دەستگیرانی محەممەد خەلیلی: لە بری ئەوەی من جلی سپی لەبەر بکەم، ئەو کفنی سپی لەبەرکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیاربوو پاییزی ئەمساڵ رێزان و محەممەد ئاهەنگی گواستنەوەیان بکەن کە هەشت مانگ بوو ئەڵقەی هاوسەرگیرییان گۆڕیبووەوە، بەڵام محەممەد بەهۆی بۆردوومانی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە گیانی لەدەستدا.

که‌ناڵی رووداو له‌زاری رێزان حەسەن، دەستگیرانی محەممەد بڵاویکردۆته‌وه‌ : "ئەوەندەم خۆش دەوێت نازانم چی بڵێم! ئەوە ژیانی من نەبوو ئەوەم بەسەر بێت، کۆلێک هیوا و ئاواتمان هەبوو. لەبری ئەوەی جلی سپیی بووکێنی لەبەر بکەم، ئەو کفنی لەبەرکرد. ماڵی من بووەتە سەر قەبران و منی رەشپۆش کرد."

محەممەد و رێزان هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان ئامادەکردبوو و، چاوەڕوانی وەرگرتنی خانوو بوون لە کەمپی ئامرییەی کۆیە. بڕیاریان دابوو ئاهەنگێکی گەورە بەشێوەیەکی فۆلکلۆری ئەنجام بدەن.

حەسەن ئیسماعیل، باوکی رێزان دەڵێت: "دەهۆڵ و زووڕنام ئامادەکردبوو، هەمووشتێکم ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی زەماوەندێکی فۆلکلۆریی کوردەواری بکەین تاوەکو لە هەموو دونیا دەنگ بداتەوە."

02-02-2022، رۆژی ئاهەنگی ئەلقەگۆڕینەوەی رێزانی تەمەن 22 ساڵ و محەممەدی تەمەن 25 ساڵان بوو، هەردووکیان تاقانەن.

ئامینە یوسفی، خەسووی محەممەد باس لەوە دەکات: "کچەکەم لە تیمارکردنی بریندارەکان دەگەڕایەوە، قەڵا تۆپباران کرا و گوتی دایە محەممەد لە قەڵایە؟ گوتم نا لەوێ نییە. گوتی: با بابم ئیجازەم بدات لەوێیە، بە بابم بڵێ تەلەفۆنی بکات. پەیوەندیمان کرد هاوڕێیەکی وەڵامی دایەوە، گوتم کوا محەممەد؟ گوتی: ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت. ئێ گوتم جا چییە بۆ وەڵام ناداتەوە، گوتی: بریندارە."

محەممەد خەلیلی لە 2017ـەوە لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو و، لە ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە پێشمەرگە بوو. ئەو جگە لەوەی پێشمەرگە بووە، یاریزانی تۆپی پێش بووە و بڕیار بوو لە یانەی کۆیە یاری بکات، بەڵام لە کاتی ئەرکی رۆژانەیدا لەگەڵ شەش کەسی دیکە، لە بۆردوومانەکانی قەڵای حدکا لە کۆیە گیانی لەدەستدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار