هاوڵاتی هێڵی فەرمی فڕۆكەوانی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی پێگاسۆسی توركیا سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بەهۆی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە. هەردوو كۆمپانیا توركییەكە سەبارەت بە ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە سۆشیال میدیا ڕاگەیاندراویان بڵاو كردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەكاندا هاتووە، هێڵی فەرمی فڕۆكەوانی و كۆمپانیای فڕۆكەوانی پێگاسۆسی توركیا سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە، تا سەرەتای مانگی داهاتوو هیچ پلیتێكی گەشتكردن بەرەو ئێران نافرۆشن، چونكە سەرجەم گەشتەكانیان تا كۆتایی ئەم مانگە هەڵوەشاندووەتەوە. ئاماژە بەوەشكراوە، هۆكاری ڕاگرتنی گەشتەكانیان بۆ ئێران، بەهۆی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانەوە. هاوكات، پێشتریش هەردوو كۆمپانیاكە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە تەواو گەشتەكانیان بۆ ئێران، لوبنان و ژمارەیەك وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرت بوو. ڕۆژنامەكانی ئیسرائیل بڵاویان كردوەتەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەكارییەكانی بۆ وەڵامدانەوە و هێرشكردنە سەر ئێرانی تەواوكردووە و هێرشەكەش گەورە و فراوان دەبێت، ئێرانیش دەڵێت: هێرشمان بكرێتە سەر وەڵامی توندمان دەبێت.

هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر ١٠:٣٩خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و بە قەنناس داگیرکەرێکیان لێکوشتن. ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و بە قەنناس یەکێکیان لێکوشتن. لە ١٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد حەشارگەیەکیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج و کامێرایەکی چاودێری داگیرکەریان تێکشکاند و دەستیان گرت بەسەر ٤٠ کغم تەقەمەنیدا. هێزەکانی پاراستنی گەل ئەم ئۆپەراسیۆنەیان بە یادی ڕێبەری پێشەنگ و نەمر بێریتان (گوڵناز کاراتاش) ئەنجامدا. ٢. دەڤەری خاکورک؛ ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گردی شەهید هێمن کردە ئامانج. ٣. ناوچەی مەتینا؛ لە ٢٠ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٠:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە شیلازێ کردە ئامانج و بە قەناس خستیانە خوارەوە. لە ٢٠ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سەربازانی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە سێری مەتینا کردە ئامانج. ٤. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ١٨ و ٢٠ی تشرینی یەکەم تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب، دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کران. لە ٢٠ی تشرینی یەکەم تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم لە ڕۆژئاوای زاب ٦ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کران. ٥. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ ڕۆژانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ی تشرینی یەکەم، ٦ جار هێرشکرایە سەر گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەربێزنێ و شەهید شەریف لە خاکورکە، مەیدانەکانی سێداری، دێریشی، زیڤکی، گردی کون، پێرووزانا، ڕبینی و گردی زەنکێل لە کاری ١٢ جار بۆردوومان کران، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان لە شیلازی و بێشیلی لە مەتینا دوو جار بۆردوومان کران، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار، ڕۆژئاوای زاب، دوو جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کران، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٢ هێرشی ئاسمانی. لە ١٨ و ١٩ و ٢٠ی تشرینی یەکەم، مەیدانەکانی بەرخۆدانی گردی شەکێف و شەهید شەریف لە خاکورکە ٧ جار بۆردوومان کران، گۆڕەپانی بەرخۆدانی سێری مەتینا لە مەتینا ١٣ جار و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب، ٤ جار بۆردوومان کران، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٤ هێرشی ئاسمانی. ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی بە هۆكاری شارەزای و تایبەنمەندیمان لەوبوارەدا تەلەفۆن و پرسیاری زۆرمان لێكراوە كە ئایا دەكرێت شتێكی وا ڕووبدات؟!!! لێرەدا بە چەند خاڵێك لە ڕووی زانستیەوە ڕوونی دەكەینەوە بەبێ لایەنگری هیچ لایەنێك . پێش هەمووشتێك ئەوەبزانە كە ئێستا جیهانی تەكنەلۆژیا بەشێوەیەك پێشكەوتوە و دەتوانێرت نەك هەر دەستكاری وەرەقەی دەنگدان بكرێت بەلكو دەتوانرێت فیدۆیەك یان وێنەیەك لە هیچەوە دروستبكرێتەوە بەبێ ئەوەی هەستی پێبكەی كە ئەوە فەیكە یان ڕاستەقینەیە. سەبارەت بە بونە هەڵە لە ئەژماركردنی دەنگەكان دەكرێت لەو خاڵانەی خوارەوە هەڵە ڕووبدات لە سیستەمەكە: ‎خراپی کارکردنی سۆفتەوێرەكان: ئەگەر ئەو نەرمەکاڵایە (پڕۆگرامەی)کە ژماردنی دەنگەکان بەڕێوەدەبات هەڵە یان هەڵەی تەکنیکی هەبێت، ئەوە ناتوانێت دەنگەکان بە باشی بژمێرێت (كە ئەو جۆرە هەڵەیە لە دەنگدانی ئەمجارە ڕووی نەداوە چونكە بەدەستیش دەنگەكان ئەژماركراونەتەوە(. دەستکاریکردنی یان هاککردن: بەداخەوە سیستەمی ئەلیکترۆنیش ڕووبەڕووی چالاکییە زیانبەخشەکان دەبێتەوە. ئەگەر سیستەمەکە پارێزراو نەبێت دەكرێت هاک بکرێت یان دەستکاری بکرێت بۆ گۆڕینی یان بە هەڵە ژماردنی دەنگەکان. ‎(كە ئەمشیان (لەكاتی ) ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدانی ئەمجارە ڕووی نەداوە) ‎هەڵەی مرۆیی: لە هەندێک حاڵەتدا، ڕەنگە پرسەکە لە چۆنیەتی دانان یان بەکارهێنانی ئامێرەکان بێت لەلایەن بەرپرسانی هەڵبژاردنەکانەوە ، بۆ نمونە هەڵە لە ڕێکخستنی سیستەمەکە واتا دەستكاریكردنی پرۆگرامەكە، یان مامەڵەکردنی نادروست لەگەڵ ئامێرەکاندا واتا هەڵەبەكارهێنانی ئامێرەكان ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەنجامێکی هەڵە. (ئەمشیان لەدەنگدانی ئەمجارە ڕووی نەداوە چونكە كارمەندانی كۆمسیۆن شارەزایی تەواویان هەیە لەچۆنیەتی بەكارهێنان) ‎کێشەکانی هاوتاكردنی داتا واتا ناردنی داتا بۆ سێرفەر: ئەگەر سیستەمی دەنگدان پشت بە ناردنی داتا ببەستێت بۆ سێرڤەرێکی ناوەندی بۆ ژماردن، لەوانەیە کێشە لە گواستنەوەی داتادا هەبێت. لەوانەیە هەندێک دەنگ بە باشی نەگوازرێنەوە یان تۆمار نەکرێن. (ئەمشیان ڕووی نەداوە چونكە ژمارەی دەنگەكان لە بنكەكان هەمان ژمارەبوون كە لە بغداد بڵاوكرایەوە) ‎سڕینەوەی مۆرەکان: ئەگەری سڕینەوەی مۆرەکان (یان هەڵبژاردنەکان) كە لەلایەن دەنگدەرانەوە ئەنجامدراون، لەلایەن ئامێری ئەژماركردنی دەنگەكان كەلە سندوقەكانەوە بەستراوە هەیە، ئەوەش دەكرێت ئاماژە بێت بۆ تێکچوونی بە ئەنقەست یان کێشەیەکی دەستکاریکردن لە پرۆگرامی ئامێرە ئەلیكترۆنیەكە ، ئەمە لەوانەیە ڕووبدات ئەگەر ئامێرەکە بەرنامە بۆ داڕێژرابێت بۆ لابردنی یان پووچەڵکردنەوەی هەندێک هەڵبژاردن دوای ئەوەی ئەنجام دەدرێن. ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەتوانن لە ئەنجامی هەڵەی بەرنامەسازی(دەستكاری كردنی پرۆگرام)، هەڵەی كۆد بەنامەبەست، یان دەستکاریکردنی بە ئەنقەستەوە بێت. ‎- قەڵەمی زیرەك: دەتوانرێت قەڵەمەكە بەرنامە بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی تەنها هەندێک کاندید تۆمار بکات یان هەڵبژاردنەکان بۆ کاندیدی دیاریکراو بسڕێتەوە. (ئەمە كاتێك ڕوودەدات كە قەڵەمەكە زیرەك بێت) ‎ - پەیوەندی قەڵەمەكە بە سندوقی دەنگدانەكەوە: ئەگەر قەڵەمی هەڵبژاردنەکە بە باشی پەیوەندیەكە نەگەیەنێتە سندوقی دەنگدان یان زانیاری نادروست بگوازێتەوە، دەكرێت دەنگەکان بە دروستی تۆمار نەکرێن. (ئەمە لەكاتێكدایە كە قەڵەمەكە بەرپرسبێت لە ئەژماركردنی كاندیدەكان) ئامێری ئەژماركردن: دەكرێت لە ئامێری ئەژماركردن پێش ئەوەی پرۆسەی ئەژماركردنەكە دەست پێبكات بە كاتێكی كەم مۆری هەڵبژێردراو بسرێتەوە و دووبارە لە جێگای كاندیدی مەبەست مۆربكرێتەوە پاشان پرۆسەی ئەژماركردنەكە دەست پێبكات( كە بۆ ئەمە تەكنەلۆژیای زۆرمان هەیە ئەم كارە دەكات نمونەیەكی زۆر سادە ئەم فیدۆیەی خوارەوەیە) ئەم حاڵەتەش كاتێك ڕوودەدات كە بۆکس یان ئەو سیستەمەی کە پێیەوە بەستراوەتەوە بەرنامە بۆ داڕێژرابێت بۆ گۆڕینی دەنگەکان، دەتوانرێت دیزاین بکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی شەرعی بسڕێتەوە و دووبارە تەرخان بکرێتەوە بۆ کاندیدێکی تر. دەتوانرێت ئەمە لە ڕێگەی دەستکاریکردنی پڕۆگرامەكەوە ئەنجام بدرێت. چارەسەر: ‎وردبینیكردنەوەی دەنگەكە: سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی کاریگەر و متمانە پێكراو دەبێت نامەی دڵنیاكەرە بەجێبهێڵێت،بەنمونە دوای ئەوەی كە دەنگدەر دەنگەكەی خستە ناو سندوقەكە بە نامەیەك لەسەر شاشەی ئامێرەكە نیشانبدرێت كە دەنگەكە بۆ كێ ئەژماركراوە لەم حاڵەتەدا دەكرێت شێوازێك دابنرێت كە تەنیا خاوەن دەنگەكە بیبینێت!   ڕێگەیەكییتری زۆر باش ئەوەیە كە دەنگ دەر لەیەك كاتدا دوو دەنگ بدات دانەیەكیان بۆ سندوقی زیرەك بۆئەوەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان خێرابكات كەمەبەست لەبەكارهێنانی ئەو ئامێرانە هەر ئەمەیە، وە دەنگەكەی تر بۆ سندوقێكی ئاسایی هاوشێوەی دەنگدانی جاران، ئەو كاتە پرۆسەی وردبینیكردنەوەی دەنگەكانی هەردووك سندوقەكە هاوتادەكرێت بۆ دڵنیابوون لە راستی ئەنجامەكە. جهاد انور زانكۆی ڕاپەڕین    

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٤، تولای حاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا هەڵسەنگاندی بۆ پڕۆسەی ئاشتیی و پێشهاتە گەرمەکان کرد ڕایگەیاند، چارەسەری پرسەکانی کورد لە دەستی ئێمەدایە، ڕێگەی چارەسەری ڕاستەقینە ڕوونە، با گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت، قسەی کۆتایی لای ئەوە. وتیشی: بەناوی سیاسەتی ئاسایش و سەقامگیرییەوە گەلانی تورکیا دووچاری هەژاری بوونەتەوە، درێژەپێدانی ئەم پڕۆسەیەش بنەمای کێشەکانی کۆمەڵگەیە، ئەوەشی خستەڕوو سیاسەتی ئەمنیەتی بووەتە هۆکاری لێکترازان و پەرتەوازەیی گەلانی ڕەسەنی هەرێمەکە. ئاشکراشیکرد، دەبێت ئەم ڕاستییە بچەسپێنین، سیاسەتی دەرەوەی ئاکەپە تۆپەکەی هاویشتووە، بەڵام چارەسەری پرسەکانی کورد لە دەستی ئێمەدایە، چارەسەرکردنی پرسەکەش بە مانای بەرقەراربوونی ئاشتییە لە هەرێمەکەدا، چارەسەری پرسی کورد، ڕێباز و موخاتەبەکانی ڕوونە. ئاماژەی بەوەشدا، بەردەنگ و موخاتەبی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و پرسی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، کە لە ئیمراڵیدا لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە. ڕاشیگەیاند، دەم پارتی لە پەرلەماندا ناونیشانی پرسی کوردە، بە گوێرەی ئەزموونەکانی پێشومان باش دەزانین ئاشتییەک تا کۆمەڵایەتی نەکرێتەوە ئەوا ناتوانین وەک ئاشتییەکی ڕاستەقینە دەستەبەریبکەین. سەرۆکی مەهەپە لە لێدوانی فراکسیۆنەکەیدا بۆ لابردنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان قسەی کرد، ماوەی ٤٤ مانگە گۆشەگیری بەردەوامە، بۆ لابردنی گۆشەگیری ساڵانێکە تێدەکۆشین، ڕای گشتی ساڵانێکە داوای لابردنی گۆشەگیری دەکات، بە دڵنیاییەوە پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان لاببرێت، لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا وەک دەم پارتی ئامادەی هەموو کارێکین بۆ بونیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

هاوڵاتی شارەزایەكی كاروباری سەربازیی ڕایگەیاند، عێراق هیچ توانایەكی نییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت، كە ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت، هەروەها ناشتوانێت وەڵامی سەربازیی بداتەوە. عەمید ئەعیاد توفانی شارەزای سەربازیی سەبارەت بە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و وەڵامی بەغدا بۆ ئەو كارە، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت. عەمید ئەعیاد توفانی ڕایگەیاند، عێراق هیچ توانایەكی نییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە ئیسرائیل بگرێت، كە ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاربهێنێت.   وتیشی، عێراق ناتوانێت وەڵامی سەربازیی ئیسرائیل بداتەوە ئەگەر بێتە ناو ئاسمانی وڵاتەكەیەوە بۆ لێدانی ئێران، تەنیا ئەوەی دەتوانێت بیكات ئەوەیە كە ئەم بابەتە ڕەت بكاتەوە و ئیدانەی بكات، ئەگەر ئەوە ڕووبدات بێ گومان پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەیە. ئەمە لەكاتێكدایە، تەلئەبیب بەردەوامە لە ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئاسمانی عێراق لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكییەكاندایە ڕەنگە كارئاسانی بۆ هێرشەكە بكات، بەتایبەتی عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕاستەقینە و كاریگەری خۆی نییە.

هاوڵاتی   ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئالینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەپەیامێكدا داوای لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە بەبێ هیچ دواكەوتنێك پشتیوانی لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و پێكهێنانی حكومەتی نوێ بكەن. ئالینا رۆمانۆسكی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەمریكا پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی عێراق و سەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكات بەبۆنەی تەواوكردنی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێم، كارمەندانی نوێنەرایەتیی ئەمریكاش لە عێراق لە ماوەی دوو رۆژدا چاودێریی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی لە ناوەندە جیاوازەكانی دەنگدان كرد. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وڵاتەكەی دەستخۆشی لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكات بۆ پابەندبوونیان بە دیموكراسی و پێكهێنانی حكومەتی نوێ رێگا بە هەرێمی كوردستان دەدات دامەزراوە دیموكراسییەكانی بەهێزبكات.

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، گه‌لى كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌يه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌نجامه‌کان، لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌ زووترين كات حكومه‌ت پێكبهێنن، حكومه‌تێك كه بتوانێت سه‌قامگيريى پته‌وتر و ئابوورييه‌كى به‌هێز بهێنێته‌‌ ئاراوه‌. دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هاووڵاتييانى خۆشه‌ويست، به‌ڕێزان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان، به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتن و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ ده‌كه‌م. هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان، هه‌ڵنانى هه‌نگاوێكى گرنگ بوو له‌ به‌هێزكردنى ڕه‌وتی ديموكراسيى گه‌لى كوردستاندا. هاوكاريى هه‌موو لايه‌ك بۆ سه‌رخستن و به‌ڕێوه‌چوونى بێ كێشه‌ى پرۆسه‌كه‌، مايه‌ى شانازى و پێزانينه‌. له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا، گه‌لى كوردستان براوه‌يه‌. هه‌ڵبژاردن نوێكردنه‌وه‌ى ڕه‌وايه‌تيى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌ياندنى ئازادانه‌ى بير و ده‌نگتان بوو، بۆ دياريكردنى نوێنه‌ره‌كانتان له‌ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ى له‌ گيانى كێبڕكێى ئاشتييانه‌ و ڕێژه‌ى به‌شداريى فراوانى هاووڵاتييان له‌ بانگه‌شه‌ و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا بينرا، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ گه‌لى كوردستان مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بنه‌ماكانى ديموكراسى و مافى خۆى بۆ بڕياردان له‌ چاره‌نووس و داهاتووى خۆى، به‌هێز بكات و نيشانه‌ى زيندوويى و پێگه‌يشتنى زياترى كولتوورى ديموكراسيى گه‌لى كوردستانه‌. زۆر سوپاس بۆ هاووڵاتييانى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ هه‌وڵ و كۆششى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، حكوومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى عێراق، يوونامى و ته‌واوى ئه‌و لايه‌نانه‌ى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه‌دا، به‌شدار بوون. پابه‌ندى و هاوكاريى هه‌موو لايه‌كتان، كليلى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بوو. ده‌ستخۆشى و پێزانينمان ئاراسته‌ى هه‌مووان ده‌كه‌ين. ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌يه‌كى ئارام و شارستانييانه‌‌، سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌يه‌ كه‌ جيهان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌يرى ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ته‌واو ده‌كات و گه‌لى كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێيه‌تى، ئه‌وه‌يه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌نجامه‌کان، لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌ زووترين كات حكوومه‌ت پێكبهێنن. حكوومه‌تێك كه بتوانێت سه‌قامگيريى پته‌وتر و ئابوورييه‌كى به‌هێز بهێنێته‌‌ ئاراوه‌ و بره‌وى زياتر به‌ مافه‌كان بدات، پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ى قۆناغ و ئاڵنگارييه‌كانى ئێستا و بنياتنانى داهاتووى هاوبه‌شمانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گيانى پێكه‌وه‌يى و ته‌بايى و هاريكاريى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان ده‌كرێت. سڵاو و دروود له‌ گيانى پاكى شه‌هيدان. هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لايه‌ك ده‌خوازم. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2024/10/21

هاوڵاتی ئاژانسی هەرانا بڵاوی کردەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران ٧٨ ژن و کچ کوژراون، دەشڵێن، زۆرینەیان بە هۆی کێشەی خێزانی یان بە پاساوی شەرەف کوژراون. ئاژانسی هەرانا سەبارەت بە ئاماری کوژرانی ژنان لە ئێران بەمجۆرە زانیاریی خستوەتەڕوو. لە هەواڵەکەدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران ٧٨ ژن و کچ لە لایەن بنەماڵەکانیان بە هۆکاری جیا جیا کوژراون و زۆرترین حاڵەتیش لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بووە کە ٢١ ژن کوژراون. ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی ئەو ژنانە بە هۆی کێشەی خێزانی یان بە پاساوی شەرەف کوژراون. دەشڵێن، لە مانگی نیسان ١٦ حاڵەت، لە مانگی ئایاردا ١١ حاڵەت، لە مانگی حوزەیران ٨ حاڵەت، لە مانگی تەممووزدا ١٤ حاڵەت، لە مانگی ئابدا ٢١ حاڵەت و لە مانگی ئەیلولدا ٨ حاڵەت لە ٤٤ شاری ئیران تۆمار کراوە.  

هاوڵاتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هیوایەكی نوێ و قۆناغێكی تازە بەدی بهێنێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت. دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان شوكر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و خەڵكی كوردستان توانیان لە كەشێكی ئازاددا دەنگی خۆیان بدەن. بە دڵنیاییەوە سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتنی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەم. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزە ئەمنیەكان بکەم كە پێكەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هیوایەكی نوێ و قۆناغێكی تازە بەدی بهێنێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت. مسعود بارزانی 20ی ئۆكتۆبەری 2024

هاوڵاتی ئه‌مساڵ 2024 به‌لاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌ ساڵى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتاندا پێناسه‌ى بۆ كراوه‌، له‌ 89 وڵات هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن و نیوه‌ى دانیشتوانى گۆی زه‌ویش ده‌بنه‌ ده‌نگده‌ر. بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ راپۆرتێكیدا، ڕایگەیاند، ئه‌مساڵ سێ ملیار و 700 هەزار کەس، واتە 49%ی ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەنگ دەدەن، چونکە ده‌ڵێت، له‌ 89 وڵات هەڵبژاردن ئەنجام دراوە یاخود بڕیارە ئەنجام بدرێت.

هاوڵاتی  ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی تشرینی ٢٠٢٤، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" ،  پاش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی راپەڕاندنی پارتەکەی رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و هیوای خواست هەڵبژارنێکی سەرکەتوو ئەنجامبدرێت، گوتیشی کە ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە ئاشتەوایی ناوخۆیی کوردە. دەشڵێت، ئێمە هەمیشە چاودێریی بەشەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستانی تورکیا دەکەین، لە باشووری کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و ئێمەش چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەین. وتیشی: ئێمە بە خەڵک دەڵێین چی بڕیارێک دەدەن بیدەن و هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی باشوور دەخوازین.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، نوێنەری حیزبەکان لە سەرجەم ناوەند و بنکەکاندا هەن و دەتوانن سکاڵا لەسەر هەر پێشێلکارییەک تۆماربکەن، هەرکەسێکیش هۆکاری دروستبوونی پێشێلکاری بێت سزای یاسایی دەدرێت. دەشڵێت، هەمیشە لە هەڵبژاردنەکان وێنە و ڤیدیۆی کۆن لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە بۆ دروستکردنی گوومان و کێشە و گرفت لە پڕۆسەکەدا، ئێمە لە ڕێگەی کامێراکانەوە کە لە بنکە و ناوەندەکاندا دامانناون، پێداچوونەوە بەو شوێنانە دەکەین، کە پێشێلکارییان تێداکراوە و تەماشای دیمەنەکان دەکرێتەوە، هۆشداری تووند دەدەینە دەنگدەر و کارمەندانی بنکەکان کەوا هەرکەسێک لەو پێشێلکارییانەدا بەشداربووبێت یان هۆکار بووبێت بۆ ڕوودانی، ڕێکاری یاسای تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگەی پەیوەندیدار بەو بابەتە.

هاوڵاتی هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، ئاشکرایکرد هەندێک تێبینی هەبوو لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، کە نەدەکرا مۆبایل ببرێتە ژوورەوە تاوەکو خەڵک ناچار نەکرێت رەسمی دەنگەکەی بگرێت، بەڵام لە بەشێک لە بنکەکان مۆبایل برایە ژوورەوە، هەروەها بەپێی رێنماییەکان نابێت لە نزیک بنکەکانی دەنگدان ریکلام بکرێت، وەک بینیمان لە نزیک بەشێک لە بنکەکان کارتی دەنگدان دابەش دەکرا. دەشڵێت، بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ کە تایبەت بوو کۆمیسیۆن لە هەر وێستگەیەک ٣٠٠ کەسی داناوە و لە دەنگدانی گشتی بۆ هەر وێستگەیەک ٤٥٠ کەس دانراوە، هەروەها ڕێژەی دەنگدان لە تایبەتدا بەرزە، بەڵام لە دەنگدانی گشتی ناگاتە لە ٥٠٪ ، بۆیە ئەو کێشانەی ئەمڕۆ ڕوویاندا لە دەنگدانی گشتییدا ئەگەری ڕوودانیان کەمە. جێگەی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، کاتژمێر ٧، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتای دێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جینین پلاسخارت، نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان ڕایگەیاند، لە هەموو کات زیاتر پێویستە، هاوڵاتییان و ژێرخانی ئابووریی لوبنان بپارێزرێت، هێرشەکانی ئیسرائیلیشی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. هاوکات پلاسخارت لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر لوبنان باسیلەوەکرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی نەبەتتیە لە باشووری لوبنان و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە. دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کە جەنگەکە بوەستێنرێت و دەرگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ بکرێتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەرپرسانی کەرتی غەززە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایانگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، کەرتی تەندروستیی غەززە یەکێک بووە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە، دەشڵێن، نزیکەی ٢٥ نەخۆشخانەی گەورە و ٨٠ سەنتەری تەندروستی بەهۆی جەنگەوە لە خزمەت وەستاون. بەرپرسانی تەندروستی غەززە ئاشکراشیانکرد، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکییەوە دەیان کەس مردوون، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بەپەلە بەدەمیانەوە بچن. باسیان لەوەشکرد، زمانی ژمارە درۆ ناکات و موجاملەی کەسیش ناکات، ئەوەی ماوەی ساڵێکە لە غەززە دەگوزەرێت، مایەی ڕاچڵەکانی جیهانە.   ئەوەشیان خستۆتەڕوو، کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین جار لە لایەن ئیسرائلەوە هێرشی کراوەتە سەر، نزیکەی ١٠٠ دامەزاراوەی تەندروستیی غەززە لەوانەش نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تەندروستی وێران بوون یاخود لە خزمەت دەرچوون، هەروەها نزیکەی ٥٠٠ کارمەندی تەندروستیش کوژراون.