هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، نوێنەری حیزبەکان لە سەرجەم ناوەند و بنکەکاندا هەن و دەتوانن سکاڵا لەسەر هەر پێشێلکارییەک تۆماربکەن، هەرکەسێکیش هۆکاری دروستبوونی پێشێلکاری بێت سزای یاسایی دەدرێت. دەشڵێت، هەمیشە لە هەڵبژاردنەکان وێنە و ڤیدیۆی کۆن لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە بۆ دروستکردنی گوومان و کێشە و گرفت لە پڕۆسەکەدا، ئێمە لە ڕێگەی کامێراکانەوە کە لە بنکە و ناوەندەکاندا دامانناون، پێداچوونەوە بەو شوێنانە دەکەین، کە پێشێلکارییان تێداکراوە و تەماشای دیمەنەکان دەکرێتەوە، هۆشداری تووند دەدەینە دەنگدەر و کارمەندانی بنکەکان کەوا هەرکەسێک لەو پێشێلکارییانەدا بەشداربووبێت یان هۆکار بووبێت بۆ ڕوودانی، ڕێکاری یاسای تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەدرێتە دادگەی پەیوەندیدار بەو بابەتە.

هاوڵاتی هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، ئاشکرایکرد هەندێک تێبینی هەبوو لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، کە نەدەکرا مۆبایل ببرێتە ژوورەوە تاوەکو خەڵک ناچار نەکرێت رەسمی دەنگەکەی بگرێت، بەڵام لە بەشێک لە بنکەکان مۆبایل برایە ژوورەوە، هەروەها بەپێی رێنماییەکان نابێت لە نزیک بنکەکانی دەنگدان ریکلام بکرێت، وەک بینیمان لە نزیک بەشێک لە بنکەکان کارتی دەنگدان دابەش دەکرا. دەشڵێت، بۆ دەنگدانی ئەمڕۆ کە تایبەت بوو کۆمیسیۆن لە هەر وێستگەیەک ٣٠٠ کەسی داناوە و لە دەنگدانی گشتی بۆ هەر وێستگەیەک ٤٥٠ کەس دانراوە، هەروەها ڕێژەی دەنگدان لە تایبەتدا بەرزە، بەڵام لە دەنگدانی گشتی ناگاتە لە ٥٠٪ ، بۆیە ئەو کێشانەی ئەمڕۆ ڕوویاندا لە دەنگدانی گشتییدا ئەگەری ڕوودانیان کەمە. جێگەی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، کاتژمێر ٧، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتای دێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جینین پلاسخارت، نوێنەری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان ڕایگەیاند، لە هەموو کات زیاتر پێویستە، هاوڵاتییان و ژێرخانی ئابووریی لوبنان بپارێزرێت، هێرشەکانی ئیسرائیلیشی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد. هاوکات پلاسخارت لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر لوبنان باسیلەوەکرد، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی نەبەتتیە لە باشووری لوبنان و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە. دەشڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کە جەنگەکە بوەستێنرێت و دەرگای دیپلۆماسی و گفتوگۆ بکرێتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەرپرسانی کەرتی غەززە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایانگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە، کەرتی تەندروستیی غەززە یەکێک بووە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە، دەشڵێن، نزیکەی ٢٥ نەخۆشخانەی گەورە و ٨٠ سەنتەری تەندروستی بەهۆی جەنگەوە لە خزمەت وەستاون. بەرپرسانی تەندروستی غەززە ئاشکراشیانکرد، بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکییەوە دەیان کەس مردوون، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بەپەلە بەدەمیانەوە بچن. باسیان لەوەشکرد، زمانی ژمارە درۆ ناکات و موجاملەی کەسیش ناکات، ئەوەی ماوەی ساڵێکە لە غەززە دەگوزەرێت، مایەی ڕاچڵەکانی جیهانە.   ئەوەشیان خستۆتەڕوو، کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین جار لە لایەن ئیسرائلەوە هێرشی کراوەتە سەر، نزیکەی ١٠٠ دامەزاراوەی تەندروستیی غەززە لەوانەش نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تەندروستی وێران بوون یاخود لە خزمەت دەرچوون، هەروەها نزیکەی ٥٠٠ کارمەندی تەندروستیش کوژراون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرچاوەیەک لەوەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، لیژنەى باڵاى ئەمنیی هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بڕیاریدا هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان ئاسایی دەبێت لە ڕۆژی دەنگداندا. وتیشی: هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى ترى عێراق بەردەوام دەبێت. هاوکات لەبارەى هاتوچۆى گەشتیارى و جوڵەى بازرگانی، دەروازەى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران، ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و باسیلەوەکرد، ڕۆژانی هەڵبژاردن هاتوچۆی گەشتیاری و جوڵەی بازرگانی لە هەموو دەروازەکان و هەروەها لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاسایی و بەردەوام دەبێت. جێگەی ئاماژەیە، بریارە رۆژى هەینى ١٨ تشرینى یەکەمی ٢٠٢٤، دەنگدانى تایبەت و ڕۆژى ٢٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠٢٤ دەنگدانى گشتی بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامبدرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، ڕۆژى ١٥ی تشرینى یەکەم دواى تەواوبوونى وادەى دابەشکردنى کارتى دەنگدان، ئەو کارتانەى لە ئۆفێسەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک ماوەتەوە وەریانگرتووەتەوە کەژمارەیان ٩٧ هەزار و ٥٠٠ کارت بووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەو ژمارەیە نزیکەى ٢٢ هەزار کارت لە هەولێر، ٦٥ هەزار کارت لە سلێمانى و هەروەها ١٠ هەزار و ٥٠٠ کارتیان لە دهۆک وەرگرتووەتەوە. نەبەرد عومەر باسیلەوەشکرد، سەرجەم کارتەکان لە بنکەکان وەرگیراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ ئۆفێسەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک لەوێشەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ بەغدا و لە ئێستادا هیچ کارتێک لە هەرێمى کوردستان نەماوە. هاوکات، ڕۆژى ١٥ی تشرینى یەکەمى ٢٠٢٤، دوا ڕۆژبوو بۆ وەرگرتنەوەى کارتى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانیش جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەرکەسێک کارتى دەنگدانى نەبێت مافى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردن نابێت. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژى ١٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردنى تایبەت و ٢٠ی تشرینى یەکەمیش هەڵبژاردنى گشتى لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕاديۆی سوپای ئيسرائيل ڕیگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەيدا ئیسرائیل پێنجەم فیرقەی سەربازی خۆی بردووەتە سنوورەکانی باشووری لوبنان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، يەکەی ٢١٠ دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی سنووردار لە کێڵگەکانی شێبا لە سنووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەی ئیسرائیل سنووردار و کورت دەبێت، بەڵام بەردەوامە لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی. جێگەی ئاماژەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی ئیسرائیلەوە بۆسەر لوبنان، تەلئەڤیڤ هێزی زياتر دەنێرێتە باشووری ئەو وڵاتە، فیرقە سەربازییەکانی ئيسرائيل لە سنووری باشووری لوبنان بريتين لە، ٩٨،٣٦،١٤٦،٩١،٢١٠

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لەمیانی چاوپێکەوتنیدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەر و چەندین بابەتی دیکە هەڵسەنگاندنی گرنگ و نوێ دەکات و ڕایگەیاند، ئەردۆغان بەر لە کردنەوەی پەرلەمان لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە باغچەلی کەوتووە یارییەکی نوێ لە دژی کورد و دەم پارتی یەکلایی کراوەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ئێستادا عەقڵیەتی دیموکراتێک بوونی نییە. ئاشکراشیکرد، سەرۆکی مەهەپە کە دوژمنی کوردە و جگە لە جینۆسایدی کورد و کردنی کوردستان بۆ ناوچەیەک بۆ فراوانکردنی نەتەوەپەرەستی تورکیا هیچ سیاسەت و ئامانجێکی نییە. مستەفا قەرەسوو، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ هیچ پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری دروست نەبووە، سیاسەت و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەشداری حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە لە پرۆسەی چارەسەریدا لە ئارادا بوو، هەموو ئەو وتار، پەیام و بەڵگەنامانەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد و بەم دواییانە ڕێککەوتنی دۆڵمە باخچە کە لە ٢٨ی شوباتی٢٠١٥ لە هەموو پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەفزیۆنەکاندا پێشکەش کرا، بۆ ئەم مەبەستە بوو. لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: ئەم ڕێککەوتننامەیه پێش بڵاوکردنەوەی پێشکەشی ئێمه کرا، ئێمە وەک بەرێوەبەری بزووتنەوەکەمان پێشنیارمان کرد کە دوو خاڵی یەکلاکەرەوەی تر زیاد بکرێت، کاتێک ئەم پێشنیارەیان وەرگرت ڕێبەر ئاپۆ وتی، ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە بەسە، ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بەم ڕێککەوتننامەیە ئاکەپە و دەوڵەت بخاتە ناو پرۆسەی یەکلاکردنەوەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەردۆغان و بەرپرسانی دەوڵەت کە لە پەیوەندیدا بوون ڕێککەوتنەکەیان ڕەت کردەوە لەبەر ئەوەی لە چارەسەری تێنەگەیشتن، پێشتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بڕیاری وازهێنان لە پلانەکە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درا کە هەندێک دەڵێن پەکەکە کۆتایی بەو پرۆسەیە هێناوە، ئەوە بەتەواوی ڕاست نییە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٤، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە نوسینگەی سەرەکی دەم پارتی لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتەکەیدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە تەمەنی ئێمە گەنج بێت، بەڵام تێکۆشانی ئێمە لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەدان ساڵە دامەزراوە، دەم پارتی لە گەلەکەمان پیرۆز بێ، وتیشی: دەم پارتی گەرەنتی دادپەروەری، ئاشتی و ژیانی مرۆڤەکانە. ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و گوێ لە قسە و وەڵامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگرن، ئێمەی کورد، کرێکاران و بندەستان خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتەین. هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، باسیلەوەشکرد، گۆشەگیری هەڵبگرن و با پێکەوە سەیر بکەین بزانین ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی چی ئاڕاستەی ڕێکخستنەکەی و هەڤاڵانی دەکات، بۆچی بانگەوازێکی بەتاڵ دەکرێت لە دوورگەیەک کە ٤٣ مانگە هیچ باڵندەیەک بەسەریدا نەفڕیوە؟ کەواتە دەبێت دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و ئێمەش گوێ دەگرین، کە بەڕێز ئۆجالان چ جۆرە وەڵامێکتان دەداتەوە؟ دەرگاکان بکەنەوە و گوێ لە قسەکانی بگرین.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی چەکهەڵگر بۆردوومانی سنووری شێراوای لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لەم بارەوەیەوە ئاژانسی هەواڵی( ئانها) سەبارەت بە بۆردوومانکردنی شارۆچکەی شێراوا سەربە کانتۆنی عەفرینی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەم شێوەیە زانیاریی بڵاوکردەوە. ئاژاناسەکە دەڵێت، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگر ئەو جوتیارانەی کردووەتە ئامانج کە لە گوندی سۆکخانەکێ لە کێڵگەکانیاندا کاریان دەکرد. ئاژانسەکە ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەر بە پێی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە، تاکو ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییەی کە باس لە وەرگرتنی بەرتیل دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە وەکالەت دەرچووە. دەشڵێن، هۆکاری فەرمانەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییە دەگەڕێتەوە کە دەگوترێت حەیدەر حەنونە و تێیدا باس لەوە دەکات کە بەرتیلی وەرگرتووە. لەم بارەوەیەوە پێشتر حەنون ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بەدواداچوونەکانی بۆ دۆسیەی گەندەڵی دەکرێتە ئامانج و ئەو تۆمەتانەشی کە ئاڕاستەی دەکرێن، ڕەتدەکاتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: داوا لە هەموو هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو لوبنان دەکەین، تاوەکو گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان هەن، تکایە لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریرییەوە لە بەیرووت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن. ئامأەی بەوەشکردووە، لە ٢٧ی ئەیلوولەوە بە هەزاران کورسیی زیاترمان لە نێو فڕۆکەکان کڕیوە بۆ ئەوەی جێگەی ئێوە و خێزانەکانتان ببێتەوە و بێنەوە، بەڵام زۆربەی ئەو کورسییانە هێشتا بە بەتاڵی ماونەتەوە. ئاشکراشیکرد، تکایە تێبگەن ئەم فڕۆکە مەدەنییانە تا سەر بەردەوام نابن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، لە دواى ڕۆژی دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ٣٠ رۆژ لە بەردەم پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێراندا دەبێت بۆ ئەوەى پۆستەر و کەرەستەکانى دیکەى بانگەشەى هەڵبژاردن لابدەن، ئەگەرنا کۆمیسیۆن رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگرێتەبەر.   جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى مادەى پێنج لە ڕێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆن، کە ساڵى ٢٠٢٣ پەسندی کردووە، دەبێت بەربژێران و پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان کەرەستەکانى بانگەشە لە ماوەى ٣٠ رۆژ دواى یەکەم رۆژى هەڵبژاردنەوە لابدەن، ئەگەرنا تێچووى لا بردنیان لێ وەردەگیرێت.

هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و ناوەندە مەدەنییەکانی مەغریب نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پێشنیارێکی یاسادانانی حکومەتی مەغریب، کە مەرجی پێدانی ڕەگەزنامەیە بە منداڵ و نەوەکانی هاووڵاتییە جولەکەکانی مەغریب. ئەم ناوەندە ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە ڕەنگە ببێتە هۆی بەهاونیشتیمانیکردنی ئەو کەسانەی لە تاوانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی فەلەستینەوە تێوەگلاون.

هاوڵاتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و هێزەکانی ئیسرائیل توندتر بووە و ژمارەیەک سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان برینداربوون. نزیکەی ٤٠ وڵات بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئاشتیپارێزانی لوبنانیان کرد.  ئەمڕۆ یەک شەممە، ناتانیاهۆ داوایکرد پێویستە "دەستبەجێ" به زووترین کات سەربازانی ئاشتیپارێز و تیمەکانیان لە لوبنان بکشێنەوە، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات. شایەنی باسە نەجیب میکاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە توندی ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆی ئیدانەکرد و ئەو بانگەوازەی بە "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ڕێبازی دوژمنکاریی بۆ پابەندنەبوون بە نۆرمە نێودەوڵەتییەکانەوە" وەسفکرد.