وەزیری نەوتی عێراق: داوامان کردووە ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری نەوتى عێراق ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە داوایان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە.
ئێسحان عەبدولجەبار کە لە ھەمان کاتدا وەزیری دارایی عێراقە بە وەکالەت لە ھەڤیەیڤێنێکدا لەگەڵ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، زۆر دادپەروەرانە بووە و گوتی: "داوامان کردووە، ھەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ھەرێم داواکەی رەتکردووەتەوە".
گوتیشی: "جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان گرێبەستەکان و بڕی دەرھێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان".
ئێحسان عەبدولجەبار لەبارەی راسپاردنی بە وەزیری دارایی بە وەکالەت گوتی: "دوای دەستلەکار کێشانەوەی عەلی عەللاوی، بۆ بەڕێوبردنی وەزارەتی دارایی راسپێردرام و قبوڵم کرد، چونکە نەمتوانی رەتی بکەمەوە".
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا ٣٨ سکاڵا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرەوە لەسەری تۆمار کراوە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس زیان بەر بەرژەوەندییەکانیان کەوتووە و گوتی: "سەرجەم سکاڵاکان کە لەدژم تۆمارکراون، لەلایەن دادگاوە یەکلایی کراونەتەوە و داخراون".
ئێسحان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەیشداوە کە بڕە پارەیەکی زۆر لە وەزارەتی دارایی دەستی بەسەردا گیراوە و گوتی: "لەئێستادا عێراق، ٢١٠ ملیۆن دۆلار بە (Shell Oil Company) قەرزدارە، جگە لەوەیش ئەو بانگەشانەی کە لەبارەی کۆمپانیاکەوە دەکرێن، ئامانج لێیان وەدەرنانی وەبەرھێنەرانە لە عێراق.
ئێحسان عەبدولجەبار باسی لە بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی کرد و رایگەیاند کە بڕیارەکە، ژینگەی یاسایی پیشەسازیی نەوتی عێراقی ھەژاند.
رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕگەکانی دوو و سێ لە بڕیارەکانی ژمارە ١٠٩ی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارە ٢١١ی ساڵی ٢٠٢١ کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و پێدانی پۆستی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە وەزیری نەوت دەرکرابوو، ھەڵوەشاندەوە.

