د.مەحمود عوسمان: توركیا و ئێران هەرچەندە ناكۆكبن بەڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد دەڵێت، حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ‌ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و بۆردوومانەكانی توركیا و نایشارێتەوە، كە توركیا و ئێران هەرچەندە ناكۆكبن، “بەڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، بزوتنه‌وه‌ی كورد به‌ مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان”.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدرای دیاری كورد قسەی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران و تورکیا کرد لە ناوچەکانی شارباژێڕی سلێمانی، برادۆستی سەر بە هەولێر و ئامێدی و ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک و وتی:”ئێران مافی نییە تۆپبارانی هەرێم و حزبەكانی ڕۆژهەڵات بكات، بەڵام هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگه‌ و حكومه‌تی عێراقیش بێده‌نگه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كان حكومه‌تی عێراق ده‌بێت بێته ‌ده‌نگ دژی تۆپبارانی ئێران و به‌فڕۆكه‌ لێدان ئه‌وانه‌ی توركیا ده‌یكات ده‌بێت حكومه‌تی عێراق زیاتر ڕۆڵ ببینێت”.

دەشڵێت “ئەوەتا ئێران تۆپباران ده‌كات، له‌وانه‌شه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆردوومان بكات، جاری واش هه‌بووه‌ مووشه‌كیانداوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه‌ هه‌مان شت دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌”.

ئاشكرایكرد، توركیا و ئێران لە هێرشەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەماهەنگییان هەیە و وتی:”ئێران و تورکیا ئه‌گه‌ر هه‌ر ناكۆكییه‌كیشیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد ناكۆک نین، چونکە هەردووکیان بزووتنه‌وه‌ی كورد به‌ مه‌ترسیی ده‌زانن له‌سه‌ر خۆیان، چه‌ند ساڵێكه‌ تورکیا به‌ ئاشكرا باشووری كوردستان بۆردوومان ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئێرانیش خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌ هێرشەکانی دەستپێدەکاتەوە، پێده‌چێت له‌مه‌ودوا زیاتریشی بكات و له‌نێوان خۆشیاندا هاوكارییان هه‌یه‌”.

لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و بەدیهاتنی مافی كوردەوە لەو بەشەی كوردستان دەڵێت:”به‌گشتی كوردی ئێران دژی حكومه‌تی ئێرانن، حكومه‌تی ئێران هیچ كاتێک دان به ‌مافه‌كانی كورد-دا نانێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رشتێک كه‌ ببێته‌ هۆی لاوازكردنی ڕژێمی ئێران وه‌كو ئێستا كه‌ ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ ده‌كرێت، بێگومان كوردی ئێرانیش به‌شدارده‌بن به‌تایبه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ له‌سه‌ر شه‌هید كردنی (مه‌هسا ئه‌مینی) یه،‌ كه‌ كورده‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كوردیش زیاتر ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌وه‌دا، له‌ ئێستادا له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی ئێراندا ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌رده‌وامن به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان بێگومان كوردیش به‌شێكه‌ له‌وه‌”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار