لە شەقامی مەولەوی ٦٠ مۆبایل لە دوکانێک دزرا

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە شەقامی مەولەوی سلێمانی دزی لە دوکانێکی کڕین و فرۆشتنی مۆبایل کرا
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، كاتژمێر ٢ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە دزی لە دووكانێكی مۆبایل فرۆشی شەقامی مەولەوی كراوە، بەپێی قسەی دووکاندارەکە "60 مۆبایلی لێ دزراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش كرد جگەلە پاسەوانی بازاڕەكە لەو شەقامەدا كامێرەی چاودێریش هەیە "بۆیە بەڵگەی پێویست لەبەردەستە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی تاوانەكەیان كردووە."
ئەو دووکانەی دزییەکەی لێکراوە، کڕین و فرۆشتنی مۆبایلی دەستی دوو دەکات، ئەو مۆبایلانەی لێی دزراون لە جۆرەکانی (ئایفۆن، سامسۆنگ گالاکسی، شاومی و ئۆپۆ) بوون و بەهاکەیان مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 30 هەزار دۆلار.
جێگەی باسە شەقامی مەولەوی، یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی سنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەکی زۆر (بازاڕ، قەیسەری، مۆڵ و دووکان)ی لەسەرە، بەشێك لە شەقامەکەش تایبەتە بە فرۆشتنی ئامێرەکانی مۆبایل و پێداویستییە ئەلیکترۆنییەکان.

