ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، رایدەگەیەنێت ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە تەواوکراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە، 48 کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن، هەروەها ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) کراوەو 25 کەس لە کۆى ئەو 500 دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشى خستوەتەڕوو دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ڕاژە ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى تەواوبوونى ڕێککارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت. ئەمەش لەسەر فهرمانى مهسرور بارزانى، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان، لەپێناو دابینکردنى میلاکى پێویست بۆ دامودەزگهکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە، بە مەبەستى باشتر ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان. وێنەیەک لە فەرمانى ڕەزامەندیى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ناوبراوان بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کراوە و لە ئێستادا زانیاریى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمیى ناوبراوان لەلایەن ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى بە فەرمى ڕەوانەى پارێزگەى هەڵەبجە دەکرێت بە مەبەستى جێبەجێکردنى ڕێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنماییى ژمارە (10) ساڵى 2019. شایانى ئاماژەیە (48) کەس لە کۆى ئهو 500 فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەندیى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى ڕەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستیى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى ڕێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستیى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەرچوون. هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستیى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕیى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.
تورکیا ئۆتۆمبێلێکى لە ڕانیە بۆردوومانکردو چوار کەس شەهیدبوون پەیامنێرى هاوڵاتى ڕاگەیاند لە ناوچەی گردجانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین سوپای تورکیا بە درۆن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەری لە گوندی گردجان لەچوارقوڕنە کردوەتە ئامانج و بەپێى زانیاریە سەرەتاییەکان چوار کەس شەهیدبوون. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە (دوو کەسیان لە ڕەگەزی نێر و دووی تریشیان لە ڕەگەزی مێ)ن. هەروەها هاووڵاتییەک کە ماتۆڕسواربووە بەهۆی بەرکەوتنی بە پارچەی بۆردوومانەکە برینداربووە. تا ئێستا ناسنامەی پێکراوەکان نەزانراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری شارەدێی دینارتەی سەربە شارۆچکەی ئاکرێی کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتیی مەدەنی کە هاوژینی یەکدی بوون شەهیدبوون.
وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتیان تەواوکردوە، لەلیبیا دەستگیرکراون، ویستویانە بە ڕێگەی کۆچى نایاسایی لە ڕێگەی لیبیا بچن بۆ ئەوروپا. ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی بەدواداچوونی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لەسەر دۆسێی گەڕانەوەی خۆبەخشانەو لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوڵاتە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی دوو هاوڵاتی تەواوبکرێت. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە باڵیۆزخانەکە لە بەرزترین ئاستدا هەماهەنگیان کردوە لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەى ئەو هاولاتیانەى کۆچیانکردوە نەکەونە مەترسییەوە، هەروەها بپارێزرێن لەو تۆڕانەى کە هەڕەشەن بۆیان، باڵوێزخانەکە ئەو دوو هاوڵاتیە عێراقیەى بردوەت شوێنێکى سەلامەت تا ئەو کاتەى دەگەڕینرێنەوە. بەپێى وتەى ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا توانیویەتى 39 هاوڵاتی عێراقی بە خۆبەخشانە بگەڕێنێتەوە، 25 کەس لەوانە لە ماوەی ساڵی 2024دابووە. هەروەها 12 کەسی دیکەشیان لە ماوەی ساڵی 2025و بەتایەت لەهەفتەی ڕابردوودا، ئەو کەسانە بە ئامانجی کۆچی نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتى لیبیاو ویستویانە لەو ڕێگەیەوە بچنە وڵاتانى ئەوروپا.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، شارەزایانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن سەروەت و سامانی بلۆک کراوی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرژەوەندی گەلی سووریا بەکاربهێنرێت. دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، هەواڵى ئەوە بڵاوبووەوە کە ئەسەد هەژمارێکی بلۆککراوى لە بانکێکی بەریتانیادا هەیە کە ٦٨.٣ ملیۆن دۆلاری تێدایە. لە لێدوانێکدا ئیان ئۆڤەرتۆن، بەڕێوەبەری چالاکیی دژی توندوتیژی چەکداری لە لەندەن ڕایگەیان داوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامان و موڵکانە و ڕادەستکردنی بە حکومەتی دانپێدانراوی سوریایان کردووە، ئەو وتیشى: دەبێت بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریا بەکاربهێنرێت. ئۆڤەرتۆن ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەم سەروەت و سامانە لە بەریتانیا نیگەرانییەکی جددی لەبارەی چاودێری دارایی و یاساکانی پەیوەندیدارەوە دروست دەکات. هۆشداریشیدا لەوەی ئەم دۆخە شانشینی یەکگرتوو دەکاتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ ئەو سەروەت و سامانە نایاساییانەی کە پەیوەندییان بە ڕژێمی دەرکراوی سوریاوە هەیە، سەرەڕای پابەندبوونی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان. ئۆڤەرتۆن داوای بەکارهێنانی پارە بەستراوەکانی ئەسەد بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا و بۆ بەرژەوەندی گەلی سوریای کرد و جەختی لەسەر پێویستی "هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە بەکارهێنانیان" کرد. بەرپرسێکی فەرمانگەی دەرەوەى بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە کە شانشینی یەکگرتوو سزای بەسەر ٣١٠ کەس و ٧٤ قەوارەی پەیوەست بە ڕژێمی ئەسەد سەپاندووە، لەنێویاندا خودی بەشار ئەسەد. ئەو بەرپرسە کە ناوى خۆى ئاشکرا نەکردووە، وتی: بەریتانیا لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جەنگ و ئەشکەنجەدان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گروپە چەکدارەکانى سوورییا دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و کۆتایی بە ٦١ ساڵ ڕژێمی خوێناوی پارتی بەعس و ٥٣ ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
فرۆکە جەنگییەکانی تورکیاى داگیرکار، سنووری ناحیەی دینارتەیان بۆردوومانکردووە، بەوتەى بەڕیوەبەرى ناحیەى دینارتە بەوهۆیەوە، دووهاوڵاتى مەدەنى (پیاو و ژنێک) شەهید بوون. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-01-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانى گوندی شەهێ یانکردووە، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت بەهۆى ئەو ڕوداوەوە دوو هاوڵاتى شەهیدبوون. بەپێى زانیاریەکان ئەو دووهاوڵاتیە خەڵکى گوندی بامشمشن، لە سنووری قەزای ئاکرێ و ئاژەڵدار بوون، ئەو پیاوەی شەهید بووە ناوی جەعفەر جەلالە و تەمەنی 58 ساڵە؛ ئافرەتەکەش تینا محەممەدە و تەمەنی 48 ساڵە هاوسەرى یەکبوون. ئێستا تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی ئاکرێ کراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستپێکردوە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی سڤیل لە سنووری ناحیەی دینارتەی ئاکرێ، بەهۆى بۆردوومانى فرۆکەکانى تورکیاوە شەهید بوون. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر دوێنێ تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
ئەمرۆ دووشەممە، حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، دوای نێوەندگیریی ئەمریکا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل تا ١٨ی شوبات. هاوکات نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاتی لوبنان ڕایگەیاند: بەیروت بەردەوام دەبێت لەسەر ئاگربەستەکە و راگرتنى جەنگ تاوەکو ١٨ی شوبات . درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پابەندییەکانی بۆ کشانەوە لە خاکی لوبنان جێبەجێ ناکات، لە بەرانبەردا هێزەکانی حزبوڵای بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات. کۆشکی سپی ئەمریکاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان دانوستان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی لوبنانی کە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆسەر ئیسرائیل دەستگیرکراون. نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی چاودێر داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتیوانى و نێوەندگرى ڕێککەوتنی ئاگربەستیان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن. ئیسرائیل ناچار بکەن بۆ کشانەوە لەو ناوچانەى کە گرتوویەتى، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی هەر پاشەکشەیەک لە پابەندبوون بە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی بڕیار نامەکەى ١٧٠١ دەرئەنجامى خراپى دەبێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تونیویانە بکوژی گەنجەکەى ڕووداوەکەی ڕانیە دەستگیربکەن، بەکاتێکدا دەیویست بچێتە دەرەوەى هەرێم. لەڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەزگاى ئاسایش دەڵێن پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا، بکوژەکەیان، لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان. بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، 26-1-2025، لە گەڕەکی شەهیدانی رانیە چوار گەنج بە گوللـە بریندار بوون و بەهۆى سەختى برینەکەیەوە یەکێک لەو بریندارانەگیانی لەدەستدا. کوژراوەکە ناوی ژیناڵ ئیبراهیم کەریمە، لەدایکبووی ساڵی 2004ـە و ئەندامی دژەتیرۆر بووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایش دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دەستگیرکردنی بکوژی ڕووداوەکەی ڕانیە ڕادەگەیەنێت. دوای ئەوەی شەوی ٢٥-٢٠٢٥/١/٢٦ لە گەڕەکی شەهیدانی شاری ڕانیە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند گەنجێکدا کەسێک دەکوژرێت بەناوی ( ژیناڵ ئیبراهیم کەریم )لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤، سێ کەسیش بریندار دەبن. پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بکوژەکەیان بەناوی ( م ، م ، أ ) دەستگیرکرد لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان. لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و دانیبەتاوانەکەیداناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ لەسنورى گەرمیان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، هاوکات لە سنورى پارێزگاى کرماشان و خانەقینش بومەلەرزەیەکى بەهێز ڕویانداووەو تیمەکانى فریاگوزارى کەوتونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە. بەپێى ڕاپۆرتى ناوەندی نیشتمانی بومەلەرزەزانی تاران، بومەلەرزەکەى کرماشان بە گوڕی ٥.١ پلەبووە شاری قەسری شیرین و ناوچە سنوورییەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کرماشانی هەژاندوەو، ترس و دڵەڕاوکێی لێکەوتەوەو خەڵک لە ماڵەکانیان چونەتە دەرەوە. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند تیمەکانی هەڵسەنگاندن و فریاگوزاری بەتایبەت هێزەکانی مانگی سووری ڕەوانەکراون بۆ ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەکەی تێدا ڕوویداوە. بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر ٤:٣٢ خولەکی بەرەبەیانی بە قوڵایی هەشت کیلۆمەتر بوومەلەرزەکە تۆمارکراوە، لەقەسری شیرین و 22 کیلۆمەتر دوور لە خانەقین 39 کیلۆمەتر دوور لە شاری سەری پێلى زەهاو. دوابەدوای ئەم ڕووداوە توندوتیژییە، هێزەکانی فریاگوزاری و تیمەکانی هەڵسەنگاندن لە پارێزگای کرماشان خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، قایمقامی قەسری شیرین ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوەو چاوەڕێی وەرگرتنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگێنەرانن لە گوندەکانی ناوچەکەوە. هاوکات لەسنورى ئیدارەى گەرمیان بومەلەرزەیەکى بەهێز ڕویداوە، محهممهد كهمال، شارەزاى كهشناسی و بوومهلهرزهزانی، ڕایگەیاند بوومەلەرزەیەکی بەهێز به گوڕی 4.8 پلەی رێختهر له قووڵایی 10 کیلۆمەتر روویداوە کە چهقهكهی نێوان قهسری شیرین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری پهروێزخان بووه لە نزیك گوندی دۆڵی بهگزاده، ئەمە بەهێزترینیان بووەو هاوڵاتیان لە سنورى كهلار هەستیان پێکردووە.
موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت لاوازبوونی کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی نەرێنی کارناکاتە سەر عێراق، لە کاتێکدا عێراق هەوڵی فراوانکردنی ڕێگا دیپلۆماتییەکەی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا و هەروەها سنووردارکردنی دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا. ئەمەش لە دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا تواناکانی هاوپەیمانە چەکدارەکانی ئێران لە غەززە و لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەوە و ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی ئێرانیش ڕووخێندرا. محسین مەندەلاوی بەڕۆیتەرزى و: ئەمڕۆ سەقامگیریمان هەیە، کۆمپانیا بیانییەکان دێن بۆ عێراق، مەندەلاوی خۆی خاوەن کارەو بەرژەوەندی هەیە لە هۆتێل و نەخۆشخانەکانی عێراق و خزمەتگوزارییەکانی حەواڵەکردنی پارەدا. ئەو وتیشى: عێراق دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی ڕۆڵە سرووشتییەکەی خۆی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا، ئێران دراوسێیەکەو پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵیدا هەیە، شوێنە جوگرافیاکەمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بابەتی جیان، ئەو پێى وانیە لاوازکردنی ئێران بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر عێراق بکات. بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپیش بەڵێنیداوە فشاری زیاتر بخاتە سەر تاران. عێراق کە هاوپەیمانێکی دەگمەنی واشنتن و تارانیشە، هەوڵ دەدات خۆی بە دووربگرێت لە تێکدانی سەقامگیرییە ناسکەکەی و هەوڵ دەدات سەنگ بخاتە سەر ئاوەدانکردنەوە دوای چەندین ساڵ لە جەنگ. محسن مەندەلاوی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە لە عێراق، کە کۆمەڵێکن لە سیاسەتمەدارە گەورەکان و بەوە ناسراون پەیوەندییەکی نزیکییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەها سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی ئەساسی یاسادانەران دەکات لە پەرلەماندا. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پێش ئەوەی سەرۆک ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، داواکان لە عێراق بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتەکەدا زیادیکردبوو. وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حسێن لە چاوپێککەوتنێکدا پێشتر لەم مانگەدا بە ڕۆیتەرزی وت کە عێراق هەوڵ دەدات گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران ڕازی بکات چەکەکانییان دابنێن. مەندەلاوی وتی باوەڕی وایە ئەو جۆرە جووڵەیە کاتی دەوێت بەڵام دەکرێت بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییەی کە لە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکاندا دروست بووە، ئەو وتی: سنووردارکردنی چەک بۆ دەوڵەت گرنگە و هیوادارم جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە بۆمبە 2000 پاوەندییەکان بدەن بە ئیسڕائیل دوائ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆ بایدن ناردنی ئەو جۆرە بۆمبەی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتبوو، ئەم بڕیارەی ترامپ بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبینیکراو بوو. ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: ئەمڕۆ پێماندان، پارەکەیان داوەو ماوەیەکی زۆریشە چاوەڕێ دەکەن. بایدن پێدانی ئەو بۆمبانەی بە ئیسڕائیل ڕاگرتبوو، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە لەسەر کاریگەریی ئەو جۆرە بۆمبانە لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە، بە تایبەتی لە ڕەفەح. بۆمبێکی 2000 پاوەندی دەتوانێت کۆنکریت و کانزای ئەستوور ببڕێت و نیوەتیرەی تەقینەوەیەکی بەرفراوان دروستبکات. ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەزاران بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسڕائیل ناردووە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. بەڵام یەکێک لە بارەکانی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمەریکا بە بەهای ملیاران دۆلار یارمەتی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندووە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بۆمبانەی داوە بە ئیسڕائیل، رامپ وتی " لەبەرئەوەی کڕیویانە." پێشتر لە ڕۆژی شەممەدا ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث وتی: ئیسڕائیل داوای کۆمەڵێک شتی زۆری کردووەو پارەکەشی داوە، بەڵام لەلایەن بایدنەوە نەنێردراون، ئێستا لە ڕێگادان. ترامپ و بایدن پشتیوانیکاری سەرسەختی ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکان، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ بووەوە لەسەر قەیرانە مرۆییەکەی ناو غەززە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسڕائیلەوە دروست ببوو. خۆپیشاندەران داوایان دەکرد ئەمەریکا چەک نەدات بە ئیسڕائیل. ئەمەریکا دەڵێت بەرگری لە ئیسڕائیل دەکات دژی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لەوانە حەماس لە غەززەو حزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن. لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان 1200 کەس کوژراون و چەکدارەکان زیاتر لە 250 کەسییان بە بارمتە گرتووە. لە وەڵامدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی حەماس لە غەززە و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن زیاتر لە 47,000 فەلەستینی کوژراون.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەین عیسا و بە چڕی تۆپبارانیان کرد، لە تۆپبارانی گوندی ئەل جەماسدا منداڵێک شەهید بوو. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی ئەل جەماس و ئەل فاتسا و ئەل عەبد جومعەیان لە عەین عیسا تۆپباران کرد. لە هێرشی سەر گوندی ئەل جەماس لە یەک خێزاندا، منداڵێک بە ناوی ئاسیا حەمەد ئەل حوسێنی تەمەن (١٢ ساڵ) شەهید بووە، عەبدولڕەحمان ئیسماعیل ئەل حەسەنی (١ ساڵ) و ئەریج خالد ئەل حوسێنی (٢٠ ساڵ) برینداربوون. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، لەهەرێمى کوردستان هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە. سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی نوسینگهی راگهیاندنی سهرۆك وهزیران، ئهمڕۆ یهكشهممه محهمهد شهیاع سودانی سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران پێشوازی كرد له هاكان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا، له میانهی دیدارێكدا پهیوهندییه دوقۆڵییهكانی نێوان ههردو وڵاتیان تاوتوێكرد، گفتوگۆیان لهسهر ژمارهیهك پرسی ناوچهیی و نێودهوڵهتی هاوبهش كرد، بهتایبهتی پێشهاتهكانی ناوچهكه و ڕوداوهكانی سوریا. ههر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە له دیدارهكهدا دوایین پێشهاتهكانی سوریا و غهززه و لوبنان تاوتوێكران و جهخت لهسهر گرنگی پابهندبون به ئاگربهست كرایهوه. له بهشێكی دیكهی دیدارهكهدا باس له گرنگی یهكخستنی ههوڵهكانی نێوان وڵاتانی ناوچهكه كرا، بهمهبهستی پشتیوانیكردن له سهقامگیرییهكهی. لهمبارهیهوه سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران جهختی له ئامادهیی عێراق كردهوه بۆ ههماههنگیكردن له نێوان وڵاتانی ناوچهكه، بهتایبهتی لهگهڵ توركیا سهبارهت به ئهو پێشهاتانهی كه له گۆڕهپانی ناوچهیی بهدی كراون و جهختی له ڕهتكردنهوهی عێراق كردهوه بۆ ئهوهی سوریا ببێته گۆڕهپانی ململانێكان وتیشی، "عێراق كار دهكات بۆ چهسپاندنی سهقامگیری له سوریا بههۆی ڕهنگدانهوهی لهسهر ناوچهكه بهگشتی". لای خۆیهوه هاكان خواستی وڵاتهكهی دهربڕی بۆ ههماههنگیكردن لهگهڵ عێراق لهسهر پێشهاتهكانی ناوچهكه، ئاماژهی به خواستی توركیا كرد بۆ پهرهپێدانی هاوكاری له پهیوهندییه دوقۆڵییهكاندا، ئهمهش لهبهر ڕۆشنایی ههردو سهردانه هاوبهشهكهی سودانی و سهرۆك كۆماری توركیا. ئەمڕۆ یەکشەممە، هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەگەڵ فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوویەوە، دواتر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا باسیان لەتەوەرەکانى کۆبوونەوەکە کرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی، ئێمە (تورکیاو عێراق و سوریا) دەبێت هەموو سەرچاوەکانمان کۆبکەینەوە و هەم داعش و هەم پەکەکە لەناوببەین. هەروەها وتیشى: چاوەڕوانی کۆتایی ئێمە لە عێراق ئەوەیە کە پەکەکە کە بە ڕێکخراوی قەدەغەکراوی ناساندووە، بە هەمان شێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، "عێراق دراوسێیەکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە بۆ ئێمە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە". هاوکات باسی لە پرسی پەکەکە و دۆخی سووریاش کرد، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پەکەکە سەروەریی عێراق پێشێل دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا دوو سەربازی عێراقی شەهیدکران لەلایەن پەکەکەوە، وەکو چۆن پەکەکە هەڕەشەیە بۆ عێراق، هەڕەشەیە بۆ تورکیا و سووریاش". لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند لە داهاتوودا عێراق و تورکیا چەندان کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی ئاشتیسازانی کۆمەڵگە (CPT) رایگەیاند: بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا، هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە. ئەندامەکەى ڕێکخراوى CPT، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو. بەوتەى ناوبراو، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنوری عێراقەوە بە ئامانجگیراوە و پێشمەرگە بریندارەکە ناوی (جاسم محەمەد)ە و تەمەنی ٥٠ ساڵە. دانیشتووی پارێزگای دهۆکە و لە لیوای چوار، فەوجی دوو پێشمەرگەیە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانجگیراوە. کامەران عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو هاوکات هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئەو ملیۆنەها پەنابەرە سوورییەی کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، دەیانەوێت ساڵی داهاتوو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەسەدا سفر بووە. ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکدایە، کە چەند هەفتەیەک دوای ڕووخانی ڕژیم و کۆتایی هاتنی شەڕێکی ناوخۆیی ١٣ ساڵە کە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی پەنابەرانی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەجێهێشت. فیلیپۆ گراندی، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا لە دیمەشق وتی، ژمارەی ئەو سووریانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەبووە نزیکبووە لە سفر، بەڵام ئێستا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا نزیکبووەتەوە لە سەدا 30. لێرەدا پەیامێک هەیە، کە پێموایە زۆر گرنگە، و دەبێت گوێی لێبگرین و کار لەسەر ئەوە بکەین. ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای کەوتنی ئەسەدەوە لە ٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٣٠٠ هەزار پەنابەر لە لوبنانەوە لە کاتی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل هەڵاتوون بۆ سوریا هێشتا زۆربەیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. گەڕانەوەی نزیکەی شەش ملیۆن سووری کە لە دەرەوەی وڵات هەڵاتوون و ملیۆنان کەسیش کە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون، ئامانجێکی سەرەکی ئیدارەی نوێی سوریایە. بەڵام شەڕەکە وێرانکارییەکی بەرفراوان و داڕمانی سیستەمی خزمەتگوزاری گشتی و زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانی لە هەژاریدا بەجێهێشت، ئەمە جگە لە سزا توندەکانی ڕۆژئاوا. فیلیپۆ گراندی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بە هاوکاری زیاترە لەلایەن خێرخوازانەوە، داوای پێداچوونەوەی بە سزاکان کرد، بەڵام ڕاستەوخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕاگەیاندنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی بەرنامەکانی هاوکاری دەرەکی نەدا.
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند سەرکردەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بهڵێنیداوە بیرۆکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر و ئوردن پوچەڵ بکاتەوە. باسم نهعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاندوە: وەک چۆن گەلی فەلەستین لە ماوەی دەیان ساڵدا هەموو پلانەکانی ئاوارەبون و نیشتمانێکی بەدیلیان پوچهڵكردوهتهوه، ئهم جۆره پڕۆژهیهی كه ترهمپ پێشنیازی كردوه، شكست دههێنێت. لای خۆیەوە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە و دەڵێت: ئەوە هاندەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. بزوتنەوەی حهماس له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "بهتوندترین شێوه لێدوانهكانی دۆناڵد ترهمپ سهركۆنه دهكهین، کە دهكهونه چوارچێوهی هاندانی بهردهوامی ئهنجامدانی تاوانی جهنگ و تاوانی دژ به مرۆڤایهتی، و ناچاركردنی گهلهكهمان بۆ ئهوهی خاكهكهی بهجێبهێڵێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئهمڕۆ یهكشهممه ڕایگهیاند، ئوردن و میسر پێویستە "فەڵەستینی زیاتر لە غەززەوە وەربگرن، دوای ئەوەی شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بوەتە هۆی قەیرانی مرۆیی". ترەمپ دوپاتیکردەوە کە دوێنێ لە میانەی پەیوەندیەکەیدا لەگەڵ پاشای ئوردن، شا عەبدوڵای دوەم، داوای کرد ئوردن زیاتر فەڵەستینییەکان وەربگرێت و ئاماژەی بەوەدا کە "هەمو کەرتی غەززە ئێستا لە دۆخێکی پشێویدایە". لەبەرامبەردا ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل کە هەردووکیان توندڕەون، ستایشی بیرۆکەکەی ترەمپیان کرد و بە "گەورە" ناویان برد، وەک خۆیان دەڵێن. قاهیرە و عەممان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی ڕەتدەکەنەوە و بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەیی دەزانن.