبەر 167 دەنگ پەسەند كرد . ئەمرۆ پێنجشەممە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند ، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگی عێراقی ساڵی 1991 و 2002ی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشداوە، کە ئەو هەنگاوە وێستگەیەكی گرنگە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات. باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا كردوەو دەڵێت لاپەڕەیەكی نووو لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات هەڵدەداتەوە لەسەر بنەمای رێزو بەرژەوەندی هاوبەش ، ئاماژە بەوەشكراوە كە چاوەڕوانن بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانیشەوە پەسەند بكرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی بە دەنگی زۆرینەی 261 بەرامبەر 167 پەرلەمانتار پەسەند كرد . ڕوونیشیکردەوە کە "هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگ ڕەنگدانەوەی ڕێبازێکی سیاسی و یاسایی جیاوازە لە واشنتۆن و نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ عێراق لەڕووی ئابووری، پەروەردە، وزە و ڕۆشنبیری.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی بەرگریی توركیاوە بڵاویکردەوە توركیا دەستیكردووە بە راهێنان و پێشكەشكردنی راوێژو پاڵپشتی تەكنیكی بە سوپای سوریا، ئەمە بەگوێرەی رێككەوتنێك كە مانگی رابردوو ئیمزا كراوە. بەپێی رێككەوتنی هاوكاری سەربازی ئیمزاكراوی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری كە لە مانگی ئابدا ئیمزا كراوە، توركیا راهێنانی سەربازی و چەك و كەلوپەلی لۆجستی پێشكەشی سوپای سوریا دەكات. ئەو راپۆرتانەی كە باسلەوە دەكەن، ئیسرائیل هێرشی كردوەتە سەر كەلوپەلی سەربازی توركیا لەناو سوریادا، راست نییەو هیچ گۆڕانكارییەك لە كارمەندو كەرەستە سەربازییەكانی توركیا لە باكوری سوریا روینەداوە.
عێراق لە ماوەی کانوونی دووەمی 2025 تا ئێستا، بە بەهای 66 ملیۆن دۆلار هێلکەی لە تورکیا هاوردە کردووە و بەمەش پلەی یەکەمی لە لیستی وڵاتانی هاوردەکاردا گرتووە. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی ئیجە، عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە هێلکەی لە تورکیاوە هاوردەکردووە بەهای 66 ملیۆن دۆلار. لە ماوەی نێوان کانووی دووەم تاوەکو ئابی ئەمساڵ. سەرەڕای بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەکردنی هێلکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوورییەوە لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڵام لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵ عێراق لە پلەی یەکەمی گرتووە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی هێلکەی لە تورکیاوە هاوردە کردووە. هەر بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، ڕووسیا بە 45 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە 17 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم و کازاخستان بە 16 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم دایە. ئیمارات و ئیتاڵیاش بە 15 و 14 ملیۆن دۆلار، بەدوای یەکدا لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی لیستەکەدان.
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا، دەست بەسەر "جان هۆڵدینگ"دا گیرا کە خاوەنی کەناڵە دیارەکانی وەک Habertürk و Show TVیە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەست بەسەر 121 کۆمپانیای سەر بە هۆڵدینگەکەدا گیراوە و بەڕێوەبەرەکانیشی بە "سپیکردنەوەی پارەی ڕەش"، "قاچاخچێتی" و "پێکهێنانی تۆڕی تاوانکاری" تۆمەتبار دەکرێن. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە/ئیستانبوڵ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 8 کەس دەرکرد، لەوانەش خاوەنە سەرەکییەکانی هۆڵدینگەکە محەمەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئەیلوولی 2025) دەستگیر کران. بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە لە ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری، قاچاخچێتی، ساختەکاری" و "سپی کردنەوەی پارە" دەست بەسەر جان هۆڵدینگدا گیرا. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد، لەوانە محەممەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ بەڕێوەبەرانی جان هۆڵدینگ. هاوکات دەست بەسەر 121 کۆمپانیای هۆڵدینگەکەدا گیرا، کە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەرتورک و شۆ تیڤییان تێدایە. تورگای جینەری کارساز، پار هەموو پشکەکانی خۆی لە جینەر یایین هۆڵدینگ کە خەبەرتورک، شۆ تیڤی و بلومبێرگ ئێچ تی لەخۆدەگرت، بە جان هۆڵدینگ فرۆشتبوو. "جان هۆڵدینگ" لەلایەن زەمانهان جانەوە لە ساڵی 1972 دامەزراوە. سەرەتا بە بازرگانیی نێودەوڵەتی دەستی پێکردووە و دواتر چووەتە بواری گەشتیاری، وزە و سووتەمەنییەوە. هۆڵدینگەکە لە ساڵانی دواییدا بە کڕینی کۆلێژەکانی دۆغا و دواتریش "جینەر میدیا هۆڵدینگ" قەبارەی خۆی گەورەتر کرد. Show TV, Show Türk, Show Max, Haberturk.com, Habertürk Radyo, Habertürk TV, Bloomberg HT, Bloomberg TV, Newsweek, FHM, Marie Claire Maison, Marie Claire, Food and Travel, GEO, Mother and Baby ئەو دامەزراوە میدیایانە کە جان هۆڵدینگ بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار کڕیوونیەوە. Habertürk TV لە (3ـی ئەیلوولی 2001) لەلایەن ئوفوک گولدەمیرەوە دامەزرا. دوای کۆچی دوایی ناوبراو، لە ساڵی 2007 لەلایەن "جینەر میدیا گروپ"ەوە کڕدرایەوە و لە چەند مانگێک لەمەوبەر فرۆشرایەوە بە "جان هۆڵدینگ". ڕۆژنامەی Habertürk لە (1ـی ئاداری 2009)دەستی بە وەشانی کاغەزی کرد و لە (5ـی تەمموزی 2018)دا کۆتایی پێهات. ئێستا تەنها وەک ماڵپەڕی haberturk.com بەردەوامە. Show TV لە (1ـی ئاداری 1991) دامەزرا و یەکێکە لە یەکەمین کەناڵە تایبەتەکانی تورکیا. لە ساڵی 2013 لەلایەن سندوقی بیمەی سپاردەکانەوە بە "جینەر گروپ" فرۆشرا. بەڵام دواتر دەستی بەسەردا گیرایەوە و دیسانەوە درایەوە بە "جینەر گروپ". بە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ، جارێکی تر سندوقی بیمەی سپاردەکان دەستی بەسەردا گرتەوە.
سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ رۆژنامەى ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دوو سەرکردەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە برینداربوون و یەکێک لەوان باری تەندروستی "ناجێگیرە". ئەو سەرچاوانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە ئەندامانی برینداری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە "لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لەژێر ئاسایشی تونددا چارەسەر وەردەگرن". بەڵام ئامادە نەبوون ناوی سەرکردە بریندارەکان لەم کاتەدا ئاشکرا بکەن. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگەیەکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەی ئەلقاتیفیە لە پایتەختی قەتەر پێنج فەلەستینی کوژران، لەوانە هومام ئەلحەیای کوڕی خەلیل ئەلحەیا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە؛ بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی، جیهاد لاباد؛ سێ لە هاوەڵەکانی؛ و ئەفسەرێکی ئەمنی قەتەری. بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو شوێنانەى کە کراوەتە ئامانج، فەرمانگە و ماڵەکانی تێدایە کە سەرجەمیان هی سەرکردە و بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانەکانیانن. لەنێویاندا ڤێلایەکی قەبارە مامناوەندی سەر بە خەلیل ئەلحەیە، کە ئۆفیسێکی تایبەتی تێدایە و ئامانجی سەرەکی توندترین هێرش بووە، لە نزیکەی چوار هێرش. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هەندێک لەو بۆمبانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە لە شوێنەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، شوێنەکانی دیکەی ناو کۆمپلێکسەکەشیان بەرکەوتووە"، لەنێویاندا ئۆفیسی پێشووی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی کۆچکردووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، کە ئیسرائیل لە 31ی تەمموزی 2024 لە تاران تیرۆری کرد. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە نووسینگەی هەنیە بەڕێوەچووە کە تەنیشت ماڵی ئەلحەیەیە و "نزیکەی بەشێکە لە ماڵی هەنیە". ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەکێک لە بۆمبەکان گۆشەیەکی ئۆفیسە گەورە و فراوانەکەی هەنیە کەوتووە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی "کە لە گۆشەیەکی دیکە دانیشتبوون، کە تاڕادەیەک دوورە لە شوێنی بەرکەوتنی بۆمبەکە". هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی بێدەنگی شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەکاتێکدا بوو بەرپرسانی باڵای حەماس کۆببوونەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانی نوێی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن تیمی ئیدارەی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو. بەرپرسانی ئەمریکاش چاوەڕوانی وەڵامی حەماس بوون، بەڵام هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل، بەرپرسان و راوێژکارانی ئیدارەی ترەمپ تووڕە دەکات. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن وتى: قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، وەڵامدانەوه بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لەدۆحەوە دەبێت، وەڵامدانەوە له ئێستادا له گفتوگۆیه لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە. دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو چاوپێکەوتنەى ئەنجامداوەو بە توندی هێرشی کردوەتە سەر نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات". هەروەها تۆمەتباری کردووە بە "کاتی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ داوە". وتیشى: ئێمە هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی غەززە برسی دەکات. ناتانیاهۆ دەبێت دادگایی بکرێت و لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، نەتانیاهۆ هەوڵی وتاری یاسایی دەدات، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕێگرییان لە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکوومەتی سووریا کردووە کە، هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو ناوچەکانی دەورووبەری"تل حافر" لە بەرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و نائارامیان دروستکردووە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هێزەکانمان لە ناوچەی دێرحافەر بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەوڵەكانی دزەکردن و دوژمنكاری تۆپبارانيان داوەتەوە، کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراوەو، تەواوی ئەو هەوڵانەیان پوچەڵ کردووەتەوە. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، رایدەگەیەنێت:هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە دەستپێشخەری ئەو پێشێلکارییە دووبارەیەی كردووە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکات. لە هەمان كاتدا، هێزەکانمان دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایەو لە ئامادەباشی بەردەوامدایە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ. ئاماژە بەوەشدەكات: هێزەکانیان جەخت لەسەر پابەندبونی بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەر هەوڵێکی دیکەی دوژمنكاری وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە، بە جۆرێك ئاسایشی ناوچەکە و شكۆی خەڵكەكەی بپارێزێت. لەلایەکى دیکەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 10ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە)، کتوپڕ هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەڕاح) و دەورووبەری شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، لە هێرشەکەشدا، ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەی وێران کردووە کە، بەهۆیە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سووپای سووریا دەستی بە هێرشکردنی پێچەوانەوە بۆ سەر سەرچاوەی هێرشەکە، کردووە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاوکات وەزیری دەرەوەشە دەڵێ: نەتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەری دروست ناکەن. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن وتى: قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، وەڵامدانەوه بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لەدۆحەوە دەبێت، وەڵامدانەوە له ئێستادا له گفتوگۆیه لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە. دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو چاوپێکەوتنەى ئەنجامداوەو بە توندی هێرشی کردوەتە سەر نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات". هەروەها تۆمەتباری کردووە بە "کاتی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ داوە". وتیشى: ئێمە هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی غەززە برسی دەکات. ناتانیاهۆ دەبێت دادگایی بکرێت و لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، نەتانیاهۆ هەوڵی وتاری یاسایی دەدات، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
