هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕاديۆی سوپای ئيسرائيل ڕیگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەيدا ئیسرائیل پێنجەم فیرقەی سەربازی خۆی بردووەتە سنوورەکانی باشووری لوبنان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، يەکەی ٢١٠ دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی سنووردار لە کێڵگەکانی شێبا لە سنووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئۆپراسيۆنە زەمينييەکەی ئیسرائیل سنووردار و کورت دەبێت، بەڵام بەردەوامە لە زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی. جێگەی ئاماژەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی زەمینی ئیسرائیلەوە بۆسەر لوبنان، تەلئەڤیڤ هێزی زياتر دەنێرێتە باشووری ئەو وڵاتە، فیرقە سەربازییەکانی ئيسرائيل لە سنووری باشووری لوبنان بريتين لە، ٩٨،٣٦،١٤٦،٩١،٢١٠
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لەمیانی چاوپێکەوتنیدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەر و چەندین بابەتی دیکە هەڵسەنگاندنی گرنگ و نوێ دەکات و ڕایگەیاند، ئەردۆغان بەر لە کردنەوەی پەرلەمان لە ماڵەکەی خۆیدا چاوی بە باغچەلی کەوتووە یارییەکی نوێ لە دژی کورد و دەم پارتی یەکلایی کراوەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەڵدەگیرێت، بەڵام لە ئێستادا عەقڵیەتی دیموکراتێک بوونی نییە. ئاشکراشیکرد، سەرۆکی مەهەپە کە دوژمنی کوردە و جگە لە جینۆسایدی کورد و کردنی کوردستان بۆ ناوچەیەک بۆ فراوانکردنی نەتەوەپەرەستی تورکیا هیچ سیاسەت و ئامانجێکی نییە. مستەفا قەرەسوو، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٥ هیچ پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری دروست نەبووە، سیاسەت و هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەشداری حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە لە پرۆسەی چارەسەریدا لە ئارادا بوو، هەموو ئەو وتار، پەیام و بەڵگەنامانەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد و بەم دواییانە ڕێککەوتنی دۆڵمە باخچە کە لە ٢٨ی شوباتی٢٠١٥ لە هەموو پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەفزیۆنەکاندا پێشکەش کرا، بۆ ئەم مەبەستە بوو. لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: ئەم ڕێککەوتننامەیه پێش بڵاوکردنەوەی پێشکەشی ئێمه کرا، ئێمە وەک بەرێوەبەری بزووتنەوەکەمان پێشنیارمان کرد کە دوو خاڵی یەکلاکەرەوەی تر زیاد بکرێت، کاتێک ئەم پێشنیارەیان وەرگرت ڕێبەر ئاپۆ وتی، ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە بەسە، ڕێبەر ئاپۆ دەیویست بەم ڕێککەوتننامەیە ئاکەپە و دەوڵەت بخاتە ناو پرۆسەی یەکلاکردنەوەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەردۆغان و بەرپرسانی دەوڵەت کە لە پەیوەندیدا بوون ڕێککەوتنەکەیان ڕەت کردەوە لەبەر ئەوەی لە چارەسەری تێنەگەیشتن، پێشتر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بڕیاری وازهێنان لە پلانەکە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درا کە هەندێک دەڵێن پەکەکە کۆتایی بەو پرۆسەیە هێناوە، ئەوە بەتەواوی ڕاست نییە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٤، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە نوسینگەی سەرەکی دەم پارتی لە ئەنقەرە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پارتەکەیدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە تەمەنی ئێمە گەنج بێت، بەڵام تێکۆشانی ئێمە لەسەر بنەمای تێکۆشانی سەدان ساڵە دامەزراوە، دەم پارتی لە گەلەکەمان پیرۆز بێ، وتیشی: دەم پارتی گەرەنتی دادپەروەری، ئاشتی و ژیانی مرۆڤەکانە. ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و گوێ لە قسە و وەڵامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگرن، ئێمەی کورد، کرێکاران و بندەستان خاوەنی سەرەکی ئەم وڵاتەین. هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، باسیلەوەشکرد، گۆشەگیری هەڵبگرن و با پێکەوە سەیر بکەین بزانین ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی چی ئاڕاستەی ڕێکخستنەکەی و هەڤاڵانی دەکات، بۆچی بانگەوازێکی بەتاڵ دەکرێت لە دوورگەیەک کە ٤٣ مانگە هیچ باڵندەیەک بەسەریدا نەفڕیوە؟ کەواتە دەبێت دەستبەجێ دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێتەوە و ئێمەش گوێ دەگرین، کە بەڕێز ئۆجالان چ جۆرە وەڵامێکتان دەداتەوە؟ دەرگاکان بکەنەوە و گوێ لە قسەکانی بگرین.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی چەکهەڵگر بۆردوومانی سنووری شێراوای لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لەم بارەوەیەوە ئاژانسی هەواڵی( ئانها) سەبارەت بە بۆردوومانکردنی شارۆچکەی شێراوا سەربە کانتۆنی عەفرینی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەم شێوەیە زانیاریی بڵاوکردەوە. ئاژاناسەکە دەڵێت، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکهەڵگر ئەو جوتیارانەی کردووەتە ئامانج کە لە گوندی سۆکخانەکێ لە کێڵگەکانیاندا کاریان دەکرد. ئاژانسەکە ئاشکراشیکرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەر بە پێی سەرچاوەکانی ئاژانسەکە، تاکو ئێستا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییەی کە باس لە وەرگرتنی بەرتیل دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە وەکالەت دەرچووە. دەشڵێن، هۆکاری فەرمانەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئەو تۆمارە دەنگییە دەگەڕێتەوە کە دەگوترێت حەیدەر حەنونە و تێیدا باس لەوە دەکات کە بەرتیلی وەرگرتووە. لەم بارەوەیەوە پێشتر حەنون ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بەدواداچوونەکانی بۆ دۆسیەی گەندەڵی دەکرێتە ئامانج و ئەو تۆمەتانەشی کە ئاڕاستەی دەکرێن، ڕەتدەکاتەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: داوا لە هەموو هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو لوبنان دەکەین، تاوەکو گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان هەن، تکایە لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریرییەوە لە بەیرووت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن. ئامأەی بەوەشکردووە، لە ٢٧ی ئەیلوولەوە بە هەزاران کورسیی زیاترمان لە نێو فڕۆکەکان کڕیوە بۆ ئەوەی جێگەی ئێوە و خێزانەکانتان ببێتەوە و بێنەوە، بەڵام زۆربەی ئەو کورسییانە هێشتا بە بەتاڵی ماونەتەوە. ئاشکراشیکرد، تکایە تێبگەن ئەم فڕۆکە مەدەنییانە تا سەر بەردەوام نابن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، لە دواى ڕۆژی دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ٣٠ رۆژ لە بەردەم پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێراندا دەبێت بۆ ئەوەى پۆستەر و کەرەستەکانى دیکەى بانگەشەى هەڵبژاردن لابدەن، ئەگەرنا کۆمیسیۆن رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگرێتەبەر. جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى مادەى پێنج لە ڕێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆن، کە ساڵى ٢٠٢٣ پەسندی کردووە، دەبێت بەربژێران و پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان کەرەستەکانى بانگەشە لە ماوەى ٣٠ رۆژ دواى یەکەم رۆژى هەڵبژاردنەوە لابدەن، ئەگەرنا تێچووى لا بردنیان لێ وەردەگیرێت.
هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و ناوەندە مەدەنییەکانی مەغریب نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پێشنیارێکی یاسادانانی حکومەتی مەغریب، کە مەرجی پێدانی ڕەگەزنامەیە بە منداڵ و نەوەکانی هاووڵاتییە جولەکەکانی مەغریب. ئەم ناوەندە ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە ڕەنگە ببێتە هۆی بەهاونیشتیمانیکردنی ئەو کەسانەی لە تاوانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی فەلەستینەوە تێوەگلاون.
هاوڵاتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و هێزەکانی ئیسرائیل توندتر بووە و ژمارەیەک سەربازی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان برینداربوون. نزیکەی ٤٠ وڵات بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئاشتیپارێزانی لوبنانیان کرد. ئەمڕۆ یەک شەممە، ناتانیاهۆ داوایکرد پێویستە "دەستبەجێ" به زووترین کات سەربازانی ئاشتیپارێز و تیمەکانیان لە لوبنان بکشێنەوە، بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات. شایەنی باسە نەجیب میکاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە توندی ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆی ئیدانەکرد و ئەو بانگەوازەی بە "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ڕێبازی دوژمنکاریی بۆ پابەندنەبوون بە نۆرمە نێودەوڵەتییەکانەوە" وەسفکرد.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، حامد یونس، بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروبارى پاڵاوتن رایگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی سووتەمەنی فڕۆکە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٥٠٠ تۆن، بەڵام پێداویستی ناوخۆیی رۆژانە هەزار و ٥٠٠ تۆنە. بریکارى وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشیکرد، ئەو زیادەیەی لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکەدا دەمێنێتەوە، کە بڕەکەی هەزار تۆنە، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی دەکەین. باسیلەوەشکرد، بەرهەمهێنانی سووتەمەنی فڕۆکە دوو سودی بۆ عێراق هەیە، یەکەمیان زیادبوونی داهاتە، دووەمیان ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی توانای پاڵاوگەکانی عێراق.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەختیار غەریب، بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکی ڕێکخراو بۆسەر هاوپەیمانی نیشتمانی و لیستی162 ،چەند ڕۆژێکه لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکردوە، لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە. دەقی ڕوونکردنەوەی بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی: ڕونکرنەوەیەک لە بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەداخەوە لەڕۆژەکانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن، حزبەدەسەڵاتدارەکانی هەرێم ،لەترسی دۆڕان و تۆڵەی هاوڵاتیان ، دەستیانداوەتە کارێکی ناشرین دور لە یاساو ڕێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی دروست. لەوسەرووبەندەدا ، هێرشێکی ڕێکخراو بۆسەر هاوپەیمانی نیشتمانی و لیستی162ی ،چەند ڕۆژێکه لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکردوە. ئەویش بەبەکارهێانی ، چەند کاندیدێکی هاوپەیمانی ، کەله 24ی9 ، بەهۆکاری جیاواز دورخراونەتەوە و لەڕیزەکانی هاوپەیمانی دەرکراون. ئەم کەسانە هیواو ئومێدیان بۆ دەرچون لە هەڵبژاردن نیه، بۆیە لەڕێی خۆفرۆشتن بە یەکێتی ، دەیانەوێت ، شتێک قازانج بکەن. بۆبەرچاو ڕونی ڕای گشتی ، ئەمانە تەنها چەندکەسێکی دیاریکراون ، لە سلێمانی ، هێنیانە سەر شاشەی تەلەفزیۆن ، کۆمەڵێک قسەی دور ڕاستیان پێکردن ، هەر ئەمانە ئێستا براونەتە هەولێر و هەمان شانۆگەرییان ، پێ دوباره کردونەتەوە ، ئەوەی جێی سەرنجە و ڕوی ڕاستی ئەمانەو درۆکانیان دەسەلمێنێت ، لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکانیان ، تەنها کەناڵەکانی یەکێتی ئامادەن. بەداخەوە، لە دەقەکانی کۆتای بانگەشە، چەند کاندیدێک بەم شێوه ناشرینە خۆیان دەفرۆشن و یەکێتیش یارییان پێ دەکات لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر ، دەیان بات. کەسانی دوڕو و خائین ساردمان ناکاتەوە، لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی ژماره 162 ،بەردەوامە لەبانگەشەی هەڵبژاردن و چاوەڕێی متمانەی هاوڵاتیان و چونه سەکۆی پەرلەمانە بۆ خزمەتی ڕاستەقینە بەخەڵک. بەختیار غەریب بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی نیشتمانی 13ی10ی202417:03
هاوڵاتی لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختێکی زۆر لەوە کراوەتەوە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە وشیارییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگیان بۆ ئەو هێز و لایەن و کاندیدانە بێت کە وڵاتپارێزن و هێڵی خیانەت و چاوساغانی داگیرکەران ڕەتبکەنەوە. لە بڕگەیەکی ڕاگەینراوەکەدا دەڵێن: "گەلەکەمان دەبێت لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـدا لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوت بکات و ئیرادەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدات. دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتیکەکان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن". ئەوەی شایەنی تێبینی کردنە و ئەم ڕاگەیەنراوە لە ڕاگەیەنراوەکانی دیکەی کەجەکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە هیچ ئاماژایەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تێدا نییە وەک هاندانی خەڵک کە دەنگ بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن. هەڵبەت ئاشکرایە بە هەموو جۆرێک ڕەتی دەکەنەوە خەڵک دەنگ بە پەدەکە بدات، چونکە بە هێڵی خیانەت و خزمەتکاری دووژمنانی کورد و کوردستانیان دەزانن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئاژانسى "تەسنیم"ی ئێران ڕایگەیاند، بریارە سبەی عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران، سەردانى بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى عێراق تاوتوێى پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وغەززە بکات. ئاشکراشیکردووە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و وەزیرى دەرەوە کۆدەبێتەوە. دەشڵێت، سەردانەکەى عێراقچى چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و گفتوگۆ لەبارەى دوایین پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ ڕێگرى لە هێرشە بەردەوامەکانى ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان دەکرێت. جێگەی ئاماژەیە، عەباس عێراقچى، هەفتەى ڕابردوو، سەردانى لوبنان و سووریا و سعودیەى کرد، بە ئامانجى دروستکردنى کۆدەنگیی نێودەوڵەتى بەرامبەر بە هێرشەکانى ئیسرائیل و ڕێگری لە تەشەنەکردنى زیاترى شەڕ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
هاوڵاتی پێگەی مۆنیتۆری ئەمریكی ڕایگەیاند، توركیا دەستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كردووە. بە پێی زانیارییەکان سێ سەرچاوە بە پێگەی مۆنیتۆریان وتووە توركیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەستی بە گفتوگۆ كردووە. هاوکات بەوتەی سەرچاوەكان ئۆجەلان لەمەودوا ڕێگەی پێدراوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردایەتی پەكەكە بكات لە قەندیل. سەرچاوەکان ئاشکراشیانکردووە، ئۆجەلان بە سەركردایەتی قەندیلی وتووە كاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر دانانی چەك بكەن لەگەڵ توركیا. لەسەر ئەم پرسە تاوەکو ئێستا پەكەكە بەفەرمی هیچ شتێكی لەوبارەیەوە نەوتووە، بە ڕەتیكردووەتەوە و نە پشتڕاستیكردووەتەوە جێگەی ئاماژەیە، لە 27 ی تشرینی دووەمی 1978 بە بەشداری 23 كەس، لە گوندەی فیسی لە قەزای لیجەی پارێزگای ئامەد لە باكوری كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دامەزرا. هاوکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15 ی شوباتی 1999 بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و زیاتر لە 26 ساڵە لە زیندانە و وەک موخاتیبی سەرەکی پرسی کورد لە باکوری کوردستان لێی دەڕوانرێت
هاوڵاتی ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە پێمان وایە بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ ئەو دوو حزبە نا بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێ و ئەرکێکی لەوجۆرە کە سەختە ئاسان نییە، تەنهاو تەنها بە بەرەی گەل دەکرێ. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، ئێمە وەك بەشێک لە (لێپرسراوو ئەندامانی ڕێكخستنەكان و ڕێكخراوەدیمكراتیەكان و ڕایەڵەكانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ژنانی شاخ و توێژی گەنجانی هەرێمی كوردستان لە تاراوگە) خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرابەر بەم دۆخە نالەبارەی كە سی و دوو ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەسەر خەڵكی هەریمیاندا هێناوە لە كاتیكدا ئێمە وەك خەباتگێڕانی ڕۆژگارە سەخت و تاریكەكانی گەلەكەمان خۆمان بە خاوەنی ئەو مافە دەزانین کە چیتر رێگە نەدەین خەبات و خوێنی ئێمە و هەموو خەباتگێرانی گەلەکەمان زیاتر بە لاڕیدا ببرێ و مەبەستمانە سنورێک بۆ ئەو بەدکاریانەی حزبەکانی دەسەڵات ، پارتی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە، دابنرێ. ئاشکراشیانکردووە، ئێمە لەم وێستگە گرنگەی گەلەكەماندا كە لە باشوری كوردستان هاتوەتە ئاراوە و لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەرفەتی گەورە لەبەردەم خۆمان و گەلەکەماندا دەبینین . ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، دەشڵێن، هەر بۆیە وەك بەشێكی گرنگ و بەرچاوی كوردانی تاراوگە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی بەرەی گەل و سەرۆكی لیستی بەرەی گەل كاك لاهور شێخ جەنگی، وە داوا لە سەرجەم خوشك و برایانمان دەكەین كە دانیشتوی تاراوگەن خۆیان و كەسوكاریان لە باشوری كوردستان ئاگادار بكەنەوە كە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بكەن و دەنگ بەلیستی ١٦٩ی بەرەگ و كاندیدەكانی بدەن بە ئامانجی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا.