بهڕێوهبهری گشتی گومرگی ههرێم: بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر 14 ماددەی خۆراكی درێژ كرایەوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان درێژکردنەوەی ماوەی بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر 14 ماددەی خۆراكی رادەگەیەنێت و دەشڵێت کە بڕیارەکە تا کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لەوێ بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی یاخود دانانەوەی باج و رسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان دەدرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لهلێدوانێکی ڕۆژنامهوانیدا رایگەیاندووه: "رۆژی هەینی 30-09-2022، دوایین رۆژ بوو بۆ بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر ماددە سەرەکییە خۆراكییەكان و دەبوو لە رۆژی شەممە 01-10-2022 باج و رسوومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان دابنرێتەوە، بەڵام جارێكی دیكە بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسوومات لەسەر 14 ماددەی سەرەکیی خۆراكی درێژ كرایەوە."
بە گوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، یەکەم بڕیاری هەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر ماددە خۆراکییەکان لە ناوەراستی مانگی نیسانی ئەمساڵ بوو و مانگی حوزەیران تەواو بوو، بەڵام هەمان مانگ "لە پێناو هەرزانبوونی" نرخی ئەو ماددە سەرەکییانە و خۆراک لە بازارەکاندا بڕیارەکە بۆ 30-09-2022 درێژ کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد: بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بووژاندنەوەی بازاڕ هەبووە و جووڵەی بازرگانیی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد کردووە و بڕێکی زۆری ماددەکان لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستان هەڵگیراون و وایکردووە نرخی ئەو ماددە خۆراکییانە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە لە بازاڕەکاندا بەرز نەبێتەوە کە لە زۆربەیاندا نرخ بەرزبووەتەوە و قەیرانی خۆراکیان هەیە.
لەبارەی کۆتاییهاتنی کاتی درێژکردنەوەی بڕیارەکە یان هەڵگرتنیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان بە فەرمانی وەزیری بازرگانی کاتی بڕیارەکەیان درێژ کردووەتەوە. تا ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیار لەبارەی هەڵگرتن یان دانانەوەی باج و رسومات لەسەر ماددە خۆراکییەکان دەدات، ئەم بڕیارە کاری پێدەکرێت.

