سەرۆک کۆمارى عێراق، ڕایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی لەئەنجامی فەتوای سەید عەلی سیستانیەوە دروست بوون، بەڵام هێزەکانی بەشێکن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێویست ناکات ئەو جۆرە پرسانە بوروژێنین بەو پێیەی ناوخۆیین. لەمیانى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فرانس 24، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق لەبارەى چەند پرسێکى جیاوازەوە قسەیکردوە. لەبەشێکى ئەو چاوپێکەوتنەدا، سەرۆک کۆمار لەبارەى پرسى چارەسەرکردنى کروپە چەکدارەکانەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، هیچ گرژییەکی نێوخۆییمان نییە، پەرلەمانمان هەیە و زۆربەی پرسە سەرەکییەکانی وڵات لە پەرلەماندا باس دەکرێن. هەروەها وتیشى: حکومەتیشمان هەیە کە نوێنەرایەتی زۆربەی لایەن سیاسیەکان دەکات وسەرۆکایەتی کۆماریشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوورو پارێزگاریکردنی لەبەر ئەوە زیاتر لەدەرەوە گوێمان لەم کێشانە دەبێت لەوەی لە ناوەوە بیبیستین. لەوەڵامى پرسیارێکدا سەبارەت بەوەى ئایا دەکرێت چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆدا یەکبخرێن، وەک ئەوەی لە فەتوای سەید سیستانیدا هاتوە سەبارەت بەحەشدی شەعبی؟ سەرۆک کۆمارى عێراق دەڵێت: حەشدی شەعبی لەئەنجامی فەتوای سەید عەلی سیستانیەوە دروست بوون، بەڵام هێزەکانی بەشێکن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێویست ناکات ئەو جۆرە پرسانە بوروژێنین بەو پێیەی ناوخۆیین بابەتەکان و حکومەت کۆنترۆڵی دۆخی ئێستا دەکات، و ماوەیەکە هیچ کێشەیەک نییە. لەتیف ڕەشید جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و بڕیارەکان لەدەستی دەوڵەتی عێراقدایە، هیواى ئەوە دەخوازێت سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و بەردەوامن لەسەر ئەو ڕێبازە. وتیشى: پەیوەند ییەکانیشمان باشە لەگەڵ هەموو وڵاتان، و پێشنیارەکان لەوڵاتانی جۆراوجۆرەوە بۆمان دێن، بەڵام بڕیاری عێراق سەربەخۆیە و لەسەر بنەمای سەربەخۆییمانە، بۆ عێراق و هەموو عێراقییەکان و حکومەت و گەل، سەربەخۆیی عێراق لە هەموو شتێک گرنگترە لە ئێستادا و لە داهاتوودا.

بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانێ، مەزلوم عەبدی - فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامین لە شەڕی دژی تیرۆر لە کاتێکدا هەوڵی بنیاتنانی سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر دەدەین، ئەو ڕێگایەی سەرکەوتن کە لە کۆبانیەوە دەستمان پێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین. رۆژى 26ی کانوونی دووەم، دە ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت، لە 2015دا دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازادکرا. مەزلوم عەبدی - فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەپەیامێکیدا دەڵێت: لە ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانی لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعـ.ـش، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەمان لەبیرە کە بە قوربانیدانی قارەمانەکان چ ژن و پیاو بەدەست هات و چرایەکی هیوا بوو بۆ هەموو سوورییەکان. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کۆبانی تەنها سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی و هێمای ئازادی و کەرامەت و یەکگرتوویی بوو. مەزڵوم عەبدى لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى دەڵێت: ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامین لە شەڕی دژی تیرۆر لە کاتێکدا هەوڵی بنیاتنانی سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر دەدەین. فەرماندەى هەسەدە وتیشى: ئەو ڕێگایەی سەرکەوتن کە لە کۆبانیەوە دەستمان پێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین. تیرۆریستانی "داعـ.ـش" لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2014دا هێرشیان كردەسەر كۆبانێ‌و شەڕڤانانی (یەپەگە)‌و (یەپەژە) بە بەرخۆدانێكی بێ وێنە‌و لەپێناو پاراستنی شارەكە، بەرەنگاری ئەو تیرۆریستانە بونەوە‌و پاشان بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هاوكاری شەڕڤانان‌و گەلی كورد لە رۆژئاوا، بە چەكی قورس‌و سوكەوە چونە كۆبانی.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کە ئاگاداری بابەتەکەن، بلاویکردووەتەوە حـ.ـەماس لە ماوەی جەنگی غەززەدا 10,000 بۆ 15,000 چەکداری نوێی وەرگرتووە، ئاماژەی بەوەداوە حـ.ـەماس لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت ڕەنگە هێشتا مەترسی بێت بۆ سەر ئیسڕائیل. ئەمرۆ شەممە، 25ی مانگی یەک سەرچاوەکان ئەوەشیان ڕایانگەیاندووە کە حەماس ژمارەیەکی هاوشێوە لە چەکدارەکانی لە ماوەی جەنگەکەدا کوژراون. حەماس و ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو ئاگربەستێکییان دەستپێکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕە 15 مانگییەکەی ناو غەززە کە بووەتە هۆی وێرانبوونی غەززەو گڕگرتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرچاوەکان وتییان حەماس سەرکەوتووانە توانیویەتی ئەندامانی نوێ بە کرێ بگرێت، زۆرێکییان گەنجن و مەشقییان نەکردووە، بۆ مەبەستی سادەی ئاسایشیی بەکاردەهێندرێن. لە 14 ی مانگی یەکدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا باوەڕی وایە حەماس هێندەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە شەڕەکەدا لە دەستیداون چەکداری دیکەی بە کرێ گرتووە. بلینکن وردەکاری زیاتری نەدا، بەڵام ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی 20,000 چەکداری حەماس لە جەنگەکەدا کوژراون. بلینکن وتی: هەر جارێک ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەواو دەکات و دەکشێتەوە، چەکدارانی حەماس خۆیان ڕێکدەخەنەوەو سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە هیچ شتێکی دیکە نیە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن. لە مانگی حەوتدا وتەبێژی باڵی سەربازیی حەماس ئەبو عوبەیدە وتی حەماس توانیویەتی هەزاران چەکداری نوێ بە کرێ بگرێت. لە ڕۆژانی ئاگربەستەکەدا، حەماس دەریخست کە زۆر بە قووڵی لە غەززەدا جێگیر بووە، سەرەڕای بەڵێنەکەی ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی حەماس. بەڕێوبەرایەتییەکەی حەماس بەخێرایی هەنگاوی ناوە بۆ سەپاندنەوەی ڕێوشوێنی ئاسایشی و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ چەند بەشێکی ناوچەکە، زۆربەی کەرتی غەززە وێران بووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی بە ئاشکرا باسییان لەوە نەکردووە حەماس چەند چەکداری لە دەستداوە، تەنها ئاماژەیان بەوە داوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و ڕەنگە هەزاران چەکدارییان کوژرابێتن. کاتێک سەبارەت بە لێدوانەکانی بلینکن پرسیاری لێکرا، باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ڕۆژی چوارشەممە دانی بەوەدانا کە حەماس چەکداری بە کرێ گرتووە، بەڵام لە مەترسییەکەی کەم کردەوە.

بەشێک لە دانیشتوانى گوندەکانى سنورى ناحیەى دێرەلووک لە پارێزگاى دهۆک، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن بەهۆى بۆردوومان و لەشکرکێشیەکانى تورکیاوە، ماوەى چوارساڵ زیاترە ئاوارە بوون، بەوهیوایەن ڕۆژێک ڕۆژێک بگەڕێنەوە گوندەکەیان، بەڵام وەکخۆیان دەڵێن دۆخەکە خراپتربووەو هیواى گەڕانەوەیان لاواز بووە. کاتێک بەناو شاری ئامێدى لە سنورى پارێزگای دهۆک لە هەرێمى کوردستان تێدەپەڕیت، جێهێشتنی ڕێگای سەرەکی وەک ئەوە وایە کە بەرەو شوێنێکى نادیار بڕۆیت، ڕەنگە بە تەقەمەنییەک کە لە نزیکەوە چێنراوە یان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆردومان بکرێت، عەبدوڵا سەلیم بەم قسانە وەسفی کرد ڕێگای گوندەکەیانى کرد لە ناوچەی دێرەلووکەوە لە قەزای ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک. عەبدوڵا سەلیم بە کەناڵى حورەى ڕاگەیاندووە، بەهۆى بۆردومانەکەی تورکیاوە زۆرینەی خەڵکی گوندەکە چۆڵیکردوە ئێستا هیچ کەسیش تێیدا نەماووە، هەموو خانووەکان چۆڵن، کێڵگە و باخچەکان چۆڵن، دوای قوتابخانە و بەشێک لە مزگەوت وێران بوو، ئاگریش گەیشتە بەشێک لە ماڵەکان. عەبدوڵا دەڵێت: هێزەکانی تورکیا بنکەی سەربازییان لەسەر بەرزاییەکانی نزیک گوندەکەمان داناوە، لەماوەی ڕابردوودا موشەکێکی زۆر بەسەر گوندەکەماندا کەوتە خوارەوە و زیانی زۆریان بە موڵک و ماڵی خەڵکی گوندەکە گەیاندووە. ئەحمەد سەعدوڵا، ئەنجومەنى گوندی کۆهەرزی، کە دەکەوێتە بناری چیای مەتین کە دەڕوانێتە ناحیەی ئامێدی، دەڵێت، گوندەکەمان ئێستا 170 خانووی تێدایە، نزیکەی هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، رۆژانە بەر تۆپبارانی تورکیا دەکەوێت، جا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بێت یان تۆپخانە. ئەنجومەنى گوندەکە، باسی لەوەشکرد، زۆربەی خەڵکی گوندەکەیان سەر بە هێزی پێشمەرگەن، بەڵام ئەوان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن وەک سەرچاوەی داهاتی سەرەکی ئەوان لە بنەڕەتدا کار لە کێڵگەکانیاندا دەکەن، بەڵام کشتوکاڵ بۆتە کارێکى "قەدەغەکراو" بۆیان، چونکە ترسیان لە وەیە کێڵگەکانیان لەناوبچێت، زۆربەیان لە ئەنجامی تۆپبارانە بەردەوامەکان سووتاون. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پێشوودا ڕوونیکردبووەوە کە زیاتر لە 250 گوندی سنووری پارێزگای دهۆک "جێهێڵراون و لە دانیشتووانیان بەتاڵ کراون" بەهۆی بەردەوامی شەڕەکانی نێوان هێزەکانی تورکیاو چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

رێباز حەملان بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق سەردانی تیمی تەکنیکی هەرێم و عێراقی کردووە و دەڵێت، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ لیستی موچەی مانگی یەک و رێکخستنی لیستی موچەی خانەنشینان بەپێی یاسای هاوتاکراوی بەرکار دەکەن. لە راگەیەندراوێکدا رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت ئەمڕۆ شەممە تیمەکان لە کارکردن بەردەوام بوون، تا بە زوویی لیستەکە ئامادە بکەن بۆ ئەوەى ئالییەتی کارکردن و خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن. لای خۆیەوە رێباز حەملان، دەستخۆشی و سوپاسی ئاراستەکردوون و باسی لەوەکردووە، تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بگەرێنەوە بەغدا و ئالیەتی کارکردن و خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی 2025 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات لەلایەکى دیکەوە، بڕیارە لیژنەى تەکنیکى هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و فیدراڵ بڕیارە ئامادەکارییەکان تەواو بکەن و سەرجەم ژمارە و داتاکانى بخەنە بەردەم شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق، كە لە بەغداد کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکەش بە بەشدارى هەردوو وەزیرى دارایى بەڕێوەدەچێت، بڕیارە پرسى مووچە لەمساڵدا یەکلابکرێتەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند: داتا و زانیارییەکان لەبارەى بڕى تەرخانکراوى دارایى مووچەى مووچەخۆران، ژمارەى خانەنشینان، لایەنە تەکنیکییەکانى یوپى ئێن و بایۆمەترى لەخۆدەگرن. لیژنە تەکنیکییەکەى هەرێمى کوردستان داوای کردووە، بۆ ساڵى 2025 بڕى تەرخانکراو بۆ مووچە 13 تریلیۆن دینار بێت، چونکە عێراق زیاتر لە 700 ملیار دینار دەبڕێت بۆ مووچەى خانەنشینى فەرمانبەرانى سەربازیى و شارستانى، بە ئامانجى ئەوەى 12 تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچە بمێنێتەوە. ئەوەش لە كاتێكدایە سێشەممەی رابردوو تیمێكی وەزارەتی دارایی عیراق لە وەزارەتی دارایی هەرێم بوون، بۆ وردبینی لیستی موچە و شایستە داراییەكان و ئامادەكاری پێویست بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی یەكشەممە.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكه‌وه‌ هاوئاهه‌نگیی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ین و کاتێک دیاری دەکەین بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. ئەمڕۆ شەممە جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: وادەی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكایەتی حكومەتەوە دیاری دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بەمەرجێك ئەم وادەیە پێش كۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان نەكات تا ماوەی لە 45 ڕۆژ كەمتر نەبێت لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە كە لە 1/9/2022 بەڕێوەچوو. وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ماوەیە بە كەمترین ماوە دادەنرێت، واتە ناتوانرێت هەڵبژاردن لە 45 ڕۆژ كەمتر پێش وادەی كۆتایی خولی ئێستا ئەنجام بدرێت، واتە پێش 25ی تشرینی دووەمی 2025، بەمەرجێك لەنێوان سەرۆكایەتی وەزیران و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاریبكرێت. ڕۆژی 10ـی تشرینی یه‌كه‌می 2021 هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجامدرا و له‌ 9ـی كانونی دووه‌می 2022ـدا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌م خوله‌ی ڕێكخست.

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، لەمەودوا دەوامی بێمووچە ناکەن، لە سبەی یەكشەممەوە بایکۆتى هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەكاتەوە، تا موچەی مانگی 12ى ساڵى ڕابردوو، موچەى مانگی 1ی ئەمساڵ وەرنەگرن ناگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان و دەوام ناکەن. لەکۆنگرەىەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ شەممە، دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕاى گشتى خوێندەوەو تیایدا چەند داواکاریەکیان خستوەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان. لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن، لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیاریەتی پێشتر ڕایانگەیاندوە تا ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبین، و لە ئێستاشدا بەهۆی بێ باكی دەسەڵات بڕیارمان داوە دوباری دەست بە بایكۆتی دەوام بكەینەوە. هەروەها دەڵێن، لە سبەی یەكشەممە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەین و ناگەڕێنەوە بۆ دەوام، داواکارین پێش کۆتاییهاتنى ئەم مانگە، مووچەكانی مانگی 12ى 2024 و مانگی 1ی ئەمساڵ وەربگرین.  لەخاڵێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەكەى ئەو مامۆستا ناڕازیانە، داوا لەبەرپرسانى حکومەتى هەرێم دەكەن دەستبەجێ زانیاری ڕاست و دروست بنێردرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر بانكە فیدڕاڵیەكان، ئەگەر هەولێر ڕێگرە و ئەو كارە ناكات، ئەوا ئیدارەی سلێمانی هەڵسێت بە تەوتینی موچە لە ڕێگەی بانكە فیدڕاڵیەكانەوە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن، پێوستە پلەبەزركردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستپێبكاتەوە و هەر فەرمانبەرێك كە خانەنشین دەبێت، ئەوان سەرجەم پلە بەرزكردنەوەكانی بۆ بدرێت و مافەداراییەكانی پێبدرێت. ناڕەزایەتیەکان و هەڕەشەى بایکۆت لەکاتێکدایە، سبەی یەکشەممە وەرزی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و قوتابیان دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. 8ی ئەم مانگە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە پۆلەکانی چوار بۆ 12ی بنەڕەتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو 18ـی مانگ بەردەوام بوو. دواتر تاوەکو ئەمڕۆ قوتابیان پشوویان وەرگرت و بڕیارە سبەی بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند: لە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانیان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، شەش چەكداری ئەو گروپانە كوژران و هەشت چەكداری دیكەش بریندربون، جگە لە تێکشکاندنی دو ئۆتۆمبێل. دەشڵێت، "هێزەکانیان سیستەمێکی ڕاداریان تێکشکاندوە کە ڕاداری سوپای توركیا بوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری منبج جێگیركراوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا؛ دوێنێ هەینی هێزەکانمان ژمارەیەك پێگەیان لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق کردە ئامانج، كە پێگەی ئەو چەكدارانە بو لە گوندەكانی قەڵای نەجم، هاوشاریە و گردی خۆدی باشوری ڕۆژهەڵاتی مەنبج. ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەکانیان سیستەمێکی ڕاداریان تێکشکاندوە کە ڕاداری سوپای توركیا بوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری منبج جێگیركراوە.  بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژمارەیەك هێرشیان بۆ سەر گوندەکانی مەنبەج و دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق چڕکردەوە، بەڵام هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە. هەروەها بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک لەو بۆردومانەدا تۆمار بكرێت.

لە حەوتەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لیواکانی قەسام 4 ژنە سەربازی ئیسرائیلی ئازاد کرد کە لەلایەن ئەوانەوە بە دیل گیرابوون، لە وەجبەی دووەمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان حەماس و ئیسرائیل. ئەلقەسام زیندانییە ژنە ئازادکراوەکانی لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەڕاستی غەززە ڕادەستی خاچی سوور کرد و کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانی کەتسوت لە نەگڤ دەستی پێکردووە. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنەماڵەی ئەو ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە بۆ پێشوازیکردنیان بەرەو دەروازەی ڕەعیم بەڕێکەوتوون، هاوکات پەیامنێری کەناڵی جەزیرەش هەواڵی بڵاوەپێکردنی ئەندامانی لیواکانی قەسام لە گۆڕەپانی فەلەستین لە ناوەندی شاری غەززە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنى پرۆسەی ڕادەستکردنەوە. لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە لیستی ئەو ٢٠٠ زیندانییە فەلەستینییەی دەستکەوتووە کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، شەممە ئازاد بکرێن. لە نێو ئەو ٢٠٠ زیندانییەی کە بڕیارە ئازاد بکرێن، ١٢١ زیندانییان بە سزای هەتاهەتایی و ٧٩ کەسیان بە سزای درێژخایەن. ئامادەکارییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی کە لە وەجبەی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان بەرخۆدانی فەلەستین و ئیسرائیلدا بەشداربوون دەستیپێکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە باکووری کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە. هاوکات لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "حکومەتی ئیسرائیل پابەندە بە گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێنراوەکانی ناو کەرتی غەززە". میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل پێشوازییان لەو چوار سەربازە ژنە ئازادکراوە لە ناوخۆی غەززە کردووە". ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تایبەتى سوپا یاوەری ئەو چوار زیندانییە ژنە بوون لە ڕێگەی خۆیان بۆ ئیسرائیل. ئاژانسەکان لە زاری خاچی سوورەوە بڵاویانکردەوە کە "دۆخی گشتی ئەو چوار ژنە زیندانییە ئیسرائیلییە باشە". بەرپرسانی باڵای ئەمنی، لەوانەش سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و سەرۆکی ڕێکخراوی شین بێت و مۆساد، سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگرتنی کچە ڕفێنراوەکان دەکەن".

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرى حکومەتى عێراق، ڕایدەگەیەنێت، توانیویانە لەسنورى پارێزگاى سلێمانى تیرۆریستێک دەستگیر بکەن، هەروەها چەندین حەشارگە و ئەشکەوت لەناو ببەن. لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەڵێن: بەمەبەستی پاراستنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان قارەمانانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەڕێوبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی خزمەتگوزاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیرۆریستێک لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراوە. هەروەها ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو بە هەماهەنگی لەگەڵ فەوجی دژە تیرۆرى سلێمانی، لە قەزای توزخورماتوو (چیای بەلکانە) لەڕیگەى فڕۆکەوە چونەتە ناوچەکەو  لە ئەنجامدا (٣) ئەشکەوت کە مادەی ئامادەکراوی تێدابوو بۆ تەقینەوە لەناوبراون. دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەشڵین لە گوندی زرکەش سێ کۆگا، ئۆتۆمبێل و ئەشکەوتی تیرۆریستانمان تەقاندەوە. پێشتریش لە رێکەوتی 8.1.2025، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر توانی ژمارەیەک ئەندامی داع*ش لە سنووری شارەزوور دەستگیربکات. راگەیەندراوەکەى دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەڵێن ئۆپەراسیۆنەکان  بەردەوامە بۆ لەناوبردن و پاککرنەوەى پاشماوەی چەتەکانی تیرۆریس.تی داع.ش.

باوکی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و " بڵاوکردنەوەی درۆ" تۆمەتبار کراوە. ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ،24ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردەوە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، لەلایەن دادگاوە بانگ کراوە و دوای تۆمەتبارکردنی بە تاوانەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "بڵاوکردنەوەی درۆ" لە دوو دادگای تاوانەکان ودادگای  ئێران دوو دۆسیەی جیاوازیان لە دژی تۆمار کردووە. ئەمینی نووسیوێتی کە تۆمارکردنی دۆسیەکان لەدژی ناوبراو دوای ئەوە بووە کە لە ئینستاگرامەکەیەوە پۆستێکی دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بڵاو کردووەتەوە. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، دوو ژنە کوردی چالاکوان، مانگگرتن و ناڕەزایەتییەکی بەرفەراوانی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەش دروستکردووە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کوردیش بە تۆمەتی بەشداری لە مانگرتنی دژی سزای لەسێدارەدان لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون. پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بووە کە لە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواجاریش لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. ئەمجەد ئەمینی لە بەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای گیانلەدەستدانی ژینای کچەکەیان، ژیانی خۆی و خێزانەکەی بووە بە مردنێکی بەکاوەخۆ و دەشڵێت تاکو ئیستا دۆسیەی کچەکەی لەگەڵ پێشکەشکردنی دەیان داواکاری، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی سەقز بوو لە مانگی نۆی ساڵی 2022 لە تاران بە بیانووی ڕچاونەکردنی "حیجابی نەشیاو" دەستبەسەر کرا و لەکاتی دەستبەسەربوونیدا گیانی لەدەستدا. گیانلەدەستدانی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەفراوانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرانسەری ئێران لێکەوتەوە کە بوو بە هۆی لەسێدارەدانی دەیان کەس و دەستبەسەرکردنی هەزران کەس.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، فەرمانی راگرتنی سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی دەرکردووە، جگە لەو هاوکارییانەی لە بودجەی وڵاتەکەدا بۆ ئیسرائیل و میسر تەرخانکراون. رۆژنامەی "بولیتیکو"  بڵاویایکردەوە بە گوێرەی یاداشتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نابێت هیچ بودجەیەکی هاوکاریی نوێ، بۆ هیچ لایەنێک دیاریبکرێت یان درێژبکرێتەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، کە نابێت هیچ جۆرە بودجەیەکی هاوکاری پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، ئەمەش بەگوێرەی کارنامەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. ئەوەش خراوەتەڕوو، کە فەرمانەکە یارمەتییە خۆراکییە فریاگوزارییەکان و هاوکارییەکانی ئیسرائیل و میسر ناگرێتەوە، کە زۆرترین هاوکاریی سەربازییان لەلایەن ئەمریکاوە پێدەگات. ئەم یاداشتەش درێژکراوەی فەرمانێکی جێبەجێکردنە، کە لە رۆژی دەستبەکاربوونیدا، دۆناڵد ترەمپ دەریکردووە، تێیدا فەرمانی کردووە بە راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ. ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات. هاوکارییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەشکراون: 257 ملیۆن و 57 هەزار و 349 دۆلار بۆ کەلوپەلی سەربازی و مەشقپێکردن؛ نۆ ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بۆ خزمەتگوزاری و پشتیوانیی لۆجستیی هێزەکان؛ 60 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بە شێوەی مانگانە پێیان دەدرێت، هەروەها چوار ملیۆن و 795 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و بنکەکان و 49 ملیۆن و 205 هەزار دۆلار بۆ رێگری لە لەکارکەوتنی ئامێرەکان و هێشتنەوەیان بە کاریگەری.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوا دەکەن بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت. ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە دەشڵێن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن. ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیێندراوێکدا، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەنێرێت. ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان. پەرلەمانتارەکان لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی 399 ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی 90 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 6 مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا. پەرلەمانتارەکان دەڵێن، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی دەزانن.

مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕأیدەگەیەنێت، لەکاتى چاوپێكه‌وتنه‌کەیدا بەمەزڵوم عەبدى وتوە کاتی ئەوە هاتووە پەکەکە واز لە کوردی سووریا بهێنێت، بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ سووریا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و پاساوێكه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی توركیا. ئەمرۆ هه‌ینی، 24ـی كانوونی دووه‌می 2025، مەسعود بارزانی له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "شه‌مس"، ڕایگه‌یاند، لەکاتى چاوپێكه‌وتنه‌کەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، هه‌رگیز هه‌ستی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ عه‌بدی مه‌یل و نه‌زعه‌یه‌كی جووداخوازیی هه‌بێت، به‌ڵكوو بۆی ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كورد ده‌یه‌وێت به‌شێك بێت له‌ سووریا و به‌ مافه‌كانی بگات.  هاوکات ده‌شڵێت، به‌ عه‌بدی گوتووه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ نه‌پچڕێنن و با بەریەککەوتنتان نەبێت، به‌ڵكوو له‌م بارودۆخه‌دا خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌س ده‌ستوه‌ردان له‌ داواكاری و مافه‌كانیان بكات. بارزانى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات بارودۆخه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ پێویستی به‌ دیدار و چاوپێكه‌وتنێكی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌بوو و به‌وپه‌ڕی گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازیم لێ كرد و له‌ به‌رانبه‌ریشدا عه‌بدی ورده‌كاری دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رعی بۆ باس كردووم، كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا خاڵی هاوبه‌ش و ناكۆك له‌ نێوان عه‌بدی و شه‌رعدا هه‌بووه‌. لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا بارزانی ده‌ڵێت: ئامۆژگاری عه‌بدی كردووه‌ كه‌ هه‌رگیز بێ ئومێد نه‌بێت، به‌ڵكوو په‌نا بباته‌ به‌ر گفتوگۆ و ده‌ستبه‌رداری هه‌ر جۆره‌ كاریگه‌ری و هه‌ژموونێكی ده‌ره‌كی ببێت و هه‌نگاو بنێت به‌ ئاراسته‌ی یه‌كخستنی گوتاری كوردی له‌ سووریا. تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كورد له‌ سووریا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ئایینده‌ی خۆیان گه‌شبینن، به‌ڵام ترس و هه‌ستیاریشیان هه‌یه‌، به ‌تایبه‌تی كه‌ ئایینده‌ی سووریا به‌ گشتی ڕوون نییه‌. وتیشى: ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ كه‌س ده‌ستوه‌ردان له‌ داواكاری و مافه‌كانیان بكات. جەختی لەوەش کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە پەکەکە واز لە کوردی سووریا بهێنێت. بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌، بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ سووریا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و پاساوێكه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی توركیا، ده‌شڵێت: هه‌رێمی كوردستان توانای هه‌یه‌ ڕۆڵی گرنگ له‌ پرسی كورد له‌ سووریا بگێڕێت به‌تایبه‌ت له‌ یه‌كخستنی گوتار و هه‌ڵوێستی كورد و هاندانیان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا و هاوكاریكردنیان له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا مه‌رجە هه‌مان ئه‌م ئه‌زموونه‌ وه‌كوو خۆی دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌. گوتیشی، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت هاوكارییان بكات له‌ ڕووی ئابووری. لەدیدارەکەیدا بارزانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، نه‌ك هه‌ر كورد له‌ سووریا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ ببێته‌وه‌ ئاماده‌یه‌ به‌رگریی لێ بكات، به‌ڵكوو هه‌ر مرۆڤ هه‌مان چاره‌نووسی ڕووبه‌ڕوو كرایه‌وه‌، ئاماده‌یه‌ به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك هاوكاری بكات. ڕوونیشی كرده‌وه‌، ترسێك هه‌یه‌ له‌ سووریا سه‌باره‌ت به‌ كورد، به‌ڵام ئومێده‌وارن ئه‌م ترسه‌ نه‌بێته‌ واقیع و هیواخوازن به‌ كرده‌یی نه‌كرێت.

نووسەر و کەسایەتى سیاسى، محەمەد ئەمین پێنجوێنی ڕایدەگەیەنێت، پەروین بوڵدان بە تەلەفۆن پێی راگەیاندم کە تەندروستی ئۆجەلان زۆر باشە و مۆراڵی بەرزە. لە پەڕەى تایبەتى خۆى لەتؤڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک،  محەمەد ئەمین پێنجوێنی نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا دەڵێت: بەتەلەفۆن لەگەڵ پەروین بۆڵدان قسەم کردووە، هەڤاڵ پەروین سڵاو تەندروستی سەرۆك چۆنەو کارەکان چۆن ئەڕوات، پەروین پێى وتم تەندروستی سەرۆك زۆر باشەو مۆراڵی بەرزە. هەروەها دەڵێت پرسیارمکردوە، بۆچی قەندیل دەڵێن تا ئێستا ئاگادارنین؟ پەروین پێى وتم بەم زووانە سەرۆك بەنامەی تایبەتی قەندیل لەهەموشتێك ئاگادار دەکاتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا محەمەد ئەمین دەڵێت: پەروین پێى وتووم، سەرۆك سڵاوی تایبەتی بۆ ئێوە هەبوو وتی کە چونە باشور سەردانی پێنجۆێنی بکەن و سڵاوی منی پێبگەیەنن. شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتار پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر یەکەمجار لە ٢٨ ی کانوونی یەکەم دیداریان لەگەڵ ئاپۆ ئەنجامدا. شاندەکە بۆ دووەم جار لە ٢٢ ی ئەم مانگەو چوونە دوورگەی ئیمراڵی و دیداریان ئەنجامدا.