عێراق لە ماوەی کانوونی دووەمی 2025 تا ئێستا، بە بەهای 66 ملیۆن دۆلار هێلکەی لە تورکیا هاوردە کردووە و بەمەش پلەی یەکەمی لە لیستی وڵاتانی هاوردەکاردا گرتووە. بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی ئیجە، عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە هێلکەی لە تورکیاوە هاوردەکردووە بەهای 66 ملیۆن دۆلار. لە ماوەی نێوان کانووی دووەم تاوەکو ئابی ئەمساڵ. سەرەڕای بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەکردنی هێلکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوورییەوە لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڵام لە ماوەی 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵ عێراق لە پلەی یەکەمی گرتووە لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی هێلکەی لە تورکیاوە هاوردە کردووە. هەر بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، ڕووسیا بە 45 ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەم دێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە 17 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەم و کازاخستان بە 16 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم دایە. ئیمارات و ئیتاڵیاش بە 15 و 14 ملیۆن دۆلار، بەدوای یەکدا لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمی لیستەکەدان.
لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا، دەست بەسەر "جان هۆڵدینگ"دا گیرا کە خاوەنی کەناڵە دیارەکانی وەک Habertürk و Show TVیە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەست بەسەر 121 کۆمپانیای سەر بە هۆڵدینگەکەدا گیراوە و بەڕێوەبەرەکانیشی بە "سپیکردنەوەی پارەی ڕەش"، "قاچاخچێتی" و "پێکهێنانی تۆڕی تاوانکاری" تۆمەتبار دەکرێن. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە/ئیستانبوڵ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 8 کەس دەرکرد، لەوانەش خاوەنە سەرەکییەکانی هۆڵدینگەکە محەمەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئەیلوولی 2025) دەستگیر کران. بەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025 لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە لە ئیستەنبووڵ، بە تۆمەتی "دامەزراندنی رێکخراوی تاوانکاری، قاچاخچێتی، ساختەکاری" و "سپی کردنەوەی پارە" دەست بەسەر جان هۆڵدینگدا گیرا. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کوچوکچەکمەجە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد، لەوانە محەممەد شاکر جان، کەمال جان و کەنعان تەکداغ بەڕێوەبەرانی جان هۆڵدینگ. هاوکات دەست بەسەر 121 کۆمپانیای هۆڵدینگەکەدا گیرا، کە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەرتورک و شۆ تیڤییان تێدایە. تورگای جینەری کارساز، پار هەموو پشکەکانی خۆی لە جینەر یایین هۆڵدینگ کە خەبەرتورک، شۆ تیڤی و بلومبێرگ ئێچ تی لەخۆدەگرت، بە جان هۆڵدینگ فرۆشتبوو. "جان هۆڵدینگ" لەلایەن زەمانهان جانەوە لە ساڵی 1972 دامەزراوە. سەرەتا بە بازرگانیی نێودەوڵەتی دەستی پێکردووە و دواتر چووەتە بواری گەشتیاری، وزە و سووتەمەنییەوە. هۆڵدینگەکە لە ساڵانی دواییدا بە کڕینی کۆلێژەکانی دۆغا و دواتریش "جینەر میدیا هۆڵدینگ" قەبارەی خۆی گەورەتر کرد. Show TV, Show Türk, Show Max, Haberturk.com, Habertürk Radyo, Habertürk TV, Bloomberg HT, Bloomberg TV, Newsweek, FHM, Marie Claire Maison, Marie Claire, Food and Travel, GEO, Mother and Baby ئەو دامەزراوە میدیایانە کە جان هۆڵدینگ بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار کڕیوونیەوە. Habertürk TV لە (3ـی ئەیلوولی 2001) لەلایەن ئوفوک گولدەمیرەوە دامەزرا. دوای کۆچی دوایی ناوبراو، لە ساڵی 2007 لەلایەن "جینەر میدیا گروپ"ەوە کڕدرایەوە و لە چەند مانگێک لەمەوبەر فرۆشرایەوە بە "جان هۆڵدینگ". ڕۆژنامەی Habertürk لە (1ـی ئاداری 2009)دەستی بە وەشانی کاغەزی کرد و لە (5ـی تەمموزی 2018)دا کۆتایی پێهات. ئێستا تەنها وەک ماڵپەڕی haberturk.com بەردەوامە. Show TV لە (1ـی ئاداری 1991) دامەزرا و یەکێکە لە یەکەمین کەناڵە تایبەتەکانی تورکیا. لە ساڵی 2013 لەلایەن سندوقی بیمەی سپاردەکانەوە بە "جینەر گروپ" فرۆشرا. بەڵام دواتر دەستی بەسەردا گیرایەوە و دیسانەوە درایەوە بە "جینەر گروپ". بە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ، جارێکی تر سندوقی بیمەی سپاردەکان دەستی بەسەردا گرتەوە.
سەرچاوەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ رۆژنامەى ئەشەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە دوو سەرکردەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە برینداربوون و یەکێک لەوان باری تەندروستی "ناجێگیرە". ئەو سەرچاوانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە ئەندامانی برینداری مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە "لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لەژێر ئاسایشی تونددا چارەسەر وەردەگرن". بەڵام ئامادە نەبوون ناوی سەرکردە بریندارەکان لەم کاتەدا ئاشکرا بکەن. هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بە ئامانجگرتنی کۆمەڵگەیەکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس لە ناوچەی ئەلقاتیفیە لە پایتەختی قەتەر پێنج فەلەستینی کوژران، لەوانە هومام ئەلحەیای کوڕی خەلیل ئەلحەیا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە؛ بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەی، جیهاد لاباد؛ سێ لە هاوەڵەکانی؛ و ئەفسەرێکی ئەمنی قەتەری. بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو شوێنانەى کە کراوەتە ئامانج، فەرمانگە و ماڵەکانی تێدایە کە سەرجەمیان هی سەرکردە و بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانەکانیانن. لەنێویاندا ڤێلایەکی قەبارە مامناوەندی سەر بە خەلیل ئەلحەیە، کە ئۆفیسێکی تایبەتی تێدایە و ئامانجی سەرەکی توندترین هێرش بووە، لە نزیکەی چوار هێرش. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هەندێک لەو بۆمبانەی کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە لە شوێنەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، شوێنەکانی دیکەی ناو کۆمپلێکسەکەشیان بەرکەوتووە"، لەنێویاندا ئۆفیسی پێشووی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی کۆچکردووی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، کە ئیسرائیل لە 31ی تەمموزی 2024 لە تاران تیرۆری کرد. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە نووسینگەی هەنیە بەڕێوەچووە کە تەنیشت ماڵی ئەلحەیەیە و "نزیکەی بەشێکە لە ماڵی هەنیە". ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەکێک لە بۆمبەکان گۆشەیەکی ئۆفیسە گەورە و فراوانەکەی هەنیە کەوتووە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی "کە لە گۆشەیەکی دیکە دانیشتبوون، کە تاڕادەیەک دوورە لە شوێنی بەرکەوتنی بۆمبەکە". هێرشەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی بێدەنگی شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەکاتێکدا بوو بەرپرسانی باڵای حەماس کۆببوونەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانی نوێی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کە لەلایەن تیمی ئیدارەی ترەمپەوە پێشنیاز کرابوو. بەرپرسانی ئەمریکاش چاوەڕوانی وەڵامی حەماس بوون، بەڵام هێرشە لەناکاوەکەی ئیسرائیل، بەرپرسان و راوێژکارانی ئیدارەی ترەمپ تووڕە دەکات. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن وتى: قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، وەڵامدانەوه بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لەدۆحەوە دەبێت، وەڵامدانەوە له ئێستادا له گفتوگۆیه لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە. دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو چاوپێکەوتنەى ئەنجامداوەو بە توندی هێرشی کردوەتە سەر نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات". هەروەها تۆمەتباری کردووە بە "کاتی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ داوە". وتیشى: ئێمە هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی غەززە برسی دەکات. ناتانیاهۆ دەبێت دادگایی بکرێت و لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، نەتانیاهۆ هەوڵی وتاری یاسایی دەدات، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڕێگرییان لە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حکوومەتی سووریا کردووە کە، هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو ناوچەکانی دەورووبەری"تل حافر" لە بەرەی باشوور لە ڕۆژهەڵات و نائارامیان دروستکردووە، دوای هێرشەکەشی بۆ سەر ئەو چەکدارانە، جارێکی دیکە ئارامیان بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هێزەکانمان لە ناوچەی دێرحافەر بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەوڵەكانی دزەکردن و دوژمنكاری تۆپبارانيان داوەتەوە، کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراوەو، تەواوی ئەو هەوڵانەیان پوچەڵ کردووەتەوە. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، رایدەگەیەنێت:هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە دەستپێشخەری ئەو پێشێلکارییە دووبارەیەی كردووە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکات. لە هەمان كاتدا، هێزەکانمان دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایەو لە ئامادەباشی بەردەوامدایە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ. ئاماژە بەوەشدەكات: هێزەکانیان جەخت لەسەر پابەندبونی بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەر هەوڵێکی دیکەی دوژمنكاری وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە، بە جۆرێك ئاسایشی ناوچەکە و شكۆی خەڵكەكەی بپارێزێت. لەلایەکى دیکەوە فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 10ـی ئەیلوولی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە)، کتوپڕ هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی(جەڕاح) و دەورووبەری شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، لە هێرشەکەشدا، ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەی وێران کردووە کە، بەهۆیە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کردووە، دوای هێرشەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سووپای سووریا دەستی بە هێرشکردنی پێچەوانەوە بۆ سەر سەرچاوەی هێرشەکە، کردووە.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاوکات وەزیری دەرەوەشە دەڵێ: نەتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەری دروست ناکەن. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى سی ئێن ئێن وتى: قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، وەڵامدانەوه بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل لەدۆحەوە دەبێت، وەڵامدانەوە له ئێستادا له گفتوگۆیه لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەناوچەکە. دوای ڕۆژێک لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەو چاوپێکەوتنەى ئەنجامداوەو بە توندی هێرشی کردوەتە سەر نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد، نەتانیاهۆ "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە دەبات". هەروەها تۆمەتباری کردووە بە "کاتی قەتەر لە نێوەندگیریدا بەفیڕۆ داوە". وتیشى: ئێمە هەڕەشەکانی نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین بەو پێیەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و خەڵکی غەززە برسی دەکات. ناتانیاهۆ دەبێت دادگایی بکرێت و لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، نەتانیاهۆ هەوڵی وتاری یاسایی دەدات، بەڵام یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئیمارات کۆبووەوە و دانانی نێردهيهكى تايبهتى ئيماراتى بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان، به "ههنگاوێكى گرنگ" له قهڵهم دا كه بايهخ و گرنگيى پهيوهندييهكانى ههردوولا نيشان دهدات. رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازییکرد لە سهعيد ئهلهاجرى، وهزيرى دهوڵهت و نێردهى تايبهتى ئيمارات بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان و شاندێكى ياوهرى. لە کۆبوونەوەکە بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: "ههردوولا وێڕاى ستايشكردنى مێژووى دۆستايهتى و پهيوهندييهكان، خۆشحاڵييان به ئاستى پهيوهندييهكانى نێوان ههردوولا دهربڕى و جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ برهوپێدانى زياتر و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان كردهوه، بهتايبهتيش لهو بوارانهدا كه بۆ ههردوولا گرنگن." ههر لهوبارهيهوه ههردوولا بوونى ياسايهكى هاندهر و ژينگهيهكى يارمهتيدهريان بۆ وهبهرهێنان له ههرێمى كوردستان، "به گرنگ ههڵسهنگاند." نێچيرڤان بارزانى وێڕای سوپاسکردنی سهرکردایهتی و حکومهتی ئیمارات بۆ "يارمهتيدان و پشتگيرييان له عێراق و ههرێمى كوردستان"، دهستنيشانكردنى نێردهيهكى تايبهتى ئيماراتى بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ ههرێمى كوردستان، به "ههنگاوێكى گرنگ له قهڵهم دا كه بايهخ و گرنگيى پهيوهندييهكانى ههردوولا نيشان دهدات." سهرۆكى ههرێمى كوردستان ههروهها سوپاس و پێزانينى بۆ شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات دووپات كردهوه كه نيسانى رابردوو له كۆبوونهوهيهكى دووقۆڵيياندا له ئهبوزهبى، جهختى له ناردنى نێردهيهكى تايبهتى ئيمارات بۆ وهبهرهێنان بۆ ههرێمى كوردستان كردبووهوه. لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. له كۆبوونەوهكهدا نێچیرڤان بارزانی و سهعيد ئهلهاجرى باسیان له دهرفهتهكانى سهرمايهگوزارى و وهبهرهێنان و كار و چالاكيى كۆمپانياكان و كهرتى تايبهتى ئيماراتى له ههرێمى كوردستان كرد و لەبارەی ئاسۆى فراوانكردنيان له بواره جیاجياكاندا، بيروڕايان گۆڕييهوه. هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان تهواوى ئامادهيى بۆ پێشكێشكردنى "ههموو پشتيوانى و هاوكارييهكى پێويستى لايهنه پهيوهنديدارهكانى ههرێمى كوردستان، دووپات كردهوه." فرهچهشنكردنى ئابوورى، بوونى روانگهيهكى روون بۆ وهبهرهێنانى ئيماراتى له عێراق و ههرێمى كوردستان، ئابووريى بهردهوام، پهيوهندييهكانى عێراق لهگهڵ ئيمارات و چهند پرسێكى ديكهى جێى بایهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
پسپۆڕێکی سیاسی و ستراتیجی ڕایگەیاند، چوار خولەک پێش هێرشەکەی دەوحە، تورکیا سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردبووەوە، شوێنی کۆبوونەوەکەیان بەجێ بهێڵن. دکتۆر محەممەد ئەلمسری، پسپۆڕی کاروباری سیاسی و ستراتیجی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا سەرکردەکانی حەماسی ئاگادار کردبووەوە شوێنی کۆبوونەوەکەیان لە دەوحە بەجێبهێڵن، دوای ئەوەی تێبینی فڕینی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلییان بەرەو قەتەر کردبوو. بە گوتەی ئەلمسری، تەنیا چوار خولەک پێش هێرشەکەی ئیسرائیل، سەرکردەکانی حەماس باڵەخانەکەیان بەجێ هێشتبوو و لە کوشتن ڕزگاریان بووە. هەر لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەند هەفتەیەک پێش هێرشەکەی دەوحە، تورکیا و میسر بە شێوەیەکی گشتی سەرکردەکانی حەماسیان ئاگادار کردبووەوە، ڕێوشوێنی خۆپارێزییان زیاتر بکەن، چونکە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلییان لەسەرە، بەتایبەتی دوای شکستی گفتوگۆکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل چەند مانگێک لەمەوبەر ئامادەکاری بۆ هێرشە مووشەکییەی سەر دەوحە کردبوو، بەڵام چاوەڕێی گەیشتنی گفتوگۆکان بە ئەنجامێک بوو، بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس. کاتێک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گفتوگۆکان بێسوودن، بڕیاری داوە هەموو سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی کەرتی غەززە بکوژێت. نزیکەی کاتژمێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ، ئیسرائیل لە ڕێگەی زیاتر لە 15 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی مووشەکی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی مانەوەیان لە دەوحە. لە کاتی هێرشەکەدا، شاندی دانوستانکار سەرقاڵی تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوون، بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلی و زیندانییە فەڵەستینییەکان. فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییەکان، بە دەیان مووشەک زیاتر لە 10 باڵەخانەیان لە دەوحە بۆمباران کرد، کە هەموویان تایبەت بوون بە سەرکردە و ئەندامانی حەماس و خێزانەکانیان. کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، هەموو سەرکردەکانی حەماس کە لە نێو کۆبوونەوەکەدا بوون، کوژراون، لە نێویاندا خەلیل حەیە، سەرۆکی حەماس لە کەرتی غەززە و سەرۆکی شاندی دانوستانکار؛ خالد مشعەل، بەرپرسی حەماس لە دەرەوە و زاهر جەبارین، بەرپرسی بزووتنەوەکە لە کەرتی ڕۆژئاوا. بەڵام نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە، واتا چوار کاتژمێر دوای هێرشەکە، حەماس ڕزگاربوونی سەرکردەکانی بزووتنەوەکەی لەو هەوڵەی تیرۆرکردن ڕاگەیاند. هاوکات نەیشاردەوە، پێنج کەس لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون، کە یەکێکیان کوڕی خەلیل حەیە بووە. هێرشەکە کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. وڵاتان پشتیوانیی خۆیان بۆ قەتەر دووپات کردەوە و جەختیان کردەوە، ئیسرائیل بەم هەڵسوکەوتانەی، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات. قەتەریش بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و دووپاتی کردەوە، مافی وەڵامدانەوەیی هەیە. لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی کردەوە، بەبێ ئەمەریکا و بە تاک لایەنە هێرشەکەیان کردووە و بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن. هاوکات دووپاتی کردەوە، هەر شوێنێک سەرکردایەتیی حەماسی لێ بێت، هێرشی دەکەنە سەر و هیچ جێگەیەک سەلامەت نییە بۆیان. هەر لە هەمان ڕۆژی هێرشەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئەنجام دا. ترەمپ دڵنیایی پێ دا کە واشنتن لە هێرشەکەدا بەشدار نەبووە و بەڵێنی دا هێرشی هاوشێوە بۆ سەر دەوحە دووبارە نابێتەوە. هاوکات پێی گوت "بە ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی خۆمم گوتبوو، ئاگادارتان بکاتەوە لە هێرشەکە، بەڵام دیارە درەنگ پێتانی ڕاگەیاندبوو."
پێگەی عالەم جەدید-ی عێراقی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، دوای بۆردومانکردنی دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل دەگەنە عێراق. ماڵپەرەکە دەلێت بە ئامانجگرتنی دۆحە لەئێوارەی سێشەممە، ئیسرائیل لاپەڕەیەکی نوێی لە پەرەسەندنی ناوچەیی کردەوە و پەیامێکی نارد کە لە سنوورەکانی فەلەستینەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکە بگرێتەوە. چاودێران پێیان وایە ئەو هێرشەی قەتەر هۆشدارییەکی ڕوونە کە تەلئەبیب چیتر دان بە هیچ هێڵێکی سووردا نانێت، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتۆنیش. ئەم پێشهاتە تەحەدای ئاڵۆزتر دەخاتە بەردەم عێراق، لە کاتێکدا بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ یان گۆڕینی خاکەکەی بۆ گۆڕەپانێک بۆ ململانێی بە وەکالەت لە ئارادایە. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێستا بەغدا پێویستە خۆی لە شوێنی خۆیدا بگۆڕێت بۆ پاراستنی سەروەری خۆی لە هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری. حازم ئەیاد شرۆڤەکاری سیاسی ئوردنی بە ئەلعالەم ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، “دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس ڕەنگە سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ئەم ڕێبازە پەرەسەندووە نەیاران و دۆستان و تەنانەت ناوبژیوانان و وڵاتانێک کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن”. ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئوردنییە پێیوایە "ئەم دەستدرێژییە پرسیار لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش دەوروژێنێت، بەو پێیەی واشنتۆن هەوڵدەدات بە زۆر ئیرادەی خۆی بسەپێنێت. ئەگەر نەتانیاهۆ سەرکەوتوو بێت لە ڕێگەدان بە تێپەڕاندنی ئەم دەستدرێژییە بەبێ کاردانەوەی نێودەوڵەتی، ئەوە ڕەنگە ببێتە هۆی فراوانبوونی زیاتری سەربازی ئیسرائیل". پێگە عێراقییەکە باسی لەوەشکردووە، دوای بۆردومانکردنی قەتەر دەرکەوت ئیسرائیل حساب بۆ هیچ هێڵێکی سور ناکات تەنانەت ئەگەر لەگەڵ وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکاشدا بێت، هاوکات باس لەوەشدەکات، عێراق ئێستا لەبازنەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیلدایە. پێگە عێراقیەکە داوا لە بەرپرسانی باڵا دەکات لە هەنگاوی یەکەمدا بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بچنەوە و داوا بکەن، واشنتۆن عێراق لەو زریانەی بەڕێوەیە بپارێزێت. ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرشبکاتە سەر هەر وڵاتێک تەنانەت ئەگەر بە لێدوانێکی توندیش دژی تەلئەبیب بوەستێتەوە، عێراقیش کە لەلایەن گروپە شیعەکانەوە پاڵپشتی حەماس دەکەن و زۆر جار لە عێراقەوە درۆن ئاڕاستەی شاری ئایلات کراوە، لە چاوەڕوانیی تۆڵەی ئیسرائیلدان. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، هەر بە تەنها حەماس نا، بەڵکو حوسیەکانیش لە بازنەی بە ئامانجگرتندان، چونکە ئەوانیش لە عێراق بنکە و بارەگایان هەیە، هاوکات پێگەکە داوا دەکات، لەم قۆناغەدا گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی خۆیان بکەن و پاساوی لێدانی عێراق نەدەنە ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن هێرشی دەوحە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو، وەزیرى بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێتت دەستمان دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ئەوانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە. ئێوارەى دوینێ (سێشەممە) ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی بۆ سەر شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر کرد، ئیسرائیلییەکان دەڵێن، هێرشەکە ئامانجەکەی کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی حەماس بووە کە لەکاتی هێرشەکەدا، شاندی حەماس تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکایان دەکرد بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە. هێرشەکەی ئیسرائیل بە ناوی "لووتکەی ئاگر" بوو. بە زیاتر لە 10 فڕۆکەی جەنگی و بەکارهێنانی مووشەکی وردبین و دوورمەودا، کرا. ئامانجەکەشیان باڵەخانەیەکی ناوچەی کەتارا بووە کە بەرپرسانی باڵای حەماسی تێدا نیشتەجێ بوون. دەزگاى پەخشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند کە پێدەچێت هێرشەکەی قەتەر ئەنجامە خوازراوەکەی نەتەنیاهۆ و حکومەتى ئیسرائیلى بەدەست نەهێنابێت. پێشتر ڕۆژنامەی ماریڤی ئیسرائیلی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنی دۆحە چەند هەفتەیەکە پلانی بۆ دانراوە و ئاماژەی بەوەدا کە دەزگای ئاسایشی شاباک چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هێرشەکەی قەتەر دەکات. ماریڤ لە زاری بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ کەسێک لە بیناکەی دۆحە نەیدەتوانی ڕزگاری بێت" لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا، "دەستی ئێمە دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ئەوانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە"، سوێندیشی داوە سەرکردەکانی غەززە و حەماس لەناوببەن "ئەگەر مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ نەکەن". وەزیری بەرگری ئیسرائیل زیادی کرد: هەرکەسێک بەشداری لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کردبێت، تەواوی باجەکەی دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەناڵی ئیسرائیلی برۆدکاستینگ بڵاویکردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا هێرشەکەی دۆحە ئەنجام بدات سەرەڕای ناڕەزایەتی سەرکردە ئەمنییەکان سەبارەت بە کاتی هێرشەکە. لەدوای هێرشەکە، ئیسرائیل رایگەیاند "گەشبینە" بە ئەنجامەکەی و سەرکەتوو بووە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە هەنگاوێک وەسف کرد کە ئەگەری هەیە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت. لەلایەکی دیکەوە حەماس هێرشەکەی بە شکست زانی و جەختی کردەوە کە هیچ کام لە سەرکردە باڵاکانیان نەکوژراون. بەگوێرەی زانیاریی گرووپەکە، پێنج کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا: هیمام حەیا، کوڕی خەلیل حەیا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، جیهاد لەبەد ئەبو بیلالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل حەیا و سێ لە یاریدەدەرەکانیان. دواتر قەتەر رایگەیاند، یەکێک لە کارمەندانی ئاسایشی قەتەریش لەو هێرشەدا کوژراوە. میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێشبینیکراوە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بەرپرسی باڵای حەماسی تێدا ئامادەبن، لەوانەش: خەلیل حەیا، زاهیر جەبارین، محەممەد دەروێش، نزار عەوادەڵڵا و خالید مەشعەل. بێجگە لە خەلیل حەیا، تاوەکو ئێستا حەماس هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی سەرکردەکانی دیکەی رانگەیاندووە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند: رزگارکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ هاوڵاتی روسی-ئیسرائیلی دوای پرۆسەیەكی ئاڵۆز بووە، کە لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەكانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێک ئەنجامدراوە. رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "خۆشحاڵم ئاماژە بەوە بکەم کە ئیلیزابێز تسووکۆڤ، قوتابی زانکۆی پرینستن، کە خۆشکەکەی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، کەمێک لەمەوبەر لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازادکرا". ترەمپ رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عێراق، "دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشکەنجە درابوو". سەباح نوعمان، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە: لە مانگی ئازاری 2023 کۆمەڵێک كۆمەڵێكی لە یاسا دەرچوو هاوڵاتی روسی ئەلیزابێس تسورکۆڤیان رفاندووە، لە تاوانێکدا کە رەنگدانەوەی واقیعی دۆخی ئەمنی شارەکانی عێراق نییە. جەختیشیکردەوە: دەزگا ئەمنییەکان دوور لە چاوی میدیاکان کاریان کردووە بۆ پاراستنی نهێنی زانیارییەکان و زامنكردنی سەلامەتی رفێنراوەکە. وتەبێژەكەی سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە: هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییە ناوازەكان بووە هۆی دۆزینەوەو ئاشكراكردنی شوێنی دەستبەسەرکردنی لە ٩ی ئەیلولدا، كە دواتر رادەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراوەتەوە، گوازراوەتەوە بۆلای خوشکەکەی کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکییە. راشیگەیاندووە: دەزگاکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لەم تاوانە، تا رادەستی دادگا بكرێن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه". سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێک بدات بۆ رێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه". دەقى پەیامەکە.. سهركۆنهى هێرشى ئهمڕۆى ئيسرائيل بۆ سهر دهوحه دهكهين كه ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه. به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێك بدات بۆ ڕێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه.
سەرچاوەیەکی باڵاى بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییا لە هەوڵی تیرۆرکردنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕزگاریان بوو کە ڕۆژی سێشەممە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کرانە ئامانج. ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە، هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و باس لەوە دەکرێت کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس کراونەتە ئامانج. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی سەر دەوحە، خەلیل حەیە، سەرکردەی دیاری حەماس کراوەتە ئامانج. ئەو سەرچاوەیەى حەماس لەبەشێکى لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵى جەزیرە ڕوونی کردەوە کاتى هێرشە ئاسمانیەکەى ئیسرائیل شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە لەکۆبوونەوەدابوون و سەرقاڵى تاوتوێکردنى پێشنیاری ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ بوون بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست. لاى خۆشیهوه دوابەدواى ئەو هێرشەى ئیسرائیل وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی ئیسرائیل دەکەین کە بارەگای نیشتەجێبوونی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حەماسى لە دەوحە کردە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم "هێرشە تاوانکارییە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان و دانیشتووان"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەتی قەتەر "بەرگەی ئەم ڕەفتارە بێباکانەی ئیسرائیل ناگرێت" یان "هەر کارێک کە ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی بکاتە ئامانج". دوای هێرشە موشەکییەکی ئیسرائیل بۆ سەر چەند سەرکردەیەکی حەماس لەقەتەڕ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەدۆحە ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نیشتەجێی قەتەڕ بڵاوکردەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەڕ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەوردی چاودێری دۆخەی قەتەڕ و هێرشەکانی سەر دۆحە دەکەین، ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکی دانیشتوی قەتەڕ دەکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و چاودێری هەژماری فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دۆحە بکەن ". سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "هێرشێکی وردیان ئەنجامدا سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوی تیرۆریستیی حەماسی کردە ئامانج". دەشڵێت، بۆ چەندین ساڵ، ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتیی حەماس سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان کردووە، راستەوخۆ بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییە دڕندانەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، هەروەها جەنگەکەیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل رێکخستووە و بەڕێوەبردووە". باس لەوەش دەکات، "پێش هێرشەکە، رێوشوێنی پێویست گیرابوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و زانیاریی هەواڵگریی زیاتر".
تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا، لەزارى سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە بانگهێشتی فەرمی لە حکومەتی سوریاوە پێگەیشتوە بۆ ئەوەى دیدارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامبدەن. ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد یان ئەنەکەسە دامەزراوەیکی سیاسییە لەدوای ھاتنی بەھاری عەرەبی یان شەڕی ناوخۆیی سووریا دامەزراوە، ئەم دامەزراوە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. بەپێى ڕاپۆرتى تەلەفزیۆنى سوریا، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد و ئایندەی وڵاتەکەیە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بەشداربن لەو کۆبوونەوەیەدا. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، بانگهێشتنامە فەرمییەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریاو کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریاى لەخۆ گرتووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنەکە و حکومەتی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بووە. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوەیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە و لیستی 15 کەسی لە سەرکردەکانی پێشکەش کردوە، کە بەرپرسانی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی و لیژنەی دانوستانیشیان تێدابووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێدەچێت لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژە بە دابەشبوون لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا ناکات، سەرەڕای ئەوەی بە جیا لە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەنجومەنەکە پابەندە بە دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردەوە، وە شاندی هاوبەشی کورد ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تاوتوێی چەسپاندنی دەستووری مافەکانی کورد لە سوریای نوێدا بکات".
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکى گەورەى ئیمرالی دەچێتە سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان. وتەبێژی دەم پارتی، وتیشى: لە هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات، کە هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەشمانی تێدادەبێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد لە پلانسازییداین بۆ ڕێکخستنی سەردانییەکە، بەڵام ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکرد. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگۆڵ دۆغان، دەربارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا. ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەیاندا کۆتا گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکاتیکیان هەڵسەنگاندووە، هەروەها تیشکخراوەتەسەر پێویستیییە هەنووکەیەکانی پرۆسەکە. شاندەکەی دەم پارتی نزیکەی مانگێک دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر لە ٢٨ی ئاب گەشتیان کرد بۆ ئیمرالی. بڕیارە ئەمجارەیان تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکرات و هەروەها ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیش لەم سەردانەدا ئامادە دەبن. ئەم سەردانە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیاکانى تورکیا، بڵاویانکردەوە پێنج پەرلەمانتارى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە لەچەند ڕۆژى داهاتوو سەردانى ئیمرالى دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) پێشنیازى ئەوەیکردبوو چەند ئەندامێکى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵا ئۆجەلان ببینێت. یەڵدز باسی لەوەشكردبوو: دەستنیشانكردنی ٣-٤ ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی بە وردی لەلایەن نومان کورتولموش بۆ وەرگرتنی لێدوان لە عەبدوڵا ئۆجەلان، لەگەڵ رەچاوكردنی کات و شێوازەکەی بە وردی، هیچ لاوازییەكی تیادانییە.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی هێرش دادەنێت بۆ سەر ناوچەکانى هەسەدە، بەبیانووى ئەوەى گوایە هەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی ئامادەکەن بۆی. بەپێى ئەو ڕاپۆرتانەى میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، ئاشکرابووە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی گڵاو دادەنێتن چەند هەنگاوێکیشى بۆ ئەومەبەستەناوە. سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بۆ بناغەی شەڕێکی نوێ ئامادە دەکەن، بە پڕوپاگەندەی ناڕاستی وەک گوایە قەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن. لە لایەکی دیکەوە بە هەماهەنگیی میت هەوڵ دەدەن بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەکانەوە چەتەکان و گرووپی دیکە ڕێکخستن بکەن و بەشداری هێرشەکان بکەن. میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە دەوڵەتی تورک لە سووریا هێزێکی داگیرکەرە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. ئەم قۆناغە بۆ سووریا گەورەترین مەترسی دەوڵەتی تورکە. بە هەموو ڕێ و ڕێبازەکانی دەستوەردان لە کێشەکانی سووریا دەکات. نەک بۆ چارەسەری بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ هەمووشتێک دەکات. بۆ ئەوەی گەلانی کورد و عەرەب لە بەرانبەر یەک بوەستنەوە هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەم کارە گڵاو و قێزەونانە، لە قسەکانی هاوپەیمانی کورد-تورک-عەرەب پاشەکشە ناکەن. لە لایەکی دیکەوە هەتەشە-جۆلانی کە سەرخۆشی دەسەڵاتبووە، بووەتە بوکەڵەیەکی دەوڵەتی تورک و بە پێی فەرمانی ئەوان مامەڵە دەکات. هەربۆیە نە چارەسەری، نە ئازادی و نە دیموکراسی تێناگەن. تورکیاش پشتگیری هەتەشە دەکات، ڕێگری لە دیموکراتیزەبوونی سووریا و هەموو ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت. لایەنیکەم ڕژێمی بەعس لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک وەستا و لەگەڵیان کۆبوونەوەی ئەنجام نەدا، بەڵام دەسەڵاتی جۆلانی ناتوانێت ئەم ئیرادەیە نیشان بدات و لەبەردەم داگیرکاری ئەوان لە سەر سووریا بوەستێتەوە. ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار لە نێوان قەسەدە و دەسەڵاتی جۆلانی واژۆکرا، وەک بنێشت لە دەمی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دایە. هەمووجارێک قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکەوتنە تاوانبار دەکەن و ئەمەش وەک هۆکاری هێرشەکانیان دەبینن، بەڵام هەمووکەسێک دەزانێت دەوڵەتی تورک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاستەنگییە و ڕێگە نادات جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دیمەشقدا بەردەوام بێت، ئاشکرایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. تاوەکو دیمەشق بە ئەقڵی تورکیا مامەڵە بکات، دیموکراتیزەبوون بە دی نایەت. ڕاستییەک هەیە و هەمووکەسێک دەڵێت، "سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١." چونکە هەلومەرجەکان گۆڕاون، سووریا گۆڕاوە و هەرێمەکەش گۆڕاوە. دەبێت دەوڵەتی تورک و دیمەشقیش ئەم ڕاستییە بزانن و سیاسەتێکی واقیعی و عەقڵانی بە پێی ئە ڕاستییە پەیڕەو بکەن. لەم ساتەوە هێرش لە دژی کورد نە بۆ تورکیا و نە بۆ دیمەشق هیچ سوودێکی نابێت. بە پێچەوانەوە زیان لە هەردوو وڵاتەکە و هەرێمەکە دەدات.
