ئاسایشی گەرمیان: باندێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، هێزەکانیان لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی 9 کەسی بەکارهێنان و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن، کە دانیشتووی گەرمیان بوون و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە.

عوسمان عەبدولکەریم، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "هێزەکانی ئاسایشی کەلار، لەم مانگەدا توانیویانە باندێکی نۆ کەسی دەستگیربکەن، کە لە قۆناغی یەکەمدا، پێنج کەسیان دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەکانماندا دوو کەسیان دانیان بەوەدا نا، کە بازرگانی بە ماددەکانەوە دەکەن، سیانەکەی دیکەشیان دانیان بەوەدا نا کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە قۆناغی دووەمدا تونیمان چوار کەسی دیکە دەستگیربکەین، بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سەرجەم تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەی 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

عوسمان عەبدولکەریم باسی لەوەشکرد، کەسێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەندامانی ئەو باندەدا دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارە بە داڵدەدانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان و بەگوێرەی ماددەی 270 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەی ئاسایشی گەرمیاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، دەستگیراوە بەسەر 150 گرام، ماددەی هۆشبەردا لە جۆرەکانی (کریستاڵ و حەشیش)دا، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان دەڵێت "سەرجەم تۆمەتبارەکان خەڵکی کەلار و دەوروبەرین و بەشێکیان پێشینەی تاوانکارییان هەبووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار