هێزەکانى قەسەدە دەڵێن لە چەند بەرەیەکی شەڕی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دایەوە، لە ئەنجامدا ٢٧ چەتە کوژران و برینداربوون، هەروەها سەربازێکی تورک کوژرا. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وەڵامدانەوەی شەڕڤانانی ئاشکرا کرد. بەپێى ڕاگەیاندراوەکە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەواری باکووری بەنداوی تشرین بەردەوامە. دوێنێ سێشەممە بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بە چەکی قورس تۆپباران کرد، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی لی نەکەوتەوە. هێزەکانى قەسەدە ئەوەش دەخەنەڕوو لە بەرەی قەرەقۆزاق، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، شەڕڤانان دژی شوێنی کۆبوونەوەی چەتەکان لە گردی نەورۆز و گردی قەرەقۆزاق و بنکەیەکەی چەتەکان لە گوندەکانی قەبر ئیمو و هۆشەریە، چەندین چالاکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەی دژی گوندی قەبر ئیمۆ ٥ چەتە کوژراون و ١٠ چەتە برینداربوون. لە چالاکییەکەی دژی بنکەی هۆشەریە ١٢ چەتە کوژراون و کوژراون و برینداربوون. هەروەها لە گردی قەرەقۆزاق یەکینەکانی شەهید هارون خاڵێکی کۆبوونەوەی چەتەکانیان کردە ئامانج و بە تەواوەتی وێرانکرا. هەروەها دەوڵەتی تورک چەند گوندێکی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاقی بە سەختی بۆردوومان کرد، گوندەکانی غەسەق و تینا و بیر حەسۆ و مالحە و دیکان و قەرەقۆزاق و فڕۆکەخانەی سیرین و گردی سێڤی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکران، هەروەها چەتەکان ١٨٠ تۆپیان بۆ ئەم دەڤەرانە هاویشت، هێرشەکان هیچ زیانێکی مادی نەبوو. داگیرکەری تورک بە ئەنقەست خەڵکی سڤیل لە شار و گوند و شارۆچکەکان دەکاتە ئامانج. دوێنی سێشەممە، کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی ئەنجامدا و دەیان سڤیل شەهیدبوون. فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بازاڕێکی شاری سیرینی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا ١٢ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و ١٣ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون، لەنێو شەهید و بریندارەکاندا منداڵی بچوک هەبوون. لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا بەرامبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر شارۆچکەکانی عەین عیسا و زرگان، هێزەکانمان ڕۆژی دووشەممە چالاکییەکەی سەرکەوتوویان دژی بنکەیەکی سوپای داگیرکەری تورک لە گوندی تەل محەمەد لە گوندەواری شارۆچکەی زرگان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا سەربازێکی داگیرکەری تورک کوژراو و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو".
مەراسیمى پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە. مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت. وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت. پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە. بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر. پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن. لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە. بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.
پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بانکی رەشیدو رافیدەینى عێراقى ئامادەن تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکەن. سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى دەڵێت، داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٥ کێشەی تێدا نامێنێت لیستەکان رەوانەی بانکی رەشیدو ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین. سۆران عومەر دەشڵێت، وەزارەتی دارایی لە ٢٠/١/٢٠٢٥ بەنووسراوی ژمارە ٢٦٨ وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین داوەتەوەو بانکی رەشید بەنووسراوی ژمارە (٣٧٣ لە١٩/١/٢٠٢٥) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت، کاتێک ٦ زانیاری فەرمانبەرمان پێبگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لەموبایلەوە کارتی بانکی تەوتین کارادەکرێت. بە قسەى سۆران عومەر لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى مووچە لەلایەن ئەو بانکەوە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە موچەکە وەربگرن. ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بانکی رافیدەین بەنووسراوی ژمارە (٣/١/١٢٨ لە ١٩/١/٢٠٢٥) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی موچە لەڕێی بانکە ئەهلییە رێپێدراوەکان.
سەرۆک شارەوانیەکانی هیرۆشیما و ناگازاکی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند، بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ سەردانیان بکات و بە بۆنەی یادى 80 ساڵەی تەقینەوە ئەتۆمییەکانی ئەو دوو شارەی ژاپۆن. لە 6ی ئابی 1945، فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆمبێکی ئەتۆمی بۆ سەر شاری هیرۆشیما خستە خوارەوە و لەماوەی چەند چرکەیەکدا سەتان هەزار کەسی کردە قوربانی، بەوهۆیەوە نزیکەی ٢١٤ هەزار کەسی کوشت. دوای سێ رۆژ ئەمریکا بۆمبێکی دیکەی لە ناگازاکی فڕێدایە خوارەوە، لەوێش 70 هەزار کەسی کوشت و ژاپۆن ناچاربوو خۆی بەدەستەوەبدات. لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا، سەرۆک شارەوانییەکان ترەمپیان بانگهێشتیان کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسیی گوێ لە شایەتحاڵی هیباکوشا (رزگاربووانی بۆمب بە زمانی ژاپۆنی) ببیستێت، بۆ گوێگرتن لە ئارەزووی پڕ لە سۆزیان بۆ ئاشتی، بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتنتان لە نامرۆڤایەتی چەکی ئەتۆمی. لە نامەکەدا هاتووە: هیوادارین بیرۆکەی وابەستەیی ئەتۆمی دەستبەردار بن و دەستپێشخەریی بەهێز بەرەو هەڵوەشاندنەوەی چەکی ئەتۆمی و دامەزراندنی ئاشتی جیهانی بەردەوام بن. لە ساڵی ٢٠١٠ جۆن ڕۆس باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ژاپۆن بووە یەکەم نوێنەری ئەمریکا کە بەشداری لە ئاهەنگی ساڵانەی یادکردنەوەی بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما کرد پێش ئەوەی دوو ساڵ دواتر بەشداری لە یادى ناکازاکی بکات. لێدانی شاری هیرۆشیما و دواتر شاری ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووەمدا لەلایەن ئەمریکاوە، بە یەکێک لە رووداوە گرنگە مێژووییەکان دادەنرێت کە ساڵانە لە ژاپۆن یاد دەکرێتەوە. باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لەماوەی پۆستەکەیدا ساڵى ٢٠١٦ سەردانی شاری هیرۆشیما بکات.
پەروین بوڵدان ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆنهبووهتهوه. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، نوسینێکى بڵاوكردهوه ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا لەبارەی ئۆجەلان بڵاودەکرێنەوە راست نین. بوڵدان پۆستی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سۆزجوی تاگ کردووە و دەڵێت، ئەو قسانەی وەلی تۆپراک، بەرپرسی نووسینگەی پەرلەمانی تورکیا لە کەناڵەکە لەبارەی ئۆجەلان کردوونی، دوورن لە راستییەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆجەلان لە ئیمراڵی لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆبووەتەوە. وەلی تۆپراک دوو رۆژ پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سۆزجو، بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەی هەواڵەکەی بهێنێت، رایگەیاند، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەت وتوویەتی: دەیەوێت دوا خزمەت بە دەوڵەت بکەم." ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوانەی پابەند نابن بە بانگەوازی دانانی چەک، خیانەتکارن. بە گوتەی ئەو رۆژنامەنوسه تورکە، ئۆجەلان لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری کوردستان گوتوویەتی، پێموایە ئەو دەستکەوتانەی لە تورکیا بەدەستهاتوون، ئیدی بەسن. پەروین بوڵدان لە پۆستەکەیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هەموو ئەو تۆمەت و هەواڵانە راست نین. ئێوە تەنانەت بنەماکانی رۆژنامەنوسیتان خستووەتە ژێر پێ. تەنانەت لە بابەتێکی وەها گرنگدا، پێدانی زانیاریی ناڕاست لەگەڵ جیدیەتی بابەتەکەدا ناگونجێت. بە کورتی بە تەواوی هەواڵێکی ساختەیە."
بۆ دووەم ڕۆژ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتى دەربڕین بەهۆى دواکەوتنى مووچەکەکانیانەوە، هاوکات داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان و دەست بەدەوام ناکەنەوە. دواى ئەوەى دوێنێ سێ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەران بە رێپێوان چوونە بەردەم بارەگای یو ئێن لە سلێمانی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواى کاتژمێرێک لەو شوێنە مانەوەو خێمەیان هەڵداو بڕیاریاندا مان لە خواردن بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت. شنە عەلی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئێمە لێرە ناڕۆین بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان و مانگرتن لەخواردن تا ئەوکاتەى کێشەکانمان چارەسەر دەبن و وەڵامى داواکاریەکانمان دەدرێتەوە. شەوى ڕابردوو ئەمرۆ چوارشەمەش، بەشێک لەو مامۆستایانە بەردەوامبوون لەمانگرتن، دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى ناڕەزایى مامۆستایانەوە دەڵێت، شێوازی ناڕەزاییان گۆڕیوە و فراوانتریش دەبێت، ئەو مامۆستایە دەشڵێت، بڕیارە خانەنشینان و فەرمانبەرانیش بێنە نێو مانگرتنی مامۆستایانەوە. داواکاریی سەرەکی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەیە کە موچەکانیان بەبانکیی بکرێت و لەکاتی خۆیدا وەریبگرن. هاوکاتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى مامۆستایانى سلێمانى، لەزۆربەى ناوچەکانى پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش و شارەزوورو ناحیەو قەزاکان بەشێکی مامۆستایان بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندیانکردوەو ئامادەنین بچنەوە دەوام.
نوێنەرى سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل، پەیامێکى ترەمپ پێیەو دەیەوێت ڕێککەوتن و ئاگربەستى غەززە وەکخۆى جێبەجێبکرێت، زیندانییەکان ئازادبکرێن بۆ گەیشتن بەم بابەتە دەبێت ناکۆکی ئەمنی و سیاسییەکان چارەسەر بکرێن. ئەمڕۆ چوار شەممە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەیشتە ئیسرائیل بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە بڕیارە لە ١٦ی ڕۆژی ڕێککەوتنەکەوە دانوستانەکانی لەسەر دەستپێبکات، کە دەکەوێتە سێشەممەی داهاتوو. بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکانى ئیسرائیل، بڕیارە ویتکۆڤ لە سەردانەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش کۆببێتەوە و ڕایگەیاندووە، ڕەنگە ویتکۆف سەردانێکی مەیدانی لە کەرتی غەززە ئەنجام بدات کە ڕەنگە میحوەری "نەتزەریم" و دەروازەی کەرەم شاڵۆم لەخۆ بگرێت. ئەو پەیامەی کە ویتکۆف بۆ ئیسرائیل هەڵیدەگرێت، خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیلییەکان بە تەواوی، هەروەها پێویستی چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئەمنی و سیاسییەکانە بۆ بەدیهێنانی ئەمە. پێشتر نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە 4ی شوبات لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. هەر لە هەمان چوارچێوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەدر عەبدولعەتی هاوتا میسریەکەی جەختی لەسەر گرنگی هاوکاری نزیک بۆ دڵنیابوون لەوەی حەماس ناتوانێت حوکمڕانی غەززە بکات یان دووبارە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکاتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی مووچە هیچ پەیوەندیەکى بە وەزارەتەکەى ئەوانەوە نییە، چونک هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی رادەستی ئەوان نەکردووە. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لەوەڵامى قسەکانى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەشێکی ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێت، بەیاننامەکەی ڕیباز حەملان، نادروستە، ئێمە بە پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ فایلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، هەمان ئەو مامەڵەیە کە لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵیەکان و پارێزگاکاندا دەکرێت و ئەو ڕێکارانەش جێبەجێ دەکرێن. لە بەشێکى دیکەى وەڵامەکەى وەزارەتی دارایی عێراق، جەختکراوەتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو. هەروەها ئەوەش دەڵێن: هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە. وەزارەتی دارایی دەڵێت، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە. ڕونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، جگە لەوەش ئەو بابەتە داوا لە هەرێم کراوە ناوى ئەو کەسانەیان بۆ بنێرن، زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە و کۆپییەکی ئەو یاسایانەش بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان بنێرن. وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە تا ئێستا پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ مانگی 12ی 2024 تەواو نەبووە بەهۆی بوونى هەڵە لەلیستەکاندا، هەروەها ئەوەش باسدەکات فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت کار لەسەر ئەوەدەکەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای سەردانیکردنی سەربازەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری سووریادا جێگیرکراون، تا ماوەیەکی نادیار لەسەر لوتکەی چیای هێرمۆن دەمێننەوە. ئیسرائیل کاتز ڕۆژى سێ شەممە لەمیانى سەردانەکەیدا، ئەوەشى وت ئیسرائیل ڕێگە نادات ئەو هێزەی کە ئەو بە هێزی دوژمنکارانە ناودێریان دەکات، خۆیان لە باشووری سوریا جێگیر بکەن. چیای هێرمۆن زەنجیرەیەک چیای بەفراوییە کە کەوتووەتە سەرووی سنووری سوریا و لوبنانەوە کە ڕووی لە دەورووبەری دیمەشق و هەروەها بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەی پارێزراو لە دیوی سنووری سوریا و پێگە ستراتژیکەکانی ئەودیو، "ڕێکارێکی بەرگری و کاتی"یە کە لە دۆخی ئێستای سوریادا لەبەرچاو گیراوە. بەڵام دیار نییە ئەم ڕێوشوێنە کاتییە تا چەند بەردەوام دەبێت و ئەکتەرە ناوچەییەکان ترسیان لە پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل هەیە بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی نوێ لەو ناوچەیە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەیەک پێش ئیستا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کردەوەی شەڕانگێزی هەموو ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی سوریا و بەتایبەت ئیسرائیل "بە زووترین کات" کۆتایی پێبێت. هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، دەرئەنجامی نەخوازراو بۆ هەموو ئەو لایەنانە دێتە ئاراوە.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینیەکەی ڕەتکردەوە. پووتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆندا ڕایگەیاند، کە ڕووسیا کراوەیە بۆ گفتوگۆ بەڵام لایەنی ئۆکراینی "ئیرادە"ى نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، بۆ ئێستا ڕەتیکردەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زێلێنسکی بکات، چونکە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە "ناشەرعی" دەزانێت لە کاتی یاسای سەربازیدا کۆتایی هاتووە، ئەو مافی واژۆکردنی لەسەر هیچ رێککەوتنێک نییە. پووتین وتیشی: بەڵام لە بنەڕەتدا ئەگەر بیانەوێت بچنە پێشەوە، ڕێگایەکی یاسایی هەیە بۆ ئەنجامدانی، با سەرۆکی ڤێرخۆڤنا ڕادا بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەگەر خواستێک هەبێت دەتوانین هەر کێشەیەکی یاسایی چارەسەری بکەین، بەڵام هێشتا ئارەزووی لەو شێوەیە نابینین. پوتین هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕۆژئاوا پشتیوانی لە کیێڤ بوەستێت، ئەگەری هەیە لە ماوەی "دوو مانگ" یان کەمتردا، ململانێی نزیکەی سێ ساڵەی ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەسێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا توانیویانە لەدەوروبەری سلێمانی 5 تیرۆریستی داعـ.ـش دەستگیربکەن. لەڕاگەیەندراوێکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان (٥)تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص پ ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع). ئەو ئۆپراسیۆنە، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەنجامدراوەو سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون. هەر لەڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایشدا، ئەوە هاتووە: تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کەلەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٤)ی تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردوە. لەوکۆبونەوەیەدا، جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند كە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە میسر و ئیسرائیل ڕادەگیرێت و ماوەی 90 ڕۆژ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە میكانیزمی هاوكارییەكان دەكرێت. ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لەمبارەیەوە دڵنیایی دا.
شاندێکی کاربەدەستانی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی یەک، بۆ یەکەمین جار لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا گەیشتنە دیمەشق. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، شاندەکە پێکهاتبوون لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا. ئاژانسەکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکەوە نەخستوەتەڕوو. هەروەها هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە سەبارەت بەم سەردانە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ڕۆژنامەی نیمچە فەرمی ئەلوەتەن بڵاویکردەوە کە شاندی ڕووسیا لەگەڵ سەرۆکی دیفاکتۆی وڵاتەکە، ئەحمەد ئەلشەرع و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبێتەوە. ڕوسیا هیوادارە بتوانێت لە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم لە نزیک بەندەری لازقیە و بنکەی دەریایی لە بەندەری تەرتوس بمێنێتەوە. لازقیە و تەرتوس کە هەردووکیان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستن، شوێنی لایەنگرانی سەرەکی بەشار ئەسەد و عەلەوییەکانن. ڕووسیا دامەزراوەی دەریایی لە تەرتوس بە شێوەیەکی سەرەکی وەک وێستگەیەک بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی بەڵێندەرە سەربازییەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەفریقا، هەرچەندە پێداویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ چاککردنەوەی ئامێرە دەریاییەکانیش لەو بنکەدا دابیندەکرا. دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ نەپچڕاندووە و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیایان ناچار نەکردووە بە تەواوی لە بنکەکانی لە سوریا دەربچن، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە ئەلوەتەن بڵاویکردەوە سوریا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تارتووس هەڵوەشاوەتەوە. بەشار ئەسەد لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ڕێگەی بە ڕووسیا دابوو کە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم بۆ ماوەی 49 ساڵ بەکاربهێنێت، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ماوەی 25 ساڵی دیکە. ڕوسیا هەر لەو بنکەیە بەشار ئەسەدی بەرەو مۆسکۆ گواستەوە. بەشار ئەسەد دوای ئەوەی دەسەڵاتە 24 ساڵەکەی لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا بە هێرشێکی لەناکاوی یاخیبووان کۆتایی پێهات، پەنای بۆ ڕووسیا برد. سەرۆکی دیفاکتۆی سوریا، ئەحمەد ئەلشەرع ڕایگەیاندووە روسیا دەرفەتی ئەوەی هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا بکات. سەردانەکەی شاندی ڕووسیا بۆ دیمەشق دوای چەند ڕۆژێک دێت کە یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای بە کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان لە خاکی سوریا گرێدا. یەکێتی ئەورووپا داوای لە فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق کردووە کە ڕووسیا ناچار بکەن بنکەی حەمیمیم و تەرتوس چۆڵ بکات.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى کردووەو پێى وتووە مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی دارایی خراپە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێز محمد شیاع سودانیم کردوە. حەملان دەڵێت: لە دیدارەکە باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکان کرا لەم ساڵدا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە کە 2025/1/11 ئەنجامدرا گەیاند پێى. بریکارى وەزیر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بەبەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن. هەروەها دەڵێت: مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپەو موچە خۆران زۆر پشو درێژ و خۆراگربوون، دواتر بۆ بەرێزیانم رونکردەوە کە داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان . رێباز حەملان ئەوەش ئاشکرا دەکات کە هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتوین لە بەغداد لە نێوان هەردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی دکتۆر فۆاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق .
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گواستنەوەى هاوڵاتیانى غەززە، ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند.لەچەند ڕۆژى ڕابروودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بۆ چۆڵکردن و ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەی کرد و داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە فەلەستینییەکانی نیشتەجیێی غەززە بگوازنەوە وڵاتەکانیان. لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن. عەباس عێراقچی، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هەریەک لە بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی دوچاری گوشارو زیان بوون، بەڵام دووبارە هەوڵی بەهێزبوون دەدەنەوە، وتى: بەرخۆدان هێشتا زیندووە و بوونی هەیە و هێشتا هەناسە دەدات. هەروەها لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە، بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە خاکی ئەوانی دیکە داگیر بکات، ئەمە خاکی فەلەستینە و فەلەستینییەکان دەبێ بڕیار لەسەر خاک و چارەنووسی خۆیان بدەن. بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین ئیدانەی ئەم پێشنیازەی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند، ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی هاندانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتییە و ناچارکردنی گەلەکەمانە بۆ ئەوەی خاکی خۆیان بەجێبهێڵن.