وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای سەردانیکردنی سەربازەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەو سەربازانەی ئیسرائیل کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ناوچە ستراتیژییەکانی باشووری سووریادا جێگیرکراون، تا ماوەیەکی نادیار لەسەر لوتکەی چیای هێرمۆن دەمێننەوە. ئیسرائیل کاتز ڕۆژى سێ شەممە لەمیانى سەردانەکەیدا، ئەوەشى وت ئیسرائیل ڕێگە نادات ئەو هێزەی کە ئەو بە هێزی دوژمنکارانە ناودێریان دەکات، خۆیان لە باشووری سوریا جێگیر بکەن. چیای هێرمۆن زەنجیرەیەک چیای بەفراوییە کە کەوتووەتە سەرووی سنووری سوریا و لوبنانەوە کە ڕووی لە دەورووبەری دیمەشق و هەروەها بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەی پارێزراو لە دیوی سنووری سوریا و پێگە ستراتژیکەکانی ئەودیو، "ڕێکارێکی بەرگری و کاتی"یە کە لە دۆخی ئێستای سوریادا لەبەرچاو گیراوە. بەڵام دیار نییە ئەم ڕێوشوێنە کاتییە تا چەند بەردەوام دەبێت و ئەکتەرە ناوچەییەکان ترسیان لە پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل هەیە بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتوانی نوێ لەو ناوچەیە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەیەک پێش ئیستا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت کردەوەی شەڕانگێزی هەموو ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر خاکی سوریا و بەتایبەت ئیسرائیل "بە زووترین کات" کۆتایی پێبێت. هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، دەرئەنجامی نەخوازراو بۆ هەموو ئەو لایەنانە دێتە ئاراوە.
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا، بەڵام هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینیەکەی ڕەتکردەوە. پووتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆندا ڕایگەیاند، کە ڕووسیا کراوەیە بۆ گفتوگۆ بەڵام لایەنی ئۆکراینی "ئیرادە"ى نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، بۆ ئێستا ڕەتیکردەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زێلێنسکی بکات، چونکە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە "ناشەرعی" دەزانێت لە کاتی یاسای سەربازیدا کۆتایی هاتووە، ئەو مافی واژۆکردنی لەسەر هیچ رێککەوتنێک نییە. پووتین وتیشی: بەڵام لە بنەڕەتدا ئەگەر بیانەوێت بچنە پێشەوە، ڕێگایەکی یاسایی هەیە بۆ ئەنجامدانی، با سەرۆکی ڤێرخۆڤنا ڕادا بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەگەر خواستێک هەبێت دەتوانین هەر کێشەیەکی یاسایی چارەسەری بکەین، بەڵام هێشتا ئارەزووی لەو شێوەیە نابینین. پوتین هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕۆژئاوا پشتیوانی لە کیێڤ بوەستێت، ئەگەری هەیە لە ماوەی "دوو مانگ" یان کەمتردا، ململانێی نزیکەی سێ ساڵەی ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەسێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا توانیویانە لەدەوروبەری سلێمانی 5 تیرۆریستی داعـ.ـش دەستگیربکەن. لەڕاگەیەندراوێکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان (٥)تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص پ ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع). ئەو ئۆپراسیۆنە، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەنجامدراوەو سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون. هەر لەڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایشدا، ئەوە هاتووە: تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کەلەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٤)ی تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردوە. لەوکۆبونەوەیەدا، جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند كە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە میسر و ئیسرائیل ڕادەگیرێت و ماوەی 90 ڕۆژ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە میكانیزمی هاوكارییەكان دەكرێت. ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لەمبارەیەوە دڵنیایی دا.
شاندێکی کاربەدەستانی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی یەک، بۆ یەکەمین جار لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا گەیشتنە دیمەشق. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی تاسی دەوڵەتی ڕووسیا، شاندەکە پێکهاتبوون لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا. ئاژانسەکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی سەردانەکەوە نەخستوەتەڕوو. هەروەها هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە سەبارەت بەم سەردانە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ڕۆژنامەی نیمچە فەرمی ئەلوەتەن بڵاویکردەوە کە شاندی ڕووسیا لەگەڵ سەرۆکی دیفاکتۆی وڵاتەکە، ئەحمەد ئەلشەرع و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆدەبێتەوە. ڕوسیا هیوادارە بتوانێت لە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم لە نزیک بەندەری لازقیە و بنکەی دەریایی لە بەندەری تەرتوس بمێنێتەوە. لازقیە و تەرتوس کە هەردووکیان لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستن، شوێنی لایەنگرانی سەرەکی بەشار ئەسەد و عەلەوییەکانن. ڕووسیا دامەزراوەی دەریایی لە تەرتوس بە شێوەیەکی سەرەکی وەک وێستگەیەک بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی بەڵێندەرە سەربازییەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی کیشوەری ئەفریقا، هەرچەندە پێداویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ چاککردنەوەی ئامێرە دەریاییەکانیش لەو بنکەدا دابیندەکرا. دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ نەپچڕاندووە و هێزە سەربازییەکانی ڕووسیایان ناچار نەکردووە بە تەواوی لە بنکەکانی لە سوریا دەربچن، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە ئەلوەتەن بڵاویکردەوە سوریا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تارتووس هەڵوەشاوەتەوە. بەشار ئەسەد لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن ڕێگەی بە ڕووسیا دابوو کە بنکەی ئاسمانی حەمیمیم بۆ ماوەی 49 ساڵ بەکاربهێنێت، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە ماوەی 25 ساڵی دیکە. ڕوسیا هەر لەو بنکەیە بەشار ئەسەدی بەرەو مۆسکۆ گواستەوە. بەشار ئەسەد دوای ئەوەی دەسەڵاتە 24 ساڵەکەی لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا بە هێرشێکی لەناکاوی یاخیبووان کۆتایی پێهات، پەنای بۆ ڕووسیا برد. سەرۆکی دیفاکتۆی سوریا، ئەحمەد ئەلشەرع ڕایگەیاندووە روسیا دەرفەتی ئەوەی هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا بکات. سەردانەکەی شاندی ڕووسیا بۆ دیمەشق دوای چەند ڕۆژێک دێت کە یەکێتی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سوریای بە کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان لە خاکی سوریا گرێدا. یەکێتی ئەورووپا داوای لە فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق کردووە کە ڕووسیا ناچار بکەن بنکەی حەمیمیم و تەرتوس چۆڵ بکات.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى کردووەو پێى وتووە مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی دارایی خراپە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێز محمد شیاع سودانیم کردوە. حەملان دەڵێت: لە دیدارەکە باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکان کرا لەم ساڵدا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە کە 2025/1/11 ئەنجامدرا گەیاند پێى. بریکارى وەزیر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بەبەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن. هەروەها دەڵێت: مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپەو موچە خۆران زۆر پشو درێژ و خۆراگربوون، دواتر بۆ بەرێزیانم رونکردەوە کە داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان . رێباز حەملان ئەوەش ئاشکرا دەکات کە هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتوین لە بەغداد لە نێوان هەردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی دکتۆر فۆاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق .
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گواستنەوەى هاوڵاتیانى غەززە، ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند.لەچەند ڕۆژى ڕابروودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بۆ چۆڵکردن و ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتی غەززەی کرد و داواشی لە وڵاتانی عەرەبی کرد کە فەلەستینییەکانی نیشتەجیێی غەززە بگوازنەوە وڵاتەکانیان. لەوەڵامى ئەو پێشنیارەى ترەمپ، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوثیکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە دەڵێت: پێم وایە ئەمە پڕۆژەیە کە زۆرێک لە ڕابردوودا هەوڵیان داوە بەڵام هەموویان شکستیان هێناوە، فەلەستین لە نەخشەی ناوچەکەدا ناسڕدرێتەوەو دەرناکرێن. وەزیرى دەرەوەى ئێران وتیشى: کەواتە پێشنیارەکەم شتێکی ترە لەبری فەلەستینییەکان هەوڵبدەن ئیسرائیلییەکان دەربکەن، بیانبەن بۆ گرینلاند تا بتوانن بە یەک بەرد دوو باڵندە بکوژن. هەم کێشەی گرینلاند و هەم ئیسرائیلییەکان چارەسەر بکەن. عەباس عێراقچی، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، هەریەک لە بزوتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی دوچاری گوشارو زیان بوون، بەڵام دووبارە هەوڵی بەهێزبوون دەدەنەوە، وتى: بەرخۆدان هێشتا زیندووە و بوونی هەیە و هێشتا هەناسە دەدات. هەروەها لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا دەڵێت: هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە، بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە خاکی ئەوانی دیکە داگیر بکات، ئەمە خاکی فەلەستینە و فەلەستینییەکان دەبێ بڕیار لەسەر خاک و چارەنووسی خۆیان بدەن. بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین ئیدانەی ئەم پێشنیازەی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند، ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی هاندانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتییە و ناچارکردنی گەلەکەمانە بۆ ئەوەی خاکی خۆیان بەجێبهێڵن.
سەرۆک وەزیرانى عێراق، ڕایدەگەیەنێت بەردەوام دەبن لە بەستنەوەی کارەباى عێراق، لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و تورکیا بە تۆڕی کارەبای یەکێتی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانی هەمەچەشنی و یەکخستن لە بواری وزەدا. ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق، کۆنفرانسی عێراق بۆ وزە 2025ی کردەوە کە لەلایەن پلاتفۆرمی عێراقەوە بۆ گەشەپێدان لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەچوو لەژێر دروشمی (پێکەوە بۆ ئایندەیەکی ئومێدبەخش بۆ وزە). لە وتارێکدا محەمەد شیاع سودانی جەختی لەوە کردەوە کە کۆنفرانسەکە دەرفەتێکە بۆ فێربوون لە سیاسەت و بەرنامەکانی دەوڵەت لە کەرتی وزەدا، هەروەها وتى: پڕۆژەی وزەی نوێبووەوە و پاکمان هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی 4875 مێگاوات دەبێت لە کاتی تەواوبوونیدا. سەرۆک وەزیرانى عێراق هێماى بۆ ئەوەکرد بەرنامەیان هەیە بۆ کڕینی سیستمی وزەی خۆری ماڵان وەک بەشێک لە پاڵپشتی بانکی ناوەندی بۆ دەستپێشخەری (1 تریلیۆن دینار) بەقەرز، هەروەها وتیشى: بەردەوام دەبین لە بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و تورکیا بە تۆڕی کارەبای یەکێتی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانی هەمەچەشنی و یەکخستن لە بواری وزەدا. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لەوەتەی حکومەت بەرپرسیارێتییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، لەڕێگەی چەند پابەندبوونێکەوە کە دیارترینیان ڕاگرتنی سوتاندنی غازە بە رێژەی 70% و سوود وەرگرتن لە سامانی نەوت، و وەبەرهێنان لە غازی سروشتی و فراوانکردنی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی نەوت. لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سودانى وتى: حکومەت ڕووی کردۆتەوە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و ئابووری تاک و ڕەخساندنی هەلی کاری ڕاستەقینە، هەروەها هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت یەکەم دەروازەی گەشەپێدان بوو و دەرفەتی کارکردن لەگەڵیدا چەندین دەرفەتی دیکەش دەڕەخسێنێت.
وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی دوو تا شەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوەى زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. لەوەڵامى پەرلەمانتارێکى پەرلەمانى عێراقدا، کە ڕایگەیاندووە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، وەزارەتى دارایی هەرێم لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى ئەو ڕاگەیەندراوەى وەزارەتدا ئەوەباسکراوە کەبەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات. هەروەها دەڵێن: لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. لەخاڵێکى دیکەى ڕونکردنەوەکەیاندا وەزارەتى دارایی جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت. وەزارەتى درایی دەشڵێن: ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە پاشەکشەی نەکردووە و دەڵێت:دەمەوێت لە ناوچەیەکدا بژین کە بتوانن بەبێ نائارامی و شۆڕش بژین. سەرچاوەیەکی باڵای بەرپرسى حکومەتى میسر، ڕۆژی سێشەممە، ئەوەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن میدیاکانەوە باسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکرایەوە. جەختیشی کردەوە، هەر پەیوەندییەکی تەلەفونیی سەرۆکی کۆمار بە پێی داب و نەریت لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت ڕادەگەیەندرێت، بە تایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەک لەم ئاستە و لەم کاتە ناسکەدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت. پێشتر سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ترەمپ ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی میسر قسەیان کردووە سەبارەت بە گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە بیرۆکەی گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە پاشەکشەی نەکردووە، بەپێی ئەوەی لەلایەن ئاژانسەکانی هەواڵ و میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەمڕۆش لە میانی گەڕانەوەی لە میامیەوە بۆ واشنتۆن، سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ لە نێو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە. پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە لێدوانێکی پێشووی کە باسی لە ناردنی خەڵکی غەززە کردبوو بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ''بۆچوونم لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە. دەمەوێت ئەوانە بتوانن لە ناوچەیەکدا بەبێ ئاژاوە و توندوتیژی بژین''. ''کاتێک تەماشای کەرتی غەززە دەکەیت دەبینن ئەوێ ساڵانێکی زۆر وەک جەهەنەم وابووە'' ترەمپ وای وت، باسی لەوە کرد کە ماوەیەکی زۆرە توندوتیژی لەو ناوچەیەدا باڵادەستە. ترەمپ سەبارەت بە سیسی وتی: هیوادارم هەندێکیان وەربگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە زۆر یارمەتیمان داون، دڵنیام یارمەتیمان دەدات. لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک دەڵێن کارێکى سەختە، بەڵام پێموایە ئەو کارە دەکات، پێموایە پاشای ئوردنیش ئەو کارە دەکات. بەهۆی ئەو شەڕەی کە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، نزیکەی ٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون. قاهیرە و عەممان هەڵوێستی خۆیان نوێکردەوە بە ڕەتکردنەوەی هەر پلانێکی ئیسرائیلی یان پلانێکی دیکە بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەرتی، بە دووەم هەڵمەتی ئاوارەبوونیان لە قەڵەمدا.
ئەربیل یەهود، کچە سەربازێکی ئیسرائیلیە کە لەلایەن لیواکانی قودسی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسەوە بە دیل گیراوە، لەڕیگەى گرتە ڤیدیۆییەکەوە داوا لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەکات پابەندى ڕێککەوتن و ئاگربەستەکە ببن. ئەو کچە ئیسرائیلیە، لە کاتی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو ڕفێنراوە، ئێستا بووەتە مەرجی ئیسرائیل بۆ ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە. ئەربیل لە درێژەى گرتە ڤیدیۆییەکەیدا پەیامێکی بۆ بنەماڵەکەی ناردووەو ڕایگەیاندووە کە ئەو باشەو هیوادارە بەم زووانە بگەڕێتەوە بۆ لای ئەوان، یەهود ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ لیواکانی قودسە، وتى: باری تەندروستیم زۆر باشە و هیوادارم وەک هاوکارەکانی پێشووم منیش بگەڕێمەوە. ئیسرائیلیەکان داوایان لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە وەک پلانی بۆ دانراوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی سەرجەم زیندانیانی هەردوولا بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەو زیندانییە ئیسرائیلییە پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە 1/25/2025 پەیامەکەی تۆمارکردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە، لە 21ی حوزەیرانی 1995 لەدایک بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە سوپای ئیسرائیلدا بەشداریکردووە. ئەربیل یەهود، لە کۆمەڵگەی کیبۆتیس نییەر عوزە لە باشووری ئیسرائیل، وەک ڕێبەری فەلەکناسی لە کۆمەڵگەی تەکنەلۆجی 'گرووپ تێک' کاری کردووە، بەڵام بزووتنەوەی حەماس، دەڵێت: ئەربیل بۆ سوپای ئیسرائیل کاری کردووە. ئەو کچە دوو برای هەبوو بە ناوەکانی نیتاع و دولیف، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە هێرشێکی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کۆمەڵەگەکەیان، خۆی بە بارمتە گیرا و هەردوو براکەشی کوژران. بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، ئەربیل پسپۆری بۆشایی ئاسمانییەو پێشتر لە ئەنجوومەنی ئەشکۆڵ کاریکردووە، بۆیە بەهۆی پسپۆرییەکەیەوە بەلای ئیسرائیلەوە کەسێکی گرنگە بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت ئازادبکرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی داوا دەکات کە ڕێگری نەکرێت لە هاتن و چوونی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر لە بازاڕەکان. ئەو هەروەها داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی سلێمانی و هەولێر کردووە کە وەک پێشتر هاوکاری بن و ئێستاش هاوکارییان بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئاسوودەیی و گەیاندنی ئەم بەرھەمە کشتوکاڵیە. نازم عبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی داوا دەکات وەزارەتی کشتوکاڵ بە خێرایی و بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان. ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە ڕێگەگرتن لە هاتن و چوونی مریشکی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازاڕەکانی ناوچەکە. سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی هەروەها داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کردووە کە بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەو باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕێگری لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو دەکات بۆ خواروی عێراق ، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگری لە گواستنەوەی مریشکی زیندوو لە نێوان دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەکرێت. نازم جاف ئاماژە بەوەشدەکات کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە هەزارەها هەلی کاری رەخساندووە و ئەم ڕێگرییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە. ئەم ڕێگرییانە نەک تەنها بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو پەک دەخات، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەزارەها هەلی کاری و دروستبوونی بێکارییەکی زۆر. پرۆژەکانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکرێت بەزیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار، ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدان. ئەگەر ئەم ڕێگرییانە بەردەوام بن، دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی ئەم پرۆژانە و لەدەستدانی سەرمایەکانی گەورە کە تێیدا خەرجکراون. ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری ناوچەکە و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە. بۆیە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بە فریاگوزارییەوە هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ئاماژە بەوەش دەکات بەرهەمهێنەرانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە کاتێکدا ڕووبەڕووی کێشەی گەورەی بەبازاڕکردن و کێشەی کارەبا و سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان دەبنەوە، هیچ یارمەتییەکی گونجاویان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە. ئەمەش بەرهەمهێنەران لە کێشەیەکی قوڵتردا جێگیر کردووە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە هەبووە. کێشەی کارەباو سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی مریشکی زیندوو هەبووە. ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕێگری لە مریشکی زندو دەکرێت لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر.
فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، بەردەوامی هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی قەرقۆزاک و ناوچەی بەنداوی تیشرین لەلایەن تورکیاوە، پلانێکە بۆ گەمارۆدانی کۆبانی، بەڵام بڕیاری هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕێگە نادەین هیچ هێرشبەرێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بپەڕێتەوە. لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، (هەسەدە) باس لەبارودۆخى سوریاو هێرشەکانى سەر بەنداوى تشرین و چەند تەوەرەکى دیکە دەکات. ئەو دەڵێت: سوریا شایەتی گۆڕانکاری مێژووییە، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمڕۆ وردە وردە وێنەکە ڕوونتر دەبێتەوە و زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا دۆخەکە ئاراستەیەکی ڕوونی بۆ هەمووان لە سووریا نەگرتووە. فەرماندەکەى هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوان دەیانەوێت ئەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویداوە ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ لە سووریا، وتیشى: ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە کار بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گەورەمان لە سوریای نوێدا هەبێت. مەزڵوم عەبدى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئێستاش دۆخی ئابوری بەرەو خراپی دەڕوات و هێشتا زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشى: هێرشەکانی تورکیا هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و بنیاتنانی ئایندەی سووریا پەکدەخات. فەرماندەکەى هەسەدە دەڵێت هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاو گروپە گرێدراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان دژایەتییەکی گەورەیە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێشخستنی سوریا، و ناکۆکی لەگەڵ هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیری و دەستپێکردنی گفتوگۆ و گفتوگۆی سیاسییە، ئێمە لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا ئەمریکا، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە. هاوکات ئەوەش دەخاتەڕووپرۆسەی نێوەندگیری ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری چەندین لایەندا بەردەوامە، بەردەوامین لە پێداگری لەسەر زاڵبوونی دیالۆگ، بەڵام تورکیا و بەناو "سوپای نیشتمانی" پێداگری لەسەر شەڕ دەکەن. مەزڵوم عەبدى ڕاشیگەیاند هێرشەکان دژبەیەکن و ڕێگرن لە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها دەبێت ئیدارەی نوێ لە سوریا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر خاکی سوریا ڕوودەدەن، وتیشى: پشتیوانی و کارکردنمان بۆ ئایندەی سوریا وابەستە و مەرجدارە بە وەستاندنی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانمان. ئەوشى وت کە کار بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە بۆ پێکهێنانی ئۆرگانێکی یەکگرتوو بە ناوی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی بچنە دیمەشق و داوای مافەکانیان بکەن. سەرەتا دەبێت لەسەر بەرنامەیەکی یەکگرتوو ڕێکبکەون، پاشان بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان بخەنە بەردەم ئیدارەی دیمەشق.
بەپێی وتەی بەرپرسێک، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی گەورەکەى ڕومەیلەوە عێراق بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە، دوای ئاگرکەوتنەوەکەى هەفتەی ڕابردوو. محەمەد نەجار، نوێنەری حکومەتى عێراق لە ئۆپێک ڕایگەیاند، چارەسەرکردنى تەواوەتى هێڵەکە و کاتى گەڕانەوەى بۆ ئاستەکانی پێشوو کە ڕۆژانە یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بووە هێشتا نادیارە. ڕۆژی هەینی ڕابردوو وەزارەتی نەوتى عێراق ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە لە تانکی ژمارە 2 لە وێستگەی DS5 لە باکوری ڕومەیلەوە کوژوەتەوە. کێڵگەی ڕومەیلەوە کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی جیهان، بە هاوبەشی لەلایەن عێراق و بی پی پی ئێڵ سی و کۆمپانیای پترۆچینا بەڕێوەدەبرێت و پلانیش هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە. پچڕانی دابینکردنی نەوت دەتوانێت عێراق زیاتر هاوتەریب بکات لەگەڵ ئەو ئاستە بەرزەی بەرهەمهێنان کە لەگەڵ هاوڕێکانی ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ڕێککەوتوون، کە لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو، دابینکردنی نەوتی سنووردار کردووە. دوای چەند مانگێک لە کەمکردنەوەی داهات، بەغدا لە مانگی کانوونی دووەمدا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 4.019 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزاند، کە تەنها 19 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە سەرووی پشکی ئۆپێکەوە بوو، بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی ڕێکخراوەکە هەفتەی ڕابردوو. هەروەها وڵاتەکە بەڵێنی داوە کە دابینکردن لە خوار پشکەوە کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی زیادە بەرهەمهێنانی پێشووتر بکاتەوە. نرخی نەوت کاردانەوەیەکی کەمی بەرامبەر بە پچڕانی نەوت نیشان دا، ئەمڕۆ سێ شەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی لە نزیک 78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە لەندەن، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی 2.8% پاشەکشەی کرد. بازرگانان لەبری ئەوە سەرنجیان لەسەر ئاسۆی باجی بازرگانی لەسەر کۆمەڵێک بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەیان لێدەکرێت.
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، سەردانەکانی شاندی ئیمرالی کۆتاییانهات و ئێستا چاوەڕوانن بڕیار بدرێت لە هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە. دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان سەبارەت بە سەردانی شاندی (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی وتی، قۆناخی سەردانەکان کۆتایی هات، ئەوەی لەمەودوا چاوەڕێ دەکرێت داوای هەڵوەشاندنەوەی پهكهكه یه. عومەر چەلیک هەروەهاراشیگهیاند: وەک تورکیا لەم قۆناخەدا ئامانجی یەکەممان تورکیایەکی بێ تیرۆرە، دووەمیش رێگری و لەنێوبردنی ئەو رێکخراوانهیه کە بە ناوی گرووپی ئیتنیکی و مەزهەبییەوە دەیانەوێت لە ناوچەکانی نزیکمان لەسەر تێکدانی یەکپارچەیی و سەروەریی ئەو وڵاتانە، بۆ بەرژەوەندیی هەندێک وڵاتی دیکە خانەیەک دروست بکەن. پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر داوای کرد شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان له ئیمرالی بکات.