بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران و ئەوە ئاماژەیەکی رونی لاوازیی ئەو دەسەڵاتەیە نەوەک بەهێزبونی. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی -سی ئێن ئێن- رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بۆ پاشەکشێکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران، توندوتیژیی و سەرکوت بەکاردەهێنێت کە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکدا. بلینکن وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی لە داوای رەوا و ئاشتیخوازنەی خەڵکی هەر وڵاتێک دەکات جا لە چین بێت یان ئێران. پێشتر وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندبو؛ هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەدی ناکرێت و ئەوەش وا دەکات تاران لە روی نێودەوڵەتی زیاتر لە رابردو پەراوێز بخرێت.
ئەمڕۆ راپرسیەکی دیکە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و دەنگی لایەنە سیاسیەکانی ئەنجامدرا، جارێکی دیکە راپرسیەکە باس لە دۆخی خراپی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. کۆمپانیای (ئارتی بیر) کە تایبەتە بە ئەنجامدانی راپرسی، ئەنجامی راپرسیەکەی ئاشکرا کرد کە لەنێوان ٢١ و ٣٠ی تشرینی دووەمدا ئەنجامیداوە و لە ٢٦ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، رای هەزار و ٥٠٠ کەس وەرگیراوە. لە راپرسیەکەدا چەند پرسیارێک لە بەشداربووان کراوە کە بەم شێوەیەیە؛ ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت دەنگ بە چی پارتێک دەدەیت؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە. ئاکەپە (٣٠.٤٪)، جەهەپە (٢٧.٩٪)، پارتی باش (١٤.٧٪)، هەدەپە (١١.٨٪)، مەهەپە (٥.٤٪)، دەڤا (٤.٨٪)، پارتی دوارۆژ (١.٣٪)، سەعادەت (١.٢٪)، پارتی ئاشتی تورکیا (١.١٪)، پارتی سەرکەوتن (٠.٨٪)، پارتی رەفاحی نوێ (٠.٣٪)، پارتی نیشتیمان (٠.٣٪). بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێک دێت (٣٥.٨٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و هاوپەیمانی گەلیش کە لە جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، پارتی دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ پێک دێت، نزیکەی (٥٠٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. (٥٢.٣٪) وڵامی نا و (٣٥.١٪) وڵامی بەڵێیان داوەتەوە. لە راپرسیەکەدا پرسیارێکی دیکەش لەبارەی خۆکاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بووە کە بەم شێوەیەیە؛ (٤٩.٣٪)ی بەرشداربووان ئامادەن کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و (٣٧.١٪) بەشداربووانیش رەتیان کردووتەوە دەنگی پێبدەن.
رۆژی دوشەممە جارێکی دیکە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردەوە و خوێندکاران و زانکۆ و مامۆستایان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەشدارییان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا کرد کە بڕیارە دو رۆژی دیکە بەردەوام بێت. 80رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکەش مانگرتنی سەرتاسەریی چین و توێژە جیاوازەکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد کاسبکاران بە نەکردنەوەی دوکانەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی ، خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامن لە بایکۆتی خوێندن و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. دوکان و بازاڕی شارەکانی سنە و مەهاباد و کرماشان و ورمێ و ئیلام و زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و هاوشانی ئەو شارانەش دوکان و بازاڕەکانی تارانی پایتەخت و تەبرێز و ئەسفەهان و بەندەرعەباس و دەیان شاری دیکە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نەکرانەوە. رێستۆرانی عەلی دایی یاریزانی، ناوداری تۆپی پێی لە ئێران بەهۆی پشتگیریی لە مانگرتنەکان لە لایەن حکومەتەوە داخرا. سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند چیتر چاوپۆشی لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناکەن و ناڕەزایەتییەکانی رابردو زیانێکی گەورەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەکە داوە کە قەرەبو ناکرێتەوە. وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاند؛ هیچ ئاماژەیەکی باشبونی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە بەدی ناکرێت. لەگەل مانگرتنەکان، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە شاری سنە چونە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی لە شارەکە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی محەمەد شەریعەتی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکە بەڕێوچو. بۆ نۆیەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەردەوام بو مانگرتنیش لە کۆمپانیای سایپا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێکرد کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە. دەیان کارگەی بچوک و گەورەی دیکەش هەر ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. شەوی دوشەممە لە ئیلام و شارەکانی تاران، زەنجان،مەشهەد و ئەسفەهان چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە. بەپێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 79 رۆژی رابردوی ئێراندا 471 کەس کوژراون و هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لانیکەم 117 کەس کوژراون بۆیە پێدەچێت ئەو مانگرتنە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ناڕەزایەتیی لە کوژرانی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە بەردەوامی هێزی سەربازیی رەوانەی ئەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئەوەش بوەتە مایەی مەترسیی چونکە ئەو هێزانە ئامانجیان سەرکوتی گەنجان و دانیشتوانی رۆژهەڵاتە. سەرەڕای ئەوەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەرفراوان بون بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 80 رۆژدا زیاتر لە 20 جار مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندوە و شەوانەش گەنجان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان بە تایبەت کە ئەو بەشە لە کوردستان زیاترین کوژراوی بەراورد بە ناوچەکانی ئێران هەبوە بۆیە زۆرجار لە شارەکانی دیکەوە دروشمی پشتیوانیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەوترێتەوە
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت بڕی هەناردەکراوی غازی لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا راگەیاند، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەنیازە لەم مانگەدا ٣ بار لە غاز سروشتی هەناردە بکات. "سوڵتان مالیکی" بەڕێوەبەری دەستەی بازرگانی لە کۆمپانیای غازی بەسرەی سەر بە وەزارەتی نەوت ،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند"تا یەکەم ڕۆژی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیاکە 27 باری لە غازی چڕ بە (کەشتی) هەناردە کردووە،کە دەکاتە 438,000 تۆن. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد"کۆمپانیاکە لە پرۆسەی هەناردەکردنی 3 باری غازی خەستدایە لەم مانگەدا،کەدەکاتە 16 هەزار تۆن بۆ هەر بارێک.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەورەی کۆماری ئێسلامیی ئێران ڕایگەیاند عێراق بۆ جێگیر کردنی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جیددیە. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەدا سەبارەت بە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران و ئاسایشی سنووری ئێران و عێراق وتی: سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەفەرێکی گرنگ بوو کە لە چوارچێوەی بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێراندا ئەنجام درا. ناوبراو ڕاشیگەیاند لەو سەردانەدا پرسە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری هاوکاری دوولایەنە و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تاوتوێ کران هەروەها گفتوگۆی بەرهەمدار و بەسوود لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری هاوکاریی ئابووری و بازرگانیدا ئەنجامدرا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: دۆسیەی سنوورەکان یەکێکە لە نیگەرانییە جدییەکانمان و ئاسایشی سنوورەکان بۆ ئێمە گرنگە، لەم سەفەرەدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەنجامی گفتوگۆکانی پێشووی شاندی پسپۆڕی هەردوو وڵات کرایەوە، و حکوومەتی عێراق بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە دا. ناوبراو ئاشکرای کرد: "خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا هەواڵێکی خۆشمان بیست کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی حکوومەتی ناوەند لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات بە تایبەت بەدرێژایی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر بکات". کەنعانی زیادی کرد: بەدڵنیاییەوە جێبەجێ کردنی ئەم کارە دەتوانێت هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و بەرەوپێشەوە بێت بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.
هاوڵاتی دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات. له ڕاگهیهندراوێكدا، بانكی ناوهندیی عێراق ئاشكرایكرد لهسهر فهرمانی سهرۆكوهزیران و به مهبهستی گێڕانهوهی سهقامگیریی نرخ و ڕێگریی له بهرزبوونهوهی زیاتری نرخی دۆلار، لهمڕۆوه خستنهبازاڕی دۆلار زیاد دهكات. بهپێی ئهوهی له ماڵپهڕی بانكی ناوهندییشدا هاتووه، ئهمڕۆ بانكهكه 140 ملیۆن و 70 ههزار و 601 دۆلار دهخاته بازاڕهوه كه بهراورد به دوێنێ نزیكهی 11 ههزار دۆلار جیاوازیی ههیه. ئەمەشلەکاتێکدایە دوای ئەوەی دوێنێ بهر له داخستنی بازاڕهكانی دراوی نێوخۆیی، نرخی ههر دۆلارێكی ئهمریكی له بهرانبهر دراوی عێراقی بۆ 1500 دینار بهرز بووهوه و هۆكاری ئهمهش بۆ كهمكردنهوهی فرۆشی دۆلار لهلایهن بانكی ناوهندییهوه دهگهڕێتهوه، به جۆرێك كه دوێنێ یهكشهممه، بانكی ناوهندیی تهنها 129 ملیۆن و 301 ههزار و 909 دۆلاری به 1460 دینار بۆ ههر دۆلارێك خستووهته بازاڕهوه. هەربۆیە دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە. دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلاری زیاتر، ئەمڕۆ بههای دۆلاری ئهمریكی بهرامبهر بهدینار دابەزی و 100 دۆلار بهرامبهره به 149 ههزار و 400 دینار، بههای تمهنیش جێگیره و 100 دۆلار بهرامبهره به سێ ملیۆن و 600 ههزار تمهن.
بەگوێرەی نوێترین راپرسی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تورکیا، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنن. ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی ئاکسۆی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی جومهوریەتی تورکی ئامارێکی تازەی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا کە لەنێوان ٢٤ – ٢٩ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدراوە، ئەم جارە جیاواز لە جارانی پێشوو، رای هاوڵاتیان وەرنەگیراوە، بەڵکو لێکۆلینەوە لەبارەی هەموو ئەو راپرسیانە کراوە کە پێشتر ئەنجامدراون. بەگوێرەی راپرسیەکە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (٣٢.٩٪) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (٢٨.٧٪) پارتی باش (١٣.٩) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (١١٪) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٧.٨) لایەنەکانی دیکە (٦.٧٪) بەگوێرەی راپرسیەکە ئاکەپە و مەهەپە کە هاوپەیمانن دەتوانن نزیکەی ٤١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و لەبەرامبەردا هاوپەیمانی گەل کە لە جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دوارۆژ و سەعادەت و پارتی دیموکرات پێک دێت زیاتر لە ٤٥٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنن. ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بەگوێرەی راپرسیەکە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، دەنگ بە کاندیدی شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی گەل بدات، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز دەسەڵات تێکبشکێنێت. لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا کە پارتەکەی سەر بە هاوپەیمانی گەلە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە و بەدوای هاوبەشێکی بەهێزدا دەگەڕێت و هیوای بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست نەماوە.
ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪. دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪ کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪ بەرزبوەتەوە. لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن. بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری لە وڵاتەکەش لە هەڵکشاندایە.
ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.
ئاژانسی ژننیوز رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمدا، لە تورکیا و باکوری کوردستان، ٣١ ژن و پێنج منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. ئاژانسەکە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە مانگی رابردوودا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ٣١ ژنە، ١٥ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، هەشت ژن لەلایەن هاوڕی پیاوەکانیانەوە، سێ ژن لەلایەن خزم و کەسوکاریانەوە، ژنێک لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە، ژنێک لەلایەن پیاوێکی ناسیاویەوە و سێ ژنیش لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراون. بەگوێرەی ئامارەکە، شەش ژن لە ئەستەنبوڵ، سێ ژن لە ئیزمیر، دوو ژن لە هاتای، دوو ژن لە ئەنتاڵیا، دوو ژن لە مانیسا، دوو ژن لە دەنیزلی، ژنێک لە ئامەد، ژنێک لە بورسا، ژنێک لە قەیسەری، ژنێک لە ئەنقەرە، ژنێک لە موغلا، ژنێک لە ئوچاک، ژنێک لە دیلۆک، ژنێک لە کۆنیا، ژنێک لە سامسون، ژنێک لە ئەرزەرۆم، ژنێک لە ئێلح، ژنێک لە ئەدەنە، ژنێک لە کۆجائەلی و ژنێک لە بۆلو کوژران. بەم پێیەش، بە تەنیا دوو ژن لە شارە کوردیەکان کوژراون و هەموو ژنانی دیکە لە شارە تورکیەکان بووە. لە ئامارەکەی ئاژانسی ژننیوزدا هاتووە، هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێنج منداڵ لەلایەن پیاوانەوە کوژرون و چوار منداڵیک بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی عێراق، ١٠ لێپرسراوای وەزارەتی کارەبا بانگھێشت دەکات. دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای دووی کەرخ فەرمانی دەرکردووە بۆ بانگھێشتکردنی ١٠ لێپرسراوی وەزارەتی کارەبا، کە لە نێویاندا وەزیرێک و چوار بریکاری پێشوو ھەن و تێوەگلاون لە پێشێلکاری لە یەکێک لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا. ئەمەشلەکاتێکدایە پێشتر دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، دوو ھەزار و ٦٥٤ کەس لە وەزارەتی کارەبای عێراق تێوەگلاون بە دۆسیەی جۆراوجۆرەوە، کە حەوت وەزیر و ٥ بریکاری وەزیر و ١٢٧ بەڕێوەبەری گشتی و دوو ھەزار و ٤٢٢ کارمەندی ئاسایی تێدایە. ئەو دۆسیەیە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی لێپرسراوانی عێراق سەبارەت بە "دزی سەدە" کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دزرا، تا ئێستاش تەنھا زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە.
مانگرتن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.
79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.
هاوڵاتی رێکخراوی فاو بڵاویکردەوە،نیشانەکانی برسێتی لە سێ ساڵی رابردوودا لە عێراق کەمبووەتەوە و گەیشتۆتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ "فاو" راپۆرتێکی لەسەر برسێتی و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیشانەکانی برسێتی لەماوەی ساڵەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و٢٠٢١" کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. "فاو" دەڵێت، سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵام ھێشتا رێژەی برسێتی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر بەرزە، چونکە لە ئێران رێژەی برسێتی ٤.١% لە تورکیا ٢.٥% و لە سعودیە٣.٧ و کوەیت ٢.٧%.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا، زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان و ئاماژەی بەوەیشدا کە تا ئێستا، ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراویان گەڕاندووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ کرد. فوئاد حوسێن لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانەکان و جیاوازی بەرژەوەندییەکانەوە، بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و گوتی: "دیالۆگی رۆشنبیریی، مەرجێکە بۆ پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن". گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوودا،زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان، بەڵام کردە تیرۆریستییەکان ناتوانن مێژوو بسڕنەوە". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، دیدێکی بەشدارانە پەیڕەو دەکات و لە ئایندەدا، بەرپرسیارییەتێکی گەورەی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی پێشەنگیی بکات لە هاریکاریی و هاوبەشییدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووهەوا، پێویستی بە هاوکاریی و هاوبەشی هەیە". باسی لەوەش کرد کە کۆڕبەندی شارستانییەتییەکان، رێگایەکی دیپلۆماسییە بۆ پاڵشتییکردن لە هەوڵە جیهانییەکان، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی ئەو کردە تێکدەرانەی کە بۆسەر شوێنەوارەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێن و گوتی: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئۆمێدەوارین، هەمانگیی و هاریکارییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکرێن، بەئامانجی گەڕاندنەوەی پارچەی شوێنەواری دزراوەکان". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا رایگەیاند کە کۆڕبەندەکە، دەرفەتییەکە بۆ پەیوەندی جۆریی.
