هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، حامد یونس، بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروبارى پاڵاوتن رایگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی سووتەمەنی فڕۆکە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٥٠٠ تۆن، بەڵام پێداویستی ناوخۆیی رۆژانە هەزار و ٥٠٠ تۆنە. بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشیکرد، ئەو زیادەیەی لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکەدا دەمێنێتەوە، کە بڕەکەی هەزار تۆنە، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی دەکەین. باسیلەوەشکرد، بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکە دوو سودی بۆ عێراق هەیە، یەکەمیان زیادبوونی داهاتە، دووەمیان ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی توانای پاڵاوگەکانی عێراق.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەختیار غەریب، بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ڕێکخراو بۆسەر هاوپەیمانی نیشتمانی و لیستی162 ،چەند ڕۆژێکه لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکردوە، لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە. دەقی ڕوونکردنەوەی بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی: ڕونکرنەوەیەک لە بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەداخەوە لەڕۆژەکانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن، حزبەدەسەڵاتدارەکانی هەرێم ،لەترسی دۆڕان و تۆڵەی هاوڵاتیان ، دەستیانداوەتە کارێکی ناشرین دور لە یاساو ڕێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی دروست. لەوسەرووبەندەدا ، هێرشێکی ڕێکخراو بۆسەر هاوپەیمانی نیشتمانی و لیستی162ی ،چەند ڕۆژێکه لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکردوە. ئەویش بەبەکارهێانی ، چەند کاندیدێکی هاوپەیمانی ، کەله 24ی9 ، بەهۆکاری جیاواز دورخراونەتەوە و لەڕیزەکانی هاوپەیمانی دەرکراون. ئەم کەسانە هیواو ئومێدیان بۆ دەرچون لە هەڵبژاردن نیه، بۆیە لەڕێی خۆفرۆشتن بە یەکێتی ، دەیانەوێت ، شتێک قازانج بکەن. بۆبەرچاو ڕونی ڕای گشتی ، ئەمانە تەنها چەندکەسێکی دیاریکراون ، لە سلێمانی ، هێنیانە سەر شاشەی تەلەفزیۆن ، کۆمەڵێک قسەی دور ڕاستیان پێکردن ، هەر ئەمانە ئێستا براونەتە هەولێر و هەمان شانۆگەرییان ، پێ دوباره کردونەتەوە ، ئەوەی جێی سەرنجە و ڕوی ڕاستی ئەمانەو درۆکانیان دەسەلمێنێت ، لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکانیان ، تەنها کەناڵەکانی یەکێتی ئامادەن. بەداخەوە، لە دەقەکانی کۆتای بانگەشە، چەند کاندیدێک بەم شێوه ناشرینە خۆیان دەفرۆشن و یەکێتیش یارییان پێ دەکات لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر ، دەیان بات. کەسانی دوڕو و خائین ساردمان ناکاتەوە، لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی ژماره 162 ،بەردەوامە لەبانگەشەی هەڵبژاردن و چاوەڕێی متمانەی هاوڵاتیان و چونه سەکۆی پەرلەمانە بۆ خزمەتی ڕاستەقینە بەخەڵک. بەختیار غەریب بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی 13ی10ی202417:03

هاوڵاتی لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختێکی زۆر لەوە کراوەتەوە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وشیارییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان بۆ ئەو هێز و لایەن و کاندیدانە بێت کە وڵاتپارێزن و هێڵی خیانەت و چاوساغانی داگیرکەران ڕەتبکەنەوە. لە بڕگەیەکی ڕاگەینراوەکەدا دەڵێن: "گەلەکەمان دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت بکات و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدات. دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن". ئەوەی شایەنی تێبینی کردنە و ئەم ڕاگەیەنراوە لە ڕاگەیەنراوەکانی دیکەی کەجەکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە هیچ ئاماژایەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تێدا نییە وەک هاندانی خەڵک کە دەنگ بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن. هەڵبەت ئاشکرایە بە هەموو جۆرێک ڕەتی دەکەنەوە خەڵک دەنگ بە پەدەکە بدات، چونکە بە هێڵی خیانەت و خزمەتکاری دووژمنانی کورد و کوردستانیان دەزانن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاژانسى "تەسنیم"ی ئێران ڕایگەیاند، بریارە سبەی عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران، سەردانى بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى عێراق تاوتوێى پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وغەززە بکات. ئاشکراشیکردووە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە کۆدەبێتەوە. دەشڵێت، سەردانەکەى عێراقچى چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و گفتوگۆ لەبارەى دوایین پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ ڕێگرى لە هێرشە بەردەوامەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان دەکرێت. جێگەی ئاماژەیە، عەباس عێراقچى، هەفتەى ڕابردوو، سەردانى لوبنان و سووریا و سعودیەى کرد، بە ئامانجى دروستکردنى کۆدەنگیی نێودەوڵەتى بەرامبەر بە هێرشەکانى ئیسرائیل و ڕێگری لە تەشەنەکردنى زیاترى شەڕ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

هاوڵاتی پێگەی مۆنیتۆری ئەمریكی ڕایگەیاند، توركیا دەستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كردووە. بە پێی زانیارییەکان سێ سەرچاوە بە پێگەی مۆنیتۆریان وتووە توركیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەستی بە گفتوگۆ كردووە. هاوکات بەوتەی سەرچاوەكان ئۆجەلان لەمەودوا ڕێگەی پێدراوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردایەتی پەكەكە بكات لە قەندیل. سەرچاوەکان ئاشکراشیانکردووە، ئۆجەلان بە سەركردایەتی قەندیلی وتووە كاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر دانانی چەك بكەن لەگەڵ توركیا. لەسەر ئەم پرسە تاوەکو ئێستا پەكەكە بەفەرمی هیچ شتێكی لەوبارەیەوە نەوتووە، بە ڕەتیكردووەتەوە و نە پشتڕاستیكردووەتەوە جێگەی ئاماژەیە، لە 27 ی تشرینی دووەمی 1978 بە بەشداری 23 كەس، لە گوندەی فیسی لە قەزای لیجەی پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دامەزرا. هاوکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15 ی شوباتی 1999 بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و زیاتر لە 26 ساڵە لە زیندانە و وەک موخاتیبی سەرەکی پرسی کورد لە باکوری کوردستان لێی دەڕوانرێت

هاوڵاتی ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە پێمان وایە بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ ئەو دوو حزبە نا بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێ و ئەرکێکی لەوجۆرە کە سەختە ئاسان نییە، تەنهاو تەنها بە بەرەی گەل دەکرێ.  ئەوەشیان خستۆتەڕوو، ئێمە وەك بەشێک لە (لێپرسراوو ئەندامانی ڕێكخستنەكان و ڕێكخراوەدیمكراتیەكان و ڕایەڵەكانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ژنانی شاخ و توێژی گەنجانی هەرێمی كوردستان لە تاراوگە) خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرابەر بەم دۆخە نالەبارەی كە سی و دوو ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەسەر خەڵكی هەریمیاندا هێناوە لە كاتیكدا ئێمە وەك خەباتگێڕانی ڕۆژگارە سەخت و تاریكەكانی گەلەكەمان خۆمان بە خاوەنی ئەو مافە دەزانین کە چیتر رێگە نەدەین خەبات و خوێنی ئێمە و هەموو خەباتگێرانی گەلەکەمان زیاتر بە لاڕیدا ببرێ و مەبەستمانە سنورێک بۆ ئەو بەدکاریانەی حزبەکانی دەسەڵات ، پارتی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە، دابنرێ.  ئاشکراشیانکردووە، ئێمە لەم وێستگە گرنگەی گەلەكەماندا كە لە باشوری كوردستان هاتوەتە ئاراوە و لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەرفەتی گەورە لەبەردەم خۆمان و گەلەکەماندا دەبینین . ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، دەشڵێن، هەر بۆیە وەك بەشێكی گرنگ و بەرچاوی كوردانی تاراوگە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی بەرەی گەل و سەرۆكی لیستی بەرەی گەل كاك لاهور شێخ جەنگی، وە داوا لە سەرجەم خوشك و برایانمان دەكەین كە دانیشتوی تاراوگەن خۆیان و كەسوكاریان لە باشوری كوردستان ئاگادار بكەنەوە كە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بكەن و دەنگ بەلیستی ١٦٩ی بەرەگ و كاندیدەكانی بدەن بە ئامانجی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا.

هاوڵاتی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هۆشداریانداوە لە لێكەوتەكانی ئەو هەنگاوە، كە پابەندییە نێودەوڵەتیەكانی پێشیلدەكات لەبارەی مافە بنەڕەتیەكانی ژنان. هاوکات، پەرلەمانی ئەوروپا ستایشی ئەو ژنانەی كردووە كە ئیدانەی پێشنیازەكەیان كردووە، ئەندامە ژنەكانی پەرلەمانی عێراقیشەوە، وێڕای ڕێكخراوە ناحكومیەكان و چالاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كە دەجەنگن لەپێناو پارێزگاریكردن لە یەكێك لە پێشكەوتوترین یاساكان لەسەر ئاستی ناوچەكە. پەرلەمانی ئەوروپا لە بەیاننامەکدا ڕایگەیاند، یاسای سزادان پارێزگاری یاسای لە ژنان و منداڵانی قوربانی توندوتیژی ناو خێزانەكان ناكات لە عێراق، بەوەش ئەگەر هەمواركردنی یاسای باری كەسی دابڕێژرێت، دەبێتە مایەی جێبەجێكردنی توندتری ئەو یاسایە. داواشی لە عێراق كرد پلانێكی كاری نیشتمانی پیادەبكات، بۆ نەهێشتنی بەشودانی منداڵان و بەتاوان ناساندنی دەستدرێژی هاوسەری و ڕوبەڕوبونەوەی توندتیژی خێزانی و، پتەوكردنی مافی ژنان و كچان، بەجۆرێك هاوشان بێت لەگەڵ ڕێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتی هەموو شێوازەكانی نەهێشتنی جیاكاری دژی ژنان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 11ی تشرینی یەکەمی 2024، فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا سەبارەت بە گەیشتنی فڕۆكەی جەنگیی F15 بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، فڕۆكەكانی هێزی ئاسمانی ئەمریكا لە جۆرى F-15E لە فەوجی 389 لە بنكەی ئاسمانی ماونتێن هۆم لە ئایداهۆ گەیشتوونەتە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  لەم بارەیەوە بەرپرسانی ئەمریكی كە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت بۆ میدیاکان ئاشکرایانکردووە، ئەمریكا هێزی ئاسمانی زیاتر دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆى هەڵكشانی گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان، هەروەها لەچوارچێوەی ئامادەكاری ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، ئەمریكا سێ بەشی دیكەی فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی هێرشبەر دەنێرێت بۆ ناوچەکە، كە پێكهاتوون لە فڕۆكەی جەنگی F-16 و F-15E و A-10 Thunderbolt 2 .

هاوڵاتی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق سوورن لەسەر ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل و جارێکی دیکە درۆنی ئاراستەی بەندەری ئیلاتی ئیسرائیل کرد، بەبێ ئەوەی قەبارە زیانە گیانی و ماددیەکان ئاشکرابکەن. دەشڵێت، سوورن لەسەر ئەوەی بەربەرەکانێی ئیسرائیل بکەن تا ئەو گەمارۆیەی خستوویەتییە سەر غەززە و لوبنان هەڵ بگرێت. ئاشکراشیکردووە، تا ئێستا نیزکەی 40 جار ئەم گروپانە بە درۆن و مووشەک ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و دوو سەربازیشیان کوشتووە.

هاڵاتی ئەمڕۆ هەینی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی پایتەخت، ١٨ کەس کوژراون و ٩٢ کەس برینداربوون دەشڵێت، برینی بەشێک لە بریندارەکان سەختە و هەموویان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەدەگرن. جێگەی ئاماژەیە، شەوی پێنجشەممە ئیسرائیل دوو هێرشی مووشەکی بۆسەر بەیروت ئەنجامدا، و بە گوێرەی قسەی سەرچاوەکان ئامانجی ئیسرائیل سەرکردەیەکی حیزبوڵڵا بووە لەو وڵاتە، بەڵام پێناچێت ئەو کەسە پێکرابێت.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا  دەڵێت، "بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسند دەکرێت، یان رێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا."   دەقی ڕوونکردنەوەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکر    ڕونکردنەوەیەکی پێویست    ئێمە؛ بە بژاردەو بڕیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و، بە هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک و  بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە پەسەندێتیی وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەرسومی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لە ٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ دا؛ وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووم، لە پێناوی خزمەت نەک دەسکەوتدا، دڵسۆزانە حکومەتێکی خۆجێی هاووڵاتیی سەنتەریی خزمەتگوزارمان لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و دور لە حیزبایەتیی و دور لە جیاکاریی و لایەنداریی؛ بەپشتیوانیی هەمووان بنیاتناوە، بۆیەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی حکومەتە خۆجێیەکانمان؛ بەرجەستە کردووە، بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەکان بوینەتەوەو گۆڕیومانن بۆ دەرفەتی گەشەکردن و بوژاندنەوەو سەقامگیریی، سێ مانگ پێش تەواوبوونی ماوەی چوارساڵی خزمەتکردنمان لەم پۆستەدا، لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢١دا؛ بەفەرمیی داوای بەخشینمان لە پۆستەکەم کردووە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ؛ بەردەوامبین، بۆ جاری دووەم هەمان داواکاریی فەرمیمان لە ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا؛ پێشکەش بە بەڕێزان وەزیری ناوخۆو سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەو تا ئەمڕۆ؛ پەسەندنەکراوە.   ئێمە حوکمڕانیمان لە ململانێی سیاسیی دورخستۆتەوەو پابەندیی دەستورو یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان بووین و دەبین. لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو  قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام.  لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە.   بۆیە:   یەکەم: بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات.   دووەم: بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.   سێیەم: نابین بەبەشێک لەم دابەشبوونەو بەهەمان ڕۆح و گیانی گۆڕانخوازییەوە؛ لە هەر کات و شوێنێکدا؛ خزمەت دەکەین، وەک هەمیشە داکۆکیکارو خزمەتکاری هەموو هاونیشتمانیان دەبین بەبێ جیاوازیی.

هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛  لە ٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٠:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج.  ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٢:٢٠خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە قەنناس داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار کردە ئامانج و کەسێکیان لێکوشتن.  ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٢:١٠ هێزەکانی پاراستنی گەل بە قەنناس داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار کردە ئامانج و کەسێکیان لێکوشتن.  ڕۆژی ٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٤:٤٠ ​​خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بولدۆزەرێکی داگیرکەری تورکیایان بە چەکی قورس کردە ئامانج کە سەرقاڵی دروستکردنی ڕێگایەکی سەربازی بوون بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچە داگیرکارییەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار و بە تەواوەتی بولدۆزەرەکەیان تێکشکاند.  ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٥:٣٠ هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بە قەناس سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و دوو سەربازی داگیرکەریان لەناوبرد.  لە ٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٣:٠٥ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدی بە قەناس سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و سەربازێکیان کوشت. ٢. ناچەی خاکورکە؛  لە ٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٧:٣٠خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس حەشارگەیەکی سەربازانی داگیرکەریان لە گردی شەهید هێمن کردە ئامانج. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛  لە ٨ی تشرینی یەکەم تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم لە ڕۆژئاوای زاب جارێک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران.  لە ٩ی تشرینی یەکەم تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب ٥ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکران. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛  لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم ٣ جار هێرش کرایە سەر مەیدانەکانی بەرخۆدان لە بەربازنە و سەنینە و شەهید شەریف لە خاکورکە، ناوچەی دەشتی کافیا و سیانی لە کاری ٣ جار بۆردوومانکران، مەیدانەکانی بەرخۆدان لە سێری مەتینا لە مەتینا دوو جار و مەیدانەکانی بەرخۆدانی گردی جودی و گردی بەهار و گردی ئامێدی لە ڕۆژئاوای زاب ٦ جار بۆردوومانکران، ناوچەی بەیبلانیش لە قەندیل جارێک بۆردوومانکرا. کە کۆی گشتی دەکاتە ١٥ هێرشی ئاسمانی.  لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی یەکەم، مەیدانەکانی بەرخۆدانی گردی شکێف و شەهید شەریف لە خاکورکە ٣ جار و گۆڕەپانی بەرخۆدانی سێری مەتینا لە مەتینا ٣ جار و گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب ٦ جار بە هێلیکۆپتەر بۆردوومانکران. کە کۆی گشتی دەکاتە ١٢ هێرشی ئاسمانی. ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوا لەلایەنەکان دەکات، پابەند بن بە ڕێساکانی هەڵبژاردن و مەرج و بنەماکانی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، پشتیوانیان بکەن لەسەر خستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.   کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: زۆربەی بڕگەکانی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تەواوکردوە، داوا لە حزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان و پاڵێوراوانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن پاڵپشتی کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان. ئاماژەی بەوەشکردوە، هیوادارن لایەنەکان دوربن لەهاندان بۆ توندوتیژی، ڕقوکینە و زیانگەیاندن بەیەکتر، داواش دەکات ڕێگا یاساییەکان بگیرێنەبەر و دورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوە و بەشداربن لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و بێگەرد کە جێگەی متمانەی هەموان بێت. دوپاتیشی دەکاتەوە، کۆمسیۆن بەشێوەیەکی پیشەیی کاردەکات و ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی

هاوڵاتی بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بڕی ٢٦٣ ملیۆن و ٣١ هەزار  ٨٧٢ دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە، دەشڵێن، لەو بڕە ١١ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار و ٢٠ دۆلار بە شێوەی نەقد بووە. بانكی ناوەندی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بڕی ٢٦٣ ملیۆن و ٣١ هەزار و ٨٧٢ دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە . ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو بڕە ١١ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار و ٢٠ دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و ٢٥١ ملیۆن و ١٦٥ هەزار و ٨٥٢ دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. ئەوەش لە كاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، بە جۆرێك لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٥٣ هەزار و ٦٥٠ دینار ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت .

سوپای ئیسرائیل كوژرانی ئەحمەد مستەفا حاج عەلی، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵای لوبنانی ڕاگەیاند، دەشڵێت، ئەو كەسە بەرپرسیار بوو لە تەقاندنی سەدان مووشەك بۆ ناوچەی كیریات شمۆنا. سوپای ئیسرائیل لە بارەی كوژرانی فەرماندەیەكی سەربازیی حزبوڵای لوبنان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ لە هێرشێكیاندا بۆ سەر لوبنان توانیان ئەحمەد مستەفا حاج عەلی، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵای لوبنان بكوژن. ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو كەسە بەرپرسیار بووە لە تەقاندنی سەدان مووشەك بۆ ناوچەی كیریات شمۆنا لە ناو خاكی ئیسرائیل. لە ماوەی ڕابردوودا حزبوڵا لە ئاستی سەركردایەتیدا گورزێكی بەهێزی بەركەوتووە، كە چاودێران پێیان وایە كاریگەریی زۆری لەسەر تواناكانی ئەو حزبە لە مەیدانەكەدا هەبووە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە بەرپرسێكی حكومەتی لوبنان بڵاویكردەوە، حزبوڵا وازی لە پەسەندكردنی ئاگربەست لە غەزە هێناوە وەك مەرجێك بۆ ئاگربەست لە لوبنان.