هاوڵاتی بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی عێراق، ١٠ لێپرسراوای وەزارەتی کارەبا بانگھێشت دەکات. دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای دووی کەرخ فەرمانی دەرکردووە بۆ بانگھێشتکردنی ١٠ لێپرسراوی وەزارەتی کارەبا، کە لە نێویاندا وەزیرێک و چوار بریکاری پێشوو ھەن و تێوەگلاون لە پێشێلکاری لە یەکێک لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا. ئەمەشلەکاتێکدایە پێشتر دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، دوو ھەزار و ٦٥٤ کەس لە وەزارەتی کارەبای عێراق تێوەگلاون بە دۆسیەی جۆراوجۆرەوە، کە حەوت وەزیر و ٥ بریکاری وەزیر و ١٢٧ بەڕێوەبەری گشتی و دوو ھەزار و ٤٢٢ کارمەندی ئاسایی تێدایە. ئەو دۆسیەیە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی لێپرسراوانی عێراق سەبارەت بە "دزی سەدە" کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دزرا، تا ئێستاش تەنھا زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە.
مانگرتن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.
79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی فاو بڵاویکردەوە،نیشانەکانی برسێتی لە سێ ساڵی رابردوودا لە عێراق کەمبووەتەوە و گەیشتۆتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ "فاو" راپۆرتێکی لەسەر برسێتی و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیشانەکانی برسێتی لەماوەی ساڵەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و٢٠٢١" کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. "فاو" دەڵێت، سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵام ھێشتا رێژەی برسێتی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر بەرزە، چونکە لە ئێران رێژەی برسێتی ٤.١% لە تورکیا ٢.٥% و لە سعودیە٣.٧ و کوەیت ٢.٧%.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا، زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان و ئاماژەی بەوەیشدا کە تا ئێستا، ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراویان گەڕاندووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ کرد. فوئاد حوسێن لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانەکان و جیاوازی بەرژەوەندییەکانەوە، بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و گوتی: "دیالۆگی رۆشنبیریی، مەرجێکە بۆ پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن". گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوودا،زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان، بەڵام کردە تیرۆریستییەکان ناتوانن مێژوو بسڕنەوە". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، دیدێکی بەشدارانە پەیڕەو دەکات و لە ئایندەدا، بەرپرسیارییەتێکی گەورەی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی پێشەنگیی بکات لە هاریکاریی و هاوبەشییدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووهەوا، پێویستی بە هاوکاریی و هاوبەشی هەیە". باسی لەوەش کرد کە کۆڕبەندی شارستانییەتییەکان، رێگایەکی دیپلۆماسییە بۆ پاڵشتییکردن لە هەوڵە جیهانییەکان، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی ئەو کردە تێکدەرانەی کە بۆسەر شوێنەوارەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێن و گوتی: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئۆمێدەوارین، هەمانگیی و هاریکارییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکرێن، بەئامانجی گەڕاندنەوەی پارچەی شوێنەواری دزراوەکان". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا رایگەیاند کە کۆڕبەندەکە، دەرفەتییەکە بۆ پەیوەندی جۆریی.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی "حیزبوڵڵایەکی دیکە" لە سووریا و عێراق. رۆژی شەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2022، ئەڤیڤ کۆچاڤی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ستراتیژییەکانی بۆ بەئامانجگرتنی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لەڕێگەی هێرشی ئاسمانی، تاوەکو رێگەنەدات ڤێرژنێکی نوێی حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق و سووریا دروست ببێت. بە گوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل، ئێران لە هەوڵدایە درۆن رەوانە سووریا بکات و سیستمی بەرگری لە سووریا جێگیر بکات، هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە سووریا بە ناوی ئیمام دابمەزرێنێت لەنزیک سنووری عێراق لە ناوچەی ئەبوکەمال. لەوبارەیەوە، ئەو ژەنەراڵە ئیسرائیلییە دەڵێت، "حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا خۆی زۆر بەهێز کردووە و بە مانایەکی دیکە بووەتە حیزبوڵڵایەکی نوێ و لە هەوڵیشدایە حیزبوڵڵا - سێ لە سووریا و حیزبوڵڵایەکی دیکەش لە عێراق و یەمەن دروست بکات. بۆیە کۆکردنەوەی هەموویان و هێشتنەوەی هەموو گرووپەکان لە ناوچەیەکی سووریا، ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە."
هاوڵاتی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بە بەهێزی بمێننەوە و رێگەیەکیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بریتییە لە رێگەگرتن لەوەی لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتان. یهحیا رهسوڵ، وتهبێژی فهرماندهیی گشتی هێزه چهكدارهكانی عێراق ئهمڕۆ یهكشهممه لهمیانی كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، "فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان له كۆبونهوهی ئهنجومهنی ئاسایشی وهزاری جهختی لهسهر كۆنتڕۆڵكردنی سنور لهلایهن هێزهكانی پاسهوانی سنورهوه كردوه و هێڵی سفری لهگهڵ ههردو وڵاتی دراوسێ (ئێران و توركیا) كۆنتڕۆڵ بكرێت، فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان فهرمانی بهوهكردوه و دهستبهجێ فهرماندهی پاسهوانی سنور فهرمانیكردوه به دابینكردوه به دابینكرنی پێویستیهكان كه پێكدێن له چهك، كهرهسته و پاسهوان بهجۆرێك كه ببێتههۆی گهرهنتیكردنی سنور و خاڵه سنوریهكان" لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چەند کەس بۆ ریزەکانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن بۆئەوەی ئەو هێزە گەورەتر و کاریگەرتر بێت، یەحیا رەسوول گوتی، فەرماندە سەربازییەکان بڕیار لەسەر ژمارەکە دەدەن، بەڵام بڕیارەکە دراوە کە دەبێت سنوورەکە تووندوتۆڵ بکرێت. باسی لهوهشكرد، "پرسی بههێزكردنی سنورهكان لهگهڵ شاندی ههرێمی كوردستان گفتوگۆمان لهسهر كردوه، سنورهكان دهپارێزین و هێڵی سفری دهگرینهدهست، بهپێی فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان كاردهكهین بۆ پاراستنی سهروهری عێراق". جێگەی باسە، ئێران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەک لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنە ئەودیو؛ تۆمەتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەتیدەکەنەوە. ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سنوورەکان باشتر کۆنترۆڵ بکرێن.
رێکخراوى لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدات لە سێدارەدانی بەشێک لەو کەسانەى لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەستگیرکراون و رایدەگەیەنێت نزیکەی 30 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، دادگاکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەر 28 کەس لە بەشداربوانی ناڕەزایەتییەکاندا سەپاندوە کە سێ کەسیان تەمەنیان لە 17 ساڵ کەمترە. ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەکردوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون روبەڕوی تۆمەتی دژایەتی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەبنەوە و سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت. پێشتریش دادگای تاران و کەرج سزای سێدارەیان بەسەر سێ گەنجی کورددا سەپاند بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان. بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیر کراون و بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 18 هەزار کەس بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی عامودا لە رۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هاوار نیوز بڵاوی کردەوە شەوی شەممە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گوندی سنجاقی شێخ لە عامودایان بۆردومان. لەلایەکەی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە؛ ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە فەرماندەیەکەی ئەو هێزە و شۆفێرەکەی کوژراون و دو کەسی دیکەش دیکەش بریندار بون. لە (20/11/2022) تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چنگ-شمشێر لە دژی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردوە و دەیان کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە کوژراوە.
هاوڵاتی داواکاری گشتی ئێران ئاشکرای کرد کارەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە راگیراوە و کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنراوە. محەمەدجەعفەر مونەتەزری، سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هیچ کاتێک پەیوەندیی بە دەزگای دادەوە نەبوە و ئەو شوێنەی دایمەزراندوە ، کۆتایشی بە کارەکانی هێناوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە ساڵی 2006 لە ئێران دامەزروە و بە وتەی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە، ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار کەسیان بە تۆمەتی نەگونجابونی جلوبەرگ یان هەڵسوکەوت دەستگیر کردوە. لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ پۆلیسی ئەخلاق لە شاری تاران ژینا ئەمینی بە تۆمەتی نەگونجاوبونی جلوبەرگەکەی دەستبەسەر کرد و ئەو روداوەش بوە هۆی گیانلەدەستدانی و نزیکەی 80 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە ئەنجامی مەرگی ژینا ئەمینی بەهۆی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران رویدا لانیکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان 114 کەس و لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە 469 کەس کوژران.
سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی سەر بە موسڵ موشەکباران کرا و لیوای ئەحرار العراق بەرپرسیاری هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. ئەمشەو سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی باکوری موشەکباران کرا. بەپێی سەرچاوەکان چوار موشەک ئاراستەی سەربازگەکە کراون. هێزەکانی “بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق” بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت. بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق ئاشکرای کرد کە چوار موشەکی ١٢٢ ملیمیان ئاراستەی سەربازگەکەی سوپای تورکیا کردووە و لە ناوەڕاستی سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە. بەیاننامەی بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق لەبارەی هێرشەکە.
ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە نزیکەی ١١٠ هەزاری دیپۆرت کردووتەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لەچاو ساڵەکانی رابردوودا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران چەندین جار زیادی کردووە. ئاماژەشی بەوەکرد کە لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگرتنی گەشت و کەرەنتینە، رێژەی پەنابەران لە تورکیا زۆر کەمی کردبوو و هەردوو ساڵەکە بە تەنها ١٢٢ هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون. وتیش، بەڵام ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکان نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا دەشڵێت، لەو ژمارەیە ٦١ هەزار و ٦١٧ هاوڵاتی ئەفغانی و ١٢ هەزار و ٩١٤ هاوڵاتی پاکستانی بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرتکراونەتەوە. تورکیا بەهۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی وەک پردێکی سەرەکی کۆچی نایاسایی لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا دادەنرێت. لە ساڵانی رابردوودا، حکومەتی تورکیا زۆر جار پرسی پەنابەرانی وەک کارتێکی فشار لەدژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکارهێناوە و بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا، حکومەتی تورکیا رێگەی پەنابەرانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردەوە و بە دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە ئەوروپا. بەڵام ئێستا بەهۆی ژمارەیەک رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەوروپا، رێگە بە پەڕێنەوەی پەنابەران نادرێت.
هاوشێوەی زیاتر لە 70 رۆژی رابردو لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتن و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و داواکرا لە رۆژی خوێندکار (7/12/2022) خوێندکارانی زانکۆکان بەشداریی مانگرتنی سەرتاسەریی بکەن هاوکات لە ژمارەیەک پایتخەتی وڵاتانی ئەوروپا رێپێوانی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی دەسەڵاتی ئێران بەڕیوەچو. ژمارەیەک لە کچە خوێندکارانی شاری سنە ئەمڕۆ وەک 78ەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان بۆ ئازادای وتەوە. دادگای تاران سزای سێدارەی بەسەر کەسێکی دیکە بە ناوی سەهەند نورمحەمدزادە-دا سەپاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستگیر کرابو. بۆ یەکەمجار ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانی نا بە کوژرانی 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتێکدا ناو و ناسنامەی 469 کوژراوی ئەو ناڕەزایەتییانە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی ژمارەیەک خوێندکاریان بڵاو کردوەتەوە کە لە دێولان و کرماشان و سنە و سەقز و ورمێ دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە. هاوکات ئەو رێکخراونە ئاشکرایان کردوە تا ئێستا هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەسی دیکە رۆژی شەممە لەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون. لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەسوکاری دەستگیرکراوان چونە بەردەم دادگای شارەکە و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر کەسوکاری دەستگیرکراوەکان. رۆژی شەممە لە زانکۆی خارەزمی تاران داوای دەستلەکارکێشانەوەی راگری زانکۆکە کرا و لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و داوای ئازادکردنی بەهرۆز چەمەن ئارا، مامۆستای ئەو زانکۆیە کرا. میترا حەججار، یەکیک لە خانمە ئەکتەرە ناودارەکانی ئێران دوای پێنج کاتژمێر دەستبەسەربون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاندوە هۆکاری دەستگیرکردنەکە رون نییە ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زۆربەی ئەو هونەرمەند و ئەکتەرە ناودارانەی کە پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە دەستبەسەرکراون و تەنها ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. ژمارەیەکی لە دانیشتوانی کورد و چالاکوانانی ئێران لە وڵاتی سوید لە شاری گۆتنبرێگ رێپێوان و گردبەونەوەیان بۆ پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتی ئێران دەربڕی. هاوکات لە شاری ئۆکلاند لە نیوزلەندا بە هەمان شێوەی گۆتنبرێک ناڕەزایەتیی بەڕیوچو. لە شاری مێلبۆرن لە وڵاتی ئۆسترالیا چالاکی و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. چالاکوانانی ئێران و دانیشتوانی کورد لە شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئەڵمانیا گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوپات کردەوە. لە ئیتاڵیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی لە شاری رۆما-ی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچو. لە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا دانیشتوانی کورد و پەنابەرانی ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتییان وەک هاوپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و دروشمیان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وتەوە. لە وڵاتی بەلژیک و لە شاری برۆکسێل و لە شاری ڤیەننا-ی نەمسا و لە شاری لەندەن لە بەریتانیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوچو.
هاوڵاتی لهلێدوانێکی ڕۆژنامهنوسیدا بهرپرسێک له دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندووه، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٧ ھەزار و ٧٣٩ تۆمەتبار کراوە کە ٣٩یان وەزیرن. عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، دەستەکەیان توانیویەتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر نۆ ھەزار و ٥٥٧ تۆمەت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ حەوت ھەزار و ٧٣٩ تۆمەتبار بکات کە لە نێویاندا ٣٩ وەزیر ھەیە. ھاوکات ٥٠ فەرمانی دادوەری بۆ ٤٧ دۆسیەی تاوانکاری دەرچووە. رونیشیکردەوە، لە ٣٧١ دۆسیەی تاوانکاری ٤٠٣ فەرمان بۆ ٢٤١ تاوانباری خاوەن پلەی تایبەت و دوو بەڕێوەبەری گشتی و پلەداری تر دەرچووە و پێداچوونەوەش کراوە بۆ ٣٤ ھەزار و ٢٠٩ ھەواڵ و ئاگادارینامەی دادوەری.
هاوڵاتی دوای 78 رۆژ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان دواجار ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەیاننامەیەک رایگەیاند؛ 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە؛ وڵاتەکە روبەڕوی پلانێکی هاوبەش بوەتەوە و پێشکەوتنی وڵاتەکە دوژمنانی توڕە کردوە و هەر ئەوەش وای کردوە کاری تێکدەرانە لە ناوخۆی وڵاتەکە سەر هەڵ بدات و دوژمنانیش هانی گەنجان و لاوان دەدەن بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتەکە. بە پێی بەیاننامەکە لە خۆپشاندانەکانی وڵاتەکەدا 200 کوژراوە 51 کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە سوپای پاسداران و پۆلیس بون. بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتێکدایە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 114 کەس کوژراون و بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران ناسنامە و وێنەی زیاتر لە 469 کەس کوژراون.
