سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه". سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێک بدات بۆ رێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه". دەقى پەیامەکە.. سهركۆنهى هێرشى ئهمڕۆى ئيسرائيل بۆ سهر دهوحه دهكهين كه ئاسايش و سهقامگيريى ناوچهكه دهخاته مهترسييهوه. به تهواوى پشتيوانى قهتهرين و داوا له كۆمهڵگهى نێودهوڵهتى دهكهين ههموو ههوڵێك بدات بۆ ڕێگرى لهو كارانه و گێڕانهوهى ئاشتى و ئارامى بۆ ناوچهكه.
سەرچاوەیەکی باڵاى بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییا لە هەوڵی تیرۆرکردنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕزگاریان بوو کە ڕۆژی سێشەممە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کرانە ئامانج. ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە، هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد و باس لەوە دەکرێت کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماس کراونەتە ئامانج. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی سەر دەوحە، خەلیل حەیە، سەرکردەی دیاری حەماس کراوەتە ئامانج. ئەو سەرچاوەیەى حەماس لەبەشێکى لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵى جەزیرە ڕوونی کردەوە کاتى هێرشە ئاسمانیەکەى ئیسرائیل شاندی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە لەکۆبوونەوەدابوون و سەرقاڵى تاوتوێکردنى پێشنیاری ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ بوون بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست. لاى خۆشیهوه دوابەدواى ئەو هێرشەى ئیسرائیل وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی ئیسرائیل دەکەین کە بارەگای نیشتەجێبوونی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حەماسى لە دەوحە کردە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم "هێرشە تاوانکارییە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان و دانیشتووان"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەتی قەتەر "بەرگەی ئەم ڕەفتارە بێباکانەی ئیسرائیل ناگرێت" یان "هەر کارێک کە ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی بکاتە ئامانج". دوای هێرشە موشەکییەکی ئیسرائیل بۆ سەر چەند سەرکردەیەکی حەماس لەقەتەڕ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەدۆحە ئاگادارییەکی بۆ هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نیشتەجێی قەتەڕ بڵاوکردەوە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قەتەڕ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەوردی چاودێری دۆخەی قەتەڕ و هێرشەکانی سەر دۆحە دەکەین، ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکی دانیشتوی قەتەڕ دەکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و چاودێری هەژماری فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دۆحە بکەن ". سوپاسی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت، "هێرشێکی وردیان ئەنجامدا سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوی تیرۆریستیی حەماسی کردە ئامانج". دەشڵێت، بۆ چەندین ساڵ، ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتیی حەماس سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیان کردووە، راستەوخۆ بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییە دڕندانەکەی 7ی ئۆکتۆبەر، هەروەها جەنگەکەیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل رێکخستووە و بەڕێوەبردووە". باس لەوەش دەکات، "پێش هێرشەکە، رێوشوێنی پێویست گیرابوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بە هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانەش بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد و زانیاریی هەواڵگریی زیاتر".
تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا، لەزارى سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ئەنەکەسە) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە بانگهێشتی فەرمی لە حکومەتی سوریاوە پێگەیشتوە بۆ ئەوەى دیدارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە دیمەشقی پایتەخت ئەنجامبدەن. ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد یان ئەنەکەسە دامەزراوەیکی سیاسییە لەدوای ھاتنی بەھاری عەرەبی یان شەڕی ناوخۆیی سووریا دامەزراوە، ئەم دامەزراوە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. بەپێى ڕاپۆرتى تەلەفزیۆنى سوریا، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد و ئایندەی وڵاتەکەیە، بەبێ ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بەشداربن لەو کۆبوونەوەیەدا. ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، بانگهێشتنامە فەرمییەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریاو کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریاى لەخۆ گرتووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجوومەنەکە و حکومەتی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بووە. بەپێى وتەى ئەو سەرچاوەیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ قبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە و لیستی 15 کەسی لە سەرکردەکانی پێشکەش کردوە، کە بەرپرسانی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی و لیژنەی دانوستانیشیان تێدابووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێدەچێت لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم کۆبوونەوەیە ئاماژە بە دابەشبوون لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا ناکات، سەرەڕای ئەوەی بە جیا لە کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڕێوەدەچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەنجومەنەکە پابەندە بە دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردەوە، وە شاندی هاوبەشی کورد ئەو کەسەیە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە تاوتوێی چەسپاندنی دەستووری مافەکانی کورد لە سوریای نوێدا بکات".
ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندێکى گەورەى ئیمرالی دەچێتە سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلان. وتەبێژی دەم پارتی، وتیشى: لە هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات، کە هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەشمانی تێدادەبێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد لە پلانسازییداین بۆ ڕێکخستنی سەردانییەکە، بەڵام ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکرد. وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگۆڵ دۆغان، دەربارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا. ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەیاندا کۆتا گۆڕانکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمورکاتیکیان هەڵسەنگاندووە، هەروەها تیشکخراوەتەسەر پێویستیییە هەنووکەیەکانی پرۆسەکە. شاندەکەی دەم پارتی نزیکەی مانگێک دوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر لە ٢٨ی ئاب گەشتیان کرد بۆ ئیمرالی. بڕیارە ئەمجارەیان تولای هاتیمۆغولاری و تونسێر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکرات و هەروەها ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندیش لەم سەردانەدا ئامادە دەبن. ئەم سەردانە لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیاکانى تورکیا، بڵاویانکردەوە پێنج پەرلەمانتارى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە لەچەند ڕۆژى داهاتوو سەردانى ئیمرالى دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە. لەهەفتەى ڕابردوودا فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) پێشنیازى ئەوەیکردبوو چەند ئەندامێکى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵا ئۆجەلان ببینێت. یەڵدز باسی لەوەشكردبوو: دەستنیشانكردنی ٣-٤ ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی بە وردی لەلایەن نومان کورتولموش بۆ وەرگرتنی لێدوان لە عەبدوڵا ئۆجەلان، لەگەڵ رەچاوكردنی کات و شێوازەکەی بە وردی، هیچ لاوازییەكی تیادانییە.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی هێرش دادەنێت بۆ سەر ناوچەکانى هەسەدە، بەبیانووى ئەوەى گوایە هەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی ئامادەکەن بۆی. بەپێى ئەو ڕاپۆرتانەى میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، ئاشکرابووە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی گڵاو دادەنێتن چەند هەنگاوێکیشى بۆ ئەومەبەستەناوە. سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بۆ بناغەی شەڕێکی نوێ ئامادە دەکەن، بە پڕوپاگەندەی ناڕاستی وەک گوایە قەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن. لە لایەکی دیکەوە بە هەماهەنگیی میت هەوڵ دەدەن بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەکانەوە چەتەکان و گرووپی دیکە ڕێکخستن بکەن و بەشداری هێرشەکان بکەن. میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە دەوڵەتی تورک لە سووریا هێزێکی داگیرکەرە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. ئەم قۆناغە بۆ سووریا گەورەترین مەترسی دەوڵەتی تورکە. بە هەموو ڕێ و ڕێبازەکانی دەستوەردان لە کێشەکانی سووریا دەکات. نەک بۆ چارەسەری بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ هەمووشتێک دەکات. بۆ ئەوەی گەلانی کورد و عەرەب لە بەرانبەر یەک بوەستنەوە هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەم کارە گڵاو و قێزەونانە، لە قسەکانی هاوپەیمانی کورد-تورک-عەرەب پاشەکشە ناکەن. لە لایەکی دیکەوە هەتەشە-جۆلانی کە سەرخۆشی دەسەڵاتبووە، بووەتە بوکەڵەیەکی دەوڵەتی تورک و بە پێی فەرمانی ئەوان مامەڵە دەکات. هەربۆیە نە چارەسەری، نە ئازادی و نە دیموکراسی تێناگەن. تورکیاش پشتگیری هەتەشە دەکات، ڕێگری لە دیموکراتیزەبوونی سووریا و هەموو ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت. لایەنیکەم ڕژێمی بەعس لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک وەستا و لەگەڵیان کۆبوونەوەی ئەنجام نەدا، بەڵام دەسەڵاتی جۆلانی ناتوانێت ئەم ئیرادەیە نیشان بدات و لەبەردەم داگیرکاری ئەوان لە سەر سووریا بوەستێتەوە. ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار لە نێوان قەسەدە و دەسەڵاتی جۆلانی واژۆکرا، وەک بنێشت لە دەمی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دایە. هەمووجارێک قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکەوتنە تاوانبار دەکەن و ئەمەش وەک هۆکاری هێرشەکانیان دەبینن، بەڵام هەمووکەسێک دەزانێت دەوڵەتی تورک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاستەنگییە و ڕێگە نادات جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دیمەشقدا بەردەوام بێت، ئاشکرایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. تاوەکو دیمەشق بە ئەقڵی تورکیا مامەڵە بکات، دیموکراتیزەبوون بە دی نایەت. ڕاستییەک هەیە و هەمووکەسێک دەڵێت، "سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١." چونکە هەلومەرجەکان گۆڕاون، سووریا گۆڕاوە و هەرێمەکەش گۆڕاوە. دەبێت دەوڵەتی تورک و دیمەشقیش ئەم ڕاستییە بزانن و سیاسەتێکی واقیعی و عەقڵانی بە پێی ئە ڕاستییە پەیڕەو بکەن. لەم ساتەوە هێرش لە دژی کورد نە بۆ تورکیا و نە بۆ دیمەشق هیچ سوودێکی نابێت. بە پێچەوانەوە زیان لە هەردوو وڵاتەکە و هەرێمەکە دەدات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایدەگەیەنن کە ئەمریکا ڤیزەی چوونە ژوورەوەی بە ئەحمەد شەراع، سەرۆک کۆماری سوریا داوە تا لە ٢١ تا ٢٥ی ئەیلول سەردانی نیویۆرک بکات بۆ بەشداریکردن لە ٨٠ەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەرع لە ٢٤ی ئەیلولدا وتارێکی فەرمی پێشکەش دەکات، بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و ئیبراهیم ئۆلەبی، نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپێی ماڵپەڕی ئیندیپێندنت عەرەبی. هاوکات ئامادەکارى دەکرێت بۆ دیدارێکی نێوان شەرع و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جگە لە سەردانێکی پێشبینیکراو بۆ "ماڵی تورکیا" بە یاوەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی سعودیە و تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە و فشارخستنە سەری بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەرا بە نیازە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێک پێشکەش بکات، کە "یەکەم وتاری سەرۆکێکی سوریا دەبێت بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە دوای ٦٠ ساڵ". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ی ئایار لە ڕیاز وتووێژی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامدا، ئەمەش یەکەم دیداری نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات بوو لە ماوەی 25 ساڵدا. سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بۆ دەیان ساڵە لە سەردەمی حافز ئەسەد و کوڕەکەی بەشار ئەسەد بەسەر دیمەشقدا سەپێندرابوون. دواتر گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتی دەرکرد و بە فەرمی مۆڵەتی بەو مامەڵەیانەی پێشتر قەدەغەکرابوون کە پەیوەندییان بە سوریاوە هەبوو.
لەتۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک عادل باخەوان سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت: بارزانی لە پاریس پێی وتم هەرگیز ڕۆژئاوای کوردستان بەتەنیا بەجێناهێڵین. هەروەها وتیشى: پەیامم بۆ خێڵە عەرەبەکانی سوریا ناردوەو و بەڕاشکاوی پێموتوون : گەر هێرشبکەنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان، هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێگای قامیشلو دەگرینە بەر و خۆیشم یەکێک دەبم لەو پێشمەرگانە. دەشڵێت: یەکێک لەو بابەتە ستراتیژیانەی کە لەگەڵ بارزانیدا باسمکرد، داهاتووی ڕۆژئاڤای کوردستانبوو. کۆی ئاڵەنگاریەکانمان پێکەوە باسکرد و جەنابیان بەو ڕستەیی سەرەوە کۆتایی پێهێنا و وتی: ڕاستە ڕەنگە ئێمە لە هەندێک خاڵدا جیاوازبین، بەڵام هەرگیز ڕۆژئاوا بەتەنها بەجێناهێڵین.
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئۆرشەلیم/قودس، پێنج کەس کوژران. فریاگوزاریی ئیسرائیل دەڵێت، هەشت کەس گیانى لەدەستداوەو نزیکەى ١٥ کەسى دیکەش بریندارن هەندێکیان دۆخیان ناجێگیرە، دوو کەس لەکوژراوەکان هێرشکەرانن. پێشنیوەڕۆ ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر شارۆچکەی ڕامۆت لە نزیک قودس، شەش کەس کوژراون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربون، دوابەدوای هێرشەکەش سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی قەلەندییە لە باکوری قودسی ڕۆژهەڵات. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە حاخامێک لەنێو کوژراوەکاندا بووە، چوار لەو کەسانە هەر لەشوێنى ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوەو دووکەسی دیکەشیان بەهۆى سەختی برینەکانیان لەنەخۆشخانە مردوون. بزووتنەوەی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و لایەنە فەلەستینییەکان پشتیوانى ئەو هێرشەیانکردوەو دەڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە وەڵامێکی سروشتیە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی بارودۆخی لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوە ئەمنییەکان کۆکردەوە و دواتر گەیشتە شوێنی هێرشەکە. ڕایگەیاند "لە چەند بەرەیەکدا لە شەڕێکی توندداین دژی تیرۆر". ئەو وتیشى: دەمەوێت سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری کوژراوەکان و بریندارەکان بکەم. بەدواداچوون و گەمارۆدانی ئەو گوندانەی تیرۆریستان لێیەوە سەریان هەڵداوە، بەردەوامە. حەماس لەناو دەبەین و هەموو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین. ئەم بەیانییە لە جولەکە و سامریا بەداخەوە هێرشەکەمان پووچەڵ نەکردەوە. داوا لە سیستمی داد دەکەم بەشداری شەڕی تیرۆریزم بکات. دوابەدوای هێرشەکە، سەرجەم دەروازەکانی دەوروبەری قودس داخران و گەمارۆیەک بەسەر چەند گوندێکی شاری بینامیندا سەپێندرا، لەو ناوچەیەی تیرۆریستان لێیەوە هاتوون . هێزەکانی IDF بڵاوەپێکران و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، بە هاوکاری پۆلیس. پۆلیسی ئیسرائیل لەبارەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە زانیاریی زۆری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گوتی دوو تەقەکەریان کوشتووە. واتە کۆی گشتیی کوژراوەکان بە تەقەکارانەوە، تاوەکو ئێستا 7 کەسن. بەگوێرەی پۆلیس، دوو تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێلێک چوونەتە چواڕیانی رامۆت، لەوێ تەقەیان لە وێستگەیەکی پاس کردووە کە خەڵکی تێدابووە. دواتر، پۆلیسێک و سڤیلێک کە چەکی پێبووە، تەقەیان لەو دوو کەسە کردووە. پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "هێزێکی گەورەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە، یەکەی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لەوە دڵنیا دەبنەوە ناوچەکە ئارام و سەلامەتە، تیمەکانی دادپزیشکیش بەڵگە کۆدەکەنەوە."
هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی نوێ لەبارەی بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو دەخاتە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە ئەگەر هەیە بگاتە 100 ملیار دینار. بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو یەکێکە لە سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە و بودجە. پێشنیازە نوێیەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان 50%ـی رسوماتی دەزگا و دامەزراوە فیدراڵییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات کە رسوماتی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، کارتی نیشتمانی، دەروازە سنوورییەکان و چەند دامەزراوەیەکی دیکە دەگرێتەوە. پێشتر هەردوولا 100%ـی داهاتی رسوماتی ئەو دامەزراوانەیان بە شایستەی خۆیان دەزانی. وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای هەموو رسوماتەکەی دەکرد کە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێ. سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو پرسە لە هەرێمی کوردستان وتى: "بەگوێرەی ئەو پێشنیازە نوێیە، ئەگەر زۆرە بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراوی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە 60 بۆ 70 ملیار دینارەوە بگاتە 100 ملیار دینار." ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر بنەمای راپۆرتی داهاتی ساڵی 2024، داوای زیاتر لە 180 ملیار دیناری داهاتی هەرێمی کوردستانی دەکرد. بەگوتەی دوو سەرچاوەی بەرپرس لە هەولێر و بەغدا، ئەو پێشنیازە نوێیەی هەرێمی کوردستان دراوەتە دەستەی راوێژکاریی یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بڕیارە لە راپۆرتێکدا بدرێتە محەممەد شیاع سوودانی و ئەگەر هەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەبارەیەوە بدرێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنى سوریا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێکى دیکە ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆببێتەوە. هەرچەندە هێشتا ڕۆژو شوێنى کۆبوونەکەش ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەمە دەبێتە سێیەک کۆبونەوەى ئەو دووبەرپرسە باڵایە، چونکە پێشتر دوو جارکۆبوونەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سوریا، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا لەسوریا پاڵپشتی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەکات. پێشتر ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریس چاوی بە ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کەوت، چەند جارێکیش ئەو وەزیرەى ئیسرائیل سەرکردە ڕۆحییەکانى کۆمەڵگەی دروزەکانی ئیسرائیل کۆبوەتەوە. کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، ئەمریکا پشتیوانى کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیری دەرەوەی سوریا و وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیلی کرد، کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە ئامادەبوونی تۆم باراک نوێنەری فەرەنسا بەڕێوەچوو. ئەم دیدارە لە دوای گەورەترین هەڵکشانی گرژى و ئاڵۆزى نێوان ئیسرائیل و سوریا هات، کە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە ئامانج کە کاروانەکانی سوپای سوریا و هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق کردە ئامانج، ئەمەش لە پاشخانی گرژییەکانی سوەیدا. نوێنەری ئەمەریکا لە سووریا دووپاتی کردەوە کە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان سووریا و ئیسرائیل هێشتا دوورە، سەرەڕای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بە نێوەندگیری ئەمریکا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانس و ئیڤێنتێکدا ڕایگەیاند هەڕەشەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکن، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق. ئەو ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی هەرێم پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لەسەر سنوورەکان. ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025 – د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانس و ئیڤێنتێکدا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بە بەشداریکردن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و هاوبەشیکردنی بەها هاوبەشەکان. وەزیری ناوخۆ جەختی لەسەر بەردەوامی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و ئاماژەی بە سەردانە سەرکەوتووەکەی چەند مانگێک لەمەوبەری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەریکا کرد. بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد، ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی بۆ دیپلۆماسیەت و بازرگانیی نێوان هەردوولا کردەوە و پەیامێکی ڕوونی نارد کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی جێگای متمانە، سەقامگیر و ئارامە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. سەبارەت بە سەقامگیری، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، هەڕەشەکانی داعش هێشتا کۆتاییان نەهاتووە و لە ناوچە جێناکۆکەکان چالاکن، بەتایبەتی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق. ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانی هەرێم پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە لەسەر سنوورەکان. ڕاشیگەیاند، بەداخەوە بەشێک لە میلیشیاکان هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان، دەبینین ئەوەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، چونکە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان زۆر گرنگە، دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیری ژێرخانەکەمان، هەروەها لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و هەماهەنگی هاوبەشی بکەین. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ سوپاسی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریکا، کرد بۆ ڕۆڵی گرنگیان لە دروستکردنی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و تیمەکەی، ستایش کران بۆ هەوڵەکانیان لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. سوپاسگوزاریی خۆیشی ئاڕاستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم ئیڤێنتە. د. ڕێبەر ئەحمەد وەک وەزیری ناوخۆ، ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سەقامگیریدا ڕوون کردەوە، کە ئەمەش پۆلیس، بەرگریی شارستانی، ئاسایشی سنوورەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان دەگرێتەوە.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى بهرپرسێكى باڵاى حكومهتى ههرێم ئاشكرایكردوه، عێراقو هەرێم هاککراونو پێشبینی مەترسییەکی گەورە دەکرێت، دهشڵێت، "تەواوی داتاکانی کارتی نیشتمانیی عێراق، بەدانیشتوانی هەرێمیشهوه لەلایەن گروپێکی دەرەکییەوە بردراون". هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی ئاشكرایكردوه، لەدوو ساڵی ڕابردودا، تەواوی داتاکانی کارتی نیشتمانیی عێراق، بەدانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە بردراون. بهوتهى ئهفهندى، "تهواوى داتاكان لەلایەن گروپێکی دەرەکییەوە بردراونو دورنییە لەئاییندەیەکی نزیکدا لەدژی حکومەتی عێراق یان هەرێم بەکاربهێندرێن". جهختیشكردوهتهوه، "پاراستنی داتاکان لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە سیستمەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە سەرپەرشتیدەکرێت".
ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەکانی خۆی لە دژی شاری غەززە نوێکردەوە، کە بۆردومانی قورسی ئیسرائیلی لەسەرە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش، ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی زۆر نزیک، لەبارەی پرسی غەززە دەگەینە ڕێککەوتن. ڕۆژی دووشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئیسرائیل کاتز لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ زریانێکی گەورە ئاسمانی شاری غەززە دەگرێت و سەقفی تاوەرە تیرۆریستییەکان دەلەرزێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە هۆشداری کۆتاییە بۆ ئەندامان و سەرکردەکانی حەماس لە غەززە و لە هۆتێلە لوکسەکانی دەرەوەی وڵات". لە درێژەدا وتی: بارمتەکان ئازاد بکەن و چەکەکانتان دابنێن، ئەگەرنا غەززە و لەناو دەچێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئیسرائیل "بەردەوامە لە کارکردن بەپێی پلانەکە، و ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی مانۆڕەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە ". لەلایەکى دیکەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای گەڕانەوەی لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لە نیوۆرک، ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لەبارەی دۆخی غەززە زۆر نزیکە، گوتیشی: ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، سەرۆکانی وڵاتانی ئەورووپا دەگەنە ئەمەریکا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ڤلادمێر پوتن قسە دەکات. ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا هات کە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: لەگەڵ نێوەندگیرەکان گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، هاوکات بارمتەکان ئازاد بکرێن.
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دواکەوتنی مووچەی خانەنشینانی عێراق بڕیاری داوە هەریەکە لە تەیف سامی وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکات. یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتى: بەفەرمی بانگهێشتنامە بۆ ئەو سێ لایەنە نێردراوە و ڕەنگە کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیدا لەنێو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بکرێت. ئەم مانگە مووچەی خانەنشینانی عێراق هەفتەیەک دوا کەوتووە و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و لەبەرانبەردا وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکی و حەواڵەی پارەوە هەبووە لە وەزارەتی دارایی و بابەتەکە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەی بودجە پارەی پێویستی لەبەردەستە بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان. لای خۆیەوە، ئەمیندارتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی لەسەر بڕیاری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بووە، بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی کارپێکراو بۆ کارەکانی دەستەی خانەنشینی، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی خانەنشینی ئامادەکردووە و بەپێی ڕەشنووسەکەش سندووقی خانەنشینی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەستەی خانەنشینی، بۆیە پێویستە سندووقی خانەنشینی تاوەکوو دەرچوونی ڕێنمایی نوێ بۆ دەستەکە هەڵبوەشێتەوە. هەروەها ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە خراوەتە ژێر پێداچوونەوەی یاسایی و دواتر بە پێی چوارچێوەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئاراستەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ دەنگدان.
لەبنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە قەسرەکی باکوری شاری حەسەکە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بەڕێوەچوو. بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، لە شارۆچکەی تەل تەمر و لادێکانی فڕینی چڕ و پڕی هێلیکۆپتەری سەربازی هەبووە، دوابەدوای ئەوە فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، لە شەوی ڕابردوەوە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆش بەردەوام بوو. هەروەها دەنگی تەقینەوه له چوارچێوەی مانۆڕی هاوبەشی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا بیستراوە.
