هاوڵاتی  چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سکاڵای خاوەن بانکێکی عێراقی لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری بانکی، دوو گومانلێکراوی بە رەگەز ئوردنی، لە شاری مێرسین دەستگیر کران. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی مێرسین که‌ ئاژانسی ئانادۆڵۆ بڵاویکردۆته‌وه‌ هاووڵاتییەکی بیانی، خۆی وەک "کارمەندی بۆرسە" بە بەڕێوبەری بانکێک لە عێراق ناساندووە و ئەوەی پێڕاگەیاندووە کە ئەگەر ٥٠٠ هەزار دۆلار بنێرێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی ئەوا پارەکەی بۆ دوو هێندە زیاد دەکات و یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە. لە کاتێکدا خاوەنی بانکەکە لە بەریتانی بووە، بەڕێوبەرەکە دەستی بە ناردنی پارە کردووە و لە ماوەیەکی کەمدا ١٩ ملیۆن دۆلاری ناردووەتە سەر هەژماری گومانلێکراوەکە. کاتێک خاوەنی بانکەکە گەڕاوەتەوە عێراق بە بابەتەکەی زانیوە و لەسەر سکاڵای خاوەن بانکەکە بەڕێوبەری بانکەکە دەستگیر کراوە. - پارەکە لەڕێی سیستمی "حەواڵە"وە نێردراوە لە میانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەوە ئاشکرا بوو کە پارەکە لەڕێی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری بەغداوە بە سیستمی "حەواڵە" نێردراوەتە سەر هەژماری هاووڵاتییەکی ئوردنی دانیشتووی شاری مێرسینی تورکیا بەناوی سوهەیر ئەلبەدری. خاوەنی بانکەکە بەردەوام بووە لە پەیوەندی لەگەڵ گومانلێکراوەکان و دواتر هاتووەتە شاری مێرسین و لە دادگا سکاڵای تۆمار کردووە. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیشدا تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانی رێکخراوەیی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری مێرسین، گومانلێکراوان سوهەیر ئەلبەدری و خالید ئەلنادییان دەستگیر کرد کە هەردووکیان بە رەگەز ئوردنین. دوای پشکنینی ناونیشانی گومانلێکراوەکان، دەستگیرا بەسەر یەک کیلۆگرام زێڕ، بڕێکی زۆر خشڵ، ٢٠ هەزار و ٧٠٠ دۆلار و ٨١ هەزار و ١٠٠ لیرەدا، ئەوەش ئاشکرا بوو کە لە هەژماری دراوی ئەلیکترۆنی ئەو دوو گومانلێکراوەکدا بڕی ١٣١ هەزار دۆلار هەیە. ئەو دوو کەسە لە ئیفادەکانیداندا دانیان بەوەداناوە. کە لە رێی هەژماری دراوی ئەلیکترۆنییەوە ئەو پارەیەی بە "حەواڵە" بۆیان هاتووە، ناردوویانەتە سەر هەژماری گومانلێکراوێکی دیکە و پارەی ناردنی پارەکەیان لێوەرگرتووە. تا ئێستاش ناسنامەی ئەو گومانلێکراوە ئاشکرا نەکراوە کە پارەکەی بۆ نێردراوە و لێکۆڵینەوەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن.  

هاوڵاتی هەسەدە ئاماری دوێنێ هێرش و پێکدادانەکانی دوێنێی رۆژئاڤای کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوێنێ 25ی تشرینی دووەم، سوپای تورکیا ٧٧ جار شاروچکە و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە و لە پێکدادانەکانیشدا شەش چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) ئاماری شەڕ و پێکدادان و هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " سوپای تورکیا حەوت رۆژە بە چڕی هێرشەکانی بۆسەر خاکی رۆژئاڤای کوردستان دەست پێکردووە. دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی خزمەتگوزاری دەکاتە ئامانج. لە بەرامبەر هێرشەکاندا، هێزەکانمان مافی خۆپاراستنی رەوا بەکار دەهێنن." هەسەدە دەڵێت، لە هێرشەکانی دوێنێ هەینی ٢٥ی تشرینی دووەمدا کە شەشەمین رۆژی هێرشە چڕەکانی تورکیا بوو، ٧٧ گوند، شارۆچکەی رۆژئاڤای کوردستان تۆپباران کراون. هەروەها باسی ئەوە دەکات، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر دەوروبەری ناوچەی زرگانی سەر بە حەسەکە، بەڵام شەڕڤانان وڵامیان داوەتەوە. لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، شەش چەکدار کوژراون. هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، سوپای تورکیا بە گشتی هێرشی کردووتە سەر، عامودێ، قامشلۆ، تەل تەمر، کۆبانێ، دەروبەری گرێ سپی. تروازیەی سەر بە عەین عیسا، منبج، تەل رەفعەت، تەل تەمر، هۆڵ، منبج. دوای تۆمەتبارکردنی یەپەگە بە تەقینەوەکەی ١٣ی تشرینی دووەمی شەقامی ئیستقلالی ئەستەنبوڵ کە تێیدا شەش کەس کوژران و ٨١ کەس بریندار بوون، تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی چڕی لەژێر ناوی ' چنگ – شمشێر' لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، بۆ سەر زۆربەی شار و شاروچکەکانی رۆژئاڤای کوردستان دەست پێکرد. حەوت رۆژە هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە و لە هێرشەکاندا چەندین، قۆتابخانە، کۆگای دەغڵ و دان، پاڵاوگە و کێڵگەی نەوت، کارگەی غاز و نەخۆشخانە بۆردومان کراون. بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە، تاوەکو ئێستا لە هێرشەکانی تورکیادا، نزیکەی ٤٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی، شەڕڤانان و هێزەکانی سوریا کوژراون.

هاوڵاتی بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لەلایەن، یەکێک لە گەورەترین و متمانەپێکراوترین کۆمپانیاکانەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، ئۆپۆزسیۆن چوار خاڵ لەپێش دەسەڵاتەوەیە. کۆمپانیای (ORC)ی لێکۆلینەوە و راپرسیەکان کە زۆر جار پێشبینی و راپرسیەکانی راست دەردەچن، راپرسیەکی لەبارەی رێژەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا ئەنجامداوە. راپرسیەکە کە ئەمڕۆ 26ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە و لەنێوان ١٨ – ٢٣ مانگدا، لە ٤٥ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامدراوە و رای چوار هەزار و ٢٨٠ هاوڵاتی تورکیا وەرگیڕاوە. بەگوێرەی راپرسیەکە رێژەی دەنگی پارتە سیاسیەکان بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣١.١٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٤.٢٪ پارتی باش ١٧.٨٪ پارتی دیموکراتی گەلان ٧.٤٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٦.٨٪ پارتی دوارۆژ ٢.٧٪ پارتی دەڤا ٢.٣٪ لە ئێستادا، سێ هاوپەیمانی بەهێز لە تورکیا پێکهێنراون کە بریتیە لە، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە – مەهەپە)، هاوپەیمانی گەل (جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دوارۆژ و دەڤا و دیموکرات) و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان (هەدەپە و شەش پارتی چەپ و کۆمۆنیست). بەگوێرەی ئەنجامی راپرسی کۆمپانیای (ORC)، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە – مەهەپە) ٣٧.٩٪ و هاوپەیمانی گەل (جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، دوارۆژ و دەڤا و دیموکرات) ٤٢.٠٪ی رێژەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن و بەم پێیە، بە چوار خاڵ، ئۆپۆزسیۆن بەڕەی دەسەڵات لەژێر پێی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەردەهێنێت. هەروەها دەنگی هەدەپەش کە بەگوێرەی راپرسیەکان لەنێوان ٧٪ و ١٠٪یە، ئەگەر هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیدا کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا بکرێن، دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری بدات، هاوکێشەیە بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆن یەکلایی دەکاتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢٠ ساڵە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەهێنێت.

هاوڵاتی محه‌ممه‌د شیاع سودانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی کرد و داوایکرد بە زووترین کات پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. دەشڵێت، "بودجەی ساڵی داهاتوو کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری دەکات." نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی ئاساییان لەسەر گفتوگۆکردن لە بارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی داهاتوو رێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی دەڵێت: "پێویستە ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه، به‌زووترین كات تەواو بکرێت و پێشكێشی پەرلەمان بکرێت تاوەکو به‌بێ دواكه‌وتن بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه"‌.  سوودانی ئه‌وه‌شی گوتووە کە "كاره‌ له‌پێشینه‌كانی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت ‌بریتین له نەهێشتنی بێكاری، كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری، رووبه‌ربووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌بواری ئابوورییدا".  باس لەوەشکراوە، بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پێکدێت لە پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری و چەندین پرۆژەی دیکە، کە کار بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجای ئابوری ناوخۆی دەکات، ئەمەش لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەی وزاری کابینەی حکومەتی ئێستای عێراق و پێشەکەش کردنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی جیاوازی لەوەی بەدەست هاوڵاتیانی عێراق دەگات، لە کەرتە ئابورییە جۆراوجۆرەکان. جێگەیباسە بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی، پێویستە تاوەکو 15ی مانگی 10 هەموو ساڵێک پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە. 

هاوڵاتی تورکیا ئاشکرای دەکات لە 10 مانگدا زیاتر لە دو ملیۆن گەشتیاری ئێرانی رویان لەو وڵاتە کردوە. بە پێی ئامارەکانی ناوەندی کەلتور و گەشتیاریی تورکیا تەنها لە یەک مانگدا 186 هەزر کەس لە ئێرانەوە رویان لەو وڵاتە کردوە و بە گشتی لە 10 مانگدا دو ملیۆن 30 هەزار گەشتیاری هەڵگری رەگەزنامەی ئێرانی سەردانی تورکیایان کردوە. تورکیا رونی کردوەتەوە ژمارەی گەشتیارانی ئێران بەراورد بە ساڵی رابردو دو هێندە و نیو بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ناوەندی کەلتور و گەشتیاریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە بە گشتی لە 10 مانگی ئەمساڵدا 40 ملیۆن گەشتیاری بیانی رویان لە وڵاتەکەی کردوە. ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵ لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردوەتەوە زۆربەی گەشتیارانی ئێران بە مەبەستی کڕینی کاڵا و کەلوپەل رویان لەو وڵاتە کردوە.

هاوڵاتی بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاروچکەی شەدادی سەر بە حەسەکە کرایە ئامانج و باس لەوە دەکرێت، ئێران لە پشت هێرشەکەوە بێت. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئەمڕۆ 26ی تشرینی دووەم، ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ ئێوارە، بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە شاروچەکی شەدای سەر بە کانتۆنی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، دوو مووشەک ئاڕاستەی بارەگاکە کراوە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. باسی ئەوەش دەکات، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان، دەرکەوتووە، بە ئەگەرێکی زۆر، میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکەیان ئەنجام دابێت. لەگەڵ زیادبوونی، هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا، مەترسی لەسەر کارمەند و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادی کردووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردبووەوە، وێڕای ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکان کردبوو، ئاماژەی بەوەش دابوو کە هێرشەکان مەترسی جددی لەسەر کارمەند و هێزەکانیان لە ناوچەکەدا دروست دەکەن.

هاوڵاتی لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا کە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵ بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز لە تارانی پایەختی ئێران ئێرانەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، ١٠٤ کورد کوژراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاماری کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە بە گشتی تاوەکو ئێستا ١٠٤ هاوڵاتی کورد کوژراون کە ١١ منداڵیان تێدایە. بەگوێرەی ئامارەکە، ٤٢ کەس لە ورمێ، ٣٤ کەس لە سنە، ٢٠ کەس لە کرمانشان، کەسێک لە ئیلام، پێنج کەس لە تاران، کەسێک لە خوراسانی باکور، کەسێک لە قەزوین و کەسێکیش لە کەرەج کوژراون. لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران باس لە کوژرانی ٤٢٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و دەڵێن، نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیش دەستگیرکراون. دوێنێ ٢٥ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی نائاسی کۆبووە. زۆربەی دەوڵەتانی بەشدار لە کۆبونەوەکە، داواین کرد، کۆمیتەیەکی لێکۆلینەوە بۆ رووداوەکان و کوشتنی هاوڵاتیان پێکبهێنرێت، بەڵام چەند وڵاتێک پشتگیریان لە ئێران کرد و دەست پێکردنی لێکۆلینەوەیان لە دۆخی ئێران رەت کردەوە.

هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، هوشداری لە دۆخی کەمپی هۆڵی رۆژئاوای کوردستان دەدرێت کە خانەوادەی چەکدارانی داعشی تێدایە و ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی بیانی کارەکانیان لە کەمپی هۆڵ هەڵپەسارد. فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ٢٣ی تشرینی دووەم، کەمپی هۆڵییان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد. دوای بۆردومانەکە و بەهۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە کەمپەکە، ژمارەیەک کەسی سەر بە داعش لە کەمپەکە هەڵهاتن و هێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش، دەستی بە لێکۆلینەوە کرد بۆ دەستگیرکردنیان. لەمبارەیەوە جیهان حەسەن ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵی سەربە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا مەترسیەکی گەورەیان لە ناوچەکە دروست کردووە، بەتایبەتی مەترسی لەسەر کەمپەکە هەیە. لە کەمپەکە بە هەزاران کەسی سەر بە داعش و خانەوادەکانانیان دەژین، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و ئەندامانی داعش هەڵبێن، جارێکی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دروست دەبێت. جیهان حەسەن دەشڵێت، کەمپی هۆڵ بە فەرمی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانە. رێکخراوەکانی نێو کەمپەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگن و هێرشەکانیان شەرمەزار نەکرد. دۆخی کەمپەکە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە و هەڵهاتنی داعشەکان مەترسی بۆسەر هەموو جیهان دروست دەکات. ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ ئاشکرای کرد، جگە لە مانگی سوری کوردی و خاچی سوری نێودەوڵەتی، ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی جیهانی کارەکانیان لە کەمپەکە هەڵپەساردووە. زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس، لە ٥٠ وڵاتی جیهانەوە لە نێو کەمپی هۆڵدا دەژین. ٣٠ هەزاریان عێراقی و٢٠ هەزاریان خەڵکی سوریا و نزیکەی ١٠ هەزار کەس خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهانن. دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی داعشی بیانی لە کەمپەکەدا هەن. زۆر جار بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، داوای هاوکاری لە وڵاتانی جیهان کردووە کە هاوڵاتیەکانیان لە کەمپەکە بگوازنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە تەواوی بەدەم ئەو داواکاریەوە نەهاتوون. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها ٢٥ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان، ئەوانیش زیاتر وڵاتەکانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، روسیا و ئۆزبەکستانە.

هاوڵاتی ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکار‌هێنانی چەکی ساچمەیی دژی خۆپیشاندەران و بە پێی ئامارەکانیش نزیکە 600 کەس چاویان روبەڕوی زیانی زۆر بوەتەوە. 270 پزیشک و پسپۆڕی چاو لە ئێران هۆشداراییان داوە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی زیانی زۆر بەو کەسانە گەیشتوە کە هێزە ئەمنییەکان بەو جۆرە چەکە تەقەیان لێکردون و تا ئێستا نزیکەی 580 کەس یان چاو یان هەردوچاویان لەدەستداوە. هەروەها 140 پزیشکی پسپۆڕی چاو لە نامەیەکدا ئەو ئەنجومەنی پزیشکانی چاو لە ئێران ئاشکرایان کردوە ژمارەیەک زۆر لە گەنجان و لاوان بە چەکی ساچمەیی چاویان پێکراوە و ئاستی زیانەکانی ئەو چەکەش بەڕادەیەکە کە لە زۆر حاڵەتدا ناچار بە دەرهێنانی ئەو چاوانە بون کە بەرکەوتەی چەکی ساچمەیی بون. هاوکات پێشتر نەخۆشانەی فاڕابی کە تایبەتە چاو ئاشکرای کردبو کە 400 کەس بەهۆی چەکی ساچمەی یان چاوێک و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەردووچاویان لەدەستداوە. جێگەی باسە چەکی ساچمەیی هەر گولـلەیەکی زیاتر لە 100 ساچمە لەخۆی دەگرێت و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران ئەو چەکە مەترسیدارە بەکاردەهێنن. تکایە وێنەکان کەمێک هەستیارن ئاگادار بن    

هاوڵاتی لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردەوە پشتیوانیی لە کورد کرا و پێشەوای سوننەکانیش لە زاهیدان رایگەیاند وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ کورد نابێت کوشتن بێت. دوای بەڕێوچونی نوێژی هەینی لە شارەکانی زاهیدان و خاش و سەراڤان و ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچو و خۆپیشاندەرانی بەلوچ بە زمانی کوردی رایانگەیاند " کورد تەنها نییە و بەلوچ پشتیوانییە". خۆپیشاندانەکانی ئەو پارێزگایە بەهۆی تەقەی زۆری هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ کوژرانی چوار کەس و برینداربونی دەیان کەسیان بڵاو کردوەتەوە. مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەکان و پێشنوێژی مزگەوتی زاهیدان لە وتاری ئەمڕۆیدا پشتیوانیی خۆی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند؛ کوردەکان هاوشێوی بەلوچەکان بە باشترین شێوە نیشتیمانی خۆیان پاراستوە و ناکرێت دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان بە کوشتن و خوێنڕشتن بداتەوە. عەبدولحەمید وتیشی: بەهۆی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە هەلی چاکسازی لەبارچوە و دەبێت هەوڵی گۆڕانکاریی بدرێت. لە سەرتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا زیاتر لە 108 کەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون و هاوکات ژمارەی کوژراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا گەیشتوەتە 105 کەس. ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان بۆپشتیوانی لە  کوردانی ڕۆژهەڵات            

هاوڵاتی سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند وڵاتەکی ترسی لە ئێران و مانۆڕە سەربازییەکانی نییە بەڵام هیچ کاتێک دۆخەکە بەم شێوەیە ئاڵۆز نەبوە. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی وڵاتی ئازەربایجان رۆژی هەینی رایگەیاند؛ باکوو هەموو کاتێک وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو لێدوان و هەوڵانەی کە دژی وڵاتەکەی دەگیرێتەبەر و ئێران هیچ کات هاوشێوەی ئەم ماوەیە هەڕەشە و بێڕێزیی بەرامبەر ئازەربایجان بەکارنەهێناوە. عەلیێڤ وتی: ئازەربایجان لەسەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد و حەسەن رۆحانی، ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران لە شێوەی ئێستا نەبوە، چونکە رونە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت بیروباەڕەکانی بەسەر باکودا بسەپێنێت. ئەو وتوشیەتی رەفتارەکانی ئێران بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی و بەکارهێنانی زمانی زبر و توند دژی ئازەربایجان جێگەی تێڕامانە چونکە 20 ساڵە هەڵوێستی لەو شێوەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکو روی نەداوە. سەرۆکی ئازەربایجان جەختی لەوە کردەوە کە لە بەرامبەر مانۆڕە سەربازییەکانی ئێران، وڵاتەکەی مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات و سڵ لە هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە ناکاتەوە. لە ماوەی رابردودا ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە سنورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان ئەنجام دا و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئیسرائیلی کرد. هاوکات ئێران وڵاتی ئازەربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی ئیسرائیل لە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی وێستگە ئەتۆمییەکان هێرشی سەربازیی ئەنجام دەدات.

هاوڵاتی به‌رپرسێكی ئه‌منی ئۆكرانی كوژرانی دوو راوێژكاری سه‌ربازی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كریمیا راگه‌یاند و دووپاتیشیكرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ئێرانیانه‌ به‌ ئامانج ده‌گرین كه‌ دێنه‌ ناو خاكی ئۆكرانیا. ئۆلێكسی دانیلۆڤ سكرتێری ئاسایشی نیشتمانی و به‌رگری ئۆكرانیا به‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی راگه‌یاند، دوو راوێژكاری ئێرانی له‌ هه‌رێمی كریمیا له‌ رێگه‌ی بۆردومانه‌وه‌ كوژران، كه‌ بۆ هاوكاری سوپای رووسیا و چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی (شاهد 136)ـی ئێرانی له‌وێ بوون. له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچ به‌رپرسێكی ئێرانی ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ش ژماره‌ی كوژراوه‌ ئێرانییه‌كانی ناو ئۆكرانیا تا ئێستا ئاشكرانه‌كراوه‌. پێشتریش راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئیسرائیل بڵاویان كردبووه‌وه‌، كه‌ 10 راوێژكاری سه‌ربازی ئێرانی له‌ ئاكامی بۆردومانه‌كانی سوپای ئۆكرانیا كوژراون. دانیلۆڤ به‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی راگه‌یاندووه‌، "ناكرێت له‌ شوێنێك بیت، كه‌ بۆت نییه‌ له‌وێ بیت". گوتیشی: ئه‌وان ئاسایشی ئۆكرانیایان وێرانكردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بیانكوژین". له‌سه‌ره‌تادا ئێرانییه‌كان ره‌تی ئه‌وه‌یان كرده‌وه‌، كه‌ درۆنیان به‌ رووسیا دابێت، پێشتر تاران ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو، درۆنی بچووكیان پێش هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی ئۆكرانیا داوه‌ته‌ مۆسكۆ. هه‌روه‌ها تاران ره‌تی ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ راوێژكاری سه‌ربازییان ناردبێته‌ رووسیا، دانیلۆڤ له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: "ئێرانییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ درۆنیان به‌ رووسه‌كان داوه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كات، هه‌موو شتێك له‌ داهاتوو ئاشكراده‌بێت". ده‌شڵێت: "گومانده‌كرێت تاران مووشه‌كی بالیستیشی به‌ رووسیا دابێت".

هاوڵاتی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، "هەڵوێستى تاکڕەویى دوژمنکارانە و دنەدەر" جا لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بێت یان تورکیا، لە بەرژەوەندیى پەیوەندى هاوبەشی نێوانیاندا نییە. هۆشداریش دەدات بۆردوومانەکانی ئەو دوو وڵاتە، هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر لە ناوچەکە پەرت دەکات و ئەوەش "لە بەرژەوەندى هیچکام" لە لایەنەکانى ناوچەکە نییە. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە ئاژانسى فرانس پرێسی راگەیاند: بۆردوومانەکانى ئێران و تورکیا هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر پەرت دەکات لەسەر ئاستى ناوچەکە و هەوڵەکان لە کارى لەپێشینەى دیکەدا بە فیڕۆدەچن، کە لە بەرژەوەندیى هیچ کام لە لایەنەکانى ناوچەکە نییە و ئاستى گرژى ناوچەکە بەرزدەکاتەوە، هەروەها کاریگەریى دەبێت لەسەر سرووشتى کارلێکى پەیوەندى نێوان ئێران و تورکیا لەگەڵ عێراق. ئەحمەد سەحاف گوتیشى: "ئێمە لە وەزارەتى دەرەوە پێمانوایە کە هەڵوێستى تاکڕەوى دوژمنکارانە و دنەدەر کە لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بێت یان لەلایەن تورکیاوە لە بەرژەوەندى پەیوەندى هاوبەشی نێوانمان نییە، ئەوە جگە لەوەى کە ئاوێنەى تێڕوانینێکى ئاشتەوایی نابێت، کە خزمەتى هەموو لایەک بکات لەسەر بنەماى رێزگرتنى دراوسێیەتى و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان." 

هاوڵاتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/11/24 بڵاوکراوەتەوە داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ مانگی تشرینی یەکەم زیاتر لە9 ملیار دۆلاربووە. بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو 104 ملیۆن و 831 هەزار و 120 بەرمیل بووە، داهاتی 9 ملیار و 281 ملیۆن بەرمیل بووە و 647 هەزار دۆلار. لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 102 ملیۆن و 70 هەزار و 427 بەرمیل بووە. وەزارەتی نەوت ئاشکراشی کرد، تێکڕای نرخی بەرمیلێک 88 هەزار و 539 دۆلار بووە و بڕە هەناردەکراوەکان لەلایەن 34 کۆمپانیای نێودەوڵەتی چەندین نەتەوەوە بارکراون.

هاوڵاتی دوێنێ (چوارشەممە) عێراق نیازی خۆی بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا ڕاگەیاند، لە بڕیارێکدا کە دوای دووبارە بۆردومانەکانی دراوسێکانی دێت بۆسه‌ر ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ بیانووی‌ به‌ ئامانجگردنی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان. ئەو بڕیاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ عێراق له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ڕۆژی چوارشەممە ئێران نیازی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە هێرشه‌كان بۆسه‌ر هەرێمی عێراق راگه‌یاند و هۆشداری‌ ئه‌وه‌یدا كه‌ تا هه‌ڕه‌شه‌كان به‌رده‌وام بن بۆردومانه‌كانی‌ ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت، هاوكاتیش داوای‌ له‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ كرد ئاسایشی‌ سنووره‌ هاوبه‌شه‌كان بپارێزێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ناوچە سنوورییەکانی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، کە بڕیاری‌ سه‌ربازی لە هەرێمی کوردستان وه‌رده‌گرن، بەڵام لەڕووی کارگێڕییەوە سه‌ربه‌ وەزارەتی بەرگری عێراقن و به‌ فه‌رمی‌ هێزی‌ پاراستنی‌ سنووری‌ هه‌رێمن. دەقی ڕاگەیەندراوی هێزەچەکدارەکانی عێراق سەبارەت بە ناردنی هێز بۆ هەرێم  ئه‌نجوومه‌نی ویزاری ئاسایشی نیشتیمانی، ئێواره‌ی  چوارشه‌ممه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و به‌ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزی پێشمه‌رگه‌ سازكرد، وتێدا هێرش و به‌زاندنی سنووری عێراقی له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه‌ و ئه‌و بۆردومانه‌ی كه‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستانی عێراقی گرتۆته‌وه‌ و بووه‌ هۆی ترساندنی خه‌ڵك و گه‌یاندنی زیان به‌موڵك وسامانیان تاوتوێكرد. له‌چوار چێوه‌ی كاركردن بۆ راگرتنی ئه‌م هێرشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیدان به‌هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كان، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نشتیمانی ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ی دا: 1ـ دانانی پلانێك بۆ دووباره‌ به‌ڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی سنووری عێراقی له‌سه‌ر هێڵی سفری سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران و توركیا. 2ـ دابینكردنی هه‌موو پشتگیریه‌كی لۆجستی بۆ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سنوور و به‌هێزكردنی توانا مرۆییه‌كانیان له‌گه‌ڵ دابینكردنی پاره‌ی پێویست و پاڵپشتیكردنی به‌چه‌ك و كه‌ل وپه‌لی تر به‌شێوه‌یه‌ك كه‌بتوانێت ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات. 3ـ ئه‌نجامدانی مانۆڕ بۆ سامانه‌ مرۆیه‌كانی به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی خاڵه‌ سنووریه‌كان. 4ـ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی 1 و 2ی سه‌ره‌وه‌ به‌ئامانجی یه‌ك كردنی هه‌وڵه‌ نیشتیمانیه‌كان بۆ پاراستنی سنووره‌كانی عێراق.